په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و شوێن، له شیعری (به‌ره‌و زه‌وییه‌كی دی)ی عومه‌ر جه‌لال
((ئه‌وه‌ی شوێنێكی ئه‌ده‌بی پێمان ده‌به‌خشێت، هیچ شوێنێكی تر ناتوانێت پێمان ببه‌خشێت، واتا مه‌ودای كاریگه‌ریی شوێنی ئه‌ده‌بی زۆرتره له مه‌ودای كاریگه‌ریی شوێنی بابه‌تی و واقیعی.)) گاتسۆن باشلا‌ر
په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و شوێن، په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز و پته‌وه، واتا مرۆڤ گرێدراوی شوێنه، به‌و مانایه‌ی كه مرۆڤ له شوێنێكدا له‌دایك ده‌بێت و چاو هه‌ڵدێنێت و په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ژیاندا دروست ده‌كات. زۆرجار شوێن بۆ مرۆڤ ده‌بێته مایه‌ی نیگه‌رانیی و بێزاریی و نائومێدیی و ڕه‌شبینی، به تایبه‌تی له‌و شوێنه‌ی كه بوونه‌وه‌رێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ نییه و ئه‌زموونی مرۆڤبوونی خۆی ناكات، چونكه مانه‌وه‌ی مرۆڤ له شوێندا په‌یوه‌سته به ئازادییه‌وه. لێره‌وه مرۆڤ و شوێن و ئازادی سێكوچكه‌یه‌ك دروست ده‌كه‌ن (مرۆڤ، شوێن، ئازادی) ماناداریی ژیانی مرۆڤ له په‌یوه‌ندی ته‌ندرووستی ئه‌م سێ چه‌مكه‌وه دروست ده‌بێت، چونكه ته‌واوكه‌ری یه‌كدین و به‌بێ یه‌كێكیان مانا بۆ دوانه‌كه‌ی تر نامێنێت، ناكرێت مرۆڤ و شوێن هه‌بێت و ئازادی نه‌بێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر ڕاسته. بۆیه مرۆڤ نزیكه‌ی هه‌میشه كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئه‌و زه‌وییه بچێت، كه تیایدا بوونه‌وه‌رێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و رێزلێگیراوه.
شوێن ئاماژه‌یه به‌و خاكه‌ی كه مرۆڤ تیایدا به ئازادی به‌دوای خه‌ون و خولیا و ئاواته‌كانی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت. دوو جۆره له شوێنیش هه‌یه، یه‌كه‌میان ئه‌و جوگرافیا دیاریكراو و واقیعییهیه كه مرۆڤ له‌سه‌ری ده‌ژی، دووه‌میان شوێن و جوگرافیای تایبه‌تی ناخی مرۆڤه‌كانه، لێره‌وه ئه‌دیب به گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی بۆ ناو شوێن و جوگرافیای ناخ خۆی له مرۆڤێكی ئاسایی جیا ده‌كاته‌وه، چونكه گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو جوگرافیای ناخ كارێكی زه‌حمه‌ت و ناخۆشه و له توانای هه‌موو مرۆڤێكدا نییه، ئه‌وه ئهدیبهكانن ده‌توانن ئه‌و كاره زه‌حمه‌ته ئه‌نجام بده‌ن.
شوێن كاریگه‌رییه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئه‌دیب داده‌نێت و ده‌بێته خورپه (ئیلهام) و ژێده‌رێكی سه‌ره‌كی بۆ به‌رهه‌می هه‌موو ئه‌دیبه‌كان، به تایبه‌تی شوێنی منداڵی، كه سێبه‌رێكه له ئه‌دیب جیانابێته‌وه و تارمایییهكه هه‌میشه به‌دواوه‌یه‌تی، بۆیه (جه‌مال غهیتانی) ده‌ڵێت: (له‌م سه‌رزه‌وییه مرۆڤێك نابینینه‌وه، كه توند به شوێنی له‌دایكبوون و گهورهبوونییهوه گرێ نه‌درابێت، به تایبه‌تی ئه‌دیبان، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه شوێن ڕه‌گه‌زێكی زۆر گرنگی كاری ئه‌ده‌بی پێكدێنێت.)*
ئه‌ده‌ب ئه‌و شوێنه‌یه كه ئه‌دیب تیایدا ده‌توانێت هه‌ناسه بدات و ده‌ست له خه‌ون و هیواكانی خۆی بدات و ئه‌زموونی ژیان بكات، چونكه له‌وێدا ئازادی ده‌گاته ترۆپك، هه‌میشه ئه‌و شوێن و زه‌وییه‌ی كه ئه‌دیب داوای ده‌كات و بۆی ده‌چێت، زه‌وییه‌كه هه‌موو شته‌كان به ئاره‌زووی ئه‌م ڕوو ده‌ده‌ن، ئه‌ویش وه‌ك بهرئاماژهم دا زه‌وی ناو ناخی ئه‌دیب. بۆیه ئه‌ده‌ب هێنده‌ی پرۆسه‌یه‌كی خودییه بۆ قسه‌كردنی مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆیدا، هێنده پرۆسه‌یه‌كی كۆیی نییه، كه گوزارشت له خه‌ون و ئاواتی كۆ بكات.
كاری ئه‌ده‌ب بۆ خۆی دروستكردنی دونیایه‌كی تر و بنیاتنانی واقیعێكی نوێیه، واقیعێكی جیاواز له‌م واقیعه به‌رهه‌ست و وشك و بێ ڕۆحه‌ی كه ناچارین تیایدا بژین. ئه‌و شوێنه‌ش سه‌رزه‌مینێكی خه‌یاڵییه و له‌نێو ناخی ئه‌دیبدا چێ ده‌بێت.
خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی كتێبی (سفری ئه‌زموون) ی شاعیر (عومه‌ر جه‌لال) چاوی به مرۆڤێكی ته‌نیا و نا‌ئومێد و دڵشكاو و بێزار و یاخی و ناڕازی ده‌كه‌وێت و هه‌ست به بوونی مرۆڤێك ده‌كات، كه بۆ ئه‌وه‌ی ئازار و غه‌م و بێزارییه‌كانی گه‌وره‌بوونی بشارێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ منداڵی، ئه‌مه‌ش هه‌ڵگری ئه‌و ئاماژه‌یه‌یه، كه مرۆڤ هه‌میشه له منداڵی‌دا له هه‌ست به خۆشحاڵی ده‌كات، چونكه منداڵ له‌ناو شوێندا به ئازادی هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، به‌بێ گوێدان به‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ی كه دواتر له گه‌وره‌بووندا شوێن بۆی دێنێته پێش. له‌گه‌ڵ مرۆڤێك كه له‌گه‌ڵ خۆیدا له جه‌نگێگی به‌رده‌وامدایه و ده‌یه‌وێت شۆڕبێته‌وه بۆ ژیانی تایبه‌تی خۆی و له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌كانی خۆی ژیان بكات. هه‌ر هه‌مان كات بوونه‌وه‌رێكی ناجێگیر و گه‌ردوونی ده‌كه‌وێته به‌ر دیده‌ی، كه نایه‌وێت ته‌نیا ڕه‌نگێگ ژیانی ڕه‌نگ بكات و گوێبیستی تاقه ده‌نگێگ بێت و به شوێن و كاتێكی دیاری كراوه‌وه ببه‌سترێته‌وه، به‌ڵكو هه‌میشه له گه‌ڕاندایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی زه‌وییه‌كی تر و شوێنێكی تر، زه‌وییه‌كی جیاواز، كه له هیچ زه‌وییه‌كی دی نه‌چێت، ئه‌ویش زه‌وی ناو ناخی خۆی، واتا ئه‌م كتێبه تابلۆیه‌كه شاعیر چه‌شنی وێنه‌كێشێك به ڕه‌نگه‌كانی ته‌نیایی و نائومێدیی و بێزاریی و یاخیبوون و گه‌ڕانه‌وه بۆ یاده‌وه‌ری منداڵیی و گومان و گه‌ڕانی به‌رده‌وام كێشاویه‌تی.
كتێبه شیعرییه‌كه له چه‌ندین پارچه‌شیعر پێكهاتووه، من ته‌نیا له‌سه‌ر پارچه‌شیعری (به‌ره‌و زه‌وییه‌كی دی) ده‌وه‌ستم و هه‌وڵ ده‌ده‌م كۆده‌كانی بكه‌مه‌وه و ناڕوونییه‌كانی ئاشكرا بكه‌م.
كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای نهێنییه‌كانی ده‌ق بریتییه له ناوونیشان، به‌و مانایه‌ی كه ناوونیشان یارمه‌تیده‌رێكی باشه بۆ تێگه‌یشتن له ده‌ق و ئاشكراكردنی نیاز و مه‌به‌ستی ده‌قنووس، چونكه زۆربه‌ی كات ناوونیشانی ده‌ق به‌شی زۆری مانا و هه‌ناوی ده‌قه‌كه‌ی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
(به‌ره‌و زه‌وییه‌كی دی) ناوونیشانی پارچه‌شیعرێكی كتێبی (سفری ئه‌زموون)ه، ئه‌م ناوونیشانه هه‌م ئاماژه‌یه بۆ ڕه‌هابوون و ئازادبوونی شاعیر له كۆت و به‌ندوباری زه‌وییه‌كی تایبه‌تی، هه‌م نیشانه‌شه بۆ دۆخی ناڕه‌زایی لای شاعیر، ئه‌مه‌ش له‌و بێزارییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه ئه‌م زه‌وییه بۆی دروست ده‌كات، بۆیه له گه‌ڕانی هه‌میشه‌ییدایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی زه‌وییه‌كی دی، هه‌ر ئه‌مه‌ش كرۆكی ئه‌ده‌به، واتا دروستكردنی زه‌وییه‌كی جیاواز له‌و زه‌وییه‌ی كه له سه‌ری ده‌ژین.
شه‌ڕ و جه‌نگ هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تین بۆ ناشیرینكردنی وێنه‌ی شوێنێك، له هه‌ر شوێنێك جه‌نگ و كوشتار هه‌بێت، ئه‌و شوێنه خاڵییه له هه‌ستی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، شاعیریش ته‌نیا یه‌ك ڕێگای هه‌یه بۆ ده‌ربازبوون له زه‌وی و شوێنێك، كه خوێن و ڕه‌نگی سوور تاكه ڕه‌نگن و مرۆڤ بۆی نییه ڕه‌نگی تر ببینێت، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو قاوغی خۆی. ئازادی له‌و زه‌وییه به‌دی نایه‌ت كه جه‌نگ كاری خۆی ده‌كات و مرۆڤ ده‌ستی ده‌چێته خوێنی سووری مرۆڤ. جگه له‌مه زه‌وییه‌ك كه خاڵی بێت له هه‌موو ئازادییه‌كان و به‌ها باڵاكان و سه‌نته‌ربوونی مرۆڤ و سووكایه‌تیكردنی گه‌وره به مرۆڤه جوان و هه‌ست ناسكه‌كان بكرێت و ڕێز له وشه و نووسینه‌كانیان نه‌گیرێت، زه‌وییه‌ك كه جه‌لاد باڵاده‌سته و هه‌میشه له بۆسه‌ی مرۆڤه جوانهكاندایه و ده‌یانكاته قوربانی، زه‌وییه‌ك تیایدا ئافره‌ت بوونه‌وه‌رێكی ڕێزلێگیراو نه‌بێت و بكوژرێت و كچانیش خۆیان بسووتێنن، شایانی ئه‌وه‌یه لێی هه‌ڵبێیت، واتا ئه‌م زه‌وییه شایانی ژیانكردن نییه و مرۆڤ نایه‌وێت له‌سه‌ری بژی. شاعیر ڕێك له‌م دۆخه ناڕازییه و هه‌ڵدێت له كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی و ده‌چێته‌وه بۆ ناو خۆی و چیدی هه‌ناسه‌دان له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه به پێویست نازانێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه له‌م ده‌قه‌دا ئه‌وه‌یه، كه حاڵه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه به‌دی ناكرێت، واتا ته‌نیا وه‌سفكردنی شته بێزراوه‌كانی نێو زه‌وییه و هیچی دی، شاعیر له ترسی هه‌موو ناشیرینییه‌كان هه‌ڵهاتووه، نه‌یتوانیوه به‌ر به شاڵاوی كرداره قێزه‌ونه‌كانی مرۆڤ له جه‌نگ و خوێن و ڕه‌نگی سوور بگرێت له‌و زه‌وییه‌ی كه شاعیر ده‌یه‌وێت بیگۆڕێته‌وه به زه‌وییه‌كی دی:
زه‌وییه‌ك هێنده‌ی ده‌ریاكان خوێنی به‌رهه‌م هێناوه
زه‌وییه‌ك هێنده‌ی وه‌رینی گه‌ڵاكانی پایز ئافره‌تی تێدا كوژراوه
هه‌موو ئاخێكی مرۆ هێمایه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م زه‌وییه
پێكه‌نین به سوتانی شاعیرێك ئاماژه‌یه بۆ تڕۆكردنی ئه‌م زه‌وییه
خۆكوشتن ترۆپكی سڕینه‌وه‌ی زه‌وییه له ته‌خته‌ڕه‌شی فه‌رامۆشیدا
بێده‌نگبوون له جه‌نگ، بێده‌نگبوونه له تارماییه‌كانی دۆزه‌خ. ل17-18
جوانیی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی شاعیر بۆ شوێن و زه‌وی له‌وه‌دایه، كه ئه‌م زه‌وییه‌ی نه‌به‌ستۆته‌وه به ناوێكی تایبه‌تی و دیاریكراوه‌وه، به‌ڵكو به شێوه‌یه‌كی گه‌ردوونی باسی له‌م حاڵه‌ت و بارودۆخه كردووه، كه هه‌ر شوێنێك ئه‌م شتانه‌ی تێدا ڕوو بدات، ئه‌وا شایه‌نی ئه‌وه‌یه جێی بهێڵیت و لێی ههڵیبێیت.
دواتر شاعیر ده‌مانخاته به‌رده‌م هاوكێشه‌یه‌ك، كه پێی وایه مرۆڤ ئه‌و كاته خۆی له‌ده‌ستده‌دات كه له زه‌وی و شوێنێكدا كه‌سێكی نائازاد و په‌راوێزخراو بێت، كه‌چی باس له جوانییه‌كانی ئه‌و زه‌وی و نیشتمانه بكات، لێره‌دا شاعیر سوودی له حاڵه‌تی دژیه‌كی (پارادۆكس) وه‌رگرتووه(دۆڕان و شكست- گۆرانی) هه‌ڵبه‌ته گۆرانی هه‌میشه بۆ سه‌ركه‌وتن و بردنه‌وه ده‌گوترێت، كه شاعیر ژیانكردنی له‌م زه‌وییه‌دا به دۆڕان زانیوه:
چ دۆڕانێكه شكستخواردوو بیت و گۆرانی بۆ ئه‌م زه‌وییه بێژییت
هێند پێم به‌ر گیای ئه‌م زه‌وییه كه‌وت مردم و زیندووبوومه‌وه
هێنده گوێبیستی تراژیدیا بووم خه‌نده‌م بیرچووه‌وه
_با_ وه‌ك منداڵیی بردمی و به دێوانه‌یی هاتمه‌وه!
-ئاو- وه‌ك عه‌شق هێند گومانی لا دروست كردم
كۆمبوومهوه به‌ئه‌ندازه‌ی به‌رد،
-باران- به‌و هه‌موو هێزه‌ی شۆردمیهوه و له بۆنی غه‌می ئه‌م زه‌وییه پاك نه‌بوومه‌وه
كوشتن، میزكرنه به رێساكانی ئه‌م ژیانه پووچه
خۆسوتاندن دواین گه‌مه‌یه كچه ته‌نیاكانی نیشتمان موعتادی بوون. ل19-20.
شاعیر (عومه‌ر جه‌لال) كاتێك ده‌یه‌وێت به‌ره‌و زه‌وییه‌كی دی بڕوات، هه‌موو شته‌كانی ئه‌و زه‌وییه جێده‌هێڵێت، كه بۆ ئه‌و هه‌ر مایه‌ی ئازار و نیگه‌رانیی قووڵ بوون و هیچ شتێك له‌م زه‌وییه كۆنه له‌گه‌ڵ خۆیدا نابات بۆ زه‌وییه‌كی دی، واتا كاتێك ده‌یه‌وێت بچێته‌وه ناو ناخی خۆی هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م زه‌وییه ده‌پچڕێنێت و په‌تی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌پسێنێت كه له‌گه‌ڵ زه‌ویدا به‌ستوویه‌تی، لێره‌دا ڕێك هه‌موو شته‌كانی نێو ئه‌و زه‌وییه‌ی كه تیایدا ژیاوه ئافه‌رۆز ده‌كات و له‌گه‌ڵ خۆیدا نایانبات بۆ زه‌وییه‌كی دی:
چ شه‌رمه تراژیدیا بۆ زه‌وییه‌كی دی به كۆڵ به‌رم
ئه‌م زه‌وییه شه‌رمه‌زارییه بۆ كه‌سێك
به‌ره‌و زه‌وییه‌كی دی بڕوات
من ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌وانی دیم
یه‌كه‌م كه‌سم ئه‌م زه‌وییه جێده‌هێڵم
یه‌كه‌م كه‌سم كۆڵانه‌كانی منداڵیی جێده‌هێڵم
پشت له‌و زه‌وییه ده‌كه‌م كه تێیدا ژیام. ل23-24
گرنگی ئه‌م ده‌قه له‌وه‌دایه كه شاعیر ته‌نیا به‌وه‌نده ڕازی نابێت ژیان له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه ڕه‌تبكاته‌وه و لێی هه‌ڵبێت، به‌ڵكو ئاسۆی زه‌وییه‌كی تر ده‌بینێت، زه‌وییه‌ك كه مرۆڤه‌كان تیایدا وه‌كو منداڵ به پاكی بژین و به عه‌شق هه‌ناسه بده‌ن و عاشقبوون شوناسی مرۆڤه‌كانی ناو ئه‌م زه‌وییه نوێیه بێت. (منداڵیی و عاشقبوون) له‌م ده‌قه‌دا هاوواتان، واتا منداڵ و عاشق له سیفه‌تی (پاكێتی)دا هاوبه‌شن، ئه‌مه‌ش به ڕاستزانینی ئه‌و وته‌یه‌یه كه ده‌ڵێت: ((بۆ ئه‌وه‌ی عاشق بین، ده‌بێت منداڵ بینه‌وه.)) ئه‌م زه‌وییه نوێیه گوزارشته له ناخی شاعیر و ئه‌و دنیا تایبه‌ته‌ی كه بۆ خۆی دروستی ده‌كات و له ناویدا ژیان ده‌كات. شیعریش پێش هه‌ر شت پرۆسه‌یه‌كه گرێدراوه به ناخی شاعیر و ئه‌و دنیا خوازه‌یه‌ی كه بۆ خۆی ده‌یخووڵقێنێت:
ئه‌ز، بوون و توانای خۆم كۆكردووه‌ته‌وه
زه‌وییه‌كی دیكه فه‌راهه‌م بكه‌م
زه‌وییه‌ك وه‌ك ئاسمان ته‌نیا منداڵیی لێ بژێت
زه‌وییه‌ك وه‌ك ئاو به‌ساده‌ییه‌وه بمبات
وه‌ك شیعرێكی نه‌مر به‌خوێندنه‌وه‌ی ته‌مه‌نم درێژتر بكات
زه‌وییه‌ك به‌بۆنی عه‌شق هه‌ناسه بده‌م!
شه‌ونمی سه‌ر گوڵه پهژمووردهكان خواردنه‌وه‌ی به‌یانیم بێت
جێگه‌م له‌ناو باران ڕاخرابێت
خۆرئاوابوون دواین هاوڕێی ته‌نیاییم بێت
زه‌وییه‌ك بۆنی خوێن و جه‌نگی تێدا نه‌بێت
ماڵه‌كانی له گه‌ڵا دروستكرابێت
مرۆڤه‌كانی شه‌هیدانی ڕێگای عه‌شق بن
چ بهخشندهییهكه له زه‌وییه‌كدا بژیت جه‌نگی تێدا نه‌بێت!
چ ئاسووده‌ییه‌كه له ماڵێك بژیت ته‌نیا خه‌یاڵ و بۆنی یاری تێدا بێت. ل18-19
كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح
سه‌رچاوه:
سفری ئه‌زموون، عومه‌ر جه‌لال، چاپخانه‌ی ژێنه‌ر، 2009.
* دلاله المكان فی ادب نجیب محفوڤ/ مجله اتحاد الكتاب/ عدد خاص (نجیب محفوڤ). http://kenanaonline.com/users/enteg/posts/98307
+ ئه‌م نووسینه له ژماره (97)ی گۆڤاری (گزنگ)دا بڵاو بۆته‌وه.