
خود و هه‌ژموونه دەروونییه‌کان … جوانە ئەسوەد
بێ هیواییه‌ک له ناخی هەمووماندا راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌مانهه‌ژێنێ.. لامان وایه وه‌ڵامێک بۆ ئه‌م هه‌ژانه دووره‌ده‌سته و پەیوەندییه‌کی به خودی خۆمانه‌وه نییە زۆرینه‌مان گللەیی و گازندە رووبه‌ڕووی که‌سانی نزیک و هاوڕێکانمان ده‌کەینه‌وه، ئه‌مه‌ش جۆرێکه له خۆ خاڵیکردنه‌وه‌یه‌کی دەروونیی یان هێزی بهبیانووهێنانهوهی مرۆڤ بۆ خۆ دوورخستنه‌وه له به‌رپرسیاریی.
ئه‌م کێشه‌یه سه‌رتاسه‌ری کۆمه‌ڵگەی مرۆیی گرتۆته‌وه، رۆژانه چه‌ندین نووسین و په‌رتووک و سیمینار به‌رگوێ و چاومان ده‌که‌ون بۆ ده‌رچوون و چاره‌کردنی ئه‌م کێشه‌یه تا ئێستاش کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاویان نه‌بووه تا دێ مرۆڤ ده‌که‌وێته تهڵەی بێ هیوایی و پتربوونی نه‌خۆشییه دەروونییه‌کان.
ئه‌م کێشه‌یه هۆکاری ده‌ره‌کی و ناوه‌کی له خۆ ده‌گرێ بۆیه پێڕاگه‌یشتنی مرۆڤ بۆ هەمووو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ک کارێکی ئاسان نییە هاوکات که‌مترین پاڵپشت و یارمه‌تیی له رووی سیستەمه‌وه ره‌چاو ده‌کرێ.. ئه‌مه‌ش که‌م تا زۆر سیستەمه جیاوازه‌کان ده‌گرێته‌وه، بەڵام ئه‌وه‌ی گرنگه توانای مرۆڤه چۆن بتوانێ له‌م ته‌نگژه‌یه رزگار ببێ. مرۆڤ پێوسته به‌خۆیدا بچێته‌وه بۆ سووککردنی ئه‌و باره قورسه‌ی هه‌ڵیگرتوه که نایگهیهنێ به هیچ تەنیا دابڕان نه‌بێ لە خودی خۆی، قۆناغی دابڕان واتە دابڕانی خود له هەموو واتا و به‌هایه‌ک که پەیوەندیی مرۆڤه به سروشت و گه‌ردوونه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و پەیوەندییه پچڕا وه‌ک کڵۆیه‌ک به‌فر واین و ورده ورده به‌ره‌و توانه‌وه و نه‌مان ده‌چین، ده‌شێ سیستەمهکان هانده‌رێک بن بۆ ئه‌و دابرانه، تێگه‌یشتن له‌م هه‌ژموونه دەروونییانه بردنه‌وەی مرۆڤه له ژیان ئه‌ویش به زانینی به‌کارهێنانی ئه‌و هێزه شاراوه‌ی که له ناخی مرۆڤدا بوونی هه‌یه.
هەموو شتێک له ناوه‌وه‌ی ئه‌م گه‌ردوونه بێ سنووره دێ و ده‌کشێ بۆ ده‌ره‌وه، ته‌نانه‌ت ژیانیش له ناوه‌وه‌ی ئه‌م گه‌ردونه‌دا دێته بوون نه‌ک له ده‌ره‌وه. مرۆڤ و گه‌ردوون پێکهاته‌یه‌کی وزه و رووناکیین هاوکات وزه و رووناکیی وه‌رده‌گرین و ده‌ده‌ینه‌وه که‌واته په‌یوه‌ستین به هەموو کار و کاردانه‌وه‌یه‌ک که له نێوان گه‌ردوون و مرۆڤدا رووده‌ده‌ن، واقیعیه‌تی ده‌ره‌وه ته‌نیا پەرچەکرداری ئه‌و شتانه‌ن که له ناو هه‌ر یه‌کێک له ئێمه‌دا بوونیان هه‌یه که به داخه‌وه مێشک و ئه‌قل و ئیگۆ کارده‌که‌ن بۆ وێرانکردنیان.. له‌گەڵ ئه‌وه‌شدا له‌شی مرۆڤ ناتوانرێ جودا بکرێته‌وه له مێشک، به هه‌مان شێوه هه‌ست و لایه‌نه گیانییەکەشی ناتوانرێ فه‌رامۆش بکرێن، له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه مرۆڤ پێوستی به پێکه‌وه‌به‌ستنێکی قووڵ و دانه‌بڕاو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هارمۆنیی میکانزمی بوونی مرۆڤ تێکنه‌چێ.. له هه‌ر شوێنێک مرۆڤ تووشی هه‌ژانی دەروونیی هات به ده‌ست بیرکردنه‌وه‌کانی له‌وێدا مێشک و بیرکردنه‌وه ئاگامه‌ندانه وزه راده‌کێشێن، ئه‌و وزه خه‌ستبۆوه له‌گه‌ڵ هه‌ست یه‌کده‌گرێ بۆ دروستکردنی هێزی فیزیکیی که له کردار و ره‌فتاردا له بارودۆخێکی هه‌نووکه‌ییدا ده‌رده‌که‌وێ بۆ دانانی بنه‌مایه‌کی تازه‌تر به له‌کارخستنی بنه‌ما کۆنه‌که، ئه‌وە ئه‌و هێزه بڕواپێنهکراوهیه که مرۆڤ هه‌یه‌تی.
گرنگیی باسه‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه به به‌کارهێنانی ئه‌و وزه‌یه ئاگامه‌ندانه مرۆڤ به‌ره‌و به‌خته‌وه‌ریی په‌لکێش ده‌کا.. به پێچه‌وانه‌شه‌وه که به شێوه‌یه‌کی ناته‌ندروست به‌کاربهێنرێ مرۆڤ به‌ره‌و نه‌هامه‌تیی ده‌با. ئێمه‌ی مرۆڤ کۆمه‌ڵێک سیستەمی وزه‌یین بەڵام یه‌ک هێز که له سه‌رووی هەموویانهوهیه ئه‌ویش به ئاگایی گیانیی .. هه‌ر کاتێک ئه‌و وزانه له مرۆڤدا هێدی ده‌بنه‌وه به هۆی بیرکردنه‌وه‌ی نەرێنیی رووبه‌ڕووی خه‌مۆکیی و هه‌ژانی دەروونیی ده‌بینه‌وه، لێره‌دا مرۆڤ پێوسته هەمووو کاریگه‌رییه‌ک یان ئازارێکی گیانیی یان جه‌سته‌یی به‌ره‌و به‌ئاگایی ببا، چونکه هه‌ر ئازارێکی لەشیی ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌که بۆ زانینی تێکچوون یان که‌میی شتێک له له‌شدا یان له ده‌روون که‌واته به‌ئاگابوون هه‌ندێک له کێشه‌کان دهجوولێنی بۆ بارێکی باشتر.
به پێێ دابه‌شکردنی وزه‌کان که حه‌وت چه‌شنن ئاستی هێدیی و خێراییان کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ره‌فتاری مرۆڤ هه‌یه، ئه‌وانیش (وزه‌ی شت”ماده”، وزه‌ی ده‌نگ، وزه‌ی روناکیی، وزه‌ی هه‌ست و سۆز، وزه‌ی بیر، وزه‌ی گیان)ن ئه‌م وزانه هه‌ریه‌که‌یان کاریگه‌رییه‌کی ته‌واوی هه‌یه له‌سه‌ر بوونی کردار و جوولانه‌وی مرۆڤ، بۆ نموونه؛ وزه‌ی هه‌ست و سۆز – که پتر باسه‌که‌ی ئێمه‌یه - که تۆ وزه‌ی هه‌ست و سۆز بۆ گه‌ردوون ده‌نێری ده‌بی به پارچه‌یه‌ک له گه‌ردوون و ده‌بن به یه‌ک، هارمۆنییەکی ته‌واو له‌گه‌ڵ گه‌ردوون دروست ده‌که‌ی که دۆخی دابڕان نامێنێ، تۆ یه‌کسه‌ر هه‌ست به ئاسووده‌ییه‌کی دەروونیی ده‌که‌ی.. ئه‌م دۆخه پێیدەگوترێ دۆخی به‌خته‌وه‌ریی، بوونی تۆیه له ئێستادا نه‌ک له رابردوو و له داهاتوو، تا ئه‌و شوێنه‌ی تۆ بتوانی هه‌ر هه‌ستێکی نەرێنیی که په‌یوه‌سته به رابردوو به‌جێبهێڵی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نەرێنیی له ناو مێشک‌دا پاکده‌که‌یته‌وه و هێرشێکه له تۆوه بۆ سه‌ر ترس و نزیکبوونه‌وه‌یه له به‌رپرسیاریی. به‌رپرسیاریی به هه‌مان شێوه هۆکارێکی گرنگه له که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ژانی دەروونیی، مرۆڤ ده‌بێ بێ گوێدانه هه‌ندێک به‌ربه‌ست که هه‌ن له کۆمه‌ڵگه‌دا بۆ گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ریی ئامادەگیی ئه‌وه‌ی هه‌بێ رووبه‌ڕووی رێگره‌کانی به ناو نه‌ریت ببێته‌وه که هۆکارن بۆ ترس، زۆر جار مرۆڤ خودی خۆی دروستکردنی کێشه‌یه له تێڕوانینی بۆ کێشه‌کان یان هه‌ر بارودۆخێک که دێته رێی هه‌روه‌ک بایه‌خدان به کاری ناگرنگ پتر له بایه‌خدان به کاره گرنگه‌کان وه‌ک چەقبەستن له‌سه‌ر (بۆچی) له جیاتی (چۆن) یان (به‌رئه‌نجام) نه‌ک (شێوازی کردنی کاره‌که)، هه‌ندێک کار ته‌نیا پێوستی به گۆڕانێکی بچووک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌که به شێوه‌یه‌کی تر به ئه‌نجام بگه‌یه‌ندرێ له‌و به‌رئه‌نجامه‌ی پێشووتر نه‌خشه‌ی بۆ کێشراوه.
راستییه‌ک هه‌یه لای زۆرینه گۆڕان ئاسان نییە و بیرکردنه‌وه به شێوه‌یه‌کی تازه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی تازه‌یه که پێی رانه‌هاتوین وه‌ک کار گۆرین، چوونه‌ناو ژیانێکی تازه، جودابوونه‌وه له خێزان یان له هاوسه‌ر یان تێکه‌ڵبوونی فەرهەنگێکی تازه. هه‌ندێک کێشه هه‌ن له ده‌سه‌ڵاتی خۆماندا نینن.. بۆ ئه‌م جۆره کێشانه پێوسته پێکه‌نین بخه‌ینه سه‌ر ده‌موچاومان و به بەخشندەییەوە په‌سندیان بکه‌ین و ببن به‌شێک له ژیانمان.. کۆشش بکەین فێربین کە چۆن بیانگونجێنین نه‌ک وایان لێبکه‌ین به‌سه‌رماندا زاڵ بن و به هه‌ڵه‌یان بزانینن، به شێوه‌یه‌کی گشتیی گه‌ڕانه‌وه بۆ خود گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ به‌خته‌وه‌ریی.. ده‌رچوون له جیهانی ده‌ره‌وه و بیرکرنه‌وه‌ی ئەرێنیی و خۆپهسندکردن دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له ترس، ژیانی بێ ترسیش واتای ئاسوودەییه.
oqyanuseki-aram-k@hotmail.com