Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پارانویای بەکۆمەڵ … د. سەڵاحی گەرمیان

پارانویای بەکۆمەڵ … د. سەڵاحی گەرمیان

Closed
by November 7, 2012 گشتی

 

 

پارانویا Paranoia نەخوشییەکی دەروونی عەقلییە، بەوەی توشی دەبێت دەوترێت کەسی “پارانوید”، کەسی پارانۆید بە گومانە لە کەسانی دەوروبەری و بەردەوام لە وەهمدایە و هەست بە ستەم و چەوساندنەوەیەکی ناواقیعی دەکات، لە هەمان کاتیشدا سیفەتی خۆبەزلزانی و خۆبەزاناتری تیادا بەڕوونی دەبینرێت و خۆی وەک کەسێکی زیاتر خاوەن بەها و ڕاستییەکان لە کەسانیتر دەرئەخات. هەر بۆیە پارانویا بە شێتی خۆبەزلزانی ناوئەبرێت.  لەسەر بنەمای وەهمێکی دوور لە واقیعەوە، کەسێتی پارانۆید باوەڕێکی توند بە بۆچوونەکانی دەئەبڕێت هەرچەندە زۆرینەش هاوباوەڕ نەبن لەگەڵیدا، ئەوەش هەستێکی وای لا دروستئەکات کە کەسانێک هەن پلان ئەگێڕن بۆ زاڵبوون بەسەریدا تەنیا لەبەر ئەوەی ئاستی ئەو زۆر لەوان  گەورەتر و باشتر و گرنگترە لەهەموو ڕوویەکەوە.

 کەسی پارانۆید سەرەڕای بەدگومانی، زۆر بەدەگمەن باوەڕی بە کەسانی تر هەیە تا ئەو ڕادەیەی وای لێدێت هەموو هەست وسۆزی بخاتە سەر هەڵسوکەوتی خەڵک و تەفسیری  کردەوەکانیان بکات بەو شێوەیەی خزمەت بە بۆچوونەکانی بکات و هەردەم سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی بەبێ گوێدان بە نیاز و بۆچوونی ئەوانی تر و لە گومانکردندا بەردەوام ئەبێت و وای ئەبینێت کە هەمووان خەریکی پلانگێڕین دژ بەو، هەر ئەمەش وای لێدەکات بە شێوەیەکی شەرەنگێزی هەڵسوکەوت بکات.

پارانویا وا لەو کەسە دەکات کە وەک خاوەن هێزێکی بە توانا وخۆویست وتوندڕەو هەڵسوکەوت بکات و ڕێز لە هەست وسۆزی کەسانی تر نەگرێت و گاڵتەی بێت بە ڕای جیاواز و خۆی  لە هەموو کەسێک بە ڕاستر بزانێت  هەرچەندە بەپێچەوانەی ئەو ڕاستیانەشەوە  خۆی دەرئەخات.

 

لەسەر ئاستی گروپ و کۆمەڵیشدا، چۆن تاک “پارانۆید” دەبێت، هەر گروپ و کۆمەڵێکیش چ حیزب بێت یان دەسەڵاتی سیاسی بە هەمان شێوە توشی ئەو جۆرە نەخۆشییە دەبێت واتا حاڵەتی پارانۆیای بە کۆمەڵ  (Collective Paranoia).

لەو کۆمەڵگەیانەدا کە ئایین تەنیا سەرچاوەی هرز و پەروەردەکردنی مرۆڤە وەک کۆمەڵگە ئیسلامییەکان، رێگا نادرێت هیچ سەرچاوەیەکی تر جێی ئەو سەرچاوانە بگرێتەوە کە بە پیرۆز ئەزانرێت یان لە پێشبرکێیدا بێت لەگەڵیاندا بکات. چونکە لایەنگرانی ئەو ڕیبازە کە دەسەڵاتی ئایینی و کۆمەڵایەتی یان سیاییان بەسەر کۆمەڵەوە هەیە دەستەوەستان دائەمێنن لە ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستییە زانستییەکان کە دژ بەو وەهمەن کە سەرچاوەکانیان هەوڵی سەپاندنیان ئەدەن بۆ ئەوەی تاکەکانی ناو کۆمەڵ والێبکەن باەوڕیان بەوەبێت کە ئەوان خاوەن باوەڕێکی هێندە پێروز و شکۆمەندن کە جیایان ئەکاتەوە لەوانی تر.

 

لێرەوە ئەکرێت بڵێین ئەو لایەنانەی کە لە پشتی پرۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئایینیەکان توشی حاڵەتی پارانویا بوون کاتێک ئەو بیر و باوەڕەی کە خۆیان پێڕەوی دەکەن بە باشتر و پێرۆزترین ڕێباز ئەزانن و پێیانوایە ڕەخنە هەڵناگرێت و ڕەخنەگرانیان ئەبێت ڕووبەڕووی سزا ببنەوە، بە گومانن لەهەر جۆرە بیروبۆچوونێکی جیاواز تا ڕادەی تاوانبارکرنیان بە پلانگێڕی و دەترسن لە هەڵوێست و کاریگەری ووتە و نوسین و بەرهەمی ڕووناکبیران و شاعیران و هونەرمەندان کاتێک لەگەڵ باوڕیاندا یەک نەگرێتەوە. بەمەش دەیانەوێت کۆمەڵێک هێڵی سوور دانێن بۆ هەر کەسێک بیروڕای جیاوازی هەبێت بە مەبەستی سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین.

 

لێردا نموونەیەکی ئەخەمەڕوو دەربارەی هەڵویستی ئەو لایەنانەی کە ئێستا دەیانەوێت ئەو یاسایە بسەپێنن. دیارە سروودی ئەی ڕەقیب سیمبولێکی پیرۆزە بۆ کەسانی نەتەوەیی، بەڵام سەرکردەی حیزبێکی ئیسلامی کە لایەنگریکی سەرسەختی پرۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئایینیەکانە، وەک مافێکی ڕەوای خۆی ئامادە نەبوو وەک ئەندامانی تری پەرلەمانی کوردستان هەڵسێتە سەرپێ کاتی لێدانی سروودەکە لەبۆنەیەکدا لەناو هۆڵی پەرلەماندا. لە کاتێکدا ئەندام پەرلەمانێکی تر گەر هاتو بۆ نموونە لە کاتی سوێندی یاسای دەست نەخاتە سەر قورئان و بە خوا سوێند نەخوات ئەیکەنە هەڵا لەسەری.

ئەم نموونەیە ئەوەمان پێ ئەگەیەنێت کە ئەو سەرکردەیە بە پێی باوەڕ و ڕێبازی خۆی و حیزبەکەی خۆیان بە پیرۆزتر و گەورەتر و بە خاوەن بەها و ڕاستی ئەزانن و ئامادە نین بیروبۆچوونی جیاواز قەبوڵبکەن. پرسیار لەوەدایە بۆجی دەبێت ئایین و باوەڕی ئەوان پیرۆزبێت و باوڕ و بیروبۆچوونی کەسانی تر بە چاوێکی سووک و نزم سەیربکرێت و ڕووبەڕووی سزا ببنەوە.

 

تەنیا خۆبەزلزانین و خۆبەڕاستزانین و ترس و گومان وا لەو کەس و لایەنانە دەکات لایەنگری پرۆژە یاسای لەم جۆرە بکەن، ئەوەش نیشانەی حاڵەتی دەروونی پارانویاییە و لە کەسێکی تەندروست ناوەشێتەوە.

 

* لە رۆژنامەی هاوڵاتی رۆژی ٢٠١٢/١١/٤ دا بڵاوکراوەتەوە.

 

د. سەڵاحی گەرمیان

selah.germian@yahoo.com.au

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.