نیگه‌رانی له خه‌سڵه‌تی بوونی ره‌سه‌نه‌وه بۆ دنیای بێهووده‌یی
قه‌سیده‌ی (ساڵێک له نیگه‌رانی)ی (به‌رزان هه‌ستیار) وه‌ک نموونه.
1. رۆژێک خوای نیگه‌رانی تۆپه‌ڵێک قوڕ ده‌دۆزێته‌وه و په‌یکه‌رێکی لێ دروست ده‌کات، له‌و کاته‌دا خوا (جۆپیته‌ر) دێت و به خوای نیگه‌رانی ده‌ڵێت، که ده‌توانێت گیانی به به‌ردا بکات و ژیانی پێ ببه‌خشێت. به‌ڵام کاتێ (نیگه‌رانی) ویستی ناوی خۆیی لێ بنێت، (جوپیته‌ر) ڕازی نه‌بوو. داوای کرد ناوی (جوپیته‌ر) بێت، کاتێک ئه‌م دوو خوایه سەرقاڵی مشت‌ومڕ بوون، (تیلیۆس)ی خوای زه‌وی په‌یدا بوو. داوای کرد په‌یکه‌ره‌که ناوی زه‌وی بێت، چونکه له قوڕ دروست کراوه و قوڕیش به‌شێکه له زه‌وی. ئه‌م خوایانه په‌نایان بۆ (زوحه‌ل) برد، تاکو بڕیاریان بۆ بدات. ئه‌م خوایهیش به‌م جۆره چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی کرد: (ئه‌ی جۆپیته‌ر مادامه‌کی تۆ گیانت پێ به‌خشیوه، ئه‌وا له کاتی مردن‌دا گیانی بۆ تۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه. زه‌وی له‌شی داوه‌تێ و ئەو لهشە بۆ ئەو ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام خوای نیگه‌رانی ئه‌م په‌یکه‌ره‌ی داتاشیوه، له‌به‌ر ئه‌مه تاکو ئه‌و رۆژه‌ی ده‌مرێت، ئه‌م په‌یکه‌ره بۆ نیگه‌رانییه. مادام که‌ستان له‌سه‌ر ناوه‌که‌ی ڕێک ناکه‌ون و ئه‌میش له قوڕ دروست کراوه، ئەوا ناوی ده‌نێم homo مرۆڤ، چونکه humus قوڕه) humus له زمانی ئینگلیزی بووه Human مرۆڤ و ناوەکەی له‌م ئهفسانەیەوه هاتووه). (1)
ئه‌و ئه‌فسانه یۆنانییه، باس له دروستبوونی یه‌که‌مین مرۆڤ ده‌کات، که له په‌یکه‌رێکی قوڕ به ده‌ستی خوای (نیگه‌رانی). (مارتین هایدیگه‌ر) بۆ شیکردنه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی نیگه‌رانیی لای بوونی ڕه‌سه‌ن، له کتێبی (بوون و کات)دا به کاری هێناوه. بوونی ڕه‌سه‌ن لای (هایدیگه‌ر) پێچه‌وانه‌ی بوونی رۆژانه‌یی، هه‌میشه نیگه‌رانه و له ئاست داهاتوودا دوودڵه، به‌و مانایه‌ی مرۆڤی ڕه‌سه‌ن پێچه‌وانی بوونی رۆژانه‌یی دڵهڕاوکێیهتی له ئاست ئاینده‌دا، چونکه ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا ده‌ژیێت و خه‌مخۆری ده‌ووروبه‌ر و نیشتیمانه‌که‌یه‌تی، جیهان وه‌ک پێشمه‌رجێکی ئۆنتۆلۆجی تاقه نیشتیمانی بوونی ڕه‌سه‌نه. نیشتیمان یان ئه‌و ژینگه‌یه له‌ژێر کۆمه‌ڵێک هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کیدایه، ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی، که بوونی ڕه‌سه‌ن لێیان ده‌ترسێت، ئه‌وانی دیکه ده‌ستیان له پهیدابوونییدا هه‌یه. بوونی ڕه‌سه‌ن هه‌ست به بوونی خۆی ده‌کات، بۆیه جیاوازه و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و جیاوازییه‌ش بۆچوونی ئه‌وانی دیکه وه‌رده‌گرێت، هه‌ر ئه‌و جیاوازییه‌یه، که ده‌بێته ناسنامه (Identity) بۆی. هه‌ر ئه‌مه‌شه وای کردووه خه‌می جیهان و ئه‌وانی دیکه (Others) ی هه‌بێت، چونکه ئه‌وانی دیکه پێشمه‌رجی ئۆنتۆلۆجین بۆ بوون، بۆیه کاتێک ئه‌وانی دیکه ناڕه‌سه‌نن و خاوه‌ن بوونی خۆیان نین، ئه‌وا ئه‌م کێشه‌یه ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانی لای بوونی ڕه‌سه‌ن.
2. (نیتشه) له (وه‌ها دوا زه‌راده‌شت)دا ئه‌و نیگه‌رانییه ده‌کاته پڕۆژه‌یه‌کی ئۆنتۆلۆجیانه له ئاست کۆتوبه‌ند و ئازادنه‌بوونی مێتافیزیکیی ئه‌وانی دیکه‌دا. (زه‌راده‌شت) هه‌واڵی مردنی خوا ده‌دات و بانگه‌شه‌ی به‌رزه‌مرۆڤ (Superman) ده‌کات، به‌رزه‌مرۆڤ خاوه‌نی بوونی خۆیه‌تی و سه‌ربه‌ستانه ده‌توانێت بژیێت، به‌ڵام خه‌ڵک لێی تێناگه‌ن. (زه‌راده‌شت) له‌وه نیگه‌ران ده‌بێت، که خه‌ڵک لێی تێناگه‌ن و ئه‌و زارێکی نییه بۆ گوێیه‌کانیان(2). سوپه‌رمان وێنه‌ی ئه‌و بوونه ڕه‌سه‌نه‌یه، که (هایدیگه‌ر) ئاماژه‌ی پێ داوه. به‌رزه‌مرۆڤ په‌یامێکی سه‌رتاپاگیری مرۆڤانه‌ی پێیه و ده‌یه‌وێت ئه‌وانی دیکه بوونیان داگیر نه‌کرێت، به‌ڵام ئه‌وان خۆیان داوه‌ته ده‌ست چاره‌نووسی کۆمه‌ڵ و قاقا به سه‌ربه‌ستیی خۆیان پێده‌که‌نن. له‌ژێر ئه‌م رۆشناییه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت نیگه‌رانی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و خه‌مخۆرییه‌ی بوونی ڕه‌سه‌نه، که به‌رانبه‌ر نیشتیمانی خۆی (جیهان) و ئه‌وانی دیکه‌دا هه‌یه، چونکه ئه‌و نیشتیمانه له‌ژێر مه‌ترسیی هه‌ره گه‌وره‌دایه، ئه‌و مه‌ترسیانه‌یش له ئه‌نجامی بایه‌خدانه به شته‌کان، ئه‌و شتانه‌ی له لای مرۆڤی ناڕه‌سه‌ن له بوون بایهخدارترن. له ئێستای جیهاندا بوونی چه‌کی ئۆتۆمی و توانای له‌ناوبردنی جیهان له چه‌ند چرکه‌یه‌کی که‌مدا، ئه‌و مه‌ترسییه‌یه، که بوونی ڕه‌سه‌ن له به‌رانبه‌ریدا تووشی نیگه‌رانی بووه. ونبوون له‌نێو بازاڕ و مێگه‌لدا، شێوه ژیانێکی نمایشییە، که مرۆڤ له خۆی دوور ده‌خاته‌وه و واده‌کات بایه‌خ به‌و شته نمایشیانه بدات، که له‌نێو مێگه‌لدا خه‌ڵکدا هاتوهاواریان بۆ ده‌کات.
3. (ساڵێک له نیگه‌رانی)، که قه‌سیده‌یه‌کی درێژه، ئه‌زموونی نیگه‌رانییه‌کی بێهووده و پووچگهرایانهمان نیشان ده‌دات، نیگه‌رانی له به‌رانبه‌ر هه‌موو شێوه فۆرم و نمایشێکدا، شێوه ژیانێکی نامۆ، که مرۆڤ ناڕه‌سه‌ن ده‌کات، ئه‌و شتانه‌ی وا ده‌که‌ن که‌مترین کات مرۆڤ گوێ بۆ ئاوازی ناوه‌وه‌ی خۆی بگرێت. له‌م قه‌سیده‌یه‌دا هێنده‌ی هه‌ست به دنیابینییه‌کی پووچگه‌رایی ده‌کرێت، هێنده هه‌وڵ نه‌دراوه درزێک بمێنێته‌وه بۆ هه‌ڵکێشانی هه‌ناسه‌یه‌کی ئاسووده‌یی. وێنه له‌دوای وێنه هه‌ست به ماندووبوونێکی بێ‌وچان ده‌کرێت، به‌رانبه‌ر به ژیان و بوون. بکه‌ری ئه‌م قه‌سیده‌یه، ئه‌و خوده‌یه، که له هه‌موو شته‌کان بێزاره، هیچ شتێک کاری تێناکات، چونکه نیگه‌رانیی ئه‌و خوده له ئاست شته‌کاندا گه‌یشتۆته ترۆپکی بێهووده‌یی. ئه‌م قه‌سیده‌یه له گه‌شتێکی دوور ده‌چێت، که خود به هۆی ئه‌زموونی ژیانکردنه‌وه پێێ گه‌یشتووه. لەگەڵ ئەوەدا مەودای تێڕامان لەو قەسیدەیەدا سنووردارە، بەڵام پێویسته بڵێم ئه‌زموون وه‌ک ره‌هه‌ندێک له (چه‌شتن) کاری پێ کراوه، واته بکه‌ری ئه‌م قه‌سیده‌یه، خودێکه ئه‌و بێهووده‌ییه‌ی چه‌شتووه و ئه‌زموونی کردووه. (ئیمانوێڵ کانت) ده‌ڵێت: ناتواندرێت گومان له‌وه بکرێت هه‌موو زانینێکمان له ئه‌زموونه‌کانمانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه (3). له‌ژێڕ رۆشناییی ئه‌م بۆچوونه‌دا ده‌توانین بڵێین بێهووده‌یی و نیگه‌رانییش له ئه‌زموونه‌کانمانه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه. به‌ڵام ئایا چۆن ده‌توانین ئه‌و ئه‌زموونه بکرێته پرۆژه‌ی داهێنان؟ له کاتێکدا به‌شی هه‌ره زۆرمان ئه‌و شێوه ژیانه‌مان ئه‌زموون کردبێت؟ هه‌ر به بڕوای (ئیمانوێڵ کانت) بۆ هه‌ستیاربوون له ئاست بووندا، پێویستیمان به توانای ئه‌زموونکردن هه‌یه. ئه‌زموون به بێ تێگه‌یشتن مانایه‌ک نادات به ده‌سته‌وه(4). (کانت) پێی وایه گرنگیی زانین ئه‌وه‌یه، که توانای ئاگاییمان به‌رفراوان ده‌کات، له ئاست شته‌کاندا. به بڕاوای (ترانسیدێنتالیزیمهکان- Transcendentalisms) زانین بۆ ئه‌زموون سنووردار نییه، به‌ڵکو له ئه‌زموونه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. (5)
که‌واته تێگه‌یشتن له ئه‌زموونی ژیان، سه‌رچاوه‌ی داهێنانه له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر فه‌لسه‌فه‌دا. (به‌رزان هه‌ستیار) له‌م قه‌سیده‌یه‌دا به‌و شێوه تێگه‌یشتنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌مان ده‌ناسێنێت له ئاست ئه‌زموونی خود له به‌رانبه‌ر شته‌کاندا.
ده‌سپێكی قه‌سیده‌که به‌م شێوه‌یه:
(نیگه‌رانترین پیاوی ئه‌م که‌ونه منم،
بۆیه ئه‌گه‌ر چاوێکم جورئه‌تی کرد….. .
بۆ که‌روێشکه خه‌وێک لابداته قه‌راغ رێ
چاوه‌که‌ی ترمی لێ ڕائه‌سپێرم…..
که به یه‌که‌وه دانیشتن ڕووی پێڵاوهکی تێ بکات
بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ چه‌ند خائین و شه‌رمه‌زاره!!!!)…
ئه‌زموونکردنی ئه‌و نیگه‌رانییه، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و گه‌شته ئهندێشهیهیه، که شاعیر دێر له دوای دێره‌وه وێنای ده‌کات. (نیگه‌رانترین پیاو) ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه، که ئێمه له رێگه‌یه‌وه هه‌ست به خودێکی خاوه‌ن ژینهئهزموون ده‌که‌ین، له به‌رانبه‌ر هه‌ستێکی ڕهسهنیانهی مرۆڤ، که نیگه‌رانییه. پێم وایه ئه‌م ده‌سپێکه هونه‌ریانه داڕێژراوه و ده‌روازه‌یه‌کی گرنگه و له رێگه‌یه‌وه ده‌رگا نهێنییه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و تێکستهمان بۆ ده‌کرێته‌وه.
ده‌سپێک له شیعردا ده‌توانێت ئاڕاسته‌ی روانینی بکه‌ری خاوه‌نئه‌زموون دیاری بکات و به‌شێک له خه‌سڵه‌تی هونه‌ریانه‌ی شیعر له خۆی بگرێت. له هه‌ر دهسپێکێکدا ئاستی زمانی گوزارشت، ئاڕاسته‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت و وێنای جیهانه فه‌نتازیاکه‌ی ناخی شاعیر ده‌کات. وێنه‌ی شیعری (Poetry image) سه‌رچاوه‌ی زمانی مێتافۆره له ئاست شته‌کانی ده‌وروبه‌ردا. کاتێ (مه‌حوی) ده‌ڵێت:
“دڵم ده‌رهات و تۆ هه‌ر ده‌ر نه‌هاتی!
/ نه‌هاتی، هه‌ر نه‌هاتی، هه‌ر نه‌هاتی
/ که ئه‌م خه‌نده و قسه و لێوه‌ت هه‌یه تۆ/
له‌باتی شه‌ککه‌ر و نوقڵ و نه‌باتی”
ئه‌وا مانای ئه‌وه نییه، که دڵ له جه‌سته ده‌رهاتووه، به‌ڵکو گوزارشتکردنه له وابه‌سته‌بوونی خود به ئه‌وی دیکه‌وه، واته ده‌رهاتنی دڵ، مێتافۆره بۆ ئه‌و وابه‌سته‌بوونه سه‌خته‌ی خود به ئه‌وی دیکه، دڵ ده‌ردێت و ئه‌و ده‌رنایه‌ت گوزارشته بۆ ل بیرکردنی خۆ له‌پێناو ئه‌وی دیکه‌دا، تا ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌وی دیکه له خۆ گرنگتره.
له فه‌لسه‌فه‌دا ره‌نگه (نیتشه) گرنگترین نموونه بێت، که له رێگه‌ی زمانی مێتافۆره‌وه گوزارشتی له بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆی کردبێت. کاتێ (نیتشه) زمان به زیندانی ماناکان ده‌شوبهێنێت، ئه‌وا له رێگه‌ی زمانی مێتافۆره‌وه خۆی له کۆتوبه‌ندی زمان رزگار ده‌کات. ئه‌مه خاڵێکی گرنگه بۆ تێگه‌یشتنی لایه‌نێکی هه‌ره گرنگی زمانی مێتافۆر، که ئه‌گه‌ر ئێمه له ئاست بوونی خۆماندا خاوه‌نی زمانی مێتافۆر نه‌بین، ئه‌وا ناتوانین دەرک به مانای بوونمان بکه‌ین و له کۆتوبه‌ندی زمان رزگار ببین. رزگاربوون له کۆتوبه‌ندی زمان، سه‌ربه‌ستبوونی بێسنووری خوده، له ئاست ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی ئه‌وانی دیکه دروستیان کردووه. پارادۆکس ئه‌وه‌یه هۆنه‌ران، هونه‌رمه‌ندان توانای به‌رجه‌سته‌کردنی بهرزهروانینهکانی خۆیان له ئاست زماندا هه‌یه، ئه‌ویش له رێگه‌ی زمانی مێتافۆره‌وه. (نیتشه) و (هایدیگه‌ر) بیرکردنه‌وه‌ی هونه‌ریانه و شاعیرانه له ئاست بیرکرده‌نه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه ده‌بینن، به تایبه‌ت (هایدیگه‌ر)، که پێی وایه هونه‌ر و ئه‌ده‌ب ده‌توانن وه‌ک خوایه‌ک ئێمه له مێتافیزیکای ته‌کنه‌لۆجیا رزگار بکه‌ن (5).
نیگه‌رانیی خودی بکه‌ر (Self – Subjective) ئاڕاسته‌ی خۆی به‌رانبه‌ر ئه‌وانی دیکه وه‌رده‌گرێت. وه‌ک له وێنه‌یه‌کدا هاتووه:
( له ده‌رگا مه‌ده، ناڕه‌سه‌ن
ئه‌و گهمهیهت زۆر ناشیرینه
لێشت نه‌که‌مه‌وه
تۆ کلیلی هه‌موو ده‌رگاکانت…..
له به‌شه‌ر دزیوه)….
(ناڕه‌سه‌ن) ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و خوده‌ی، که خاوه‌ن خۆی نییه و بوونی رۆژانه‌یی داگیری کردووه. گه‌مه‌ی ئه‌و بوونه رۆژانه‌ییه زۆر ناشیرینه، ئه‌مه ئاماژه‌یه‌که بۆ ئه‌و کرداره نه‌رێیانه‌ی، که ئه‌و خوده به‌رانبه‌ر به بوونێکی ڕه‌سه‌ن و جیهان ده‌یکات. له کاتێکدا ئه‌و بوونه ناڕه‌سه‌نه، کلیلی هه‌موو ده‌رگاکانی مرۆڤی پێیه، ده‌توانین بڵێین مرۆڤایه‌تی له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و بوونه ناڕهسهنانهدایه، ئه‌مه‌ش لای (هایدیگه‌ر) (تاریکبوونی جیهان) ده‌هێنێته ئاراوه، به‌وه‌ی بوونی رۆژانه‌یی هه‌میشه جیهان به‌ره‌و خراپتر ده‌بات و کرداره‌کانی هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر بوون.
یه‌کێک له خاسڵه‌ته‌کانی خودی بکه‌ر پهرشوبڵاوبوونهوهیه، وه‌کو له وێنه‌یه‌کدا هاتووه:
(دنیا سه‌ره‌و ژوور ئه‌که‌م،
باڵه‌خانه‌ی وه‌رزه‌کان دێنمه خوارێ،
ژووره بچکۆله‌کانی هه‌فته تێک‌وپێک ئه‌ده‌م،
بۆ شتێک ئه‌گه‌ڕێم،
له دووی ساتێک ئه‌خولێمه‌وه؛
ببوورن،….. فه‌رامۆشی که‌ن،
خۆشم له‌بیرم چوه‌وه ….. .
بۆ ئه‌م ئاشووبهگهورهیه ئه‌نێمه‌وه) …
ئاڵۆزیی خود به‌رانبه‌ر به شته‌کان پانتاییه‌کی به‌رفراوانی له‌م قه‌سیده‌یه‌دا هه‌یه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و په‌رشوبڵاوییه‌ی خود له به‌رانبه‌ر خۆی و ئه‌وانی دیکه‌دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه. (هه‌ستیار) زۆربه‌ی ئه‌و که‌ره‌سته ئیکزۆتیکانه به کار ده‌هێنێت بۆ گوزارشت کردن له‌و خوده په‌رشوبڵاوه. ئه‌مه‌ش دۆزینه‌وه‌ی چه‌ندین گریمانه‌ی جیاوازه، که خود به‌رانبه‌ر ئه‌وانی دیکه‌ی هه‌یه و کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ش له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی خود ده‌رده‌خات، تا ئه‌و ئاسته‌ی هۆنه‌ر تا قووڵایی هه‌سته سایکۆلۆجییه‌کانی خود روو ده‌چێت.
خودی بکه‌ر ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی بۆ بێهووده‌یی ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌ش پێوه‌ندیی به‌و ره‌شبینییه‌وه هه‌یه، که له ئه‌نجامی نیگه‌رانییه‌وه خود پێی گه‌یشتووه. وه‌کو له وێنه‌یه‌کدا هاتووه:
(نه‌فره‌ت… نه‌فره‌ت له ته‌وقی سه‌رم
که ناتوانم ئه‌مشه‌و ببم به سه‌گێک و
هه‌موو دنیا به وه‌ڕین بێزار که‌م
نه‌فره‌ت له سه‌راپای ته‌مه‌نم،
که هه‌وڵم نه‌دا……
بێ ئه‌ندازه گڵاو بم، گڵاو بم… گڵاو
بۆ ئه‌وه‌ی که‌ون به‌ده‌رم که‌ن) …
نه‌فره‌تکردن له هه‌موو شتێک ترۆپکی ئه‌و بێهوودیهیه، که خود رووبه‌ڕووی بۆته‌وه. ئه‌م نه‌فره‌تکردنه بۆ ئاستێکی مێتافیزیکی هه‌ڵکشاوه و سه‌رتاپای گه‌ردوونی گرتۆته‌وه.
هۆنه‌ر بێهووده‌یی وه‌ک به‌شێک له‌و گه‌مه وجودیانه‌ی ژیان ده‌بینێت، واته له ده‌ره‌وه‌ی بێهووده‌یی ئێمه ده‌توانین گه‌شبین بین، به‌ڵام ئایا ئه‌و گه‌شبینییه خۆ-هه‌ڵخه‌ڵاتاندن نییه؟ لە وێنه‌یه‌کی دیکه‌دا هاتووه:
(خه‌ریکی چیت؟
ژنه‌که‌م وه‌های لێ پرسیم؛.
شرۆڤه‌ی بێهوده‌یی بۆ ژیان ئه‌که‌م، 5
وه‌ها وه‌ڵامم دایه‌وه) …
له‌ژێر رۆشنایی ئه‌م وێنه‌دا، ده‌توانین بڵێین هۆنه‌ر ده‌یه‌وێت بێهووده‌یی وه‌ک ره‌هه‌ندێک له مانای بوون له‌ناو ژیان ده‌ربخات و خودی ئه‌و ژیانه‌ش پێویستی به‌و ناساندنه بێهووده‌ییه هه‌یه. شرۆڤه‌کردنی بێهووده‌یی بۆ ژیان، هه‌وڵێکی دیکه‌ی خوده بۆ ئه‌وه‌ی گوزارشت له‌و هه‌سته‌ی بکات، به‌رانبه‌ر به دیارده‌کانی ژیان.
یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌م قه‌سیده‌یه و شیعره‌کانی دیکه‌ی (به‌رزان هه‌ستیار) ئه‌و یاخیبوونه سهرتاپاگیرییهیه، به‌رانبه‌ر به هه‌موو شته‌کان، واته هیچ شتێک نییه بکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی بێهوده‌یی، سه‌رچاوه‌ی بێهوودهییش له هه‌موو ئه‌و شتانەدا دروست بووه، که ئێمه له ناویاندا ده‌ژیین.
(ئه‌وی دیکه – Other) به‌شێکه له پێکهاته‌ی ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی، که لای هۆنه‌ر گوزارشتی لێ کراوه، وه‌کو له وێنه‌یه‌کدا هاتووه:
ڕقم لێته،
چونکه ناهێڵیت له‌گه‌ڵ خۆم بتکوژم،
خۆشم ناوێیت،
چونکه له‌گه‌ڵ خۆت نامکوژیت
(خۆکوشتن – suicide) له‌م وێنه‌یه‌دا وه‌ک رزگاربوون له نیگه‌رانی وێنا کراوه، به‌ڵام ئه‌و خۆکوشتنه ناته‌واوه، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ل ئه‌وی دیکه نه‌بێت، چونکه ده‌رچوونی راسته‌قینه له‌و نیگه‌رانییه لای شاعیر، ده‌رچوونی هه‌میشه‌ییه له‌گه‌ل ئه‌وی دیکه‌دا. به بێ ئه‌وی دیکه پرۆژه‌ی ده‌رچوون له ژیان و نیگه‌رانی، ناته‌واوه، چونکه ئه‌وی دیکه به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ کاری له خود کردووه. وه‌ک له وێنه‌یه‌کی دیکه‌دا هاتووه:
بیر له‌وه مه‌که‌ره‌وه جێت بێڵم
من هه‌نگاوم بیرچۆته‌وه،
زیره‌کیی تۆ له‌وه‌دا بوو……
قاچه‌کانت بڕیمه‌وه،
ئاقڵیی من له‌وه‌دا بوو
که هاتمه لات، ته‌واو..ته‌واو خۆم له بیر کرد
له‌م وێنه‌یه‌دا وابه‌سته‌بوونی خود به ئه‌وی دیکه، خۆ- له‌بیرکردنی خودی لێ که‌وتۆته‌وه. ئه‌و پرسیاره‌ی لێره‌دا دێته به‌رده‌ممان ئه‌وه‌یه، ئایا له‌بیرکردنی خود به هۆی ئه‌وی دیکه‌وه سه‌رچاوه‌ی ئه‌و نیگهرانییهیه، له کاتێکدا ئه‌و نیگه‌رانییه په‌لی هاویشتووه بۆ بێهووده‌یی؟ ئایا بێهووده‌یی ره‌هه‌ندێکه له نیگه‌رانی؟ یان ده‌رچوون و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و نیگهرانییهیه؟ ئایا ئه‌و بێهووده‌ییه چی لای خود دروست ده‌کات، یان له‌و بێهووده‌ییه‌دا خود چۆن ده‌ڕوانێته بوونی؟ یه‌کێک له وێنه‌کان، که هه‌ست ده‌که‌م وه‌ڵامی به‌شێک له‌و پرسیارانه‌مان ده‌داته‌وه، ئه‌مه‌یه:
دره‌نگ، یا، زوو،
شتێک له ژووره‌که‌مدا ئه‌قه‌ومێت،
یان پڕ ئه‌بێت له یاقووتی ” مه‌حاڵ ” ،
یان خاڵی ئه‌بێته‌وه……
له ته‌نه‌که‌ی ژه‌نگاویی “ژیان”
هه‌ستی خود به‌رانبه‌ر به ئایندهی بوونی، روودانی شتێکه، له وێنه‌ی یه‌که‌مدا روودانی ئه‌و شته پڕۆژه‌کانی بوون کۆتاییی پێ ده‌هێنێت، (مه‌حاڵ) ئاماژه‌یه بۆ وه‌ستانی پڕۆژه‌کانی بوون له‌ناو ژیاندا، به‌مه‌ش بوون ناوه‌ڕۆکی خۆی له ده‌ست ده‌دات و له جووڵه ده‌که‌وێت. یه‌کێک له ده‌سته‌واژه فه‌لسه‌فییه‌کانی (مه‌لا سه‌دره‌دینی شیرازی) (جووڵه‌ی ناوه‌ڕۆک – حركة الجوهرية – Movement of essence )ه(6)، مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌واژه‌یه، گۆڕانی ناوه‌ڕۆکی بوونه، به مانای ئه‌وه‌ی ماهیه‌تی بوون هه‌میشه ده‌بێت له گۆڕان دابێت، چونکه پڕۆژه‌کانی بوون له رابردوودا ناوه‌ستن و په‌ل بۆ ئاینده ده‌هاوێژن. که‌واته له‌ناوچوونی ئه‌و جووڵه‌یه، وه‌ستانی پڕۆژه‌کانی بوونه، که له‌م وێنه‌یه‌دا به (مه‌حاڵ) ئاماژه‌ی بۆ کراوه. هه‌رچی له وێنه‌ی دووه‌مدایه، روودانی ئه‌و شته کۆتایی به بوون ده‌هێنێت، واته بوونBeing ده‌چێته‌وه دنیای نه‌بوونه‌وه Nothingness . ته‌نه‌که‌ی ژه‌نگاوی وه‌ک مێتافۆرێک بۆ ژیان ئاماژه‌ی بۆ کراوه، واته ژیان بۆ ئه‌و بوونه هیچ نه‌بووه، وه‌ک ته‌نه‌که‌یه‌کی ژه‌نگاوی، جگە لە شتێکی بێکەڵک هیچی دیکه نییه.
یه‌کێک له هه‌سته سایکۆلۆجییه‌کانی ئه‌و خوده، ویستی هه‌ڵاتنه. وه‌کو له وێنه‌یه‌کدا هاتووه:
ڕاکه… ڕاکه… ڕاکه…
ئاوڕ مه‌ده‌ره‌وه من له کوێم
ڕه‌نگه من پێش تۆ…… .
ترس ڕفاندمی بۆ ئه‌و سه‌ر
زۆر له دوای تۆش…… .
بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ره‌تا !!
یان له وێنه‌یه‌کی دیکه‌دا هاتووه:
خۆپه‌رستی ئه‌وه‌یه که جێت هێشتم
ڕێم پێ نه‌ده‌یت چراوگێک هه‌ڵبگرم و پێشت که‌وم
تا به‌شوێن پێکانی تۆدا
یه‌که‌مین خاڵی هه‌ڵاتن بدۆزمه‌وه
له‌م دوو کۆپله فرهوێنانهدا دوو شتمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، یه‌که‌میان: ترس ده‌بێته هۆکارێکی سه‌ره‌کی بۆ هه‌ڵاتن، ترس له ئێستا، ئاینده، که له رابردووه‌وه ده‌رکه‌وتووه و ئه‌نجامه‌که‌یشی ترسه له دووباره گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تا. دووه‌میان: ئه‌وی دیکه ئه‌و خوده‌ی جێ هێشتووه. ئه‌م جێمانه بۆته هۆی نه‌دۆزینه‌وه‌ی رێگاکانی هه‌ڵهاتن، واته تووڕه‌یی ئه‌و خوده ته‌نیا بۆ ئه‌وه نییه، که ئه‌وی دیکه جێی هێشتووه، به‌ڵکو ئه‌نجامی ئه‌و جێمانه چه‌قبه‌ستنی خوده له شوێنێکدا، ره‌نگه ئه‌و چه‌قبه‌ستنه شێوه‌یه‌کی مه‌جازی هه‌بێت، به‌ڵام له ئه‌نجامدا چهقبهستێکی ناوه‌ڕۆکییه و کاریگه‌ریی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر خود جێ دهههڵێت.
له وێنه‌یه‌کی دیکه‌دا ئه‌و خوده به‌و چه‌قبه‌ستنه رازی ده‌بێت، وه‌کو هاتووه:
هه‌موو شتێک قبووڵ ئه‌که‌م
بمهرجێک له ژێر هه‌ورێکا جێم بێڵیت
ئاوس بێت به‌بارانی بیره‌وه‌رییه‌کان
به‌ڵام ئه‌م رازیبوونه به‌م چه‌قبه‌ستنه مه‌رجییه ( (Conditional و وابه‌سته‌یه به بیره‌وه‌رییه‌کانه‌وه. پێم وایه ئه‌م رازیبوونهش دیسان چه‌قبه‌ستنه له ئێستایه‌کی به بێ ترس. شاعیر نه‌یوتووه (رابرودوو) به‌ڵکو (بیره‌وه‌رییه‌کان)ی به کاری هێناوه، چونکه له ڕابردوودا ترس ئاماده‌یی هه‌یه و ئه‌گه‌ری روودانی شتی ترسناک ده‌کرێت، به‌ڵام (بیره‌وه‌ری) ئه‌و شوێنه و ئه‌گه‌رانه‌ی تێپه‌ڕاندووه و کات ناتوانێت بیانگێڕێته‌وه. دووباره چه‌قبه‌ستن له رابردوودا ترسه له ئاینده، چونکه ئه‌گه‌ری روودانی کاره‌سات له ئاینده‌شدا بوونی هه‌یه و ئه‌و خوده له توانایدا نییه ئه‌زموونی بکات و تێیبپه‌ڕێنێت. ئێستای ئه‌و خوده‌ش هه‌ستکردنه به پووچیی ژیان و بهێوودهیی له به‌رانبه‌ر شته‌کاندا. بۆیه ئه‌و خوده ده‌یه‌وێت له ئێستادا له‌پاڵ بیره‌وه‌رییه‌کانیدا چه‌قببه‌ستێت، چونکه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی رابردوو و هاتنی ئاینده ده‌ترسێت.
ئه‌م خوده بۆ رزگاربوون له نیگه‌رانی، هه‌میشه بۆ ئه‌وی دیکه ده‌گه‌ڕێته‌وه، وه‌کو ئاماژه‌م پێی دا ئه‌وه له ئه‌نجامی ترسه. وه‌کو له وێنه‌یه‌کدا هاتووه:
سۆزم به‌رێ، هه‌ر کات گڕه‌ی نیگه‌رانی
رێی که‌وته ڕه‌زی رۆحت،
با‌نگم که‌یت و چه‌ترێکت بۆ هه‌ڵده‌م
به‌قه‌د که‌ون، هه‌موو که‌ون، فراوان بێت؛
سۆز بێت، منیش، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر نووکی په‌نجه‌ش
نیگه‌رانی به‌به‌ر ده‌رگامدا تێ په‌ڕێت
ڕه‌شماڵێک هه‌ڵئه‌ده‌م، گه‌وره
گه‌وره هێنده‌ی هه‌موو ئاسمان،
بۆ ئه‌وه‌ی ونم کات له تۆ!!
ئه‌گه‌ر به‌پێی (بڕۆتس)ی کاره‌کته‌ری شانۆنامه‌ی (قه‌یسه‌ری مه‌زن)ی شه‌کسپێیر بێت، سۆزدان یان سوێندخواردن پیشه‌ی مرۆڤه ترسنۆکه‌کانه و له ئه‌نجامی باوه‌ڕنه‌بوون به یه‌کتری په‌نای بۆ ده‌به‌ن، ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م خوده له ترسان داوای به‌ڵێن یان سۆز له ئه‌وی دیکه ده‌کات، ترس له نیگه‌رانی، چونکه هه‌ستێکه و خودی تێک‌وپێک داوه، له ئه‌نجامی ئه‌و نیگه‌رانییه، که له دوایدا ده‌بێته بێهووده‌یی، خود ناتوانێت خۆی فریو بدات و وه‌ک ئه‌وانی دیکه بژیێت. له‌پاڵ ئه‌و ترسەدا ئه‌و خوده باوه‌ڕێکی ته‌واوی به خۆی هه‌یه، که ده‌توانێت ئه‌وی دیکه له نیگه‌رانی رزگار بکات و به‌ربه‌ستێکی گه‌وره‌ی به ڕوودا دروست بکات، به‌ڵام کێشه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ناتوانێت خۆی له‌و نیگه‌رانییه رزگار بکات، تا ئه‌وی دیکه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت و په‌یمانی پێ نه‌دات.
ئه‌و گه‌شبینییه‌ی خود به ئه‌وی دیکه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام بۆی ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وانی دیکه ناتوانن لێی تێبگه‌ن. ئه‌مه‌مان زیاتر له وێنه‌یه‌دا بۆ ده‌رده‌که‌وێت:
که‌رت… که‌رت… که‌رت بووم
نامه‌وێ خۆم کۆکه‌مه‌وه
نه‌وه‌ک پارچهیهکهم ون که‌م
***
شێت شێت بووم،
ناگه‌ڕێمه‌وه بۆ لای ئێوه
نه‌کا ببمه ئاقڵێکی ده‌به‌نگ،
یان فه‌یله‌سووفێکی ڕه‌نج خه‌سار!!
له وێنه‌ی یه‌که‌مدا ئه‌و خوده له‌به‌ر ئه‌وه ناتوانێت خۆی کۆ بکاته‌وه، چونکه ده‌ترسێت ئه‌وی دیکه‌ی Other له ده‌ست دابێت، به‌ڵام له وێنه‌ی دووه‌م ناگه‌ڕێته‌وه لای ئه‌وانی دیکهOthers ، چونکه بۆی ده‌رده‌کوێت له‌نێو حه‌شامه‌تدا ون ده‌بێت و خۆی له ده‌ست ده‌دات، بۆیه شێتیی ئه‌و خوده مانای وایه ئه‌و بوونه خاوه‌ن خۆیه‌تی، به‌ڵام (ئاقڵی ده‌به‌نگ)، که وه‌ک ده‌سته‌واژه‌یه‌ک له لایه‌ن ئه‌وانی دیکه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی خود به‌کار دێت، مانای وایه له‌نێو حه‌شامه‌تدا ده‌بێته ئه‌وانی دیکه و ناتوانێت سه‌ربه‌ست بێت. ئه‌گه‌ر بشیه‌وێت به ڕه‌سه‌نانه له‌نێو ئه‌وانی دیکه بژیێت، ئه‌وا ناتوانێت چاو له‌و شتانه بپۆشێت، که ئه‌وانی دیکه ناڕه‌سه‌نانه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، بۆیه ده‌بێته (فه‌یله‌سووفی ڕهنجخهسار). ئەگەرچی ئەو دەستەواژە لە ئاست گوزارشتکردن لە رۆڵی فەیلەسووف لە ئاستێکی نزم دایە، چونکە فەیلەسووف بەر لە هەر شتێک ڕۆڵی مێژوویی خۆی دەگڕێت، نەوەک هەوڵی ئەوە بدات لە لایەن ئەوانی دیکەوە ددانی پێدا بندرێت. بۆیه بێزاربوون له ئه‌وانی دیکه، وای کردووه خود روانینێکی پووچگهرایانهی بۆ خۆ هه‌بێت، ئه‌و پووچییه له ئه‌وانی دیکه‌وه بۆ خود درێژ بۆته‌وه، واته ئه‌و دنیا جهنگاڵهی ئه‌وانی دیکه ئافراندوویانه، خود ناتوانێت له‌نێویدا روانینێکی سهقامگیریانهی به‌رانبه‌ر به خۆی و ده‌وروبه‌ری هه‌بێت. له وێنه‌یه‌کدا هاتووه:
پێم له مێرووله‌یه‌ک نا
ڕه‌نگه رۆحی خوداوه‌ندی تیا بووبێت
گه‌ر وابێت، له شه‌یتان نهفرهتاویترم،
هه‌نگێک پێوه‌ی دام و خۆی مرد؛
له جه‌للادێک خوێن تاڵترم
بۆ هێشتم له خوێنی منا بخنکێت؟
بۆ پێش ئه‌و، خۆم…… .
له کلۆری داری مه‌رگا نه‌شارده‌وه؟
له‌م وێنه‌یه‌دا هه‌وڵی خۆ–به‌که‌مزانین له ئاست شته‌کانی ده‌وروبه‌ردا، له پووچی ئه‌وانی دیکه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به‌ڵام ئه‌و هه‌سته‌ی، که خود به‌رانبه‌ر ئه‌وانی دیکه هه‌یه‌تی، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و روانینه پووچگهرایهیه بۆ بوونی مرۆڤ له‌نێو ئه‌وانی دیکه‌دا. جگه له‌وه‌ی جێناوی لکاوی (م)ی که‌سه‌ی یه‌که‌می تاک به کار هاتووه، به‌ڵام گوزارشتکردنی گشتییه به هۆی شتێکه‌وه.
له رووی ناوه‌رۆکه‌وه ئه‌م وێنه‌یه گومانی دۆناودۆنبوونی تێدا به دی ده‌کرێت، واته (Reincarnation) ، چونکه رۆحی خوداوه‌ند ته‌نیا له رێگه‌ی (دۆناودۆن-التقمص- Reincarnation)ەوە ده‌توانێت بچێته ناو لاشه‌ی مێروویه‌که‌وه، به‌ڵام ئه‌م جۆره دۆناودۆنه له‌نێو ژیاندایه و هێشتا خوداوه‌ند به ئه‌زموونی مردن تێنه‌په‌ڕیوه. پارادۆکس ئه‌وه‌یه شه‌یتان به هه‌موو هه‌وڵه‌کانیه‌وه نه‌یتوانی به‌سه‌ر خوداوه‌ندا زاڵ بێت، به‌ڵام مرۆڤ زۆر ئاسان ده‌توانێت ئه‌و وێنه‌یه‌ی بۆ (خودا) و پیرۆزییهکانیهوه کراوه، به پێنانێک به‌سه‌ر رۆحیدا، ئه‌گه‌رچی به مه‌به‌ستیش نه‌بووبێت، له ناوی ببات. وێناکردنی ئه‌م کێشه فه‌لسه‌فییه خوێندنه‌وه‌یه‌کی قووڵه بۆ مرۆڤی مۆدێرن، به‌ڵام جیاوازییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و مرۆڤه مۆدێرنه هه‌میشه نیگه‌رانه و به هۆی ئه‌و نیگه‌رانییه‌وه شێوه‌یه‌کی ئهبسۆردی وه‌رگرتووه و له رێگه‌ی گومانه‌کانییه‌وه ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دات، مرۆڤ له ناهۆشیاریدا توانای له‌ناوبردنی خودای هه‌یه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه به پۆزه‌تیڤ وێنا نه‌کراوه، به‌ڵام ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌گه‌یه‌نێت.
به هۆی ئه‌م کردارانه‌وه خود مرۆڤ به بونه‌وه‌رێکی دڕنده وێنا ده‌کات، وه‌کو له‌م وێنه‌یه‌دا هاتووه:
به‌رزم که‌ره‌وه بۆ ئاسمان،
شۆڕم که‌ره‌وه بنی قووڵترین ده‌ریا،
ئه‌وه‌ی ئه‌یبینم یه‌ک شته؛
مرۆڤ، دڕنده‌ترین مه‌خلوقه،
زه‌لیلترین گیانله‌به‌ره،
بێ تواناتر له نه‌مامی به‌ر کڕێوه!
ترۆپکی بێهووده‌یی زیاتر له‌م وێنه‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، چونکه به‌رزکردنه‌وه بۆ ئاسمان و شۆڕبوونه‌وه بۆ بنی قووڵترین ده‌ریا هیچ کاریگه‌رییه‌کی بۆ خود نییه، ده‌توانین بڵێین نه شکست و نه سه‌رکه‌وتنی رۆژانه‌یی کاریگه‌ری له‌سه‌ر خود جێ ده‌هێڵن. ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌کییه‌کانی مرۆڤی ئه‌بسۆرد، به‌ڵام ئه‌م جۆره ئهبسۆرده له ئه‌نجامی ئه‌زموونکردنی ژیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا خود پێی گه‌یشتووه، چونکه مرۆڤ واته ئه‌وانی دیکه و له رێگه‌ی دڕنده‌ییه‌وه ده‌یه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا بگرێت و بیانخاته ژێر ده‌سته‌ڵاتی ناڕهسانانهی خۆیه‌وه.
له‌پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا ئه‌م بێهووده‌ییه وای کردووه خود خۆی له ئه‌وانی دیکه داببڕێت، وه‌کو له وێنه‌یه‌کدا هاتووه:
نامه‌وێت که‌سێک به‌ئاگام بێنێت،
ئه‌م وشکهخهونه، زۆر خۆشه،
ئه‌م وێڵ بوونه زۆر به‌تامه، زۆررررررررررررررر!!!!
ئه‌گه‌رچی له‌م وێنه‌یه‌دا وشکهخهون ئاماژه‌یه بۆ ئه‌زموونێک له‌پاڵ ئازار، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ئازاره‌یه له رێگه‌یه‌وه بکه‌ر توانیویه‌تی خۆی له ئه‌وانی دیکه جیا بکاته‌وه و هه‌وڵی تێکه‌ڵبوون به‌و وێڵبوونه بدات، وێڵبوونێک له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانی دیکه‌دا، چونکه (سارته‌ر) گووته‌نی ئه‌وانی دیکه دۆزه‌خی ئه‌ون.
له هه‌مانکاتدا خود کاتێک به بێ ئه‌وانی دیکه‌یه، ئه‌وا ده‌رگاکانی ناوه‌وه‌ی خۆی زیاتر بۆ کراونه‌ته‌وه و قووڵتر بووه‌ته‌وه له ناخی خۆی، وه‌کو له‌م وێنه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌ڵێت:
ئای چه‌ند قه‌ره‌باڵغه ئه‌م چۆڵه‌وانییه!!
وا وێنا ده‌کرێت، که خود به بێ ئه‌وانی دیکه چۆڵه‌وانییه‌که، ئه‌م وێناکردنه له دیدی ئه‌وانی دیکه‌دا وایه، به‌ڵام خود وه‌ک سه‌بجێکتێک بۆ خۆی، ئه‌م چۆڵه‌وانییه‌ی لا قه‌ره‌باڵغییه‌کی گه‌وره‌یه، که وه‌ک مێتافۆر بۆ ئاوازی ناوه‌وه‌ی ناخ ئاماژه‌ی بۆ کراوه.
کێشەی هزریی ئەو قەسیدەیە ئەوەیە نیگەرانی و پووچگەرایی لە ئەنجامی قووڵایی و تێگەیشتن لە ژیان سەری هەڵنەداوە، بەڵکو بە هۆی دابران لەگەڵ ئەوانی دیکە وێنا کراوە. نیگەرانی بە مانا قووڵییەکەی لە ئەنجامی پرسیاری راستەقینەی وجودمان لە بەرانبەر مردن و کایەکانی دیکەی ژیان سەر هەڵدەدات، نەوەک ئەوانی دیکە. مردنیش وێنا کراوە، بەڵام ئەو پرۆسێسە بێزاربوونە لە ئەوانی دیکە نەوەک ڕووبەڕووبوونەوەی پرسیاری بوونی ئێمە لە بەرانبەر مردن‌دا.
سۆران ئازاد
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان.
1. د. محه‌مه‌د که‌مال)/ هایدیگه‌ر و شۆرشێکی فه‌لسه‌فی/ ل96 ، هه‌روه‌ها بڕوانه: (Heidegger, Martin, Being and Time/ translation by john Macquarie and Edward Robison)
2.
Nietzsche, Friedrich Wilhelm / Thus Spoke Zarathustra/ Translated By Walter Kaufmann/ p19
3. Solomon/ From Rationalism To Existentialism/ University of Texas at Austin/ Lanham – New York – London/ p16
4. Farah Yeganeh/ Literary Schools/ Rahanma Press 2010/ p2
5. گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هایدیگه‌ردا: چاوپێکه‌وتنی مارتین هایدیگه‌ر له گۆڤاری (دێرشپیگل)ی ئه‌ڵمانی له 23ی ئه‌یلوولی 1966 سازدراوه. وه‌رگێڕانی: د. محه‌مه‌د که‌مال
5. Dr. Muhammad kamal /Mulla Sadra`s Transcendent
6. Philosophy/ISBN 0 7546 5271 8/ Published by Ashgate Publishing Limited. 2006
* سه‌رجه‌م وێنه شیعرییه‌کان له دیوانی (ساڵێک له نیگه‌رانی)ی به‌رزان هه‌ستیار وه‌رگیراون. بڕوانه: به‌رزان هه‌ستیار/ (ساڵێک له نیگه‌رانی)/ ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاراس/2008