Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
ئه‌و ده‌نگه‌ی هیچكه‌س نه‌یبیست! … هێمن خورشید

ئه‌و ده‌نگه‌ی هیچكه‌س نه‌یبیست! … هێمن خورشید

Closed
by December 19, 2012 گشتی

 

 

 

   ” كه‌ڵه‌پیاوێكی به‌ڕێزی كورده‌، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ كوردی بنووسێت به‌ پاراوترین و ڕوونترین شێوه‌ ده‌نوسێت، كه‌ به‌ عه‌ره‌بیش ده‌نوسێت پاراوترین و ڕوونترین عه‌ره‌بی به‌كارده‌هێنێت” .

ئه‌و وته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ هی هیچ كورد زمانێك نییه‌، به‌ڵكو قسه‌ی نووسه‌رێكی نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌به‌، ده‌ربڕینی نووسه‌ری عێڕاقی (حمید المگبعی)یه‌ و له‌ په‌سنی (مه‌سعود محه‌مه‌د)دا وتویه‌تی.

   له‌ سه‌ره‌تای مانگی نیسانی ساڵی 2002زدا، بیریاری گه‌وره‌ی كورد (مه‌سعوود مه‌حه‌ممه‌د)، له‌ شاری هه‌ولێر ‌و له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ قه‌ره‌وێڵه‌كانی خه‌سته‌خانه‌ی ڕزگاری، چاوی له‌یه‌كنا و دونیای ڕۆشنی به‌جێهێشت.

   مه‌سعوود محه‌ممه‌د، مرۆڤێك بوو سه‌یر و ئاڵۆز، مرۆڤێك بوو به‌ بڕوای من جۆرێك له‌ ناڕوونی تیدا بوو، ئه‌و زمانێكی هه‌بوو پارا‌و، پوخت، گشتگیر، كه‌ به‌ كوردی ده‌ینووسی پێویست بوو بۆ خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌كانی زۆر شاره‌زای زمانی كوردی بیت، وه‌ختێك به‌ عه‌ره‌بییش ده‌ینووسی، هه‌ندێك عه‌ره‌بزمان به‌ده‌ست وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ ئاڵۆز و قورسه‌كانییه‌وه‌ داده‌مان و گومانیان له‌ عه‌ره‌ببوونی خۆیان ده‌كرد. ئه‌م پیاوه‌ خاوه‌نی زمانێكی ئاوها بوو، كه‌چی له‌ هه‌مانكاتدا زمانی نه‌بوو! ئه‌و زمانی نه‌بوو خه‌ڵكی تێبگه‌یه‌نێت له‌وه‌ی ده‌یه‌وێت چییان پێ‌ بڵێت، ئه‌و ده‌ینووسی و ده‌ینوسی، وه‌لێ‌ قه‌ت ڕۆژێك بیری له‌وه‌ نه‌كرده‌وه‌ ــ یان نه‌یویست بیری لێبكاته‌وه‌ ــ كه‌ ئه‌و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌ژیت كه‌ حه‌زیان له‌ نووسینی ساده‌ و بێگرێیه‌، حه‌زیان له‌ په‌شمه‌كه‌ و كه‌یفیان به‌ خواردنی ئاماده‌كراوه‌، تاكه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌و، تا یه‌كێكیان كتێبێكی فیكری ده‌خوێنێته‌وه‌ و به‌ باشی لـێی حاڵی ده‌بێت، ده‌یانیان سه‌دان لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌!

   ئه‌و كه‌سێك بوو له‌پێش خۆیدا له‌دایكبووبوو، كاتێك ئه‌و هات، فیكر ‌و فه‌لسه‌فه‌ له‌و كۆمه‌ڵه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌ودا هیچ باسێكی له‌باره‌وه‌ نه‌كرابوو، ته‌نها شیعر و چیرۆك مه‌یدانیان گه‌رم بوو، لێكۆڵینه‌وه‌ش بواری ئه‌ده‌بی تێنه‌په‌ڕاندبوو، ئه‌ویش هه‌ر به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕاڤه‌ی شیعر و ژیانی شاعیران ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی به‌لایه‌كی تردا بردی، بێئه‌وه‌ی بزانێت چۆن و بۆچی كه‌وته‌ ناو لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری و شیكردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییه‌وه‌؟ ئه‌و به‌رگی یه‌كه‌می (حاجی قادر)ی له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا له‌سه‌ر داوای كۆڕی زانیاری كورد نووسی، كۆڕ داوای لێ‌ كردبوو، شتێك له‌سه‌ر ژیانی شاعیری گه‌وره‌ حاجی قادری كۆیی بنووسێت، وه‌ك خۆی له‌ چه‌ندین جێگه‌دا نووسیویه‌تی، بڕوای نه‌بوو به‌و په‌له‌یه‌ كارێكی وا به‌ئه‌نجام بگات، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی براده‌رانی كۆڕی زانیاری هه‌ر سوور بوون له‌سه‌ر داواكه‌یان، ناچار ملی دا ‌و شانی دایه‌ به‌ری، كه‌ دوایی له‌ سێ‌ به‌رگدا و به‌ نزیكه‌ی هه‌زار لاپه‌ڕه‌، كه‌وته‌ ناو دونیای ڕوناكبیریی كوردییه‌وه‌، سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ئه‌و پیاوه‌ی یه‌كه‌مجار بڕوای نه‌بوو بتوانێت كارێكی وا به‌په‌له‌ ئه‌نجام بدات، ئه‌و كتێبه‌ی هه‌ر به‌و سێ‌ به‌رگه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو هه‌ر پێشه‌كیی كتێبی (حاجی قادری كۆی) دوایی به‌ جیا چاپكراو به‌ناوی (مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر)ه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، خودی كتێبی (مرۆڤ و ده‌روبه‌ر) كه‌ باسێكی ته‌واو فیكرییه‌ و به‌ ده‌وری مرۆڤدا ده‌خولێته‌وه‌ و سه‌ره‌تا له‌ به‌راودكردنێكی نێوان (نالی) و (حاجی قادر)ه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، به‌ یه‌ك به‌رگه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو به‌رگی دووه‌م و سێیه‌میشی به‌دوادا هات.

   له‌ سه‌رده‌مێكدا مه‌سعوود محه‌ممه‌د، باسی له‌ فیكر‌و فه‌لسه‌فه‌ ده‌كرد، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی لافی فه‌یله‌سوفبوون لێبدات، دونیای ڕۆشنبیریی كوردی له‌ چیرۆك و شیعر بترازێ‌، ئاگای له‌ هیچی تر نه‌بوو! (د.فه‌رهاد پیرباڵا) له‌ ژماره‌(389)ی گۆڤاری (هه‌رێمی كوردستان)دا ‌و له‌ گۆشه‌ی (ئه‌و كتێبانه‌ی ژیانیان گۆڕیم)دا ده‌رباره‌ی مه‌سعوود محه‌ممه‌د ئاوها ده‌نووسێت: ” مه‌سعوود محه‌مه‌د تاقانه‌ فه‌یله‌سووفه‌ كورده‌، تاقه‌ نووسه‌رێكیشه‌ توانیبێتی فه‌لسه‌فه‌ به‌ زمانی كوردی بنووسێت و له‌ناو ده‌فری زمانی كوردیدا بیگونجێنێت، من هه‌میشه‌ كاتێك مسعوود محه‌مه‌د ده‌خوێنمه‌وه‌، ئه‌و قسه‌یه‌ی مام هه‌ژاری شاعیرم بیرده‌كه‌وێـته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر سیسته‌می نه‌خۆشییه‌كه‌ی خۆیدا، له‌ناو خه‌سته‌خانه‌یه‌كی پاریس پێی وتم زمانی كوردی هه‌موو مه‌عریفه‌ و هونه‌ر و زانستێكی پێ‌ ده‌نوسرێته‌وه‌” . . . ” مه‌سعوود محه‌مه‌د سێ‌ به‌رگی له‌ (مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر) بڵاوكردۆته‌وه‌، له‌ هه‌رسێ‌ به‌رگه‌كه‌دا له‌ ژان پوڵا سارته‌ر زۆر وردبینتره‌، له‌ مۆنتاینی فه‌یله‌سووفی تاك باوه‌ڕی فه‌ره‌نسا زۆر به‌رگیركارتر به‌رگری له‌ ئازادیی تاكه‌كه‌س و مافه‌كانی تاكه‌كه‌س ده‌كا، وه‌ك نیچه‌ی ئه‌ڵمانییش باوه‌ڕ هه‌بوون به‌ قه‌ناعه‌ت و نه‌ریته‌ ده‌سته‌جه‌معییه‌كان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، هانی تاكه‌كه‌س ده‌دات ته‌نیا متمانه‌ به‌خۆی بكات نه‌ك به‌كۆمه‌ڵا و حیزب و مێگه‌ل”.

   له‌ كۆتایی نووسینه‌كه‌یشیدا، پیرباڵا ده‌نووسێـت: ” مرۆڤ و ده‌رووبه‌ر به‌ هه‌رسێ‌ به‌رگه‌كه‌یه‌وه‌، پێویست وابوو له‌ به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵناسی و سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی زانكۆكانماندا بخوێندرێت …”.

   كه‌ ئه‌و نووسینه‌م خوێنده‌وه‌ كه‌مێك دڵم خۆش بوو، ئاخر زۆر جار وام به‌بیرمدا ده‌هات ڕه‌نگه‌ كه‌سێك نه‌بێت له‌م وڵاته‌دا مه‌سعوود محه‌ممه‌دی بیربكه‌وێته‌وه‌، ناهه‌قیشم نه‌بوو، ئه‌ی ئه‌گه‌ر وانییه‌، بۆ تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و پیاوه‌ نابینین؟ له‌ چله‌ی ماته‌مینییه‌كییه‌یدا، به‌نده‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی كورتم له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌می نووسی و له‌ 9/5/2002 له‌ ڕۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ‌)دا بڵاوكرایه‌وه‌، له‌و نووسینه‌دا چه‌ند پرسیارێكم خستبووه‌ڕوو، پرسیاره‌كانیش ئه‌مانه‌ بوون: بۆچی مردنی مه‌سعوود محه‌ممه‌د كه‌سی ڕانه‌چڵه‌كاند؟ بۆچی كه‌سێك قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و زاته‌ نه‌كرد؟ بۆ میدیای كوردی هێنده‌ بێده‌نگ بوون له‌ئاست مردنیدا؟ ئه‌و كات من دوو هۆكارم كردبووه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی خۆم: یه‌كه‌میان ئاڵۆزیی زمانی نووسینی ئه‌و بوو، كه‌ زۆر كه‌س له‌ مه‌به‌ست و ئامانجی نووسینه‌كانی نه‌گه‌یشتوون، دووه‌میشیان _ كه‌ ئه‌مه‌یان هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌_ ، بێلایه‌نیی ئه‌و بوو له‌ هه‌مبه‌ر هه‌موو ئایدۆلۆژیایه‌كدا. دوای ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ش باوه‌ڕم له‌و باره‌وه‌ گۆڕانێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌. تۆ ده‌بینی كه‌سێكی ساده‌ی پارت و لایه‌نه‌ێك پێی هه‌ڵده‌كه‌وێت، دونیا ده‌شڵه‌ژێت، ئاسمان و زه‌وی له‌یه‌ك ده‌ده‌ن، مانگێك میدیاكان سه‌رقاڵی ئه‌و باسه‌ ده‌بن، وه‌لێ‌ زاتێكی وه‌ك مه‌سعوود محه‌ممه‌د كه‌ تا له‌ژیاند بوو هیچ ڕێزێكمان لێی نه‌نا و، خه‌ریك بوو شار به‌ده‌ریشی بكه‌ین، دوای مردنیشی وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆژێك نه‌بووبێت وابوو!

    چه‌ند ساڵه‌ مه‌سعوود محه‌مه‌د له‌ژێر خاكدایه‌، كه‌چی ئه‌و قسه‌یه‌ی من له‌ چله‌ی ماته‌مینیدا نوسیم و ئه‌و گله‌ییانه‌ی ئاراسته‌ی میدیای كوردی و ناوه‌ندی ڕووناكبیریی كوردی و هه‌موو نوسه‌رانی كوردستانم كرد، بۆ ئێستاش هه‌ر ده‌شێن.

   ئێمه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ندین كتێب له‌سه‌ر ژیانی ده‌یان نووسه‌ر و بیریار و فه‌یله‌سووفی ڕۆژئاوایی وه‌ده‌گێڕین، باس له‌ (فۆكۆ) ده‌كه‌ین به‌بێئه‌وه‌ی زۆرێكمان بزانین كێیه‌، قسه‌ له‌سه‌ر تێزه‌كانی (هیگڵا) ده‌كه‌ین، بێئه‌وه‌ی چوار كتێبی هیگڵمان خوێندبێـته‌وه‌، لافی (نیچه‌)ناسی لێده‌ده‌ین، له‌كاتێكدا له‌ زاراوه‌ به‌كارهاتووه‌كانی ناو فه‌لسه‌فه‌ی (نیچه‌) حاڵی نه‌بووین، نازانم ئه‌م بێگانه‌ په‌رستییه‌ بۆ؟

من ناڵێم ده‌رباره‌ی ئه‌و بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفانه‌ نه‌نووسین و وه‌لایان نێین، ناڵێم ئه‌و وه‌رگێڕانانه‌ی كه‌ له‌باره‌ی وانه‌وه‌ ده‌كرێن هه‌ڵه‌ن و با نه‌كرێن، به‌ڵكو ده‌ڵێم با پرۆژه‌یه‌كیشمان بۆ ناساندنی گه‌وره‌ پیاوانی خۆمان به‌ نه‌وه‌ی نوێ‌ هه‌بێت، با هیچ نه‌بێـت كتێبی گیرفان _وه‌ك نمونه‌_ جارێكیش ژیان و به‌رهه‌می مه‌سعوود محه‌ممه‌د، یان هه‌ر نووسه‌رێكی تری گه‌وره‌ی كورد بڵاوبكاته‌وه‌. ئایا له‌مه‌دا هه‌ڵه‌یه‌كم وتووه‌؟ خودایه‌ تۆ به‌ شایه‌د به‌، وا من گه‌یاندم.

 

ئه‌م نووسینه‌ بۆ یادی پێنجه‌مین ساڵه‌ی له‌دنیاده‌رچوونی مه‌سعوود محه‌ممه‌ددا نووسراوه‌ و مانگی نیسانی 2007، له‌ پاشكۆی (ئه‌ده‌ب و هونه‌ر)ی ڕۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ‌)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

ئیمه‌یلی نووسه‌ر: Hemnxurshid79@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.