
سڕینه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان خود و ئه‌وانی دیکه…2
له شیعری (هه‌وڵدانێکی تر بۆ گرتنی مه‌وداکان)ی جه‌لال به‌رزنجی
مه‌ودای ئاسایی ده‌کارێ مرۆڤ هه‌وڵی ڕواندنه‌وه‌ی ژیانی تێدا بدا، یان ده‌توانی ڕێیه‌ک بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌بێ. به‌ڵام کاتێک ئه‌و مه‌ودایه پله‌یه‌ک وه‌رده‌گرێ به‌تایبه‌ت پله‌ی ساردی (به واته‌ی ساردی و گه‌رمی که‌شوهه‌وا نا)، ئه‌وکات هه‌ست به نه‌بوونی ژیان ده‌که‌ین. ده‌بینین که‌سی مردوو له‌شی سارده، جووڵه‌ی تێدانییه، به‌ڵام که‌سێک بۆ نموونه له هۆشخۆی بچێ، ئاگایی نییه، وه‌کوو مردوو بێئاگایه، به‌ڵام ژیان له نێو له‌شیدا بوونی هه‌یه، ئه‌ویش به‌و گه‌رمیه‌ی له له‌شیدا هه‌ستی پێده‌که‌ین. که‌واته مه‌وداکان ده‌بنه سڕینه‌وه‌ی بوون، سڕینه‌وه‌ی ژیان. ئه‌م دوو ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌ی (ته‌واوبوونی خۆشه‌ویستی) په‌یوه‌ندییان هه‌یه. چونکوو کاتێک دوو بوون له‌نێو پرۆسێسه‌کردنی خۆشه‌ویستیدان، ئه‌وا ژیان بوونی هه‌یه، مه‌ودایه‌ک بوونی نییه له‌وێدا، به‌ڵام کاتێک له‌یه‌کدی جودا ده‌بنه‌وه، ئه‌وا مه‌ودا له‌نێوانیان دروست ده‌بێ، کاتێک مه‌ودا دروست بوو، ژیان بوونی نامێنێ، که‌واته مردن دێته‌پێش و لێره‌وه کۆتایی ژیان ڕاده‌گه‌یه‌نرێ. له ڕۆژهه‌ڵات خۆشه‌ویستی بوونی هه‌یه، وه‌کوو ده‌ڵین خۆشه‌ویستی پاک و بێگه‌رد ته‌نێ له ڕۆژهه‌ڵات چ له زوو و چ ئێستا بوونی هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرن ئه‌و هۆکارانه‌ی ده‌بنه‌هۆی دروستکردنی مه‌ودا له‌نێوان خۆشه‌ویستان. ده‌کارێ وشه‌ی (خۆشه‌ویستی) لێره‌دا به شێوه‌ی میتافۆڕیش به‌کارهاتبێ، واته‌ی ژیان بدا. که‌واته هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه به په‌یوه‌ندییان وێنه‌یه‌کی شیعریی دروست ده‌که‌ن. کاتێک خۆشه‌ویستی کۆتایی دێ، مه‌وداکان دروست ده‌بن، مه‌وداکان ئه‌و بوونه گه‌مارۆ ده‌ده‌ن، کاتێک مه‌وداییه‌کی پله‌دار وه‌کوو مه‌ودای سارد، بوون گه‌مارۆ ده‌دا، ئه‌وا به‌ره‌و کۆتایی و سڕینه‌وه‌ی ژیانی ده‌به‌ن، وێنه‌ی مردوویه‌ک له‌نێو داره‌مه‌یت هه‌موو ئه‌و وێنانه‌ی سه‌روه‌مان نیشان ده‌دا، مه‌ودای نێوان مردووه‌که و مرۆڤه‌کانی له‌گه‌ڵی بۆ گۆڕستان ده‌چن بوونی هه‌یه، هه‌ر له‌وساته‌وه‌ی له‌شی مردوو سارد ده‌بێ، ژیانی تێدا نامێنێ، مه‌وداکان دروست ده‌بن. مردوو به‌ره‌و دنیایه‌کی دی ده‌ڕوا که مه‌وداییه‌کی یه‌جگار فراوانی له‌گه‌ڵ ژیانی واقیعیی مرۆڤه‌کان هه‌یه. گه‌یشتن به پله‌ی ئۆرگازم له‌کاتی سێکسدا لووتکه‌ی ژیان و چێژه، ژیان له‌وساته‌دا واتایه‌کی دیکه‌ی هه‌یه، به‌ڵام مه‌وداکان کۆسپن له‌به‌رده‌م ئه‌و چێژ و ژیانه.
مه‌وداکان،
هه‌میشه له‌به‌رده‌مما،
ئه‌ژدیهان،
چاوم تێ ده‌بڕن،
شه‌ڕم پێ ده‌فرۆشن،
دوای شه‌ڕێکی سه‌خت،
و مردنی،
یان ماندووبوونی هه‌ندێک له وشه‌کانم
دیسان،
به نائومیدی له‌به‌رده‌م،
مه‌ودایه‌کی دوورتر ده‌وه‌ستمه‌وه،
مه‌وداکان،
ماندوویان کردووم.
له‌به‌رئه‌وه‌ی شاعیر بوونێکی ڕه‌سه‌نی هه‌یه، خاوه‌ن پڕۆژه‌یه بۆ ژیان، هه‌وڵی جوانیناسانه‌ی بۆ ژیان و بوون هه‌یه، ده‌که‌وێته ململانێی مه‌وداکان. چوواندنی مه‌ودا به ئه‌ژدیها له خۆڕا نییه، به‌ڵکه ڕاڤه‌ی ئه‌وه هه‌ڵده‌گرێ هه‌میشه کاری ئه‌ژدیها شه‌ڕ فرۆشتنه به‌ویدی. ده‌کارێ ئه‌ژدیها به بوونی ناڕه‌سه‌نیش ڕاڤه بکه‌ین، چونکوو ئه‌م بوونێکه نه خاوه‌نی خۆیه‌تی، نه خاوه‌نی پڕۆژه‌یه، بۆیه‌یش له هه‌وڵداده‌بێ شه‌ڕ به بوونه خاوه‌ن پڕۆژه‌کان بفرۆشێ. که‌واته هێندێکجار مه‌وداکان خودی بوونه ناڕه‌سه‌کانن. بوونێکی ڕه‌سه‌نی وه‌کوو شاعیر خاوه‌ن پڕۆژه‌ی وشه‌یه، داهێنان له ڕێی وشه‌وه. به‌پێی بۆچوونی (د.محه‌مه‌د که‌مال) داهێنان پێشمه‌رجی بوونه، وه‌کوو چۆن به بۆچوونی هایدیگه‌ر، بوونی که‌سه‌کان، جیهان ئه‌مانه پێشمه‌رجی بوونن، (د.محه‌مه‌د) داهێنان وه‌کوو پێشمه‌رجێک بۆ بوون زیاد ده‌کا، که هایدیگه‌ر باسی نه‌کردووه. له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌مان به‌رباسدا که بوونی مرۆڤ ناته‌واوه، هه‌وڵده‌دا بوونی خۆی ته‌واو بکا، داهێنان یه‌کێک له‌و ڕێیانه‌یه مرۆڤ بوونی ناته‌واوی خۆی پێ ته‌واوبکا. له‌م پارچه‌یه‌دا ( وشه) ده‌کاری وه‌کوو ئه‌ده‌ب ڕاڤه‌ی بکه‌ین، له‌و ڕێیه‌وه ڕووبه‌ڕووی مه‌وداکان ده‌بێته‌وه. کاتێک شاعیر په‌نا وه‌به‌ر داهێنان ده‌با، ده‌یوێ بوونی خۆی ته‌واو بکا، تاکوو به ئۆرگازم بگا. (( داهێنان پێشمه‌رجی ئۆنتۆلۆجی بوونی مرۆڤه، ئه‌و بونیاده‌ی بوون و نه‌بوونی له‌ناو خۆیدا گرێچن کردووه و مرۆڤی کردووه به هه‌یه و نییه. مرۆڤ هه‌یه چونکه ده‌ژی و ده‌سته‌یه‌ک فاکتۆریش به بوونیه‌وه نووساون و هه‌ندێک پڕۆژه‌شی به ئه‌نجام گه‌یاندووه، ئه‌و له هه‌مان کاتدا نییه و خۆی ته‌واونه‌کردووه و له داهاتوودا ده‌بێ به‌وه‌ی ئێستا نییه.))5 داهێنان له‌کن شاعیر پرۆژه‌یه‌ک بووه، پێشتر بوونی نه‌بووه، شاعیر خۆی به ئاگامه‌ندی بڕیاری داوه داهێنان بکا، بۆ؟ چونکوو له‌لایه‌ک بوونه ناته‌واوه‌که‌ی ته‌واو بکا، له‌لایه‌کی تر ڕووبه‌ڕووی مه‌وداکان ببێته‌وه. ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌وداکان ده‌بێته به‌شێک له پڕۆژه‌ی بوونی ڕه‌سه‌ن، چونکوو مه‌وداکان کۆتایی‌یان نییه. مه‌ودایه‌ک مه‌ودای دیکه دروست ده‌کا ئه‌مه‌یش شاعیر به‌ره‌و ڕه‌شبینییه‌کی شۆبنهاوه‌رانه ده‌با، به‌ڵام شاعیر سه‌رڕای ماندووبوونی، خۆی به ده‌سته‌وه نادا. وشه‌ی (ماندوویان کردووم) ده‌لاله‌تی زۆر هه‌ڵده‌گرێ، له‌لایه‌ک شاعیر ڕاسته ماندوو بووه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه، به‌ڵام خۆی نه‌داوه به‌ده‌ست، هه‌میشه به پڕۆژه‌ی داهێنان ده‌یوێ بوونی خۆی بسه‌لمێنێ. له‌لایه‌کی دیکه ئه‌و واتایه به ده‌سته‌وه ده‌دا، که شاعیر به‌رده‌وامه له‌و شه‌ڕه، به‌رده‌وامیش واته خۆسه‌لماندن. ئه‌مه شه‌ڕێکه شاعیر له کۆتایی شیعره‌که‌دا دانی پێداده‌نێ، که ڕه‌نگه نه‌یباته‌وه، ئه‌مه ئامانجێکی دیار نییه، به‌ڵام به‌رده‌وامی له شه‌ڕکردن هه‌وڵدانه بۆ خۆته‌واوکردن، بۆ گه‌یشتن به لووتکه‌ی ژیان و ته‌واوکردنی بوونی خۆی. ڕاسته مرۆڤ ده‌ژی به‌ڵام هه‌میشه بوونێکی نیوه‌چڵی هه‌یه، له ڕێی پڕۆژه‌کانییه‌وه هه‌وڵی خۆته‌واوکردن ده‌دا، بێگومان یه‌کێک له کۆسپه‌کان مه‌وداکانن بۆیه‌یش ده‌که‌وێته شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵیان تاکوو بیانسڕێته‌وه.
دوای هه‌موو دروستبوونه‌وه‌یه‌ک،
به خۆم مۆمێکه‌وه،
له شه‌وێکی ڕه‌ش دێمه ده‌ره‌وه،
هزرم له‌سه‌ر ڕه‌وڕه‌وه‌ی خێرایی،
خه‌یاڵم،
به سواری شیعرێکی تاریک،
وه‌کو تاژی،
به دوای ئاسکی مه‌وداکان ڕاده‌که‌ن
مه‌وداکان،
زۆرجار کات و شوێنیش،
گه‌مارۆم ده‌ده‌ن..
هه‌ر من نا،
باڵنده‌کان که ده‌فڕن،
مه‌ودا له ئاسمان دروست ده‌که‌ن،
سروشتیش،
به‌هاران ده‌یه‌وێت مه‌ودای نێوان،
به‌ردێک و به‌ردێک،
دره‌ختێک و دره‌ختێک،
هه‌تا نێوان بسته‌خاکێک و خاکێک،
به سه‌وزایی پڕ بکاته‌وه.
دوایی هه‌ر بۆ خۆی،
پایز به‌رده‌داته گیانیان،
مه‌ودایه‌کی نا‌ئومێد،
له نیوانیاندا دروست ده‌کات.
ئه‌گه‌ر له‌م پارچه‌یه‌دا سه‌ره‌تا وشه‌کانی ( خۆم –شاعیر-، مۆم، شه‌و) وه‌رگرین، ده‌بینین په‌یوه‌ندی له نێوان ئه‌م سێ مۆتیڤه‌دا هه‌یه. ده‌توانین بڵێین له سه‌رده‌مێک ئه‌گه‌ر ئه‌م سیانه‌یه به‌یه‌که‌وه نه‌هاتبان، شیعر له دایک نه‌ده‌بوو. ئه‌م وێنه‌یه په‌یوه‌ندی به وێنه‌کانی پێش خۆیه‌وه هه‌یه. ده‌کارێ ئه‌م سیانه‌یه به مۆتیڤی دیکه‌یش ڕاڤه‌یان بکه‌ین. شه‌و له بری مه‌وداکان به‌کارهاتبێ، چونکوو مه‌وداکان هه‌میشه هه‌وڵی تاریککردنی ژیان، که‌لێن خستنه نێو ژیانه‌وه ده‌ده‌ن، بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌م تاریکییه، شاعیر مۆمێک به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێ، ئه‌م مۆمه ڕه‌نگه شیعرێک بێ (داهێنان) بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان خۆی و ده‌ورووبه‌ری بسڕێته‌وه. بۆچی شاعیر (تاژی) بۆ شیعر و (ئاسک) بۆ مه‌ودا به‌کارده‌با؟ ئه‌گه‌ر تماشای ئه‌م دوو گیانداره بکه‌ین، له خێرایی ڕاکردندا، خێراییان له یه‌کتره‌وه نزیکه، یان هه‌ردووکیان زۆر خێران. مه‌وداکان به خێراییه‌کی زۆر دروست ده‌بن، له پێشتر شاعیر ئاماژه‌ی به خێرایی مه‌وداکان داوه (که ده‌گه‌ڕێمه‌وه ناو ژیان/ به هه‌مان خێرایی/ مه‌ودایه‌کی سارد)، بۆ ڕاوکردنی مه‌وداکان پێویسته شاعیر شتێکی هاوشێوه‌ی خێرایی دروستبوونی مه‌وداکان بدۆزێته‌وه، تاکوو بتوانێ به سانایی ئه‌و مه‌ودایانه بسڕێته‌وه.
مه‌وداکان ته‌نێ ڕووبه‌ڕووی مرۆڤه‌کان نابنه‌وه، به‌ڵکه باڵنده و سرووشتیش ئه‌و ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌گێڕن. سرووشت به نه‌هێشتنی مه‌وداکان هه‌وڵی خۆ نزیککردنه‌وه له مرۆڤ ده‌دا. لێره‌دا وشه‌ی (سه‌وزایی) واتای ژیان ده‌دا، به‌رده‌کان، داره‌کان ڕۆڵه‌ی سرووشتن، بۆیه‌یش هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان ڕۆڵه‌کانی ده‌دا، ئه‌ویش به زه‌مینه‌سازی بۆ سه‌وزایی، هه‌وڵی خه‌لقکردنی ژیان له نێوان هه‌موو ڕۆڵه‌کانی ده‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه هه‌ر سرووشت خۆی دواتر به‌هۆی وه‌رزی پاییزه‌وه مه‌ودا له‌نێوانیان دروست ده‌کاته‌وه. ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌مان پیده‌ڵێ خۆمان ده‌ستمان له دروستکردنی مه‌وداکاندا هه‌یه، به تایبه‌ت بوونه ناڕه‌سه‌نه‌کان، پاییز نیشانه‌ی مردنی پێیه، نیشانه‌ی ساردی پێیه، که‌واته بوونی هه‌ریه‌که‌مان هه‌رچه‌ند هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی مه‌وداکان بدا، دواجار خۆی ده‌ستی هه‌یه له دروستکردنه‌وه‌ی مه‌وداکان.
له‌وه‌ته‌ی ده‌نووسم،
هه‌وڵی نزیکخستنه‌وه‌ی مه‌وداکان ده‌ده‌م.
زۆرجار له کاتی نووسیندا،
له‌ناو وشه‌کانم نقوم ده‌بن،
که‌مێک دوای ته‌واوبوونی نووسین،
وه‌ک گه‌ڵای وه‌ریوی سه‌ر ئاو،
له‌نێو ئه‌و شه‌پۆلانه‌ی وشه‌کانم دروستی ده‌که‌ن،
ده‌رده‌که‌ونه‌وه،
له وشه‌کانم راده‌که‌ن،
له‌وه‌ته‌ی هه‌م
له شه‌ڕی گه‌ل مه‌وداکاندام،
بڕواناکه‌م،
له‌و شه‌ڕه‌دا بیبه‌مه‌وه..
نووسین وه‌کوو پڕۆژه‌یه‌ک شاعیر ده‌یکاته پێشمه‌رج بۆ بوونی خۆی. دروستکردنی وێنه‌ی شیعری، خولقاندنی واقیعێکی دیکه به نووسین، به‌کاربردنی میتافۆر و ئه‌لیگۆریا ئه‌مانه هه‌مووی ئامرازن شاعیر بۆ بڕینی مه‌وداکان به‌کاریان ده‌با. به‌ڵام نابێ ئه‌و خاڵه‌مان له یاد بچێ، مه‌وداکان هێنده نزیکن ته‌نانه‌ت له نێو وشه‌کان، له که‌لێنی ده‌نگه‌کان خۆیان حه‌شارده‌دا. به هۆی مه‌وداکانه‌وه شاعیر بوونی خۆی بزرکردووه، نووسین ده‌کاته پێشمه‌رجێک بۆ سه‌لماندنی بوونی خۆی، به‌ڵام شاعیر ته‌نێ له ساتی نووسیندا هه‌ست به نه‌بوونی مه‌داکان ده‌کا، له کاتی پرۆسێسه‌کردنی نووسین مه‌وداکان ده‌سڕدرێنه‌وه. دوای ته‌واوبوونی نووسین مه‌وداکان ده‌گه‌ڕێنه‌وه ده‌ست به فراوانکردنی دوورییه‌کان ده‌که‌ن، چونکوو شاعیر له ساتی نووسیندا ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی کات و شوێنی واقیعی، له‌وێدا مه‌ودایه‌ک بوونی نییه، به‌ڵام دوای هاتنه ده‌ره‌وه‌ی له‌و دنیایه ده‌که‌وێته‌وه نێو مه‌وداکان، که‌واته ژیانی واقیعیی هه‌ر تاکێک پڕیه‌تی له مه‌ودا، هه‌موو بوونه ڕه‌سه‌نه‌کانیش له شه‌ڕێکی به‌رده‌وامی مه‌وداکاندان، چونکوو مه‌وداکان که‌لێن و پانتایی له نیوان خود و ده‌ورووبه‌ر دروست ده‌که‌ن. ڕسته‌ی (له وشه‌کانم ڕاده‌که‌ن) ده‌لاله‌تی ئه‌وه‌مان ده‌داتێ مه‌وداکان ناتوانن له‌گه‌ل پڕۆژه‌ی داهێنان هه‌ڵبکه‌ن، به‌رگه‌ی جوانی و ئێستاتیکای داهێنان ناگرن، بۆیه‌یش هه‌موو بوونه ڕه‌سه‌کان هه‌وڵی داهێنان ده‌ده‌ن، ئه‌وه تاکه ئامرازی شه‌ڕکردنه له‌گه‌ڵ مه‌وداکان، سڕێنه‌وه‌ی مه‌وداکان زه‌مه‌نێکی درێژی ده‌وێ، چونکوو له‌هه‌ر چرکه‌ساتێکدا ئه‌گه‌ری په‌یدابوونی مه‌وداکان هه‌یه. ئه‌گه‌ر دابڕانی خود له ده‌ورووبه‌ر هه‌یه.
په‌راوێز وسه‌رچاوه‌کان:
1. هونه‌ری عیشق، فاروق ره‌فیق، به‌رگی یه‌كه‌م، خانه‌ی حیكمه‌ت، سلێمانی ، 2010،ل106.
2. بوون و داهێنان، د.محه‌مه‌د که‌مال، ده‌زگای سه‌رده‌م، سلێمانی، 2004، ل28.
3. هه‌وڵدانێکی تر بۆ گرتنی مه‌وداکان، له کۆبه‌رهه‌می: هه‌ولدانێکی تر بۆ گرتنی مه‌داکان و سه‌رجه‌م شیعره‌کانی تر، جه‌لال به‌رزنجی، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2009، ل 13.
4. پێکهاته و ڕڤه‌ی ده‌ق، بابه‌ک ئه‌حمه‌دی، و: مه‌سعوود بابایی، کتێبی چواره‌م، له بڵاوکراوه‌کانی سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی فیکری و ئه‌ده‌بی نما، هه‌ولێر، 2007،ل68.
5. بوون و داهێنان، دمحه‌مه‌د که‌مال، ل115.