به‌خته‌وه‌ره‌كان كێن؟ … محه‌مه‌د كوردۆ
زۆر جار له خۆم ده‌پرسم: مرۆڤ به دوای چیدا وێڵه؟ ئه‌و هه‌موو خۆماندووكردن و ڕاكه‌ڕاك و هه‌ڵپه‌یه بۆچی ده‌كات؟ ڕه‌نگه بتوانین بڵێین: مرۆڤ هه‌رچی ده‌كات به مانایه‌ك له ماناكان، بۆ گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ری ده‌یكات. ئیدی به‌خته‌وه‌ری من له شتێكدایه، به‌خته‌وه‌ری تۆ له شتێكی دیكه‌دایه، ئه‌وه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌یه. باشه به‌خته‌وه‌ر كێیه؟ ئه‌م پرسیاره زۆر جۆر وه‌ڵام هه‌ڵ ده‌گرێت، من ئێستا و به دیاریكراوی له‌م چركه‌ساته‌دا، به‌م جۆره وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌ده‌مه‌وه: به بڕوای من، به‌خته‌وه‌ر كه‌سێك نییه كه ده‌كه‌وێته ناو خه‌ونێكی خۆشه‌وه و ئیدی خه‌به‌ری نابێته‌وه، چونكه هه‌موو خه‌ونه‌كان كۆتاییان دێت و وه‌ختێك هه‌یه خه‌ونه‌كان تیایدا ده‌بن به (بوخار!) و خه‌ونبینه‌كان به ئاگا دێنه‌وه و سه‌ریان به‌ر به‌ردی ڕه‌ق و ئازاراوی واقیع ده‌كه‌وێت. ئه‌وه سروشتی ژیانه، كه هه‌موو شتێك تیایدا كاتییه، شتێك نییه له ژیاندا بۆ هه‌تا هه‌تایی بمێنێته‌وه، مرۆڤ ناچاره خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاستییه تاڵه‌دا بگونجێنێت، ئه‌گه‌رنا به ته‌نها خه‌ونه‌كانی تیا ناچن، به‌ڵكو خۆیشی له‌گه‌ڵ تیاچوونی خه‌ونه‌كانیدا تیا ده‌چێت. به بڕوای من به‌خته‌وه‌ر كه‌سێكه كه دوای خه‌به‌ربوونه‌وه‌ی له خۆشترین خه‌ونی ژیانی، خه‌ونێك كه خۆی نه‌یویستووه هه‌رگیز لێی به‌ئاگا بێته‌وه، توانای خه‌ونبینین له ده‌ست نادات. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه ده‌توانێت خه‌ونی خۆشتر ببینێت. من ئێستا كه ئه‌م وشانه ده‌نووسم كۆتایی شیعرێكی خۆمم بیر ده‌كه‌وێته‌وه، كه ساڵانێك پێش ئێستا نووسیوومه و بڵاوم كردۆته‌وه، له‌وێدا وتوومه: ((بیرته وتت قسه‌كانت له ماچه‌كانت خۆشترن/ من له داخا تێر و پڕ ماچم كردی/ بیرته هه‌رچییه‌كمان كۆكرده‌وه/ ڕه‌شه‌بای ڕۆژگار بردی؟)). بۆچی ئه‌و شیعره‌م بیر ده‌كه‌وێته‌وه؟ چونكه خه‌ونه خۆشه‌كانی ئه‌و كاته‌م له‌گه‌ڵا ڕه‌شه‌بای ڕۆژگاردا ڕۆیشتن، به‌ڵام ژیان نه‌وه‌ستا. من دوای ئه‌و خه‌ونه خۆشانه خه‌ونی خۆشترم بینی. به بڕوای من جوانترین شت له ژیاندا، یه‌كه‌م، ئه‌وه‌یه كه ناوه‌ستێ، دووه‌م، ئه‌وه‌یه كه به‌رده‌وام له دووتوێی شه‌و و ڕۆژه نه‌هاتووه‌كانیدا، ڕووداو و به‌سه‌رهاتی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی پێیه. خۆهه‌ڵگرتن و خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌و ڕووداو و به‌سه‌رهاتانه‌ی كه هیچیان له‌باره‌وه نازانین، چێژێكی گه‌وره‌ی هه‌یه. به بڕوای من، ئه‌و مرۆڤانه‌ی ده‌توانن و ده‌زانن چۆن ئه‌و چێژه له ژیان بدزن، له به‌خته‌وه‌رترین مرۆڤه‌كانی دنیان.
* گۆشه‌ی راز و نیاز، كوردستانی نوێ، ژماره (5923) 9/11/2012