چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئارام شێخ وه‌سانی
ئارام شێخ وه‌سانی:
ڕوانگه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕۆشنبیری ئه‌مرۆ…..
سازدانی: ده‌وه‌ن معروف
پرسیار : له‌دوای ئه‌ده‌بی ڕوانگه‌وه، ڕووناكبیران و نووسه‌رانی كورد،چیان به ئه‌ده‌بی كورد به‌خشیوه ؟
* ئارام/ به بۆچوونی من بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره پێویسته به‌گشتی قسه بكه‌ین، چونكه له دوای زه‌مه‌نی ڕوانگه‌وه كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌رهه‌نگی ڕوویانداوه. هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه به‌جۆرێك له جۆره‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بووه به‌سه‌ر دنیابینی و بیركردنه‌وه هزری ڕووناكبیر و نووسه‌رانی كورد. هه‌ر خودی ئه‌و گۆڕانكاریانهیش هۆكارن بۆ ده‌ركه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌وتی تازه و بیركردنه‌وه‌ی نوێ. له هه‌موو جیهاندا قۆناغه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌ده‌ب، به‌ستراونه‌ته‌وه به دۆخی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كان و شێوه‌ی ژیانی تاكه‌كان. ئه‌وه‌ی زۆر به‌ڕوونی دیاره، ڕه‌وتی خێرای گۆرانكارییه جیهانییه‌كان و دیارده‌ی به‌جیهانیبوون، كاریگه‌ری مه‌زنی خستۆته‌سه‌ر ئه‌ده‌بی دوای ڕوانگه، ئه‌مه‌یش به‌ڕوونی له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی نه‌وه‌ی دوای ڕوانگه‌دا دیاره، بێگومان ئه‌وه‌یش له ئه‌ده‌بدا پێویستیه‌كی گرینگه، كه هه‌رچه‌ند له دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ی په‌راوێز بێت، به‌ڵام لانیكه‌م له ئه‌ده‌بدا ته‌می ئه‌و په‌راوێزیه بڕهوینرێتهوه . لایه‌نێكی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی ئێستا، گه‌شه‌كردنی دید و ڕامانی ڕووناكبیر و نووسه‌رانی كورده، كه تا ڕاده‌یه‌كی باش له ئه‌ده‌بی دوای ڕوانگه، قووڵتر و تێكهڵاوتره به زۆر كایهیی مه‌عریفی و فه‌رهه‌نگی، هه‌روه‌ها له ئێستادا نووسه‌ران زیاتر كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ی ئه‌ده‌بی ڕۆژئاوا، ئه‌مه‌یش له به‌رهه‌مه وهگیڕدراوهكاندا دیاره، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له ئێستادا ئه‌ده‌بی كوردی هۆشیارانه‌تر مامه‌ڵه ده‌كات له ته‌ك چۆنییه‌تی ڕه‌فتاركردن له‌گه‌ڵ ده‌ق و خوێنه‌ر، ته‌كنیك و ده‌ق، ڕه‌خنه و ده‌ق، ده‌كرێ بڵێن پێویستیه‌تی گۆڕانه‌كانی ژیان وایكردووه، نووسه‌رانی دوای ڕوانگه هه‌ناسه‌یه‌كی جیاواز به به‌ر ئه‌ده‌بی كوردیدا بكه‌ن. به‌ڵام وێڕای هه‌موو ئه‌و گۆڕانانه‌ی باسمانكرد، هێشتا له ئاست گه‌وره‌یی گۆڕانكارییه‌كان و خێرای زه‌مه‌ن، نووسه‌ر و ڕووناكبیری كورد نه‌یتوانیووه، ئه‌و ڕۆڵه گرینگه خۆی له ئه‌ده‌بدا پێشكه‌ش بكات.
پرسیار : بۆچی داهێنانه‌كانی ئێمه‌ی كورد،له‌ئاست داهێنانه‌كانی ئێستای ئه‌ده‌بی دنیا به‌راورد ناكرێت،ئه‌ی چۆن ده‌توانین ژانره گرنگه‌كانی دنیای ئه‌ده‌ب بۆ خوێنه‌ری كورد فراوانتر بكه‌ین ؟
*ئارام / ئه‌م پرسیاره له دوو به‌ش پێك هاتووه، له‌به‌شی یه‌كه‌مدا ده‌بی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ چه‌ندین هۆكاری ههمهجۆر كه له‌پشت ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ن. به‌پله‌ی یه‌كه‌م پێم وایه ئه‌ده‌بی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك خاوه‌نی چه‌ند تێكستێكه كه شایه‌نی خوێندنه‌وه‌ی جیهانی بن، به‌ڵام هۆكاره‌كه له ته‌وژمی متمانه و پلانی درێژخایه‌نی ئێمه دایه، گرفت له تێڕوانین و بیركردنهوهباوو سوواوه‌كانی ئێمه دایه، ئێمه تا ئێستا نه‌گه‌یشتوینه‌ته بڕوای پێویستیه‌تی ناساندنی ده‌قه‌كانی ئێمه به دنیای ده‌ورووبه‌ر، ئیتر چۆن بیر له بابه‌تی به‌راوردكاری ئه‌ده‌بی خۆمان و ده‌وروبه‌ر بكه‌ینه‌وه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌و دنیا پڕگۆڕان و خێرایه‌دا ئێمه‌ی كورد خاوه‌نی هیچ پرۆژه‌یه‌ك نین بۆ ناساندنی ده‌قه‌كان به‌ده‌ره‌وه، ئه‌و بێ پلانییه ئه‌و هه‌سته‌ی لای ئه‌دیبی كورد دروست كردووه. ئێمه نابێ گرفته‌كه بخه‌ینه سه‌ر شانی بابه‌تی مه‌ینه‌تی نه‌ته‌وه‌ی، به‌ڵكوو زۆرجار په‌یامێك له گوندێكه‌وه دنیا به‌خه‌به‌ر دێنیت. بابه‌تی داهێنان وابه‌سته‌یه به كاركردن هه‌وڵدانێكی زه‌مه‌نی درێژ و ئه‌زموونی درێژ، ئه‌مه‌ش ته‌نها به تێكه‌ڵاوییه‌كی زۆری كه‌لتووری دێته به‌رهه‌م، به ڕه‌چاوكردنی فه‌راهه‌مبوونی دۆخێكی شیاوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی…
له‌باره‌ی به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌وه من ته‌نها ڕێگه‌چاره‌یه‌ك ده‌بینم، ئه‌ویش فراوانكردنی ئاسۆكانی وه‌رگێڕانه، ئه‌گه‌رچی له ئێستادا شه‌پۆلێك وزه و توانا دیاره، كه هه‌وڵ ده‌دات هه‌ندێ له به‌رهه‌مه هه‌ره پێویسته‌كان به‌كوردی بكرێن، به‌ڵام پلانێكی ئاشكرا‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی دیاریكراو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له به‌رنامه‌دا نییه. به‌مانایه‌كی دیكه مه‌یل هه‌یه بۆ ئه‌و كرداره، به‌ڵام تا ئێستا نه‌كراوه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه له‌بواری وه‌رگێڕاندا، شتێكی په‌رشوبڵاوه، شتێك نییه جێگه‌ی دڵخۆشی بێت. چه‌ند هه‌وڵێكن له سه‌ر ئاستی تاك، به‌بێ هیچ سانسۆر و ڕێباز و به‌رنامه‌یه‌ك، به‌رهه‌مه‌كه ده‌كه‌وێته بازار، هه‌ر ئه‌و بێ به‌رنامه‌یی و بێ پلانیهیه، كه وایكردووه تاڕاده‌یه‌ك خوێنه‌ر له ده‌قی وهرگێڕدڕاو سڵبكاته‌وه. ئافاتی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی ئێستا ئه‌وه‌یه ته‌نها زمانی كوردی ده‌زانێت، كه ئه‌وه كاره‌ساته، به‌بێ وه‌رگێڕان بتوانرێت هه‌نگاو بنرێت و به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون ڕووبدات. من لێره ده‌مه‌وێت به قه‌ناعه‌ته‌وه بڵێم، وه‌رگێڕان و پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕان ئه‌گه‌ر به پوختی دروستی ئه‌نجامبدرێت، هیچی كه‌متر نییه له داهێنانی تێكستی ئه‌ده‌بی، هه‌روه‌ها زیاد له داهێنانی ئه‌ده‌بیش خزمه‌ت به خودی ئه‌ده‌ب ده‌كات. ئه‌ده‌بی هیچ وڵاتێك به‌ته‌نیا خۆی هۆكار نه‌بووه بۆ ده‌ركه‌وتنی، به‌ڵكو له‌هه‌موو جیهان پرۆسه‌ی وه‌ڕگێڕان و تێكه‌ڵاوكردنی بیركردنه‌وه جیاوازه‌كان نموونه‌ی جوانی ئه‌ده‌بی به‌رهه‌م هێناوه. به‌بێ ڕێكخستنه‌وه و ئیشكردنی جدی له‌م پڕۆسه‌یه، ئه‌سته‌مه ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان بۆ خوێنه‌ر و نووسه‌ری كورد فراوانتر بكرێت.
*له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، له پاشكۆی تایبه‌ت به ڕوانگه‌دا بڵاوبۆته‌وه له9/12/2012