
دڵێک ته‌قی.. خه‌و‌نێک رما
پێی بڵێن
تا سه‌د ده‌ژمێرم و
بگاته لام
پێی بڵێن
ناگه‌مه حه‌فتا و ده‌مرم
پێی بڵێن
هێواش ئه‌م دڵڕه‌قییه بئاژوێ
من له شه‌قامی شیعره‌وه
ده‌په‌ڕمه‌وه
له باخی مۆسیقادا
ئاوی بێده‌نگی ئه‌ده‌م
تا کۆتره‌کان بێنه‌وه و
به برینه‌کانی سه‌ر دڵیانا
بزانم
کێیان ئاشقترین و
به شپرزه‌ییانا
ببینم
کامیان ته‌نیاتر و
به گمه‌ی نوساویانا
تێبگه‌م
چه‌ندیان شاعیرترن..
پێی بڵێن دڵم نایه‌ت بێئه‌و بمرم
بێئه‌و نا‌ده‌م
له‌شه‌قامی شیعر و
ناچمه باخی مۆسیقا،
پێی بڵێن
ئه‌گه‌ر نه‌یه‌ت
خوا بمکوژێ
خوا ڕێحانه‌م لێبه‌سه‌نێ
خوا بارانم بگرێته‌وه و
ئه‌ژنۆی شیعرم بشکێنێ و
لاشه‌ی خه‌یاڵم داڕزێت
ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕێی کۆتره‌کان بکه‌م
به‌بێ ئه‌و.
پێی بڵێن
تا هه‌زار ده‌نووسم و لێره‌بێت
نه‌گه‌مه سێ سه‌د و
له دواوه چاوم بگرێ
نه‌گه‌مه چوار سه‌د و
له‌به‌رده‌مما قیت بێته‌وه
نه‌گه‌مه پێنج سه‌د و بلێ ئه‌مه‌تام
نه‌گه‌مه شه‌ش سه‌د و
داکاته به‌فر..
پێی بڵێن
ئه‌و لێره نه‌بوو
که ئێواره‌یه‌کیان
له ناکاو
کوژایه‌وه چاوی ئه‌م خۆره
به‌ربویه‌وه دڵی ئه‌م کۆتره
شکا ئینجانه‌ی ئه‌م چاوه‌ڕوانییه
هاڕه‌ی کرد شکۆی ئه‌م ئومێده
درزی برد بلوری ئه‌م ته‌نایییه
رژا شه‌ربه‌تی ئه‌م شیعره..
پێی بلێن دنیا گوێی لێ‌بوو
چۆن ته‌قی ئه‌م دڵه
عاله‌م بینی
جۆن ڕما ئه‌م خه‌ونه.
ئیدریس عه‌لی
له ژماره 81 ی هه‌نار بڵاوکراوه‌ته‌وه