خه‌ونه‌که‌ی وه‌زير ئه‌بوبه‌کر کاروانی و بۆمبای ديالێکتان
موحسين جوامێر…….
له چاوپێکه‌وتنێکدا که ڕۆژنامه‌نووس محه‌مه‌د به‌رزه‌نجی له‌گه‌ڵ ئه‌بوبه‌کر کاروانی وه‌زيری هه‌رێم و پسپۆڕ له بواری گیروگرفت و چاره‌نووسی کوردا، کردوويه‌تی، له‌وه‌ڵامی پرسياری : ئایا دیدو تێڕوانینى به‌رێزتان چییه له‌مه‌ڕ سه‌ربه‌خۆییى كوردستان ؟ دا ده‌ڵێ : " من وه‌ك خۆم خه‌ون به‌سه‌ربه‌خۆییی كوردستانه‌وه ده‌بینم، هه‌ر چیشم له‌م پێناوه‌دا پێ بكرێت درێغى ناكه‌م، هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا دووساڵ ئه‌ندامى لێژنه‌ى باڵاى بزووتنه‌وه‌ى ڕاپرسى (ڕێفراندۆم) بووم و ئێسته‌يش ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى گشتیم، هیوادارم تا له ته‌مه‌ندام ئه‌و خه‌ونه بێته‌دى. پێم وایه سه‌ربه‌خۆیی مافێكى ڕه‌واو بێ چه‌ندوچوونى گه‌لى كوردستانه، نه‌ته‌وه‌ى ئێمه ئه‌م مافه‌ى لێ زه‌وت كراوه، هه‌ر له‌ڕێى گه‌یشتن به‌م مافه‌شه‌وه چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یى و قووڵى كێشه‌ى كورد ده‌كرێت. وايش ده‌بینم سه‌ربه‌خۆییی كوردستان پێداویستيیهكى ئیسلامى، دێموكراسى و ئابوورییه بۆ تێكڕاى ناوچه‌كه، نه‌ك هه‌ر بۆ گه‌لى كورد، هه‌وڵیش ده‌ده‌م له‌داهاتوودا له‌سه‌ر ئه‌مانه بنووسم و بووه‌ستم ".
به‌نده، ده ساڵێک ده‌بێ ئاشنايهتیم له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی مامۆستا کاروانيدا هه‌يه، نه‌ک به‌هۆی ديدار، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه، چونکه يهکديمان نه‌ده‌ناسی، به‌ڵکوو له ڕیگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی نووسينهکانیهوه. يه‌که‌م جار که ئه‌وم ديت ساڵی پار ( 2007 ) بوو، له کۆنفڕانسی ( کۆڕبه‌ندی هزری ئيسلامی ) ی که له‌نێوان 26 ـ 28 ی مانگی شوباتدا له هه‌ولێری پايتهخدا به‌سترا و کۆمه‌ڵێک له زانايانی غهیرهکورديش بانگێشت کرابوون. له‌وێدا، ئه‌ويش موحازهرهيهکی له‌باره‌ی کێشه و هه‌رای کورد، پێشکه‌ش کرد. هه‌ستم کرد ئه‌و پياوه دێوانه و شه‌يدای وڵاتهکهيهتی، هاوکات له سه‌رنجدان و خوێندنه‌وه‌ی بۆ مێژوو، ديسان له گرێدانی مه‌سه‌له‌که به کرۆک و گه‌وهه‌ری ئیسلامه‌وه، به پله‌ی زۆرناياب سه‌رکه‌وتوو بوو، هه‌ر خوايش بێعهيبه.
له‌م ڕۆژانه‌دا له‌گه‌ڵ دۆستێکدا به‌ته‌له‌فۆن قسه‌مان ده‌کرد، هه‌ردووکمان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه کۆک بووين که وڵات ته‌نيا يه‌ک خاوه‌نی نييه، هی هه‌موو ئه‌وانه‌يه که له‌سه‌ر ئه‌رز و له‌ژێر ئاسمانی‌دا ده‌ژین، هه‌موو دڵیان پێوه‌يه و حه‌ز ده‌که‌ن هه‌میشه پێشکه‌وتوو، سه‌رکه‌وتوو و له‌به‌ردڵان بێت. نه من، نه تۆ و نه ئه‌وی دی، مافی ئه‌وه‌مان نییه به‌چاوی هوتێل سه‌يری ئه‌م کوردستانه بکه‌ين، ناشبێ به ناوی يه‌ک لايه‌ن تاپۆ و قۆرخ بکرێ و ئه‌وانی ديکهیش به ( سير بخۆ و زوڕنا لێ ده ) له قهوچهيان بدرێته‌وه . سه‌يری تورکيا بکه، چه‌پ و ڕاست، ئيسلامی و عه‌لمانی، ئينسانی و فاشست، هه‌موو له زيکر و فيکری وڵاتی خۆيانن. له هه‌ستی نه‌ته‌وايه‌تی و عه‌شقی تورکيادا، هه‌موو يه‌کسانن و يه‌ک گۆرانی ده‌چڕن، که‌سێک فه‌زڵی به‌سه‌ر ئهویديکهدا نییه. هه‌ر ئهمهيشه وای کردووه، ئه‌و وڵاته بێنهوته، له زۆر ڕووه‌وه، گره‌و له گشت وڵاته نه‌وتييه‌کانی ناوچه‌که بباته‌وه و پێشکهوتووترينيان بێت و هاوکات ببێته سه‌یرانگه‌ی هه‌موو دنيايش. سه‌دان له‌هجه‌ی هه‌يه، وه‌لێ زمانی ئه‌سته‌نبۆڵی هه‌م دايکه و هه‌م باب. له‌م سه‌ری تورکياوه تا ئه‌وسه‌ری کێوماڵ بکه، نا‌بینیت وشه‌يه‌کی تورکی به دوو شێوه نووسرابێت.
مامۆستا کاروانیی وه‌زير خه‌ون به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردييه‌وه ده‌بینێ، ئاواته‌خوازه له‌حاڵی حهياتيشدا بيبينێت. زاته‌ن سه‌رله‌به‌ری مرۆڤايه‌تی ـ به گه‌وره و بچووکه‌وه ـ خهونيان به ئهشتانهوه ديوه و ده‌بینن، مرۆڤه به‌رزه‌کان، وه‌ک ئهنیشتاين، نۆبێل، نه‌جيب مه‌حفووز، نيلسۆن ماندێلا، خانی، گۆران، بارزانی، قازی محه‌مه‌د، موفتی زاده، له‌يلا زانا و ئيسماعیل بێشکچی، هه‌ر يه‌که و خه‌ونی به شتێکه‌وه ديت و ئه‌وجا به‌پێی ئه‌و هه‌وڵه‌ی دای و ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی بۆی ڕه‌خسا، به‌ری باخی خه‌باته‌که‌ی چنی و هاوکات په‌يامه‌که‌ی بۆ دوای خۆی جێ هێشت و خۆيشی لێیدا ڕۆيشت، ئه‌وی ماويشه؛ به‌رده‌وامه. ئه‌م دنیايه بۆ هه‌ر شتێک ياسايه‌کی نه‌گۆڕی هه‌يه، هه‌ر که له‌گه‌ڵیدا سوڵحای، سه‌رکه‌وتوویت، که لێیت لادا و عیناد و لاسار بوويت، ئیمکانی نییه زيانت پێ نهگهيهنێ و ـ هه‌ر هیچ نه‌بێ ـ ڕێی نزیکت لێ دوور ده‌کاته‌وه. بۆ نموونه، هه‌موو زانا و دانای کۆمه‌ڵناس و زمان‌ناس، له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که مانه‌وه‌ی هه‌ر گه‌لێک به يه‌کميلله‌ت له‌سه‌ر سێکوچکه‌ی بنه‌ڕه‌ت : زمانی هاوبه‌ش، خاک و هه‌ستی هاوبه‌ش وه‌ستاوه، له‌م به‌ستێنه‌شدا ( زمانی هاوبه‌ش ) هه‌وێنه و تاکه توخمی هه‌ره گرنگ و سه‌ره‌کییه که که‌سايه‌تیی تايبه‌ت و خۆماڵهی خۆتت پێ ده‌به‌خشێت. له‌وانه‌يه خاکێک چه‌ندين نه‌ته‌وه و زمان کۆ بکاته‌وه، به‌ڵام زمانێکی هاوبه‌ش يه‌ک نه‌ته‌وه‌ی تايبه‌ت کۆ ده‌کاته‌وه و هه‌مووان هاوئاهه‌نگ و هاوهه‌ست ده‌کات. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا باس له زمانی دووه‌م و سێیه‌می ده‌ر و دراوسێ و دين ناکرێت، چونکه ئه‌مه‌يان بابه‌تێکی ديکه‌يه و سه‌رباره.
خه‌ونه‌که‌ی هێژا کاروانی، ئه‌گه‌ر پێش بیست ساڵ بيديايه، زێتر هيوابه‌خش بوو، چونکه ئه‌وسا بنه‌ماکه‌ی پته‌وتر بوو و سه‌رده‌می شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ ئه‌م زمانه يه‌کگرتووه‌ی ته‌مه‌نی له داره‌که‌ی قه‌ره‌داغ درێژتره و سه‌روبه‌ندی بانگه‌واز بۆ پڕۆژه‌ی ( ده‌کرێت بادينان بکرێته ده‌روازه‌ی پاراستنی ديالێکتی کرمانجی ) که له تهلهفزيۆنێکی دهۆک پێشکه‌ش ده‌کرێت، ده‌ستی پێ نه‌کردبوو، بگره پێیشی پێ نه‌کردبوو. پڕۆژه و دروشمی ئاوه‌ها، به‌ڕواڵه‌ت به شیعر و په‌ندێکی موقه‌دده‌س ده‌چێ و هه‌ر ده‌ڵێی ( ئه‌ی ڕه‌قيب ) و ( نازدار حه‌يران ) ه، که‌چی له ناواخنهکهيدا ـ بۆ نه‌ژادی کورد ـ وه‌ک بۆمبای ئهتۆمييه.
له‌کاتێکدا ده‌با ئه‌و براده‌رانه‌ی دهۆک ده‌رز و پهنديان له برا تورکه‌کان وه‌ربگرتايه، له‌وه‌ی کاتێ کۆماری سۆڤيه‌ت لهبهريهک هه‌ڵوه‌شايه‌وه، يه‌که‌م کاری وان ئه‌وه بوو به‌رنامه‌ی خوێندنی تورکیايان بۆ کۆماره تورکه‌کانی قه‌وقاس هه‌نارد، بۆ نزيککردنهوهی تورکانی ئه‌وێ له زمانی ئه‌سته‌نبۆڵی دايک، که‌سيش له‌وێ نهيگوت ئه‌وه ده‌يانه‌وێ داگیرمان بکه‌ن، هه‌روه‌ک هێندێ کورد به زمانی يه‌کگرتوو ده‌ڵێن ئیمپريالیزمی سۆرانی. له دهۆک که دوو سه‌عاتێک له هه‌ولێره‌وه دووره، به‌بيانووی ئه‌وه‌ی سۆرانی صهعبه، شه‌ق له زمانی يه‌کگرتوو ده‌درێ، ده‌ست ده بینی ده‌نرێ و بێگانهبهدهری پێ ده‌وترێت، وه‌لێ ده‌رکه بۆ تورکی، ئه‌ڵمانی و ئێديکه ئاوهڵايه. له بهرژهونديی کوردا نييه، دهۆک خۆی له به‌شی کوردستانی فيدڕاڵ که هاوژينه له‌گه‌ڵيدا، داببڕێت، به‌و تهمايهی به‌شێکی ديکه ئاوه‌دان بکاته‌وه، ئه‌ويش له‌سه‌ر هيمێکی ناکوردانه‌ی هه‌ڵه‌ی پڕ له‌په‌ڵه که بریتييه له قووتکرنهوهی لههجهيهکی ديکه. ئه‌م کاره وا ده‌کا، هه‌م کوردی دهۆک زێتر له شاره‌کانی ديکه‌ی باشووری کوردستان، دوور بکه‌ونه‌وه و ئه‌ونده‌ی له‌سايه‌ی ئیمپیريالیزمی سۆرانی‌دا له‌يه‌ک ده‌گه‌يشتن، ئه‌وه‌يش نه‌مێنێت، هه‌ميش هیچيان بۆ ئه‌وێ پێ ناکرێت.. ئه‌سڵه‌ن ئه‌گه‌ر کوردايهتی بێ، ئه‌وه کوردانی تورکيا تازه حاڵیان گرتووه و گهرمهتهريقن، خۆ ئێمه و دهۆکی هیچمان پێ نه‌ماوه تا بياندهينێ.
تازه ياداشتنامهيهکم به ئیمێڵ وه‌رگرت، بريتييه له هاوارێک، چوارده خاڵی تێدا هاتوون که هه‌مووی داخوازين بۆ باشترکردنی ژيانی گه‌لی کوردی فهيلیمان له ئێراق و کوردستاندا، له هه‌موو ڕوويێکهوه، ئه‌وجا داوای ئیمزاکردنی ده‌کات، بۆ پشتگیری لێکردنی. هه‌ڵبه‌ت، داخوازييهکان ڕه‌وان، وه‌لێ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی پياو ڕاده‌کێشێ، خاڵی دووازدهمينه که تێیدا داوا ده‌کرێ له‌هجه‌ی فه‌يلی له قوتابخانهکانياندا بخوێندرێت و بکرێ به‌ڕه‌سمی، له‌کاتێکدا هه‌ر ئه‌و خوشک و برا فهيلييانه بوون که دوای 1970 وانه‌ی کوردييان به زمانی يه‌کگرتوو ده‌خوێند. من له‌و بڕوايه‌دام، خزمانی فهيليمان ئێسته‌يش به زمانی يه‌کگرتوومان ناڵێن : نه‌خێر. ئه‌وه‌م ته‌نيا بۆ نموونه هێنايه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی مشوورخۆرانی کوردستان له‌م خاڵه‌دا پێ دابگرن و به‌هیچ کلۆجێک مساوه‌مه‌ی له‌سه‌ر نه‌کرێت و له‌لايه‌ن هيچ لايه‌نێکه‌وه، قابیلی موناقه‌شه نه‌بێت، ماده‌م خۆيان به‌کورد ده‌زانن، ئه‌گه‌ر نا ده‌بێ کوردان ـ به‌لای که‌مییه‌وه ـ به 21 له‌هجه بخوێنن. چونک ئه‌گه‌ر سهرانمان خودان هه‌ڵوێست نه‌بن و زوو به‌ر له‌م شه‌پۆڵی لههجهخوازييهی له‌زگه ببێته بهڵايهکی ناگه‌هان و هۆکارێکی خه‌ته‌رناک بۆ لهيهکنهگهيشتنی کوردان و دهۆکیش ـ وه‌ک ده‌ستپێک ـ ببێته ديواری يه‌که‌می به‌ڕلینی نێوان باکوور و باشووری کوردستان، ئه‌وه نه‌ک هه‌ر ده‌وڵه‌تمان نابێ، بگره له‌وانه‌یه دوای بیست سال له خه‌ونه‌که‌ی وه‌زيری به‌ڕێز ئه‌بوبه‌کر کاروانی؛ قانوونی موحافهزاتيش نه‌توانێت گرد و کۆمان بکاته‌وه. هه‌ر هه‌وڵێکیش بۆ خۆئيقناعکردن به‌وه‌ی کات کهفيله به حه‌لکردنی ئه‌م کێشه‌يه، ئه‌وه ترۆپکی خۆخافڵاندن، خۆخه‌ڵه‌تاندن و خۆخاپاندنه و خاوهنهکهيشی ـ بهئیمتيياز ـ پله‌ی خڵه‌فاوی پێ ده‌بڕێت.
2008/04/15
mohsinjwamir@hotmail.com