
ژیان به ریتمی خێرا ….2
ته‌هران، ژیان به ریتمی خێرا:
ته‌هران یه‌كێكه له شاره گه‌وره‌كانی جیهان، هه‌م له رووی ژماره‌ی دانیشتوانییه‌وه كه نزیكه‌ی (14) ملیۆن كه‌س ده‌بێ، هه‌م له ڕووی رووبه‌ر، هه‌روه‌ها نیوه‌ی پیشه‌سازی ئێران له شاری ته‌هرانه، له‌وانه‌ش: پیشه‌سازی كاره‌با و چنین و شه‌كر و چیمه‌نتۆ و ماده كیمیاییه‌كان و هی تر، رێژه‌یه‌كی زۆری قوتابخانه و زانكۆی گه‌وره و مۆزه‌خانه‌ی گرنگی لێیه. جگه له فارس، كورد و ئازه‌ری و ئاشووری و زه‌رده‌شتی و یه‌هودیش به ڕێژه‌ی كه‌م و جیاجیا له ته‌هران ده‌ژین، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئه‌م شاره گرفتی قه‌ره‌باڵغی و هاتووچۆی ئۆتۆمبێڵ و پیسی ژینگه‌یه، ته‌نانه‌ت به پێی هه‌ندێك زانیاری، حكومه‌تی ئێران بیر له‌وه ده‌كاته‌وه پایته‌ختێكی نوێ دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌م گرفتانه دووربكه‌وێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌م قه‌ره‌باڵغیه، ژیان له‌وێ زۆر به خێرایی ده‌ڕوا و هه‌موویان په‌له‌ن له كاره‌كانیان، چ خه‌ڵكی پیاده، چ پاس و ئۆتۆمبێڵه‌كان، هه‌ندێ له سیماكانی ته‌هران كه بینیمن، ده‌توانم به‌و شێوه‌یه بیانخه‌مه‌ڕوو.
قه‌ره‌باڵغی و پرسی هاتووچۆ:
یه‌كێك له سیما دیاره‌كانی ته‌هران قه‌ره‌باڵغییه، هه‌م له رووی ئۆتۆمبێڵ و ماتۆڕ و پاس و.. هه‌م له ڕووی دانیشتوان، هه‌رچه‌نده جاده‌كانی پانن و زۆربه‌شیان سێ سایدن، دوو ساید بۆ هاتن و چوونی ئۆتۆمبیڵ و سایدێكیش بۆ پاس، به‌ڵام ئه‌مه دادی ئه‌م قه‌ره‌باڵغییه‌ی نه‌داوه، له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌ره‌باڵغییه‌ش شوفێره‌كان به هه‌مووجۆره‌كانییه‌وه: ئۆتۆمبێڵ، پاس، ماتۆڕ، زۆر خێران و خێراییه‌كه‌یان له راده‌به‌ده‌ره، باوه‌ڕناكه‌م شوفێرێكی لای خۆمان به ئاسانی بتوانێ له‌وێ ئۆتۆمبێڵ لێبخوڕێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رووداوی هاتووچۆ له‌وێ كه‌مه، جگه له‌مه ئه‌و ورده خۆبه‌یه‌كدادان و پێكداخشانه‌ی كه هیچ زیانێك به ماشێنی هه‌ردوولا ناگه‌یه‌نێ، یان زیانێكی كه‌م ده‌گه‌یه‌نێ و لێره قیامه‌تی له‌سه‌ر دروست ده‌بێ، له‌وێ نابێته هۆی ئه‌وه‌ی له‌یه‌كتر بێنه‌خواره‌وه و قسه به‌یه‌كتر بڵێن و هه‌ڕه‌شه له‌یه‌كتر بكه‌ن و بۆ یه‌ك بچن، وه‌كو ئه‌وه‌ی لای ئێمه هه‌یه، ئه‌وان له‌و ورده ده‌عمانه هه‌ر نایه‌نه خواره‌وه. كاك جه‌لیل گوتی: رۆژێكیان دوو كوردی عێراقم له‌گه‌ڵدابوو، ئۆتۆمبێلێك به‌رامبه‌رمان ده‌هات و خۆی له ئاوێنه‌كه‌ی ته‌نیشتم دا، ئاوێنه‌كه هیچ زیانێكی پێنه‌گه‌یشت، ته‌نها بۆ لای من هات و گه‌ڕایه‌وه شوێنی خۆی، كه‌چی ئه‌وان كردیان به هه‌ڵا..
ئه‌و گوتی: ئه‌گه‌ر به‌وه بكه‌ین و هه‌ر خۆپێكداخشانێك هاتنه‌خواره‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌دوادابێت ئه‌وا ئێمه كه‌سمان له ته‌هران كار و كاسبیمان پێ ناكرێ و ده‌بێ رۆژانه خه‌ریكی ئه‌م شه‌ڕانه بین.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م قه‌ره‌باڵغیه‌ی ئۆتۆمبێل و پاس و ماتۆڕ، پۆلیسی هاتووچۆ زۆر به كه‌می له‌سه‌ر جاده‌كان ده‌بینی، چونكه هه‌مووی به كامێرای چاودێری رێكخراوه.
خاڵێكی تری په‌یوه‌ست به هاتووچۆ ئه‌وه‌یه كه به هۆی فراوانییه‌وه، شوێنه‌كان له ته‌هران زۆر له‌یه‌كه‌وه دوورن. ئه‌و شوێنانه‌ی ئێمه بۆی ده‌چووین، پزیشك و نه‌خۆشخانه و هه‌ندێ شوێنی گه‌شتیاری، هیچیان رێگاكانیان له (45) خوله‌ك تا سه‌عاتێك كه‌متر نییه، ئه‌ویش ته‌نها له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی نه‌بوو، چونكه شوفێره‌كان زۆر خێرابوون و هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه به خێرایی ده‌ڕۆن، به‌ڵكو زیاتر له‌به‌رئه‌وه‌یه شاره‌كه گه‌وره‌یه و شوێنه‌كان له‌یه‌كه‌وه دوورن، كاتێ گلۆپی ترافیك سه‌وز ده‌بوو، ئۆتۆمبێڵه‌كان به‌یه‌كه‌وه و به خێرایی ده‌رده‌چوون، ئه‌گه‌ر لای ئێمه راوه‌ستان له ترافیك دوو خوله‌ك بێ، لای ئه‌وان چوار خوله‌ك و پێنج خوله‌كه.
میترۆ یه‌كێكی دیكه‌یه له هۆكاره گرنگه‌كانی گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵك له ته‌هران، وێستگه‌یه‌كی میترۆ له نزیك هوتێله‌كه‌مان هه‌بوو، ئێواران دوای رۆژئاوابوون خه‌ڵك به لێشاو رووی تێده‌كه‌ن و به په‌یژه‌كاندا ده‌چنه خواره‌وه، جارێكیان ئێمه‌ش خۆمان كرد به‌ناو په‌یژه‌كاندا و چووینه قوڵاییه‌كی زۆری ژێر زه‌وییه‌كه، به‌ڵام به هۆی دره‌نگی و نه‌بوونی كات سواری میترۆكه نه‌بووین، له‌و ژێر زه‌وییه‌وه، به هۆی نووسینگه‌ی فرۆشتنی بلیتی میترۆ و راره‌وه جیاوه‌زه‌كان و خه‌ڵكه زۆره‌كه‌ی ناویه‌وه، وا هه‌ست ده‌كه‌ی شارێكی دیكه له ژێر زه‌وی هه‌یه.
هه‌روه‌ها پاسه‌كانیش كه خه‌ڵكێكی زۆر هاتووچۆیان پێ ده‌كه‌ن، به نرخێكی هه‌رزان و ره‌مزیین، چونكه پاسه‌كان هی حكومه‌تن و بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك دانراون.
(ماتۆڕ) له‌وێ رۆلێكی گرنگی هه‌یه له گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتیان، جگه له‌وه‌ی بۆ خێرا راپه‌ڕاندنی كاره‌كانی خۆیان به‌كاری دێنن و له نێوان ئۆتۆمبێڵه‌كان و له ناو خه‌ڵك به خێرایی دێن و ده‌چن، خه‌ڵكیش ده‌توانێ بۆ كاری خێرا وه‌كو ته‌كسی به‌كرێیان بگرێ و بگه‌ڕێ، زۆری و خێرایی ماتۆر بۆ ئێمه سه‌رسووڕهێنه‌ره ده‌نگه‌كه‌شی بێزاركه‌ر، له‌كاتێكدا لای ئێمه تا ئێستاش ماتۆڕسوار به چاوێكی سووك ته‌ماشا ده‌كرێ، به‌ڵام لای ئه‌وان وه‌كو ئامرازێكی گرنگی گواستنه‌وه‌یه، جه‌لیل پێی گوتم: چۆن ئێوه له هه‌موو ماڵێكدا چه‌كتان هه‌یه، ئێمه‌ش له هه‌موو ماڵێكدا ماتۆڕمان هه‌یه.
سیسته‌می ژماره‌كردنی ئۆتۆمبێڵ له ئێران زۆر سه‌ركه‌وتووه، ژماره‌ی هه‌موو ئۆتۆمبێڵێك پێنج ژماره و پیتێكه له‌گه‌ڵ كۆدی شاره‌كه، نه كه‌متره و نه زیاتر، واتا ته‌نها ژماره نییه و پیتیشی له‌گه‌ڵدایه، ژماره‌ی سفر له ژماره‌ی ئۆتۆمبێڵه‌كان به‌كار نه‌هاتووه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ساخته‌ی تێدا نه‌كرێت، چونكه سفر به ئاسانی ساخته ده‌كرێت، بۆ نموونه یه‌كه‌م ژماره له شاری ته‌هران ژماره یه‌ك نییه و به‌و شێوه‌یه به زنجیره بڕوات، به‌ڵكو یه‌كه‌م ژماره به‌م شێوه‌یه‌یه (111ب11)، جگه له‌و، كۆدی ژماره (11)شی به ته‌نیشته‌وه‌یه كه به مانای شاری ته‌هران دێت، كۆده جووته‌كان (11، 22، 33-99) هی شاری ته‌هرانه و ژماره‌كانی دیكه‌ش هی شاره‌كانی دیكه‌ن. ژماره‌ی دوای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه (112ب11)یه تا (119ب11)، (120)یان نییه و یه‌كسه‌ر ده‌بێته (121) به‌مشێوه‌یه تا ده‌گاته (999ب11) ئینجا كۆده‌كه ده‌گۆڕێت بۆ (12) دیسان ژماره‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه تا ده‌گاته كۆدی (99) ئینجا ئه‌مجاره پیته‌كه له (ب)ه‌وه ده‌بێته (ج) و دیسان كاره‌كه دووباره ده‌كرێته‌وه، ئه‌گه‌ر لێكی بده‌یه‌وه ژماره‌كان ئه‌وه‌نده به جوانی رێكخراون كه كۆتاییان نایه‌ت، هه‌ڵبه‌ت بۆیه‌ش یه‌كه‌م پیت (ب) بوو كه به نموونه‌م هێنایه‌وه و گوتم ئه‌وه یه‌كه‌م ژماره‌یه، چونكه پیتی (ئه‌لف) هی حكومه‌ت و ئۆتۆمبێڵه حوكمییه‌كانه و پیتی ژماره‌ی هاووڵاتیان له (ب)ه‌وه ده‌ستپێده‌كات. ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ رێكخستنێكی جوانی ئه‌م هه‌موو ئۆتۆمبێڵه‌ی له‌و وڵاته هه‌ن كه هه‌موویان رێژه‌ی ژماره‌ی تابلۆكانیان وه‌كو یه‌كه له رووی چه‌ندێتی ژماره‌وه.
خاڵێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به هاتووچۆ ئه‌وه‌یه كه له ناو شاری ته‌هران بۆ رێگرتن له قه‌ره‌باڵغی زیاتر، ئۆتۆمبێڵه‌كان به (تاك) و (جووت) كار ده‌كه‌ن، واتا رۆژێك تاك و رۆژێكیش جووت، هه‌ندێ ئۆتۆمبێڵیش كه نیشانه‌یه‌كیان پێوه‌یه، ساڵانه باجێكی تایبه‌ت ده‌ده‌ن و ده‌توانن هه‌موو رۆژێك ئۆتۆمبێڵه‌كانیان به‌كار بێنن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بڕیاره ته‌كسی ناگرێته‌وه و ته‌كسی ده‌توانێ هه‌موو رۆژێك بێته ده‌ره‌وه.
ئه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند دوو ئۆتۆمبێڵی كڕی، یه‌كێكیان تاك و ئه‌وی دیكه جووت؟ یان ئه‌گه‌ر باوك و كوڕێك، یاخود دوو برا ئۆتۆمبێڵیان كڕی و یه‌كێكیان تاك و ئه‌وی دیكه جووت چی؟
ئه‌وان له چه‌ند ساڵێكی رابردوودا ئه‌مه‌شیان چاره‌سه‌ر كردووه، له‌وێ ژماره‌ی ئۆتۆمبێڵ به‌ناوی كه‌سه‌وه‌یه نه‌ك ئۆتۆمبێڵ، واتا كه‌سێك ئۆتۆمبێڵێك بكڕێ، ژماره‌كه‌ی به‌ناو ده‌كرێت، كه ئه‌و ئۆتۆمبێڵه‌ی فرۆشت ده‌بێ ژماره‌كه‌ی لێ بكاته‌وه و به‌و ئۆتۆمبێڵه‌وه‌ی بخات كه دواتر ده‌یكڕێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ویستی دوو ئۆتۆمبێڵ بكڕێت، ده‌بێ هه‌ردووكی تاك یان هه‌ردووكی جووت بێت. نه‌ك هه‌ر خۆی، به‌ڵكو كه‌سه نزیكه‌كانیش: باوك، برا… ده‌بێ ژماره‌كانیان به‌یه‌كه‌وه یان هه‌مووی تاك بێ یان هه‌مووی جووت بێ، به‌مه‌ش زۆربه‌ی ده‌رگاكان به‌رووی ساخته‌كردن له‌م كاره داخراوه.
ئافره‌ت له كۆمه‌ڵگای ئێرانی:
دیسان ئه‌وه دووپات ده‌كه‌مه‌وه كه من زیاتر ئه‌و سه‌رنجانه ده‌نووسمه‌وه كه له باری كۆمه‌ڵایه‌تین و به‌شێكی زۆریان خۆم له‌وێ و له‌سه‌ر جاده و بازاڕه‌كان به‌دیم كردوون، نه‌ك له رووه سیاسییه‌كه‌ی.
ئافره‌ت له ئێران (له ته‌هران و له ئورمیه‌ش وابوو) له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئازادییه‌كی زۆریان هه‌یه، جگه له رۆژ، شه‌ویش تا دره‌نگانێكی شه‌و ئافره‌ت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به ته‌نهایی ده‌بینرێ كه دێن و ده‌چن، چ به پاس و میترۆ چ به ته‌كسی (ته‌كسی ئافره‌تانیش هه‌یه ته‌نها بۆ ئافره‌تان) به‌ڵام ئافره‌تان سواری ته‌كسی پیاوانیش ده‌بن. دوكانداری ئافره‌تیش هه‌ن و رێژه‌ی زۆری ئافره‌ت كار ده‌كه‌ن. لای ئێمه ئه‌گه‌ر ئافره‌تان به رۆژیش ئازادی هاتووچۆیان هه‌بێ، به‌ڵام به شه‌و زۆر سنوورداره، له‌وێ شه‌و و رۆژ ئافره‌ت ده‌بینی كه به خێرایی و به ته‌نیا یان له‌گه‌ڵ پیاو، به پیاده یان له‌سه‌ر ماتۆڕ و له پشتی پیاو ده‌بینرێن.