دیارده‌ی نادادپه‌روه‌ریی … به‌ختیار محه‌مه‌د
هه‌ڵبه‌ت ئێمه ناتوانین سته‌مكار بین، هه‌تا نادادپه‌روه‌ر نه‌بین. ناشتوانین نادادپه‌روه‌ر بین، هه‌تا مافی ئه‌وانی دیكه نه‌خۆین و پێشێل نه‌كه‌ین. هه‌ر بۆیه‌شه له خۆڕایی نییه، كه گوتوویانه: ((دادپه‌روه‌ریی … به‌های هه‌موو به‌هاكانه)) و ((پیرۆزترین پاژی ناو هه‌موو ئاكاریشه)).(1) ئێمه له‌و ساته‌وه نادادپه‌روه‌رین، كه هێز و ده‌سه‌ڵات به خراپی به‌كار ده‌هێنین. واته به شێوه‌یه‌كی خۆپه‌رستانه ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ڕۆشنبیریی خۆماندا به‌كار ده‌هێنین. له ڕاستیدا هۆكاری هه‌ره سه‌ره‌كی نادادپه‌روه‌ریی – وه‌ك ده‌زانین – له دیكتاتۆرییه‌ت و له نادیموكراسییهتدایه. واته ئێمه ناتوانین دادپه‌روه‌ر بین، هه‌تا دیموكراسی نه‌بین. ناشتوانین ئازادیخواز بین، هه‌تا دادپه‌روه‌ر و دیموكراسیخواز نه‌بین. هه‌ڵبه‌ت دیموكراسییه‌تیش – وه‌ك كه له‌لای خۆمان باوه- هه‌ر ته‌نها مۆدێلی سیاسی باوی سه‌رده‌م و سه‌فسه‌ته و زۆربڵێیی و دروشم نییه، به‌ڵكو ڕه‌وشت و كرداری واقیعی ژیانی ڕۆژانه‌مانه؛ ئه‌و واقیعه‌ی، كه له كه‌مترین و بچووكترین قسه و ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌مووماندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه و به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ. هه‌ر له‌م سیاقه‌شدا ڕۆسۆ له ((په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی)) دا دبێژه: ((په‌كخستنی ئازادیی له ویستی مرۆڤدا، به‌واتای په‌كخستنی هه‌موو ئاكارێكه له كاره‌كانیدا)).(2) كه‌واته پێویسته هه‌موو ئازادیخوازێك دادپه‌روه‌ر بێ، ئه‌مه پرسێكی ئه‌خلاقیی یه‌كجار گرنگی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌موو ئازادیخوازێكه، ئه‌گه‌رنا ئه‌م كه‌سایه‌تییه له سیفه‌تی ئازادیخوازیی و شۆڕشگێڕیی داده‌ماڵدرێ. ئێمه له مێژووی شۆڕش و خه‌باتی ئازادیخوازیی گه‌لاندا نموونه‌ی وه‌هامان یه‌كجار زۆره، كه له ئاكامدا ئازادیخوازه‌كان بوونه‌ته سته‌مكار (تۆ بڵێی سروشتی ده‌سه‌ڵات وه‌ها بێ، كه زۆربه‌ی جار سته‌مكار بخوڵقێنێ؟). هه‌ڵبه‌ت به‌های دادپه‌روه‌ریی هه‌ر له دیارده و شته بچووكه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌مانه‌وه ده‌ست پێده‌كا، هه‌تا ده‌گاته دیارده و شته گه‌وره‌كانی وه‌ك كار و چالاكی سه‌رله‌به‌ری ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌زگا سیاسییه‌كان. بێگومان دادپه‌روه‌ریی ڕۆحی مه‌ده‌نییه‌ت و ڕۆحی دیموكراسییه‌ت پێك ده‌هێنێ. ئێمه ده‌بێ هه‌میشه ئه‌وه‌مان له بیر بێ، كه هه‌ر وه‌ك چۆن پێویسته به‌های دادپه‌روه‌ریی ڕۆحی ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌زگا سیاسییه‌كان پێك بهێنێ، هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ش پێویسته بنچینه‌ی هۆشیاریی و هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاری ژیانی ڕۆژانه‌ی یه‌ك به یه‌كی هه‌موومان بێ. واته – به‌نموونه ده‌ڵێم – پێویسته من وه‌ك تاكه‌كه‌سێك له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌دا، پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دادپه‌روه‌رانه دابمه‌زرێنم؛ ئه‌م پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه ئاكارییه پێویسته له هه‌موو بوار و ئاستێكی ژیانمدا ڕه‌نگ بداته‌وه (ئا ئه‌و كاته ده‌كرێ بڵێین، كه من كه‌سێكی دادپه‌روه‌رم، واته وشیارم به‌وه‌ی، كه له واقیعی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی مندا نادادپه‌روه‌ریی هه‌یه و پێویسته نه‌یهێڵم، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه هه‌یه، كه من كه‌سێكی دادپه‌روه‌ر بم). هه‌ڵبه‌ت، ئه‌گه‌ر من له ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمدا كه‌سێكی دادپه‌روه‌ر نه‌بم، ئه‌وا به بێ یه‌ك و دوو گه‌وره‌ترین درۆ له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌تی ژیانی خۆم و هه‌موو مرۆڤایه‌تیشدا ده‌كه‌م (چونكه ژیانی مرۆڤایه‌تی به بێ دادپه‌روه‌ریی هیچ مانایه‌كی نییه). له‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر نادادپه‌روه‌ره‌كان كه‌سانی سته‌مكار بن، ئه‌وا سته‌مكاره‌كان درۆزنترین خه‌ڵكانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تین. دیاره سیفه‌تی ڕاستگۆیی هه‌مووشمان له‌وه‌دایه، كه ئێمه دژی درۆ و سته‌م بین، ئا هه‌ر ئه‌مه‌ش له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا،په‌یامی پیاوچاك و پێغه‌مبه‌ران بووه. هه‌مووشمان ده‌زانین، كه یه‌كێك له سیفه‌ته هه‌ره گرنگه‌كانی كه‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌ران، سیفه‌تی ڕاستگۆیی ڕه‌ها بووه، واته پێغه‌مبه‌ران هه‌رگیز نابنه پێغه‌مبه‌ر، ئه‌گه‌ر به ته‌واویی ده‌ستپاك و ڕاستگۆ نه‌بن، ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێ، كه چۆن پێغه‌مبه‌ران له ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیاندا به سیفه‌تی دادپه‌روه‌ریی ده‌ناسرێنه‌وه (وه‌ك كه مێژووی باوه‌ڕی ئایینه‌كان پێمانی ڕاده‌گه‌یه‌نن). هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش هه‌ر ده‌بێ وا بێ؛ چونكه ئه‌وان به ناوی دادپه‌روه‌ریی ڕه‌های خواوه قسه ده‌كه‌ن. ئێمه هه‌مووشمان ده‌زانین، كه گوتاری ئه‌خلاقیی ئایین له‌سه‌ر دوو كۆڵه‌گه‌ی به‌هێزی گرنگ ڕاوه‌ستاوه، ئه‌وانیش كۆڵه‌گه‌ی ڕاستگۆیی و كۆڵه‌گه‌ی دادپه‌روه‌رییه؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئێمه وای ده‌بینین، كه له گوتاری فكری ئاییندا جۆره ته‌ناقوز و ئیشكالییه‌تێك هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه دادپه‌روه‌ریی و ڕاستگۆیی و هه‌موو به‌ها چاكه‌كان، زۆر به ئه‌سته‌م – له بواری پراكتیكدا – ده‌توانن له‌گه‌ڵ بیری شمولیی گوتاری ته‌قلیدیی ئاییندا بگونجێن؛ كه‌چی هه‌موومان ئاگادارین، كه له كۆمه‌ڵگه هاوچه‌رخه‌كانی ئه‌مڕۆی ئێمه‌دا، هیچ هێز و لایه‌نێك ناتوانێ به ڕاستی دادپه‌روه‌ر بێ، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی به فره‌ده‌نگی و فره‌ڕه‌نگی و باوه‌ڕی به دیموكراسییه‌ت و قه‌واره‌ی سیاسی و جوگرافی سه‌ربه‌خۆی ئه‌وانی دیكه نه‌بێ. هه‌ر به‌نموونه ده‌ڵێین: ئێمه چۆن باوه‌ڕ به‌وه بكه‌ین، كه هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی توركیا و عیراق، دوو ده‌وڵه‌تی (ئیسلامی) دیموكراسین (وه‌ك كه خۆیان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن) ، ئه‌گه‌ر دوو ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر بن و باوه‌ڕیان به ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كورد نه‌بێ؟! كه‌واته دادپه‌روه‌ریی سه‌د له سه‌د به‌نده به دیموكراسییه‌ته‌وه؛ لێره‌شه‌وه ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ر بین، پێویسته دیموكراسیخواز بین. كه‌واته هه‌موو كۆمه‌ڵگه دیموكراسییه‌كان كۆمه‌ڵگه‌ی دادپهروهریشن. هه‌ر بۆیه‌شه له خۆڕایی نییه، كه گوتوویانه (( دادپه‌روه‌ریی … به‌های هه‌موو به‌هاكانه)). دادپه‌روه‌ریی خه‌سڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تیشه، هه‌ر ته‌نها خه‌سڵه‌تێكی (ماهیه‌تێكی) سیاسی نییه. دادپه‌روه‌ریی له پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان ئه‌ندامانی یه‌ك خێزانیشدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه و به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ. به‌نموونه،پێوه‌ندی دایك و باوكان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان. ئێمه هه‌موومان ده‌زانین، كه له كۆمه‌ڵگه ته‌قلیدییه‌كانی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، زۆر له دایك و باوكان له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ندێك سیفه‌ت و ئیعتیبار، جیاوازی له نێوان منداڵه‌كانی خۆیاندا ده‌كه‌ن: كوڕ له كچ پایه‌دارتر و خۆشه‌ویستتره و كوڕی تاقانه‌ش پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی له خێزانه‌كه و هۆزه‌كه‌یدا هه‌یه و منداڵانی جوان و ملكه‌چیش بۆ ویستی دایك و باوكیان، خۆشه‌ویسترن له منداڵانی ناشیرین و بزۆز و یاخی ( به‌و پێیه‌ی، كه هێشتا جوانیی له‌لای ئێمه حه‌قیقه‌تێكی ڕووتی بایۆلۆژییه، نه‌ك حه‌قیقه‌تێكی ئه‌خلاقیی). ده‌شێ چیرۆكی یه‌عقوب و یوسف و برایه‌كانی، نموونه‌ی هه‌ره جوانی ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه كۆمه‌ڵایه‌تییه خێڵه‌كییه بێ، كه هه‌تا ئه‌مڕۆش له مێژووی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا باڵاده‌سته. له‌م چیرۆكه‌دا به ئاشكرا دیاره، كه یه‌عقوب یوسفی پاشه‌به‌ره‌ی ( هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ ئیعتیباری پاشهبهرهییدا – یوسف و بنیامین هه‌ردوو برای پاشه‌به‌ره‌ی دوازده كوڕه‌كه‌ی یه‌عقوبن؛ ئه‌م به پیریی ئه‌م دوو كوڕه‌ی ده‌بێ) له هه‌موو كوڕه‌كانی دیكه‌ی خۆشتر ده‌وێ، به‌ڵام ئێمه نه له سه‌ره‌تای گێڕانه‌وه‌كه‌ی ته‌ورات و نه له سه‌ره‌تای گێڕانه‌وه‌كه‌ی قورئانیشدا، یه‌كسه‌ر نازانین بۆ یه‌عقوب یوسفی له هه‌موو كوڕه‌كانی دیكه‌ی خۆشتر ده‌وێ ( ئایا ئه‌مه ته‌نها شه‌رعییه‌ت دانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و میتافیزیكییه به سیفه‌تی پێغه‌مبه‌رایه‌تی و به قۆناغی به پێغه‌مبه‌ر بوونی یوسف؟)؛ ته‌ورات ته‌نها به ڕسته‌یه‌ك پێمان ده‌ڵێ، كه یوسف خۆشه‌ویستی باوكی بووه. قورئانیش پتر وه‌ك ڕووداوێكی میتافیزیكیی و ئه‌خلاقیی گرنگ ڕووداوی چیرۆكه‌كه‌ی ته‌وراتمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه (قورئان له ته‌ورات زیاتر به زمانه میتافیزیكیی و ئهخلاقییهكهی ئه‌م چیرۆكه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه): یوسف خه‌ونێكی دیتووه، كه (( یازده ئه‌ستێره و ڕۆژ و مانگ سوژده‌ی بۆ ده‌به‌ن)).(4) ئا ئه‌مه ده‌بێته خاڵی وه‌رچه‌رخاندن له ژیانی یوسف‌دا. خه‌ون هه‌موو شتێك له بن و بۆتكهوه (له ڕه‌گ و ڕیشه‌وه) ده‌گۆڕێ: یوسف ده‌بێته پێغه‌مبه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدار و جیهانێكی نوێش له دایك ده‌بێ، به‌ڵام لێره هه‌مووان (باوك و برایه‌كان، به پێی ته‌ورات)، هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر ئه‌م خه‌ونه‌ی یوسف ده‌كه‌ن، كه گریمانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داهاتووی یوسف ده‌گه‌یه‌نێ، بۆیه كه یوسف خه‌ونه‌كه بۆ باوكی ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌م پێی ده‌ڵێ: ((ئه‌مه چ خه‌ونێكه تۆ بینیوته؟ تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دای، كه من و دایكت و برایه‌كانت دێین و له‌به‌ر ده‌متدا ده‌چه‌مێینه‌وه و كڕنوشت بۆ ده‌به‌ین؟)). (5) لێره به ئاشكرا دیاره، كه یوسف له‌لایه‌ن باوكیه‌وه سه‌ركۆنه ده‌كرێ و ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گیرێ؛ كه‌چی له قورئاندا یه‌عقوب به ته‌واویی پشتگیری ناوه‌رۆكی خه‌ونه‌كه ده‌كا و زۆر به سۆزه‌وه به یوسف ده‌ڵێ: ((ئه‌ی كوڕیژگه‌كه‌ی خۆم! ئه‌م خه‌ونه‌ت لای براكانت مه‌گێڕه‌وه، نه‌وه‌ك گهڕێكت پێبكه‌ن؛ چونكه شه‌یتان بۆ بنیاده‌م دوژمنێكی ئاشكرایه)).(6) لێره وه‌ك ده‌بینین، هه‌ڵاواردنی یوسف هه‌یه له‌ناو هه‌موو برایهكاندا. له‌هه‌مان كاتیش‌دا، گوتاری قورئان گوتارێكی میتافیزیكیی و ئه‌خلاقیی زۆر ڕۆمانتیكیتره له گوتاری ته‌ورات: له قورئاندا چیرۆكه‌كه به زمانێكی زۆر تراژیدییتر ڕووداوه‌كانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه و باسی كه‌سایه‌تی یوسف و یه‌عقوبمان بۆ ده‌كا و وه‌ك دوو كه‌سایه‌تی بێگوناه و بێ خه‌وش و مه‌زڵوم ، وه‌سفیان ده‌كا و وێنه‌یان ده‌كێشێ. قورئان پترجهخت له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌رایه‌تی یوسف و یه‌عقوب ده‌كاته‌وه و وه‌ك دوو په‌یامبه‌ری خوا ده‌یانناسێنێ.(7) به كورتی ده‌مه‌وێ بڵێم: قورئان گوتارێكی زۆر تراژیدییتر به‌م چیرۆكه ده‌به‌خشێ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته پاڵپشتێكی به‌هێزتر بۆ گوتاره میتافیزیكییه‌كه‌ی چیرۆكه‌كه. واته چیرۆكه‌كه بێ یه‌ك و دوو ده‌بێته چیرۆكێكی خودایی (غه‌یبانی). ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بێ، كه مێژووی ئیسلام – بێگومان له ڕوانگه‌ی قورئانه‌وه – ده‌قه‌كانی ته‌ورات و ئینجیله‌كان به لاده‌ر و شێوێندراو له قه‌ڵه‌م ده‌دا. پێده‌چێ گومانه‌كه‌ی قورئان له‌م ده‌قانه، وه‌ڵامێك بێ بۆ ئه‌و گومانه‌ی، كه له حه‌قیقه‌تی به خودایی بوونی ئه‌م ده‌قانه ده‌كرێ: گوتاری گێڕانه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی ته‌ورات گوتارێكه به ئاشكرا مۆركی گوتاری گێڕانه‌وه‌ی مرۆڤی پێوه‌یه؛ گوتارێكه پڕه له ئه‌فسانه. ئینجیله‌كانیش هه‌ر هه‌مان حاڵه‌ت و هه‌ر هه‌مان شێوازیان هه‌یه، كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی قورئان پتر له‌وان خۆی به قسه‌ی خودا بزانێ، له‌لایه‌كه‌وه دێ له‌سه‌ر شێوازی گوتاره میتافیزیكییه‌كه‌ی ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بێ (شێوازی پێوه‌ندی نێوان خودا و پێغه‌مبه‌ره‌كان)؛ له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه دێ گومان له خه‌سڵه‌تی به ئیلاهی بوونی هه‌ندێك چه‌مكی ناو ده‌قه‌كانیان ده‌كا، وه‌ك چه‌مكی سێ ئهقنیمی باوه‌ڕی مه‌سیحییه‌ت: باب و كوڕ و گیانی پیرۆز. ئێمه هه‌مووشمان ده‌زانین، كه له مه‌سیحییه‌تدا مه‌سیح كوڕی خوایه، به‌ڵكو خۆی خوایه له جه‌سته‌ی مرۆڤدا، دیاره ئه‌مه‌ش له ئیسلامدا به ته‌واویی ڕه‌تده‌كرێته‌وه و به باوه‌ڕێكی لاده‌ر و سه‌رچاوه‌ی شرك داده‌ندرێ. به‌هه‌ر حاڵ، با لێره بگه‌ڕێینه‌وه بۆلای چیرۆكه‌كه‌ی یوسف و له خۆمان بپرسین: بۆ له‌ناو ئه‌و هه‌موو برایه‌دا، ته‌نها یوسف به‌پێغه‌مبه‌ر هه‌ڵبژێردرا؟ ئایا ئه‌مه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه بوو، كه ئه‌و له هه‌مووان جوانتر بوو و له هه‌مووانیش پتر ملكه‌چی ویستی باوكی بوو (واته منداڵێكی ساڵح بوو)، یانیش ئه‌مه هه‌ر به ڕێكه‌وت بوو؟ به‌ڵام ئایا له حاڵه‌تی ڕێكهوتدا، هیچ مانایه‌ك بۆ ئیراده‌ی چاكه‌كردن ده‌مێنێته‌وه؟ ئایا لێره – به پێی تێگه‌یشتنی ئایین – چه‌مكی چاكه به‌شێكه له حاڵه‌تی ملكه‌چیی بۆ (خوا و دایك و باوك و …) و جوانییش خۆی به‌های مه‌عنه‌ویی چه‌مكی چاكه‌یه و به‌ڵكو جوانیی به خۆشی به‌هایه‌كه له به‌ها چاكه‌كان؟! ئه‌دی ئێمه هه‌میشه وه‌ك به‌هایه‌كی باڵا ته‌ماشای جوانیی (ڕوخسار = شێوه) ناكه‌ین؟ واته: جوانیی جه‌سته به‌هایه‌كی ڕه‌ها نییه له زه‌ین و مه‌یلی ده‌روونیی هه‌مووماندا؟ به‌ڵام لێره له چیرۆكه‌كه‌دا، جوانیی هه‌ر ته‌نها حه‌قیقه‌تێكی (دیارده‌یه‌كی) بایۆلۆژیی نییه، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی بایۆلۆژیی و ئه‌خلاقییشه پێكه‌وه: ئه‌خلاقی ملكه‌چ بوون بۆ ده‌سه‌ڵاتی باوكه‌كان. یه‌عقوبیش نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوكێكه، كه به‌شێك له ئیراده‌ی خودا به‌رجه‌سته ده‌كا؛ پێشده‌چێ له كۆمه‌ڵگه ته‌قلیدییه‌كاندا هه‌موو باوكێك دژی یاخی بوون و ئازادیی ڕۆڵه و نه‌وه و نه‌ته‌وه و گه‌له‌كانیان بن. به‌هه‌مان شێوه خودا‌ش (نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها)، له گوتاری توندڕه‌وی ئایینییدا، هه‌میشه دژی ئازادیی و یاخی بوونی مرۆڤه‌كانه. ده‌بێ بزانین، برایه‌كانی یوسف هه‌ر ته‌نها نموونه‌ی ئاكاری خراپ نین (وه‌ك كه گوتاری باوی ئایین پێمانی ده‌ڵێ)، به‌ڵكو ئه‌وان نموونه‌ی ئازادیی و یاخی بوونن له نادادپه‌روه‌ریی – نادادپه‌روه‌ریی باوكێك له به‌رانبه‌ر ڕۆڵه‌كانی: یه‌عقوب به ناوی خواوه هه‌ڵسوكه‌وتی نادادپه‌روه‌رانه له به‌رانبه‌ر ڕۆڵه‌كانیدا ده‌نوێنێ. له‌مه‌وه، گوناهی برایه‌كان به‌رئه‌نجامی گوناهی نادادپه‌روه‌ریی باوكیانه. كه‌واته، كه ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتێكی نادادپه‌روه‌ر بوو، ئه‌مه تاوان و گوناه له كۆمه‌ڵه‌گه‌دا به‌رهه‌م ناهێنێ؟ ئا به‌م شێوه‌یه، گوناهی برایه‌كانی یوسف گوناهێكه دژ به گوناهی نادادپه‌روه‌ریی. ته‌نانه‌ت حاڵه‌تی به پێغه‌مبه‌ر بوونی یوسفیش به‌رهه‌می ئه‌م گوناهه‌یه: گوناهی نادادپه‌روه‌ریی. كه‌واته ئه‌گه‌ر وا بێ، ئه‌وا نادادپه‌روه‌ره‌كان گوناهباری یه‌كه‌می هه‌موو مرۆڤایه‌تی نین؟ ئێمه له دوماهیدا، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بۆ هه‌موو ویژدانێكی دادپه‌روه‌ر و هه‌موو كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی دیموكرات و دادپه‌روه‌ر و هه‌موو بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دیموكراسیخواز و دادپه‌روه‌ر به‌جێ ده‌هێڵین؛ چونكه هه‌ر ئه‌وان باش ده‌زانن، كه ده‌سه‌ڵاتی نادادپه‌روه‌ر، شتێكی چه‌ند تراژیدیی و زیانبه‌خش و قێزه‌ونه بۆ مرۆڤایه‌تی!
په‌راوێزه‌كان:
1- مایكل ج. ساندل، اللیبرالیه وحدود العداله، ت: محمد هناد (المنڤمه العربیه للترجمه، الگبعه الاولی: بیروت، دیسمبر 2009)، ص 37، 58.
2- جان جاك روس‌و، فی العقد الاجتماعی او مبادئ القانون السیاسی، ت: عبدالعزیز لبیب (المنڤمه العربیه للترجمه، الگبعه الاولی: بیروت، یولیو 2011)، ص 86.
3- ئه‌دی ئێمه هه‌میشه له‌سه‌ر بنه‌مای حه‌قیقه‌تی بایۆلۆژیی ناڵێین، كه ئه‌مه ناشیرینه و ئه‌وه جوانه و فڵان ڕه‌شه و فیسار سپیه و ئه‌و كورته و ئه‌م درێژه …، ئنجا وه‌ك كێشه‌یه‌كی ئه‌نتۆلۆژیی گه‌وره‌ی ئهبستراكتیش ته‌ماشای ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كه‌ین و وه‌ك بڵێی خۆمان به‌رپرسی یه‌كه‌می خوڵقاندنی خۆمان بین ؟ ئه‌م حاڵه‌ته له كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا، كێشه‌ی گه‌وره‌ی ده‌روونیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری بۆ تاكه‌كان دروست ده‌كا.
4- بڕوانه كتێیی (التفسیر التگبیقی للكتاب المقد‌س)، سفری دروستكردن (ته‌كوین)، ل 95؛ هه‌روه‌ها: قورئانی پیرۆز، وه‌رگێڕاوی مام هه‌ژار، سوڕه‌تی یوسف، ل 235
5- التفسیر التگبیقی للكتاب المقد‌س، سفر التكوین، ص 95.
6- قورئانی پیرۆز، وه‌رگێڕاوی: مام هه‌ژار، سوره‌تی یوسف، ل 236.
7- قورئان به بێ هیچ ڕه‌خنه‌گرتنێك پێغه‌مبه‌رایه‌تی ئه‌وان ده‌سه‌لمێنێ؛ ئه‌گه‌رچی قورئان هه‌ندێك جار ڕه‌خنه له هه‌ندێك كار و ڕه‌فتاری پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی خۆشی (پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیش) ده‌گرێ. ئه‌م ڕه‌خنه‌گرتنه پێمان ده‌ڵێ، كه پێغه‌مبه‌ره‌كانیش مرۆڤن و هه‌ڵه ده‌كه‌ن. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش هه‌م ده‌رخستنی توانای دیاریكراوی مرۆڤه و هه‌م ده‌رخستنی توانای بێسنووری خوداشه. لێره‌شدا ئایین به‌ناوی خواوه (توانای ڕه‌هاوه) خۆی ده‌سه‌پێنێ.