
خۆشم ده‌وێت خۆشم ده‌وێت و شتی تریش … نزار قه‌بانی
قسه‌كانت فه‌رشی ئێرانین
چاوه‌كانیشت چۆله‌كه‌ی دیمه‌شقن
له‌م دیواره‌وه ده‌فڕن بۆ ئه‌و دیوار.
دڵم له‌سه‌فه‌ردایه، وه‌ك كۆترێك له‌نێوان ده‌سته‌كانتدا
ماندوبوونی خۆشی له‌سێبه‌ری دیوارێكا ده‌رده‌كا.
من خۆشم ده‌وێیت
ئه‌ترسم، به‌ڵام بۆتۆ باشم
ئه‌ترسم له‌گه‌ڵ تۆ ببین به‌یه‌ك
ئه‌ترسم له‌ناو تۆدا ونبم
ئه‌زمونم پێم ده‌ڵێ: له عه‌شقی ژن و شه‌پۆلی ده‌ریا دوربم.
به‌ڵام شهر له‌گه‌ڵ ئه‌وین ناكه‌م… كه ئه‌وینی تۆ رۆژی منه.
له‌گه‌ڵ هه‌تاوی رۆژدا ناجهنگم
له‌گه‌ڵ ئه‌وینت ناجهنگم
هه‌ر رۆژێك بیه‌وێت دێت و هه‌ر رۆژێكیش بیه‌وێت ده‌ڕوات
نیشانمان ده‌دات چۆن قسه‌بكه‌ین و چپبكهین باشه.
لێگه‌ڕێ باچایهكت بۆ تێكه‌م
ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یكی غه‌ریب باشی
ده‌نگت له نه‌قشێكی جوان ده‌چێت، به‌سه‌ر فنجانێكی مه‌غریبیه‌وه
پهلكهكانت وه‌ك منداڵێك له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌دا یاری ئه‌كه‌ن و
قومێك ئاویش به‌لێوی لێوانه گوڵاویهكه ده‌نۆشی.
لێگه‌ڕێ باچایهكت بۆ بێنم. ئه‌رێ پێم وتی خۆشم ده‌وێیت؟
وتم به‌هاتنت چه‌ن خۆشحاڵم؟
هاتنت شادی به‌خشه، وه‌ك هاتنی شیعر
وه‌ك هاتنی به‌له‌مه‌كان و یادگاریه دوره‌كان.
لێگه‌ڕێ ئه‌و وشانه وه‌رگێڕم
له‌سه‌ر كورسیه‌كه به‌خێرهاتنی تۆ ده‌كه‌ن
لێگه‌رێ باخه‌ونی فنجانه‌كان لێكده‌مه‌وه
كه‌بیر له لێوه‌كانی تۆ ده‌كه‌نه‌وه
خه‌ونی پیاڵه‌و شهكرهكهش لێكده‌مه‌وه.
لێگه‌رێ به‌وشه‌ی تازه‌ی ئه‌لفبا
میوانداریت بكه‌م.
لێگه‌رێ كه‌مێ به‌خۆما بچمه‌وه‌و
فراوانی ئه‌وینم بخه‌مه نێوان شارستانیه‌ت و به‌ربه‌ریه‌ت.
– حه‌زت لهچاییه؟
– تۆزێ شیریت ده‌وێت؟
– هه‌مووشت باشه. وه‌ك هه‌میشه. به‌ڵێنێكی شیرینیش؟
– ئه‌ما من روخساری تۆم بێ شه‌كر ده‌وێت.
بۆهه‌زاران جار ده‌ڵێم خۆشم ده‌وێیت
جهزدهكهیت وه‌سفت كه‌م. كه شتێك نیه وه‌سفی تۆی پێبكه‌م؟
حه‌زده‌كه‌ی ئاستی خهمگینیهكانم بزانیت؟
خهمگینیهكانم وه‌ك منداڵن.. هه‌موو رۆژی جوانتر و گه‌وره تر ده‌بن
لێگه‌ڕێ به هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ی ده‌یانزانم
بڵێم: تۆم خۆش ده‌وێت.
لێگه‌ڕێ فهرههنگهكانت بۆ بگه‌ڕێم
تاوشهیهك بدۆزمه‌وه لایه‌ق به‌تۆبێت
وشه‌یه‌ك بتوانێت سه‌رسنگت داپۆشێ
به ئاو _ به گیا و_ به یاسه‌مین.
لێگه‌ڕێ بیر له‌تۆ بكه‌مه‌وه
دڵم ته‌نگ بێت بۆت
له‌به‌ر تۆ بگریم و پێبكه‌نم
له‌نێوان وههم و یه‌قیندا تێپه‌ڕم.
لێگه‌ڕێ بانگت بكه‌م، به‌هه‌موو ئه‌و وشانه‌ی بۆ هاوار دروست كراون
ئه‌گه‌ر نه‌توانم به‌هه‌موو ئاوازێك بانگت كه‌م زمانم ڵاڵبێت
لێگه‌ڕێ ده‌وڵه‌تی عه‌شق دروستكه‌م
تۆ ببیته شاژن و
منیش گه‌وره‌ی عاشقه‌كان.
لێگه‌ڕێ كوده‌تا به‌سه‌ر رێگاكاندا بكه‌م و
وابكه‌م هه‌میشه چاوت له‌خه‌ڵك بێت.
لێگه‌ڕێ… با شارێك لهئهویت دروستكه‌م
تۆ شارستانیه‌تی، تۆمیراتێكی به‌جێماوی
هه‌زاران ساڵه، له‌ناو دڵی زهویدای.
خۆشم ده‌وێیت
چۆنت ده‌وێت با به‌وجۆره بونت بسه‌لمێنم له‌م جیهانه‌دا
وه‌ك بوونی ئاو
وه‌ك بوونی دره‌خت
تۆ گوڵه به‌رۆژه‌ی
تۆباخی خورمای
ئاوازێكی له‌گیان دێیته ده‌ره‌وه.
لێگه‌ڕێ به بێده‌نگی پێت بڵێم
كاتێك وشه‌كان توانای وتنیان نیه
ده‌ست له‌هه‌رچی قسه‌یه ههڵدگرم و
شیعر ده‌بێته به‌ردێكی ره‌ق.
لێگه‌ڕێ
تۆ له‌نیوان خۆتدا دانێم
بتخه‌مه نێوان چاو و برۆكانم
لێگه‌ڕێ
با به‌ئاماژه پێت بڵێم. ئه‌گه‌ر باوه‌رت به‌هه‌تاو نیه
لێگه‌رێ
تۆ به وێسگهكان و
شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كانی باران بناسم.
لێگه‌رێ
نیشانه‌ی چاوه‌كانت به‌ده‌ریا بناسم
ئه‌گه‌ر داوه‌تی سه‌فه‌رم قبوڵ بكه‌یت
بۆچی خۆشم ده‌وێیت؟
كه‌شتی ناو ده‌ریاكان نازانن بۆچی گیران خواردوه
له‌بیریان چوه ئیتر گه‌ڕانه‌وه شكستی خواردوه.
بۆچی خۆشم ده‌وێیت؟
گوله‌یه‌ك به‌ته‌نیشت گوێدا تێده‌په‌ڕێت
نهدهپرسێ له‌كوێوه هاتوه‌و
نه داوای لێبوردنیش ده‌كات.
بۆچی خۆشم ده‌وێیت……له‌من مه‌پرسه
هه‌ڵبژاردنێكی ترم نیه….. جگه له‌تۆ.
” وه‌رگێرانی: نه‌به‌ز گۆران ”