
لەدایکبوونی فەلسەفە: یەکەم وشە، یەکەم ئایدیا
(1) سەرەتاگەی یەکەم:
کێشه‌که وا نابینم له ده‌ره‌وه‌ڕا فه‌لسه‌فه بناسێنین یان ئه‌و ئامانجه‌ی بۆ فه‌لسه‌فه‌ی داده‌نێین بیکه‌ینه پێناس پاکانەو و مێژووی فه‌لسه‌فه.
وەک ئەوەی بڵێین:
*ئامانجی فه‌لسه‌فه ئ دانایی – حیکمه‌ته
*فه‌لسه‌فه ئه‌و بەر-زانییەیە (دیسیپلینهیه) که ده‌یه‌وێ به (راستی) بگات
*یان فه‌لسه‌فه به بابەتی تایبه‌تی به فه‌یله‌سوف و فه‌لسه‌فه‌زان و زانایان بزانین. تد
نا له‌وه‌وه ده‌ست پێده‌که‌ین فه‌لسه‌فه خۆی وه‌ك خۆی بینین واته له‌ناو ئارا (فەزا) ی بوونی خۆیدا، ئه‌و بۆشگایهی خۆی پری ده‌کاته‌وه و ئەو ئارایەی خۆی داگیری کردووە.
بۆشگایهکه چییه، چ بووه؟ کێ پڕی کردۆته‌وه و پڕی ده‌کاته‌وه؟
چی له‌مە درووست بووه و دروست ده‌بێ؟
ئه‌مه سه‌ره‌تاگه‌ی ناسینی فه‌لسه‌فه و زانینی دهراخن و کۆئاخن و ناواخنهکهیهتی.
(2) سه‌ره‌تاگه‌ی دووەم:
فه‌لسه‌فه ناکرێ له ( رەوشی بوونی) وه‌ك فه‌لسه‌فه و لە (مێژووییبوونی) جیا بکرێته‌وه.
ئێستا بەرزانێکی مه‌رزن و دیار و زۆر گرنگ و بڕیارده‌ری مرۆڤ و مرۆڤایه‌تییه، بۆیه ده‌بێ له‌و (هەبوونه) وه‌ی ده‌ستپێبکه‌ین: واته به‌ر له‌وه‌ی بپرسین: (فه‌لسه‌فه) به‌وه له‌دایك بووه که پرسیاری کرد: بوون چییه؟ که لێره‌دا پێشبوویی، واتە (بوونی له‌وه‌پێش) ی فه‌لسه‌فه خۆی ده‌سه‌لمێنێ، ده‌بێ بپرسین فه‌لسه‌فه چۆن بوو؟ هه‌لومه‌رجه‌کانی (هه‌بوون) ی چ بوون؟ ئامرازەکانی (بوواندنی) کامه بوون؟
فه‌لسه‌فه بیری مرۆڤه و به‌رهه‌می (بوون) و (چالاکی) مرۆڤ خۆیه‌تی. که وایه سه‌ره‌تاگه‌ی یه‌که‌م ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه بێ که به‌م شێوه‌یه ده‌کرێ بڵێین: په‌رداخ دهراخنه، ئه‌و گوشراوه‌ی ناوی ناواخنه.
واته شتێك له به‌رێ- وه، له سه‌ره‌تاوه، هه‌بووبێ، ئه‌و بوونه پێشینه‌یه‌ی وه‌ك [دراو] وه‌ربگرین.
چه‌قی فه‌لسه‌فه مرۆڤه. به‌و مانایه نا که مرۆڤ خۆی (ئهنترۆپۆس) به‌و شێوه هه‌ڵه‌یه‌ی ئێستا باوه، به بابه‌تی (نێوه‌ندیی) و (به‌رده‌وامیی) فه‌لسه‌فه دابنێین، نا.. به‌و مانایه‌ی:
له‌به‌ر هه‌ر هۆکار و هه‌لومه‌رجێ بووبێ که تا ئێستا نه فه‌لسه‌فه نه زانست مهتهڵهکهیان هه‌ڵهێناوه، ته‌نیا مرۆڤه که:
1- زمانی دەربرین و کۆگەیاندنی هه‌یه، ئه‌و تایبه‌تمەندییە که زمانه هه‌موو (ئهنترۆپۆس) به هه‌موو نه‌ژاد و ناوچه‌کانی هەبوونیهوه ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام هیچ جۆره بوویەکی زیندوو یان بێ گیانی دی ئه‌و تایبهتکارییەی زمانیان نییه.
2- ئه‌و زمانه‌ی مرۆڤ مێژوویه‌کی هه‌یه. واته هه‌ر به‌هۆی زمانه‌که‌وه، یان نیشانه و به‌ڵگه‌نامه و جێشوێن و شوێنی پێ و شوێنده‌ست و شوێنه‌واری مرۆڤە، که ده‌توانین به ده‌نگیان واتە به زمانیان بێنین، ده‌توانین مێژووی یان پرۆسەی ئه‌و چالاکییه زمانه‌وانییه و چۆنێتی به‌کارهێنانی و ئامانجی به‌کارهێنانی بزانین.
که‌وایه چالاکییه مرۆڤییه‌کانی مرۆڤ، چالاکییه پێویستییه‌کانی بۆ بوون و مانه‌وه کاتبهندهکهی، وه‌ك تاك و به‌رده‌وامییه‌که‌ی وه‌ك [ڕه‌گه‌زی تایبه‌تی بوون]، که هه‌موویان ده‌توانین له خانه‌ی زماندا (یان هۆشیاریی وه‌ك دواتر ڕوونی ده‌که‌ینه‌وه) کۆ بکەینەوە، تاقه سه‌رچاوه‌ی دروست و تاکه ده‌رباره‌ی هه‌موو ئه‌و باوه‌ڕ و بیر و ئایدیا و زانین و زانیارییانه‌ی ده‌رباره‌ی مرۆڤ له جیهاندا و به‌رامبه‌ر گه‌ردوون، هه‌مانه و به‌رهه‌ممان هێناون و سه‌ده له دوای سه‌ده، ساڵ له دوای ساڵ، ڕۆژ له دوای ڕۆژ، پێیاندا ده‌چینه‌وه و زیاتر لێکیان ده‌ده‌ینه‌وه و شتی زیاتریان، که به هۆی زمان زانینەوە فێری دەبین، بۆ زیاد ده‌که‌ین.
٣. پرسێکی هەڵە بۆ فەلسەفە
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ی به پرسی سه‌ره‌کی فه‌لسه‌فه دانراوه که: ئایا کامیان له پێشه‌وه دێ؟ مادده یان بیر؟ شته‌کان خۆیان، یان هه‌ستکردنی ئێمه به شته‌کان، یان شتێك له هه‌ردووکیان تێك هه‌ڵکێشرابێ، ده‌ڵێم که ئەو پرسه خۆی پرسیارێکی بێ مانایه!
ڕاسته پرسیاره‌که هه‌یه، بۆیه کراوه و ده‌کرێ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه هۆ و پاکانه و پاڵنه‌ری کردنی ئه‌و پرسیاره هه‌میشه هه‌یه: شت نه‌بێ ئێمه نایانناسین: که‌وایه شته‌که له پێشه‌وه‌یه، ئه‌وسا ناسینی ئێمه بۆی. که‌وایه مادده پێش بیر هه‌یه، که‌وایه ماتریالیزم وه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌ك که پێش بوونی مادده ده‌سه‌لمێنێ له ئایدیالیزم که پێشههبوونی (بیر) یان (ئایدیا) ده‌سه‌لمێنێ، دروستتر و جیهانبنییهکی زانستانه تر به‌ده‌سته‌وه ده‌دا.
یان له ڕوانگه‌ی ئایدیالیزمه‌وه: ئه‌و شتانه با هه‌بن، بوونی ڕاستییان نییه. چونکه نابن تا نه‌یانناسین. ناسینی ئێمه‌ش به هۆی (ئایدیا) ی ئه‌و شتانه‌وه‌یه. کهواتە (ئایدیا) له‌پێش (شت)ه‌وه دێ، هۆشیاریی له پێش بوونه‌وه دێ، خودا له پێش گه‌ردوونه‌وه دێ. ئه‌نجام ئایدیالیزم وه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بۆ لێکدانه‌وه‌ی جیهان به‌رزتر و دروستتره.
بۆچی هه‌ردوو بۆچوونه‌که و کردنی پرسیاره‌کان به‌م چه‌شنه به‌بێ مانا و گومڕاکه و ئاڵۆزکه‌ر ده‌زانم؟
له‌به‌ر ئه‌وه نا که من وه‌ڵامه‌که‌م لا هه‌یه.
به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و پرسیارانه به هه‌ردوو شێوه‌که‌ی ته‌نیا مرۆڤ پرسیونی ، ته‌نیا مرۆڤ ده‌یان پرسێت و ته‌نیا مرۆڤ به‌دوای به‌ڵگه و زانیاری دا ده‌گه‌ڕێ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌یان و له‌و پرۆسه تێکه‌ڵ و جیایانه بۆ ( ماددی و بیری) یا راستی ( ماددی / بیری) خۆیدا چه‌ندین کۆبه‌ندی مه‌زنی بیری و فه‌لسه‌فی داهێناوه و به‌رده‌وام تازەیان ده‌کاته‌وه و تازه‌تر داده‌هێنێ.
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه نێوه‌نده‌که، بکه‌ره فه‌لسه‌فییه‌که، چالاکییه ماددییه بیرییهکه مرۆڤه.
بۆیه‌ش مرۆڤه ، ته‌نیا مرۆڤه ، چونکه مرۆڤ ئه‌و توانسته‌ی زمان و بیرکردنه‌وه‌ی هه‌یه ( که له سه‌ره‌تاوه جه‌ختمان له‌سه‌ر کرد).
ئه‌و توانستی بیرکردنه‌وه و زمان و ئاخاوتن و خولیای پرسیارکردن و لێکدانه‌وه و زانگه‌ریی چییەو لە چییەوە هاتووە؟ مه‌ته‌ڵێکه هه‌ڵمان نه‌هێناوه . بۆ ته‌نیا ئێمه‌ی (ئهنترۆپۆی) مرۆڤ – توانستی زمان ، هوشیاری بیرکردنه‌وه‌مان هه‌یه؟
٤. مرۆڤ هەم بیرە هەم ماددە:
ده‌مه‌وێ بڵێم جیاکردنه‌وه و دهراویشتنی پرسیاره‌که له‌ناو خودی مرۆڤ ، بۆ پرسیارێکی ده‌ره‌وه‌یی: شت ئایدیا، مادده، بابه‌تیی یان خۆیی مه‌ودایه‌کی مه‌زن بۆ تێگه‌یشتنی پرسه‌کان ده‌شێوێنێ که ئه‌ویش تایبه‌تێتی بوونی مرۆڤه، له مرۆڤدا ئه‌و کیشهیە حهلکراوه ، یان دروستتر نوێنراوه: مرۆڤ خۆی هه‌م مادده‌یه هه‌م بیر ، هه‌م بابه‌ته بۆ یه‌کتر ، بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی زانستی ، بۆ به‌راوردکردنی پێکهاته کیمیایی و فیزیکییەکەی له‌گه‌ل هه‌موو پێکهاته ماددییه‌کانی دی سروشت و هه‌م خود: یان هوشیاری. ئه‌سته‌مه بڵێین له مرۆڤ خۆیدا (له‌ش) پێشتر درووست بوو ، ئه‌وسا توانستی مێشکی، ئه‌وسا زمانی پشکوت ، ئه‌سا ( بیر) ، ئه‌سته‌میشه (بیر) له بوونه ماددییه‌که و فیزیکییه‌ی مرۆڤ جیاکه‌ینه‌وه و بڵێین پێشتر ( ئایدیا) هه‌بوو ئه‌وسا ئایدیا مرۆڤی دروست کرد ، گه‌ردوونی دروست کرد ، دنیای دروست کرد.
چونکه ( ئایدیا) داهێنانی مرۆڤه ، یان ورد تر و درووستر بڵێین داهێنانی (زمان) زمانی مرۆڤه. که‌وایه له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤدا (بوون) هه‌یه که ئه‌ویش ئێمه ده‌یبینین و هه‌ستی پێ ده‌که‌ین ، به‌ڵام (ئایدیای) بوون و بیری بوون نییه. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه ئایدیال و بیری بوونی دروست کردووه، زهردهشتێکه ، سۆکراتێکە ئهفلاتونێکه ، ئهرستۆیهکه، بیرکلییهکه، پێغەمبەرێکە کە مرۆڤەو وەک هەموو مرۆڤێک لە هەر چاوگەیەکەوە بێ بیرەکەی وەرگرتووەو گەیاندووەو کاری بۆ کردووەو وەک کێشەی ژیانی مرۆڤ مێژوویاندوویانە.
جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه ناتوانین له مرۆڤ خۆیدا پێشبوونی هیچ کام له بیر یان له‌ش بسه‌لمێنن چار نییه ده‌بێ بڵێین : بیر و بوون هه‌ردووکیان چالاکییه‌کی یه‌کگرتوو- و یه‌کتر ته‌واوکه‌ری مرۆڤن. هه‌روا چار نییه ده‌بێ ئاخاوتنه‌که و کۆزانه فه‌لسه‌فییه‌که ، میتۆده فه‌لسه‌فییه‌که به‌کاربێنین و بڵێین ئه‌م چالاکییه‌ش دایله‌کتیکی یه . واته به‌کار لێك کردن و پێك ناکۆکییەکانی بوون خۆی پێش ده‌خا. ئه‌مه‌ش ( مێژوو) درووست ده‌کا . ئه‌م مێژووه‌ش دیسانه‌وه تایبه‌ته به مرۆڤ ، مێژوو مێژووی مرۆڤه و به‌س، داهێنانی مرۆڤه، چالاکی مرۆڤه ، گێڕانه‌وه‌ی مرۆڤه ، ئارکیۆلۆجی مرۆڤه.
ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌کمان بۆ فه‌لسه‌فه ده‌داتێ که رێگامان ده‌دا روونکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌و پرۆسه فه‌لسه‌فییه‌ی مرۆڤ بکه‌ین.. هه‌ر ئه‌و جۆره دارشتنهی پرسیاره‌که‌ش، یان پرسه سه‌ره‌کییه‌که‌ی فه‌لسه‌فه: یه‌کێتی بیر و مادده له خودی مرۆڤ و چالاکییه‌کانیدا یان له خودی مرۆڤدا وه‌ك چالاکی تایبه‌تی و تاك و بێ وێنه و نموونه له ژیان و گه‌ردوون، کۆمه‌ڵێ پرسیاری تر دروست ده‌کا که پێویستییان به وەلامدانەوە دەبێ. فه‌لسه‌فه قه‌ت بۆ ئاسمان نه‌چووه تا دابه‌زێنرێته سه‌ر زه‌مین. هه‌میشه له‌سه‌ر زه‌مین بووه، لە ناوجەرگەی ئەو بوونه فیزیکییه‌ی پێی ده‌ڵێن مرۆڤ.
٥. کێشەی فەلسەفە لە بنەڕەتا کێشەی زمانە
دیاره کێشه هه‌ره گه‌وره‌که‌ی فه‌لسه‌فه زمانه. ئامرازه هه‌ره گه‌وره‌که‌ی فه‌لسه‌فه هه‌ر زمانه.
لێره‌وه ده‌توانین هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مه‌ودای فه‌لسه‌فه یان مێژووی فه‌لسه‌فه بۆ ئاستی زمان – زمانی به‌کارهێنراو بۆ دروستکردنی بەرزانی فه‌لسه‌فه کورت بکه‌ینه‌وه.
فه‌لسه‌فه به‌وه‌ی خۆی درووست کردووه‌و ناساندووه و دامه‌زراندووه و که زمانی فه‌لسه‌فه‌ی دروست کردووه ، فه‌لسه‌فه له زمانی فه‌لسه‌فه یان زمانی فەلسەفیی جیا ناکرێته‌وه . که‌وایه پێناسه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی گه‌وهه‌ریی و گشتی بابەتی فه‌لسه‌فه ئه‌وه‌یه که ئه‌و زمانه‌یه که فه‌لسه‌فه بۆ دامه‌زراندنی خۆی وه‌ك بەرزان به‌کاری هێناوه. ئه‌و زمانه‌ش مرۆڤان به‌کاریان هێناوه. ئه‌و مرۆڤانه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانیان به‌و شێوه‌یه به‌کار هێناوه که لە شێوه‌ی به‌کارهێنانی تایبه‌تی زمان جیای بکاته‌وه، پێیان وتراوه و ده‌وترێ فه‌یله‌سوف. بیری خواش فڕین بۆ ئاسمان نه‌بووه، فریشته بوونی له‌ناو بیر و بۆچوون و نه‌خشه‌ی مرۆڤ خۆیدا بووه.
٦. لە زمانی مرۆڤەوە بۆ کۆزانەکان
مرۆڤ به‌و شوێنه نێوه‌ندییه ، به‌و هۆشیارییه زمانکردهیهی ، ده‌یه‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر دنیای به‌رچاو و به‌ر هه‌ستدا دابگرێ بۆیه هۆشیاریی مرۆڤ که له هه‌مان کاتدا چالاکییه زمانهوانییهکهیهتی ، خۆی فراوان ده‌کا تا هه‌موو ئاسته‌کان و کایه‌کانی چالاکی مرۆڤ بگرێته‌وه. که‌وایه له کاتێکدا زمان خۆی وه‌ك هۆشیاریی ، زمانی هۆش ، عه‌قڵ ، وه‌ك لۆجیك یان ئامرازی لۆجیك و ئاخاوتن وه‌ك شتێکی (نه‌گۆڕ) ده‌رده‌که‌وێ ، ئه‌و زمانه له چه‌ندین کایه و بابه‌تی زانستیی جیاوازدا کارده‌کا. چونکه له پێشه‌وه مرۆڤ هه‌یه ، له پێشه‌وه مرۆڤ بوونی هه‌یه ، ئه‌و بوونه له‌به‌ر هه‌ر هۆ و هۆکارێك بێ ، هه‌ر چۆنێك وای لێ هاتبێ به دڵنیایی و یه‌قینه‌وه نازانین ، به‌ڵام ده‌زانین ئه‌و بوونه‌ی مرۆڤ جیاوازه ، هه‌بوونه ، هه‌بوونی هۆشیاریی ، هه‌بوونی زمان ، هه‌بوونی عه‌قڵ ، هه‌بوونی هه‌ست کردن به‌و پێویستییه‌ی ده‌بێ دنیای ده‌وروبه‌ری بدۆزێته‌وه و کاری تێ بکا و لێی بژی و پێی بژی ، ئه‌وسا تێی بگا و له رێگای تێگه‌یشتنی دنیاکه‌یه‌وه ، له خۆشی ده‌گا ، ئه‌مه‌ش پرۆسه‌ی زانین درووست ده‌کات.
که‌وایه پرۆسه‌ی زانین، کرده‌ی زانین، ئارکیۆلۆجی زانین بنه‌که‌ی و سه‌ره‌تاکه‌ی و ناوه‌نده‌که‌ی و ئامانجه‌که‌ی و کۆتایی یه‌که‌ی هه‌ر مرۆڤ خۆیه‌تی. مرۆڤ بوو که زمانی پشکوت ، که یه‌که‌م هه‌ستی هه‌ست پێ کرد، یه‌که‌م وشه‌ی درکاند، یه‌که‌م هۆنراوه‌ی ده‌ربڕی ، یه‌که‌م چیرۆکی داڕشت، یه‌که‌م پرسیار و دووه‌م پرسیار و ده‌یه‌م پرسیار و سه‌ده‌م پرسیار و هه‌زاره‌مین پرسیاری کرد، هه‌موو شته‌کان که ده‌یانزانین، هه‌موو وتراوه‌کان، هه‌موو وشه‌کان ، هه‌موو چه‌مك و زاراوه‌کان، هه‌موو بیرۆکه و تیئۆرییه‌کان ، هه‌موو کۆبه‌ند و کۆزانه‌کان ، هه‌موو زانگه و ئارك و ئه‌رکه‌کانی زانین ، هه‌موو داهێنانی ئه‌و بووە تاکه دووباره نه‌بۆوه، مێژوویی و گه‌ردوونییه – تاك و کۆمه‌ڵه ، ماددیی و روحییه سه‌یره‌یه که پێی ده‌ڵێین مرۆڤ. مرۆڤێك که ده‌یه‌وێ مه‌ته‌ڵی بوون و گه‌ردوون هه‌ڵبێنێ – به‌ڵام خۆشی گه‌وره‌ترین مه‌ته‌ڵه بۆ خۆی. خۆشی گیرۆده‌ی ژیان و گه‌ردوون و پرۆسه و هه‌ل و مه‌رج و رێباز و ئاقار و ئاکامێکه که خۆی هه‌ڵی نه‌بژاردووه.
٧. لە دایکبوونی یەکەم وشە، یەکەم کۆزان
پرسیاره یه‌که‌مه‌کان ، وه‌ڵامه یه‌که‌مه‌کان ، پشکوتنی گوڵی جادووی زمان ، ههڵژرانی تاڤگه‌ی ئه‌فسانه‌کان، وێنه و وێنه‌کارییه‌کان، وشاندنی وشه‌کان و شتاندنی شته‌کان و ناونانی شته‌کان، دروستکردنه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌دا، دروستکردنه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی له ناوه‌وه‌دا، هه‌موو ئه‌مانه تایبه‌تی هه‌بوونی مرۆڤن. مرۆڤ هه‌یه، له سه‌ره‌تاوه، ئه‌وسا وشه، ئه‌وسا هونەر، شیعر، ئه‌فسانه. ئه‌وسا بیره ئاڵۆزه‌کان وسەر-سروشتییەکان، ئه‌وسا ئایین.
ئه‌وسا ناونانی هێزه‌کان، یه‌که‌مجاره هێزه زۆره جیاوازه جۆر به جۆره‌کان ناو ناونران و بە ناونان پلەو شوینییان لە بووندا درایە، ئه‌وسا هێزی تاک، هێزی مه‌زن، هێزی وشه، مرۆڤ ناوی تایبه‌تی خۆی بۆ ئه‌و هێزه گه‌ردوونییه گشت گر وخاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی بێ پایان و بێ سه‌ره‌تا و کۆتایی ، بوێنهر و ئافه‌ریده‌کار و پاداشتبه‌خش و سزا ده‌ری داده‌نێ:
یەک دەڵێ: ئەوە ئاهورای منە [کوردی، میدیایی، زەردەشتی]
یەک دەڵی ئەوە (ئێل، ئێلۆهیم) ی منە (عیبری، تەورات، جوولەکە)
یەک دەڵی ئەو ە(عێلاها) ی منە (ئارامی تەورات)
یەک دەڵێ ئەوە (ئەڵڵا، رەبب) ی منە (عەرەبی، قورئان)
یه‌ك ده‌ڵێ ئه‌وه ( گۆد) ی منه [زئینگلیزی)
یه‌ك ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی (خودا) ی منه [زمانی کوردی و فارسی)
یه‌ك ده‌ڵێ ئه‌وه (ئیلیاه) یان( تۆیتی) منە (زمانی کریتانی)
یەک دەڵێ ئەوە (پروسا) ی منە (زمانی چینی)
یەک دەڵی ئەوە (ئۆک) ی منە (رووسی)
یەک دەڵێ ئەوە (دی- وو) منە (زمانی فەرەنسی)
یەک دەڵێ ئەوە (گۆت) ی منە (زمانی ئەڵمانی)
یەک دەڵی ئەوە (گوت) ی منە (زمانی دانیمارکی)
یەک دەلی ئەوە (براهمان) ی منە (زمانی هیندی)
یەک دەڵێ ئەوە (بووخ) ی منە (زمانی چیکیی)
ئه ئاوا وەک پێویستییەکی رۆحیی و پرۆژەو پەیامێکی ئینسانی نەتەوەیی، بە سەدان ناوی هەر نەتەوەو گرۆیەک، بەلام بۆ یەک تاکی مەزن، سهرئارکی ئارکهکان، سهرهێزی هێزه‌کان، سه‌رداری ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، سه‌ر وشه‌ی هه‌موو وشه‌کان، بنه بیری هه‌موو بیره‌کان، به هێزێکی سه‌ره‌تایی ساده، به‌ڵام مه‌زن و سامناکه‌وه لە رێگای وشه‌ی زمانه‌وه – درکاندنی بیره‌وە. هۆشاندنی شت و شتاندنی هۆشەوە، زانی زانینه‌وه، لە ئاکامی ئه‌زموونه‌وه دێته بوون: دێته بوون بۆ ئه‌وه‌ی ببێته بنه‌مای بوون بوێنهری بوون، وێنه‌ری بوون، و نوێنه‌ری خۆی که هه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌یه له وشه‌دا ئافه‌ریده‌ی کرد ، تا له‌سه‌ر زه‌مینی ته‌نها گۆشه‌ی په‌راوێزی ئه‌و گه‌ردوونه بێ بن و بێ کۆتایی یه ، بیکاته نوێنه‌رو په‌یامبه‌ر و گه‌مه‌ی ترس و تۆڵه و به‌زه‌یی و په‌یام و پاداش و پاشه‌رۆژی خۆی.
له‌م وشه مه‌زنه ( یان ناوه مه‌زنانه‌ی) تاکه هێزی گه‌ردوونی یه‌که‌م ئایدیای گه‌ردونی ، یه‌که‌م کلیلی پێویستی هه‌موو پرسیاره‌کان، یه‌که‌م کۆزانی کۆبهندکهری ئارکه‌کانی خۆی و ئه‌رکه‌کانی مرۆڤ ، لۆگۆس خۆی ، لۆجیکی مرۆڤ ، ده‌سه‌ڵاتی خۆی و به‌رده‌ستی مرۆڤ ، به‌زه‌یی خۆی و زه‌لیلی مرۆڤ ، نه‌مریی خۆی و کاتبه‌ندیی مرۆڤ ، گشتگریی خۆی و تاك و ته‌رایی مرۆڤ ، ئافه‌ریده ده‌بێ. یه‌که‌م وشه‌ی باوك و دایکی هه‌موو وشه‌کان.
یه‌که‌م ئارکی دامه‌زرێنه‌ری ئارکه سه‌روه‌ر و سه‌رده‌ست و سه‌ره‌تایی یه‌کان.
یەکەم وشە، یەکەم کۆزان، یەکەم کۆبەند
ئا تۆمان دۆزییه‌وه ، تۆمان ناو نا ئیدی چۆن باست بکه‌ین؟
نا یه‌که‌مجار وشه‌ی چۆن نه‌بوو: ( پرسیاری چۆن) بۆ ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه ئه‌زموونی و درکاندنه بیرییه مه‌زنه نه‌بوو.
تۆ هه‌ی ، تۆ مه‌زنی مه‌زنانی ، فه‌رمانده‌ی فه‌رماندارانی ، ده‌تبینین له بوونماندا وه‌ك کۆرپه ، له ئه‌رك و قورسایی ژیان و بژێویماندا، له سێبه‌ری ترس و مه‌ترسییه‌کاندا ، له ره‌شه‌با و هه‌وره تریشقه‌دا ، له باران و لافا وو تۆفاندا ، له بوومه‌له‌رزه و بڵێسه و گڕکاندا ، له سه‌رما و گه‌رما و نه‌خۆشی و ناڵه‌ی ده‌روونی دا ، له هه‌ڵات و هاتن و و ئاوابوونی خۆردا. ئەو هێزە مەزنە گه‌ردوون داگرە که چاوگه‌ی هه‌موو سه‌رچاوه‌کانه، هێزی هه‌موو هێزه‌کانه، له ده‌رکه‌وتنی مانگ و دره‌وشاندنه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌دا ، له سامناکی شه‌و و سیحری به‌ره‌به‌یاندا ، له دڕنده‌یی جانه‌وه‌ری دارستان و به که‌ڵکی و ده‌سته‌مۆیی ئاژه‌ڵدا، به‌خشه‌ری بژێویی تۆی، بزوێنه‌ری گهردووشی گه‌ردوونیی تۆی ، سزادهرمان به ئه‌رك و مه‌رگ تۆی ، بۆیه ئاوا ، بیری تۆ چه‌مکی تۆ ، وه‌سفی تۆ ، ناسنامه‌ی تۆ ، کۆبه‌ندیی تۆ ، له زمانماندا به ده‌یان شێوه و سه‌دان ره‌نگ ده‌زێ و دەزێتەوە.
بۆیه تۆ دەبیته یه‌که‌م وشه. یه‌که‌م کۆزان . یه‌که‌م کۆبه‌ند.
یه‌که‌م چاوگه و یه‌که‌م زانگه.
یه‌که‌م سیستمی ته‌واوی بیرکردنه‌وه‌ی گشتگری گه‌ردوونیی. یه‌که‌م خالێك که ده‌ستپێك و سه‌ره‌تاگه و نێوه‌ندی ئێمه ئه‌و هه‌موو بیرانە یە ده‌رباره‌ی تۆ ، ئه‌و هه‌موو سیفات و ناسیاویی و نازناوانە: هه‌موومان بە ناوی تۆوە ناونان.
هه‌ر گرۆیه‌کی مرۆڤ له هه‌ر شوێنی بێ به‌هه‌ر ناوێکه‌وه بانگی کردبی ، به هه‌ر زمانێك زانینی تۆی پێگه‌یشتبێ ، تۆی کرده یه‌که‌م وشه، یه‌که‌م کۆزان ، یه‌که‌م کۆبه‌ند:
ئه‌و کۆبهندهشیان ناونا ئایین ، دین، ریلیجن یان به‌هه‌ر زمانێکی دی بێ.
که‌وایه ئه‌ی یه‌که‌م ئارکی ئارکهکان، ئه‌ی یه‌که‌م وشه‌ی وشه‌کان، ئه‌ی یه‌که‌م کۆزانی کۆزانه‌کان ، ئه‌ی یه‌که‌م کۆبه‌ندی کۆبهندهکان.
تۆ فه‌زایه‌کی ئه‌وه‌نده مەزنی هه‌وڵی زمان و بیری ئێمه‌ت داگیرکرد ، که قه‌ت ناتوانین ده‌ستبه‌ردارت بین، له فه‌زای بیری تۆدا مه‌لی لاواز و کزی ئاوازی ئێمه باڵه فڕه‌ی ژیان و مه‌رگ ده‌کات. نازانم تۆ ئه‌ی بیری مه‌زن بوویه دیل و به‌ندی زمانی من یان زمانی من بوو به دیل و به‌ندی ئه‌و زمانپژانهی سه‌رده‌می ساده‌یی ئه‌فسانه‌یی و مناڵێتی مێژوویی من ، نازانم – ئه‌ی بیری مه‌زنی زمانه‌که‌م ، تۆ منی یان من تۆم.
تۆ مێژووی بیری منت نه‌خشاند یان من تۆم کرده بڕوا و به‌هانه و به‌ڵگه‌ی بیر و زانینم، خولگه‌ی خولیای دۆزینه‌وه‌ی خۆم و جیهانه‌که‌م و گهردوونهکهت.
تۆ پرسیاره‌کانت هه‌ژاندن و هۆشت هاروژاندم.
وەلی هێشتا تۆ پرسیاری بۆ من وه‌ك خۆم ، خۆم پرسیاری خۆمم وه‌ك تۆ، بۆیه من و تۆ ئه‌ڵقه‌به‌ندی زنجیره‌ی پرسیارهکانین، پرسیاره بێ وشه‌کان. من له هه‌موو ئه‌زموونێکدا، له هه‌موو تاقیکردنه‌وه‌یه‌کدا، ئاسان و قورس، تۆ به وه‌ڵامی پرسیاره‌کانم ده‌نووسم – هه‌ندێ جار سه‌د لە سەد ده‌هێنم که‌چی زۆر جار سفر دێنم
دێمه‌وه سه‌ر سفر.
له سفره‌وه ده‌ست پێده‌که‌مه‌وه.
که‌چی هێشتا ناتوانم ده‌ستبه‌ردارت بم. چونکه تۆ وه‌ڵامی پرسیار و پرسیاری وه‌ڵامه‌کانیشی. له‌به‌ر ئه‌وه حیسابی سفر و سه‌د مانایه‌کی نییه، تۆ زانگه‌ی زمانهکهمی. زانی زانینهکهمی، ناوی ناسنامه‌که‌می، تۆ تازه بوویت له ده‌می بوتڵی هۆشمه‌ندی سه‌ره‌تاییم هاتیته ده‌ر. یه‌که‌م جارم بوو وێنه‌یه‌کی خۆم له ده‌ره‌وه‌ی خۆم بینیم، یه‌که‌م خۆکردنێکی خۆم له سه‌رووی خۆم بینیم. بینیم گه‌وره ده‌بێ، مه‌زن ده‌بێ، جیهانه‌که‌م پڕده‌کا له هه‌موو بۆشایی و که‌لینه‌کانی هه‌ستیاریی و هۆشیاریی، کایه‌کانی ناسراو و نه‌ناسراو پڕده‌کا له‌گه‌ڵ هه‌موو پڕبوونه‌وه و پڕکردنهوهیهك قه‌واره‌یه‌کی گه‌وره‌تر، هێلێکی مه‌زنتر، ده‌سه‌ڵاتی بێ سنوورتر به‌ده‌ست دێنێ.
تۆ ئه‌ی کۆزانی مه‌زن،
ئه‌ی تاکه مه‌ودای هەموو فەزاکان،
ئه‌ی ئارا‌و ئافەریدەکار، ئه‌ی سه‌روه‌ری سه‌رووی هه‌موو شته‌کان،
ئه‌ی بوێنهری بووان، شتێنهری شتان، بژێنهری ژیان، کارسازی کاران،
ڕووێنهری رووه‌کان، روودانی رووداوان، دانه‌ری مه‌رگ و ژان، به‌خشه‌ری خۆشیی و نان،
ئێستا تۆ ئاوا فه‌زای بوونت پرکردم له ئاستتا، له ئاستی هه‌موویی و هه‌میشه‌یی و ههمووشوێنیی، هه‌مه خواست و هه‌مه ده‌سه‌ڵاتتدا، من بچووك بوومه‌وه بچووك بوومه‌وه، سه‌یری ئه‌و له‌شه گۆشتییه، خوێنینه، ئێستایه‌ی خۆم کرد، دانم به زه‌لیلی خۆم له‌به‌رده‌می مه‌زنیی تۆ دانا، له به‌ره‌به‌یانێك که خۆره مه‌زنه‌که‌ت به‌ناو ده‌شتایی بوون و تروسکایی چاومدا بڵاوبۆوه، دانه‌ویم ، دانه‌ویم ، هاتمه سه‌ر چۆك ڕووم کرده دیداری دنیاگرت و به‌ده‌م له‌رزین و به‌ده‌م ترس و هیوا ، پاڕامه‌وه
نووزه‌م کرد ، نزام کرد ، نوێژم کرد.
ئه‌وسا زانیم: ئه‌وه بوو به ئایینی من.
ئه‌وه ئایینی منه.
تۆ ئافهریدهکاری من ئافهریدهکراو ،
تۆ بوێنهری بوونی بەرایی و نەمریی، من بوویه‌کی بوون به قه‌رز پێدراو.
تۆ سهرسروشت ، من له په‌راوێزی سروشتدا به‌ند کراو،
له وشه‌وه بووی به کۆزان ، به کۆبه‌ند، به ده‌نگ و ره‌نگ و سه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی بێ سنوور‌و بێ پایان.
بووی به گرێبه‌ند و کۆبه‌ندی زانین و ده‌سه‌ڵات ، وشه و فه‌رمان ، یاسا و ئه‌نجامدان ، تیئۆری و ئاقار و ئاکاری ژیان. ئه‌وسا سه‌رسام مام چی له‌م هۆشهم بکه‌م…..
چ پرسیارێكی گه‌مژانه بوو: ده‌بێ ئه‌رکی هۆش چ بێ که نه‌بێته هۆشیاریی تۆ، که نه‌بێته ئه‌رك و چالاکی ناسینی بیری تۆ، شیکردنه‌وه‌ی کۆبه‌ندی هه‌میشه فراوانتر و کاریگه‌رتر و سامناکی تۆ. تۆ بوویته وشه‌ی یه‌که‌م، ئارکی یه‌که‌م، ئارکی ئارکهکان، ئهرکێنهری ئه‌رکه‌کان، بوویته سازندهی مێژووم. بوویته مێژووم. هه‌ر رۆژێکی نوێی بوونم، مێژووی هوشیاری ده‌رباره‌ی بوونی تۆ بوو، بۆیه ترسام. ترسام له تێپه‌ربوونی کات و ونکردنی خۆم.
ترسام له گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌رده‌ستی به توانات به ده‌ستی خاڵیی.
ناچاربووم قهباڵەیهکم هه‌بێ. به‌ڵگه‌ی تۆ ناسین و تۆ په‌رستن و نزا و نوێژه‌کانم به ده‌ستمه‌وه بێ. بۆ یه‌که‌مجار نزاکانم له‌به‌رکردن، نوێژه‌کانم له بیره‌وه‌ریمدا هه‌ڵگرتن، فێربووم به ده‌نگ و ئاواز، له‌به‌ره‌به‌یان و ئێواراندا، له کاتی ته‌نیایی و ترس و ته‌نگانه‌دا، له ده‌می پێویستی و پەناخوازییدا، له هومێدی خۆشیی و ساغیی و سه‌رکه‌وتندا، ئه‌و نزایانهم ده‌وتن وئەو دروودانەم ده‌وتنه‌وه.
ئاره‌زوویەکی به‌هێز له دڵم ههڵدهقولا به دیدارت شاد بم روو به روو بتبینم. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م خولیایە دڵی پر ده‌کردم له سام و تۆقان، هۆشی پر ده‌کردم له پرسیار‌و گومان: چۆن منی زه‌لیل و ناته‌وان، چۆن منی گۆشت و خوێن و ئێسقان، زاتی ئه‌وه بکه‌م تۆ ببینم ئه‌ی خاوه‌نی گه‌ردوون، ئه‌ی خودا، ئه‌ی یه‌زدان. ئاوا تۆ بووی به ( ئه‌وی دی) من . هه‌موو کهلهبهرو کایه‌ی زمانت پڕکردمه‌وه. بووی به سهرامۆژ (مرجع) ی پرسیار و وه‌ڵامه‌کانم، بووی به داڕێژی دەور و داوا‌و ده‌نگ و داستانم. بووی به ئارکێنەری ئارکهکانم ، به بنهخانهی بیرهوهرییە تاك و کۆمهڵییهکانم ، به نوێنه‌ری هۆشمه‌ندی تایبەت و کۆ م. بە پرسیار‌و بەرپرسیارییم.
http://www.facebook.com/KamalMirawdeliPhilosophy