ونبوونی فاتیح سه‌لام له نێو كه‌ڵافه‌ی پیته‌كاندا
یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه ئه‌زموونی شیعریی (فاتیح سه‌لام) له شاعیرانی هاوده‌می خۆی جیاده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه هێزی شاعیربوون له‌نێو تێكسته‌كانییه‌وه به ئه‌سپایی هه‌ڵده‌كشێت و خوێنه‌ر له‌گه‌ڵا خۆیدا به‌ره‌و جیهانێكی پڕ له ئیسته‌تیك په‌لكێش ده‌كات، به‌مه‌ش توانای شاعیرییه‌ت هه‌ر له‌و چێوه‌یه‌دا نامێنێته‌وه، كه به ته‌نها نمایشكردنی وشه‌و ده‌سته‌واژه‌كان بێت، به‌ڵكو گه‌مه‌ی زمان چڕ ده‌بێته‌وه‌و پرۆسه‌ی شیعرییه‌ت له هه‌ردوو ئاستی لانگ و پارۆڵدا له‌دایك ده‌بێت، بۆیه ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ی كه خوێنه‌ری شیعری كاك فاتیح له كرده‌ی خوێندنه‌وه‌دا ده‌یانكات، دواجار پێویستییان به زه‌خیره‌ی ته‌واو هه‌یه له‌ڕووی تێگه‌یشتن و چێژوه‌رگرتنه‌وه، به‌وپێیه‌ی سه‌فه‌رێك ده‌بێت به‌نێو چڕترین پرۆسه‌ی زمانی، له بۆته‌قه‌ی تێكستێكی شیعرییدا.
ده‌قی (ونبوون) دوا ده‌قی شیعریی فاتیح سه‌لامی شاعیر‌و نووسه‌ره، كه له بیستی ئه‌م مانگه‌دا، له ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌كان خوێندمه‌وه.
ونبوون له‌و جۆره تێكسته هه‌ژێنه‌رانه‌یه، كه هه‌ر له‌گه‌ڵا خوێندنه‌وه‌دا، خوێنه‌ر ڕۆده‌چێته نێو دنیایه‌كی به‌رینی شیعرییه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا ده‌قێكه‌كه له‌ڕووی ڕۆنانه‌وه ده‌قێكی شیعریی كورته، به‌ڵام زمان تێدا به‌شێوه‌یه‌ك وه‌گه‌ڕخراوه، كه پێكهاته‌یه‌كی ته‌واو قووڵی به فه‌زای گشتی شیعره‌كه به‌خشیوه‌و ناوه‌ڕۆكێكی قورسی پێداوه، قورس به مانای ئاڵۆزییه‌ك نا، كه كۆده‌كانی بۆ خوێنه‌ر له توانای كرانه‌وه‌دا نه‌بن، كرانه‌وه‌ی ئه‌م كۆدانه‌ش، وای نه‌كردووه، كه ڕیتمی شیعره‌كه بشێوێنێت و به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌كی ئاسانی به‌رێت.
ده‌ستپێكی ونبوون له‌و شوێنه‌وه‌یه، كه تێدا چیرۆكێكی ته‌واو نه‌بوو، سێبه‌رێك بۆ شاعیر دروست ده‌كات‌و له‌و كاته‌شدایه، كه خۆر شی ده‌بێته‌وه‌و پارچه‌و له‌ته‌كانی ده‌كه‌ونه كۆشمانه‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م وێناكردنه، ئاماژه‌یه‌كه بۆ كۆتایی بوون، هاوكات ده‌ستپێكی ده‌ستپێكێی نوێیشه، بۆ ئه‌و چیرۆكه‌ی كه هه‌رگیز كۆتایی نایه، به‌مه‌شدا ونبوون چه‌مكێكی به‌رفراوان و قووڵا به‌خۆوه ده‌گرێت و ده‌بێته ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی كه ئیدی مرۆڤ ناتوانێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چاره‌نووسی خۆی لێوه ببینێت، به‌و مانایه‌ی ونبوون و سه‌ره‌تای هه‌موو ئه‌و چیرۆكانه‌ی باس له نه‌هامه‌تییه‌كانی مرۆڤ ده‌كه‌ن، هاوكاتن به كۆتایی بوون و ده‌سپێكردنه‌وه‌ی ونبوون، به‌مه‌ش متوربه‌كردنێكی سه‌یر له‌نێوان بوون و ونبووندا دێته ئاراوه، كه دواجار ڕه‌گه‌زی سێیه‌می ئه‌و تیكه‌ڵبوونه بریتی ده‌بێت ته‌نهایی، كه ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی بۆنی سڵمه‌وه، به‌ده‌م چڵێكی شكاوه‌وه، كه سیمبۆلی ملدانی سروشته‌و سمڵیش بۆخۆی بۆنی وشه‌و ڕۆحی گوزاره‌و ده‌ربڕینه، به‌وه‌ش تێپه‌ڕینی (ئه‌و) به‌نێو چۆڵه‌وانییه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراودا، ده‌بێته ئه‌و مانیفێسته‌ی كه له‌كۆتایی تێكسته‌كه‌دا دێته‌وه به‌رده‌م ڕوانینی خوێنه‌ر، كه ئه‌ویش ته‌نیاییه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵكو ته‌نیایی ده‌بێته خودی ئه‌و په‌یامه‌ی كه شاعیر ده‌یه‌وێ له‌پاڵ چه‌مكی كۆتایی بون‌و ونبووندا به وه‌رگری بگه‌یه‌نێت، چونكه دیاره چاوگه‌ی ته‌نیایی و ونبوون هه‌ر یه‌كه‌و ئه‌ویش كۆتایی بوونه، كه ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای ئه‌و چیرۆكه ته‌واو نه‌بووه‌یه، كه هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه بووه‌ته قه‌ده‌ری مرۆڤ و ناشبێ به‌و ئاسانییه له كۆڵی بێته‌وه.
دواجار مرۆڤ بۆ هه‌ركوێیه‌ك بڕوات و له‌گه‌ڵا هه‌ركێ بێت، هه‌ر ده‌بێ به‌نێو سه‌رزه‌مینی چۆڵه‌وانی و به‌نێو ئاقاری ته‌نیایی‌و ئه‌نجاش له‌گه‌ڵا ونبووندا ببێته‌وه یه‌ك گیان و به‌وه‌ش هاوكێشه‌ی ئه‌زه‌لییه‌كه‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ خۆی تۆمار ده‌كاته‌وه.
له‌ڕاستیدا ئه‌م تێكسته‌ی كاك فاتیح سه‌لام، وه‌ك كۆی تێكسته‌كانی تری ئه‌م دواییانه‌ی، پێویستی به له‌سه‌ر ڕاوه‌ستان‌و خوێندنه‌وه‌ی ورد‌و چڕتر هه‌یه، به‌ڵام جوانی‌و كاریگه‌ریی (ونبوون)ی ئه‌مجاره شاعیر، نه‌یهێشت ئه‌م نووسینه بۆ كاتێكی تر دوابخه‌م، بۆیه پێم خۆش بوو، لێره‌دا ئیستێكی له‌سه‌ر بكه‌م.
ئاری عوسمان خه‌یات