دیسانەوە ئیسلامی سیاسی فێڵمان لێدەکات
دیسانەوە ئیسلامی سیاسی فێڵمان لێدەکات، دیسانەوە دەیەوێت پێمان بڵێت: ئاها من دیموکراسیم و دژی یاسای پیرۆزیەکان دەنگمداوە..بەداخەوە بەشێک لەهاوڕێ نوسەرەکانمان بەم هەڵوێستە سەرسامن، بەڵام ئەو هەموو کارکردنی یەکگرتووی ئیسلامی نابینین لەم کۆمەڵگەیەدا کردویەتی، کەئێستا بەفۆرمێک لەفۆرمەکان هەولێر و سلێمانی بەدەست مەلاو یاسا نەنوسراوەکانیانەوە وەک قەندەهاریکی نەبینراوی لێهاتووە. لەخوتبەی مزگەوتەوە بیگرە تاوەکو زۆربوونی حیجاب و هەڵگێڕانەوەی عەیبە و تابۆ سروشتیەکان بۆ عەیبە و تابۆی ئیسلامەوی، لەدیاریکردنی نەهی و مونکەرەوە بیگرە تادەگاتە ئاهەنگی گشتی داعیەکان کەڕێگاکانی بەهەشت و جەهەنەم بۆ خەڵک دیاریدەکەن، تادەگاتە زەواجی بەکۆمەڵ و زۆر خورافاتی دیکە خەریکە تەواوی جوگرافیای ئەم دەڤەرە داگیربکات. یەکگرتوو زیرەکانە کاردەکات ودەزانێت چۆن موخاتەبەی ساویلەکەی ودڵ سافی ڕۆشنبیرانی جیدی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات، ڕاستە دژی یاسای پیرۆزی دەنگیداوە، بەڵام هەزارەها داعیەی بۆ داناوی کەیاساکە بەفیعلی لەنێو خەڵکدا پراکتیزەدەکەن، هەزارەها مەلای بۆ داناوی کەبەگوێچکەی منداڵ و گەنج و ژن و پیاوی ئەم کۆمەڵگەیەدا دەچرپێنن، بەوەی ئەدیبەکان کوفر بڵاودەکەنەوە و دیوانە شیعریەکان کەرامەتی ئیسلام بریندار دەکەن. ئیسلامیەکان بەهەزارەها خەڵک لەسەر ڕیتمی مۆدیلی ئیسلامیەکانی دەوڵەتانی عەرەبی لەسەر فلیمێکی بێمانا وناوەڕۆک دەڕژێنە سەرجادە، بێگومان ئەمەش مۆدیلیکی دیکەی تازە وڵاتانی عەرەبی بوو بەسەرکەوتوویی لەکوردستاندا ئەنجامیاندا. ئاوەها بەناڕاستەوخۆ ئاماژەدەدەن بەدەسەڵاتی حکومی وئەکتیڤیستەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وڕۆشنبیران، کەئێمە دەتوانین بەهەزارەها خەڵک مۆبیلاریزەبکەین لەدژی هەر شتێک بەدڵی ئێمە نەبێت، ئیدی یاسا هەبێت یان نا، ئەوا ئەوان بەعەمەلی لەسەر جادە پراکتیزەیان کردووە، ئیدی یاسا بۆ هەبێت بۆ پاراستنی پیرۆزی، کەئەوان مرۆڤیان بۆ پاراستنی پیرۆزی دروستکردبێت. لێرەوە من لەدیوی نەگوتراوی ئەو دەستەواژەیەی یەکگرتوو تێدەگەم.
بەڵام لەسەرێکی دیکەوە ڕۆڵی ئەم نمایشە جوان دابەشکراوە، وەک چۆن (غەنوشی) لەتونس کردی، بەوەی، کەئەوە سەلەفیەکانن تۆزێک توندن وئەوەش ئێمەی ئیسلامی میانڕەوین کەلەگەڵ دنیای دیموکراسیداین، ئاوەها لەکوردستانی ئێمەش هەمان سیناریۆ خۆی دووبارەدەکاتەوە، بەوەی ئەمیان کەبزوتنەوە و کۆمەڵن لەگەڵ یاسای پاراستنی پیرۆزیەکانن و ئەویتر کەیەکگرتووە ڕەتیدەکاتەوە، ئاوەها ڕۆڵەکان دابەشدەکرێن، بێگومان بۆ بەرخواردنی جەماوەری ئیسلامی وڕازیکردنی ڕۆشنبیران، ئاوەها ئیسلامی سیاسی بەڕێکخراوەیی کاردەکات وڕۆڵەکان دابەشدەکات، بەجۆرێک بەسەر زۆربەی نوسەرانی جیدی ئەم کۆمەڵگەیەدا تێپەڕ دەبێت، ئیسلامی سیاسی لەکوردستاندا بەرەیەکی ڕێکی پێکهیناوە و کار بۆ داهاتوو دەکات کەیەکێک لەسەر مۆدێلی (موحەمەد مورسی و غەنوشی) بۆ کورد دروستبکات، بۆئەمەش دەبێت پۆپۆلیست و شەعبی بێت وهەموو دەنگەکان ڕازیبکات. من پێموایە ئیسلامیەکان لەژیانی ناوخۆی خۆیاندا شتێکن ولەنمایشکردنی دیموکراسیەتدا شتێکی دیکە، ئاوەها ئیسلامی سیاسی پیشەی بووە، دیموکراسیەت بەکاربهێنێت بۆ لێدانی دیموکراسی، زیرەکانە دێت وبەبەرگی مەدەنیەتەوە نمایشی خۆیت بۆدەکات، ئێمە لەو وەهمەدا جێدەهێڵێ کەئەوان دیموکراسین و ئێمەش، لەنێو ئیسلامۆفۆبیای خۆماندا لەچەمکی تۆلەرانس و لێبوردەیی تێناگەین.
کاری ئیسلامی سیاسی هەرگیز لەسەر سیاسەت نەبووە، بەڵکو لەسەر کۆمەڵگە، ئەمەش جیاکەرەوەی ئیسلامیەکانە لەهێزە سیاسیەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگەی کوردی. نەریتی نوێ دادەمەزرێنێت، بۆ نمونە نەریتە ئاینیەکان تۆخدەکاتەوە ودەیانکاتە نەریتی کۆمەڵگە، کەشیگەرایی وتەقسی نوێ دەهێنێتە ئاراوە، لەزەواجی بەکۆمەڵ بۆ ئەندامەکانیانەوە بیگرە، تادەگاتە پارەبەخشین بۆ هاندانی باڵاپۆشی و تۆخکردنەوەی عەیبەکان ودیاریکردنی ڕێگەکانی بەهەشت لەڕێگەی داعیەکانیان وتەنانەت ڕێنیشاندەندری مومارەسەی سێکسوالیەت لەسەر ڕیتمەکانی ئەوان و فرەژنی و زۆریتریش. ئاوەها ئیسلامی سیاسی پێشئەوەی بچێتە نێو گەمەی هەڵبژاردنەوە دەستکاری خودی دەنگدەری کردووە نەک سندوقی هەڵبژاردن، بەمەش گەر لەهەڵبژاردنیشدا بدۆڕێت بێباکە، چونکە کاری ئەو کارکردنە لەسەر شتروکتوری کۆمەڵایەتی، ڕاستدەکەن کاری ئەوان لەسەر مرۆڤە، کەمرۆڤ برایەوە دەنگیش دەبرێتەوە بەڵام لێزانانە و ئاقڵانە ئەم کارە دەکەن، بەوەی نەریتی تازە دروستدەکەن و تابۆی تازە دادەهێنن و شتروکتوری کۆمەڵگە وەها دەستکاری دەکەن کەزەمانەتی گوشاری گەورە بکەن بۆسەر هەر دەسەڵاتێکی سیاسی. دیارە ئەوەی کار لەسەر کۆمەڵگە بکات سیاسەتیش دەباتەوە. ئیسلامی سیاسی سەرەتا بەهێمنی دادەبەزێتە نێو ئەو کۆمەڵگانەی دیموکراسیەت تێدا لەبارێکی ناجێگیردایەو لەدروستبووندایە، وەک نمونەی میسر وتونس لەدوای بەهاری عەرەبی، ئیدی بەشێوەیەک کاردەکات کەجەوهەرە (دیسپۆتە ئاینیەکەی) داپۆشێت وبەجلی مۆدێرنەوە نمایشی خۆیدەکات. ماسکی ئیسلامیەکان تاوەکو دەگەنە حوکمکردن، ماسکی مەدەنیەت ودیموکراسیەتە، کەدەچنە سەر حوکم سەرەتا بەهەمان ڕیتم کاردەکەن، کەڕەوتێکی هێمن و لەسەرخۆیە، وردە وردە دەچنە نێو وردەکاریەکانی کۆمەڵگەوە، ئیدی ئاوەها وەک چۆن لەئەزمونی ئێرانیدا بینیمان، سەرەتا لەگەڵ هەموو هێزەکاندا دەکەونە گفتوگۆ، تەنانەت کۆمەنیستەکانیش، کەدێنە سەر حوکم وسوپا ودەزگا ئەمنیەکان دەچێتە ژێردەستیان، ئەوسا هاوکێشەکە قڵپدەکەنەوە، ئەم مەترسیە دەبێت هەمیشە لەبەر چاوبێت.
ئیسلامی سیاسی تەنها گوتارێکی سیاسی نییە، بتوانێت گفتوگۆی جیدی بکات لەگەڵ بەها دیموکراسیەکان، بەڵکو جیهانبینەیەکی تەواو و پڕاوپڕە لەسیاسەتەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە چۆنێتی قونگ شوشتمان لەئاودەستەکاندا ودرێژدەبێتەوە بۆنێو هەڵسوکەوتمان لەسەر جێگادا. کاتی ئەوە هاتووە لەوەتێبگەین وەهمە دیموکراسیبوونی ئیسلامی سیاسی بەجۆرەی دیموکراسیەت دەیەوێت، چونکە لەبنەڕەتدا ئیسلام ودیموکراسی دووچەمکی پڕگرفتن. ڕاستە ئەوە دۆزی گەندەڵی وستەمکاری سیاسی وکۆمەڵایەتی وکەڵەکەبوونی کێشەکانە وەهای کردووە، کەئەم کۆمەڵگەیە بەرەو حاڵەتێک بڕوات کەدەتوانم بە دیکادێنز (داڕزان / Dekadenz) ناویبەم. داڕزانێکی مەترسیدار لەئاستی پەیوەندی نێوان سیاسەت بەکۆمەڵگەوە، سیاسەت بەحکومەتەوە وکۆمەڵگەش لەنێو خۆیدا وسیاسەت بەکۆی بەهاکانەوە. لەم کەلێنەوە ئیسلامی سیاسی پەیدادەبێت وخۆی وەک تاکەچارەسەر نمایشدەکات، لەکاتی ونبوونی فەزیلەتە کۆمەڵایەتیەکاندا، کەسیاسەت لەم دەڤەرەدا ناشرینی کردووە، فەزیلەتە ئیسلامەویەکان وەک ئایدۆلۆژیایەکی کۆمەڵایەتی خۆی بۆ کۆمەڵگە تەرحدەکات، دیارە وەک چارەسەر و فریادڕەسێک بۆ کۆمەڵگەیەک کەدیسپۆتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەژاری هەناسەی لەبەر بڕیوە.
لەیازدەی سێپتەمبەرەوە وێنەی ئیسلامی سیاسی بەدووجۆر دەردەکەوێت، دەم وچاوێک تیرۆرە ودەم چاوی دووهەم مۆدیرن ودیموکراسیخوازە. یەکەمیان زۆر زوو لەئەشکەوتەکانی تۆرابۆرا قەتیسدەبێت، بەڵام دووهەمیان لەژێر چەتری ئیلهامبەخشی یەکەم درێژە بەخۆی دەدات. دەم وچاوی مۆدێرنی ئیسلامی سیاسی ئەو کاتە دەرکەوت کەئەوانەی خۆیان کێشا بەدووتاوەرەکەدا، خوێندکاری زانکۆی هامبۆرگ بوون و خەڵکانی خاوەن بڕوانامە بوون، لەهەمانکاتیشدا ئەوانە چەند دانەیەکن لەو سوپا خاوەن بڕوانامە گەورانەی کە ئیسلامی سیاسی لەگەڵ خۆیدا دەیانهێنێتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسیەوە، سەیر لەوەدایە هەموو ئەم خاوەن بڕوانامانە لەلایەن شێخەکانی وەک ئوسامە وزەواهریەوە ڕێبەرایەتی دەکرێن. لێرەوە مۆدێلی ئیسلامی سیاسی مۆدێلی سوپایەکە لەبەکاربەرانی زانستی نوێ بەڵام بەئەقڵیەت وترادیسیۆن ونەریتی کۆنەخوازی ئیسلامیەوە. ئەم سوپایە دەمێکە کاری بۆکراوە وکاری بۆدەکرێت، ئەم سوپایە لەخاوەن پیشەوە دەستپێدەکات تاوەکو داعیەکان و تاوەکو دەگاتە بانقە ئیسلامی و یەکەنیشتجێبووەکان وکەناڵەکانی میدیای ئیسلامی و دروستبوونی دیاردەی پۆپ ئیسلامیزم. لەڕووی فیکریشەوە ئیسلامی سیاسی دەیەوێت ڕۆژهەڵات زەقبکاتەوە لەبەرامبەر ڕۆژئاوا، دەیەوێت جیاوازیەکانی نێوان ئەم دوودونیایە زەقبکاتەوە، بەجۆرێک هەمان مۆدیلی کۆنینە پراکتیزە بکات کەلەمێژووی دێرینی ئیسلام بوونی هەبووە، ئەویش مێژووی ململانێی ئەبەدی نێوان ئیسلام وخاچپەرستەکانە. ئەم شیوازی بیرکردنەوەیە بەئاشکرا تەعبیر لەخۆی ناکات، بەڵکو لەشێوازێکی دیکەوە کاردەکات، زۆرانبازی لەئەقڵی ئیسلامی سیاسیدا هێرشی خاچپەرستیە بۆسەر ئیسلام، هێرشی خاجپەرستیش لای ئیسلامیەکان بەرگی عیلمانی پۆشیوە، بەمەش سیکۆلار وخاچپەرستی دەخەنە یەک خانەوە، ئاوەها ئەم ئەقڵە چەمکی عەلمانیەت دەکاتە چەمکێکی ئاینی.
ئەوەی ئیسلامی سیاسی نمایشیدەکات شتێکە وئەوەشی لەنێوخۆیدا بیریلێدەکاتەوە شتێکی دیکەیە، ئەوەی دەردەکەوێت شتێکە وئەوەشی بوونە وەک بوونی ڕاستەقینە، شتێکی دیکەیە. بەڕیزانم لەم دۆزەدا، لەنێوان نمایش ودەرکەوتن وبوون وجەوهەری ڕاستەقینەی شتەکاندا جیاوازی هەیە. بەمانای مەرج نییە ئەوەی دەردەکەوێت تەعبیربێت لەجەوهەری ڕاستەقینەی شتەکان، لەبەرئەوە من گاڵتەم بەو هەرا گەورەیە دێت کەهەندێك لەنوسەران بەناوی چەمکی تۆلەرانس (لێبوردەیی) بانگەشەی بۆدەکەن، هەرخێرا لەگەڵ هەڵوێستی یەکگرتوودا بەڕەتکردنەوەی یاسای پیرۆزیە ئاینیەکان، بۆ سەلماندنی بیروڕاکانیان دەربارەی ئیسلامی سیاسی کەوتنە دەستخۆشی و هاواری ئەوەی، کەئاها ئیسلامی سیاسی چەندە دیموکراسیە، من گاڵتەم بەو مرۆڤانە دێت بە دەرکەوتن Schein هەڵدەخەڵتێن و بوون Sein ڕاستەقینەی شتەکان فەرامۆشدەکەن.
من پێموایە ئەمەی ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی دەیکات لەدوای بەهاری عەرەبی سەرەتایەکە بۆ دروستکردنی هێڵێکی گەورەی سونە لەناوچەکەدا، لەبەرامبەر ئەو هێڵە شیعیەی ساڵەهایە لەئێرانەوە درێژبۆتەوە تا ئێراق ولەوێشەوە بۆ حیزبوڵا. ئیخوانەکان لەمیسر وتونس وتەنانەت لەنێو سوپای ئازادی سوریادا هەوڵی قایمکردنی پێیەکانی خۆیان دەکەن لەسەر زەویەک کەخۆیان کاری بۆدەکەن، ئەوان لەماسکی ئۆپۆزیسیۆن بوون ولەگەڵ خەڵکدا ڕادەپەڕن ولەدوایشدا یاساکانی ئاین دەکەنە باڵادەستی یاسا سروشتیەکان. بەمانای ئیدیالەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی گەر لەئێستادا لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا یەکبگرێتەوە، یان لەگەڵ حکومەتدا یەکبگرێتەوە، ئەو ڕاستیە ناشارێتەوە کەئەم پارتانە هۆکاری دروستبوونیان سەرخستنی (ئیدۆلە ئیسلامەویەکانە) بەهەموو دووریەکانیەوە. ئیدی بۆ لەگەڵ یەکەم هەنگاوی تاکتیکی ئەوان، هاوڕی نوسەرەکانم پێیان هەڵبخەڵتێن موبارەکەیان بکەن!، وەک ئەوەی بەیعەیان بۆ تازەبکەنەوە، ئاوەها بکەونە هەراو بانگەشە بۆیان. ئەم پشتگیریە خۆی لەخۆیدا، چاونوقاندنە لەوجەوهەرە ئیسلامگەراییە سیاسیەی کەلەمیسرو تونس لەهەموو لایەکەوە پەلاماری دیموکراتیەتێک دەدات، کەهێشتا لەدوای بەهاری عەرەبی لەئەزموندایە. نامەوێت ئەم کورتە نوسینە بەوە لێکبدرێتەوە، کەمن هەنگاوی مەدەنیانەی ئیسلامیەکان بەهەند وەرناگرم، بەڵام بێدەنگیەکی پڕ گومانم پێ باشتر بوو وەک لەپشتگیری کوێرانەی ئیسلامیەکان. دەبێت چاودێریەکی ئەزمونەکەیان بکەین نەک بانگەشەیان بۆبکەین، تێیان بگەین نەک پەلەبکەین لەبەیعەدا بۆیان. لەهەمانکاتیشدا من خۆم ئەوەندە گەشبین نیم کەئەمانم لێ ببێتە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە، ئەمە موستەحیلە لەژێر سایەی ئیسلامیەکانەدا ڕووبدات، بەڵام بەپێچەوانەوە ڕاستە، کەلەژێر سایەتی سوستێمی سێکولاردا ئاینەکان ئازادیان پارێزراوە، میسر وتونس نمونەیەکی بەرچاون وفەزیحەکانی ئیسلامیەکانی ڕەدوکەوتی موحەمەد مورسی وسەلەفیەکانی تونس دیار و ئاشکران. ئاوەها من گاڵتەم بەو دەنگانە دێت ماوەیەکە دەیانەوێت ئیسلامیەکانمان لێ بکەنە ئۆپۆزیسیۆن، کەخۆیان باش دەزانن کەی خەڵک دەخەنە سەر جادە وکەیش ملیۆن دۆلار قەرەبوو وەردەگرن لەحکومەت، تاوێک لەمبەرن وتاوێکیش لەوبەر..ئەمە جارێ خورافاتی سەیر سەیر و چیرۆکی خوتببێژەکانیان لەولاوە بوەستێت کەجەوهەری خۆیان بێ ڕتوش ئاشکرادەکەن. ئەو ڕقەی ئیسلامی سیاسی هەیەتی لەبەرامبەر ئەدەب وهونەری جیدی، ڕقێکە بەناوی پاراستنی پیرۆزیەکان تەعبیر لەخۆیدەکات، ئەمانە هەموو جارێک کێشەیەک دەنێنەوە وهەر جارەی دیوانێک کۆدەکەنەو وئەدیبێک تەکفیر دەکەن، نمونەکانیش زۆرن.
ئەم یاسایەش کەئێستا یەکگرتوو ڕەتیکردۆتەوە وکۆمەڵ وبزوتنەوە لەگەڵیدان، بەشێکە لەوئەقڵە سیینزمە (گاڵتەجاڕیەی) ئیسلامیەکان، لەلایەک موخاتەبەی ئەقڵیەتی سادەی هەندێک نوسەردەکەن، بەوەی ئەمان توانای دیموکراسیبوونیان هەیە ومرۆڤیان لەلاگرنگە ولەلایەکی دیکەشەوە خوتبەبێژەکان لەمزگەوت و شوێنە گشتیەکاندا شتێکی دیکە دەڵێن، ئەم ئیسلامە سیاسیە هەڵگری دووفاقیەکی مەترسیدارە، نابێت ئاوا بەسادەیی پێی هەڵخەڵەتێین. ئەم بانگەشە مەترسیدارە بۆ ئیسلامی سیاسی لەلایەن هاوڕی نوسەرەکانمەوە وپەلەکردنەیان دوورە لەهەموو تێگەیشتنێکی فیکری دەربارەی ئەزمونی ئیسلامیەکان. ئەو دەستخۆشیە لەپڕو جاڕدانە بۆ ئیسلامیەکان لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا کەلەگەڵ نۆرمەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا بگونجێت، تەنها بۆ سەلماندنی ئەو تێزە هەڵەیەیە گوایە، ئەوە هێزە عەلمانیەکانن تاوەکو ئێستا ماڵوێرانیان بەسەر ناوچەکەدا هێناوە، نەک ئیسلامیەکان. لەکاتێکدا ئەمە بەدەنگی بەرز دەگوترێت، بەجۆرێک، ڕژێمی بەعس وسەدامیان وەک هێزیکی عەلمانی پێناسەکردووە. ئەم سادەکردنەوەی سێکۆلاریزم وئەزمونی دیموکراسی بۆ چەند دێڕێکی ئاوەها سادەی سیاسی، ئاماژەیە بۆ ئەو تێنەگەیشتنە لەجەوهەری سێکۆلاریزم ولەهەمانکاتیشدا جەوهەری ئیسلامی سیاسی، ولەدواجاریشدا تێنەگەیشتنە لەپەیوەندی نێوان خواوەند ومرۆڤ، دنیای فانی و دونیای ئەبەدیەت. ئەمانە بەم سادەگۆیی ودەستخۆشیە لەپڕانە جگە لەڕێخۆشکردن نەبێت بۆ گەمەی دووفاقی ئیسلامیەکان هیچیتر ناکەن، ئیسلامیەکان لەم گەمەیەدا وەستاو کارامەن وئەزمونیان هەیە، لەسەرێکەوە خۆیان مەسەلەکان دەهاروژێنن ولەلایەکی دیکەوە بەشیکیان لەگەڵ تێزیکدان وبەشێکی دیکەشیان دژی دەوستنەوە، دیارە ئەم فرسەتە لەکیسنادەن بۆئەوەی بەئێمە بڵێن: ئاها ئێمە چەندە بڕوامان بەچەمکی جیاوازی بیروڕا هەیە، ئەوەتا بزوتنەوە وکۆمەڵ لەگەڵ یاسای پاراستنی پیرۆزیدان ویەکگرتووش لەپێناو بەهاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕەتیکردەوە، ئەمە بۆ ئەوەیە بڵێن: کوا کامە هێزی سێکولار لەم دەڤەرەدا ئاوەها جێگەی ئەم جیاوازیە جوانەی تێدا دەبێتەوە، سەیر لەوەدایە هاوڕێ نوسەرەکانمان بەپەلە دەستخۆشی لەم گەمەیە دەکەن، باشتر وایە بەهێمنیەوە، بەگومانێکی ئەقڵانیەوە لەئیسلامیەکان بڕوانین…