مارو مرۆڤ …. نیکۆلای ڕاینۆڤ
جارێکیان دو برا هه‌بوون، هه‌ردووکیان خێزانداربوون، به‌ڵام له‌یه‌ک خانوودا ده‌ژیان. دوای ئه‌وه‌ی باوکیان ئه‌مرێت، له‌یه‌کتر جیا ئه‌بنه‌وه‌و خانوه‌که‌و هه‌روه‌ها باخچه‌که‌ش دابه‌ش ئه‌که‌ن.
له باخچه‌ی به‌شی یه‌کێک له براکاندا دارهه‌رمێیه‌کی لێ‌بوو، که مارێک له‌ژێر ڕه‌گه‌کانیدا هێلانه‌ی کردبوو.
جارێک پێکه‌وه له‌بن دارهه‌رمێ که‌دا بۆ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ کۆبووبوونه‌وه. له‌دوای ئه‌وه‌ی، که ته‌واو بوون، قاپێکی پڕ له شیریان به‌جێهێشت. هه‌رکه ئه‌وان ڕۆیشتن ماره‌که هاته ده‌ره‌وه شیره‌که‌ی خوارده‌وه‌و پارچه‌یه‌ک ئاڵتونی فڕێ دایه ناو قاپه‌که.
له‌دوای ئه‌وه‌وه هه‌موو ڕۆژێک پیاوه‌که قاپێک شیری ده‌برده ژێر دارهه‌رمێکه‌و پارچه‌یه‌ک ئاڵتونی وه‌رده‌گرت.
ئه‌و دوو برایه هه‌ردووکیان یه‌کی کوڕێکیان هه‌بوو، که له‌گه‌ڵ یه‌کتردا زۆر باشبوون و زوو زوو پێکه‌وه یارییان ده‌کرد.
ڕۆژێکیان یه‌کێک له کوڕه‌کان به ئه‌وه‌که‌ی تری گووت: باوکی تۆ‌و باوکی من بران، کاتێک له‌یه‌کتری جیابوونه‌وه خانوه‌که‌یان وه‌کو یه‌ک به‌ش کرد، ئه‌ی باشه پێم ناڵێیت ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی ئێوه له‌کوێوه هاتووه، که‌چی ئێمه هه‌روه‌کو خۆمانین؟.
کوڕه‌که‌ی تر چیرۆکی ماره‌که‌ی بۆ ئامۆزاکه‌ی گێڕایه‌وه، بۆیه ئامۆزاکه‌ی یه‌کسه‌ر لێی پرسی: باشه ماره‌که تۆ ده‌ناسێت، ئه‌گه‌ر تۆ شیری بۆ ببه‌یت دێته ده‌ره‌وه؟.
له‌وه‌ڵامدا گوتی:بێگومان دێته ده‌ره‌وه، هه‌میشه خۆم شیری بۆ ده‌به‌م.
ئامۆزاکه‌ی که‌مێک بیری کرده‌وه‌و گووتی: ئه‌زانی چی؟ وه‌ره با له ماره‌که بده‌ین و هه‌موو پارچه ئاڵتونه‌کانی لێ‌بستێنن و پێکه‌وه به‌شی بکه‌ین.
کوڕه‌که‌ی تر له وه‌ڵامدا پرسی. به‌ڵام باوکم؟.
ئامۆزاکه‌ی گووتی: من ئه‌ڵێم، کاتێک باوکت له‌ماڵ ئه‌ڕواته ده‌ره‌وه، تۆ شیره‌که‌ی بۆ ببه، له‌و کاته‌دا ماره‌که دێته ده‌ره‌وه، ئێمه ئه‌یکوژین.
له ڕۆژی داهاتوودا هه‌ر که باوکی کوڕه‌که له ماڵ ڕۆیشته ده‌ره‌وه، کوڕه‌که شیره‌که‌ی برد بۆ ماره‌که‌و بانگی ئامۆزاکه‌ی کرد. ئامۆزاکه‌ی به به‌ردێکه‌وه هات، کوڕه‌که‌ش به ته‌شوێیه‌که‌وه خۆی خزانده سه‌ر داره‌که و له‌وێ خۆی شارده‌وه. هه‌ر له‌گه‌ڵ ماره‌که به‌ده‌ر که‌وت ئامۆزاکه‌ی به‌رده‌که‌ی پێدا کێشاو کلکی ماره‌که‌ی قرتاندو بۆی هه‌ڵات. ماره‌که به‌مه زۆر توڕه بوو بۆی خزایه سه‌ر داره‌که‌و کوڕه‌که‌ی تری گه‌ست، کوڕه‌که‌ش له‌سه‌ر داره‌که که‌وته خواره‌و یه‌کسه‌ر گیانی ده‌رچوو، ماره‌که‌ش خۆی خزانده‌وه ناو کونه‌که‌ی.
کاتێک دایک و باوکی کوڕه‌که مناڵه‌که‌یان به مردووی بینییه‌وه، زۆر دڵته‌نگ بوون و گۆڕێکیان هه‌ر له ژێر دارهه‌رمێکه‌دا بۆ هه‌ڵکه‌ند.
له دوای ئه‌و ڕوداوه هاوڕێیه‌تی مارو پیاوه‌که کۆتایی هات، ئیتر نه ئه‌و شیری بۆ ئه‌برد نه ئه‌ویش پارچه ئاڵتونی بۆ فڕێ ده‌دا.
ساڵانێکی زۆر تێپه‌ڕی و هه‌موو شتێک له‌بیر کرا…. ڕۆژێک پیاوه‌که بیری کرده‌وه: من ئه‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ ماره‌که‌دا ڕێک بکه‌ومه‌وه، من تازه مناڵه‌که‌م بۆ ناگه‌ڕێته‌وه، هیچ نه‌بێت ماره‌که پارچه ئاڵتونێکم ئه‌داتێ، ئێستا به ته‌واوه‌تی هه‌ژار بووم و پێویستم به چه‌ند پارچه ئاڵتونێکه.
پیاوه‌که ڕۆیشته ژێر دارهه‌رمێکه‌و له‌به‌رده‌م کونی ماره‌که‌دا وه‌ستا و گووتی: برا خۆشه‌ویسته‌که‌م، ماره‌که! چی ڕوویداوه، ئه‌وه‌ی ڕوویدا تازه ڕۆیشت و له‌بیری بکه. با ئێمه وه‌ک جاران ڕێکبکه‌وینه‌وه، من هه‌موو ڕۆژێک قاپێک شیرت بۆ ده‌هێنم، تۆش وه‌ک جاران پارچه‌یه‌ک ئاڵتونم بده‌رێ….
ماره‌که له کونه‌که‌ی هاته ده‌ره‌وه‌و گووتی: ئاخ براکه‌م، به ڕاستی هه‌موو شتێک به‌سه‌رچوو، به‌ڵام تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دایت، که ئێمه بتوانین ببینه‌وه به هاوڕێکه‌ی جاران؟ هه‌تا به‌رده‌وام تۆ ئه‌و گۆڕه‌ی ژێر دارهه‌رمێکه ببینیت و منیش ئه‌و کلکه بڕاوه‌م، ئاسته‌مه من و تۆ بتوانینن ببینه‌وه به هاوڕێ!
نیکۆلای ڕاینۆڤ
له ئه‌ڵمانییه‌وه: یاسین بانیخێڵانی
سه‌رچاوه
Kostabare Steinchen- Märchen