Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیمانە لەگەڵ ناسر حیسامی

دیمانە لەگەڵ ناسر حیسامی

Closed
by November 19, 2012 ئەدەب

ناسڕ حیسامی: 


بە کارێکی ناشیرینی دەزانم هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن بە ئیجتیهادی خۆی ڕینووس هەڵبژێرێ. ئەو نەریتە خێڵەکییە دەبێ پێشی پێ بگیرێ.

 

به‌ده‌یان كوڕ و كۆبوونه‌ و كۆنفرانس بۆ زمان و ڕێنووسی ستانداردی كوردی ساز كراون، وه‌لێ تا ئێستا هیچ ئه‌نجامێكی هه‌قیقی له‌م باره‌ به‌ده‌ست نه‌هاتووه‌. ئایا ده‌بێ ئه‌م زمانه‌  مرد بێ و توانستی زیندووبوونه‌وه‌ی نه‌بێت، یاخود له‌به‌ر زۆری له‌هجه‌بازی‌ و ناوچه‌گه‌‌ری ئه‌مه‌ به‌دینایه‌ت؟ یان له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی گرفته‌كه‌ خه‌ست بووه‌ته‌وه‌؟ لێره‌دا حه‌زمان كرد له‌م باره‌وه‌ مامۆستا ناسر حیسامی بدوێنین، كه‌ له‌مه‌ڕ زمان و ڕێنووسی كوردی بۆچوون و بیرۆكه‌ی تایبه‌تی  خۆی هه‌یه‌. 

 

ديمانه: حەیدەر عەبدوڵڵا

 

پ1/ وەك ئاشكرایە زمان بڕبڕەی پشتی هەر نەتەوە و گەلێكە، هەر وڵاتێك زمانێكی ڕەسمی نەبوو كیانێكی سەربەخۆشی نییە، ئێمە زمانی سەربەخۆمان هەیە، بەڵام تا ئێستا لە نێو لەهجەكانی كوردیدا زمانی ستاندەرمان دیار نییە، تۆ ئەمە بۆچی دەگێڕییەوە؟ 

 

پێم وایە سەرەکیترین هۆی ئەوەیە کە کورد دەوڵەتی سەربەخۆی نەبووە. پێویستیی زمانی ستاندارد ئەوکاتە زیاتر بەرچاو دەکەوێ کە نەتەوەیەک لە وڵاتێکی سەربەخۆدا دەژی. هەتا کاتێک کورد دەوڵەتی نەبێ، دەسەڵاتێکی ناوەندیی نەبێ، هەر پارچەیەکی کوردستان بە زمانی دەوڵەتێکی دراوسێی بخوێنێ و بدوێ، ئەوە زمانی ستانداردی کوردی بە تەواوی جێ ناگرێ. هەر شار و شارۆچکە و گوندێک بە شێوەزاری خۆی دەدوێ و، هەر بەشەی بە ئەلفوبێیەک دەنووسێ و بە زمانێک دەخوێنێ. کاتێک کورد خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێ، ئەوە زیاتر هەست بە پێویستیی زمانێکی ستاندارد دەکا کە لە خوێندنگەکانی پێی بخوێندرێ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەزگا ئیدارییەکان وەک زمانی هەمەگر بەکاری بێنن. بە دامەزرانی حکوومەتی هەرێم، ئەو پێویستییە زیاتر لە جاران هەستی پێکراوە و باسی زمانی ستاندارد گەرمتر لە جاران هاتووەتە گۆڕ.

بەڵام بەوەشەوە، گەرچی زمانی ستانداردی کوردی، بڕیارێکی ناوەندیی لە سەر نەدراوە، بە کردەوە تا ڕادەیەکی زۆر، دوو ستاندارد لە زمانی کوردیدا شکڵیان گرتووە. لەو پارچانەی کوردستان کە بە ئەلفوبێی کوردی-ئارامی دەنووسن، ئەوە زمانی نووسین لەم سەد ساڵەی ڕابوردوودا بناغەیەکی بۆ داڕیژراوە و پێی دەنووسرێ و قسەی پێدەکرێ کە کوردیی ناوەڕاستە و، تا ڕادەیەکی بەرچاویش وشەی شێوەزارەکانی دیکەی وەرگرتووە. لە باکووریش، ستانداردی کورمانجیی ژووروو شکڵی گرتووە. پێم وایە ئەو دوانە، شان بە شانی یەک وەک دوو ستانداردی زمانی کوردی بەرەوپێش دەچن.

 

پ2/ هێندێك لە نووسەران پێیان وایە زمانی كوردی زمانێكی مردووە، خۆ ماندوو كردن پێیەوە خولانەوەیە لە یەك بازنەدا، ئایا راستە ئەم زمانە مردووە، یان خۆمان مراندوومانە؟ 

لە زانستی زمانناسیدا ”زمانی مردوو“ بە زمانێک دەگوترێ کە ئیدی هیچ ئاخێوەرێک نەمابێ قسەی پێ بکا. ئێستا، زمانە زیندووەکانی جیهان نزیکەی شەش هەزارن. زمانناسان دەڵێن هەتا ساڵی دووهەزار و سەد، نیوەی ئەو زمانانە لە ناو دەچن. زمانێک ئەو کاتە لە ناو دەچێ کە لە گەڵ ڕەوتی ئاڵوگوڕی مەدەنی نەچێتە پێش، لە جێی خۆی بمێنێتەوە، وشەی تازەی تێ نەیە، کارایی خۆی بۆ پەیوەندی لە دەست بدا و، ئیدی قسەی پێ نەکرێ. زمانێکی هیندییە سوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئامریکا، ئایاک، تەنها یەک ئاخێوەری مابوو کە ساڵی ٢٠٠٨ ماڵاوایی لە ژیان کرد. ماری سمیت جۆنز کە لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد، تاقە کەس بوو کە بەو زمانە دەدوا. کاتێک ئەو ماڵاوایی لە ژیان کرد، ئیدی کەس نەمابوو ئەو زمانە بزانێ و پێی بدوێ. بەم جۆرە زمانەکە لە ناو چوو. بەڵام ئەوە جێگەی سەرنجە، ئەو دوایین ئاخێوەرەی زمانەکە، کە دەیزانی دوای خۆی کەس نییە بەو زمانە بدوێ، لە دوایین ساڵەکانی ژیانیدا بە هاوکاری و یارمەتیی زانکۆی ئالاسکا وشەکانی ئەو زمانەی لە قامووسێکدا کۆ کردەوە هەتا یەکجاری زمانەکە کوێر نەبێتەوە. 

زمانی کوردی، زمانێکی زیندوویە. خەریکە گەشە دەکا و گەشەکردنەکەی بەرچاوە. لە زمانێکەوە کە بەکارهێنانی لە باکوور لە نزیکەی بیست میلیۆن کەس قەدەغە کرابوو و، لە دوو پارچەی دیکەش خوێندن و نووسینی قەدەغە بوو، ئێستا بووەتە زمانێک کە لە هەموو پارچەکان قسەی پیدەکرێ و، دەیارن ڕۆژنامە و گۆڤاری پێ چاپ دەکرێ، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن بەرنامەی پێ بڵاو دەکەنەوە و کتێبی پێ چاپ دەکرێ و لە زانکۆ و خوێندنگەکان دەخوێندرێ. ئەوە بە هەموو پێوانەیەک زمانێکی زیندووە. هیچ بەڵگەیەکی عەقڵ‌پەسەند لە پشت ئەو قسەیە نییە کە کوردی زمانێکی مردووە، یان توانا و زەمینەی گەشەکردنی نییە. زۆر جار ئەوە قسەی کەسانێکە کە لە تواناییەکان و زەرفییەتەکانی ئەو زمانە ئاگادار نین. 

زمانی کوردی، بۆ ئەوەی وای لێ بێ کە وەڵامی هەموو پێویستییەکانی ژیانی ئەم سەردەمەی پێ بدرێتەوە، پێویستە وەک هەموو زمانەکانی دیکەی جیهان، خزمەتی بکرێ. هەموو ئەو زمانانەی ئێستا لە جیهاندا بە زمانی دەوڵەمەند دەناسرێن، بەو قۆناغەدا تێپەڕیون.  

 

پ3/ سەبارەت بە دروست بوونی دەوڵەتی كوردی و زمانی ستاندارد قسەوباسی زۆر دەكرێت، بە بۆچوونی تۆ نەبوونی زمانی ستانداردی كوردی بەربەست بووە لە رێگای ڕاگەیاندی دەوڵەتێكی كوردی؟

 

نا، بەڵام نەبوونی دەوڵەتی کوردی سەبەبی سەرەکیی پێک‌نەهاتنی زمانی ستانداردی کوردییە. ئەگەر کورد دەوڵەتی سەربەخۆی بوایە، وەک هەموو دەوڵەتانی دیکە خاوەنی زمانی ستانداردیش بوو. لەوانەیە تەنیا یەک ساتانداردیشی بوایە و وەک ئێستا لە سەر دووڕێیانی دووستانداردی نەبوایە.

 

پ4/زمانی كوردی جاران لە دەستی وشەی عەرەبی دەیناڵاند، ئێستا بە تەواوی كەوتووەتە بەر تەوژمی وشە بیانییەكان، ئایا ئەمە بۆ لاوازی زمانی خۆمان دەگڕێتەوە؟ یان دەوڵەمەندبوونی زمانمان كە بە پۆل وشەی بیانی قبووڵ دەكات؟ 

 

هیچ زمانێکی زیندووی کارا لە دنیا دا شک نابەم کە هەموو وشەکانی هی خۆی بن و وشەی لە هیچ زمانێکی دیکە وەرنەگرتبێ. قەدیم لە بەر ئەوەی لە حوجرەکانی کوردستان بە فارسی و عەرەبی دەخوێنرا و، زۆربەی بەرهەمی نووسراوی کوردیش هی خوێندەواری حوجرەکان بوون، لە ئەدەبی نووسراوی کوردیدا وشەی فارسی و عەرەبی زۆر بوون. ئێستا کە بە کوردی خوێندن و بە کوردی نووسین زیاترە، وشە عەرەبی و فارسییەکانی ناو ئەدەبی نووسراوی کوردی کەمتر بوونەتەوە. بەڵام وشەی بێگانەی تازەش لە زمانەکەدا وەرگیراون. پێم وایە زمانی کوردیش وەک هەموو زمانەکانی دیکە پێویستیی بەوە دەبێ وشە لە زمانەکانی دیکە وەربگرێ و وشەش فڕێ بدا. چ وشەیەک فڕێ دەدا و چ وشەیەک وەردەگرێ، ئەوە زمانەکە خۆی وەک ئۆرگانیزمێکی زیندوو بڕیاری لە سەر دەدا. ناوەندی خاوەن سەڵاحییەت پێویستە ئەو وشە تازانە دیاری بکەن کە دادەڕێژرێن یان لە زمانی دیکەوە دێنە ناو کوردی. سەرەنجامیش لە کردەوەدا ئاخێوەرانی زمانەکەن کە بڕیاری لە سەر دەدەن. جاری وایە شارەزایان وشەی تازە دادەڕێژن یان لە زمانی دیکەوە دەیهێنن، بەڵام ئاخێوەران بەکاری نابەن و وشەکە وەرناگیرێ.  

 

 پ5/ ڕێنووسی كوردی گرفتی زۆرە، هەتا زیاتر لێی نزیك دەبییەوە كێشەكان زێتر خۆیان قووت دەكەنەوە، تاكو گەیشتووەتە حاڵەتێكی دەروونی، بۆ نموونە هەر كەسێك باوەڕێ‌ بە دوو واوی وشەگەلی:(بوون و چوون وگەردوون….تاد)، نەبێت من نووسینەكەیم پێ‌ ناخوێندرێنەوە، ئایا بە هەق ئەمە پێویستە یان كات بە فیڕۆدانە؟ 

 

ڕێنووسی یەکگرتوو پێویستییەکی گرنگ و حەیاتیی هەر زمانێکە. هەرچەندی خۆی پێوە ماندوو بکەین کات بە فیڕۆدان نییە. پێویستە ڕێنووسێکی یەکگرتوومان هەبێ. بەڵام لە ڕێنووسیشدا، وەک زۆر دیاردەی دیکەی ژیان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ و دەسەڵاتی بڕیاردەری سەراسەری، بووەتە مایەی هەرج‌ومەرج و ئاژاوە. وەک چۆن لە بواری سیاسی و ئیداریدا، حیزب لە جیاتی دەوڵەت بڕیار دەدەن وزۆر جاریش گوێ نادەنە گرنگیی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەریی نیشتیمانی و، لە مەسەلەی چارەنووسسازدا حیزب مافی ئەوە بە خۆی دەدا لە جیاتی کۆمەڵگەکە بڕیار بدا، لە بواری کۆمەڵایەتیشدا ئەو فەرهەنگە لە زەمینەی زمان و نووسیندا دەبینرێ. لە جیاتی ئەوەی قەبووڵی بکەین وەک هەموو میللەتێکی دیکە زمان و ڕێنووسی یەکگرتوومان دەوێ، هەر ناوەندێکی چاپ و ڕاگەیاندن و جاری وایە هەر تاکە نووسەرێکیش بە فتوای خۆی ڕێنووس دیاری دەکا. 

 

پ6/ تۆ لە بارەی ڕێنووس پابەندی چ نووسەرێكی؟ یان لە ژێر كاریگەری چ نووسەرێك دایت؟

 

من ئەو ڕێنووسە بەکار دەبەم کە کۆڕی زانیاریی کورد دایناوە و لەمدواییەشدا ئاکادیمیای کوردی هەندێک دەستی پێدا هێناوە. پێم وایە پێویستە هەموو کەس ئەوە بەکار بهێنێ. هەرکەسیش تێبینیی ڕەخنەگرانەی هەیە، ئەوە ڕوانگەکەی خۆی بخاتە بەر موناقەشە. بەڵام لە نووسیندا دەبێ ئەو ڕێنوسە بەکار بهێنرێ کە بڕیاری لەسەر دراوە. بە کارێکی ناشیرینی دەزانم کە هەر کەس و هەر دەزگایەکی چاپ یان هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن بە ئیجتیهادی خۆی ڕینووس هەڵبژێرێ. ئەو نەریتە خێڵەکییە دەبێ پێشی پێ بگیرێ. 

 

پ7/ ئایا وشەسازی یان وشە داتاشین ئەركی دەستە و كۆمەڵە یان دەكرێ‌ تاكەكەسیش بۆچوونی خۆی هەبێت؟ 

تاکەکەسیش دەکرێ بۆچوونی هەبێ و، زۆریش پێویستە، بەڵام سەرەنجام دەبێ ناوەندی خاوەن سەڵاحییەت بڕیاری لەسەر بدەن.  

 

پ8/ بە دیاریكراوی هەنبانە بۆرینەی هەژارموكریانی لە پەرەدان بە زمانی كوردی چۆن دەبینیت؟ 

کتێبخانەی کوردی لەم بابەتەوە بەداخەوە هەژارە. هەنبانە بۆرینە حاسڵی هەوڵێکی تاکەکەسییە و زۆریش بەکەڵکە، لە هەمانکاتدا ناتەواوی و کەموکووڕیشی هەیە. پێم وا نییە ئەو کتێبە لە پەرەپێدانی زمانەکەدا دەوری هەبێ، بەڵام سەرچاوەیەکی بە کەڵکە.

 

پ9/فەرهەنگەكانی زمانی كوردی  بەگشتی  لە چ ئاستێك دان؟

بە داخەوە لە ئاستێکی دەوڵەمەند دا نین. ئەوەش هیچ لە پێویستی و بایەخیان کەم ناکاتەوە. کەسانێک بە فیداکاریی شایستەی سەربازێکی ئازا، لە هەلومەرجی دژواردا ئەو کارەیان کردووە. ئەوە جێگەی پێزانینە. لە هەمانکاتیشدا دەزانین ئەو فەرهەنگانە کافی نین و دەبێ کاریان لەسەر بکرێ و پەرەیان پێ بدرێ. زمان، پێویستیی بە کۆمەڵێک فەرهەنگ و قامووسی جۆراوجۆرە. ئێمە بەداخەوە زۆرمان نییە. ئەوانەی کە هەشمانن یان هی ساڵانی زووترن کە بۆ ئێستا وەڵامدەرەوە نین و گۆڕانکارییە تازەکانی زمانی کوردییان تێدا نییە، یان لە بناغەدا کەموکووڕییان هەیە. پێم وایە فەرهەنگ نووسین لە کوردستان وەک پێویستییەکی گرنگ دەبێ بەرنامەی بۆ دابڕێژرێ.

 

له‌ژماره‌ 117ی رۆژنامه‌ی باس بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.