کورد و کوردستان له‌نێوان هه‌بوو و نه‌بوودا
په‌يام و پرسی بێپه‌رده…..
موحسين جوامێر…..
ئه‌وه‌نده‌ی وه‌بیرم بێ، هه‌ر که خۆمم ناسيوه، کوردايه‌تيم کردووه و دڵبه‌سته و دڵداری وڵاته‌که‌مم، به ساتيش لێم جودا نه‌بووه‌ته‌وه، زيکرم بۆ کورد و فکرم بۆ کوردستان بووه. خۆشه‌ويستیم، شه‌يداييم، دين و دنيا و نازدار حه‌يرانم : کورد و کوردستان بووه. که‌م پێکه‌نيوم، چونکه هیچ خۆشيم له‌خۆ نه‌ديوه، به‌ڵام پێنچ جاران به‌کوڵ گرياوم چ له‌م ديوه و چ له‌و ديوه، ساڵی 1961 که دايکم کۆچی يه‌کجاره‌کی کرد، ساڵی 1975 که شۆڕشی کوردستان تووشی نسکۆ بوو، ئه‌وسا مووی سه‌ر و برۆم هه‌ڵوه‌رين، ساڵی 1988 که کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌م بینی، ساڵی 1991 ساڵی کۆڕه‌وه‌که و ساڵی 1999 که زۆر نامه‌ردانه ئۆجه‌لانیان گرت.. له ساڵی 1988 ه‌وه، بۆ ماوه‌ی ده ساڵ 31 ژماره له گۆڤاری ( هه‌ڵه‌بجه ) م له سوێد ده‌رکرد، به زمانی عه‌ره‌بی و کوردی.
ئه‌گه‌ر له نێو زه‌ماوه‌ندێکیشدا بووبێتم، هاوکات بيستبێتم شتێک به‌عاسته‌م له کوردستان ڕووی داوه، ئۆقره‌م لێ هه‌ڵگیراوه، نه‌ساومه‌ته‌وه هه‌تا ڕکێفکوت نه‌چووبێتم و نه‌مزانیبێت چی ڕووی داوه و ئاکامه‌که‌ی چی بووه له‌و ناوه. مردنی خۆمم خواستووه، وه‌لێ نه‌مويستووه وڵاته‌که‌م به‌قه‌ده‌ر سه‌ره‌ده‌رزييه‌کيش زيانی پێ بگا يان له‌که‌دار بێت، چونکه ( زوبده‌ی مه‌تاعی دنيا ) م بوو، بۆيه هه‌موو ده‌مێ دڵم له ترکزه‌دا بووه و خوايه هاوار چی نه قه‌ومێ ! ـ م وتووه. ئه‌وه‌نده به‌خته‌وه‌ر بووم به‌م قه‌واره کوردييه‌ی هه‌ر ده‌تگوت يانه‌سیب بوو و بۆ هه‌تيوان ده‌رچوو، وامده‌زانی کۆرپه‌ی خۆمه و له‌سه‌رمه داکۆکیی لێ بکه‌م و به‌قه‌ڵه‌مه کوردی و عه‌ره‌بیزانه‌که‌م به‌ر له ناحه‌زان و نه‌ياران بگرم، نه‌وه‌کا به هه‌ڵوێستی دزێويان ئه‌م ئه‌زموونه له شووشه ناسکتره‌م لێ بشکێنن و ماڵ له گه‌لم بشێوێنن، قه‌تیش ناوی ( هه‌رێم و ئيقلیم ) م له نووسينه‌کانمدا نه‌کردووه‌ته پێشکۆی کوردستان.. هه‌ر بۆيه، خامه‌که‌م، به‌تايبه‌تی دوای نه‌مانی دکتاتۆر، له سه‌نگه‌ردا بووه، به‌نزيکه‌ی 300 وتاری عه‌ره‌بی هاوڕێ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا گوزه‌ریان ده‌کرد.. شانازی نييه ئه‌گه‌ر بڵێم کاتێ ده‌نگۆی ئه‌وه که‌وته‌وه مام جه‌لال ده‌چێته نه‌ته‌وه‌يه‌کگرتووه‌کان و له‌وێ وتارێ ده‌دات، به په‌له‌پروزێ وتارێکم بڵاو کرده‌وه و دانه‌يه‌کيشم بۆ سه‌رۆکايه‌تیی کۆمار نارد، تێیدا تکام لێ کرد که ئه‌وه‌يان ده‌رفه‌تێکه و با به‌ده‌م و له‌فزه شيرينه‌که‌ی په‌يڤێکیش له‌وێ به‌کوردی دابدات، ئه‌وه بوو مام جه‌لال فه‌رمووی و ئۆخژنم هاتێ، به‌دوايدا کاک مه‌سعووديش له کۆشکی سپی ـ دا فه‌رمووی و وامزانی هه‌موو دنيامی داوه‌تێ.
له‌م ڕۆژانه‌دا، له سايتی ( دنيا الوطن ) دا وتاری ( سارکۆزی.. سه‌رۆکی ئه‌مريکێنراوی فه‌ڕه‌نسا ) که له نووسينی ( مايکل کيميلمان ) ه و له ڕۆژنامه‌ی نیۆيۆڕک تايمزدا بڵاو کرابووه‌وه، تێیدا باسی خه‌سڵه‌تی چه‌ند سه‌رۆککۆمارێکی فه‌ڕه‌نسی ده‌کا که هه‌ر يه‌ک له‌وان له سه‌رده‌می حوکمڕانييدا شاکارێکی سه‌رنجڕاکێشی بۆ وڵاته‌که‌ی خۆی جێ هێشتووه.. ده‌ڵێ : شاڕڵ ديگۆل، ئه‌ندريه مالرۆی نووسه‌ری به‌ناوبانگی فه‌ڕه‌نسا به وه‌زير ته‌عین کرد. فڕه‌نسوا میتيڕان، مۆزه‌خانه‌ی لۆڤه‌ری نوێ کرده‌وه. جاک شيڕاک، مۆزه‌خانه‌يه‌کی گه‌وره که له داڕشتنی جان نۆڤ بوو، کرده‌وه، تێیدا عه‌زه‌مه‌تی فه‌ڕه‌نسا به‌ده‌ر ده‌خا و ساڵانه مليۆنان گه‌شتيار سه‌ردانی ده‌که‌ن. سه‌رۆکی ئێسته‌يش سارکۆزی، ده‌يه‌وێ شێوه‌خواردنی فه‌ڕه‌نسا بخاته ڕیزی پێشه‌وه‌ی خواردنه‌کانی جیهان که ناويان له لیستی یۆنسکۆدا هاتووه.. به‌نده هه‌ر که بارزانیی دووه‌م به سه‌رۆکی کوردستان دامه‌زرا، به په‌يامێکدا عه‌رزم کرد که گرنگه له سه‌رده‌می به‌ڕێزيدا و هه‌رچی زووه ئه‌و ئاواته‌ی کورد به یه‌کگرتوویی ده‌هێڵێته‌وه و بریتييه له هه‌بوونی يه‌ک زمانی يه‌کگرتووی کوردی، بێته دی، به‌تايبه‌تی چونکه من، ئه‌و وه‌ک سه‌رکرده‌يه‌کی خودان عه‌زم و وره ده‌خوێنمه‌وه.
به‌نده هه‌تا ئه‌م دواييه به‌ته‌ما و هیواوه ده‌مڕوانییه ئه‌م هه‌لومه‌رج و ڕه‌وشه‌ی کوردستان، پێیشم وابوو هه‌موو کێشه، گه‌نده‌ڵی و گرفتێک چاره‌سه‌ر ده‌کرێ، ماده‌م له‌م زه‌وينه‌دا وه‌ک نه‌ته‌وه‌يه‌ک که خاوه‌ن مه‌رجه‌کانه؛ هه‌ین، هاوکات ماده‌م ويست و ئیڕاده له ئارادا هه‌يه.. به‌ڵام، وه‌ک پاشترێ سه‌رنجم دایێ، بینیم ـ هه‌يهوو ! ـ ئێمه به‌ره‌و شعوب و قه‌بائیل ده‌چين و زمانی کوردی چه‌ند کوڕ و کچی خنجيلانه‌ی لێ به‌وه‌له‌د ده‌بن : سۆرانی، بادينی، کرمانجی، زازاکی، هه‌ورامی و فه‌يلی وهتد.. ئه‌و کورده‌ی وا نزيکه‌ی په‌نجا ساڵه شه‌وم بۆ له‌سه‌ر رۆژ داناوه و عه‌ڕش و قوڕشم بۆی له‌خۆ کرده دوژمن، بێ دۆست و يار مامه‌وه و کڵاشم دڕا و هیچم پێ نه‌بڕا، به‌ڕیوه‌يه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌يدێی لێ بکرێ و بکه‌وێته نێو کتێبی ئه‌فسانان و له‌وێدا میلله‌تانی هه‌تا ئه‌مڕۆکه‌يشی له‌گه‌ڵدا بێ ململانێ‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ين و ده‌يانده‌ينه به‌ر تووک و نه‌عله‌تان، بیکه‌ن به حه‌کايه‌ت و به ( هه‌بوو نه‌بوو قه‌ومێک هه‌بوو ناوی کورد بوو) سه‌ری قسان بکه‌نه‌وه. هه‌ميشه‌يش وتوومه، ئه‌گه‌ر موخه‌ييه‌ر بکرێم له نێوان خوێندن ته‌نيا به‌بادينی و هاوکات خویندن به سۆرانی و بادينی، پێکه‌وه، ئه‌وه خوێندن به‌بادينی هه‌ڵده‌بژیرم، چونکه زێتر زامنی مانه‌وه‌مانه وه‌ک يه‌ک نه‌ته‌وه.. ده‌نا خوێندن به‌زمانێکی سێیه‌می بێگانه‌م پێ سه‌لامه‌تتر بووه.
ميلله‌تانی سه‌رجه‌م دنیا، کێشه، ململانێ و شه‌ڕه‌قۆچ و کورسييان هه‌يه، وه‌لێ ميلله‌تێکی ڕه‌سه‌ن نادۆزيته‌وه بێت زمانی يه‌کگرتووی پێشترێی ڕه‌ت بکاته‌وه و هه‌وڵی خۆتواندنه‌وه بدا و ئاوه‌ها ـ وه‌ک کورد ـ له ئه‌سڵی خۆی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه، بگره هه‌ڵه‌که‌يشی بفه‌لسه‌فێنێت و به‌ناوی مافی زمانی دايک که له دنیادا هاوشێوه‌ی نييه، سه‌ری خۆی له هه‌شێ بنێت.. يه‌کێ دێ، ده‌ڵێت : کاتی خۆی کتێبی ئاسمانی به‌زاراوه‌ی ئێمه هاتووه‌ته خواره‌وه، بۆیه ده‌بێ له‌هجه‌ی ئێمه سه‌رکرده بێت ، ئه‌وی ديکه ده‌ڵێت : ده‌ڵێن که‌ونارترين قامووسی کوردی که له ئيسڕائيل دۆزراوه‌ته‌وه، به‌له‌هجه‌ی ئێمه نووسراوه‌ته‌وه، بۆیه ده‌بێ زمانی ئێمه سه‌ری زاران بێت، ئه‌وی دیکه‌يش ده‌ڵێت : سۆرانی که‌مۆکه‌يه‌کن، چۆن ده‌بێ ئه‌و غه‌شيمانه زمانمان لێ داگیر بکه‌ن و ته‌نانه‌ت به‌چاوی تورکمان و ئاشووريش سه‌يرمان نه‌که‌ن.! ده‌ڵێن گه‌وره ده‌ڕژێنێ، گچکه پێ لێ ده‌خشێنێت، ئه‌وه‌ی له به‌رنامه‌ی ( ئارامۆ ) ی ( ته‌له‌فزيۆنی زاگرۆس ) بڕوانێت و سه‌رنج بداته دوو پێشکه‌شکه‌ره‌که‌ی به‌رنامه‌که که چۆن زمانه‌که‌يان پۆلێن کردووه، بۆ زاراوه‌ی سۆرانی و زاراڤايا کرمانجی، هه‌ر ده‌ڵێی به دوو زمانی ته‌واو لێکجودا و بۆ دوو گه‌لی بيانی ڕه‌وتی مادده‌کان ده‌قه‌به‌ڵ بينه‌ران، که ئه‌ميان له زمانی ئه‌ويديکه ناگا، ده‌کرێت، ئه‌وسا ده‌زانێت چ نه‌هامه‌تییه‌کی زمانه‌وانی ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه و چۆن ئه‌وه‌ی بۆ داهاتووی کورد کرا، هه‌مووی له کونه که‌پوومان ده‌رچوو و جارێ ڕێک به‌ره‌و دوو قه‌ومییه‌ت به‌ڕێگه‌وه‌ین، ئه‌مه‌يش نموونه‌يه‌ک بوو له ده‌يان نموونه‌ی جه‌رگبڕ و بێهیواکه‌ر که پێمان ده‌ڵێ په‌مۆی يه‌کێتیی زمانی کورد و میلله‌تی کورد له گوێتان ده‌ربهێنن!
ئاخۆ ئه‌مه بوو به‌ر و به‌رچنه‌ی خه‌باتی شيخ مه‌حموودی حه‌فيد، شێخ سه‌عيدی پیران، قازی محه‌مه‌د، بارزانیی يه‌که‌م، مام جه‌لال و بارزانیی دووه‌م ! میلله‌ت هه‌يه له دنيادا به دوو له‌هجه بخوێنن ؟ ئه‌مه چ کوردايه‌تييه‌که ! نازانم، ده‌زانن کاتێ سۆڤيه‌تی به‌رێ لێک هه‌ڵوه‌شايه‌وه، يه‌که‌م کارێ تورکیا کردی، کتێبی خوێندنی تورکیی ئه‌سته‌نبۆڵیی بۆ تورکانی قه‌وقاس که هه‌ر قه‌ومێک به ئاوازێ تورکیی ده‌خوێند، هه‌نارد، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له ئێسته‌وه ئاماده‌يان بکه‌ن هه‌تا تێک بگه‌ن و يه‌ک زمانيان هه‌بێت و پێبگه‌ن ؟ دهۆکیش که سه‌عاتێک و ئه‌وه‌نده له هه‌ولێری پايته‌خت و ئه‌سته‌نبۆڵی کوردانه‌وه دووره، به‌بيانووی ئه‌وه‌ی کتێبی مه‌دره‌سه به‌زمانی سۆرانييه ولێ‌ی فام ناکه‌ن، خه‌ڵکی شه‌قی تێ هه‌ڵده‌ده‌ن و هه‌ڕه‌شه‌يش ده‌که‌ن به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر چيتر منداڵانیان به‌م زمانه بخوێنن، ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامان، ئانژی واز له خوێندن ده‌هێنن، که من هه‌رگیز له‌و بڕوايه‌دا نه‌بووم و نیم که کوردی دهۆک ئاوا دژی زمانی يه‌کگرتوو بن، ئه‌گه‌ر له په‌ناوپه‌سێوان هان نه‌درێن. .به‌نده، وا بۆ سێ ساڵان ده‌چێ، نزيکه‌ی په‌نجا مه‌قاله‌م به‌کوردی له‌سه‌ر مه‌ترسیی بره‌ودان به له‌هجان نووسیوه، ببورن به زمانی سۆرانی که قه‌ديم کوردی بوو.
من ئێسته ده‌زانم، ئه‌وانه‌ی دژی ئێمه ده‌ياننوسی، وه‌کوو سه‌لیم مه‌ته‌ر و جه‌ماعه‌تی، ئێمه‌يان چاکتر ده‌ناسی، ئێمه هیشتا خۆمان نه‌ناسيوه، ئه‌وان به ئه‌قڵ مێژوويان ده‌خوێنده‌وه، که‌چی ئێمه به عاتيفه لێکمان ده‌دايه‌وه. کاتێ ده‌يانوت، خۆ مه‌شێوێنن، له کوردان مه‌ترسن، ئه‌وان له تیره، خێڵ و عه‌شره‌ت به‌ولاوه؛ هیچی ديکه نین و کورد مه‌رجی نه‌ته‌وايه‌تييان تێدا نییه، پردی قيامه‌تمان لێ ده‌پسا و به وتاران بۆردومانمان ده‌کردن. ئه‌وان هه‌ڵه‌يان نه‌ده‌وت، ئێمه چه‌وت بووين، ئه‌ی نابینن ئه‌وه هه‌مووی دێته جێ، کوردان هه‌موو دژی ئه‌و زمانه‌ی سه‌دساڵه پێی ده‌خوێندرێ، قيت بوونه‌ته‌وه، قه‌ڵه‌ميان ڕه‌پ کردووه و به هۆیهايان داويانه‌ته به‌ر گاشه‌به‌ردان وه‌ک چۆن حاجی شه‌يتان ڕه‌جم ده‌که‌ن، ئه‌وانیش ئاوا داويانه‌ته به‌رێ. ئه‌ونده‌ی ئه‌م زمانه به‌له‌عنه‌ت کراوه، ئه‌وقاس گله‌يی له عه‌ره‌بی و تورکی نه‌کراوه. من ئێسته‌يش نازانم بۆچی منداڵانی کورد کاتی خۆی ئه‌گه‌رچی به‌عه‌ره‌بيشيان ده‌خوێند، به‌ڵام جوان فێری ده‌بوون، بگره ئه‌ديبيان لێ په‌يدا بوو، به‌تايبه‌تی له دهۆک که له عه‌ره‌بيدا مله له‌گه‌ڵ باش‌ترين عه‌ره‌بيزانان ده‌که‌ن، که‌چی زمانی يه‌کگرتوويان لێ بووه‌ته عزڕائیل و يه‌ک له نووسه‌رانی دهۆک ده‌بێژی نه مامۆستا و نه شاگرد سه‌ره‌ده‌ر له کتێبی خوێندن ده‌رناکه‌ن! به‌م دواييه‌يش قه‌وانێک له‌لای هێندێ له‌هجه‌خوازانه‌وه په‌يدا بووه، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه هه‌ر که باسی زمانی يه‌کگرتوو دێته گۆڕێ، يه‌کسه‌ر پێت ده‌ڵێن کاکه ئێمه کێشه‌ی کاره‌با، ئاو و مادده‌ی 140 مان هه‌يه، کوا کێشه‌ی زمانمان هه‌يه، هه‌روه‌کوو له مێزگرده‌که‌ی ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ که له دهۆک سازی کردبوو، له‌لايه‌ن سه‌رۆکی يه‌کێتیی نووسه‌رانی دهۆکه‌وه فه‌رموورا .
خراپ نييه ئه‌م به‌شه‌نامه‌يه‌ی نووسه‌ریکی بلیمه‌ت، پرئه‌زموون و هاوکات ئه‌ندامێکی دڵسۆزی پارتی دێموکراتی کوردستان که زێتر له 40 ساڵه خه‌بات ده‌کات، له‌وه‌رامی دوا وتارمدا نووسيويه‌تی؛ بخه‌مه به‌ر ديدی ئێوه‌ی هێژا:
" إن السياسات الحالية في کل الإعلام الکوردي دون إستثناء، تتبنی تقسیم الشعب الکوردي إلی أمتین، بل بعضهم يعمل علی تقسيمه إلی أمم سورانية وکرمانجية وزازاکیة وهورامية وفيلية. أنا أری أن السلطة السياسية الکوردية غافلة غفلة خطيرة عن أخطر مشکلة تواجه وحدة الأمة الکوردية، وإذا ترک الموضوع لدی القنوات التلفزيونیة وبعض أنصاف المثقفين، فيجب أن نقرأ السلام علی أمة الکورد ليس من جينوسايد ترکي أو عربي أو إيراني، بل من جينوسايد کوردي قائم علی قدم وساق عبر المؤتمرات التي تعقد علی شاکلة ندوة دهوک وغیرها..وإنکم تکتبون الحقيقة وتدقون جرس الإنذار، ولکن يبدو أن أهل الحي ساهون عن جرسک القومي ولا يعرفون أن شرط البحث والقرار الموضوعي في إنتخاب لغة موحدة هو أهم شروط وجود الأمة، الأمة في دائرة الخطر مع کل الأسف " کوردييه‌که‌ی : سه‌رجه‌می سياسه‌تی ڕاگه‌ياندنی کوردی، بێ هه‌ڵبواردن، جه‌خت له‌سه‌ر دابه‌شکردنی گه‌لی کورد به‌سه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌دا ده‌کات، بگره هێندیکیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌سه‌ر گه‌لانی سۆرانی، کرمانجی، زازاکی، هه‌ورامی و فه‌يلی ـ دا پۆلێنی بکه‌ن. به‌نده له‌و بڕوايه‌دام ده‌سه‌ڵاتی کوردی، به‌شێوه‌يه‌کی ترسناک، له‌و کێشه‌يه‌ی ڕووبه‌ڕووی ميلله‌تی کورد ده‌بێته‌وه، بێخه‌به‌ره. ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌يه بۆ که‌ناڵه ته‌له‌فزيۆنييه‌کان و نیمچه ڕووناکبیران لێ بگه‌ڕێن، ئه‌وه ده‌بێ سڵاو و دروود بۆ گيانی کورد ڕه‌وانه بکه‌ين، نه‌ک سه‌باره‌ت به ژينوسايدی تورکی، عه‌ره‌بی و ئێرانی، بگره به‌هۆی ئه‌و ژینۆسايده کوردييه‌ی له کونفڕانسان به‌ڕێوه ده‌چێت، وه‌ک ئه‌و کۆڕه‌ی له دهۆک ساز ده‌کرێ، هه‌روه‌ها له هاوشێوه‌کانیدا.. ئێوه ڕاستی ده‌نووسن، له زه‌نگی خه‌ته‌ر ده‌ده‌ن. وه‌لێ پێده‌چێت خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک ته‌قه‌ی سه‌ريان له‌و زه‌نگه نه‌ته‌وه‌په‌روه‌رانه‌يه‌ی لێی ده‌ده‌ی، دێ، ناشزانن لێکۆڵينه‌وه و بڕياردانی ماقووڵ له هه‌ڵبژاردنی يه‌ک زمانی تاقانه، گرنگترين مه‌رجه‌کانی هه‌بوونی ميلله‌ته. مخابن، ميلله‌ت له‌نێو بازنه‌ی مه‌ترسيدايه.
زگم زۆر به ئيسماعیل بێشکچی ده‌سووتێت، ئه‌و پياوه تورکه ئینسانه، بۆ سه‌ری له‌خۆ شێواند و ئه‌وه‌نده ساڵه خۆی له به‌نديخانه‌دا شپرزه و عه‌بره‌ت کرد و شيله‌ی ژيانی بۆ کورد له‌خۆ حه‌ڕام کرد.. کوا کورد ؟ ئێسته بۆم ده‌رکه‌وت، کێشه‌ی کورد کێشه‌يه‌کی ئینسانی بووه و گرفته‌که له يه‌کنه‌گه‌يشتن بووه، نه‌ک کێشه‌يه‌کی قه‌ومی، چونکه کورد ئه‌قوامن، شاهیدی موعته‌به‌رم حاڵی حازره و به‌کارهێنانی دوو له‌هجه له‌خویندندا، باش‌ترين به‌ڵگه‌يه بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی کورد يه‌ک گه‌ل نین.. يادی به‌خێر، کاتێ سلێمان ده‌میره‌ل سه‌رۆکوه‌زيرانی پێشترێی تورکيا فه‌رمووی : ئاخر قارداش هه‌قی زمان بده‌ينه کێ، ئه‌و کوردانه هه‌شت زمانیان هه‌يه، بڕوا بکه‌ن له ڕۆژتێڤێدا دنيام لێ ئاخر کردبوو، يه‌کبه‌خۆ ده‌منه‌ڕاند، که‌چی ئه‌و ڕاست بوو، من هه‌ڵه. فه‌رموو، به‌يانی با ئه‌ردۆغان ده‌رکه‌ی زمان ئاوه‌ڵا بکات، بزانه چه‌ند قه‌ومییه‌تت بۆ په‌يدا ده‌بن، له‌کاتێکدا هه‌میشه وتوومه ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی کوردستان پێی دابگرتايه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م زمانه‌ی سه‌ده‌يه‌که پێی ده‌خوێندرێ وزمانی پايته‌ختيشه، زمانی هه‌موو کوردانه و به‌هه‌موو له‌هجه‌کانیش ده‌وڵه‌مه‌ند بکرايه، ئه‌وسا هه‌موو بانگه‌وازه‌کان بۆ له‌هجه‌خوازی، وه‌ک مێرووله‌ی حه‌زره‌تی سلێمان، ده‌چوونه‌وه کونی خۆیان، چونکه ئه‌وه‌ی به‌م زمانه‌ی هه‌نووکه ڕه‌گی داکوتيوه، ڕازی نه‌بێت، هه‌رگیز به‌و زمانه‌ی ده‌گوترێ پاش زاوزێکردن له‌نێو له‌هجه‌کاندا په‌يدا ده‌بێ و وه‌ک مه‌هديی مونته‌زه‌ر سه‌ر ده‌رده‌هێنێ، قايڵ نابێت.! هه‌ميشه له‌و بڕوايه‌دا بوومه، هه‌نووکه‌يش، مه‌گه‌ر ئه‌م کوردستانه‌ی ئێسته شتێکی پێ ببڕێت، ده‌نا مه‌حاڵه ئه‌وانه‌ی تورکيا که وه‌ک ئێمه به‌داخه‌وه کوردی موه‌قه‌تن؛ قه‌واره‌يه‌کی سياسييان پێ بده‌ن، به‌ڵام ڕێگه به له‌هجان ده‌درێت، ئه‌مه‌يان مسۆگه‌ره. کورد ئه‌وه‌نده په‌ڕپووت بن، هه‌رگیز ڕۆژیک نايه‌ت ملی تورکانيان پێ با بدرێت. که منداڵیکی کورد ده‌گاته سوێد، دايه‌ره‌ی په‌روه‌رده يه‌کسه‌ر له دايک و بابی ده‌پرسن، ئاخۆ ده‌يانه‌وێ منداڵه‌که‌يان به : زمانی سۆرانی، يان بادينی، يان کرمانجی، يان زازاکی و يان به فه‌يلی بخوێنێت. ئه‌رێ ئه‌وه چه‌ند ساڵه خه‌باتمان بۆ چی کردووه، بۆ زمانی يه‌کگرتوو يان بۆ کۆڕنيشی له‌هجان؟! ئه‌م نموونه‌يه‌ی دواييم له‌به‌ر خاترێ ئه‌و براده‌ره‌ی له مێزگرده‌که‌ی ڕۆژنامه‌ی ئاسۆدا وتبووی خۆ کورد له ده‌ره‌وه به‌کوردی ناخوێنن هه‌تا لێیان بپرسن چه‌ند زمانتان هه‌يه، دووباره کرده‌وه.
به‌وپه‌ڕی ڕاشکاوييه‌وه پێتان ده‌ڵیم، هه‌ر کاتێ ده‌مه‌وێ بنووسم و هاوکات شێخه‌ڵڵای له‌هجان ده‌بينم و ده‌خوێنمه‌وه، بڕستم نامێنێ، هزرم سڕ ده‌بێ و قه‌ڵه‌مم ده‌وه‌ستێت، يه‌کسه‌ر بیرم بۆ ئه‌وه ده‌چێ که ئیمه ئاسنی سارد ده‌کوتین، خۆمان به زمانێکه‌وه خه‌ریک ده‌که‌ين، بابڕده‌ڵه‌يه، له‌هجه‌يه و دواڕۆژی نييه. ئه‌وه‌ی ده‌شڵێ : په‌له مه‌که‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پاش بیست ساڵی دیکه‌يش زمانی يه‌کگرتوو له‌دايک ببێت، موشکيله نييه، وه‌ک ئه‌وه‌يه بوترێ : نووسه‌ران، شاعیران و فه‌يله‌سووفان، جارێ نه بنووسن، نه بشعرێنن و نه ڕابمێنن، هه‌تا زمانه عاجباتییه‌که‌تان بۆ چێ ده‌کرێت.! نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده، بگره ده‌ڵیم داخوڵا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خۆمان به له‌هجه‌وه خه‌ریک ده‌کرد و سه‌دان هه‌زاريشمان له پیناویدا به ده‌ردی ئه‌نفاله‌وه برد، خۆمان به زمانێکی ڕه‌سه‌نه‌وه خه‌ریک بکردايه، باشتر و به که‌ڵکتر نه‌ده‌بوو، ئه‌وسا گورگيشمان له‌خۆ هار نه‌ده‌کرد و ئاوه‌ها تێمان به‌رنه‌ده‌بوو.! ئێمه به‌ره‌و ئه‌و چاره‌نووسه ده‌چین که تێیدا بڵێین ئێمه به‌ری په‌نجا ساڵان ( عه‌هدی مه‌له‌کی ) که عه‌ره‌ب حوکميان ده‌کردين، زۆر کوردتر بووين وه‌ک له ئێسته، وێڕای ئه‌وه‌ی به عه‌ره‌بی ده‌مانخوێند، چونکه له‌مه‌ودوا بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ده‌بێ ناوی له‌هجان له‌خۆ بنێین، له‌هجه‌کانیش ده‌بێ ناوی زمانيان لێ بنرێت، وه‌ک ( زمانی سۆرانی )، ( زمانی بادينی )، ( زمانی کرمانجی ) و ( زمانی زازاکی ) و هتد.. به‌دووری نازانم ئوسامه نوجه‌يفی و حوسێن فه‌لووجی، هه‌ر بۆ گاڵته و حه‌نه‌کان ـ يان به‌جيددی ـ داوای جه‌لسه‌يه‌ک يان جه‌لسه‌گه‌لێکی په‌رله‌مانی ئێراقی بکه‌ن، تا بزانرێ مه‌سه‌له‌ی له‌هجه‌کانی کوردی چييه.! هه‌قيشيانه، چونکه ديارده‌يه‌کی نوێیه له ئێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ته‌ئسير له ده‌ستووريش ده‌کات. گومانی تێدا نییه، له داهاتوودا له‌لايه‌ن حيزبه ئێراقيیه‌کانيشه‌وه، مساوه‌مه و موزايه‌ده‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت و ئه‌وانیش ده‌ستێکی تیوه‌ر ده‌ده‌ن.
به‌نده، داوای لێبووردن له هه‌موو ئه‌و ئینسانانه ده‌که‌م، ئه‌گه‌ر دڵم يه‌شاندبن و گله‌ی ئه‌وه‌م لێ کردبن که بۆچی بانگه‌واز بۆ له‌هجان ده‌که‌ن.. هه‌ڵه‌که له‌منه‌وه بوو، خراپ ته‌ربييه‌ت درابووم، وامده‌زانی کورد هه‌يه و کوردستان له ئاسمانه‌وه هاتووه‌ته خواره‌وه، نه‌مده‌زانی ئێمه خێڵ، عه‌شره‌ت و قه‌بائیلین، يان به زاراوه‌ی مۆدێرن کانتۆناتین، يان پاشه‌ڕۆک. هه‌ياران و مه‌ياران، ئێوه که‌يفی خۆتانه، وه‌لێ ئه‌گه‌ر زمانێکتان هه‌ڵبژارد، باشتره يه‌کێ زيندوو هه‌ڵبژێرن که نێودار بێ و داهاتوو و داهاتیی هه‌بێت، خۆتان به له‌هجاتی يه‌کدييه‌وه مه‌خافڵێنن، عومر بايی ئه‌وه ناکا، زۆر تیژ ده‌ڕوات.
***
له‌سه‌ره‌تادا عه‌رزم کردن که له ژیانمدا پێنج جار به‌کوڵ بۆ ( دايکم ) و ( کورد ) و ( کوردستان ) گرياوم.. پاشان پوخته‌ی تێبینی، پێشبینی و پێشنیاره‌کانی خۆمم ئاڕاسته کردن، ئه‌وجا ئاخۆ هه‌نووکه چاوه‌ڕێی بڕیاڕێكی کوردانه و کوردستانانه بین له سه‌رکرده و سالارانمانه‌وه، ياخود بۆ شه‌شه‌مین و دوايه‌مین جار ده‌ست بنێمه ژێر چه‌نه‌ی خه‌فه‌ت و له‌پرمه‌ی گريان بده‌م و بڵێم :
ماڵئاوا ئه‌ی کورد و کوردستان، سوپاس بۆ ئه‌و کاته‌ی به‌يه‌که‌وه ژياين، که پايزی عومرمان بوو.. ئێوه، گه‌لی خۆتان زۆر خۆش ده‌ويست، بۆيه وێده‌چێ دواهه‌ناسه و مه‌رگيشتان هه‌ر پێکه‌وه بێت، که ره‌نگبێ له‌م نه‌سل و نه‌وه‌يه‌ی ئێسته‌دا تێپه‌ر نه‌کات و مێژوويش بنووسێت که ساڵی 2008 سه‌ره‌تای به‌خاکسپاردنی زمانی کورد و کوردستان بوو و ده‌ستپێکی له‌دايکبوونی گه‌لان و زمانی نوێ بوو که ڕۆژێک له‌ڕۆژان پێیان ده‌وترا کورد و کوردی.؟!
2008/04/24
mohsinjwamir@hotmail.com