
ژیان به ریتمی خێرا …3
پزیشك و ته‌ندروستی:
ئێمه بۆ لای پزیشك چووبووینه ئه‌م شار و وڵاته، بۆیه رۆژی دوای ئه‌و شه‌وه‌ی گه‌یشتینه ته‌هران، به‌ره‌و پزیشك به‌ڕێكه‌وتین، نزیكه‌ی سه‌عاتێك رێمان له ناو ته‌هران بڕی، كاتژمێر حه‌وت و پازده خولهك گه‌یشتینه نۆرینگه‌ی پزیشكه‌كه، له‌كاتێكدا به پێی واده‌ی دیاریكراومان به ته‌له‌فۆن، ده‌بوو سه‌عات حه‌وت له‌وێ باین. كه گه‌یشتینه ئه‌وێ، یاریده‌ده‌ری پزیشكه‌كه (كه وهرگێڕهكهمانی ده‌ناسی) له دووره‌وه هات و به پێكه‌نین و تووڕه‌ییه‌كی تێكه‌ڵ به‌یه‌ك گوتی: ئێوه چاره‌گێك دواكه‌وتن و پزیشك چاوه‌ڕێتانه. له‌م یه‌كه‌م دیتنه‌وه ئه‌وه‌م بۆ ئاشكرا بوو كه واده و كاتدانان لای ئه‌وان زۆر گرنگه.
ئه‌و رۆژه و رۆژانی دواتریش، ئێمه بۆ مه‌به‌ستی جۆراوجۆر سه‌ردانی شه‌ش پزیشكمان كرد و چاره‌سه‌ریمان وه‌رگرت، هه‌م بۆ خۆم و هه‌م بۆ خێزانه‌كه‌م، هه‌روه‌ها له نه‌خۆشخانه نه‌شته‌رگه‌ریمان بۆ كچه‌كه‌م كرد. له‌و هاتووچۆیانه چه‌ند تێبینییه‌كم لا گه‌ڵاڵه بوو.
* له هه‌موو نۆرینگه‌كان حیسابی ئه‌وه كراوه كه ئه‌گه‌ر خودی نه‌خۆشه‌كه منداڵ نه‌بێ، ده‌شێ زۆرێك له نه‌خۆشه‌كان دایك و باوك بن و منداڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان بێنن، بۆیه له هه‌موویاندا (له‌وانه‌ی من چووم) شتێك بۆ منداڵان دانراوه (كێك، گۆڤاری منداڵانه، یارییه‌كی بچووك بۆ نموونه ده‌بده‌به).
* له هه‌ندێك نۆرینگه‌دا چایه و قاوه دانراوه له‌گه‌ڵ به‌ڕادێكی ئاو، كه ئاوی سارد و گه‌رمی تێدایه و نه‌خۆش ده‌توانێ له میانه‌ی چاوه‌ڕێكردنی نۆره‌ی خۆی، چایه و قاوه بخوات، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه به‌ڕادێكی ئاوی خاوێن دانراوه له‌گه‌ڵ گڵاسی سه‌فه‌ری بۆ ئاوخواردنه‌وه.
* سكرتێر و یاریده‌ده‌ره‌كانی پزیشك، به‌ر له‌وه‌ی بچیته لای پزیشكه‌كه زۆر رێزی خه‌ڵك ده‌گرن و خۆ له خه‌ڵك تووڕه‌كردن نییه، پزیشكه‌كان له‌وان زیاتر ساده و به‌ڕێزن بۆ خه‌ڵك و جار جار دێنه ناو خه‌ڵكه‌كه و گاڵته له‌گه‌ڵ منداڵان ده‌كه‌ن.
* نۆرینگه‌كانیان زۆر خاوێنه و گرنگی به پاك و خاوێنی ده‌ده‌ن.
* له نه‌خۆشخانه هه‌ریه‌كه و كاری خۆی ده‌زانێت، كه یه‌كێك نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كرابێ، زۆری رێز لێ ده‌گیرێ و ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه كه‌سوكاریشی له‌وێ بێ، كه‌سوكاره‌كه‌ی هیچ شتێكی ئه‌وتۆ ناكات، په‌رستاره‌كان به لایه‌نی كه‌مه‌وه و به بێ ئه‌وه‌ی پێیان بگوترێ، نزیكه‌ی پازده خولهك جارێك دێن و چاودێری ته‌واوی نه‌خۆشه‌كه ده‌كه‌ن.
* پزیشكه‌كان زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كان ده‌مێننه‌وه و ده‌توانی به ئاره‌زووی خۆت هه‌ر پرسیارێكت هه‌یه لێیانی بكه‌یت، وه‌كو لای خۆشمان چه‌ند كه‌سێك به‌یه‌كه‌وه نابه‌نه ژووره‌وه و یه‌ك یه‌كه نه‌خۆشه‌كان بانگ ده‌كه‌ن.
***
هه‌روه‌ها له میانه‌ی مانه‌وه‌ماندا و دوای ته‌واوكردنی كاروباری پزیشك، دوو رۆژ ده‌رفه‌تمان هه‌بوو كه له چه‌ند شوێنێك بگه‌ڕێین، ئه‌و شوێنانه‌ی له ته‌هران بۆ ئه‌وه گونجاون كه گه‌شتیارێك سه‌ردانیان بكات گه‌لێ زۆرن، بۆ نموونه ره‌نگه ته‌نها ماڵی شا هه‌فته‌یه‌كی بووێ تا بتوانی به ته‌واوی له هه‌موو به‌شه‌كان بگه‌ڕێی، ئێمه‌ش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان نه‌بوو، بۆیه ته‌نها چه‌ند شوێنێكمان هه‌ڵبژارد بۆ سه‌ردانكردن، له‌وانه‌ش: تاوه‌ری ئازادی، تاوه‌ری میلاد، به‌شێكی ماڵی شا.
تاوه‌ری ئازادی
ئه‌م تاوه‌ره ده‌كه‌وێته ده‌روازه‌ی ته‌هرانی پایته‌خت و به گۆڕه‌پانێك ده‌وره‌دراوه كه به (مه‌یدانی ئازادی) ناسراوه، تاوه‌رێكی به‌رزه و سه‌رتاپای به مه‌ڕمه‌ڕ داپۆشراوه، له ساڵی (1971) دروستكراوه، سه‌ره‌تا ناوی (شهیاد ئاریامیهر) بووه، به‌ڵام دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران له ساڵی (1979) ناوه‌كه‌ی گۆڕاوه بۆ تاوه‌ری ئازادی.
له ژێر ئه‌م تاوه‌ره گه‌له‌رییه‌ی هونه‌ریی هه‌یه و له‌سه‌ر تاوه‌ره‌كه‌ش كتێبخانه‌یه‌ك هه‌یه، به هۆی پشووه‌وه ئێمه نه‌مانتوانی بچینه كتێبخانه‌كه، خه‌ڵكێكی زۆر له ده‌وروبه‌ری ئه‌م تاوه‌ره خه‌ریكی وێنه‌گرتنن كه زۆربه‌یان بێگانه‌ن، ئه‌م تاوه‌ره دیمه‌نێكی جوانی هه‌یه و بۆته سیمبولێك بۆ شاری ته‌هران و وڵاتی ئێران به گشتی.
تاوه‌ری میلاد:
به‌رزترین تاوه‌ره له ئێران كه به‌رزییه‌كه‌ی ده‌گاته (435) مه‌تر، له ساڵی (2000) بناغه‌كه‌ی دانراوه و له ساڵی (2007) ته‌واوبووه، له ساڵی (2008) كراوه‌ته‌وه، ئه‌م تاوه‌ره ته‌نها تۆپه‌كه‌ی سه‌ری دوازده نهۆمه، له‌كاتێكدا له دووره‌وه بچووك دیاره، له نهۆمی یه‌كه‌میدا بهڵهكۆنهیهكه به چوارده‌وری تاوه‌ره‌كه و له‌و به‌رزییه‌وه ده‌توانی به دووربینی تایبه‌ت ته‌ماشای ته‌هران بكه‌یت، جگه له‌وه‌ی وه‌كو تاوه‌رێكی گه‌یاندن و باشكردنی په‌خشی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و ئینته‌رنێت به‌كار ده‌هێنرێ، له چه‌ند به‌شێكی تر پێكهاتووه، له‌وانه: خواردنگه و هوتێل، چه‌ند مۆزه‌خانه‌یه‌كی هونه‌ری، له یه‌كێك له نهۆمهكانیش كه‌لوپه‌لی كاری ده‌ستی به شێوه‌یه‌كی زۆر جوان و به كه‌لوپه‌لی سروشتی له‌سه‌ر شێوازی كۆنی ئێرانی دروست ده‌كرێ و ده‌فرۆشرێ، هه‌ر یه‌كێك له‌و فرۆشیاره ده‌ستڕه‌نگینانه، ئه‌گه‌ر شته‌كانیشی لێ نه‌كڕیت و پرسیاری كاره‌كه‌ی لێ بكه‌ی، به بێ تووڕه بوون و به جوانی واز له كاره‌كه‌ی دێنێ و كاره‌كه‌ی خۆیت بۆ شی ده‌كاته‌وه كه خه‌ریكی چییه، بۆ نموونه: یه‌كێك ته‌نها قوفلی كۆنی ئێرانی دروست ده‌كات، یه‌كێك به گوڵه گه‌نم نه‌خش و نووسین ده‌كات و شت ده‌نووسێت، یه‌كێك گوستیله و بازن دروست ده‌كات و…
نهۆمی ژێره‌وه‌ی تاوه‌ره‌كه بریتییه له بازاڕ و كافێ و شوێنی كاتبه‌سه‌ربردن و گه‌راجی ئۆتۆمبێڵ، له‌و رێگایه‌ی كه ده‌ته‌وێ بۆ تاوه‌ره‌كه به‌سه‌ر بكه‌وی، له لای ده‌ستی راستی، په‌یكه‌ری عاره‌بانه‌یه‌كی شاهانه‌ی كۆنی ئێرانی كراوه كه ئه‌سپێك به‌دوای خۆیدا رایده‌كێشێ، له‌وێ ده‌توانی به جلوبه‌رگی شاهانه وێنه‌یه‌كی جوان بگری، ئێمه‌ش بێبه‌ش نه‌بووین له‌م وێنه‌یه، خۆم بوومه شا و خێزانه‌كه‌م شاژن و منداڵه‌كه‌شمان كچه پاشا، ته‌نانه‌ت وێنه‌گره‌كه وێنه‌یه‌كی (یارا)ی كچمی به ته‌نیا گرت و روخسه‌تی ئه‌وه‌ی لێخواستم كه وێنه‌كه گه‌وره بكات و لای خۆی دایبنێت، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیاران بیبینن.
كۆشكه‌كانی شا:
شۆڕشی ئیسلامی ئێران سه‌ره‌ڕای ئه‌و دژایه‌تییه زۆره‌ی بۆ شا هه‌یانبوو، هه‌روه‌ها ئه‌و شۆڕشه‌ی به‌سه‌ریاندا كرد، به‌ڵام ئه‌مه نه‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی كۆشكه‌كانی خاپوور بكه‌ن، ته‌نانه‌ت دهستكاریشیان نه‌كردووه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه كردوویانه‌ته مۆزه‌خانه‌یه‌كی زۆر گه‌وره و بۆته شاهیدێكی گه‌وره‌ی مێژووی ئێران و سه‌رده‌می شا.
له باكووری شاری ته‌هران، گه‌ڕه‌كێكی گه‌وره هه‌یه به‌ناوی سه‌عد ئاباد، له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌دا، (110) دۆنم زه‌وی ئه‌و شوێنه‌یه كه پێشتر كۆشكه‌كانی شا محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی، لێبووه و سی و پێنج ساڵ له‌وێدا حوكمی كردووه، ده‌ڵێن ئه‌و كۆشكانه‌ی ئه‌وێی ته‌نها بۆ حه‌وانه‌وه‌ی هاوینه بووه و كۆشكی جیاوازی له شوێنی دیكه‌ش هه‌ن، ئه‌م كۆشكانه پڕن له مافوور و رایه‌خ و كه‌لوپه‌لی گرانبه‌های ئێرانی و ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی كه پاشا و سه‌رۆك وڵاتانی جیهان به دیاری بۆ شای ئێرانیان هێناوه، دیواره‌كانی به زه‌خره‌فه و ئاوێنه و كه‌لوپه‌لی گرانبه‌ها رازێنراونه‌ته‌وه.
ئه‌م شوێنه، وه‌كو گوتم زۆر گه‌وره‌یه و به رۆژێك و دوو رۆژ ناتوانی هه‌مووی بگه‌ڕێی، نزیكه‌ی چل شوێن و كۆشكی جیاواز ده‌بێت، كه كراونه‌ته مۆزه‌خانه و وه‌كو شوێنه‌واری دێرین ماونه‌ته‌وه، هه‌ر یه‌كه و بلیتی خۆی جیایه و له پێش ده‌رگا ده‌توانی داوای بلیتی ئه‌و شوێنانه بكه‌ی كه ده‌ته‌وێ بیانبینی، ئێمه ته‌نها پێنج شوێنمان هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانیان بكه‌ین: كۆشكی شا، چێشتخانه‌كه‌ی، ماڵی باوكی شا، مۆزه‌خانه‌ی چه‌ك، شوێنی ئه‌و دوو ئێرانییه جیهانگهڕهی به ماتۆڕ و ئۆتۆمبێڵێك به هه‌موو جیهاندا گه‌ڕاون.
ئه‌وكاته‌ی ئێمه چووین، هه‌ندێ له شوێنه‌كان ته‌عمیر ده‌كرانه‌وه، له‌وانه‌ش نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی كۆشكی شا، دیوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ماڵی باوكی شا، هه‌روه‌ها دیاره پێشتر ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ هه‌بووه كه له نێوان كۆشكه‌كان و به پاره هاتووچۆیان به خه‌ڵك كردووه، ئه‌وكاته‌ی چووین نه‌مابوون و له‌وانه‌یه به شێوه‌یه‌كی كاتی لایاندابن، شوێنه‌كانیش له‌یه‌كه‌وه دوورن، بۆیه هاتووچۆكردن له‌م نێوانه بۆ ئێمه زه‌حمه‌ت بوو و ماندووی كردین.
له كاتی تهعمیركردنهوهكاندا، هه‌موو شته‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌سڵی خۆیان رێكده‌خرێنه‌وه و ئه‌و مافه‌یان نییه هیچ شتێك بۆ ئه‌و كۆشكانه زیاد و كه‌م بكه‌ن.
له‌به‌رده‌م ماڵی شادا په‌یكه‌ری كاوه‌ی ئاسنگه‌ر دروستكراوه، هه‌روه‌ها په‌یكه‌ری جووته پۆتینێك دروستكراوه كه ده‌ڵێن ئه‌مه هی باوكی شا بووه.
چێشتخانه‌كه‌ی ماڵی شا ئامێری خواردنی پێشكه‌وتووی جۆراوجۆری لێیه، له‌وانه‌ش: ئامێری دروستكردنی پیتزا، له كاتێكدا پیتزا به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و ساڵانه‌ی شا تیایدا حوكمی كردووه نوێیه، ئامێری سووركردنه‌وه‌ی خواردن، ئامێری دروستكردنی كێك و… كه ئه‌مانه‌ش ئامێری سه‌رده‌می نوێن و ره‌نگه پێت وابێ له كات و سه‌رده‌می شادا بوونیان نه‌بووه، بۆیه‌ش له ده‌رگای چوونه ژووه‌وه بۆ ئه‌م چێشتخانه‌یه، گه‌نجێك و كچێك وه‌ستابوون و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كابرای پرسگه‌ی چێشتخانه‌ی شا ده‌كرد. گه‌نجه‌كه ده‌یگوت: ئێوه هه‌ندێ ئامێرتان لێره داناوه كه چه‌ند ساڵێكه هاتۆته بازاڕ و به دنیادا بڵاوبوونه‌ته‌وه، ئه‌مانه نوێن، كه‌چی ئێوه به ناوی كه‌لوپه‌لی دێرین به ئێمه‌ی نیشان ده‌ده‌ن. كابرای پرسگه‌ش به زه‌رده‌خه‌نه‌وه پێی گوت: ئێمه مافی ئه‌وه‌مان نییه یه‌ك شت له‌و كه‌لوپه‌لانه زیاد بكه‌ین، ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌مووی هی شا و سه‌رده‌می شایه و لێره دانراوه‌ته‌وه.
له چێشتخانه‌كه‌دا په‌یكه‌ری چێشتلێنه‌ره‌كان دروستكراوه، كه دیاره كه‌سانی ناسراو بوونه، هه‌روه‌ها په‌یكه‌ری چه‌ند لاشه‌یه‌كی ئاژه‌ڵ به شێوه‌ی لای قه‌سابه‌كان به هه‌ڵواسراوی دروستكراوه و دانراوه، به‌هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ی كه ئه‌وكات به‌كار هێنراوه.
مۆزه‌خانه‌یه‌ك بۆ چه‌ك له یه‌كێك له كۆشكه‌كان كراوه‌ته‌وه، له فڕۆكه‌وه تا بچووكترین چه‌كی لێیه، په‌یكه‌ری چه‌كداره‌كان له شێوازی كۆنی ئێرانه‌وه تا جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران، به شێوه جلوبه‌رگی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیانه‌وه دروستكراوه و چه‌كه‌كانیان پێیه.
ده‌چییه كامه كۆشك پێتوایه له‌وه‌ی دیكه سه‌رسوڕهێنه‌رتره و زه‌خره‌فه و جوانكارییه‌كان سه‌رسامكه‌رن.
له‌سه‌ره‌وه‌ی ماڵی باوكی شا، كۆشكێكه بۆ دوو گه‌ڕیده دروست كراوه، لهبهردهرگادا ئه‌و ئۆتۆمبێڵ و ماتۆڕه له ناو شووشه‌یه‌ك دانراون، كه گه‌ڕیده‌كان به هۆیانه‌وه دوو جار به جیهاندا گه‌ڕاون، جارێكیان به ماتۆڕه‌كه چوار ساڵی خایاندووه و جارێكیش به ئۆتۆمبێڵه‌كه به دوو ساڵ و نیو زور شوێنی جیهان گه‌ڕاون، له ناو كۆشكه‌كه‌ش وێنه‌ی خۆیان و ئه‌و وێنانه‌ی دانراون كه له گه‌شته‌كانیان گرتوویانه، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌لوپه‌لانه دانراون كه ئه‌م دوو گه‌ڕیده‌یه له‌گه‌ڵ خۆیان هێناویانه‌ته‌وه.
***
دوای ته‌واوبوونی گه‌ڕان و سووڕان و كاری پزیشك، رۆژی دووشه‌مه (22/10)، كاتی ئێواره جارێكی تر به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه كه‌وتینه ڕێ و كاتژمێر حه‌وت سواری فڕۆكه بووین به‌ره‌و (ئورمیه)، هێشتا فڕۆكه‌كه جووڵه‌ی نه‌كردبوو، یارای كچم گوتی: بابه ئه‌وه لۆ شتمان لۆ ناینن بخۆین، ئه‌وه‌ی پێشتری بیرهاته‌وه كه له ناو فڕۆكه خواردن و یاری منداڵانه‌یان پێدابوو، رازیم كرد كه راوه‌ستێ تا فڕۆكه‌كه ده‌فڕێ، ئه‌مجاره‌یان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌م نه‌كرد گوێم بێشێ.. به‌ڕێكه‌وتین، دیسان نانه ساردوسڕهكهی ناو فڕۆكه‌مان خوارد و (یارا)ش به‌شه دیارییه‌كه‌ی خۆی وه‌رگرت، به‌سه‌ر هه‌ور و باراندا گه‌شتینه (ئورمیه)، شه‌وه‌كه‌ی له هوتێل ماینه‌وه، كاتژمێر حه‌وتی به‌یانی به‌ڕێكه‌وتین به‌ره‌و سنوور و ئه‌مجاره له جیاتی (شنۆ)، به (نه‌غه‌ده)دا گه‌ڕاینه‌وه، كه‌شوهه‌وای ئه‌وێ ورده ورده سارد ده‌بوو، ئێمه‌ش له‌به‌ر سه‌رماكه هه‌ڵده‌هاتین، خواردنه‌كه‌ش بۆ ئێمه گه‌یشتبووه ئه‌و ئاسته‌ی ناخۆشه‌ی كه بۆیان باس كردبووین، ئیتر له خواردنه‌كه‌ی ئه‌وێ بێزار ببووین، به‌ره‌و سنوور و گه‌یشتینه سنوور، رێوشوێنه‌كانی سنوور ته‌واوبوون و به‌ره‌و ماڵه‌وه، ئه‌مه‌ش ماڵه‌وه..
سه‌نگه‌ر زراری