
ئاوه‌دانم به ئه‌وین …. حه‌سه‌ن مسته‌فا
1-
كه قژه درێژهكهت بڕی، له‌حه‌ژمه‌تا گریام
كه گوێچكه بچووكهكانتم بینین، له‌خۆشیانا گریام
2-
سه‌رنجڕاكێشتره شه‌وبۆ، لهلاسكهگیا
وه‌ك ده‌ركه‌وتنی گوێچكه‌ی یار
له‌نێو تاریكایی قژیا.
3-
ملوانكهیهكم بۆیار كڕیوه
سه‌دجار ، ئه‌ملاو ئه‌ولام ماچكردووه و
له‌نێو قامكم توندگرتووه… تانهكهوێ.
چونكه ده‌زانم بۆ دواجار
له‌كوێ به‌هێمنی ده‌خه‌وێ.
4-
ئه‌وكاته‌ی دێیته به‌رده‌مم
شكۆت له‌شكۆی شاژن ده‌چێ،
بۆیه لهكڕنۆش زیاتر
خه‌یاڵم بۆ هیچ شت ناچێ.
5-
له‌وڕۆژه‌ی جانتام به‌شانته‌وه دیت
زانیم گه‌وره‌بوویت،
چونكه لام وایه دوێنێ بوو
كه جانتای مهكتهبت هه‌ڵده‌گرت.
٦-
یه‌كه‌م نیگات كه تێگرتم
گوتم عه‌یبه چاو داده‌گری…
دوای ئه‌و هه‌موو ماوه زۆره‌ش،
له‌وێنه‌ی فێس بووكهكهتا هه‌ر ئه‌و نیگایه‌م تێده‌گری.
7-
قسه‌كانت وه‌كو مینۆن
له‌ڕۆحمدا ده‌توێنه‌وه.
8-
به‌گوێم ده‌كه‌ی دڵێك بهڕادانده له‌گۆشت
ئه‌م دڵه ئاسنهت هه‌ڵگره،
بۆ رۆژانی كوشتن و جه‌نگ.
9َ-
كه ده‌وه‌ستی و خه‌یاڵ ده‌تبا
ئه‌وه‌نده بۆ دوور مه‌ڕوانه
گه‌ر زۆر نزیكیش بڕوانی
ده‌مدۆزیه‌وه، چاك بزانه.
10-
رۆژنیه ،
بهترینگهی بازنه‌كانی ده‌ستی، رۆحم له‌جه‌سته‌م نه‌ترازێ.
شه‌ونیه،
خه‌یاڵم نه‌زێ…
به كێلی مل و قه‌دی باریك و خه‌وی ده‌م زێ.
11-
هه‌رچی بۆیه‌ی دونیا هه‌یه
تاقیانكرده‌وه.
ره‌نگی لێوی تۆیان نه‌دۆزیه‌وه.