
ئەگەر گوێت لە تەپڵی جەنگ نییە دیارە تۆ کەڕیت
هەست کردن بە بارودۆخی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورت نابێتەوە تەنیا لە چاوەڕاونی کردنی ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ، کە ڕووداوێکە ئێستا وەکو کێکێکی گەرمی لێهاتووە هەموو چاوەڕوانن بێتە سەر سفرەو دەستی لێبوەشێنن ، بەڵکو ئێمە هەموو وا پێ ی دەنێینە قۆناغێک کە جەنگ لە تارمایی دەردەچێت و دەبێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .
ئاڵۆزیەکانی ئەو جەنگانەی وا گەرمن و ئەوانەشی وەکو جەنگی موحتەملی ئایندە بەڕێوەن لەوە کورت نابێتەوە کە بەرژەوەندیەکانی بەرە جیاوازەکان بە ئەوپەڕی توندی بەر یەکتر دەکەون ، بەڵکو لەوەدایە میلتاریزم وەکو ئەمری واقیع خۆی وەکو تاقە ڕێگای سیاسەت سەپاندووە . ئامارەکانی خۆ پڕ چەک کردن لە ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕیکۆردەکانی هەموو مێژووی سیاسی و سەربازی ئەم ناوچەیەی بڕیوە . ئابوریش بە بێ ناولێنان بووە بە ئابوری جەنگ ، بە مانایەک پارەو بودجە تەنیا بۆ سوپا بە بێ ڕۆتین و دەردەسەری تێدەپەڕێ .
کۆمەڵایەتی کردنەوەی ژیان لە سایەی بارودۆخی شەڕ شوێنی بە هەموو بارودۆخێکی تری ئاسایی لێژ کردووە ، ئیسرائیل 30 هەزار سەربازی یەدەک بانگی خزمەتی سەربازی دەکا ، ناتۆ لە سەر سنووری تورکیا و سوریا دەزگای مووشەک هاوێژ دادەمەزرێنێ ، حەماس خۆی بۆ شەڕی بە وەکالەتی خەڵکی فەلەستین نا ، بەڵکو بۆ داڕمانی ئاشتیەکی درۆینەو کۆی ئەجێندە ناکۆکەکانی ناوچەکە ئامادە دەکا . عێراق پڕۆژە یاسای تەجنیدی ئیجباری ڕەوانەی پەرلەمان دەکاو لۆبی دروست دەکا بۆ سەرکەوتنی یاساکە ، ئەمانە پارانۆمای سەر دێری مانشێت و کورتە هەواڵ نین ، ئەمانە مۆدیلێک لە جەنگی ناوخۆی لوبنان دێنێتەوە یاد ! بەڵام ، بەو ئاستەی کە هەموو ناوچەکە ببێتە لوبنانێک یان یۆگسلافیایەکی سەدەی بیست و یەک .
بەر لە دەست پێکردنی شەڕی 2003 ی ئەمریکاو ڕوخاندنی سەدام حوسێن ، جۆرج بۆش سەردانی ئەورپای کرد ، لەوێ گەورەترین خۆپیشاندنی بزوتنەوەی ( دژی شەڕ ) بەرپاکرا دژ بە شەڕو هاتنی جۆرج بۆش . کاردانەوەی جۆرج بۆش لەبەرامبەر ئەم خۆپیشاندانانە ئەوەبوو ووتی : –
(( ئێمە شەڕ لە پێناوی ئەو ئازادیەی دەکەین کە ڕێگا بە ئێوەو هەزارەهای وەکو ئێوە دەدا لە دونیای ڕۆژئاوا بە سەربەستی خۆپیشاندان و رای جیاواز دەرببڕن )) ! لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو قسەیە وا دێتە بەرچاو کە جۆرج بۆش ساویلکەیە ( وەکو ئەو وێنە باوەی لەسەری هەیە ) بەڵام ، بە پێچەوانەی ئەم وێنەیە ، ئەم قسەیە تەعبیرێکە لەوەی کە زلهێزەکانی دونیا توانیان نەک تەنیا بە سەرکوتی پۆلیس ، بەڵکو بە میکانیزمێکی زەبەلاحی ئایدیۆلۆژی و کەرەستەی میدیایی بزوتنەوەی دژی شەڕ کەناربخەن و بیکەن بە کرێدیتێک بۆ ئازادیەکانی ڕۆژئاوا .
نەمانی بزوتنەوەی دژە شەڕ ، خەفە بوونی تاقە دەنگی عەقلانی نێو سیاسەتی دونیا بوو لە ئاستە بەرینەکەی خۆی ، ئیمڕۆ دونیا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە سەرهەڵدانەوەی ئەم جۆرە لە بزوتنەوە هەیە ، نەک وەکو ناسنامەیەک بۆ خێروبێری لیبرالیزم و ئازادی خۆپیشاندان ، بەڵکو وەکو ڕێگای چارەی جەماوەر بە مانا هەرە نێونەتەوەییەکەی بۆ بەشداری وبەرگری لەبەردەم بەربەریەتێکی تیژڕەو کە وا دونیا پڕ دەکا لە شەڕو پڕۆژەی جەنگ .
هنری کێسنجەر لە بەشێکی میدیای عەرەبی و لە هەندێک میدیای کوردیش وەکو سیاسەتمەدارێک و ئەکادیمیستێکی ستراتیژ ناس مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ ، بە پێچەوانەی ئەمەش لە ڤێتنام و ئەندونوسیاو زۆربەی ووڵاتەکانی ئەمریکای لاتین شان بە شانی جەلادەکانی سەدەی بیست لە بابەتی بینۆتشەو سۆهارتۆ دەیان داوای یاسایی وتۆمەتی ” تاوانباری جەنگ و کۆمەڵکوژی ” لەسەرە وەکو ئەندازیارێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چەند دەورانێکی خوێناوی سەدەی بیست . ئەو هەمیشە دەنگی زەبروزەنگ و هێزوو شەڕ بووە ، لەم ماوانەی دوایدا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سازکرا بۆ شی کردنەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی دونیا ، چاوپێکەوتنەکە بە نێوی ئەگەر گوێت لە تەپڵی جەنگ نییە دیارە تۆ کەڕییت ، لەوێ لە بەشێکی قسەکانی دەڵێت :-
(( ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، ڕوسیاو چین دەتوقێنێ ، دوایین بزماری تابوتەکەشیان ئێران دەبێت کە ئەویش ئامانجی سەرەکی ئیسرائیلە . ئێمە خۆمان ڕێگەمان دا چین پەرە بە هێزە چەکدارەکانی بدات و روسیاش لە قەیرانی سۆڤیەت ڕزگاری بیت ، ئەمەش بۆ ئەوەی هەستێکی چەواشەکارانەی دوور لە ڕاستیان لەلادروست بیت سەبارەت بە هێزوو توانایان ، دیارە ئەم هەستەش رایاندەکێشێتە ناو پرۆسەکەو لە ناوچونیان خێراتر دەکات . بۆ بەرامبەرەکەمان بوار دەڕەخسێنین دەست بداتە چەک ، بەڵام ئێمە وەک شەڕکەرێکی وریاو لێزان، زووتر دێینە دەست ))
ئەمە قسەی شەڕەکانی سەدەی بیست نیە ، ئەوە قسەی هێنری کێسنجەرە لە دەوروبەری مانگی شەشی ئەمساڵ ، کێشە ئەمە نییە کە ئەم زاتە هیچ پۆستێکی حکومی و سیاسی نییە لە بەر ئەوەی خانە نشینە ، کێشە ئەوەیە کە لە دونیای راستیدا خۆی یان کەسانی وەکو ئەو بەشێک لەو حەقیقەتە تاڵ چاوەڕنکراوەمان پێ دەڵێن ، ئەم جۆرە لە کەسایەتی پێمان دەڵێن چی چاوەڕوانمانە !
تەپڵی جەنگ لە زۆر شوێن دەنگی دێ ، سەرکەوتوو دۆراو قەت ناتوانێ چواچێوەیەک بێ هاوتەریب بێ لە گەڵ ویستی مرۆڤی دووربین بۆ مامەڵە لەگەڵ جەنگ . ئایا مرۆڤایەتی بای ئەوەندە بەهاو بەرگری دژ بە بەربەریەتی تیا ماوە یان بای ئەوەندە حەوسەلەی سیاسەت کردنی تیا ماوە بە ئاراستەی دروست کردنەوەی بەهاکانی ” ئاشتی ” و ” مرۆڤایەتی ” ؟ کەم نین ئەو عەقڵ لۆژیکە تەسک بینانەی کە ناو ناتۆرەی ” یۆتۆبیا ” ئایدیۆلۆژی ” وەکو حاکمی کوێری ساختە دژ هەموو ئەندێشەیەکی جدی بەکاردێنن ، بەڵام ، کێ مەجبورە هەتا سەر گوێ لە وڕێنەی فەلسەفە کراو بگرێت ! دەکرێ گوێ لەو دەنگانە بگرین کە هێشتا مانفێستی تێگەیشتنە پڕ لە بەهاو جدیەکان دەکەن ، ئەگەر دەنگێکی لەو بابەتە نایەتە بەرگوێمان ئەوە دیارە بە ڕاستی کێسنجەر ڕاست دەکاو ئێمە هەموو کەڕیین ، یان ئەوەتا با ئێمە خۆمان هاوار کەین و خەڵکیتر گوێ ی لێمان بێت .
orezgar@yahoo.ca
ڕزگار عومەر