
له‌نێوان عه‌قڵ و جه‌سته‌دا
خوێندنه‌وه‌ی شیعری (پێست)ی ئاریان ئه‌بوبه‌كر
ئارام سدیق
سه‌ره‌تا
ئایا هیچ شتێك نوێ نییه؟ ئه‌مه ئه‌و رسته پرسیاریهیه زۆرجار گوێمان لێده‌بێت، به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر هیچ شتێك نوێ نییه نووسه‌ر و شاعیران بۆ ده‌نووسن؟ ئه‌گه‌ر شتی نوێ له جیهاندا نه‌ماوه ئایا وه‌زیفه‌ی مرۆڤ چییه؟ هه‌ق نییه چیتر نووسه‌ر و شاعیران له سوچێكدا دابنیشن و به‌لای وشه‌دا نه‌چن. ئه‌گه‌ر هیچ نوێ نییه ئه‌و په‌رجووه چییه، كه زۆر ده‌ق به‌ره‌و خۆی كێشمان ده‌كات و ناچارمان ده‌كات له‌م سه‌رده‌مه جه‌نجاڵه‌دا ئاوێته‌ی بین؟ ئه‌گه‌ر شتی نوێ هه‌یه ئه‌و شته نوێیه چییه؟ ئایا دیدگای ئێمه‌یه وه‌كو (تاك) بۆ شته‌كان یان چی تر؟ ره‌نگه ئه‌مه قسه زۆر هه‌ڵبگرێت به‌ڵام من لێره‌دا په‌یوه‌ست به‌م باسه‌وه چه‌ند رسته‌یه‌كی (سه‌باح ره‌نجده‌ر)ی شاعیر ده‌هێنمه‌وه، كه له‌باره‌ی ئه‌زموونی نووسینی خۆیه‌وه ده‌ڵێت: “هیچ وشه‌یه‌ك له ژیان و مردن كۆنتر نییه، وشه‌ش له‌سه‌ر كۆنی و نوێی نه‌كه‌وتووه، بگره له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی نووسه‌ر كه‌وتووه چۆن به‌كاری دێنێ و ئاست و ئاراسته و ئاسۆی لێ ده‌دۆزێته‌وه. نه‌مویستووه جیهانی كۆن بڕووخێنم و جیهانی نوێ بونیاد بنێم، تێكۆشاوم له‌ناو جیهانی كۆندا جیهانی تر بدۆزمه‌وه بیكه‌م به نموونه‌ی روونی و خاوێنی به‌هه‌شتی تا هه‌تایه”.
ده‌كرێت له‌م رستانه‌ی (ره‌نجده‌ر)ه‌وه، بگه‌ینه ئه‌وه‌ی ره‌نگه هیچ شتێك نوێ نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی شاعیران و نووسه‌رانی ئێستا بیڵێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نوێیه ئه‌و دیدگایه‌ی ئه‌وانه بۆ ئه‌و شته كۆنانه‌ی كه چه‌ندین سه‌ده‌یه به‌رده‌وام هه‌یه و له‌گه‌ڵا بوونی مرۆڤدا هاتوونه‌ته‌وه گه‌ردوونه‌وه. یان هه‌وڵ و گه‌ڕانی ئه‌وانه له نێو ئه‌و جیهانه كۆنه‌دا بۆ چێكردنی جیهانێكی نوێ. ره‌نگه هه‌ر ئه‌م وه‌زیفه‌یه به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ران و شاعیرانی نوێ به‌رده‌وام بن به‌دوای كنه‌وپشكنین له‌م جیهانه تازه‌یه‌دا و بگه‌ڕێن بۆ دۆزینه‌وه‌ی پنتی شاراوه و پێدانی مانا و وه‌زیفه‌ی نوێ به شته‌كان.
نووسه‌ران و شاعیران مهحكومهن به‌وه‌ی له‌نێو دێڕه‌كاندا دیدگاكانیان بۆ ده‌وروبه‌ر به‌یان بكه‌ن، هه‌ر بۆیه هه‌ر نووسه‌ره‌و له تێكسته‌كانییه‌وه دیدگاكانی ده‌خوێنرێنه‌وه و له‌وێوه هه‌ست به‌و پنته شاراوه و نوێیانه ده‌كه‌ین كه له‌نێو جیهانه كۆنه‌كه‌دا دۆزیویه‌تیه‌وه. ئایا كێ جیهانی نوێ له‌نێو جیهانی كۆندا ده‌دۆزێته‌وه؟ یان كام نووسه‌ر ده‌توانێ ئه‌و جیهانه نوێیانه بدۆزێته‌وه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه، كه له‌نێو ده‌قه‌كاندا ئێمه وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌رده‌گرینه‌وه.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌م باسه‌وه شیعری نه‌وه‌ی نوێیه. ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی زۆرجار تۆمه‌تبار ده‌كرێت به جوینه‌وه‌ی شیعری پێشووتر و زۆرجار به كۆپیكهرێكی بێتام ناو ده‌برێت. به‌ڵام ئایا ئه‌م نه‌وه‌یه هه‌موویان كۆپیكهرن و هه‌موویان خه‌ریكی جوینه‌وه‌ی تێكسته‌كانی پێش خۆیانن؟ بێگومان نه‌خێر، چونكه رۆژانه به‌ر تێكست و دیدگای نوێ ده‌كه‌وین كه نووسه‌ره لاوه‌كان خاوه‌نین و ئه‌وانیش وه‌كو نه‌وه‌كانی پێش خۆیان له هه‌وڵی چێكردنی جیهانی تایبه‌ت بهخۆیاندان، یان له‌نێو ئه‌و داروپه‌ردووه كۆنه‌ی جیهانی ئێستادا سه‌رقاڵی دروستكردنی ماڵێكی نوێن.
یه‌كێك له‌و شاعیره نوێیانه‌ی له‌م نووسینه‌دا ده‌مه‌وێت له شیعرێكی بدوێم (ئاریان ئه‌بوبه‌كر)ه. ئه‌م شاعیره نوێیه له ریزی ئه‌و شاعیرانهدایه، كه خاوه‌نی دیدگا و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی شیعری خۆیه‌تی و له‌نێو تێكسته‌كانیدا هه‌وڵی دروستكردنی فه‌زای تایبه‌ت به‌خۆی ده‌دات. فه‌زایه‌ك، كه به‌س هی خۆی بێت و مۆری دودڵی و حوزنهكانی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌م جیهانه پێوه بێت. له‌م نووسینه‌دا خوێندنه‌وه بۆ ده‌قی (پێست)ی ئه‌م شاعیره ده‌كه‌م، كه یه‌كێكه له‌و ده‌قانه‌ی به‌لای منه‌وه سه‌ره‌تایه‌كی تایبه‌تی ئه‌م شاعیره‌یه و هه‌وڵێكی ئه‌وه بۆ چێكردنی ماڵی تایبه‌تی خۆی له‌نێو شیعری نوێیی كوردی.
له‌باره‌ی شیعری نه‌وه‌ی نوێوه
قسه‌یه‌كی باو هه‌یه، كه دژ به جیاكردنه‌وه‌ی نه‌وه‌كان و قۆناغ به‌ندیی (ته‌مه‌نی)یه، به‌ڵام زۆرجار به‌ناچاری توێژه‌ران رووبه‌ڕووی ئه‌م قۆناغ به‌ندییه ده‌بنه‌وه و ناچارن به‌پێی ته‌مه‌ن قۆناغ بۆ ئه‌ده‌ب ده‌ستنیشان بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من هه‌رگیز لام په‌سه‌ند نییه قۆناغ به‌ندی ئه‌ده‌به به‌پێی رووداوه سیاسییه‌كان. راسته سیاسه‌ت به‌جۆرێك له جۆره‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر كایه‌ی ئه‌ده‌ب هه‌یه، به‌ڵام ناكرێت ئه‌ده‌ب به‌پێی رووداوه سیاسییه‌كان بپێویین به‌تایبه‌ت بۆ گه‌لێكی وه‌كو ئێمه كه خاوه‌نی رووداوگه‌لی سیاسی ئه‌وه‌نده گرنگ و گه‌وره نییه، كه وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ی خولقاندبێت(بێگومان به‌ده‌ر له رووداوی راپه‌ڕینی 1991).
ئه‌گه‌ر قسه له‌شیعری نه‌وه‌ی نوێ بكه‌ین. من لێره‌دا مه‌به‌ستم نه‌وه‌ی دوای دوو ههزارهكانه ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی، كه له 10 ساڵی رابردوودا له‌نێو وشه‌دا كاری كردووه و له‌ئێستادا كه‌م تا زۆر جێپه‌نجه‌ی له‌نێو ئه‌ده‌بی كوردییدا به‌دیار كه‌وتووه. ره‌نگه ئێره ده‌رفه‌تێكی باش بێت بۆ خستنه‌رووی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی شیعری ئه‌م نه‌وه نوێیه:
1- رزگار نه‌بوونی به‌شێك له‌م نه‌وه‌یه له‌و زمانه وه‌سفیه‌ی شاعیرانی پێشووتر به‌كاریان بردووه و دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و زمان و وێنانه، كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر بۆ خوێنه‌ری ئێستا سواون.
2- بوونه سێبه‌ری هه‌ندێك ده‌نگ، كه خۆیان خاوه‌نی ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ندی شیعریی نین، هه‌ر بۆیه ناكامڵی هه‌ندێك له ئه‌زموونه‌كان به‌ته‌واوی ده‌رده‌كه‌وێت.
3- دۆزینه‌وه‌ی پنت و خاڵی شاراوه، یان زۆر نه‌بینراو بۆ كاركردن لای به‌شێك له‌م نه‌وه‌یه، كه ئه‌مه ده‌كرێت وه‌كو یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه گرنگ و جوانه‌كانی ئه‌م نه‌وه‌یه سه‌یر بكرێت.
4- فڕێدانی قسه‌ی به‌رز و نزم به‌ناوی نوێگه‌ری و زۆرجار دروستكردنی وێنه‌ی بێ‌مانا و تا ئاستی ئه‌وه‌ی هه‌وڵی فریودانی خوێنه‌ر بده‌ن و به‌ناوی نوێگه‌ری و داهێنانه‌وه، كه دواجار جگه له هیچ نه‌گوتن هیچی تری لێبه‌رهه‌م نه‌یه‌ت.
5-گه‌ڕان به‌دوای زمانێكی نوێی شیعریدا كه لای به‌شێكی زۆری ئه‌م نه‌وه‌یه نائاماده‌یه، به‌ڵام لای هه‌ندێك ده‌نگی كه‌م ئه‌م زمانه له خهمڵیندایه و زۆرجار گوزارشتی زۆر جوان و وێنه‌ی سه‌رنجڕاكێشی پێده‌كێشرێت.
(دڵشاد عه‌بدوڵڵا) له باره‌ی شیعری نوێوه ده‌ڵێت:” ئه‌و ساتانه‌ی مرۆڤ بچووك دێـته به‌رچاو، كه ته‌نیا یه‌ك جۆر فڕین و یه‌كجۆر چڕین بزانێ. شیعری نوێ هه‌وڵدانه بۆ جۆره‌كانی تری فڕین و جۆره‌كانی تری چرپاندن.
ئه‌گه‌ر شیعری نوێ ئه‌مه‌ی كردبێت ئه‌وا ئێمه له‌به‌رده‌م ئه‌زموونگه‌لی نوێداین و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌كردبێت ئه‌وان ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ئێستادا ده‌بینرێت شیعری نه‌وه‌ی نوێ ئه‌گه‌رچی ره‌نگه له ئاستی تموحی خوێنه‌ردا نه‌بێت، به‌ڵام ناكرێت ئه‌و هه‌ڵه زۆر باوه دووباره بكرێته‌وه، كه به شیعری كلاسیك، یان به شیعری سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌راورد بكرێت، به‌ڵكو ده‌كرێت له‌گه‌ڵا شیعره هاوسه‌رده‌مه‌كانی تری ئه‌مرۆی وڵاتانی دنیادا به‌راورد بكرێت، چونكه دنیای ئه‌مڕۆ هه‌ڵگری ره‌نگی تر و هه‌وای تر جۆرێك بینینی تره، بۆیه بۆ هه‌زمكردنی ئه‌و دنیایه پێویستمان به روانینی نوێ هه‌یه.
ده‌كرێت لێره‌وه قسه له یه‌كێك له ده‌نگه نوێكانی شیعری نوێی كوردی بكه‌ین، كه ئه‌ویش (ئاریان ئه‌بوبه‌كر)ه، كه ده‌خوازین تیشك بخه‌ینه سه‌ر یه‌كێك له تێكسته‌كانی ئه‌م شاعیره.
له‌باره‌ی ناونیشانه‌وه
لێره‌دا نامه‌وێت بچه سه‌ر باسكردن له گرنگی ناونیشان و خستنه‌ڕووی بۆچوونی تیۆرسینان له‌باره‌ی ئه‌م ره‌گه‌زه‌وه، ته‌نها ده‌مه‌وێت باس له‌و خه‌سڵه‌تانه بكه‌م كه ره‌گه‌زی ناونیشان لای ئاریان هه‌یه‌تی.
به‌شی زۆری شیعری نوێی كوردی باركراوه به‌ناونیشانی درێژ و ئه‌مه‌ش زۆرجار شاعیر دێڕێك له‌سه‌ره‌تا یان ناوه‌ڕاست و كۆتایی تێكسته‌كه‌ی ده‌كاته ناونیشان و ئه‌مه‌ش هیچ خۆپێوه ماندووكردنێكی نه‌گه‌ره‌كه. ده‌توانین نموونه‌ی ئه‌م جۆره له ناونیشان لای (جه‌مال غه‌مبار دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) ببینینه‌وه. هاوكات له‌نێو شاعیرانی نوێشدا هه‌ریه‌كه له (داستان به‌رزان و پشتیوان عه‌لی) دوو نموونه‌ی دیارن كه ناونیشانی درێژ به‌كارده‌به‌ن ئه‌مه وه‌كو خستمانه‌ڕوو ئه‌و ناونیشانه رسته‌یه‌كی مه‌ئلوفی نێو تێكسته‌كه‌یه.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ناونیشانی شیعره‌كانی ئاریان بده‌ین ده‌بینین به‌شی زۆریان له یه‌ك وشه تێناپه‌ڕن، كه ده‌توانین ئه‌م نموونانه ریز بكه‌ین (كێ مرۆڤه؟، بۆشایی، سه‌گ، قۆنه‌ره، پێست، 100% په‌شیمانم) ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه ناونیشانی یه‌كێك له شیعره‌كان به‌شێوه‌ی سایتی ئینته‌رنێتی نووسیوه، كه ئه‌مه‌یه (www.bwnman.com). به‌گشتی ناونیشان لای ئه‌م شاعیره ئه‌گه‌رچی هه‌ڵقوڵاوی نێو شیعره‌كه‌یه به‌ڵام كاركردنه له‌سه‌ر چه‌مكێك هه‌موو ناونیشانه‌كان وه‌كو چه‌مكێك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه و راڤه كراون و شیكراونه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه ئه‌م خاڵه‌ش ده‌بێته یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌كانی ئه‌م شاعیره نوێیه.
له (پێست)ه‌وه بۆ كوێ؟
هه‌ر نووسه‌رێك خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌ت به خۆی نه‌بێت، ناتوانێت هه‌نگاوی نوێگه‌ری له ئه‌ده‌بدا بنێت. ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه نوێیانه‌ش كامڵتر و جوانتر ده‌كات بوونی بینینی تر و روئیای تره بۆ شته‌كان و ده‌وروبه‌ر و بینینی دونیایه به جۆرێكی تر و به‌خشینی ته‌فسیری تره به چه‌مكه‌كان. ئاریان له‌و شاعیرانه‌یه كه خاوه‌نی روئیا و بینینی تره بۆ شته‌كان به‌جۆرێك، ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌و شته پهراوێزخراونه بدوێت، كه پێشتر، یان زۆر به‌كه‌می باسی كراوه، یان هه‌ر بیری لێنه‌كراوه و نوسه‌ران ئه‌دیبانی كورد په‌راوێزیان خستووه.
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌كانی شیعری (ئاریان) بوونی (خوازه)یه. له‌نێو ئه‌و نه‌وه نوێیه‌ی شیعری كوردییدا هیچ شاعیرێكم نه‌بینیوه هێنده‌ی ئه‌م شاعیره پشت به به‌كاربردنی خوازه ببه‌ستێت.كه ئه‌مه‌ش زۆرجار هه‌م به زیان بۆ تێكسته‌كانی شكاوه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ی ته‌فسیری هه‌ڵه بۆ مه‌به‌سته‌كانی كراوه. به دیوێكی تردا بۆته یه‌كێك له خاڵه جیاواز و به‌هێزه‌كانی شیعری ئه‌م شاعیره، چونكه خوێنه‌ر له‌به‌رده‌م دهقێكدایه، كه ده‌توانێت خۆی راڤه‌ی جۆراوجۆری بۆ بدۆزێته‌وه.
له‌باره‌ی بوونی خوازه‌وه به‌شێك له لێكۆڵه‌رانی ئه‌ده‌ب جۆره‌كانی خوازه به زیاتر له 200 جۆر ئه‌ژمار ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئێمه لێره‌دا نامانه‌وێت جۆره‌كانی خوازه بخه‌ینه‌ڕوو و ئه‌وه كاری ئه‌م نووسینه نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه بگوترێت ئه‌وه‌یه كه بوونی خوازه له شیعره‌كانی ئاریاندا به‌گشتی وه‌كو یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعری ئه‌م شاعیره نوێیه ده‌رده‌كه‌وێت.
هه‌ر له‌باره‌ی بوونی خوازه و گرنگی خوازه‌وه له شیعردا (رۆبه‌رت فرۆست) ده‌ڵێت: “شیعر ئه‌و مۆڵه‌ته‌مان پێده‌دات شتێك بڵێین، به‌ڵام مه‌به‌ستمان شتێكی دیكه‌یه”.ئه‌گه‌ر له‌م رسته‌یه‌ی (فرۆست) وردبینه‌وه ده‌بینین شاعیران سه‌ر به‌و نهسلهن كه له‌پاڵا وشه‌دا ماناكان په‌نهان ده‌كه‌ن و دۆزینه‌وه‌و كهشفكردنیان بۆ خوێنه‌ر به جێده‌هێڵن. (ئاریان)یش زۆرجار له تێكسته‌كانیدا له‌رێی شتێكه‌وه ده‌یه‌وێت باس له شتێكی تر بكات. به‌تایبه‌ت له‌م شیعره‌دا، كه ده‌یه‌وێت له‌رێی (پێست)ه‌وه به‌هه‌موو به‌ده‌نی ئینساندا شۆڕبێته‌وه و دواجار بێته سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ونی ئینسان گرنگتره له هه‌موو به‌ده‌نی. هه‌رچه‌نده به‌ده‌نی ئینسان خه‌ونه‌كانی ئه‌ویان هه‌ڵگرتووه. به‌ڵام مرۆڤی بێخه‌ون چ سودێكی هه‌یه، ئایا هه‌ر بوونی هه‌یه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه دواتر دێمه‌وه سه‌ری.
له (پێست)ه‌وه بۆ ئه‌و
یه‌كێك له گرنگییه‌كانی هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی ئاماده‌بوونی بیرۆكه‌یه‌كی نوێیه، به‌ڵام هاوكاتیش چۆنێتی ته‌وزیفكردنی ئه‌و بیرۆكه‌یه. له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته قسه‌یه‌كی (ئالن تیت) هه‌یه‌كه ده‌ڵێت: “بیرۆكه‌ی وشه هیچ مانایه‌كی نییه، شتێك كه ناوی بیرۆكه بێت به‌بێ قه‌سیده كامڵا نییه و قه‌سیده بیرۆكه دروست ده‌كات”.
لێره‌وه ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها له ناونیشانی شیعره‌كه‌ی ئاریان وردبینه‌وه ده‌بینین وشه‌ی (پێست) له رووكاره ئاساییهكهیدا هیچ بایه‌خێكی ئه‌وتۆی نییه، به‌ڵكو ئه‌وه هێزی شیعره، كه ئه‌و توانا‌و گرنگییه ده‌دات به وشه‌كه كه (پێست)ه.
شیعره‌كه‌ی ئاریان به باسكردنی (پێست) ده‌ستپێده‌كات. (پێست) جارێك وه‌كو بوویه‌كی پێكهێنه‌ری به‌ده‌نی مرۆڤ و جارێكیش وه‌كو چه‌مكێك، كه مرۆڤ تا ئێستا بیری لێنه‌كردۆته‌وه، یان فه‌رامۆشی كردووه، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر بیری لێبكرێته‌وه ره‌نگه هیچی كه‌متر نه‌بێت له ئه‌ندامێكی وه‌كو چاو، یان گوێ، چونكه به‌شێك له جه‌مالیه‌تی ئه‌م دوو ئه‌ندامه‌ی تر به‌هۆی پێسته‌وه‌یه، بۆیه ره‌نگه زیاده‌ڕه‌ویی نه‌بێت پێست وه‌كو ته‌واوكه‌ری به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته سه‌یر بكه‌ین. با لێره‌وه بچینه لای ده‌سپێكی شیعره‌كه:
هه‌موومان كه‌وتووینه‌ته ناو پێسته‌وه
ئه‌مه شتێكه هه‌موومان ده‌یزانین
هه‌موومان خاوه‌نی پێستین
مرۆڤ له‌به‌ر خاتری خۆی پێستی رێویهكانی كرد به قه‌مسه‌ڵه
مرۆڤ له‌به‌ر خاتری خۆی پێستی ورچه‌كانی كرد به قۆنه‌ره
وه‌ك ده‌بینین شاعیر به باسكردن له پێست وه‌كو چه‌مكێك و وه‌كو هه‌بوویه‌كی به‌ده‌نی مرۆڤ ده‌ست به شیعره‌كه ده‌كات، به‌ڵام دواتر هه‌ست به په‌ڕینه‌وه ده‌كه‌ین له پێسته‌وه بۆ ئه‌و (یان باشتره بڵێم گوێگره وه‌همییه‌كه). ئه‌و په‌ڕینه‌وه‌یه له باسكردنی پیسته‌وه بۆ ئه‌و مه‌عشوقه وه‌همییه، هه‌م ریتمێكی تری به گێڕانه‌وه‌ی شیعره‌كه داوه و هه‌م به جۆرێك له جۆره‌كان په‌لكێشكردنی خوێنه‌ره بۆ نێو دنیایه‌كی تر، كه شاعیر ده‌یه‌وێت له پێسته‌وه له‌گه‌ڵا مه‌عشوقه وههمییهكهدا دروستی بكات.
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م ده‌قه‌ی ئاریان ئه‌وه‌یه كه گۆڕانی له ریتمی شیعره‌كه‌دا خولقاندووه. به جۆرێك هه‌ناسه‌ی شیعره‌كه له‌سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی به یه‌ك هه‌ناسه نییه. به‌ڵكو له دوو جێگادا دوو گۆڕان رووده‌دات، كه زیاتر یارمه‌تیده‌ری خوێنه‌ره بۆ به‌رده‌وام بوون له ده‌قه، چونكه ده‌قه‌كه تاڕاده‌یه‌ك ده‌قێكی درێژه و ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان هه‌ناسه و له‌سه‌ر هه‌مان ریتمی سه‌ره‌تا و هه‌مان تێما به‌رده‌وام بوایه به‌جۆرێك له جۆره‌كان ده‌قه‌كه تووشی كێماسی ده‌بوو و خوێنه‌ری تووشی مهلهل ده‌كرد.
شیعره‌كه له‌سه‌ره‌تاوه به یه‌ك ریتم و زیاتر مهنهلۆگئاسا دێت تا ئه‌و جێگایه‌ك شاعیر ده‌نوسێت (له نامه‌یه‌كدا بۆتۆ/ ته‌نها ئه‌م دێڕه ده‌نووسم/ سه‌لام له پێستت ده‌كه‌م) لێره‌وه خوێنه‌ر هه‌ست به بوونی گۆڕانێك له ریتمی مهنهلۆگئاسای شیعره‌كه‌دا ده‌كات، كه ته‌واو ئه‌و ریتم و هێمنییه‌ی له‌پێشوودا فه‌زای شیعره‌كه دروستی كردووه، تێكی ده‌دات و خوێنه‌ر ده‌خاته به‌رده‌م ریتمێكی تر و هاوكات په‌یدا بوونی (گوێگرێكی وه‌همی).
گۆڕانی دووه‌م له ریتمی شیعره‌كه‌دا له‌و كاته‌دا ده‌ستپێده‌كات، كه شاعیر ده‌نوسێت (ملیۆنه‌ها مرۆڤ ده‌ناسم/سڵاو و چۆنی و چاكیم ده‌كه‌ن..) لێره‌شه‌وه دووباره ریتمی شیعره‌كه به جۆرێكی تر گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، كه ئه‌گه‌رچی له رووی تێماوه درێژه پێده‌ری گۆڕانی پێشووتره، به‌ڵام خولقاندنی فه‌زایه‌كی تره بۆ نووسینه‌وه‌ی كه‌ڵكه‌ڵه خودییه‌كان.
له‌گه‌ڵا ئه‌م گۆڕانی ریتمه‌ی شیعره‌كه‌دا خوێنه‌ر به‌ر ئه‌وه ده‌كه‌وێت كه پێست به جۆرێك له جۆره‌كان به‌هانه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر باسی مه‌عشوقه وه‌همییه بكات، به‌جۆرێك جارێك پێست وه‌كو چه‌مكێك ئاماده‌یی خۆی له‌نێو شیعره‌كه‌دا مانیفێست ده‌كات. جارێكی تر ده‌بێته خوازه‌یه‌ك و شاعیر له‌وێوه ده‌یه‌وێت بپه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌عشوقه وه‌همییه‌كه.
له‌نێوان عه‌قڵا و جه‌سته‌دا
ئه‌و جه‌ده‌له‌ی ده‌قی پیست ده‌یه‌وێت دروستی بكات به‌ته‌نها باسكردنی گرنگی و بایه‌خی پێست نییه، وه‌كو شاعیر له چه‌ند شوێنێكی شیعره‌كه‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو باسكردنه له‌و جه‌ده‌له گرنگه‌ی نێوان (جه‌سته و عه‌قڵ). پێست، كه وه‌كو نوێنه‌ری جه‌سته له‌م شیعره‌دا بهكاربراوێكه، به‌ڵام سه‌ر وه‌ك كانگای عه‌قڵا، یان (باشتره بڵێم من وه‌كو نوێنه‌ری عه‌قڵا ده‌یبینم) كار ده‌كات.
كاتێك به‌ر ئه‌م تێكسته كه‌وتم تا ئه‌و شوێنه‌ی (سه‌ر) وه‌كو بهكاربراوێت نه‌هاته ناوه‌وه بیرم بۆ ئه‌وه نه‌چوو شاعیر ویستبێتی ده‌رگا به رووی ئه‌م جه‌ده‌له‌دا بكاته‌وه. به‌جۆرێك كاتێك ئه‌و شوێنه‌ی له تێكسته‌كه‌دا باس له (سه‌ر) ده‌كرێت. به‌ڵام هه‌ر به باسكردن له پێكهاته‌كانییه‌وه شاعیر داناسهكنێ، به‌ڵكو ئه‌و دێت و باس له ناوه‌وه‌ی سه‌ریش ده‌كات و تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی ده‌نوسێت:
وای سه‌ر چه‌ند جوانه
مرۆڤ ئه‌مانه‌ی هه‌بێت یان نه‌یبێت هه‌ر جوانه
مرۆڤ زۆر زۆر جوانه
ئه‌گه‌ر خه‌ونی هه‌بێت جوانتره
مرۆڤ زۆر جوانه
ئه‌م هیومانیستییه‌ی ئاریان له‌م تێكسته‌دا خستوویه‌تییه‌ڕوو گرنگییهكیی تایبه‌تی هه‌یه به‌ته‌نها ئه‌و گرنگییه‌ی نییه، كه شیعری كوردی له قۆناغی ئه‌وه‌ی به‌ته‌نها بۆ ره‌گه‌زێك، یان مه‌عشوقێك بنوسرێت تێده‌په‌ڕێت و بیركردنه‌وه له مه‌عشوق فراوانتر و گه‌وره‌تر ده‌بێت مرۆڤ ده‌بیته سه‌نته‌ری ده‌قه‌كه، له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌شدا گوزارشتی (ئه‌گه‌ر خه‌ونی هه‌بیت جوانتره) به‌م رسته‌یه جه‌ده‌لی نێوان (عه‌قڵا و جه‌سته) ده‌ستپێده‌كات. گوزاره‌ی، یان خوازه‌ی (خه‌ونی مرۆڤ) وه‌كو نوێنه‌ری عه‌قڵ خۆی مانیفێست ده‌كات و هه‌ر بۆیه مرۆڤ ئه‌گه‌ر خه‌ونی هه‌بێت جوانتره. واته ده‌توانین بڵێین باسكردن له پێست و دواندنی به‌شێكی زۆر له پێكهاته‌كانی به‌ده‌نی ئینسان بۆ خستنه‌ڕووی گرنگی بوونی جه‌سته‌یی مرۆڤه له‌نێو گه‌ردووندا و هاوكات جوانی و گرنگی ئه‌ویش له‌نێو ئه‌م گه‌ردوونه‌دا، چونكه ته‌نها ئه‌و توانیویه‌تی مانا به‌م گه‌ردوونه بدات. به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌م بوونه جه‌سته‌ییه‌دا مرۆڤ توانیویه‌تی به خه‌ونه‌كانی گه‌ردوون به‌ره‌و پێش ببات و ژیان له قۆناغه سهرهتاییهكانییهوه بگه‌یه‌نێـته ئه‌مڕۆ. بۆیه ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ی ئینسان خاوه‌نی گرنگی و جوانی تایبه‌ت بێت ئه‌وان خه‌ونی ئینسان خاوه‌نی گرنگی زیاتره، یان ئاریان گوته‌نی مرۆڤ به خه‌ونه‌وه جوانتره. به‌و پێیه‌ی خهونهكانن، ئینسانه‌كان له قۆناغێكه‌وه ده‌به‌نه قۆناغێكی تر و داهێنان به مرۆڤ ده‌كه‌ن.
زمانی شیعریی ئاریان
له‌باره‌ی گرنگی زمانی شیعرییه به‌شی زۆر توێژه‌ره‌وان رای جیاجیان ده‌ربڕیوه به‌شێكیان پێیانوایه زمان به‌لای شاعیره‌وه بریتییه له كیانێكی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی قسه‌كه‌ر و په‌خشاننووسه، كه هه‌ردوكیان له پشته‌وه‌ی قسه‌كردن و نووسینه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن ماناكانیان بخه‌نه‌ڕوو. هه‌ندێك له توێژه‌رانی تریش لایانوایه زمانه ئاوێته‌ی جیهانه. هاوكات مالارمه‌ی شاعیر لایوایه كه‌ی شیعر له وشه دروست ده‌كرێت، نه‌ك وشه وه‌ك گوزارشت له بیرۆكه‌كان.
ئه‌گه‌رچی ره‌نگه بێ‌مانا بێت سنوور به‌ندی بۆ ئه‌ده‌ب دابنرێت و به‌تایبه‌تیش بۆ شیعر، به‌ڵام كه من لێره‌دا باس له‌وه ده‌كه‌ن ئاریان زمانێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه مانای سنوورداركردنی ئه‌زموونی شیعریی ئه‌م شاعیره نییه. ده‌مه‌وێت لێره‌دا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ گوته‌یه‌كی سارته‌ر كه له كتێبی ئه‌ده‌ب چییه؟دا خستویه‌تییه ڕوو و ده‌ڵێت:
“ده‌توانین به‌سانای له گێلی ئه‌و كه‌سه تێبگه‌ین، كه داوا ده‌كات شیعر پابه‌ند بێت. به‌ڵی پێده‌چێت پاڵنه‌ری پارچه شیعرێك هه‌ڵچوونێك یان سۆزێك بێت، ئیتر بۆ نابێ پاڵنه‌ره‌كه تووڕه‌بوون و وهڕسبوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ههڵشاخانێكی سیاسی بێت. به‌ڵام گشت ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ی ئاماژه‌كانیان له شیعردا روون نابنه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له نامه‌یه‌كی جنێوئامێزدا یان نامه‌یه‌كی دانپێداناندا روون ده‌بێته‌وه”.
یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی ده‌بێـته تایبه‌تمه‌نی بۆ هه‌ر شاعیرێك بوونی زمانێكه بۆ گوزارشت كردن، كه دواجار ئه‌و زمانه هێزی گوزارشتی (قوه التعبیر) ئه‌و شاعیره ده‌رده‌خات. ئه‌گه‌رچی به‌شی هه‌ره زۆری شاعیرانی نه‌وه‌ی نوێ نه‌یانتوانیوه به‌دوای زمانێكی نوێ و هاوكات تایبه‌تدا بگه‌ڕێن بۆ خۆیان و له‌ماڵی شیعر بیدۆزنه‌وه، به‌ڵام ئاریان له‌و شاعیرانه‌یه كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌وه زمان تایبه‌تمه‌نی خۆی وه‌رده‌گرێت.
ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی له زمانی شیعری ئاریاندا هه‌یه زمانی میللی شیعرییه، یان ره‌نگه دروستر بێت بڵێم به‌كاربردنی زمانی رۆژانه‌یه. ئه‌م زمانه كاریگه‌رییه‌كی ته‌واوی له‌سه‌ر جیاكاری ئاریان هه‌یه له‌گه‌ڵا هاوسه‌رده‌مه‌كانی. بێگومان قسه له‌وه نییه كه ئه‌م زمانه باشه یان خراپ؟ به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه شاعیر توانیویه‌تی به‌م زمانه مانای نوێ به‌رهه‌م بهێنێت و وێنه رۆژانهییهكان به‌شیعر بكات. هه‌ر ئه‌مه‌شه بۆته په‌نجه‌مۆری شیعریی ئه‌م شاعیره و من وه‌كو ده‌نگێكی جیای شیعری نه‌وه‌ی نوێ ده‌یبینم.
یاخیبوون، یان په‌شیمانی
یه‌كێكی تر له‌و خاڵانه‌ی كه ئه‌زموونی شیعری ئاریان پێده‌ناسرێته‌وه ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵێك هه‌یه بۆ یاخیبوون له كۆت و به‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و فڕێدانی ئه‌و به‌رگانه‌ی كۆمه‌ڵگا بۆ به‌ری تاكه‌كانی ده‌دورێت و هاوكات ئه‌و روانینانه‌ی كۆمه‌ڵگا بهسهرتاكهكاندا ده‌یسه‌پێنێت. ئه‌مه‌ش به‌لای منه‌وه یه‌كێكه له جوانییه‌كانی شیعری نه‌وه‌ی نوێ، چونكه هه‌موو كێڵگه‌كانی داهێنان به بارانی یاخیبوون تێراو ده‌بن و به‌بێ یاخیبوون مه‌حاڵه داهێنان و بێته گۆڕێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی پاش خوێندنه‌وه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره ئه‌وه‌ی بۆ من جێی سه‌رنج بوو و هاوكات وه‌كو خاڵێكی هاوبه‌ش نێوان هه‌موو تێكسته‌كان بوو ئه‌و خاڵه بوو،كه له‌كۆتایی تێكسته‌كاندا پاڕانه‌وه‌یه‌كی رووت هه‌یه له‌به‌رده‌م (خودا)دا، به‌شێوه‌یه‌ك، كه هه‌ست به‌وه ده‌كرێت شاعیره له كۆتایی هه‌موو شیعرێكدا په‌شیمانه له‌و یاخیبوون و سنووربه‌زاندنه‌ی له‌نێو شیعره‌كه‌دا كردوویه‌تی، هه‌ر بۆیه داوا له خودا ده‌كات تا چاكی بكات.
لێره‌دا بۆ روونكردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستم ده‌چمه لای پێناسه‌ی ئه‌لبێرت كامۆ، كه بۆ (مرۆڤی یاخی) كردوویه‌تی. كامۆ له‌و كتێبه‌دا ده‌نوسێت:
“مرۆڤی یاخی كێیه؟ ئه‌و مرۆڤه‌یه كه ده‌ڵێت نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌م ره‌تكردنه‌وه‌یه‌ی مانای ئه‌وه نییه كه حاشا له هه‌موو شتێك ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌و مرۆڤێكه كاتێك ده‌ست به بیركردنه‌وه له خۆی ده‌كات ده‌شڵێت به‌ڵێ.”
هه‌روه‌ها كامۆ له‌باره‌ی كاتی یاخیبوونه‌وه ده‌نوسێت: “یاخیبوون كاتێك رووده‌دات كه مرۆڤی یاخی هه‌ست بكات له شوێنێك و به جۆرێك له جۆره‌كان له‌سه‌ر هه‌قه.”
به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه‌ی كامۆ بێت، ئاریان به تێكسته‌كانی و له‌نێو تێكسته‌كانیدا به كۆمه‌ڵگه‌ی وتووه نه‌خێر و به‌شی هه‌ره زۆری ده‌قه‌كانی بۆ وتنه‌وه‌ی ئه‌و نهخێرهیه، به‌ڵام دواجار ده‌نگی ئه‌و نه‌خێره له كۆتایی هه‌موو تێكستێكی ئه‌م شاعیره‌دا نوزن ده‌بێت و تا ده‌گاته‌وه ئه‌وه‌ی ده‌نگی نه‌خێر به‌ته‌واوی له دوا دێڕی تێكسته‌كانیدا كپ ده‌بێت و نامێنێت.
لێره‌دا بۆ روونكردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستم نموونه‌یه‌ك له كۆتاییه‌كانی ئاریان ده‌خه‌مه‌ڕوو له شیعری (قۆنه‌ره) كه تێیدا هاتووه:
“من دۆعا ده‌كه‌م
(خودا)یه خودایه واملێبكه خۆشبویسترێم
كۆمه‌ڵێك دۆعا ده‌كه‌م
زۆر له خودا ده‌پاڕێمه‌وه
وه‌ك زۆربه‌ی كات ده‌ڵێم ئه‌ی (خود)ا لێت ده‌پاڕێمه‌وه چاكم بكه”.
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی ئه‌م چه‌ند رسته‌یه‌ی كۆتایی شیعری (قۆنه‌ره) بده‌ین ده‌بینین ئه‌مه هه‌رگیز له گوته‌ی شاعیرێكی یاخی ناچێت، شاعیرێك پێشتر و له‌سه‌رتای هه‌مان شیعردا خه‌ونی فڕینی هه‌بووبێت، چونكه فڕین دالێكه مه‌دلولی یاخیبوون و هه‌ڵهاتن له سیستم و كۆمه‌ڵگه له‌خۆ ده‌گرێت. ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه كۆتای هه‌ریه‌كه له شیعره‌كانی (سه‌گ، بۆشایی،www.bwnman.com، كێ مرۆڤه، پێست)دا هه‌ست به بوونی هه‌مان رسته‌كانی سه‌ره‌وه ده‌كرێت. دیسان ئه‌و پرسیاره لای من سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه ئایا ئه‌گه‌ر شاعیرێك یاخی بێت و خاوه‌نی ده‌یان خه‌ونی له چه‌شنی فڕین و دژه سیستم بێت، ئه‌ی بۆ له كۆتایی هه‌موو تێكسته‌كاندا هه‌ست به په‌شیمانی ده‌كه‌ین. من ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌م حاڵه‌ته هه‌مبێت ئه‌وه‌یه كه ئاریان له‌و شاعیرانه كه پێیه‌كی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دایه و پێیه‌كی له‌نێو سه‌رزه‌مینی یاخیبووندایه و تا ئێستاش نه‌یتوانیوه بڕیارێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه بدات له‌وه‌ی ماڵی ئه‌و له كوێدایه؟ ئه‌گه‌ر له‌سه‌رزه‌مینی یاخیبووندایه چیداوه له‌م هه‌موو پاڕانهویه بۆ ئه‌وه‌ی (چاك) بێت. به‌گشتی ده‌كرێت ئه‌م تێكسته‌كانی شاعیره ئاوێنه‌یه‌ك بن بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه له ئێستا ده‌ژین و به‌ر شته‌كان ده‌كه‌ون. به‌شێوه‌یه‌ك له‌نێوان دووفاقی و دوو دڵییه‌كی گه‌وره‌دا بژین به‌جۆرێك پێیه‌كیان له‌نێو یاخیبوون و پێیه‌كی تریان له‌نێو ئاكاره گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دایه، كه ئه‌مه‌ش زۆرجار نه‌وه‌یه‌كی ماسكاوی به‌رهه‌مهێناوه و به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر شیعری ئاریان
شیعری ئاریان له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی تا ئێستا له چه‌ند ده‌قێك تێنه‌په‌ڕیوه، به‌ڵام زیاده‌ڕه‌وی نییه وه‌كو ئه‌زموونێكی جیاوازی شیعری نه‌وه‌ی نوێ ناوی به‌رین. به‌و پێیه‌ی وه‌ك به‌شێكی ئه‌م نووسینه‌دا خستمانه‌ڕوو ئه‌م شاعیره خاوه‌نی دونیابینی و روئیای خۆیه‌تی بۆ شته‌كان و ئه‌و به چاوێكی تر له شته‌كان و ده‌روبه‌ر و مرۆڤ ده‌ڕوانێت، كه هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌كاته خاوه‌نی دیدگای جیاواز به‌رهه‌مهێنانی دیدگای نوێ له شیعردا. به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌م خاڵه‌شدا ئه‌زموونی كه‌می ئه‌م شاعیره به‌ده‌ر نییه له كه‌موكورتی و به گشتی به چه‌ند خاڵێك لێره‌دا ده‌یان خهمهڕوو:
1-دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك رسته و موفره‌ده، یان جه‌ختكردنه‌وه‌ی زۆر له‌سه‌ریان، كه زۆرجار وه‌كو زیاده له تێكسته‌كانی ئه‌م شاعیره‌دا خۆیان به‌یان ده‌كه‌ن.
2- درێژنووسی و زۆر مه‌سره‌فكردنی وشه، كه من لاموایه ئه‌مه‌ش دیسان به جۆرێك له جۆره‌كان زیانی له ده‌قه‌كانی ئه‌م شاعیره داوه به‌تایبه‌ت له ده‌قی پێستدا له‌باسكردنی جوانی پێستدا باس هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كات و ناویان ده‌نوسێت له‌كاتێكدا ئه‌مه پێویستییه‌كی گرنگ نییه. یان چه‌ندجارێك جه‌خت له بوونی (لووت) ده‌كاته‌وه. هاوكات له شیعری (سه‌گ)دا به‌ته‌واوی هه‌ست به درێژكردنه‌وه‌ی شیعره‌كه ده‌كرێت كه به‌جۆرێك خوێنه‌ر حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی نامێنێت دووباره بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ده‌قه‌كه.
3-بوونێكی بێپه‌رده و ئاماده‌ییه‌كی پۆڕنۆئاسای سێكس، كه ئه‌مه‌ش زۆرجار به زیانی تێكسته‌كانی ئه‌م شاعیره شكاوه‌ته‌وه، كه لاموایه تا ئه‌و راده‌یه په‌رده هه‌ڵماڵین له دیوه غهریزهییهكهی مرۆڤ له‌نێو شیعری (ئاریان)دا پێویست نییه. هه‌رچه‌نده ئه‌م حاڵه‌ته له شیعری (پێست)دا نابینرێت، به‌ڵام ده‌قه‌كانی تری شاهیدی ئه‌م راستییه‌ن.
4-یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه گرنگه‌كانی ئه‌زموونی ئاریان بوونی زمانێكی تایبه‌ته به خۆی، كه ده‌توانین بڵێین ئه‌و زمانه‌ی گوزارشتی پێده‌كات تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی و زمانێكی رۆژانه، یان میللییه. كه ئه‌مه‌ش دیسان بۆ بوونی روئیا و تایبه‌تمه‌نی خه‌ونی ئه‌م شاعیره ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌ر لێره‌شه‌وه كه وه‌كو سێبه‌ری شاعیرانی پێش خۆی ده‌رناكه‌وێت.
ئه‌گه‌ر زیاتر له‌سه‌ر زمانی شیعری نه‌وه‌ی نوێ بدوێین له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و نه‌وه‌یه نه‌یتوانیوه ببێته خاوه‌نی زمانێكی تایبه‌ت به خۆی، به‌ڵام ئاریان له‌و نهسلهیه كه له‌هه‌وڵی چێكردنی فه‌زایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیی و دۆزینه‌وه‌ی زمانێكدایه كه بناسرێته‌وه. له‌باره‌ی گرنگی زمانی شیعرییه‌وه به بڕوای یاكوبسن گه‌وهه‌ری شیعر جۆره ده‌رخستن و وێناندنی (projection) زمانێكه كه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و زمانه شیعر ته‌وه‌ره‌ی خوازه‌یی، یان پارادیگماتیكی زمان له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ی مه‌جاز، یان سینتیگماتیكی وێنا ده‌كات. هه‌ر بۆیه ئاریانیش له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و زمانه شیعر ته‌وه‌ره‌ی خوازه‌یه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌م بۆ كرد زمانێكی نوێ بونیاد بنێت.
له‌بری كۆتایی
له‌گه‌ڵا ئه‌و تێبینیانه‌ی له‌سه‌ره‌وه له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌م شیعره خرایه‌ڕوو هاوكات وه‌كو (لۆرانس پێرین) بڕوام وایه، كه پێویسته بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعر یان هه‌ر به‌رهه‌مێكی تری هونه‌ری سێ پرسیاری بنجینه‌یی بخرێنه‌ڕوو: یه‌كه‌م ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌قه‌كه چییه؟ دووه‌م تا چ راده‌یه‌ك گه‌یشتۆته ئه‌م ئامانجه؟ سێیه‌م ئه‌م ئامانجه تا چ راده‌یه‌ك گرنگه؟
له‌كۆتایی ئه‌م نووسینه‌دا ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌م تێكسته‌ی ئاریان توانی به سه‌ركه‌وتوانه وه‌ڵامی هه‌رسێ پرسیاره‌كه بداته‌وه و هه‌م ئامانجه سه‌ره‌كییه دیاریكراوه و هه‌م به‌پێی ئه‌و خوێندنه‌وه‌ی من گه‌یشتۆته ئه‌و ئامانجه و ئامانجه‌كه‌ش، كه جه‌ده‌لی نێوان عه‌قڵا و جه‌سته‌یه خاوه‌نی گرنگی تایبه‌تی خۆیه‌تی.
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی سوودیان لێوه‌رگیراوه:
*ئاریان ئه‌بوبه‌كر، ده‌قی پێست، هه‌فته‌نامه‌ی ره‌خنه‌ی چاو‌دێر ژماره (326) رۆژی (13)ی ئابی 2012
*لۆرانس پێرین، شیعر چییه، وه‌رگێڕانی: ئه‌بوبه‌كر خۆشناو، له بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی وه‌رگێڕان 2008
*ئه‌لبێر كامۆ، مرۆڤی یاخی، وه‌رگێڕانی، ئازاد به‌رزنجی، له‌بڵاوكراوه‌كانی ئه‌ندێشه بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه 2012
*نڤیسار،كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تیۆری، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس 2004
*دڵشاد عه‌بدوڵڵا، ئیرۆسكێ، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م 2005
*سه‌باح ره‌نجده‌ر، دوو كتێب له‌باره‌ی شیعره‌وه، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای موكریانی 2011