
دوالیزمی له ئاوه‌زێكی كراوه‌دا
پێشه‌كی:-
ئێمه ئه‌گه‌ر له كه‌سایه‌تی هه‌ر تاكێ بدوێین، پێویسته سێ لایه‌نی هه‌ستیار و گرینگ له‌به‌رچاو بگرین، كه ئه‌وانیش (هۆش – عه‌قڵ و مه‌عریفی كۆمه‌ڵایه‌تی و سۆز و هه‌ڵچوون)ن، لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌م سێ لایه‌نه له دوو به‌شدا بخه‌ینه به‌رچاو، كه كه‌سایه‌تی ئه‌م سوارچاكهی بواری ئه‌ده‌ب و ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌رده‌خات. ده‌توانین بڵێین یه‌كێ له خاڵه دیار و گرینگه‌كانی پێناسه‌ی كه‌سایه‌تی ئه‌وه‌یه:- كۆمه‌ڵێ خه‌سڵه‌تی جه‌سته‌یی و هۆشداری و ڕه‌وشت و مه‌زاجییه‌ت هه‌ن، كه به ڕوونی كه‌سێك له كه‌سێكی دیكه جیا ده‌كاته‌وه، ده‌توانین ئه‌وه نیشان بده‌ین له ماوه‌ی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا كه شه‌هید شێخ مارف به‌رزنجی كه‌سایه‌تییه‌ك بووه، جیاوازی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكێكی ئاسایی و دیكه‌دا هه‌بووه له بۆته‌ی ئه‌و خاڵه‌ی ئاماژه‌مان پێدا، نه‌ریتێكی جیاوازی له خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری هه‌بووه، هه‌ڵكه‌وتنی له قادر كه‌ره‌مه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و بۆ ته‌واوكردنی خوێندن ڕوو له كه‌ركووك ده‌كات. پاشان پێكهێنانی خێزان به‌ره‌و به‌غدا بۆ وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی پارێزه‌ری له كۆلێژی ماف، پاشتر وه‌ك پاڵیۆراوی به‌ره‌ی نیشتمانی یه‌كگرتوو له ساڵی 1954 و هه‌ڵبژاردنی، كۆت و به‌ند بوونی به داب و نه‌ریتی كۆن و پاشتر ئازادبوون به ئازادییه‌ك، كه بیری نه‌ته‌وه‌یی و مه‌عریفی به‌رفراوانتر و كراوه‌تر كرد، ئه‌مانه و ڕه‌وتی تایبه‌تی ژیانی وایكردووه له زۆر ڕووه‌وه له‌گه‌ڵ تاكی كۆمه‌ڵ جیاواز بێت و جیهانێكی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت، سه‌رباری نه‌هامه‌تی و كه‌مده‌رامه‌تی كۆیله‌ی پاره و پوول نه‌بێت، سه‌رفیرازی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و ئازادی مرۆڤ مه‌شخه‌ڵی ڕێی تێكۆشانی به‌رده‌وامی بێت، بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی زانست و مه‌عریفه، ده‌گمه‌نن ئه‌و مرۆیانه‌ی ئه‌م ڕێچكه ده‌گرن.
له‌م شرۆڤه‌یه‌دا دوو لایه‌نی ژیانی شه‌هید شێخ مارف به‌رزنجی ده‌خه‌ینه ڕوو، ئه‌وانیش بیری نه‌ته‌وه‌یی و ئاوه‌ز و بیری ئهنستمۆلۆژی. هه‌ڵبه‌ته هه‌ردوو لایه‌ن به ته‌نها له چوارچێوه‌ی تێكسته شیعرییه‌كانییه‌وه شرۆڤه ده‌كه‌ین.
به‌شی یه‌كه‌م
سۆز و هه‌ڵچوون
ئه‌گه‌ر به‌وردی دیقه‌تی هه‌ردوو سه‌ده‌ی ڕابردوو نۆزده و بیست بده‌ین، هه‌ست ده‌كرێ ناسیۆنالیزم و بزاڤی ناسیۆنالیزمی زه‌قترین دیارده‌ی سیاسی بوون، له جیهاندا. به‌تایبه‌ت له ئه‌وروپادا، هاوكات ڕۆڵی ئه‌كتیڤیان نه‌ك به ته‌نها له ڕه‌وتی مێژوو، به‌ڵكو له خودی ڕه‌وتی ناسیۆنالیزمی له‌ناو زۆربه‌ی هه‌ره زۆری نه‌ته‌وه‌كانی دونیادا بینیوه، نه‌ته‌وه‌ی كوردیش یه‌كێك بووه له‌و نه‌ته‌وانه كه هیچ كاتێك له دیارده ئهكتیڤیهكانی دونیادا دووره په‌رێز نه‌بوون. له هه‌مان ئه‌و دوو سه‌ده‌یه‌دا كورد سوودی له‌و ڕه‌وته وه‌رگرتووه و به دوو قۆناغی جیاوازدا تێپه‌ڕیوه، له قۆناغی یه‌كه‌می دا كه سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه. له ڕێگای ئیماره‌ته كوردییه‌كانه‌وه بوونی خۆی سه‌لماندووه، به‌ڵام له 1850به‌دواوه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یش له‌بن ده‌ستی كورد دا نه‌ما، له سه‌ده‌ی بیسته‌م و قۆناغی دووه‌مدا ئه‌و كپی و بێده‌نگییه‌ی كورد سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه له ڕێگه‌ی بزاڤ و شۆڕش و ڕاپهڕینهكانهوه، ئیدی ئه‌گه‌ر ئێمه‌یش كوڕی ئه‌و قۆناغهباین و ئینتیمای له‌مسه‌ری چه‌په‌وه بۆ ئه‌و سه‌ری ئیسلامی بایه، ئه‌وا هه‌مان ڕوحی نه‌ته‌وه‌یی له ناخماندا جێگیر ده‌بوو، ئه‌م كورتهیهیش به هیچ كلۆجێ پاساو بۆ ئینتیمای شاعیرنییه.
شه‌هید شێخ مارف به‌رزنجی یه‌كێك له‌و ئه‌دیبه ناسراو و دیارانه بوو، كه ژیانی بۆ ئاشتی و ئازادیی و سه‌رفیرازی نه‌ته‌وه و خاكه‌كه‌ی ته‌رخان كردبوو، له پێناو ئه‌و مه‌به‌سته‌دا له سه‌ره‌تایه‌كی زووی ته‌مه‌نییه‌وه ده‌كه‌وێته نێو بۆته‌ی سیاسی و قاڵبوو ده‌بێ، ئه‌م تێكۆشانه‌ی له پارتی (هیوا)ه‌وه ده‌ستی پێكرد، كه پارتێكی نه‌ته‌وه‌یی بوو به‌رگری له ئامانج و خواسته‌كانی گه‌لی كورد ده‌كرد، به شێوه‌یه‌كی نهێنی كاری ده‌كرد، به هه‌زاران ڕۆشنبیر و ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز و لاو و قوتابی له چینه جیاجیاكانی گه‌ل له‌خۆ ده‌گرت، كه ئه‌دیب و ڕۆژنامه‌نووس شه‌هید شێخ مارف یه‌كێك له‌و تێكۆشه‌ره ڕۆشنبیرانه بووه، دواتر كه بیری له چه‌پڕه‌وی له نێو ئه‌م حزبهیشدا په‌یدا بووه، فاكته‌رێك بووه بۆ ئه‌وه‌ی بیری سۆسیالیزمی لای ئه‌م نووسه‌ره به‌رفراوان بێت، كه له‌یه‌ك كاتدا بۆ دوو مه‌به‌ستی ستراتیژ بكۆشێت، هه‌م هه‌ستی به نه‌ته‌وه‌یی لا باڵا بكات هه‌م بیری چه‌پڕه‌وی، له شیعره‌كانیشیدا زۆر به زه‌قی ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌خات. له‌م به‌شه‌دا په‌نجه ده‌خه‌ینه سه‌ر چه‌ند تێكستێكی نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانی شاعیر، له ده‌قی “گه‌لی جێماو” دا كه به هۆی ڕه‌وشی ناله‌باری سه‌رده‌می نووسینی شیعره‌كه له ساڵی 1956 و به‌و هۆیه‌وه نه‌یتوانیوه له‌یه‌ك جێگادا ته‌واوی بكات پچڕپچڕی پێوه‌دیاره، به‌ڵام هه‌ستێكی قوڵی نه‌ته‌وه‌یی خۆیمان نیشان ده‌دات، كه له به‌رایی دا ده‌ڵێ:
ئه‌ی گه‌لی جێماو، په‌رت و له‌ت و په‌ت
هه‌ی به‌ش به‌شكراو له چوار پێنج ده‌وڵه‌ت
له جێگه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌مان ده‌قدا ده‌ڵێ:-
چه‌ند ملیۆن كورد هه‌ن هه‌ریه‌ك زوبانن
هه‌موو دانیشتووی ناو كوردستانن
هه‌زاران ساڵه خۆیان گرتووه
سوپای ئه‌سكه‌نده‌ر نهیشكاندووه
له كۆتاییه‌كه‌شیدا ده‌ڵێ:-
به‌بیرا نایه كورد و كوردستان
بۆ دوژمنانی چۆڵ بێ به ئاسان
زۆری نه‌ماوه تیشكی ئازادی
تیشكی زێڕینی هه‌ڵبێ به شادی
ئه‌م ده‌قه شیعرییه، ته‌واو بۆنی “ژ. ك” پێوه دیاره، له (11) به‌یتی (2) دێڕیدا (7) حه‌وتجار ناوی كورد و كوردستان ده‌هێنێ، جگه له جارێك به گه‌ل ناوی ده‌بات و خاكیشی به سه‌ر پێنج ده‌وڵه‌تدا دابه‌شكراو، ئێمه زۆرجار لێره‌وله‌وێ باس له دابه‌شكردنی خاكی كوردستان به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تدا ده‌كه‌ین، به‌ڵام وادیاره شاعیر لێره‌دا كورده‌كانی یه‌كێتی سۆڤییه‌تی جاران به به‌شێكی دیكه هه‌ژمار كردووه، ئه‌مه سۆز و هه‌ڵچوونێكی ده‌روێشانه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه، دیفاكتۆیه كه له حاڵه‌ته نائاگاییهكهی شیعر نووسینه‌وه هاوێر بووه و به خوێنه‌ری گه‌یاندووه، له چوارینه‌یه‌كی دیكه وه‌ك حاڵگرتوو به باڵای نیشمان و خاكی كوردستانا هه‌ڵده‌ڵێ:-
شاخی به‌رز و جوان و وڵاتی كوردان
قه‌ڵا و سه‌نگه‌ر و پشت و په‌نامان
چه‌ند هه‌زار ساڵه ژینمان تێكه‌ڵه
بووی به نیشانه‌ی كورد و كوردستان
ئه‌و گۆڕانه بنه‌ڕه‌تیانه‌ی له دنیادا وه‌ك دیارده سه‌ر هه‌ڵده‌دات، نه‌ته‌وه‌كان له سایه‌ی خۆبهڕێوهبرندا، جگه له ئازادی و ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه‌كانیان، ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیستی ژیانی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووری ئه‌و گه‌لانه‌ی گۆڕی كه پێشتر له‌بن چه‌كمه‌ی داگیركه‌راندا دووچاری نه‌هامه‌تی هاتبوون و دواتر ئازاد بوون، به ته‌نها كوردیش له بۆته‌ی داگیركاری بێ ده‌وڵه‌تیدا په‌نگی ده‌خوارد، هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تای نووسینی ده‌قه شیعرییه‌كانی خۆیدا خه‌ز و خولیا و ئاره‌زوویه‌كی په‌نگ خواردوو هه‌ست پێده‌كات و دنه‌ی ده‌دات، به‌ڵام ناتوانی ئه‌و حه‌سره‌ته به په‌نهانی له ناخی خودا گێنگڵ پێ بدات. بۆیه له شیعره‌كانیدا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی به ئاشكرا ده‌رده‌بڕێ، پێمان وایه سه‌ره‌تای ده‌سپێكی شیعری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئینتیمابوونی بۆ پارتی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك (هیوا)، هه‌رچه‌نده ده‌سپێكی شیعری واداده‌نرێت، كه له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی بووه، مێژووه‌كه‌ی ئه‌وه ده‌رده‌خات كه شه‌هید له شوباتی 1921 له‌دایك بووه، وه‌ك نۆبهرهیش چه‌پكێ شیعری به‌رایی خۆی له ڕۆژنامه‌ی ده‌ستنووسی (باسه‌ڕه) بڵاوكردۆته‌وه، ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كه بۆ ساڵی 1942، كه‌چی له‌لایه‌كی دیكه‌وه له كتێبی سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانیدا هاتووه، كه له ساڵی 1949 پارچه‌یه‌ك شیعری به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر گۆڤاری (نزار) دا وتووه و ته‌نیا له ساڵی 1953 دوو پارچه شیعری له هه‌فته‌نامه‌ی ڕۆژنامه‌ی (ژین) دا خستۆته پێش چاوی جه‌ماوه‌ر، له یه‌كه‌م بڵاوكردنه‌وه‌یدا له ڕۆژنامه‌ی (ده‌ستنووسی باسه‌ڕه) كه ساڵی 1942 ده‌كات، شاعیر ته‌مه‌نی 21 ساڵ بووه، پارتی (هیوا)یش ساڵی 1939 دامه‌زراوه، بۆیه ده‌ڵێین ئه‌و شیعرانه‌ی له‌وكاتانه‌دا بووه و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م حزبه‌ی پێوه دیار بووه.
تیر و شیری خۆم ئه‌به‌ستم ڕوو له كێوی توور ئه‌كه‌م
دژمنی به‌دخواهی كوردانم له خاكم دوور ئه‌كه‌م
تیر و شیری خۆم ئه‌به‌ستم پاسی كوردستان ئه‌كه‌م
دوژمنی خاكی وڵاتم په‌رتی سهركێوان ئه‌كه‌م
تا كۆتایی ئه‌م ده‌قه شیعرییه شاعیر زۆر به حه‌ماسه‌تی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه ده‌نووسێ، كه ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان پچڕپچڕی ده‌قه شیعرییه‌كه‌ی نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه ئیحساسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بخه‌ینه ڕوو، كه به چ كهف و كۆڵێكهوه هانای بۆ بردووه، ته‌ماشا بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆزیش داخ و كه سه‌رباری له گرتووخانه‌ی به‌غداوه ده‌رده‌بڕێ:-
ئه‌م نه‌ورۆزه‌ش له زیندانا
ژیان نییه، ئه‌مه ژانا
ژانیش سه‌ره‌تای ژیانه
ئیدراكی نه‌ته‌وه‌یی لای شه‌هید شێخ مارف به‌رزنجی وا بڵێسه‌ی دابوو، كه بانگه‌شه‌ی كوردستانی مه‌زن، كوردستانی گه‌وره بكات، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م گوزاره‌یه به ڕوونی به‌رجه‌سته‌یه، چونكه (ناسیۆنالیزمی له زۆربه‌ی وڵاتانی ئاسیا و ئه‌مریكای لاتین و ئه‌فریقیادا، ڕه‌وتێكی ته‌واو جیاوازی به‌خۆوه گرت، له‌م وڵاتانه‌دا ده‌ركه‌وتنی ناسیۆنالیزم به‌شێوه‌ی ئه‌وروپایی دووباره نه‌بۆوه، چونكه ئه‌م ولاتانه له بارودۆخێكی بابه‌تیی سیاسی و كلتووری جیاواز و ئاستێكی دیكه‌ی گه‌شه‌كردنی ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تیدا بوون)(1)، ئه‌م حاڵه‌ته لای شاعیر ڕوون بوو لێی به‌ئاگا بوو، كه‌چی ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی مێژوو به میرات جێیهێشتبوو ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالی عێراق بوو، كه له 1924 به ته‌واوی خاكی كوردستانی باشووری پێوهلكێندرا، به‌مه‌رجێ كورد به‌شێ له مافه ڕۆشنبیرییه‌كانی فه‌راهه‌م بكرێت، هه‌رچه‌نده له سنووری سلێمانی و هه‌ولێر خوێندنی كوردی هه‌بوو و كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی كوردی هه‌بوون، لێ ئه‌مانه هانده‌ر بوون تاوه‌كو شاعیر هه‌سته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی زێتر قووڵ ببێته‌وه، چونكه مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به ته‌واوی مه‌یسه‌ر نه‌ببوو، ئه‌مانه بیری نه‌ته‌وه‌ییان به‌رفراوانتر كرد و لێره‌وه كه له ده‌قی (ئاخێز) تۆماری كردووه، ئه‌م ده‌قه له پاش شۆڕشی بارزان و كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد نووسراوه، له ساڵی 1953 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌رێ لاوی به‌هێز، پیری نه‌به‌ز، كیژانی شۆڕئهنگێز
له كوردستاندا وه‌ك نه‌وبه‌هاری زوو بكه‌ن ئاخێز
له جێگه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌م ده‌قه‌دا ده‌ڵێ:-
له كوردستانی مه‌زنا، سایه‌داری و پایه‌داری كه‌ین
به فه‌ن و عیلم و دانایی له‌گه‌ڵ عاله‌م برایی كه‌ین
ببینه میلله‌تێكی تێگه‌یشتوو پێگه‌یشتووی وا
نه‌كه‌س زۆرمان به‌سه‌ردا كاو نهزۆرمان بێ به‌سه‌ر كه‌سدا
هه‌رچه‌نده ئێمه به‌رایی ده‌قه‌كه‌مان نه‌خسته‌ڕوو، له به‌راییدا باس له داماوی میلله‌ته‌كه‌ی و ئه‌و كۆت و به‌نده ده‌كات، كه پێوه‌ی به‌نده.. ئه‌ڵبه‌ته كۆت و به‌ندی سیاسی، تاوه‌كو له ناوه‌ندی ده‌قه‌كه‌دا داوای هه‌رچی زووتر ڕاپه‌ڕینی گه‌نج و لاو و پیر و كیژانی كورد ده‌كا، بۆ ئه‌وه‌ی له كوردستانی مه‌زنا خود موختاری خۆی سه‌روه‌ر بكا به هونه‌ر و زانست و شاره‌زایی و پسپۆڕی له‌گه‌ڵ میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌كانی دونیادا برایی بكه‌ن و په‌یوه‌ندی ببه‌ستن، ببینه میلله‌تێكی به‌ئاگا و وریا، له بواره جیاجیاكاندا دوانه‌كه‌وین، سه‌روه‌ری خۆمان بپارێزین، ئه‌وه‌ی ئیمڕۆیش به‌ده‌ست هاتووه، خوێنی گه‌شی هه‌زاران لاو و تێكۆشه‌ر و كۆڵنه‌ده‌ری بۆته قوربانی، خه‌ونی ئه‌وان بوو، ئه‌وه‌تا دوای ئه‌وه‌ی شه‌هید شێخ مارف به‌رزنجی له وه‌سییه‌ت نامه‌كه‌یدا بێتاوانی خۆی له‌و تۆمه‌تانه ده‌رده‌خات، له‌كاتێ به‌ره‌و په‌تی قه‌ناره‌ی ده‌به‌ن به هوتاف كێشان بۆ نه‌مری و سه‌ربه‌زی كورد و ئاشتی و ئازادی و دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ره‌و ڕووی مه‌رگ ده‌چێت و ژیانی خۆی قوربانی خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات.
به‌شی دووه‌م
“هۆش (عه‌قڵ) مه‌عریفی كۆمه‌ڵایه‌تی”
له ده‌رگایه‌كی دیكه‌وه كه‌سایه‌تی شه‌هید له دیدی شیعره‌كانییه‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو، ده‌مانه‌وێ بڵێین كارتێكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی دنه‌ی داوه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێچكه‌ی ئازادیخواهان له سه‌رده‌می خۆیدا بگرێته‌به‌ر، ئه‌ریك فرۆم ده‌ڵێ: “هه‌ستی خه‌ڵكی ژیانی خه‌ڵك دیاری ناكات، به‌پێچه‌وانه‌وه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه هه‌ستی خه‌ڵك دیاری ده‌كات”(2) پێشوه‌خت و بۆ زێتر ڕوون كردنه‌وه، پێمان باشه شرۆڤه‌یه‌كی هه‌ست بخه‌ینه به‌رچاو، ئاخۆ هه‌ست چییه…!؟ (مه‌به‌ست له هه‌ست سه‌رجه‌م ئه‌و حه‌ز و ئاره‌زوو و ویست و ڕووداو و چالاكییانه‌یه، كه به‌رده‌وام تاك هه‌ستیان پێده‌كات و له به‌رده‌م هه‌سته‌وه‌ره‌كانی مرۆڤدان)(3)، كه ئه‌مه‌یش به بڕوای فرۆید و زۆرێك له بیرمه‌ندان، یه‌كێكه له سێ كۆڵكه‌ی بینای عه‌قڵی مرۆڤ، چاكتر وایه ئێستا ڕۆچینه ژیانی شه‌هید شێخ مارف به‌رزنجی و نموونه بهێنینه‌وه، كه بۆ خودی خۆی له كاتی ڕووداوه‌كاندا هه‌ستی پێكردن و كاردانه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ردا هه‌بووه، كه ده‌ڵێ:-
(ئێسته‌یش ئه‌و حه‌سره‌ته‌م له‌دڵدایه، كه ئه‌م دی منداڵه‌كانی هاوڕێم هه‌ر یه‌كه ئه‌چنه باوه‌شی دایكی خۆیان و هه‌ر من كه‌س نییه بچمه باوه‌شی، له دووره‌وه كز ڕائهوهستام و ته‌ماشای ئه‌و جۆش و سۆزه‌م ئه‌كرد، كه دیكه‌كان له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانیان ئه‌ینوێنن و به بهرۆكهوه نووساندن و ماچ كردنیان). ئه‌مه بۆخۆی له چیرۆك ده‌چێت، كه‌چی ڕووداوێكی ڕاسته‌قینه‌یه و له خه‌یاڵی نووسه‌ر دووره، ته‌ماشاكه ده‌ڵێ: – (ئێسته‌یش ئه‌و حه‌سره‌ته‌م له‌دڵدایه). حه‌سره‌تی داخ و كه‌سه‌ری سه‌رده‌می منداڵی و بێ نازی دایك، ئه‌مه كاردانه‌وه‌یه و هه‌ستێكه ئاوه‌ز په‌ی پێبردووه، یان ده‌ڵێ:- (له دووره‌وه كز ڕائهوهستام و ته‌ماشای ئه‌و جۆش و سۆزه‌م ئه‌كرد… تا) با هه‌ر یه‌كێكمان ئه‌و وێنه بێنینه پێش چاو ده‌كرێ به هه‌ست و هۆشێكی قووڵ دابنرێت، ههستكردنێ بووه، كه هه‌ر ئه‌وده‌م كاردانه‌وه‌ی هه‌بووه، كه كز ڕاوه‌ستاوه، لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه گوته‌كه‌ی (ئه‌ریك فرۆم) له جێی خۆیدایه، هه‌ستی تاك ژیانی خه‌ڵك دیاری ناكات، ئه‌و ههستكردنهوهی شاعیر ژیانی خه‌ڵكی دیاری نه‌كردووه، به‌ڵام زیره‌كی و بیرمه‌ندی و دانایی خوڵقاندووه.
ئێستا نموونه‌یه‌ك هه‌ر له ژیانی شه‌هید ده‌هێنینه‌وه، كه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی چۆن هه‌ستی خه‌ڵك یاخود تاك دیاری ده‌كات.
ده‌ڵێ: – “گه‌لێجار كه ئه‌وه‌نده بێ پاره ئه‌بووم خۆزگه‌م به‌و منداڵه كرێكارانه ئه‌خواست كه گه‌چ و به‌ردیان ڕائه‌كێشا و له ناو تۆزی گه‌چ دا پێسته بۆرهكانیان چینێك بۆدهری گه‌چی گرتبوو، به‌ڵام كامه‌رانییه‌كی ساده به ڕوویانه‌وه دیاربوو”، لێره‌دا نووسه‌ر بێ پاره‌یی خۆی به بڕوای ئێمه بۆ ده‌ره‌به‌گ و بورژواكان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، چونكه له بیركردنه‌وه‌دا له بوونی هه‌ستدا باس له‌و كرێكارانه ده‌كات، كه به ئاره‌قه‌ی نێوچه‌وان نان په‌یدا ده‌كه‌ن، نه‌ك ئه‌و كۆشك و باڵه‌خانانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه له كه‌ركووكدا هه‌بوون، ئه‌مه له‌لایه‌ك چاوههڵنههێنانه به بورژوا و له‌لایه‌كی دیكه باسكردنی شه‌كه‌ت و ماندوو بوونی جه‌سته‌ی كرێكاره‌كان، كه هه‌ر كامه‌رانیش ده‌بارێنن و ڕوخساریان جۆش و خرۆشی پێوه دیاره، ده‌قاوده‌ق ئه‌وه ده‌رده‌خات، كه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌ستی تاك و خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، بابزانین لێره‌وه كه چه‌ندین نموونه‌ی دیكه‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه، چۆن وای لێكردووه كاردانه‌وه‌ی پراكتیكی هه‌بێت، له جێگه‌یه‌كی دیكه‌ی ژیاننامه‌كه‌یدا ده‌ڵێ:- “ده‌ره‌به‌گه زله‌كانم ترساند بوو، چونكه ده‌عوای فهلاحهكانم ئه‌گرت و زۆر ئازایانه تێئهكۆشام زدیان و له‌گه‌ڵی ده‌عوادا سه‌ركه‌وتم به‌رامبه‌ریان، زۆرتر له‌وه كه فهلاحهكانم هان ئه‌دا، كه عه‌ریزه و مه‌زبه‌ته‌ی زۆربكهنهوه له زدی ئه‌و حاكمانهی، كه لایه‌نگری ئه‌و شێخ و ئاغایانه ئه‌گرن”. ئه‌م كارتێكردنهی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كارێكی ئه‌وتۆیان كردووه، كه‌سێكی ڕۆشنفكری وه‌ك شه‌هید ڕه‌وتی ژیانی بگۆڕێت، ئه‌و كارتێكردنهی كۆمه‌ڵگا وایكردووه ڕێبازی سۆسیالیزمی و چه‌پڕه‌وی له بواری سیاسی‌دا بگرێته‌به‌ر له پێناو ئازادی مرۆڤ و یه‌كسانی له نێوانیاندا، له شیعره‌كانیشیدا ئه‌و دیارده به‌زه‌قی دیارن، له تێكستی- هێزی ڕه‌نجده‌ران- دا ده‌ڵێ:- لێ گه‌ڕێ باببینه ڕۆڵه‌ی گه‌ل له‌ته‌ك گه‌لدا بڕۆین
بۆ شه‌ڕی گورگی ژیانی گه‌ل به مه‌ردانه بڕۆین
ته‌خت و تاجی زوڵم تێك ده‌ین به هێزی ڕه‌نجده‌ران
بێته مه‌یدان چوست و چالاك، بانهمێنێ بێ فهڕان
له جێگه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌مان ده‌قدا ده‌ڵێ:-
ئه‌رز و ئاو بۆ ڕه‌نجده‌ران و بۆ كرێكار كارگا
ته‌ندروستی بۆ گه‌ل و هه‌روه‌ك هه‌موو بۆ خوێندنگا
بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌نگ و زوبان دابه‌ش بكا جنسی به‌شه‌ر
هه‌روه‌كو گورگ و چه‌قه‌ڵ بۆ خوێنی گۆشتی بزن و مه‌ڕ
ئه‌گه‌ر شاعیر بیرێكی سۆسیالیزمی له ئاوه‌زدا ڕه‌گی دانهكوتا بێت، ئه‌وا بیر و باوه‌ڕه‌كه‌ی ده‌قاوده‌ق به هه‌مان ئاراسته‌یه و له نێو عه‌قڵ و بیردا تواوه‌ته‌وه، ئه‌م ده‌قه‌ی سه‌ره‌وه و چه‌ندین ده‌قی دیكه بیری سۆسیالیزمی تێدا باڵایه، هه‌یشه خۆی به‌هێزی بازووی ڕه‌نجده‌ران و كرێكاران و قوتابیان به‌ستۆته‌وه، ئه‌گه‌ر وردتر بڕوانینه ده‌قه‌كه، هه‌ست ده‌كرێ هه‌موو ئه‌و چینانه دژ به بورژوا و سه‌رمایه‌داریی كه له‌و ڕۆژگاره‌دا وه‌ها باو بوو، – جۆن كاسید –ی بیرمه‌ند له سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ده‌ڵێ:- ” یه‌كێك له‌وانه گرنگه‌كانی ماركس ئه‌وه‌یه، كه ڕه‌وتی سه‌رمایه به‌ره‌و لای پاوانخوازی ده‌چێت”(4) شرۆڤه‌ی زێتر، گریمان ڕهنجدهرێك ڕۆژانه‌ی ڕۆژێكی پێداویستی ڕۆژێكی ته‌واو نه‌كرد، كه‌واته سه‌رمایه بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێ.
شاعیر هه‌ستی به‌م زوڵم لێ‌كرد نه‌كردووه، بۆیه عه‌قڵ و بیری تیژی خۆی له‌و بواره و له پێناو ئازاد كردنی كۆیلایه‌تی مرۆڤ، ئیدی به هۆی چینایه‌تی بوو بێت یان ڕه‌گه‌زپه‌رستی، هه‌زمكردن یان په‌یڕه‌و كردنی تیۆری ئه‌نجلس و ماركس له بواره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و هێزی كار و بواری ئابووری و دروست بوونی سهرمایهداربی و چه‌وساندنه‌وه‌ی ڕه‌نجده‌ران، سه‌رهه‌ڵدانی ململانێی لێ په‌یدا ده‌بێت. ئه‌مه‌یش له‌لایه‌ن هێزی سه‌رمایه‌وه زاڵبوون ده‌خوڵقێنێ، به‌م تێڕوانینه‌وه به عه‌قڵی وریا و به‌ئاگاوه، به بیری ده‌وڵه‌مه‌ندی ڕۆشنفكرییهوه پاڵپشت و پشتگیری له چه‌وساوه و بن ده‌ستان كردووه و خۆی به ڕێبه‌ر و فریاد ڕه‌س زانیوه، كاتێ له ده‌قی سه‌ره‌وه باس له نه‌بوونی جیاوازی نێوان زمان و ڕه‌نگ ده‌كات.
به‌رفراوان بوونی ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی واده‌كات به‌دوای بووندا بگه‌ڕێ، له دونیای قوڵ و بێ بن بڕوانێ، ئه‌وه‌تا له ده‌قی “من و بوون ” ئه‌م لایه‌نه به‌رجه‌سته ده‌كات:-
كه سه‌یری ڕابردوو ئه‌كه‌م
به‌نیاده‌م له شوێن به‌نیاده‌م
ملیۆنه‌ها ساڵ و زه‌مان
شه‌وه، ڕۆژه، مردن، ژیان
له جێگه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌قه‌كه‌دا ده‌ڵێ:-
نه شوێن، نهڕهنگ، نه‌بوون، نه‌ده‌نگ
نامێنن گشت كپ و بێ ده‌نگ
چه‌ند خۆر له خۆر زۆر گه‌وره‌تر
چه‌ند ئه‌ستێره له ئه‌رز زلتر
كوژایه‌وه جێی نه‌ماوه
كه‌س نازانێ چۆن فه‌وتاوه
له كۆتاییه‌كه‌شیدا ده‌ڵێ:-
بم توانیایا بۆ ئینسان
نهم هێشتایه ئازار و ژان
به‌ڵام ژینێ فه‌ڕی نه‌بێ
بۆ گشتی سوودێكی نه‌بێ
كه‌ی ئه‌و كه‌سه ئینسانه
یان ئه‌و ژینه كه‌ی ژیانه
پێمان وایه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه خۆی له چوارچێوه‌ی ئه‌و كێشمه‌كێش و ململانێیه‌دا ده‌بینێته‌وه، كه به درێژایی مێژوویه‌كی زۆر دوور له‌نێو مرۆڤایه‌تیدا هه‌بووه و به‌رده‌وام بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه گرینگه مرۆڤ په‌یوه‌سته به‌وه‌ی پێداویستی ژیانی خۆی دابین بكات، بۆ ئه‌مه‌یش پێویستی به كاركردنه، ئه‌گه‌ر كارنه‌كات دیاره بوونی خۆیشی ونه، ماركس له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ:- “پێویسته مرۆڤ پێداویستییه‌كانی ژیان بۆ خودی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ مێژوو دروست بكات”(5) ئه‌م بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وه هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ دوادوای ده‌قه‌كه‌دا، بۆخۆیشی – شاعیر – ئه‌و توانا و قودره‌ته‌ی نییه ژیانی مرۆڤایه‌تی خۆشگوزه‌ران بكات، بۆیه په‌نا بۆ خودی مرۆڤ ده‌باته‌وه، كه مێژوو تۆماربكات، سوودمه‌ند بێت، ته‌مبه‌ڵ و سست و بێ نرخ نه‌بێت، به‌ها بۆخۆی دروست بكا، ئه‌گه‌ر توانای دروست كردنی ئه‌و به‌های نه‌بوو، ئه‌وا نه‌بوونی چاكتره له بوون. نیچه پێی وایه ئه‌قڵ به شێوه‌یه‌ك بوون دێنێته به‌رچاو سوودی بۆ ژیان هه‌بێت.
شاعیر بلۆكی خۆرهه‌ڵاتی كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئاوه‌زییه‌وه هه‌بووه، هه‌ر ئه‌م بلۆكه بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی زێتر به دونیای ئه‌بستمۆلۆژی ئاشنا بێت و تێدا بگوزه‌رێ، ئه‌م كارتێكهرهیش هه‌روه‌ك گوتمان كۆمه‌ڵگا یان ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان زۆرینه كاریگه‌ری به‌سه‌ر تاك یان خه‌ڵكه‌وه ده‌بێت، له قۆناغه جیاجیاكانی ژیانیدا چ بۆ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی یان چینایه‌تی سۆز و هه‌ڵچوونی پێوه دیاره، كاتێ ده‌قێكی شیعری بۆ فڕۆكه‌وانێك ده‌نووسێ بهدۆراندۆری زه‌ویدا ده‌سووڕێته‌وه و سه‌ر به بلۆكی خۆرهه‌ڵات ده‌بێ، ئه‌و جۆش و خرۆش و ئاوێته بوونه‌یه هانی ده‌دات، بۆ “گاگارین” فڕۆكه‌وانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت بڵی:-
پۆلاگرین
پرشنگی ڕۆژی لێنین
بۆ ڕۆژی ئاسمانی به‌رین
له كۆتاییشدا ده‌ڵێ:-
كوڕی جوتیارێكی زه‌مین
مژده‌ی سه‌ركه‌وتنی لێنین
وه‌ك فریشته
ئه‌با بۆ ئاسمانی به‌رین
دیاره “گاگارین”كوڕی جوتیارێك بووه، له یه‌كێ له گونده‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران، كه ڕۆژی 20/12/1968 كۆچی دوایی كردووه، شه‌هید له‌م ده‌قه‌دا هه‌ست و سۆز و هه‌ڵچوونی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ی “یۆری گاگارین” ده‌ربڕیووه و ناڕاسته‌وخۆ هاندانێك له دیدی شاعیره‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێت، پێمان وایه ئه‌م پیاهه‌ڵدانه جگه له ده‌روێشی و موریدی بۆ ڕێبازی گاگارین چیدیكه به‌دی ناكه‌ین، چونكه پیاهه‌ڵدانی بۆ كه‌سێك بوو، كه‌تا ئه‌و ده‌مه له ژیاندا مابوو، ئه‌گه‌ر شاعیر ته‌مه‌نی درێژباو ئه‌و بیرویستریكای گۆرباتشۆفی بدیبا، بێگومان ئه‌و سۆزه‌ی به‌و جۆره نه‌ده‌ما و لایه‌نه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه گره‌وی خۆی ده‌برده‌وه.
له پوخته‌یه‌كی كورتی ئه‌م باسه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت شه‌هید شێخ مارف به‌رزنجی دوالیزمییهكی عه‌قڵ و به‌رفراوان بوونی هۆشمه‌ندی و بیری نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی تێدا ئاوێته بوو، هه‌ر ئه‌مه‌یش وایكردووه ئیمڕۆ ناوی به‌زیندوویی ڕابگرین و تاوه‌كو قه‌ڵه‌م له‌كار به‌رده‌وام بێت، ئه‌م جۆره مرۆڤانه له‌یاد ناكرێن.