
ژنه بێده‌نگه‌كه … كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح
_ چیرۆك
تۆ شه‌وكراسییه‌كی سپیت له‌به‌ردایه و مۆمێكی پرته‌پرتكه‌رت به‌ده‌سته‌وه‌یه، هێواش هێواش ده‌رگای ژووره‌كه‌ی دایكت ده‌كه‌یته‌وه. لایه‌كی ژووره‌كه‌ت لێ ده‌رده‌كه‌وێت، پاشان ده‌رگاكه ده‌خه‌یته سه‌ر گازه‌رای پشت و ده‌چیته ژووره‌وه، بۆنی شێداری ژووره‌كه لووتت ده‌گرێت. كاتێك مۆمه‌كه له‌سه‌ر تاقی په‌نجه‌ره ڕوو به كۆڵانه‌كه داده‌نێیت، تاریكی ژووره‌كه ده‌ڕه‌وێته‌وه. له دایكت نزیك ده‌بیته‌وه، زۆر جوان و ڕوون ڕووخساری ده‌بینیت، ڕه‌نگی وێنه‌ی گه‌ڵایه‌كی هه‌ڵوه‌ریوی زه‌ردی پاییزییه، ڕه‌نگه ڕووناكیی مۆمه‌كه‌ش بێت وا كز و لاواز و زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو ده‌ینوێنێ. زیاتر لێی نزیك ده‌بیته‌وه، هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌م مرۆڤه هێنده‌ی له بۆنی مردنه‌وه نزیكه، هێنده بۆنی ژیانی لێ نایه‌ت.
تۆ سه‌رت پڕ پرسیاره له دایكتی بكه‌یت، به دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌كاندا وه‌ك دایكێك وایت، كاتێك منداڵه‌كه‌ی لێ ون ده‌بێت، ده‌ته‌وێت هۆكاری بێده‌نگیی دایكت بزانی، باشترین شتێكیش بیكه‌یت پرسیاركردنه له خۆی، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی له بارودۆخی كه‌سێك تێبگات، ده‌بێت له خودی كه‌سه‌كه بكۆڵێته‌وه. كێشه‌ی تۆش له‌وه‌دایه، كه ئه‌و مرۆڤێكی بێده‌نگ و بێ قسه‌یه، زۆر جار وا گومان ده‌به‌یت دایكت له ژیاندا هیچ قسه‌یه‌كی بۆ گوتن نییه، به‌ڵام له دواییدا بۆت ڕوون ده‌بێته‌وه، كه ئه‌م گومانه جێی خۆی نه‌گرتووه. سه‌خترین شت له دونیادا تێگه‌یشتنه له مرۆڤی بێده‌نگ. له زۆر كاتدا ده‌تویست بزانی چ كێشه‌یه‌كی هه‌یه؟ بیر له چی ده‌كاته‌وه؟ به چی خۆشحاڵه؟ به چی ئازار ده‌چێژێت؟ ته‌نیا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی تۆ، ڕووخسارێتی، كه نیشانی ده‌دا خۆشحاڵه، بێزاره، تووڕه‌یه، ڕازییه، كێشه‌ی هه‌یه. ئه‌و گومانه له مێشكتدا نیشته‌جێ ده‌بێت، كه دایكت له‌و ڕۆژه‌وه‌ی دروست بووه، له جیاتی ئه‌وه‌ی بانگ به گوێیدا بده‌ن، پێیان گوتووه هیچ قسه‌یه‌ك نه‌كات و له‌گه‌ڵ كه‌سیش نه‌دوێت. كاتێك پرسیاره‌كان ڕووبه‌ڕووی دایكت ده‌كه‌یته‌وه، شتێكی سه‌یر و نامۆ ڕوو ده‌دات، ئه‌و جارێك سه‌ری داده‌خا و سه‌یری ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌كات و جارێكی تر ته‌ماشای په‌نجه‌ره به په‌رده داپۆشراوه‌كه‌ی ژووره‌كه ده‌كات. هه‌ركات سه‌یری په‌نجه‌ره‌كه‌ش ده‌كات، ڕه‌شه‌بایه‌كی به‌هێز هه‌ڵده‌كات و یاریی به په‌رده‌ی سه‌ر په‌نجه‌ره‌كه ده‌كات و ده‌بێته میوانی ژووره تاریك و بۆنداره‌كه، ئه‌وه بۆ تۆ زۆر ئازاراوی و خه‌مهێنه و مه‌ته‌ڵێكی هێند گرانه، هه‌تا گه‌ر به تواناترین مه‌ته‌ڵهه‌ڵهێنه‌ریش بهێنی، ناتوانێ هه‌ڵیبێنێت و گرێكانی بكاته‌وه.
نازانی چۆن باوكت ئه‌م ژنه بێده‌نگ و بێ زمانه‌ی هێناوه! ده‌بێت چ چێژێك له ژیانكردن له‌گه‌ڵ مرۆڤی بێده‌نگ و بێ قسه‌دا هه‌بێت؟ ڕه‌نگه ته‌نیا چێژ ئه‌وه بێت، كه ماندووت ناكه‌ن و بۆ خۆیان ده‌ژین و ده‌ست وه‌رناده‌نه ژیانی كه‌سه‌وه. به‌وه‌دا زانیت كه باوكت زۆر له دایكت ڕازی بووه و هیچ سه‌رئێشه‌یه‌كی بۆ دروست نه‌كردووه. زۆریش نابێت باوكت كۆچی دوایی كردووه، هه‌مووی سێ ساڵ به‌ر له ئێستا شه‌وێك ده‌چێته ده‌ر و ده‌كه‌وێته به‌ر گووله‌یه‌كی وێڵ و ده‌مرێت. تۆش كه‌مساڵ نیت، بیست و دوو ساڵ كه‌م نییه بۆ تێگه‌یشتن له مرۆڤێك، كه هه‌موو كاتی خۆتت له‌گه‌ڵیدا به‌سه‌ر بردووه. له باوكت باش تێگه‌شتی، چونكه قسه‌ی ده‌كرد و ده‌تزانی حاڵی چۆنه و چۆن له شته‌كان ده‌ڕوانێت، به‌ڵام هۆكاری تێنه‌گه‌یشتن له دایكت بۆ ئه‌و بێده‌نگییه قووڵه ده‌گه‌ڕێته‌وه، تۆش هێند زیره‌ك نیت، بتوانی ناخی بخوێنیته‌وه و خورپه‌كانی ناوه‌وه‌ی تێبگه‌یت.
هیچ كات وه‌ڵامی پرسیاره‌كانت له دایكت ده‌ستگیر نه‌بووه، هه‌موو جار به‌بێ هیوایی و به ساردییه‌وه پرسیاره‌كانت ئاڕاسته‌ی كردووه و ئه‌ویش ده‌می نه‌كردووه‌ته‌وه و قسه‌ی نه‌كردووه، ناچار دڵی خۆت به‌وه خۆش كردووه، كه گوێی له پرسیاره‌كه نه‌بووه، یان تێنه‌گه‌یشتووه. وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی پرسیار مرۆڤ تووشی ئازار ده‌كا و وای لێ ده‌كات هه‌ست به كه‌می خۆی بكات، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه وه‌ڵامت ناداته‌وه دایكته، دڵگران نابیت.
هه‌موو شه‌وان دێیته ژووره‌كه‌یه‌وه و له هه‌واڵی ده‌پرسیت و پرسیاره دووباره‌كانتی ئاڕاسته ده‌كه‌یته‌وه، ئه‌ویش بێ ئه‌وه‌ی ورته‌یه‌كی لێوه بێت، نیگایه‌كی سارد و پڕمانات تێده‌گرێت و سه‌یری ناوه‌وه‌ی خۆی و په‌نجه‌ره‌كه ده‌كات، تۆش نائومێدانه جێی ده‌هێڵیت و ده‌چیته ژووره‌كه‌ی خۆته‌وه. له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه دایكت چووه‌ته قوتابخانه و ساڵێك خوێندووییه‌تی، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی له پۆلدا چالاكی نه‌بووه و قسه‌ی نه‌كردووه، ناچار ده‌سته‌ی كارگێڕی قوتابخانه‌كه ده‌ری ده‌كه‌ن و ئه‌ویش له ماڵه‌وه درێژه به خوێندن ده‌دات و فێری خوێندنه‌وه و نووسین ده‌بێت.
هه‌میشه ئارامیش خۆی ده‌نوێنێت، مرۆڤی خۆشبه‌خت ئه‌و مرۆڤه‌یه، كه هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له بێده‌نگی و قووڵبوونه‌وه‌دا به‌سه‌ر ده‌بات، دایكی تۆ هه‌ڵگری ئه‌و دوو تایبه‌تمه‌ندێتییه‌یه.
وه‌كو هه‌موو جاره‌كانی دی له كۆتاییه‌كانی شه‌وێكی نیوه‌تاریكی مانگی پێنجی به‌هاردا ده‌چیته ژووره‌كه‌یه‌وه و دایكت ده‌بینیت له به‌رانبه‌ر په‌نجه‌ره‌كه له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتووه و ته‌ماشای بێده‌نگیی شه‌و ده‌كات و له فڕینی نه‌وره‌سه‌كان ڕاده‌مێنێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی حه‌زی فڕینی هه‌بێت ده‌سته‌كانی ده‌كاته‌وه و لاسایی ئه‌وان ده‌كاته‌وه. هه‌ر له كۆنه‌وه فڕین خولیای مرۆڤ بووه، مرۆڤ بۆیه كاری چاك ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بفڕێت، مرۆڤه باوه‌ڕداره‌كان له پێش هه‌موو كه‌س خولیای فڕین له سه‌ریاندا چه‌كه‌ره ده‌كات، بۆیه له ژیاندا چاكه ده‌كه‌ن و خۆیان ته‌سلیمی خودا ده‌كه‌ن و ئاره‌زووه‌كانیان ده‌كوژن، بۆ ئه‌وه‌ی كه مردن بچنه ئاسمان و دونیایه‌كی تر تاقی بكه‌نه‌وه، دونیایه‌ك پڕ بێت له فڕین، فڕینی ڕۆح، فڕینی جه‌سته. فڕینیش ته‌نیا له پێناوی بینینی دونیایه‌كی تردایه، دایكیشت مرۆڤێكی باوه‌ڕداره و چاوی بڕیوه‌ته ئه‌و دونیایه. به لاته‌وه سه‌یره دایكت تا ئێستا نه‌خه‌وتووه و چرپاكه‌ی خۆی به‌جێهێشتووه و هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌و كورسییه و ته‌ماشای فڕینی باڵنده‌كان ده‌كات و فرمێسكی تاڵ به ده‌موچاویدا دێته خوارێ. دڵت داده‌خورپێ و پێی ده‌ڵێیت:
– دایه گیان! بۆ وا ماندوو و ڕه‌نگزه‌رد دیاری؟ خۆ هیچ شتێك نه‌بووه؟ كێ ماندووی كردووی؟
– …
– دایه گیان! له تاوی ئه‌م بێده‌نگییه‌ت وه‌خته دڵم وه‌كو بووركانێك بته‌قێته‌وه، بۆ هه‌روا بێده‌نگ و قووڵ ته‌ماشام ده‌كه‌یت و لێوت نابزوێنی؟ وشه‌كان له‌نێو زارتا بۆگه‌نیان كرد. ئازاره‌كه‌ت هێنده قووڵه، وا ناتوانی به قسه پێم بڵێیت؟ ئاخر مرۆڤ گه‌ر گوزارشت له ئازاره‌كانی نه‌كات ده‌پووكێته‌وه و وه‌كو گوڵی ژاكاوی لێ دێت.
– …
– بیر له كێ ده‌كه‌یته‌وه؟ خۆت؟ من؟ باوكم؟ یان بیر له چی ده‌كه‌یته‌وه؟ ژیان؟ ئازار؟ به‌خته‌وه‌ری؟ سه‌خته‌وه‌ری؟ یان چی؟؟؟
– …
تۆ به‌رده‌وامیت له پرسیاره دووباره‌كانت و ئه‌ویش تا دێت بێده‌نگییه‌كه‌ی خه‌ستتر ده‌بێته‌وه و ده‌می ناكاته‌وه، تاكه وه‌ڵامی دایكت بۆ تۆ ته‌ماشاكردنی خۆی و په‌نجه‌ره‌كه‌یه و هیچی تر. له‌بیرت نه‌چێت كاتێك ئه‌و دوو كاره ئه‌نجام ده‌دات، ڕه‌نگی تێكده‌چێت و هه‌ناسه‌ی سوار ده‌بێت. تا دێت ململانێی ده‌نگی تۆ و بێده‌نگیی دایكت قووڵتر ده‌بێته‌وه، نازانیت كه‌ی كۆتایی به‌م ململانێ نه‌خوازراوه دێت. به ماندوویی جێی ده‌هێڵیت و ده‌رگای ژووره‌كه‌ی داده‌خه‌یت.
به‌یانی ڕۆژی دواتر وه‌كو پیشه‌ی هه‌میشه‌ییت ده‌چیته‌وه ژووره‌كه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی بگریت و بۆ نانخواردنی به‌یانی بیهێنیته سه‌ر سفره‌كه. ده‌رگاكه ده‌كه‌یته‌وه، ده‌بینیت ژووره‌كه پڕ بێده‌نگییه و په‌نجه‌ره‌كه كراوه‌ته‌وه و هه‌وا سه‌ما به په‌رده‌كه ده‌كات، سه‌رت له‌م دیمه‌نه سووڕ ده‌مێنێت! شه‌وانی تر دایكت، كه له دانیشتن بێزار ده‌بوو، په‌نجه‌ره‌كه‌ی داده‌خست و ده‌چووه سه‌ر جێگاكه‌ی خۆی، به‌ڵام ئێستا په‌نجه‌ره‌كه كراوه‌ته‌وه، تۆ بڵێی ڕه‌شه‌با كردبێتییه‌وه؟ یان دایكت پێی خۆش بووه له‌سه‌ر چرپاكه‌یه‌وه ته‌ماشای ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان بكات؟
دایكت له ناخی خه‌ودایه، ئێستا نه‌ك هه‌ر بێ قسه‌یه، به‌ڵكو بێ جووڵه‌یشه، هه‌موو گیانت ده‌له‌رزێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ژێر پێت بوومه‌له‌رزه بێت. ترسیش شاڵاوێكی به‌تینت بۆ دێنێت. ده‌چیته پێشه‌وه دایكت هه‌ڵسێنیت و بیبه‌یت بۆ سه‌ر سفره‌كه، ده‌بینیت گیانی سارد بۆته‌وه و مردووه، به دڵێكی نائومێدانه‌وه ده‌ڵێیت:
– دایه گیان! بۆ بێ وه‌ڵام جێم ده‌هێڵی؟ من ناتوانم بێ تۆ بژیم، تۆ هه‌ناسه‌ی من بوویت، له كاته سه‌خته‌كاندا پشت و په‌نام بووی، ئێستا وه‌ك ته‌نیاییه‌كانی تۆ له دونیادا ته‌نیام، هێشتا من چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بووم.
چاوت به كاغه‌زێكی نووسراو ده‌كه‌وێت، كه له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی دایكت دانراوه، خێرا ده‌یكه‌یته‌وه و تامه‌زرۆیانه ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی ده‌كه‌یت. تیایدا نووسراوه:
((ژیان گیان! كچه جوانه‌كه‌م! به ده‌ست بێده‌نگییه‌كه‌م ئازاری زۆرت چه‌شت، وه‌كو ئازاری من به ده‌ست ژیانه‌وه. هه‌ر كات پرسیارێكت ده‌كرد، چاوه‌كانت پێیان ده‌گوتم، كچه‌كه‌ت زۆر تامه‌زرۆی وه‌ڵامی تۆیه. ئاخر كچه‌كه‌م! هه‌رچه‌نده تۆ له جه‌سته‌ی من جیا بوویته‌ته‌وه، به‌ڵام ڕۆحت لێم جیا نه‌بۆته‌وه. من باش تۆ ده‌ناسم، دایك زۆر زوو له منداڵه‌كانی تێده‌گات، وه‌ك تێگه‌یشتنی خوا بۆ به‌نده‌كانی. ساتێكیش وه‌ڵامم نه‌ده‌دایته‌وه، هه‌ستم به ئازاری چاوه‌ڕوانیت ده‌كرد، منیش ئه‌و بێده‌نگییه زۆر ئازاری دام. وا تێنه‌گه‌ی كه من ڕقم به‌رانبه‌رت هه‌بوو، بۆیه وه‌ڵامم نه‌ده‌دایته‌وه، یان وه‌ڵامم پێ نه‌بووه، نه‌خێر، هه‌رگیز وانییه، له ناخه‌وه حه‌زم ده‌كرد وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانت بده‌مه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و پرسیاره سادانه‌ش، كه پێویستی به وه‌ڵام نه‌ده‌كرد، هه‌ر كات ده‌مویست وه‌ڵامت بده‌مه‌وه، له ناوه‌وه ده‌نگێك پێی ده‌گوتم: ((نه‌كه‌ی! وه‌ڵامی كچه‌ت نه‌ده‌یته‌وه، تۆ هێشتا ناتوانی وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بده‌یته‌وه.)) هه‌میشه ئه‌م ڕسته‌یه له ناوه‌وه‌م خۆی دووباره ده‌كرده‌وه. هه‌ر كاتێكیش ته‌ماشای په‌نجه‌ره‌كه‌م ده‌كرد، باڵدارێكی ڕه‌ش، كه چاوه‌كانی له چاوی مرۆڤ ده‌چوون، چاوی لێم سوور ده‌كرده‌وه و ده‌یگوت: ((تۆ هێشتا ئاماده نیت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان، گه‌ر وه‌ڵامی پرسیاری كچه‌كه‌ت بده‌یته‌وه، ده‌تبه‌م و له چاڵێكدا ده‌تنێژم، كه نه كه‌س ڕێی تێ بكه‌وێت و نه كه‌سیش بیدۆزێته‌وه.))
نه‌مده‌زانی بۆ ئه‌و دوو هێزه نه‌یانهێشت وه‌ڵامت بده‌مه‌وه، بیرم له هۆكاری ئه‌و ترسه ده‌كرده‌وه، كه له ئه‌نجامی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تۆوه دروست ده‌بوو، هۆی ئه‌و هه‌موو بێده‌نگی و قووڵییه‌م ئه‌وه‌بوو. پرسیاره‌كانی تۆ له ڕواڵه‌تدا ساده بوون، ڕه‌نگه خۆشت هه‌ستت پێ نه‌كردبێت، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا قووڵ و قورس بوون، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بداته‌وه، ده‌بێت هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له ته‌نیایی و بێده‌نگی و قووڵبوونه‌وه‌دا به‌سه‌ر ببات، ئاخر پرسیاری (بیر له چی ده‌كه‌یته‌وه؟ بیر له كێ ده‌كه‌یته‌وه؟ خۆت؟ من؟ باوكم؟ ژیان؟ ئازارت هه‌یه؟) زۆر قورس و زه‌حمه‌تن، كه تۆ زۆر سادانه ده‌تكرد.
ژیان گیان! ئه‌مشه‌و ئه‌و هێزه‌ی ناوه‌وه‌م و باڵداره ڕه‌شه‌كه پێیان گوتم: ((ئێستا ده‌توانی ته‌نیا به نووسین له‌سه‌ر كاغه‌ز وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی كچه‌كه‌ت بده‌یته‌وه، ته‌نیا نووسین، ناهێڵین قسه بكه‌یت، ئه‌مشه‌و پێش ئه‌وه‌ی بنووی نامه‌یه‌كی بۆ بنووسه و له‌سه‌ر مێزه‌كه بۆی دانێ، ڕه‌نگه به‌یانی كاتێك دێته ژووره‌كه‌ته‌وه نه‌توانی بیبینیت.))
ئێستا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانت ده‌ده‌مه‌وه…
من مرۆڤێكی ئازاراوی و ته‌نیا بووم، هه‌میشه وه‌كو كیسه‌ڵ ده‌چوومه‌وه ناو قاوغی خۆم و نه‌مده‌توانی ده‌ربچم، ده‌رچوون له خۆم، ده‌رچوونم بوو له ژیان. بیرم له پرسیاره به‌رده‌وامه‌كانت ده‌كرده‌وه، هه‌وڵی زۆرم دا تا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانت بده‌مه‌وه، ئه‌مشه‌و وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانتم له ناخی خۆمدا ئاماده كرد، له‌مه‌دا هێزه شاراوه‌كانی نێو ناخم یارمه‌تییان دام. من وا هه‌ستم ده‌كرد مرۆڤ ده‌توانێت به بێ قسه بژی، هه‌ر واش بوو، من توانیم بێ قسه ژیان بكه‌م. مرۆڤ ده‌توانێت ته‌نیا به بێده‌نگی و قووڵبوونه‌وه بژی، به هیچی تر نا…
كچه‌كه‌م! نووسین ڕێگایه‌كه بۆ ده‌ربڕینی ئازاره‌كان، هه‌ندێ له ئازاره‌كانی مرۆڤ هێنده قورس و گرانن، ته‌نیا ده‌توانێت بیاننووسێت، ناتوانێت به قسه بیانڵێت. وه‌ك ئازاری ته‌نیایی له بووندا، بێزاری، دابڕان و…هتد، منیش قووڵ هه‌وای ئه‌و ئازارانه‌م هه‌ڵمژیبوو. له‌ده‌ستدانی بێده‌نگی لای من بریتی بوو له له‌ده‌ستدانی خود. ده‌رچوون له قاڵبی خۆم، كۆتایی هێنان بوو به ته‌نیایی و بێده‌نگی، كه بۆ من چێژدار و به‌سوود بوون. من له‌گه‌ڵ خۆمدا له جه‌نگێكی قورس‌دا بووم، مرۆڤه‌كانی تر بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی خۆیان نه‌بنه‌وه، ده‌چنه جه‌نگی ده‌ره‌وه‌ی خۆیانه‌وه، ئه‌وه ترسه وا له مرۆڤ ده‌كات بجه‌نگێت، هه‌ر مرۆڤێك ترسی نه‌بێت ناجه‌نگێت، ترس له خود و ترس له ئه‌وانی تر و ترس له سروشت. منیش ته‌نیا ترسم له خود هه‌بوو. له منداڵییه‌وه ده‌مویست له ڕێی قوتابخانه و دواتر شووكردنم به باوكت ئه‌و ترسه بشارمه‌وه و ڕووبه‌ڕووی خۆم نه‌بمه‌وه و خۆم له‌ناو كۆدا بتوێنمه‌وه، به‌ڵام هه‌ر زوو تێگه‌یشتم ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م تراویلكه‌یه‌كه و هیچی تر. بۆیه چوومه جه‌نگی به‌رده‌وام و چێژداری خۆمه‌وه، جه‌نگه‌كه‌ش هێند قورس و گران بوو، بواری ئه‌وه‌م نه‌بوو، نه قسه بكه‌م و نه بنووسم. ئه‌مشه‌و كۆتاییم به جه‌نگه‌كه هێنا و تیایدا سه‌ركه‌وتم و ئاهێكی خۆش به گیانمدا هات و توانیم ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ بنووسم. گرنگترین شت له دونیادا تێگه‌یشتنه له خود، هه‌ر كات مرۆڤ توانی ئه‌و كاره ئه‌نجام بدات، ئه‌وه ده‌توانێت له هه‌موو شته‌كانی تری نێو گه‌ردوون تێبگات… ئه‌مه هه‌موو قسه‌كانی من بوو له ژیاندا، هیوادارم وه‌ڵامی پرسیاره‌كانت ده‌ستكه‌وتبێت…))
تۆش ده‌رگای ژووره‌كه داده‌خه‌یت و ده‌چیته ده‌ره‌وه..
كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح
+ ئه‌م چیرۆكه له ژماره (58)ی گۆڤاری (گه‌لاوێژی نوێ)دا بڵاو بۆته‌وه.