
قالبی هونه‌ریی توخمی ڕووداو…
قالبی هونه‌ریی توخمی ڕووداو
له ڕۆمانی (جه‌مشیدخانی مام که هه‌مشه با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد)ی به‌ختیار عه‌لییدا
حه‌مه مه‌نتک
توخمی ڕووداو، وه‌کوو توخمێکی سه‌ره‌کیی بونیادی هونه‌ریی ڕۆمان ڕۆڵی به‌رچاوی له بههونهریکردنی ڕۆماندا هه‌یه. بێگومان هه‌موو ڕۆماننووسێک ده‌بێ له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێت واقیعێکی دیکه‌ی هونه‌ریی جودا له ژیان بئافرێنێ، چونکوو له‌وێوه هونه‌ریی بوونی ڕۆمانه‌که به‌دیارده‌که‌وێ. بۆ ئافراندنی ئه‌م واقیعه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه، ڕۆماننووس سه‌رچاوه‌ی جوداوازی له‌به‌رده‌ستدان وه‌کوو: واقیعی ژیان، فه‌نتازیا، مێژوو (به‌هه‌موو ڕووداو و که‌سایه‌تییه‌کانییه‌وه). توخمی ڕووداو زۆر گرنگه، گرنگییه‌که‌ی له‌وه‌دایه هیچ ڕۆمانێک به‌بێ ڕووداو نابێ. بۆ ئه‌م توخمه له زووه‌وه وه‌کوو تیۆری باسی کراوه. ئه‌رستۆ له کتێبی (هونه‌ری شیعر)دا له باسی تراژیدیادا ده‌ڵێت: (( تراجیدیا بریتییه له لاسایی کردنه‌وه‌ی کرده‌وه‌یه‌کی سه‌نگین و له‌خۆیه‌وه ته‌واو پێگه‌یشتوو که درێژییه‌کی دیاری هه‌یه.))1 لێره‌دا ئه‌رستۆ داوای یه‌کێتیی ڕووداو ده‌کا، رووداوه‌که‌یش ده‌بێ لاسایی کرده‌وه‌ی مرۆڤ بێ، کردهوهکهیش ده‌بێ کرده‌وه‌یه‌کی جوان و سه‌نگین بێ، نه‌ک کرده‌وه‌ی خه‌راپ، ده‌بێ سه‌ره‌تا و کۆتایی و ناوه‌ڕاستی هه‌بێ، کۆتاییه‌که‌ی دیار و ئاشکرا بێ. ئه‌م هه‌موو مه‌رجانه بۆ توخمی ڕووداو له‌سه‌رده‌می یۆناییه‌کان زیاتر بۆ شانۆگه‌رییه‌کانیان ته‌رخان کراوه. به‌ڵام (هۆمیرۆس) یه‌که‌م که‌سێک بوو ئه‌م زنجیره‌یی بوونه‌ی ڕووداوی له (ئه‌لیاده و ئۆدێسه)دا تێکشکاند و ڕووداوه‌کانی له ناوه‌ڕاسته‌وه گێڕایه‌وه. بۆ باسکردنی توخمی ڕووداو به شێوه‌یه‌کی تیۆری هه‌ویرێکه ئاو زۆر ده‌کێشێ، چونکوو به‌پێی ژماره‌ی تیۆرناسان پێناسه و ڕاڤه‌مان بۆ توخمی ڕووداو هه‌یه، بۆیه‌یش له‌م نووسینه‌دا بواری ئه‌وه نییه به شێوه‌یه‌کی تیۆری توخمی ڕووداو باس بکه‌ین، یان بنیاته‌کانی ڕوودا وه‌کوو (بنیاتی شوێنکه‌وته، بنیاتی تێهه‌ڵکێش، بنیاتی هاوسه‌نگ، بنیاتی بازنه‌یی) و شێوازه‌کانی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو له ڕۆمان باس بکه‌ین. به‌ڵکه ئامانجی ئێمه له‌م نووسینه ئه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌یه‌کی زانستی توێژینه‌وه له هونه‌ریی بوونی توخمی ڕووداو له ڕۆمانی (جه‌مشیدخانی مامم….) بکه‌ین. ئایا به‌ختیار عه‌لی چۆن رووداوه‌کانی وه‌رگرتووه؟ ئایا ڕۆماننووس توانیوتی واقیعێکی دیکه له‌نێو ڕۆمانه‌که بئافرێنێ؟ هونه‌ریی بوونی ڕووداوه‌کانی نێو ئه‌م ڕۆمانه له کوێدایه؟ هه‌وڵده‌ده‌ین له ڕێی وه‌رامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌وه بچینه نێو ده‌قه‌که، مێتۆدی بونیادگه‌ری بۆ ئه‌م نووسینه پێڕه‌و ده‌که‌ین و له چوارچێوه‌ی ڕۆمانه‌که ناچینه ده‌ره‌وه.
پێشتر باسمان له سه‌رچاوه‌کانی وه‌رگرتنی ڕووداو کرد. به بۆچوونی (عه‌تا نه‌هایی)وه‌رگرتنی ڕووداو به دوو شێوه ده‌بێ:
1. ڕووداوی واقیعی: ئه‌و ڕووداوانه‌ی له نێو ژیانی ڕۆژانه و واقیعدا بوونیان هه‌یه.
2. ڕووداوی فه‌نتازی: ئه‌و ڕووداوانه‌ی له واقیعدا به‌رجه‌سته نین.2
که‌واته ڕۆماننووس له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردایه، یان ئه‌وه‌تا که‌ره‌سه‌ی ڕووداوه‌کان له واقیع وه‌رده‌گرێ، ئه‌و ڕووداوه‌ی لێره‌دا وه‌ریده‌گرێ ڕه‌نگه له ڕابردوو ڕوویدا بێ، یان له ئێستادا هه‌یه، ڕه‌نگه له‌داهاتوودا ڕووبدات. یان ئه‌وه‌تا ڕووداوێکی فه‌نتازییه و خه‌یاڵی دهیئافرێنێ، به سوود وه‌رگرتن له ئه‌فسانه و حه‌کایه‌ته فۆلکلۆرییه‌کان. نموونه‌ی ئه‌و ڕووداوه له واقیعدا بوونی نییه، به‌رجه‌سته نییه. (غه‌مگین بۆڵی) له نووسینێکی کورتییدا باس له‌وه‌ده‌کا: دوو شێوازی گێڕانه‌وه‌مان له نێو چیرۆک و ڕۆمانی کوردی‌دا هه‌یه، یه‌کیان شێوازی گێڕانه‌وه‌کان زۆر واقیعیین، دووه‌میان شێوازی گێڕانه‌وه‌کان زۆر خه‌یاڵیین.3 به‌ڵام هه‌ڵه‌ی (بۆڵی) لێره‌دا ئه‌وه‌یه وه‌رگرتنی ڕووداو و شێوازی گێڕانه‌وه‌ی تێکه‌ڵ کردوون. وه‌رگرتنی ڕووداو به‌و دوو شێوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بێ که باسمان کرد، به‌ڵام دووجۆر شێوازی گیڕانهوهمان هه‌ن ئه‌وانیش شێوازی گێرانه‌وه‌ی بابه‌تی و خودیین. له شێوازی گێڕانه‌وه‌ی بابه‌تی وه‌گێڕ(الراوی) وه‌گێڕێکی هه‌مووشتزانه، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر کاره‌کته‌ره‌کان، ڕووداوه‌کان، کات و شوێن و ته‌نانه‌ت له‌بری کاره‌کته‌ره‌کان بیریش ده‌کاته‌وه، لێره‌دا گێڕانه‌وه‌یه‌کی تاکدهنگمان هه‌یه. هه‌رچی شێوازی گێڕانه‌وه‌ی خودییه، ئه‌م جۆره‌یان له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌وه په‌یدا بوو، کاتێک (گۆستاف فلۆبێر) داوای له ڕۆماننووسان کرد ڕێ به کاره‌کته‌ره‌کان بده‌ن خۆیان هه‌ست و تێڕوانینی خۆیان ده‌رببڕن. لێره‌دا وه‌گێڕ خۆی به‌شداره له نێو ڕووداوه‌کان، جا ئه‌م گێرانه‌وه‌یه یان خۆدواندنه، یان له ڕێی دیالۆگه‌وه ده‌بێ، یان له ڕێی کاره‌کته‌رێکه‌وه. که‌واته ئه‌وه‌ی وا ده‌کا ڕۆمانێک زۆر واقیعیی بێ ناهونه‌رییه له وه‌رگرتنی ڕووداوه‌کان، نه‌ک شێوازی گێڕانه‌وه، چونکوو ڕۆمانووس ده‌بێ ئه‌ده‌ب بئافرێنێ، توانای قه‌ناعه‌تپێکردنی خوێنه‌ری هه‌بێ.
له ڕۆمانی (جه‌مشیدخانی مامم….)، وه‌رگرتن و له قاڵبدانی ڕووداوه‌کان ئه‌و ئێستاتیکایهیان نییه، که ڕۆماننووس له ڕۆمانه‌کانی دیکه ئافراندوونی. له‌م ڕۆمانه‌دا سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی ڕووداوه‌کان واقیعیی ژیانن، زۆربه‌ی ڕووداوه‌کانیش ڕابردوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له زۆر شوێن په‌نای وه‌به‌ر ڕووداوی فه‌نتازی بردووه. ئه‌م ڕۆمانه کاره‌سات و ڕووداوی نزیک به (25)ساڵ ده‌گێڕێته‌وه. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه تاکوو سه‌ره‌تای ساڵی (2000). کاره‌سات و ڕووداوه‌کانی : جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێران، ڕاپه‌ڕینی 1991ی کورد، شه‌ڕی براکوژی، گرانیی و ئابلووقه‌ی ئابووری نه‌وه‌ده‌کان، بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری ئیسلامی سیاسی له نێو گه‌نجان، کۆچی گه‌نجی کورد بۆ ئه‌ورووپا. ئه‌م ڕووداوانه هێنده واقیعییانه کاریان له‌سه‌رکراوه کاریگه‌ری ناهونه‌ریی بۆ سه‌ر بونیادی ڕۆمانه‌که هه‌بووه، چونکوو هێنده به گشتی ئه‌و ڕووداوانه گێڕدراونه‌ته‌وه فه‌زای هونه‌ریی ڕۆمانه‌که‌ی کوشتووه. هه‌ریه‌ک له‌م کاره‌سات و ڕووداوانه له سه‌دان ورده چیرۆک و ڕووداو پێکهاتوون، یه‌کێک له کێشه‌ی وه‌رگرتنی ڕووداو وه‌کوو توخمێک له واقیع بۆ نێو ڕۆمان ئه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌کی گشتی ڕووداوه‌که وه‌رده‌گیرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بنۆڕین هه‌ریه‌ک له‌و ڕووداوانه ورده ڕووداو و چیرۆکی جوانی تێدا هه‌ن، که ساناتر ده‌توانرێ ئێستاتیکا و واقیعێکی دیکه‌یان لێ بئافرێنرێ. (( چیرۆک و ڕۆمان له ناخ و جه‌وهه‌ری خۆیدا داهاته‌یه‌کی ستاتیکی و جوانکارانهیه، له کاتێکدا کاره‌سات واقیعێکی تاڵ و دژه مرۆڤانه‌یه، که هیچ جوانییه‌کی تێدا نییه.))4
له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێران، ڕووداوه‌کانی به شێوه‌یه‌که زۆر وشک ده‌خوێندرێنه‌وه. له نێو ئه‌و شه‌ڕه‌دا ورده چیرۆک و ڕووداوی زۆر کاریگه‌رمان هه‌ن. ورده‌کاری به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری له چنینی ڕووداوه‌کانی ئه‌و جه‌نگه نابینرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ڕۆمانه‌کانی دیکه‌ی ڕۆماننووس بکه‌ین، ئه‌و ورده‌کارییه له چنینی ڕووداوه‌کان به‌رچاوده‌که‌ون.
((ئه‌و شه‌وه له ده‌مه‌وبه‌یانه‌وه و به درێژایی ڕۆژیش تۆپخانه‌کانی عێراق و فڕۆکه جه‌نگییه‌کانی سوپا ئه‌و شوێنه نهێنانهیان کوتا که مامه جهمشدیم ده‌ستنیشانیکردبوون.))5 ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌م وێنه‌یه بکه‌ین زۆر ڕووت و واقیعیی دێته‌به‌رچاو، چونکوو هه‌ر خوێنه‌رێک له هه‌شتایه‌کان ژیابێت ئه‌وه ده‌زانێت ئه‌م شه‌ڕه چؤن بووه. یان ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی له باوکیان، یان برایان بیستووه له‌باره‌ی ئه‌م جه‌نگه‌وه. قاڵبی هونه‌ری بۆ وه‌رگرتنی ڕووداو ده‌بێ به شێوه‌یه‌ک بێ (ئه‌گه‌ر ڕووداوه‌که له واقیعه‌وه وه‌رگیرابێ)، وا له خوێنه‌ر بکا، ئه‌و بیره بخاته مێشکی خوێنه‌ره‌وه، که به‌ڵێ ئه‌و ڕووداوه‌ی له شوێنێک بیستووه، به‌ڵام به‌و شێوه ئێستاتیکییه نا، یان وای لێ بکا ده‌شێ ڕووداوێکی وا ڕووبدا. کاتێک ڕۆمانی (ده‌مێ مه‌رگ ده‌مێ خشهویستی)ی (ئیریش مارییا ریمارک) ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌ویش ڕووداوه‌کانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام له کۆی ڕووداوه گشتییه‌کانی شه‌ڕه‌که، دیمه‌نێکی بچووک، که خۆشه‌ویستی نێوان سه‌ربازێک و کچێکه ده‌گێڕێته‌وه، له‌وێ چنینی ڕووداوه‌کان ورده‌کاری تێدایه، به‌ڵام له جه‌مشیدخان له هێندێک شوێن ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر په‌ره‌گرافێک لاببات، کێماسی له گێڕانه‌وه‌که دروست نابێ. ئه‌ویش به‌هۆی درێژی کاتی گێڕانه‌وه‌یه، له‌و ماوه‌یه‌شدا ڕووداوه‌کان زۆرن، ناچار به زۆر له پاڵ یه‌کدی په‌ستێنراون، ناچار وه‌گێڕ(الراوی)ی ڕۆمان زوو زوو کاتی ڕۆمانه‌که ده‌باته‌پێش و به‌سه‌ر رووداوه‌کان بازده‌دا. زوو زوو خوێنه‌ر به‌ر ده‌سته‌واژه‌ی (دوای سێ هه‌فته، دوای شه‌ش مانگ، چه‌ند ساڵێک دواتر، له هه‌فته و مانگه‌کانی داهاتوودا، له‌و چه‌ند ساڵه‌ی جه‌نگدا…تاد) ده‌که‌وێ. ئه‌مه‌یش بازادانی وه‌گێڕه بۆ گه‌یشتن به ڕووداوه‌کانی دواتر، له هه‌ر یه‌کێک ڕووداوێک به شێوه گشتییه‌که‌ی گێڕدراوه‌ته‌وه.
له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی کۆچی گه‌نجانی کورد بۆ ئه‌ورووپا، به‌هه‌مان شێوه، گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان زۆر کرێت و ڕووتن، هه‌ست ده‌که‌ی خه‌یاڵی هونه‌ریان تێدا لاوازه. چونکوو ئه‌و ڕێیه قاچاغه‌ی خه‌ڵک پێیدا بۆ ئه‌رووپا ده‌ڕۆیشت، هێنده باسکراوه له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی سنوورداش ده‌کرانه‌وه، ئه‌وه‌ی سه‌فه‌ریشی نه‌کردووه شاره‌زا بووه. ئه‌گه‌ر نموونه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ی دهیگێڕدرێتهوه له واقیعیشدا هه‌بێ، کارکردنی ڕۆماننووس له‌سه‌ر ئه‌و پانتاییانه هونه‌ریتره که فه‌رامۆشکراون، چونکوو له‌ویدا خه‌یاڵی ڕۆماننووس ده‌توانی ساناتر گه‌مه‌کانی خۆی بکا. ((مێژوو ڕووداوه گه‌وره‌کان، ده‌سکه‌وت و شکسته‌کان ده‌نووسێته‌وه – دیاره زۆرجار به درۆ و شێوێندراوی- . ئه‌وه کاری چیرۆک‌نووس و ڕۆماننووسه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌و ڕووبه‌ره فه‌رامۆشکراوانه و کاری تێدا بکه‌ن))6 به‌و اتایهی مێژوو زێتر کار له ڕووبه‌ره گشتییه‌کان بۆ گێڕانه‌وه ده‌کا، به‌ڵام ڕۆمان به‌هۆی خه‌یاڵه‌وه کار له‌سه‌ر ئه‌و ڕووبه‌رانه ده‌کا، که نادیارن، فه‌رامۆشکراون هه‌موو خه‌ڵک په‌ی پێ نه‌بردووه. بۆ نموونه له‌م ڕۆمانه‌دا زۆر به گشتی ڕووداوی قاچاغچی و ژیانی ئه‌و گه‌نجانه‌ی بۆ ئه‌ورووپا ده‌ڕۆن گێڕدراوه‌ته‌وه.
((شه‌وێکی هاوین به هه‌موو نهفهرهکانمانهوه به‌ره‌و سنوور که‌وتینه ڕێ، په‌تی ته‌واومان کڕیبوو، ڕێنمایی ته‌واومان دابوو به نه‌فه‌ره‌کان. له‌سه‌ر سنووری یۆنان دابه‌زین و له شاخ و جه‌نگه‌ڵستانێکی گه‌وره‌دا له خاڵێکه‌وه که زۆر دوور نه‌بوو له سنووری بولگارستان دابه‌زین له‌سه‌ر سنوور هه‌موو نه‌فه‌ره‌کانمان له ترسا ده‌له‌رزین و منیش ده‌له‌رزیم….))ل105 گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوی بڕینی سنووری نێوان دوو وڵات پڕ له زه‌حمه‌تی و ناخۆشییه، به‌ڵام وه‌گێڕ هێنده به ئارامی و سانایی باسی ده‌کا، خوێنه‌ر چ ململانێیه‌ک هه‌ست پێ ناکا. ململانێی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ختی ئه‌و ڕێیه، به‌ڕاستی زۆر له‌و که‌سانه‌ی به‌وێدا ڕۆیشتوون به شێوه‌یه‌کی سه‌یر باس له زه‌حمه‌تییه‌کانی ئه‌و ڕێیه ده‌که‌ن. له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه ئه‌وه‌ی فۆڕمالیسته‌کان ناویان نابوو (ناباوکردن) به‌رچاوناکه‌وێ. (( دۆزینه‌وه و باوه‌ڕی فۆڕمالیسته‌کان له‌مه‌ڕ دیارده‌ی نامۆکردن یارمه‌تیده‌ری تێگه‌یشتنه له پێکهاته‌ی ئه‌ده‌ب به‌گشتی و ڕۆمان به تایبه‌تی و شێوه‌ی ئافراندنی ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر بنه‌مای به لاڕێبردنی خوێنه‌ر له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه به‌هۆی تێکه‌ڵکردنی واقیعی به‌رهه‌ست و نابه‌رهه‌ست و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوگه‌لی ڕابردوو یاخۆ ڕووداوگه‌لی شیاوی وه‌دیهاتن له ئێستا و داهاتوو.))7 سوودوه‌رگرتن له ڕووداوه‌کانی واقیع و ژیانی تاکه‌که‌سی، کارێکی به‌جێیه، به‌ڵام گێڕانه‌وه و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه بۆ نێو کارێکی ئه‌ده‌بی له چه‌شنی ڕۆمان، یان چیرۆک، ده‌بێ ناباوبکرێ. واته خوێنه‌ر کاتێک ئه‌و رووداوانه ده‌خوێنێته‌وه هه‌ست به چێژی ئه‌ده‌بی بکا. گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی گه‌نجی کورد له ڕێی قاچاغی تورکیا و یۆنان بۆ که‌سێکی وه‌کوو من که نه‌مدیوه، چێژی خۆی هه‌یه، به‌ڵام بۆ که‌سێک که به‌و ڕێیه‌دا ڕۆیشتبێ هیچ چێژێکی نییه، چونکوو له واقیعدا ئه‌و که‌سه دیویه‌تی.
که‌واته یه‌کێک له کێشه‌کانی وه‌رگرتنی ڕووداو وه‌کوو توخمێک بۆ ڕۆمان له ڕۆمانی کوردی به‌گشتی (تاک و ته‌را نه‌بێ) و ئه‌م ڕۆمانه به‌تایبه‌تی زۆر واقیعییانه ڕووداوه‌کان ده‌گێڕێته‌وه. به‌بێ ئه‌وه‌ی ههوڵیدابی واقیعێکی دیکه‌ی لێ بخولقێنێ، یان ئه‌و هه‌سته له‌کن خوێنه‌ر دروست بکا، ڕه‌نگه ڕووداگه‌لی له‌م چه‌شنه له ئێستا و داهاتوودا ڕووبدا.
کێشه‌یه‌کی دیکه وه‌رگرتنی ڕووداو له ڕۆمانی کوردی به گشتی و ئه‌م ڕۆمانه به‌تایبه‌تی بێ سنوور فه‌نتازی بوونی ڕووداوه. بێگومان له ڕۆماندا فڕینی مرۆڤ، خواردنی ئاسن، زیندووبوونه‌وه‌ی مردوو، قسه‌کردنی مردوو…تاد هه‌مووی ڕه‌وایه. به‌ڵام ڕۆماننووس چۆن ئه‌و قه‌ناعه‌ته له‌لای خوێنه‌ر دروست ده‌کا، که ئه‌م ڕووداوانه ئاسایین. له ڕۆمانی (نهێنی یاری کاغه‌ز)ی (یۆستاین گارده‌ر)، له‌وێدا کاغه‌زه‌کانی یاری قومار وه‌کوو مرۆڤ قسه ده‌که‌ن، ده‌جوڵێنه‌وه، کارگه‌ی شووشه‌یان هه‌یه. ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ)ی (خوان ڕۆڵفۆ) کاتێک وه‌گێڕ به‌دوای باوکی ده‌چێته گونده‌که‌یان، له‌وێدا هیچ گوندێک بوونی نییه، خه‌ڵکه‌که‌یشی هه‌موو مردوون، به‌ڵام هه‌موویان قسه ده‌که‌ن، جووڵه‌ی ژیان هه‌یه، ململانێ هه‌یه، ته‌نانه‌ت وه‌گێڕیش ده‌مرێ به‌ڵام قسه‌یش ده‌کا. هونه‌رمه‌ندی ڕۆمانووس له‌وێدایه قه‌ناعه‌ت به خوێنه‌ر بکا. ئه‌م ناباوکردنه له‌م ڕۆمانه زۆر لاوازه، شته‌کان به شێوه‌یه‌ک فه‌نتازی ده‌کرێن، گومان له‌لای خوێنه‌ر دروست ده‌که‌ن. وه‌کوو پێشتر ئاماژه‌مدا (به‌ختیار عه‌لی) زۆر هونه‌رمه‌ندانه له ڕۆمانه‌کانی دیکه‌ی کاری له‌سه‌ر دیارده‌ی ناباوکردن کردووه، خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌کا، به‌تایبه‌ت له (دواههمی هه‌ناری دونیا، غه‌زلنووس و باخه‌کانی خه‌یاڵ). یه‌کێک له کێشه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه هه‌ڵتۆقینی ڕووداوه له‌ناکاو، به‌بێ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی بۆ خۆشکرابێ. له‌ناکاو ڕووداوێک ده‌وستێ و یه‌کێکی دیکه ده‌ست پێده‌کا، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشتر هیچ ئاماژه‌یه‌ک، هێمایه‌ک بۆ بوونی ئه‌و ڕووداوه هه‌بێ. ڕایه‌ڵ په‌یوه‌ندی له نێوان به‌شه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا زۆر لاوازه، ته‌نیا ڕایه‌ڵێک بزربوون و دیارنه‌مانی جهمشیدخانه له کاتی فڕین‌دا، جارێک ده‌که‌وێته ئێران، جارێک په‌که‌که هه‌ڵیده‌گرنه‌وه. (( ئه‌و شه‌وه که ژه‌ندرمه‌کان گه‌مارۆیان داین و خان له هه‌وادا به‌ربوو، با چه‌ندین ڕۆژ هه‌ر به ئاسماندا ده‌یبات و داینانێت، به‌سه‌ر هه‌موو یۆنان‌دا ده‌یگێڕێت، به‌ره‌و دوور ده‌یبات و ده‌یهێنێته‌وه، به‌ره‌و ده‌ریا ده‌یڕفێنێت و ده‌یخاته‌وه سه‌رخاک، ئه‌و له هه‌وادا ده‌بوورێته‌وه و دێته‌وه هۆش خۆی، ده‌خه‌وێت و هه‌ڵده‌ستێت، خۆر ده‌بینێت هه‌ڵدێت و خۆر ده‌بینێت ئاوا ده‌بێت که‌شتییه گه‌وره‌کان ده‌بینێت تیده‌په‌ڕن و که‌شتییه بچووکه‌کان ده‌بینێت ڕاوده‌که‌ن… هه‌میشه‌ش باده‌یبات و با ده‌یبات، له ئاسمانه‌وه ڕۆخه دووره‌کانی باکووری ئه‌فریقا ده‌بینێت، وه‌رده‌گه‌ڕێ و دێته‌وه بۆ باکوور له‌نگه‌رێک نادۆزێته‌وه. دوای شه‌وان و ڕۆژانێکی زۆر، که نه‌که‌س ژماردونی و نه به‌که‌سیش ده‌ژمێردرێن، شه‌وێک له‌ناکاو هه‌وا ده‌گاته واده‌ی پشووی خۆی خان له ئاسمانه‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی ده‌ریا به‌رده‌بێته‌وه.))ل112- 113
ئه‌م ڕووداوه به شێوه‌یه‌ک فه‌نتازییه، که خوێنه‌ر گومان له بوونی ده‌کا، ئه‌وه‌ی که قه‌ناعه‌ت له‌لای خوێنه‌ر دروست ده‌کا و جێی باوه‌ڕ بێ، هونه‌ریی و ئه‌ده‌بییه‌تی ده‌قه، به‌ڵام ڕووداوێکی له‌م شێوه‌یه ئه‌م دووخاڵه‌ی تێدا لاوازه. ده‌بێ خوێنه‌ریش ئه‌وه‌ی له بیربێ ئێمه ته‌نێ لایه‌نی وه‌رگرتنی توخمی ڕووداو له ڕۆمان به‌رباس ده‌ده‌ین، کارمان به‌سه‌ر دنیابینی و تێمه‌ی گشتی و فیکری ڕۆمانه‌که‌وه نییه. فه‌نتازی بوونی ڕووداو ده‌بێ له‌گه‌ڵ واقیع ڕایه‌ڵه‌یه‌ک به‌یه‌کیانه‌وه ببه‌ستێته‌وه، چونکوو لێره‌دا ده‌بێ واقیع و خه‌یاڵ یه‌کتری ته‌واو بکه‌ن. (( نموونه واقیعییه‌کان و خه‌یاڵ و خه‌ون له‌گه‌ڵ یه‌کتردا تێکه‌ڵ ده‌بن و ئاوێته‌ی یه‌کتری ده‌بن.))8 که‌واته کاتێک ڕۆماننووس ڕووداوێکی فه‌نتازی به هاوکاری سوودوه‌رگرتن له: ئه‌فسانه، حه‌کایه‌تی فۆلکلۆری، په‌ند…تاد وه‌رده‌گرێ، ده‌بێ له‌گه‌ڵ واقیعی بگونجێنێ، هه‌موو گێڕانه‌وه‌کانی نێو ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مریکای لاتینی، که به ڕیالیزمی جادوویی ناسراوه، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه به‌نده. ئامانجی ئه‌وه‌یش نیشاندانی ڕووداوی فه‌نتازییه له به‌رگی واقیع، واتا خوێنه‌ر وای دێته‌به‌رچاو ئه‌و ڕووداوه فه‌نتازییه واقیعه. ڕووداوه فه‌نتازییه‌کانی نێو ڕۆمانی جه‌مشیدخان تووشی سه‌رسوڕمانمان ناکه‌ن، به‌ڵکوو تۆوی گومان له‌کن خوێنه‌ر دروست ده‌که‌ن، به کورتی هێنده فه‌نتازییه ته‌واو له واقیع داده‌بڕێ، هیچ ڕایه‌ڵێک به واقیعی نابه‌ستێته‌وه. هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی ڕووداوه فهنتازییهکه دیار نییه،
له کۆتاییدا قاڵبی هونه‌ری توخمی ڕووداو له‌م ڕۆمانه‌دا له ڕووی هونه‌رییه‌وه لاوازه، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕۆمانه‌کانی دیکه‌ی ڕۆمانووس. قاڵبی ڕووداوه‌کانیش له‌لایه‌ک هێنده واقیعییه، ئه‌و هه‌سته له‌لای خوێنه‌ر دروست ده‌کا، که ئه‌و ڕووداوانه‌ی دیتوه، یان بیستووه. له‌لایه‌کی دیکه له‌زۆر شوێن به ڕووداوی هێنده فه‌نتازی ده‌که‌وین، که هیچ ڕایه‌ڵه‌یه‌ک به واقیعیی نابه‌ستێته‌وه و زۆر دوورده‌که‌وێته‌وه له واقیع ئه‌مه‌یش توانای قه‌ناعه‌تپێکردن له‌لای خوێنه‌ر لاواز ده‌کا.
په‌راویز و سه‌رچاوه‌کان:
1. هونه‌ری شیعر، ئه‌رستۆ، و:عه‌زیز گه‌ردی، خانه‌ی چاپ و په‌خشی ڕێنما، سلێمانی،2004،ل33.
2. ئه‌م بۆچوونه‌ی (عه‌تا نه‌هایی) له کۆڕێک له کتێبخانه‌ی زه‌یتوونه له شاری هه‌ولێر له ڕێکه‌وتی (15/5/2012) بۆ سازکرابوو، گوێمان لێی بووه.
3. بۆ به‌رچاوڕوونی بنۆڕه: سۆفیا لۆرین به هه‌وێداری، غه‌مگین بۆڵی، گوۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، ژماره:56-57، ل282.
4. ته‌وه‌ره‌ی چیرۆکی کوردی، گیڕانه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کان، ئا: ئیدریس عه‌لی، گۆڤاری ئاینده ژماره :74، 2007، ل82.
5. جه‌مشیدخانی مام که هه‌میشه با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد، به‌ختیار عه‌لی، له بڵاوکراوه‌کانی ئه‌ندێشه، سلێمانی، 2010، ل32.
6. چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌تا محه‌مه‌د، ئا: هه‌رێم عوسمان، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، ژ:56-57، ئه‌یلول 2012، ل239.
7. زمان، ئه‌ده‌ب و ناسنامه، د.هاشم ئه‌حمه‌دزاده، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولیر، 2012، ل11.
8. عناصر داستان، جمال میرصادقی، انتشارات سخن، چاپ پنجم، تهران، 1385، ص366.