ئە‌حمەد هەردی: رێبەر و نوێنەری رۆمانتیكی خود لە شیعری نوێی كوردییدا…1
بەشی یەكەم: خوێندنەوەی هۆنراوەی رازی تە‌نیایی
سەرەتایەك
کورته‌ی ئه‌م باسه ده‌مه‌وێ بڵێم: هه‌ردی دامه‌زرێنه‌ر و نوێنه‌ر و رێبه‌ری راسته‌قینه‌ی به‌شێك یا جۆرێکی گرنگی قوتابخانەی رۆمانتیکی شیعری کوردی نوێیه: ئه‌ویش ناو ده‌نێم رۆمانسییه‌تی خۆیی یان رۆمانسییه‌تی خود. جا به‌ر له‌وه‌ی بچمه ناو باسه‌که‌وه پێناسه‌یه‌کی خێرای رۆمانسییه‌تی خود و باسی هه‌لوێستێکی خۆمتان بۆ باس ده‌که‌م.
مه‌به‌ست له رۆمانسییه‌تی خود یان خۆیی ئه‌وه‌یه که بابه‌ته‌کانی خود یا واته کێشه و خواست و خولیا و خه‌مه‌کانی ناوه‌وه، هی ناخ ، هی ده‌روون، ناوك و ناواخن و ناوه‌ڕۆکی هۆنراوه‌کان پێك دێنن. دیارە دیارترین هه‌ست و نه‌ستێکی نزیك له دڵ و ده‌روون و رۆحی مرۆڤ هه‌ستی خۆشه‌ویستی و ئه‌وین و ئه‌زموونه‌کانی ته‌ما و تێشکانە له‌و بواره‌دا، به تایبه‌تی له سه‌رده‌می گه‌نجێتیی پر له نیاز و ئاواتی درووست‌کردنی به‌هه‌شتی دڵداریی و خه‌ونی ژوان و پێگه‌یشتنی ئه‌به‌دی.
ده‌ڵێم: هه‌ردی زیاتر له هه‌ر شاعیریکی دی نوێنه‌ری ئه‌و ره‌وته رۆمانسییه خۆیی یه یه له شیعری کوردی‌دا. به‌ر له‌وه‌ی بچمه ناو باسه‌که ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم: پێوانه‌ی سه‌رکه‌وتنی هه‌ر شاعیرێك له نووسینی شیعری رۆمانسی خۆیی دا ئه‌وه‌یه تا چ ئاستێك قووڵیی و راستیی و کاریگه‌ریی مرۆڤانه‌ی ئه‌زموونه خۆیی یه‌که‌ی خۆی به خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێ، به جۆرێك که خوێنه‌ر وا لێ بکا نه‌ك ته‌نیا نرخ و بایه‌خی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئه‌و بزانێ، به‌ڵکو له‌گه‌ڵیشیدا بژی، هه‌ست بکا شاعیر هه‌ر له‌وکاتدا باسی ئه‌زموونی خۆیی و هه‌ست و خرۆشی ناخی ئه‌ویش ده‌کا. له‌و کاته‌دایه که شاعیر ده‌توانێ له‌وه دڵنیا بێ که په‌یامه ئینسانییه‌که‌ی خۆی گه‌یاندووه، که شیعوه‌کانیشی له رووی زمان و دارشتنی هونه‌ریی و ئیستاتیکیشه‌وه سه‌رکه‌وتن و ته‌نانه‌ت نه‌مرێتیشیان به‌ده‌ست هێناوه.
بۆ نموونەی ئه‌مه شتێ لە سەر كاریگەری هەردی لە سەر خۆم وەك گەنجێك باس دەكەم:
له قۆناغی خوێندنی ئاماده‌ییمدا بوو که بۆ یه‌که‌مجار (( رازی ته‌نیایی)) مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ردی – م خوێنده‌وه. دووباره و سێ باره خوێندمه‌وه و دوایی جارێكی تر نەمخوێندەوە، جونكە یه‌کسه‌ر له‌به‌رم کرد. هه‌ر ئه‌وه نا به‌درێژی ژیانیشم ئه‌و شیعره‌م له‌بیر نەچۆته‌وه. هه‌ر له‌به‌رم بووه، له چه‌ندین ئه‌زموونی ده‌روونیی ناخدا له‌به‌ر خۆمه‌وه ئه‌و هۆنراوەیەم بۆ خۆم وتۆته‌وه. ره‌نگه هه‌ندێ جار هه‌ناسه‌ی سارد و فرمێسکی گه‌رمیشم له گه‌ڵدا هه‌ڵوه‌راندبن! کاریگه‌رییەکه ئه‌وه‌نده قووڵ بوو له گه‌ڵم مایه‌وه، له شیعری ئه‌وین و شکستی دڵداریی و بێهومێدی خۆیی یه‌وه، بوو به شیعرێکی پر ماناتر و ئاسۆ فراوانتر و گه‌ردوونی تر. شیعرێك که حاڵه‌تی رۆحی ته‌نیایی و بێکه‌سیی و بێهودەیی هەموو كات و هەموو بۆنەیەك ده‌رده‌بڕێ. دوای ئاشبه‌تاڵی 1975 و ئه‌و کاره‌سات و تێشکانه نه‌ته‌وه‌یی مه‌زنه که به چاوی خۆم دیتم و به‌دڵ و ده‌روون و رۆحی خۆم له‌گه‌ڵ سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی تردا ئه‌زموونم کرد، هه‌ر ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی هه‌ردی بوو که له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌ی ئاخی ئاگراوی و داخ و ناسۆری بێ ئومێدیمدا تێکه‌ڵ بوو.. که دوایی ئه‌م هه‌ستانه ورده ورده هێمن بوونه‌وه و له قه‌واره‌ی هۆنراوه‌یه‌کدا شوێنی خۆیان گرت، ده‌نگدانه‌وه‌ی هۆنراوه‌ی رازی ته‌نیایی و تیمی ته‌نیایی و بێکه‌سی و کپیی و بێدەنگیی گۆڕستانییانە له شیعره‌که‌ی مندا به ئاشکرایی ده‌بینرێ، به تایبه‌تی كاریگەریی ئه‌و سێکه‌رتییه کورته قافیه‌دارانه‌ی وه‌ك کڵپه و ئازاری قووڵهەڵقوڵاو یان هه‌نسکی ناهومێدیی به دوا یه‌کدا دێن:
ئه‌وا ئێستا له‌گه‌ڵ زامی
ده‌روونی پر له ناکامی
ئه‌پێوم چۆلی سه‌رسامی
به غه‌یری باڵی غه‌مناکی
شه‌وی پر ترس و سامناکی
نییه یه‌ك تۆزه رووناکی
نییه هه‌ر ده‌نگی هیچ نایێ
له هیچ شوێنێ له هیچ لایێ
شه‌قه‌ی باڵی شنه‌ی بایێ!
ئه‌مه ئه‌و سێ سێ کورته دێڕانه‌ن که له دوای هه‌ر به‌شێك له دارشتنی بابه‌ته‌که‌یدا هاتوون. دوایی هه‌موو شیعره‌که شی ده‌که‌مه‌وه. هۆنراوه‌که‌ی من به ناوی “کۆچ” دوای گه‌رانه‌وه بۆ قه‌لادزه دوای ئاشبه‌تاڵ نووسیم. له دیوانی “سروود و دروود” دا كە له ساڵی 1981 دا چاپ کراوه، بڵاو كراوەتەوە. ئه‌م به‌شه‌ی ده‌نگدانه‌وه و کاریگه‌ریی شیعره‌که‌ی هه‌ردی تێدایه ئه‌و به‌شه‌یە كە باسی ئەو بێده‌نگیی دۆران و شکستیی و بێکه‌سیی و بێ هیوایی یە ده‌کا که له ئه‌نجامی ئاشبه‌تاڵه‌وه وه‌ك تاریکستانێكی گۆڕستانیی هه‌موو کوردستانی گرته‌وه. شیعره‌که ئاوا وه‌سفی ئه‌م حاڵه‌ته ده‌کا و ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ناسه‌کانی هه‌ردی له دووباره کردنه‌وه‌ی وشەی (نییه) کانی ئه‌م کۆپله‌یه‌دا ده‌بیسترێ:
ئه‌و زه‌نگه‌ی دنیای ده‌وروژاند
شه‌پۆلی ده‌نگی ده‌باراند
ئێستاکێ زه‌نگی ماتییه
ده‌نگی کپی بێده‌نگییه
جگه له جوو‌که‌ی پاساری
له خۆلبارانی بێزاری
نییه ده‌نگێ
نییه هاوارێ ئاهه‌نگێ
نییه شه‌قه‌ی باڵی هه‌ورێ
ناڵه‌ی شه‌و به‌زێنی به‌ورێ
ته‌قه‌ی تفه‌نگێ
تمبه‌ی ته‌ورێ.
بۆچی رازی ته‌نیایی هێنده کاریگه‌ره؟
بۆچی هه‌ر ئه‌و هۆنراوەیە به ته‌نیا ده‌کرێ ببێته نموونه‌ی راسته‌قینه‌ی شیعری رۆمانسی خۆیی کوردی. ئایا پێشتر شاعیران باسی خۆیان له شیعره‌کانیاندا نه‌کردووه؟!
ئایا ته‌نانه‌ت شیعری شاعیره کلاسیکییه‌کانیش پر نییه له هاوار و داد و بێدادیی له ده‌ست عیشق و بێ هیوایی ئه‌ڤین و بێ وه‌فایی عاشق؟
به‌ڵێ ئه‌مانه هه‌موو هه‌ن و راستن. به‌ڵام هیچیان جگه له شیعری مه‌وله‌وی و شاعیرانی قوتابخانه‌ی گۆران، وه‌ك شێوه و وه‌ك ناوه‌ڕۆك، وه‌ك خولیا و وه‌ك وشه و ستایل و ده‌ربڕین نابنه مودێل یان نموونه‌ی ده‌ربڕی هه‌موو، هه‌ر هه‌موو، تایبه‌تمه‌ندیی و ناسکاره‌کانی شیعری رۆمانسی خود– چه‌ق و خودیار.
زۆر شیعری کلاسیکی و کلاسیکی نوێ هه‌یه که باسی خودت بۆ ده‌کا به‌ڵێ: باسی خود ده‌کا، باسی خه‌م و خولیا ده‌کا. باسی ده‌کا، لە بارەیەوە دەدوێ، به‌ڵام ده‌ری نابڕێ، یان خودی خولیاکه‌ی ناخ ناکا به که‌ره‌سه‌ی هۆنراوه‌که به جۆرێ جیاوازیی له نێوان هۆنراوه و هه‌ناسه‌کاندا، له نێوان دێڕ و ده‌رده‌کاندا، له نێوان وشه و وێنه‌کانداو له نێوان ده‌نگ و ده‌رووندا نامێنێ.
هه‌ردی ئازارێکی خۆییمان بۆ ناگیرێته‌وه‌و ده‌رده دڵمان بۆ ناکا.
هه‌ردی دڵی خۆیمان بۆ ده‌خاته سه‌ر ده‌ست. هه‌ردی رامان ده‌کێشێته ناو دڵی خۆیه‌وه، پێمان ده‌ڵێ ئه‌وە حاڵی هه‌موو مرۆڤێکی خاوه‌ن هه‌ست و ویژدانه. خود لێره‌دا ده‌بێته خاوه‌نی هۆنراوه‌که، ده‌بێته خودی هۆنراوه‌که. رۆمانسییه‌تی خود له مه‌دایه. له مه‌شدایه که هه‌ردی ده‌ربر و نوێنه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و رێچکه رۆمانسییه به‌هێزه‌یه له شیعری کوردی‌دا.
جا با زیاتر له سه‌ر ئه‌مه نه‌ڕۆم با به‌یه‌که‌وه بچینه ناو جیهانی هۆنراوه‌که‌وه، جیهانی ڕازی ته‌نیای‌یه‌وه، جیهانی خود، ناخ، ده‌روون، جیهانی خۆشه‌ویستی و ترس و بێ هیوایی.
ڕازی ته‌نیایی: هۆنراوەكە
له کورته ڕوونکردنه‌وه‌یه‌كدا بۆ ئه‌م هۆنراوه هه‌ردی ده‌نووسێ که له ساڵی 1951 دا نووسیویه‌تی به‌ڵام له شێوه‌ی ئاو‌ڕدانه‌وه‌یه‌که له قۆناغێکی له‌وه پێشتر. واته له ته‌مه‌نی 29 ساڵیدا نووسیوێتی به‌ڵام باسی سه‌رده‌مێکی پێشتر ده‌کات. خۆی به (شیوه‌ن) و (ئاوڕدانه‌وه) وه‌سفی ده‌کات. دیاره شیوه‌ن مانای گریانه له‌سه‌ر که‌سێ یان شتێکی له ده‌ستچووی پڕ به‌ها. ئاوڕدانه‌وه‌ش بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌زموونی ڕابردووه. له‌وه‌وه هه‌ردی ئه‌وه ده‌ستنیشان ده‌کا که باسی ئه‌زموونێکی ڕابردوو- و شیوه‌ن کردن بۆی ده‌کا. دیاره ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه خۆی لە خۆیدا ئه‌وه‌نده گرنگ نییه. چونکه ئه‌مه باسی شیعره‌که‌یه، له کاتێکدا وه‌ك پێشتر هێمام بۆ کرد شیعره‌که خۆی هێزه‌که‌ی له‌وه‌دایه و به‌وه نموونه‌یه‌کی به‌هێزی شیعری ڕۆمانتیکی خۆیی‌یه که خۆی ته‌واوی ئه‌زموونه‌که‌یه له زیندوویی و خرۆشانی ئێستایی ناخی ده‌رووندا.
هۆنراوه‌که بریتی‌یه له سێ به‌ش، هه‌ر به‌شه‌ی بریتی‌یه له سێ به‌یت، سێ دوو دێڕی قافیه‌دار، له‌گه‌ڵ دێڕێکی کۆتایی لە هه‌ر به‌شێکدا که بۆ سێ کورته به‌شی قافیه‌دار که‌رت کراوه.
وا لێره‌دا به‌ش به به‌شی شیعره‌که شی ده‌که‌مه‌وه.
ستانزا‌ی یەكەم
(1) ژیان و ئه‌رکی ناخۆشی: په‌پووله‌ی ئاره‌زووی کوشتم
(2) شه‌رابی جامی دڵداریی، له کاتی لاوییا، ڕشتم
(3) شەوی رۆژانی پڕ مەینەت وەها تاریك و چڵكن بوو
(4) نیگاری خۆشه‌ویستی دڵ، په‌ری ئاسایی، تیا ون بوو
(5) شه‌وی ته‌نیایی، رووناکیی چرای ئاواتی، خنکانم
(6) ده‌سی ناکامی، ئاوازی ده‌روونی که‌یلی، تاسانم
(7) ئه‌وا ئێستا له‌گه‌ڵ زامی
ده‌روونی پڕ له ناکامی
ئه‌پێوم چۆڵی سه‌رسامی
وه‌ك پێشتر وتم پێش هه‌ردی‌یش هۆنراوه‌ی کوردی کلاسیکی و کلاسیکی نوێ و تازه زۆره که باسی خود و ده‌روون بکه‌ن. به‌ڵام چ هۆنراوه‌یه‌کی دی هه‌یه له حه‌وت دێڕدا ئه‌وه‌ند وشه‌گه‌ل و ده‌ربڕینی ته‌م و ته‌نیایی و ناکامی و تاسان و حه‌په‌سانی ناخ ده‌ربڕێ؟ سه‌یری ئه‌و هه‌موو وشانه‌ی دنیای شیعری ڕۆمانسی بکه‌ن که له‌یه‌ك به‌شدا کۆکراونه‌ته‌وه:
ئه‌رکی ناخۆشی ژیان، کوژرانی په‌پوله‌ی ئاره‌زوو، ڕژانی جامی دڵداریی،
ڕۆژانی پڕ مه‌ینه‌ت، ته‌می تاریك و چڵکن، ونبوونی نیگاری
خۆشه‌ویستی دڵ، شه‌وی ته‌نیایی، خنکانی ڕووناکی چرای ئاوات،
ده‌ستی ناکامی، تاسانی ئاوازی ده‌روون، زامی ده‌روون،
دەروونی پڕ لە ناکامی، چۆڵی سه‌رسامی
هه‌ر ئه‌وه‌نده 38وشەن.
به‌ڵام ئایا نه‌ك (38) به‌ڵکو گه‌ر (380) وشه‌ی خه‌م و ده‌روون و تاسه و ژین و هاواری ویژدان و ئازار و داد، یه‌ك له دوای یه‌ك ڕیزکه‌ین، ئایا ئه‌مه ئه‌و وشانه ده‌کا به شیعر؟ یان به شیعری ڕۆمانسی؟ بێ گومان نه‌ء. ڕاسته زۆر گرنگه که هه‌ردی ئه‌و وشه‌گه‌له‌ی خه‌رمانی شیعری ڕۆمانسی هه‌ڵبژاردوون. زمان که‌ره‌سه‌ی شیعره. شاعیر هیچی تری نییە که دنیای شیعری خۆی لێ دروست بکا وشه نه‌بێ. جا یه‌که‌م هه‌نگاو، یه‌که‌م هه‌وڵی هه‌ر شاعیرێ بۆ داڕشتنی هۆنراوه‌که‌ی دیاره: هه‌ڵبژاردنی وشه‌یه. بۆیه گرنگه له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر هۆنراوه‌یه‌کدا، هی ڕۆمانسی یا هی تر، که یه‌که‌م جار زۆر به وردی، به هێمنی و به سه‌بره‌وه سه‌رنجی ئه‌و وشانه بده‌ین که شاعیر هه‌ڵی بژاردوون. هه‌نگاوی دووه‌م ئه‌وه‌یه بزانین شاعیر ئه‌و وشانه‌ی چۆن پێکه‌وه به‌ستوون، چۆن لێکی داون، چ جۆره پێوه‌ندییه‌کی ده‌نگی و مانایی و هەستیی و ڕێزمانیی و وێنه‌یی هتد، له نێوان وشه‌کاندا درووست کردوون.
یه‌که‌م هه‌نگاومان بۆ تێگەیشتنی هه‌ر شیعرێك: سەرنجدانمانە لە هه‌ڵبژاردنی وشه‌کانی.
دووه‌م هانگاو: چۆنێتیی پێکه‌وه به‌ستنی ئه‌و وشانه‌یه له ڕسته و بیر و ڕیز و دێڕدا.
جا شاعیر ئه‌و هه‌ڵبژاردن و پێکه‌وه به‌ستن و گونجاندنه به هۆشیاری و سنعه‌تکارییه‌وه بکا، یان به‌بێ ئاگایی و خۆڕسكی و خۆڕێژییه‌وه هه‌ر وه‌ك له هه‌ڵڕژانی سروشێکه‌وه و ئیلهامێکه‌وه، بۆی هاتبێ، ئه‌وه به‌لای خوێنه‌ره‌وه گرنگ نییه. چونکه ئێمه وه‌ك خوێنه‌ر سه‌یری به‌رهه‌مه ساز و ئاماده‌که‌ی به‌رده‌ممان ده‌که‌ین. ئێمه وای وه‌رده‌گرین و، هه‌ر واشه، که ئه‌و شێوه یا ئه‌و ده‌قه که شاعیر بڵاوی کردۆته‌وه: ده‌ق یان به‌رهه‌می ته‌واوکراوی شاعیره و تا ئه‌و ساته‌ی ئاوا ته‌واوی کردووه و بڕیاری داوه بڵاوی بکاته‌وه کاری له‌سه‌ر کردووه. وه‌ك چۆن هه‌ر پیشه‌سازێك کار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌کات که دروستی ده‌کات.
دووه‌میش: ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که شاعیریش که ده‌ست به کاره‌که‌ی ده‌کات زۆر جار خۆشی تا ته‌واو نه‌بێت نازانێ چ شێوه و فۆرمێکی کۆتایی وه‌رده‌گرێ. به‌ڵام تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌و فۆرمه‌ی به‌دڵ ده‌بێ، کاری له‌سه‌ر ده‌کا و گۆڕانی تێدا ده‌کات.
ئێمه لێره‌دا نازانین، هه‌ردی ئه‌م هه‌موو وشه و ده‌ربڕینه ڕۆمانسییه خه‌ست و خۆڵانه‌ی له کوێوه هێناون. ئایا له پڕێکدا وه‌ك زاده‌ی ئه‌زموونێكی ئه‌ڤین و سۆز به‌ندییه‌وە هه‌ڵڕژاون؟ گه‌ر وایه بۆچی له چوارچێوه‌ی شیعری کلاسیکیدا دروست نه‌بوون؟ به واتایه‌کی دی ئایا ته‌نیا ئه‌زموونه‌که له دایکبوونی ڕۆمانسیانه‌ی کاره‌که‌ی فه‌راهه‌م کردووه؟
یان پێشتر شاعیر وه‌ك ڕه‌وت و ڕێبازێك خۆی بۆ ئاماده کردووه، به حوکمی خوێندنه‌وه و ئاشنابوونی به شیعری ڕۆمانسی گه‌لانی تر، به شێوه‌یه‌کی هۆشیارانه و ته‌کنیکی سنعه‌تکارانه ئه‌م ڕه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردووه؟!
من ئێستا وه‌ڵامی قه‌ناعه‌تبه‌خشی ئه‌م پرسیاره نازانم و دیاره مه‌به‌ستی ئه‌م باسه‌ش نییه. ته‌نیا ویستم سه‌رنج بۆ تازه‌یی ئه‌زموونه شیعرییه‌که ڕابکێشم. رەنگە ئێستا خەرمانۆكەی ئەم وشەگەلە رۆمانسییانە لای ئێمە كارێكی نوێ و داهێنەرانە نەبێ. بەڵام بۆ 1951 لەگەڵ وشەگەل و دەربرینەكانی تەواوی دێوانۆكە بچكۆلەو نایابەكەی هەردی شۆڕشیكی رۆمانسیی بوون.
وەك پیش‌تر وتم لە گەڵ گرنگی فەرهەنگە رۆمانسییەكەشدا، وشە بە خڕبوونەوە شیعر دروست ناكات. گرنگ ئەوەیە چۆن ئەو وشانە دەبنە خودی ئەزموونە خۆییەكە.
ئه‌وه‌ی ئێستا مه‌به‌ستمه ئه‌وەیه شیعره‌که خۆی بهێنمه ده‌نگ و ئاواز، تا خۆی قووڵیی ئه‌زموونه ڕۆمانسییه خۆییەكەی شاعیر‌مان، بۆ بنوێنێ.
له یه‌که‌م سه‌رنجماندا له به‌شی یه‌که‌می هۆنراوه‌که زۆری و‌شه‌کاریی((diction ی ڕۆمانسیانه‌مان بۆ ده‌رکه‌وت. وەك وتم هه‌نگاوی دووه‌ممان ده‌بێ سەرنجی ئه‌وه بده‌ین چۆن ئه‌و وشانه پێکه‌وه کۆکراونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یه که بنکاری(Pattern) ی شیعره‌که پێکدێنێ. واته بنکار کردنی شاعیر بۆ هۆنراوه‌که‌ی و له‌مه‌وه دروستبوونی ستراکتووری (داڕشته) ی شیعره‌که له جۆری مامه‌ڵه‌کردنی شاعیر له‌گه‌ڵ وشه‌کانیدا دێته ئه‌نجام. چۆن ده‌توانین ئه‌م بنکارییه شیعرییه له‌م هۆنراوه‌یه‌دا بدۆزینەوە؟
له هه‌ر هۆنراوه‌یه‌کی لیریکی ڕۆمانسی دا، شاعیر به پله‌ی یه‌که‌م، سه‌ره‌کیی، گه‌وهه‌ریی، باسی هه‌ست و نه‌ست و بیری خۆی ده‌کا. که‌وایه بۆ تێگه‌یشتنی هۆنراوه‌که گرنگه که (هه‌ست و بیریی) سه‌ره‌کی یان به مانایه‌کی دی (تیمی) یان نێوباسی هۆنراوه‌که ده‌ستنیشان بکه‌ین. ئه‌وسا بزانین ئه‌و بیر و هه‌سته سه‌ره‌کییه چۆن له ته‌واوی هۆنراوه‌که‌دا ده‌ربڕدراوه و به‌ره‌و ئه‌نجامێکی دیاریکراو گه‌شه‌ی پێ دراوه.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی و به‌ربڵاو، له هه‌ر شیعرێکی لیریکی ڕۆمانسییدا گرژییه‌کی ده‌روونی، نا ئارامییه‌ك، به‌ربه‌ره‌کانی و ناکۆکییه‌ك له نێوان هیوا و ترس‌دا، خه‌ون و تێشکاندا، ئاره‌زوو و ئاستنه‌گدا، هتد هه‌یه. گه‌ر ئه‌و (گرژیه ده‌رونییه) ده‌ستنیشان بکه‌ین، ده‌توانین جه‌مسه‌ر و سه‌ره‌دەزووی ته‌واوی بیرۆکه و بنکاری زمانیی و هه‌ستیی هۆنراوه‌که بدۆزینه‌وه.
ناونیشانی هۆنراوه‌که: ڕازی ته‌نیایی، خۆی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی ئاشكرا ده‌کا. واته بابه‌تی هۆنراوه‌که ته‌نیایی‌یه، ئه‌رکی هۆنراوه‌که‌ش، و‌اتە داڕشته و ده‌ربڕینه‌کانی، ئه‌وه‌یه ڕازی ئه‌و ته‌نیایی‌یه بدرکێنێ. ڕاز واته نهێنی، ڕاستییه په‌نهان و شاراوه‌کان، هه‌ست و نه‌سته‌کانی ناوه‌وه. درکاندنی ئه‌مانه مانای ده‌رخستن و نواندنیانه. تا چ ڕاده‌یه‌ك شاعیر له‌م ده‌رخستن و نواندنه‌ی ڕازی ته‌نیایی سه‌رکه‌وتووه، ئه‌مه هه‌ڵوێست و نرخاندنی ئێمه بۆ شیعره‌که دیاری ده‌کات.
له ناونیشانەکه‌وه بۆ دێڕی یه‌که‌م: شاعیر له‌و یه‌که‌م دێڕه‌دا، (ئه‌و گرژییه ده‌روونییه) ئاشکرا ده‌کات که شیعره‌که له ده‌وریدا ده‌خولێته‌وه. لێره‌دا گرژی و ناکۆکی لە نێوان ژیان لە لایەك و ئارەزوو – و خەونەكانی مرۆڤ لە لایەكی ترەوە هەیە. ژیان که له باری ئاسایی‌دا دەبێ ئه‌و ده‌رفه‌ته گه‌وره و گرانبه‌ها و پڕ ڕووناکییه بێ که مرۆڤ هیوا و ئاره‌زووکانی تێدا به‌دی دێنێ. به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئێمه حاڵه‌ت و هه‌ڵوێستێكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌بیسین:
ژیان و ئه‌رکی ناخۆشی، په‌پووله‌ی ئاره‌زووی کوشتم
لێره‌دا ناکۆکییه‌کی ژیانیی و ده‌روونیی گه‌وره ده‌ربڕدراوه:
ژیان، له جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته با‌خێکی به‌رین و به به‌ر که په‌پووله‌ی خواست و ئاره‌زوو تێیدا ئازادانه بگه‌ڕێ و شیله‌ی به‌خته‌وه‌ری بمژێ، ژیان خۆی بۆته بکوژ، له ناوبه‌ر. دیاره باسکردنی ژیان ئاوا به‌گشتی ڕێك ناوه‌ستێ. بۆیه شاعیر ژیان له بیر و کۆزانێکی گشتی‌یه‌وه، تایبه‌تی ده‌کا و ده‌ستنیشانی ئه‌وه ده‌کا که (ئه‌رکی ناخۆشی) ژیانه که هه‌میشه ئاوات و تاسه ده‌روونییه‌کانی داده‌پەڵۆسێ. شاعیر ئه‌م بیرە سه‌رکه‌وتووانه له ڕێگای دروستکردنی دوو دژ یان دوو لایه‌نی ناته‌بایی و پێچه‌وانه‌یی ده‌رده‌بڕێ:
له‌لایه‌ك ئه‌رکی ناخۆشی ژیان له لایه‌کی تر په‌پووله‌ی ئاره‌زوو
و ئه‌رکی ناخۆشی ژیان په‌پووله‌ی ئاره‌زوو دەکوژێ.
وشه‌ی ئه‌رك خۆی قورسایی و ناخۆشی و زۆره ملێیی ده‌رده‌بڕێ. به‌رامبه‌ر ئه‌وه ئاره‌زوو، وه‌ك په‌پووله‌ی ئاره‌زوو، وه‌سف کراوه. واته سه‌روێنه‌ی په‌پووله، که‌سێتیی و ناسکیی بوون و ژیانی په‌پووله دراوه به ئاره‌زوو. ئاره‌زوو وه‌ك په‌پووله‌یه‌کی ناسك، بێ گوناه، جوان، خاوه‌ن ماف و ڕه‌وایەتیی سروشتیی تا له باخی ژیاندا باڵه بچووکه‌کانی له‌م گوڵ و چڵ بۆ ئه‌و گوڵ و چڵه گیا لێك بدا و خۆشیی و نه‌شه له سروشت دەرێنێ، به‌ڵام ئه‌مه ڕوونادا. ژیان ئه‌و به‌خت و تامه‌ی ناداتێ. به‌ڵکو شاڵاوی ئه‌رکه سه‌خت و ناخۆشه‌کانی خۆی ده‌نێرێته سه‌ر په‌پووله‌کان و دڵڕه‌قانه ده‌یان کوژێ.
ئه‌وه‌ی له‌م دێره‌دا سه‌رنجمان راده‌کێشێ و له شیعری کلاسیکی جیای ده‌کاته‌وه ساده‌یی زمانه کوردییه‌که و وشه په‌تییه‌کانێتی. به‌کارهێنانی میتافۆری و‌اتە سه‌روێنه‌ی:” په‌پووله‌ی ئاره‌زوو” ، زیاتر ساده‌یی و هۆکاری و ساکاری و ناسکی زمانه‌که ده‌سەلمێنێته‌وه. که‌وایه له‌م یه‌که‌م دێڕه‌دا هه‌ردی بناغه‌ی یان بنکاری هه‌ست و بیر و سه‌ره‌کییەكە‌ی دانا: گرژیی له نێوان هیوای خۆشی و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤێکی لاو‌و سه‌ختی و دژواریی ژیانی. ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌کاره، باڵاده‌سته، کۆنترۆلی هه‌ست و خولیا و خه‌ونه ئاره‌زوو و ده‌رفه‌ته‌کانی خۆشی و به‌خته‌وه‌ری ده‌کا: ئه‌رکه ناخۆشه‌کانی ژیانن. ئه‌و ئه‌رکانه‌ن ده‌بنه بکه‌ر، چالاكکار، هۆکار: له رسته‌ی دووه‌مدا شاعیر به شێوه‌یه‌کی دیارتر و تایبه‌تکارتر ناوه‌ڕۆکی تراژیدیای گه‌نجیی خۆی ده‌رده‌بڕێ. ئه‌رکی ناخۆشی ژیان په‌پوله‌ی ئاره‌زووی کوشت؟
چۆن و که‌ی؟
دێڕی دووه‌م وه‌ڵامی ئه‌مه ده‌داته‌وه:
شه‌رابی جامی دڵداری له تافی لاوییا رشتم!
سەرنجی هەلبژاردنی جوان و سەركەوتوانەی وشەی تاف بۆ كاتی لاویی بدەن.
تافی لاویی لێره‌دا زۆر گرنگه. شاعیر له روونکردنه‌وه‌که‌یدا ده‌ڵێ ئه‌م شیعره ئاوڕدانه‌وه و شیوه‌نه بۆ قۆناغێکی پێشتری ژیانی، واته قۆناغی لاوێتیی: که لێره‌دا به وشەی كوردی پەتی و رەسەنی ‘ تاف’ واته هه‌ره‌تی، ترۆپکی، گه‌رمه‌ی سه‌رده‌می لاوێتی وه‌سفی ده‌کا. له‌و ته‌مه‌نه‌ی لاوێتیدایه که تاسه و هیوا و خه‌ونی خۆشه‌ویستی دڵ و ده‌روون و هۆش و رۆحی مرۆڤی لاو پڕ ده‌کا. له‌و سه‌رده‌مه‌دایه که رۆحی گه‌نج، به هیچ شتێك ئاسووده‌یی و قنیاتی نایه و تامه‌زرۆی گیانی ناشکێ، شه‌رابی دڵداری نه‌بێ، بۆ نۆشینی ئه‌و شه‌رابه‌یه که شه‌وانه خه‌ونی ره‌نگاو ره‌نگ ده‌بینێ، رۆژانه هه‌موو ساته‌کان ده‌بنه چاودێری دیدار، ژوان، نۆشین.
به‌ڵام ئه‌فسووس؟ ئه‌وه‌تا ئه‌رکی ناخۆشی ژیان، (به‌رده‌وامی رسته‌که له نیوه دێڕی یه‌که‌مه‌وه‌یە) ، ئه‌و جامی شه‌رابی دڵدارییه ده‌رێژێ. لێره‌دا گرژییه سایکۆلۆژییه‌که روونتر ده‌رکه‌وت: شاعیری لاو به‌ته‌مای خۆشه‌ویستی و دڵداری بووه، به‌ڵام ئه‌رکی ناخۆشی ژیان، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له ده‌ستداوه، ئه‌و خه‌ونه و خه‌یاڵه‌ی وه‌ك په‌پووله‌یه‌کی بێگونا‌هـ کوشتووه، وه‌ك جامی شه‌راب قڵپی کردۆته‌وه.. ئه‌م سه‌ره‌تایه که بنکاری هه‌ستیی و رێزمانیی هۆنراوه‌که پێك دێنێ، حوکم به‌سه‌ر ته‌واوی هه‌ست و نه‌ست و گوزه‌ران و شێوه ژیانی داهاتووی شاعیردا ده‌کات و له‌مه‌شه‌وه دارشتن و ده‌ربرین و مەودای له‌مه‌ودوای شیعره‌که هاوتا و نوێنه‌ر و ده‌ربڕی ئه‌و لایه‌نه تراژیدیی و تاریکانه‌ی ژیانی ده‌بن. نه رۆژ وه‌ك رۆژی ناسایی ده‌بن، نه شه‌و شه‌وانێك ده‌بن که خه‌و و ئارامیان تێدا تام بکرێ:
به‌م چه‌شنه شاعیر له گێرانه‌وه‌ی حاڵه‌ته پڕ ناکامه و تراژیدییه‌که‌یدا به‌رده‌وام ده‌بێ:
ته‌می رۆژانی پر مه‌ینه‌ت وه‌ها تاریك و چڵکن بوو
نیگاری خۆشه‌ویستی دڵ په‌ری ئاسایی تیا وون بوو،
شه‌وی ته‌نیایی، رووناکی چرای ئاواتی خنکانم
ده‌سی ناکامی ئاوازی ده‌روونی که‌یلی تاسانم
ئه‌م وه‌سفانه دیاره له وه‌سفی یه‌که‌م (( په‌پووله‌ی ئاره‌زووی)) کوشتم به هێزتر نین، به‌ڵام ئه‌رکیان ئه‌وه‌یه که ئه‌و وه‌سفه به هێزه‌ی دێری یه‌که‌م، به هێزتر بکه‌ن، بیسه‌لمێنن و لایه‌ن و رواڵەتە تاریکه‌کانی زیاتر بۆ خوێنه‌ر نیشان بده‌ن. و‌اتە تەواوی دەور و بەرە خۆییەكە دروست بكەن و جیهانی ناوەوەی شاعیری لاو بنوێنن.
مرۆڤ له کاتدا ده‌ژی. ژیان چیرۆکی تێپه‌ربوون و به‌سه‌ربردنی کاته..
له ئه‌نجامی ناکامبوونی دڵدارییه‌که‌ی شه‌و و رۆژی شاعیر ده‌شێوێن.
رۆژه‌کان پڕ ده‌بن له ته‌می تاریك و چڵکنی مه‌ینه‌ت که نیگاری خۆشه‌ویستی دڵی شاعیر قووت ده‌دا، وه‌ك په‌ری غه‌یب ده‌بێ.
شه‌وه‌کانیش ده‌بنه شه‌وی ته‌نیایی که‌رووناكی چرای ئاواتی ئه‌وینی شاعیر ده‌خنکێنن.
ئه‌و ئاوازه لاوازه‌ش که لەده‌روونی زامدارەوە سه‌ر هه‌لده‌دا ده‌ستی ناکامی ده‌یتاسێنێ. مه‌به‌ستی شاعیر له هه‌موو ئه‌مه‌دا ئه‌وه‌یه که قووڵیی و سه‌ختیی و گه‌وره‌یی کاره‌ساته ده‌روونییه‌که‌ی ده‌ربڕێ، که گه‌وره‌یی زه‌بری ژیان و چاره‌نووس له به‌خت و شانسی دڵداری لاوێتی ئه‌و نیشان بدا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش شاعیر زمانێكی ساده و ره‌وان و ساغ و کۆمه‌ڵه کردار و وێنه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو و کاریگه‌ر به‌کاردێنێ. کرداره‌کان کرداری قورس و بڕنده‌ی کوشنده‌ن: کوشتم ، رشتم، ون بوو، خنکانم، تاسانم. کوشتن، خنکاندن، تاساندن، رشتن و ون‌کردن. ئه‌مانه کرداره‌کانن، كرداری قفڵدان و كۆتایی پێهێنانن كە لەودیو و لە پاش ئەوان هیچ هیوایەك نامێنێ. وشەكانی تر، یان رستە سەروتارییەكانی، شاعیر وێنەی لێپێكهێناون. بەهێزیی وێنەكان لەوەدایە هەر رستەیەكیان لە دوو دژی هاوتا پێكهاتوون كە هەم یەكتر تەواو دەكەن (وەك رێزمان) ، هەم یەكتر رەت دەكەنەوە (وەك مانا):
ئه‌رکی ناخۆشی ژیان به‌رامبەر په‌پووله‌ی ئاره‌زوو
ته‌می تاریك و چڵکن و مه‌ینه‌ت به‌رامبه‌ر نیگاری په‌ری ئاسایی دڵ.
شه‌وی ته‌نیایی به‌رامبه‌ر رووناکی چرای ئاوات
ده‌ستی ناکامی به‌رامبه‌ر ئاوازی ده‌روون.
له‌م کۆمه‌ڵه دژه بیر و دژه وێنانه‌وه شاعیر وێنه‌یه‌کی ته‌واوی گرژییه ده‌روونیه‌که‌ی خۆیمان ده‌داتێ. چیرۆکی تراژیدیاکه‌یمان له وێنه‌ی زیندووی ناخی زامدا بۆ ده‌گێرێته‌وه. ئه‌م ئه‌زموونه له رابردوودا له ته‌مه‌نی لاویتری شاعیردا روویداوه. به‌ڵام دیاره رانه‌بردووه، له یاده‌وه‌ریدا، له قووڵاییه‌کانی دڵ و ده‌رووندا، له کون و که‌لێنه‌کانی به ئاگایی و بێئاگایی هۆشدا به زیندوویی و بڕنده‌یی ماونه‌وه. بۆیه شاعیر ئه‌وه ده‌رده‌خا که باسی رابردوویه‌ك ناکات، ره‌نگه رووداوه‌که له رابردوودا بووبێ، ئه‌م له رابردوودا بوونه له ده‌ره‌وه دایه، له روودانه بابه‌تییه‌که‌دا. به‌ڵام شیعری رومانتیكی خودیاریی (زاتی) ده‌ربڕی ناوه‌وه‌یه، له ناوه‌وه‌دا کاره‌ساته‌که نه‌ك هه‌ر زیندوو ، به‌ڵکو ساڵ له دوای ساڵ، رۆژ له دوای رۆژ، سات له دوای سات کاریگه‌ریی زیاتر ده‌بێ. ئه‌و ناکامییه‌ی ده‌ره‌وه به شێوه‌یه‌کی دی ناوه‌وه‌ی درووست کردۆته‌وه، به شێوه‌یه‌کی دی ده‌روونی دارشتۆته‌وه، ئه‌م (( هه‌ڵگۆڕانه)) ش له ناخی شاعیردا وه‌ك زام، ناکامیی، تاسان، بێ هیوایی، هه‌ر ده‌مێنێ و ئێستاکانی کۆنترۆڵ ده‌کات. بۆ ده‌ربڕینی ئه‌م کاریگه‌رییه ناخییه به هێزه شاعیر زۆر سه‌رکه‌وتووانه له پڕێکا له ره‌وتی که‌پڵێتی ( بەیتی دوو دێڕی) لادەدا و دێره شیعری حه‌وته‌می کردووه به سێ که‌رته‌وه. هه‌ر که‌رته‌ی وه‌ك سێ زه‌بر، سێ پاڵنه‌ری به‌هێز، لایه‌کی کاره‌ساته ده‌روونییه‌که‌ی وێنه ده‌کات.
ئه‌وا ئێستا له‌گه‌ڵ زامی
ده‌روونی پڕ له ناکامی
ئه‌پێوم چۆلی سه‌رسامی.
واته شاعیر لێره‌دا ده‌بێته زامێکی زیندوو به چۆلی سه‌رسامیدا ده‌گه‌ڕێ.
بەر لەوەی زیاتر سەرنجی ئەم وێنەیەش بدەین، پێویست دەكا لایەنێكی دیكەی گرنگی داڕشتنی یان بنكاری هۆنراوەكە باس بكەین.
تا ئێستا سەرنجم بۆ هەڵبژارنی شاعیر بۆ وشە كوردییە پەتییەكان و رێزمانی دەرەوەی كوردیی ساغ و پتەوو رەوان و رێزمانیی هەستیی یان ناوەوەی شیعرەكە لە پێوەندیی مانایی و بیریی و وێنەیی وشەو دەربڕینەكان، راكێشا. بەڵام هیشتا هەموو ئەمانە هۆنراوەكە وەك شیعر و‌اتە وەك ئەو كاریگەرییە دەروونیی و سۆزبەندییەی لە ئاكامدا دروستی دەكا، تەواو ناكەن. شیعرەكە وەك ئاشكرایە قافیە (رایم) ی هەیە. بەلام لە مەش گرنگتر ئەوەیە كە هۆنراوەكە كێش و‌اتە ئاهەنگ، ریتم و ئیقاعی ناوەوەی هەیە. هەر دێڕیكی هۆنراوەكە دابەشبووە بە دوو بەشەوە، كە دەكرێ بە جیاش بیاننووسین، هەر نیو بەشەی لە كێشی كوردیی خۆماڵیی هەشت پەنچەیی پێكهاتووە. و‌اتە هەر دێڕەی شازدە پەنجە یا بڕگەیە:
ژی یا/ ن و ئه‌ر/ کی نا/ خۆ شی/ : په‌پو/له‌ی ئا/ ره‌زووی/ کوش تم/ [8X8]
شه‌را/بی جا/می دڵ/داریی/ : له تا/فی لا/ وییا/ ڕش تم [8X8]
شەوی/ رۆ ژا/ نی پڕ/ مەی نەت/ : وەها/ تاری/ ك و چڵ/ كن بوو/[8X8]
نی گا/ ری خۆ/ شه‌ویس/ تی دڵ/ : په‌ری/ ئاسا/ ییت یا/ ون بوو/[8X8]
شه‌وی/ ته‌نیا/یی، روو/ ناکیی/ : چرای/ ئاوا/تی، خن/ کانم[8X8]
ده‌سی/ ناکا/ میی، ئا/ وازی/ : ده‌روو/ نی که‌ی/ لی، تا/ سانم [8X8]
وەك سەرنج دەدەین جگە لەو هاوتاییە رێزمانی و ماناییەی لە رێگای دروستكردنی وێنە و بیرە دژەكان پێكهاتووە، رێزمانی راستی سازندەی رەوشی لیریكی هۆنراوەكە بریتییە لە كێش و ئاهەنگەكەی. ئەمە تەنیا لە رێگەی هاوتایی گونجاوی كێشی پەنجەیی 8 8x و قافیەكان پێكنەهاتوە، بەڵكو شاعیر زیرەكانە تەكنیكی دەنگیی تری بەكار هێناون بە تایبەتی بەكارهێنانی زەبەندو كاریگەری ”دەنگزا”. ئەم زاراوەیە لێرەدا لە جیاتی وشەی assonnace ی ئینگلیزی بەكاردێنم كە بۆ نیشاندانی هەبوونی هاودەنگییەكی، بە دەنگی یا پیتی دەنگدار(بزوێن) vowel دروستكراو، بەكاردێ. مەبەستم لە دەنگزا ئەوەیە دەنگەكان لە ناو وشەكانەوە دەزێن، دەبن، هەڵدەچن, دەنگ دەدەنەوە. بە تایبەتی لە رێگای كاری ریتمی ناوەوەی پیتە دەنگدارەكان. كە سەیری ستانزا، یان خشتەی یەكەم بكەینەوە و بە دەنگی بەرز بۆ دەرخستن و چێژ لێوەرگرتنی بەها دەنگییەكانی دەیخوێنینەوە، نرخ و رۆڵی بەهێزی دەنگزاو دەنگدانەوەمان بۆ دەردەكەوێ. دەنگزاكان لە دەنگی بزوێنی vowel درێژی/ ئا/ و /ئیی-یی/ یان /ئا/ و /ئوو- وو/ ، یان /ئە/ و /یی/ دروست بن. گەر هەر بە دابڕاویی و بە جیاش ئەم دەنگە لێكدراوانە بە دەنگی بەرز دووبارە بكەینەوە دەنگێكی چەشنی ناڵە یان هاواری ئازار دەبیسین:
ئا- یی ئا- یی ئا- یی
ئە-یی ئە-یی ئە-یی
ئە-وو ئە-وو ئە-وو
ئا- وو
ۆ/یی
تەواوی ئاوازی ستانزا‌ی یەكەم لە سەر تێكهەڵكێشی مۆسیقیی ئەو دەنگە ئۆمنۆـتۆپییانە هەڵچنراوە. بەم چەشنە:
(1)/ ییا- وو/ / ئە-یی/ /ئا-ۆ-یی/ /ئە-وو/ /ئا-وو/
(2) ئە-ئا-یی/ /ئا-یی/ /ئا-یی/ /ئا-یی/ /ئا-یی-یا/
(3) /ئە-یی/ /ۆ-ئا-یی/ /ئە-ئا/ /ئا-یی/ /و-وو/
(4)/یی-ئا- یی/ ۆ-یی/ /یی/ /ئا-ئا-یی/ ئیا/ /وو/
(5) /یی/ /ئا-یی/ /وو-ئا-یی/ /ئا/ /ئا-ئا-یی/ ئا/
(6) /یی/ /ئا-ئا-یی/ / ئا-ئا-یی/ /وو-یی/ /یی/ /ئا-ئا/
زۆربەی دەنگەكان وێك دەبینین دووبارە كردنەوەو پێكسازیی/ ئە-یی/ و /ئا-یی/ ن كە ناڵەو قووڵیی و درێژبوونەوەی ژان دەنوێنن و ساز و ئاوازی تە‌نیایی و بێهومێدیی بەرجەستە دەكەن. جگە لەمەش لە پاڵ رایمی كۆتاییدا، چەند رایم یان نێمچە رایمێكی ناوەوە دروست دەكەن وەك:
(1) نوو ، پەپوو، ئارەزوو …
(ژیان و ، پەپوولە، ئارەزوو)
(2) ئابیی،ئامیی،ئاریی،ئافیی،ئاویی
(شەرابیی، جامیی، دڵداریی، تافیی، لاویی)
(3) رۆژا، وەها، تا
(رۆژانی، وەها، تاریك)
(4) فریی، تیی، پەری، سایی، تیی
(فریشتە، خۆشەویستیی، پەری، ئاسایی، تییا)
هەموو ئەو تەكنیكە دەنگییانە رێزمانی هەستیی مۆسیقیی شیعرەكە پێكدێنن. وەك شیعرێكی لیریكیی، و‌اتە شیعرێك كە تێكهەڵكێشی مۆسیقا دەبێ و دەكرێ بە گۆرانی، رێزمانە مۆسیقییەكە دەوری سەرەكی و زاڵی هەیە. مەبەستم ئەوەیە كە بەرچاوگرتنی (ئیعتیباری) مۆسیقای شیعرەكەو گۆنجاندنی بۆ كەرەسەی عاتیفی شیعرەكە، لە بەرچاوگرتنی رێزمانی وشەریزیی گرنگتر و لەپێش ترە. بۆیە سەیر دەكەین شاعیر پیرێزەی (فرەیزی phrase) :” ژیان و ئەركی ناخۆشی” بەكاردێنێ. دیارە لە رووی داڕشتنی رێزمانییەوە ئەوە دروستتر و مانا روونتر دەبوو كە بیوتایە: ئەركی ناخۆشی ژیان پەپوولەی ئارەزووی كوشتم. بەڵام هەوڵ بدە شیعرەكە ئاوا بخوێنەوەو لەگەل داڕشتنەكەی شاعیر خۆیدا بەراوردی بكە: سەیر دەكەی ئەمە بنكارە مۆسیقییەكەی تێك دەدا. وتنی: ” ژیان و ئەركی ناخۆشی” خۆشتر و مۆسیقی ترە لە وتنی ”ئەركی ناخۆشی ژیان” و لەمەوە گرنگیی و لەپێشیی رێزمانە هەستییە مۆسیقییەكە زیاترە.
بێینەوە سەر وێنەكان.
مۆسێقا زیاتر كات و مەودا دەنوێنێ.
لایه‌نێکی دیکه‌ی ژیانی مرۆڤ دامێن یان دووربه‌ندیی (بوعدی) شوێنه.
راستیی کات ته‌نیا له رێگا‌و به هۆی شوێنه‌وه هه‌بوون و شوێنکاریی خۆی ده‌رده‌خات.
له چه‌ند دێری پێشوودا شاعیر باسی ته‌نیایی شه‌وه‌کان و ته‌می رۆژه‌کانی کرد.
باسی ئه‌و ناکامییه ده‌روونیه‌ی کرد که ئاوازی ئاره‌زووه‌کانی دڵی ده‌تاسێنێ.
ئه‌مه حالێکه ده‌بێ له گه‌ڵیا بژی، له گه‌ڵیا ده‌ژی.
بۆیه ئێستا به کۆڵی ئه‌و زامانه و قووڵایی ئه‌و ناکامیانه‌ی ده‌روونیه‌وه چۆلی سه‌رسامی ده‌پێوێ. (چۆلی سه‌رسامی) یه‌که‌م وه‌سفی شوێنییه له هۆنراوه‌که‌دا. لێره‌شدا شاعیر سه‌روێنه، میتافۆری به‌کارهێناوه. مه‌به‌ستم له‌سه‌ر وێنه (میتافۆره) و‌اتە دانانی وێنه‌ی یا ناسكاری شتێك به‌سه‌ر وێنه‌یه‌ک یا شتێکی تردا که ئه‌و شته نییه که وێنه‌که نوێنه‌رێتی ده‌كا.
لێره‌دا ( سه‌رسامی) ناوه. ناوێکی واتایی (مه‌عنه‌وی) یان ئه‌بستراکته.
واته: سه‌رسامی شت نییه، بوونی فیزیکی و ماتریالی نییه. له‌به‌ر ئه‌وه ته‌نیا ده‌توانێ بیرێك بێ له مێشکماندا و وه‌ك بیرۆکه لێکی بده‌ینه‌وه. ئه‌و لێکدانه‌وه بیرییه‌یە که ( سه‌رسامیی) وه‌ك (حاڵه‌ت) مانا به‌خش ده‌کات. شاعیر ده‌یه‌وێ بڵێ ئه‌و مه‌ینه‌ت و ناکامییه‌ی له ژیانی لاوی‌دا تووشی هاتووه ئه‌وی خستۆته حاڵه‌تێکی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وامی سه‌رسامییه‌وه.
چۆن به‌رده‌وامی له سه‌رسامیی دا و كا‌ریگەرییەكەی دەردەبڕێ؟
دیاره شاعیر ده‌یتوانی سه‌رسامی وه‌ك کات، بنوێنێ و بڵێ:
ده‌پێوم کاتی سه‌رسامی.
به‌ڵام کات، چه‌ند؟ کاتیش شتێ نییه که بتوانین بیبینین ته‌نیا ده‌توانین به سات و ساڵ و رۆژ بیپێوین.. لێره‌دا که (ساڵ) یشی به‌کار هێنابا، ئێمه ته‌نیا وێنه‌یه‌کی دابڕاو ( ئه‌سبتراکت) ی کاتمان لا دروست ده‌بوو، ماوه‌ی کاته‌که، نه‌ك چۆنێتی.
چۆنێتی زیاتر به هه‌بوون له شوێندا له پێوه‌ندییه شوێنییه‌کاندا خۆی ده‌رده‌خا.
(چۆڵ) هه‌ڵبژاردنێکی سه‌رکه‌وتووانه‌یه. چۆل هه‌م مانای کشان و درێژ بوونه‌وه و به تاڵایی له شوێندا ده‌رده‌خا، واته مانایه‌کی دی، مه‌ودایه‌کی هه‌بوونی دی، ئاراگه‌یه‌کی له‌بار بۆ کاتی ته‌نیایی و بێکه‌سیی، به ده‌سته‌وه ده‌دات. چۆڵایی: شوێنێکه که كەسی دی لێ نه‌بێ، ته‌نانه‌ت مه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن ده‌نا دره‌خت و گیانله‌به‌ری دیکه‌ش لێ نه‌بن. به‌م چه‌شنه چۆل مانای وه‌حشه‌ت و سامناکی و ونبوون و بێ رێگایی و له‌مه‌وه بێ ئه‌نجامی و بێ ئامانجی ده‌گه‌یه‌نێ.. هه‌موو ئه‌مانه رێگا بۆ میتافۆره‌که‌ی شاعیر خۆش ده‌که‌ن تا چۆلییه‌که وه‌ك چۆڵی سه‌رسامی وێنه بكا‌و بیکاته پانتایه‌کی زه‌مینیی بێ سنووریی ونی و حه‌په‌سان. لێره‌دا مانای (ته‌نیایی) که له دێری سێیه‌مدا له وێنه‌ی کاتدا، وێنه‌ی شه‌وی ته‌نیاییدا، ده‌ربردراوه درێژکرایه‌وه یان به‌رجه‌سته کرا له شوێندا. له وێنه‌ی (چۆلی سه‌رسامی دا) کات و شوێن، یه‌ك ده‌گرن، حاڵه‌تی ونی و ته‌نیایی و تاریکی و گومرایی وه‌ك یه‌ك دینامیکی بوون، خۆی ده‌رده‌خا. ئه‌مه‌ش رێگا خۆش ده‌کا بۆ کۆپله‌ی دووه‌می شیعره‌که.
ده‌وروبه‌ر ونی و حه‌په‌سان و بێ ئامانجی گه‌ڕان به چۆڵی سه‌رسامیدا، زیاتر ئه‌تمۆسفێری ده‌روونی و سایکۆلۆجی بۆ ده‌ربڕینی چڕتری حاڵه‌تی بێکه‌سیی و بێهوده‌یی شاعیر ده‌ڕه‌خسێنێ، لێره‌دا پێویست ده‌کا، سه‌رنجێکی هه‌ڵبژاردنی وشه‌ی یا کرداری (ئه‌پێوم) بده‌ین. شاعیر ده‌ڵێ وه‌ك زامێکی ده‌روونی زیندوو و به سوێ چۆلی سه‌رسامی ده‌پێوم: ده‌پێوم: بۆ گه‌ران به شوێنێکدا، پیاسه‌یه‌ك بە جادده‌یه‌کدا به‌کار ده‌برێ ، مه‌به‌ستی بێ ئامانجی ده‌گه‌یه‌نێ! دیاره ناتوانی و مه‌به‌ست ئه‌وه نییه به هه‌نگاوه‌کانت شوێنه‌که بپێوی. به‌کارهێنانی وشه‌که ئایرۆنییه، پێچمانایی یە، مه‌به‌ست لە ئێستادا حاڵه‌تی بێ هووده‌یی و بێ ئامانجی یه. به‌م جۆره له کۆپله‌ی یه‌که‌مدا شاعیر شێوازی گێرانه‌وه‌ی بۆ گه‌یاندنی ئه‌زموونی تێشکانی خۆی له ئه‌وین و خۆشه‌ویستیدا بە به‌کارهێنان و هه‌ڵبژاردنی وشه و وێنه‌ی پێچه‌وانه‌کردنی هه‌ستی ده‌روون و ئه‌رك و زۆرکاریی ژیان، هۆکار و پێشینه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته بێ كەسیی و ته‌نیایی یه نیشان داین که تێیدا ده‌ژی که هه‌رچه‌ند له رابردوودا روویدا به‌ڵام له گه‌ڵیا ماوه‌ته‌وه و ( ئێستایی بووه) بۆتە دنیای ژیان و بیر و بیرکردنه‌وه‌ی.
ستانزا‌ی دووه‌م
له ستانزا‌ی دووه‌مدا: شاعیر حاڵه‌تی ته‌نیایی و بێهیوایی و بێکه‌سیی و سه‌رسامی خۆی له لایه‌نێکی تایبه‌تیدا کۆده‌کاته‌وه ئه‌ویش لایه‌نی بێکەسیی و بێ پەنایی و نەبوونی دۆست و یاریدەدەرە لە چۆلی ژیاندا. وێنه‌ی ( چۆلی سه‌رسامی) که دوا دوو وشه‌ی ستانزا‌ی یه‌که‌مه به‌رده‌بازی گوازتنه‌وه‌یه‌کی له‌بار بۆ ئه‌م وه‌سفه پێشکه‌ش ده‌کات.
(8) له ته‌نیایی شه‌وی ژینا، ئه‌نێم هه‌نگاوی کوێرانه!
(9) نییه ده‌ستێ ده‌رم بێنێ، له‌ناو ئه‌م گۆڕه وێرانه
(10) نییه جوانێ سه‌ری كاسم، بنێمه سه‌ر دڵی نه‌رمی
(11) که هیلاکیی له‌شم ده‌رکا خه‌وی سه‌رباوه‌شی گه‌رمی
(12) ئه‌گێرم چاوی بێ تینم به تاریکیی شه‌وا سه‌رسام
(13) نییه پرشنگی دوو چاوێ، که رووناکیی بکا رێگام.
(14) به غه‌یری باڵی غه‌مناکی
شه‌وی پڕ ترس و سامناکی
نییه یه‌ك تۆز ە رووناکی.
وه‌ك سه‌رنج ده‌ده‌ن چه‌قی نێو باسی (تیمی theme) ئه‌و به‌شه: نەبوونەكانن. شیعری رۆمانسی گەڕانێكی ئەبەدییە بەدوای ئەو شتانە دا كە عەوداڵیانیانین و نایانگەینێ، ئەو سێبەرانەی بە دوایان دەكەوین و لە پێشمانەوە رادەكەن. ئەو حەزو پێویستییە رۆحی و دەروونییانەی مرۆڤ كە تەنێ وەك خۆزگەی بە دینەهاتوو دەمێننەوە. بۆیە رووداوەكان زیاتر لە ناوەوە دا روو دەدەن یان ناوەوەیی كراون.
دیسانه‌وه ئه‌م (بیری نه‌بووانه) به شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو له رێگای ریزکردنی هاوتایی ریزمانیی و عاتیفی وێنه‌ی پێچه‌وانه‌وه‌وە ده‌ربردراوه. وێنه‌ی هیوای ده‌روون و ناکامیی و ناله‌باری ده‌ره‌وه، ناکۆکی نێوان خۆزگه و سته‌م، هیلاکیی و ئارام، ته‌نیایی و ژووان.
(شه‌وی ته‌نیایی) ستانزا‌ی یه‌که‌م (دێڕی 3) ئێستا فراوانتر و چرتر بووه هه‌موو ژیانی گرتۆته‌وه، وێنه‌که بۆته ”تە‌نیایی شه‌وی ژین”. دیاره مرۆڤ ناتوانی له هه‌وڵدان و هه‌نگاونان بکه‌وێ به‌ڵام له‌م تاریکایی و چۆلی سه‌رسامییه‌دا هه‌نگاوه‌کان ( کوێرانه‌ن) ، هه‌نگاوێکن به‌ر پێ نابینن، جێپێی هه‌نگاوه‌کانی داهاتوو ئاشکرانین. له‌به‌ر ئه‌وه جیهان لای شاعیر وه‌ك گۆرێكی لێ دێ كە تەنانەت گۆڕەكەش بێكەس و فرامۆشكراوو وێرانەیە. بیره‌کانی کوێریی و سه‌رسامیی و تاریکیی ژیانداگر و وێرانیی، هه‌مووی رووخانی ناوه‌وه و وێرانیی ده‌روونیی شاعیر نیشان ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌کی گرنگی شیعری رۆمانسی خولیاییه، که ده‌ره‌وه ده‌بێته وێنه‌ی ناوه‌وه یان ده‌ره‌وه و ناوه‌وه به شێوه‌یه‌کی هاوتا و هاوکار حاڵه‌تی سایکۆلۆجی تاکه‌که‌س ده‌نوێنن.
وێنه‌کان له‌سه‌ر بەرامبەركردنی بووە سەختەكان و نه‌بووە خۆزگەییەکان هه‌ڵچنراون.
گۆڕی وێران: ده‌ستی فریاگوزار
سه‌ری کاس: دڵێکی نه‌رم
هیلاکی له‌ش: خه‌وی سه‌رباوه‌ش
تاریکی شه‌و، چاوی بێ تین: پرشنگی رووناكکه‌ره‌وی دووچاو.
دیسانه‌وه ئه‌وه‌ی سه‌رنج راده‌کێشێ هاوتایی ده‌ربڕینه‌کانه هه‌روه‌ك هه‌ردوو بیره پێچه‌وانه‌که هاوتایی یه‌ك تراژیدیای مانا و هه‌ست بن. دیسانەوە دەبێ هەوڵبدەی هەموو هەستەكانت بەكاربێنی تا بتوانی بەراستی لەگەل شیعرەكەدا، لە ناو ئەزموونەكەی شاعیردا بژی. پێویستە وێنەكە بە چاوی ناوەوە ببینی. ئێستا تۆ هیلاك، بێ هیوا، لە تاریكستانێكی بێ ئاماندا، بە ناو گۆڕستانێكی وێراندا، هەنگاوی بێ مەبەست و كوێرانە دەنێی، چەند خۆش دەبێ لەم كاتەدا، لە نەكاودا پرشنگی دوو چاوێك، بەرامبەرت بێن؟
دەی خەون ببینە. دەتوانی تەنانەت خەون بە دڵی نەرم و باوەشی گەرمی ژنێكەوە ببینی. ئەمە وێنەكەیە، بەڵام وێنەی بە خۆزگە نەخشاوە، ئەو خۆزگانەی كە تۆ دەزانی، نەبوون، نین و نابن! تەنیا بەوە دەتوانی ئەزموونەكەی شاعیر دروست بكەیتەوە، كە هەستی بینینت بە تیژی بخەیتە كار. بەڵام هەر وەك ستانزا‌ی یەكەم، بنكاری شیعرەكە لە سەر هاوتاییەكی هەستی وێنەیی و مۆسیقیی نموونەیی هەڵچنراوە. و‌اتە دەبێ گوێشت، تەنانەت، گوێی دڵت، بخەیتە كار، بۆ ئەوەی تاڤگەی هەڵڕژانی هەستە ماتە هاروژاوەكان ببیسی. و‌اتە: شیعرەكە بە تێكهڵكێشییەكی نموونەیی رێزمانی رستەیی و رێزمانی بیریی (وێنەیی) و رێزمانی هەستی سۆزبەندیی (عاتیفی) مۆسیقیی دەربڕدراوە. مۆسیقای ناوەوەیە، بەكارهێنانی كێشی 8×8 ، دەنگزا، رایمی ناوەكیی، كە رۆحی هۆنراوەكە، هەستەكە، دەنوێنێ. بە تایبەتی دەنگی /ئا/ و /یێ/. سەرنجی كاریگەریی دەنگیی و دەروونیی بزوێنی / یێ/ لە (9) و (10) بدەن. [ گەر ئەمانە هەموو دەستنیشان بكەم باسەكە زۆر درێغ دەبێتەوە. تكایە لە نموونەی شیكراوەی ستانزا‌ی یەكەمەوە، هەوڵ بدەن هەمان تەكنیكە دەنگییەكان بدۆزنەوە. خوێندنەوەی بە دەنگ یارمەتی ئەمە دەدا].
دیسانه‌وه دوای ئه‌و شه‌ش دێڕە، سێ به‌یته، که قورسایی نه‌بووه‌کان و پەرێشانیی هەبووەكان ده‌خاته سه‌ریه‌ك، له‌پرێکا دێری حه‌وته‌م به‌سه‌ر سێ که‌رتی 8×8 قافیه‌داردا دابه‌شکراوه: ئه‌و سێ کورته که‌رتانه مانا و قورسایی سه‌ختی نه‌بووه‌کان به سه‌لماندنه‌وه‌ی هه‌بوون و ئاماده‌بوونی (دژه هەبووە) سه‌ره‌کییه‌که‌یان: ( شه‌وی پر ترس و سامناکی) زه‌قتر و کاریگه‌ر تر دێننه به‌رچاو.
شاعیر بۆ وێنه‌ی شه‌و ( باڵی غه‌مناکی) به‌کاردێنێ. باڵه‌که باڵی غه‌مناکییه، باڵێکه له هێز و وزه که‌وتووه و په‌کی که‌وتووه و توانستی فڕینی نییه. یان گەر بشفڕێ ئەوا هەر لەتاریكییدا دەمێنێتەوە، (مادام باڵی شەوە) و سام و ترس زیاتر دەكات.
باڵی غه‌مناکی مانای ئه‌وه‌یه که شه‌وو تاریکیی و سامناکیی شه‌و زیاتر چۆکیان له‌سه‌ر رۆحی شاعیر دا داوه. دێری سێیه‌م : نییه یه‌ك تۆزه رووناکی دووباره‌کردنه‌وه‌ی شەوی ژینە به مه‌به‌ستی زیاتر سه‌لماندنه‌وه‌ی نه‌بوونی رووناکی هیوا و ئاواته‌کان و هه‌بوونی تاریکستانی خه‌م و ترس و سامناکییه‌کانە.
ستانزا‌ی سێیەم
ئاخاوتنڕێژی “نییە” واته بیرۆکه‌ی نه‌بووه‌کان له کۆپله‌ی سێیه‌مدا به‌رده‌وامه به‌ڵام ئه‌مجار نه‌بووه‌کان له خۆزگه‌ی بوونی، یان شێوه‌نگێران بۆ نه‌بوونی تەنیا (یه‌ك) خۆزگە یان خواسترا و که‌مبۆته‌وه: نییە ته‌نیا په‌یزادێ. بەمە ئەم ستانزایە خۆی لەگەڵ تیمی ستانزا‌ی یەكەم: شكستی دڵداری لێك دەداتەوە. راستی ئەوەیە ئەو هەموو دیاردانە: چۆلی سەرسامیی، گۆڕی وێران، تە‌نیایی شەوی ژین، هەنگاوی كوێرانە، هیلاكیی، خۆزگەو هاوار بۆ پڕشنگی رووناكی و شنەی با و شەقەی باڵ، هەمووی رەنگدانەوەو مەودای دەروونیی نەبوون و خۆزگەی بوونی تەنیا یەك پێویستین: ئەویش بوونی تەنیا ژنێكە كە خۆشی بوێ و بەمە هیواو زیندوویی و بەهرەی شیعریی بۆ ژیانی بگێڕێتەوە. بە واتایەی دی هەموویان داڕشتەیەكی دەروونین و زادەی ئەزموونی تە‌نیایی و شكستی دلدارین و لە ئاستی چاوی ناوەوەدا روو دەدەن:
(15) نییه ته‌نیا په‌ریزادێ که پاڵم پێوه‌نێ نازیی
(16) که به‌هره‌ی سیس و ژاکاوم ببوژێنێته‌وه، رازیی
(17) تریفه‌ی ئه‌و ته‌می ئەم یەئسە راماڵێ له‌سه‌ر چاوم
(18) وه‌کو لایلایه ژیری كا دڵی منداڵی گریاوم
(19) به‌ڵێ گوێ هه‌ڵئه‌خه‌م بێجگه له خورپه‌ی سست و لێدانی
(20) دڵی په‌ستم که نووزه‌ی دێ به عاسته‌م رازی په‌نهانی
(21) نییه هه‌ر ده‌نگێ هیچ نایێ
له هیچ شوێنێ له هیچ لایێ
شه‌قه‌ی باڵی شنه‌ی بایێ!
دیسانه‌وه داڕشتنی شیعره‌که له سه‌ر هه‌مان میکانیزم وه‌ستاوه: شەش دێڕی 16 پەنجەیی ((8×8 . هەروا وێنەكان لە سەر هاوتایی دژەكان: بووە نەخوازراوەكان و نەبووە خۆزگەكان/خواستراوەكان دامەزراون:
ماتی و تە‌نیایی: پاڵپێوەنانی نازی پەریزاد
بەهرەی سیس و ژاكاو: بووژانەوە
تەمی یەئس: تریفەی راماڵكەر
منداڵی گریاو: لایلایەی ژیركەرەوە
خورپەی سست، نووزەی بە عاستەم: دەنگ، شنەی با، شەقەی باڵ
ئێستا له‌م کۆیله‌دا شاعیر خۆزگه‌ی بۆ هه‌بوونی، دڵدارێ، باوه‌شێ، ڕانێکی نه‌رم، ڕووناکی نیگایه‌ك تا که‌لینیکی هیوا بخاته دنیا ته‌نیا و تاریکستانه‌که‌ی، لە خەونی ژووانی یەک دلداردا دەنوێنێ. ئێستا ئه‌و خۆزگەیە زیاتر هه‌ڵی ده‌گرێ، ته‌مای ڕۆحی پڕ ده‌کا: ئه‌و په‌ریزادێکی ده‌وێ که هاوڕازی بێ، به ڕاز و نیازی دڵی به‌هره‌ی سیس و ژاکاوی شاعیر ببوژینێته‌وه، به پێکه‌ینه‌که‌ی ته‌می بێ هومێدی بڕه‌وێنێته‌وه، بە لایلایه‌ی دڵی منداڵی گریاوی ژیر کاته‌وه. سەرنجی ناسكی و قووڵیی رۆمانسیی خۆیی ئەو دەربڕینانە بدەن.
واته ئه‌و هاوسه‌ر و هاوده‌م و و هاوه‌ڵ و هاوده‌ردێکی ده‌وێ: کچێ، په‌رییه‌ك، مانا و مه‌به‌ست بۆ ژیانی و هاوتایی و هاوسازیی بۆ ده‌روونی بگرێته‌وه. له‌م کۆپله‌یه‌دا که شاعیر ئه‌و هێمایەمان ده‌داتێ که ئه‌و شاعیره و وه‌ك شاعیر ده‌دوێ: کاتێ (باسی به‌هره‌ی سیس و ژاکاوی) ده‌کا، له کاتێکدا ئه‌و خۆزگانه له دڵیا په‌نگ ده‌خۆنه‌وه، شاعیر گوێ بۆ دڵی هه‌ڵده‌خا تا بزانێ خه‌به‌ر چیه؟ ئایا نوزه و نەوای هیوایه‌ك هه‌یه؟ ئایا خورپه‌ی خۆشییه‌ك سه‌ری هه‌ڵداوه نا، نا- هۆنراوه‌که به‌بێ هومێدی و ته‌نیایی و بێکه‌سی ده‌ست پێده‌کا و هه‌رواش کۆتایی دێ.
به‌ڵی گوێ هه‌ڵده‌خه‌م بێجگه له خورپه‌ی سست و لێدانی
دڵی په‌ستم، که نووزه‌ی دێ به عاسته‌م ڕازی په‌نهانی
نییه هه‌ر ده‌نگێ هیچ ناێی
له هیچ شوێنێ له هیچ لاێی
شه‌قه‌ی باڵێ، شنه‌ی باێی!
ئه‌وه‌ی سه‌رنج ڕاده‌کێشێ له‌م ستانزا‌یه‌دا ئه‌وه‌یه که چوار دێڕی یه‌که‌م 15- 18، یه‌ك ڕسته پێك دێنن. ئه‌وسا سێ دێڕه‌که‌ی دوای 19- 21 هه‌موو یه‌ك ڕسته‌ی تر پێك دێنن. له‌م ڕسته دواییه‌دا له‌م سێ دێڕه‌دا، هه‌موو ئه‌نجامی شیعره‌که خراوه‌ته ڕوو که وه‌ك وتمان سه‌لماندنه‌وه و ساغکردنه‌وه‌ی ڕه‌هایی و بنبه‌ستی حاڵه‌تی بێ ته‌نیایی و بێ هومێدیی و بێ هاودڵی شاعیره. وه‌ك ستانزا‌کانی پێشوو، دوا دێڕ، به‌سه‌ر سێ که‌رتی هەشت بڕگەیی دا بەشكراوە و شەش جار دەنگی / ێ – یێ/ ی تێدا دووبارە كراوەتەوە، ئەم دەنگە ئه‌و ئاوازه غەمگینە بێ بن و، دەنگدانەوە بەتاڵە بێ كۆتاییە بە گوێمان دا دەدا که ڕه‌هایی حاڵه‌تی کپی و بێده‌نگی (نه‌بوونه‌کان) ، نه‌بوونی هیچ هه‌ست و خورپه‌یه‌کی خواست و هیوا لە ناوەوەو دەرەوەدا، ده‌گەێنێ.
ئەنجام
رازی تە‌نیایی هۆنراوەیەكی رۆمانسیی خودیارییە. باسی ئەزموونی شکستی دڵداریی لاوێكی شاعیر و ئەو تاریكی و تە‌نیایی و وێرانییە دەروونییە دەكا كە ئەم شكستییە لە ژیانی ئەودا دروستی کردووە. ئەم هۆنراوەیە ئەزموونەكە خۆی وەک راستییەكی رۆحی دابراو لە هۆو هەلومەرجی دەرەوەیی و ماددیی و لێكدانەوەی ئایدیۆلۆجی دەنوێنێ و بەمە دەیکا بە ئەزموونێكی ئیستاتیكیی سایكۆلۆجی پەتیی كۆبوویی، ئەزموونی هەر گەنجێكی دلشكاوو رۆح پڕتاسەی دڵداریی ئەم جیهانە. دیارە تایبەتمەندیی كوردیی و كوردانە لە هۆنراوەكەدا هەیە: ئەمەش لە فۆرمی هۆنراوەكەدا، و‌اتە وشەی كوردیی پەتیی و رێزمان و داڕشتەو دەربڕینی كوردانە و وێنەی شیعری و كێشیی شازدە پەنجەیی و مۆسیقا‌و ریتمی ناوەوەو قافیە و قافیەی ناوەوە، بەرجەستە كراوە. هەر ئەم زمان و تەكنیكەشە كە یەكێتییەكی نموونەیی فۆرم و ناوەرۆكی بە هۆنراوەكە بەخشیوەو بۆ مرۆڤی كورد كردویەتیە هۆنراوەیەكی رۆمانسیی لیریكیی و ئیستاتیكی و عاتیفی نەمر.
كەمال میراودەلی
لەندەن – 11/ 2006