
شۆڕشی میسر به ئیخوانه‌کان نادزرێت!
هاتنی ئیخوانه‌کان له میسر هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ماف و ئازادی و ژیانی هاوچه‌رخی کۆمه‌ڵگا و چاره‌نووسی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه له‌ناوچه‌که‌دا ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه. چه‌ند ڕۆژێکه مه‌یدانی ته‌حریری قاهیره و سه‌رجه‌م شاره‌کانی میسر بونه‌ته جێگه‌ی ناڕه‌زایه‌تی باڵی پێشڕه‌و و سکۆلاری ئه‌و ووڵاته له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان و سه‌له‌فیه‌کانی. نوێنه‌رانی باڵی بۆرژوای میسری ده‌یانه‌وێ به‌زۆری سه‌رکوت و تیرۆر، ده‌ستور و یاسایه‌کی کۆنه‌په‌رستانه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخی میسریدا بسه‌پێنن. به‌ڵام ئاگایی و هۆشیاری باڵی پێشڕه‌و و چه‌پ و کرێکاری ناهێڵێ ئه‌و ئاواته‌یان بێته دی و ئازایانه و سه‌رسه‌ختانه له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه ئیسلامیه‌کاندا ڕاوه‌ستاون و به‌ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگایان به‌لای خۆیاندا ڕاکێشاوه. هه‌رچی کۆنه‌پارێزه‌کانی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی موباره‌ک هه‌یه، به ئاسایش و هه‌واڵگری و پۆلیس و سوپا و سه‌ندیکا ڕه‌نگ زه‌رده‌کانی کرێکارانیشه‌وه له‌ده‌وری خۆیان کۆکردۆته‌وه، تا کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و تاریکستان به‌رن و چه‌وسانه‌وه و سته‌م له‌سه‌ر شانی کرێکاران و خه‌ڵکی چه‌وساوه هه‌ره‌ک پێشوو بمێنێته‌وه.
ئه‌و گۆڕانکاری و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشانه‌ی له‌ناوچه‌که‌دا ده‌رکه‌وتووه، سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆر و سه‌رکوتگه‌ره بۆرژوازهکانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندی گرتۆته‌وه. ساڵانیکی دوورودرێژه ووڵاتانی ئه‌م ناوچه‌یه به‌ده‌ست ڕژێمه دیکتاتۆر و بیرۆکرات و سه‌رکوتگه‌ره کۆنه‌په‌رسته‌کانه‌وه ده‌ناڵێنێ و ئێستاش پاش هه‌ڵسانه جه‌ماوه‌ریه‌کانی ئه‌م یه‌ک دوو ساڵه‌ی پێشوو دژی ئه‌و ڕژێمانه، وا ئێستاکه هێزه ئیسلامیه‌کان ده‌یانه‌وێ به‌ری ئه‌و شۆڕشانه بۆخیان بدزن و به‌ناوی به‌هاری ئیسلامی و عه‌ره‌بیه‌وه ناوچه‌که بخه‌نه ترسناکترین دۆخه‌وه، که‌ئه‌نجامه‌که‌ی وێرانکاری و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێکی ئیسلامی مه‌زهه‌بی دژی ئینسانی بێت. ئه‌وه‌ی جێگای خۆشحاڵیه له‌میسردا یه‌کێتی و سه‌ندیکا کرێکاریه سه‌ربه‌خۆکان پشتگیر و پێشڕه‌وی ناڕهزایهتیهکانن و هێزی سکۆلاری کۆمه‌ڵگاش دژی ئه‌و ڕه‌وته ئیسلامیانه له‌مه‌یدانه‌کاندا سه‌رکه‌وتوانه درێژه به‌خه‌بات و تێکۆشانی خۆیان ده‌ده‌ن، ناهێڵن بڕیاره پوچ و نامرۆڤه‌کانی حکومه‌تی ئیخوان و مورسی سه‌رۆکیان به ئاسانی به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕێت و جێبه‌جێبکرێت، که‌ناوه‌رۆکێکی کۆنه‌په‌رستانه و دژی مرۆیانه‌ی له خۆگرتووه.
له هه‌ڵوێستێکی که‌م وێنه‌دا سیسته‌می دادی میسری و کۆمه‌ڵێکی فراوان له حیزب و ڕێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کانی دژی بڕیاری مورسی وه‌ستانه‌وه و ئه‌و یاسا ئیسلامیانه‌یان ڕه‌تکرده‌وه که ئیخوانه‌کان له‌و ڕێیه‌وه ده‌یانه‌وێ کۆمه‌ڵگای میسری بۆ چاخی به‌ردین بگێڕنه‌وه. ئیخوانه‌کان به‌ناوی شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌یانه‌وێ ده‌وڵه‌تی میسر قوت بده‌ن، مورسی ده‌یه‌وێ به‌بڕیاره‌کانی لهڕاگهێندراوێکی ده‌ستوریدا هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ژێر چنگی خۆیدا کۆبکاته‌وه و که‌سیش بۆی نه‌بێت تانه‌ی لێبدات و ڕه‌تی بکاته‌وه، واته گۆڕینی موباره‌کی دیکتاتۆر به دیکتاتۆرێکی له‌و خراپتر. هه‌ربۆیه ئێسته میسر له ناخی بورکانێکی گه‌رمدا گێنگڵ ده‌دات و ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی ئیخوانه ئیسلامه‌یه‌کان خه‌ڵکی ئه‌و ووڵاته‌ی تۆڕهکردووه و ناره‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌کان گه‌یشتۆته ئاستی پێکدادان و به‌ره‌نگار بوونه‌وه، ئه‌نجامه‌کانی ئه‌م ململانێیه کاریگه‌ری نه‌ک له‌سه‌ر میسر به‌ته‌نیا، به‌ڵکو له‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌که داده‌نێت.
کرۆکی داڕشتنی ئه‌و ده‌ستوره‌ی ئیخوان سه‌رله‌به‌ری کۆنه‌په‌رستانه‌یه، دژی مافه‌کانی کرێکاران و ژنان و خه‌ڵکی مۆدێرن و هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان و سه‌رتاپای دانیشتوانی ئه‌و ووڵاته‌یه. به‌ندو مادده‌کانی ئه‌و ده‌ستوره ده‌ربڕی توندڕه‌وی و ئه‌قڵی ژه‌نگاوی ئیخوانه‌کانه و له‌سه‌ر بنچینه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلام بنیاتنراوه. به‌ڵام له میسردا هێزێکی مه‌ده‌نی و شارستانی پێگه‌یشتوو و ئاماده هه‌یه، هه‌روا به‌ئاسانی چاره‌نووسی شۆڕشه‌که‌یان ناده‌نه ده‌ست ئیسلامیه‌کان، هه‌ربۆیه ئه‌م هێزه سکۆلاره له‌م ساته مێژوویه هه‌ستیاره‌دا به‌ره‌و ڕووی کۆنه‌په‌رستی ده‌وه‌ستنه‌وه و تا گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان ده‌جه‌نگن. خه‌ڵکی ئاگایی و هۆشیاریان ڕێگه‌یان پێنادات تا حیزبی ئیخوانی ئیسلامی تاکڕه‌و، ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵگای میسر بهڕاگهێندراوێکی ده‌ستوری مورسی سه‌رکوت و زه‌وتبکرێت.
شۆڕشی میسر به‌رهه‌می کۆمه‌ڵی ئیخوانی ئیسلامی نیه، به‌رهه‌م و خولیایی ئه‌و هه‌زاران ڕێکخراوه کرێکاری و مه‌ده‌نی و گه‌نجانه‌یه، که به ژن و پیاوه‌وه له پیناوی ده‌وڵه‌تێکی ئازاد و یه‌کسان و دادپه‌روه‌ردا خه‌باتیان کرد. کچان و کوڕانی گه‌نجی میسر توانیان بهسوربون و قوربانیدانیان له خه‌باتدا ناوه‌رۆکی بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێڕی فراوان پێک بهێنن. کرێکارانی قاهیره و ئهسکندهریه و شاره‌کانی تری میسر بونه پاڵپشتی خرۆشانی جه‌ماوه‌ری و له‌ئاکامدا حکومه‌تی موباره‌کیان ڕووخاند که ساڵانێکی دوورودرێژ بوو ئیخوان و هاوپه‌یمانه‌کانیان نه‌یانتوانی بیڕوخێنن. هه‌رچه‌نده ئیخوانه‌کان به‌رهه‌مه‌که‌یان بۆ خۆیان برد، چونکه له‌لایه‌ک کرێکاران و خه‌ڵکی سته‌مدیده له حیزبی خۆیاندا ڕێکخراو نه‌بوون له‌لایه‌کی تره‌وه ئیسلامیه‌کان پاره‌وپولی ووڵاتانی خلیج و پڕوپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی و به‌کارهێنانی توێژه ساده و بێتواناکانی کۆمه‌ڵگا له‌ڕووی فیکر و ڕۆشنبیریه‌وه به قازانجی خۆیان.
ئیخوانه‌کان که پاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن نیوه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکی میسریان به‌ده‌ستهێناوه واته نزیکه‌ی له‌سه‌دا په‌نجاو یه‌ک ئه‌ویش پاش فرت و فێڵ و کڕینی ده‌نگ، به‌ڵام ئه‌وه له‌بیر ده‌که‌ن که له په‌نجا ملیۆن ده‌نگده‌ر له دانیشتوانی میسر ته‌نیا بیست و شه‌ش ملیۆن که‌س به‌شداری هه‌ڵبژاردنی کردووه. هه‌نوکه‌ش میسر له‌قۆناغی گۆڕانکاریدا گوزه‌ر ده‌کات، هێشتا سروشتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ئاشکرا نیه که‌پاش ته‌واو بوونی شۆڕش دێته به‌رهه‌م. که‌واته شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات ئه‌و کاته ده‌رده‌که‌وێت هێزه زیندووه‌کانی کۆمه‌ڵگا که شۆڕ‌شیان هه‌ڵگیرساندووه به ئاواته‌کانی خۆیان بگه‌ن، ده‌بێت ده‌نگی خه‌ڵكی به‌شخوراوی ئه‌و ووڵاته له‌سه‌رو هه‌موو شهرعیهتهکانهوه شه‌رعیه‌تی هه‌بێت، نه‌ک حیزبی ئیخوان و سه‌له‌فیه‌کان که‌خۆیان به خه‌ڵکدا هه‌ڵواسیوه و ده‌یانه‌وێ له‌پشته‌وه هه‌ره‌س به شۆڕش بهێنن. ئیتر کاتی به‌زۆر خۆسه‌پاندنی ئیسلامی یان هه‌ر هێزێکی تری به‌رژه‌وه‌ندخواز به‌سه‌رچووه، ئه‌وه هێزی خه‌ڵکی کرێکار و سته‌مدیده‌یه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان ئه‌ده‌ن، میسریش خاوه‌نی ئه‌و هێزه مه‌ده‌نی و شۆڕشگێڕه‌یه که جیهانێکی سکۆلار چاوه‌ڕوانێتی.
02.12.2012
ئازاد به‌کر