
له گه‌مه‌كردنه‌وه بۆ سوكایه‌تی …. ئارام سدیق
زیاتر له 5 مانگه كتێبی (سه‌گێك له ئاوێنه)ی توانا ئه‌مین بڵاوبۆته‌وه. ئه‌وه‌ی من له‌م ماوه‌یه‌دا چاوه‌ڕێی بووم ئه‌وه بوو خوێنه‌رێك ده‌نگ هه‌ڵبڕێت و بڵێت: ئه‌م كتێبه ئه‌م گه‌مه‌یه چییه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا ده‌یكات؟ ئایا ئه‌مه گه‌مه‌كردنه یان سووكایه‌تی؟ ئایا خوێنه‌ر هی ئه‌وه‌یه گه‌مه، یان سوكایه‌تی پێبكرێت؟ بێگومان هیچ مرۆڤێك شایه‌نی ئه‌وه نییه گه‌مه و سوكایه‌تی پێبكرێت. حاڵه‌تی گه‌مه‌كردن ره‌نگه كه‌مێك جیاواز بێت له سوكایه‌تی، به‌ڵام هیچ كه‌سێك ئاماده نییه سوكایه‌تی پێبكرێت، به‌ڵام ره‌نگه كه‌سێك خۆی ره‌زامه‌ند بێت گه‌مه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت. جا ئه‌گه‌ر ئه‌م سوكایه‌تی و گه‌مه‌كردنه‌ش به خوێنه‌ر بێت ئه‌وه من زۆر به هێڵی سووری ده‌زانم.
له كتێبی (سه‌گێك له ئاوێنه)ی توانا ئه‌میندا له به‌رگه‌كه‌دا پارچه‌یه‌ك ئاوێنه هه‌یه، كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی به تێكسته‌كانه‌وه نییه و نه خۆیشی وه‌ك تێكستێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانرێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت (وه‌ك توانا له كۆڕه‌كه‌ی كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه ئیدیعای بۆ ده‌كرد) به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نها جۆرێكه له گه‌مه‌كردن و سوكایه‌تی به خوێنه‌ر به‌و پێیه‌ی هه‌ر خوێنه‌رێك ئه‌و كتێبه بگرێت به ده‌ستییه‌وه به‌ر له‌وه‌ی ناونیشانی كتێبه‌كه بخوێنێـه‌وه وێنه‌ی خۆی له پارچه ئاوێنه‌كه‌دا ده‌بینێته‌وه، واته ئه‌م نووسه‌ره سه‌رجه‌م (له‌گه‌ڵ رێزم بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كتێبه‌كه‌یان به ده‌سته‌وه گرتووه) ئه‌و كه‌سانه‌ی كتێبه‌كه‌یان به ده‌سته‌وه گرتووه به سه‌گ شوبهاندووه. ئه‌مه قه‌بوڵ بێت، یان نا ئه‌مه ته‌فسیركردنه‌كه‌یه‌تی و هیچ بارێكی تر له‌سه‌ر ئه‌م ته‌كنیكی بوونی ئاوێنه‌یه و ناونیشانی كتێبه‌كه جێی نابێته‌وه. ده‌كرێت بپرسین ئه‌م گه‌مه‌كردنه له پێناو چیدایه؟ ئایا ئه‌مه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه، كه نووسه‌ر وه‌كو ته‌كنیكێكی تازه به خوێنه‌ری بفرۆشێت؟ یان له‌پێناو ئه‌وه‌دایه، كه جیاواز ده‌ربكه‌وێت؟ یان له‌پێناو ئه‌وه‌دایه خوێنه‌ری زیاتر بۆ لای خۆی راو بكات؟ بێگومان ئه‌گه‌ر مه‌رامی ئه‌مانه بێت من قه‌بوڵمه و هه‌موویان شیاون. به‌ڵام له‌م سیاقه‌دا بوونی ئه‌م پارچه ئاوێنه‌یه و ناونیشانی كتێبه‌كه دواجار وه‌كو سوكایه‌تی به خوێنه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت. به‌و پێیه‌ی خوێنه‌ر كه خۆی له ئاوێنه‌كه‌دا ده‌بینێت و كاتێك ناونیشانه‌كه ده‌خوێنێته‌وه ته‌واو هه‌ست به‌و سوكایه‌تییه‌ی نووسه‌ر ده‌كات كه مه‌به‌ستییه‌تی.
ده‌كرێت بپرسین ئایا خوێنه‌ر شایسته‌ی ئه‌وه‌یه كه سوكایه‌تی پێبكرێت؟ بێگومان نه‌خێر. به‌و پێیه‌ی وه‌كو به‌شێكی زۆر تۆرسینانی بواری تێكست ده‌ڵێت: خوێنه‌ر به‌شێكی دانه‌بڕاوه له ده‌ق و ده‌ق به‌هۆی خوێنه‌ره‌وه ده‌توانێت بژی و ته‌فسیری نوێ وه‌ربگرێت. هه‌ر بۆیه رۆلان بارت له دایكبوونی خوێنه‌ر به مه‌رگی نووسه‌ر ده‌چوێنێت. واته ئه‌گه‌ر زۆر به ساده‌یی قسه له‌سه‌ر ئه‌م رایه بكه‌ین ده‌بینین خوێنه‌ر خاوه‌نی گرنگییه‌كی تایبه‌ته له ژیانی ده‌قدا به جۆرێك، كه ئه‌وه خوێنه‌ره به‌ر ده‌ق ده‌كه‌وێت و نووسه‌ران به‌بێ خوێنه‌ر خاوه‌نی بوونێكی ته‌واو نین. ئه‌وه خوێنه‌ر ئه‌و سوڕه ته‌واو ده‌كات، كه نووسه‌ر ده‌ستی پێكردووه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م ناونیشان و ئاوێنه‌یه‌ی توانا له رووكه‌شدا وه‌كو گه‌مه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا و ره‌نگه به‌شێك له خوێنه‌ران وه‌كو گه‌مه‌یه‌ك ئه‌مه ببینن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌یه په‌ڕینه‌وه‌ی گه‌مه‌كه‌یه بۆ سوكایه‌تیپێكردنی خوێنه‌ر. خوێنه‌رێك كه ئه‌گه‌ر نه‌بێت، (توانائه‌مین)ی نووسه‌ر بوونی نابێت، ئه‌وه خوێنه‌ره‌كانن ما‌نایان به بوونی نووسه‌ران به گشتی و ئه‌م نووسه‌ره به‌تایبه‌تی به‌خشیوه، به‌ڵام ئه‌و دێت و له‌رێی گه‌مه‌یه‌كی بێتامه‌وه سوكایه‌تیان پێده‌كات.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م كتێبه به‌بێ ده‌نگی له دونیای كوردیدا تێپه‌ڕی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ره‌كه‌ی بزانێت خوێنه‌رێك هه‌یه د‌رك به‌وه ده‌كات، كه سوكایه‌تی پێكراوه و ره‌نگه له‌پاش ئه‌م كتێبه‌وه چیتر خوێنه‌ری ئه‌و نه‌بێت، چونكه له هه‌موو حاڵه‌تێكدا مرۆڤ شایسته‌ی سوكایه‌تی پێكردن نییه، نه‌خاسمه ئه‌ومرۆڤه خوێنه‌رێك بێت.