کورتە چیرۆک (کۆمەڵێ پیاو)
خۆر باڵێکى مابوو ئاوابێ ..کۆمەڵێک زنجیرە هەورى نارنجى لێوە ئاڵا بوون ..لە شێوەى ملوانکەى ئاڵتونى بە هەموو لایەکدا پەرش و بڵاو بوبونەوە ، وەکو ئەوەى ژن و مێردێکى دەوڵەمەند شەڕیان بوبێ و ..پاشان هەردوکیان بە ناخى زەویدا ڕۆچووبن ..چوار پیاو بە هەڵەداوان لە دەرگایەکەوە هاتنە ناو کۆڵانە نسرمەکە .. بۆنى ڕیقنەى ڕیشۆڵەى لێ ئەهات .. هەرچواریان شپرزە بوون ، مۆبایلەکانیان بە گوێچکەیانەوە بوو ،موستیلە ئاڵتونە زەلامەکانی پەنجەکانیان ، ئەدرەوشایەوە ، ئەو موستیلانەى کە چەند گرنجێکى تێدا دروستکراوە ، بە حیساب وێنەى مارێکە ..موى ڕەشى پەنجەکانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان چەور دیار بوون .. لە هەمان کاتدا قسەى پچڕ پچڕیشیان لەگەڵ یەکتردا ئەکرد : ( گیانى تیا ما بوو ؟؟ .. بڕوا ناکەم .. تۆ بلًَێى گیانى تیا نەمابێ .. دڵى خورپەى تێدا بوو .. دەمارى ملى گەرم بوو .. چاوەکانى چۆن بوون ؟ نەڕشایەوە ؟؟ دەمى داخستبوو … هەناسەى وەستابوو ..تۆ با دابەشى بکەین ، تەلەفۆنەکان .. من بۆ رەسول و حەسۆ و نادر و بەهزاد و عومەرى ئەکەم .. تۆ بۆ سدیق و نەهرۆ و میکایل و عیسا و شینەى بکە ..کاکە برا تۆیش مەنگوڕ و هاشم و نەسروڵا و نامیق ئاگادار بکەرەوە .. )
چوار پیاوەکە بە ناو یەکتریدا ئەهاتن و ئەچوون .. لوت و چەناگەیان هاوشێوە بوون ، بە بینینیان یەکسەر بیرۆکەى ئەوەت لەلا دروست ئەبوو برا بن ، یاخود ئامۆزا و خاڵۆزا بن ..لوتیان بە جۆرێک هەڵئاوسابوون، زیاتر لە تەپۆڵکەیەک گۆشت ئەچوون ..چەناگەیشیان وەکو دەمى بێڵ ، زیادە ڕۆییەکیان پێوە دیار بوو، تەنانەت لەبەر سێبەرى چرادا وەکو دەم و قەپۆزى ئەسپ وابوو .. هێواش – هێواش خۆر لەناو ئاسۆدا نوقوم ئەبوو .. قیژەى کۆمەڵێک مەلى زەلامى نادیار ، لە دوور ئەهات ..پەڵە هەورەکانیش لە ئاڵتونیەوە ، بۆ خۆڵەمێشى و نیللى و .. دواتر بۆ ڕەشێکى دێز ئەگۆڕان .. ئیتر خۆر کاتى حەوانەوەى بوو ، ڕەنگى لە هەموو شتەکان ئەسەندەوە ، بۆ ئەوەى تێکڕایان لەناو ڕەشێکى کپ و ترسناکدا بتلێنەوە ..
چوار پیاوەکە هەندێک جار کەمێک دەنگیان بەرز ئەکردەوە ، وەکو ئەوەى ویستبێتیان دراوسێکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەى بە لایەنى کەمەوە هاوخەمیەک ..هاوکاریەک .. شتێکیان پێشکەش بکەن …هەرچواریان سەریان ڕووت بوو ، واتە جامانە و مشکى لە گۆڕێدا نەبوون ..دووانیان قژیان بۆیاخ کردبوو ، یەکێکیان بۆیاخەکەى تازە بوو ، ئەوەى تریان کۆنتر بوو ، بۆیە قژى چەند ڕەنگێکى ئەنواند لە ڕەشى خورمایى تاکو قاوەیى کاڵ و .. تەنانەت زەرد و سپیشى تێکەڵاو بوو ، بەو حاڵەوە ڕۆژێکیان هاوڕێیەکى پێى وتبوو : ماشەلڵا .. ئەڵێى پەڕى تاوسە ، پەنجا ڕەنگ ئەنوێنێ .. ئەمیش وتبوى : هەر ئەوەیە ! ..
دووانەکەى تر قژیان سپى بوو ، یەکێکیان سپیەکى تەواوەتى ..ئەوەى تریان سپیەکى خۆڵەمێشى ..هەر چواریان ڕەینکۆتى ڕەشیان لەبەردابوو .. پۆشتە و پەرداخ بوون ، وەک ئەوەى لە ئاهەنگى سەرى ساڵ یان لە فڕۆکە دابەزیبن .. یاخود بیانەوێ کۆچێکى دوو هەفتەیى بکەن ..
قژ سپیەکەیان بە ئومێدەوە وتى : ئێستا هەمویان دێن ..ئەم ئیشە بە ئێمە ناکرێ …
قژ خۆڵەمێشیەکە تەماشایەکى کرد و .. ویستى شتێک بڵێ ، هیچى نەگوت ، تەنها دەمى کردەوە ، وەک ئەوەى کە لەکاتى ڕیش تاشیندا دەم ئەکرێتەوە ، وا بوو ..یاخود لە کاتى ددان شوشتندا ..
قژ پەڕى تاوسەکە بە پەلە پروسکێ وتى : ئامادە ئەبن .. بەڵام زۆر خیرا ئامادە نابن .. ئەمڕۆ خەڵک هەمووى مەشغوڵە ..هەتاکو مۆڵەت وەرئەگرن و .. خۆیان ئەگۆڕن و .. ئەو شەقامە قەڵەباڵغانە ئەبڕن ،.کاتى ئەوێ ..
قژ ڕەشەکە وتى : کەواتە با بچینە ژوورەوە ..با ئەویش بە تەنیا نەبێ ..هەرچەندە تەنها لاشەیەکى سارد و سڕە ..
لە هەمان کاتدا کە ئەو قسانەیان ئەکرد ، مۆبایلەکانیش بە گوێچکەیانەوە بوو ، لەگەڵ خەڵکانى جیاوازدا قسەیان ئەکرد : ( بەڵێ ..بەڵێ .. لەوە ئەچێ مردبێ .. پێویستە هەر ئێستا بێن .. بەڵێ .. هەر لە خانووە کۆنەکە .. ئا .. بەڵێ ، لاى ئاشەکە .. نا نا فولکەکە نەماوە ..نا ..پەیکەرەکەیش لابراوە ..بەڵێ ..ئێستا کەبابخانەیە ..پێویستە هەرچى زووترە بگەنە جێ ..خۆتان و کوڕە گەورەکانیش با بێن .. خۆیشت کێت بە خەیاڵا دێ ، تەلەفۆنى بۆ بکە ..ئا .. بەلێ ..پارە موشکیلە نییە .. ئێمە خەڵکمان ئەوێ .. خەڵک …دوو سەعات زۆرە .. خۆ هەر لە شاردای ..باشە دەى .. بڕوانە ، واز لە قین و ڕقى کۆن بێنە .. ئا ئا .. ئەمڕۆ کاتى ئەوە نییە .. مردوو شەیتانیش وازى لێ دێنێ .. ئا بەڵێ .. چاوەڕوانین .. نا نا .. زۆر خێرایش لێمەخوڕن .. باشە .. دەى .. )
کە ویستیان بچنە ژوورەوە ، قژ ڕەشەکە شەقێکى لە تەنەکەى خۆڵەکە دا .. وەک ئەوەى ویستبێتى دراوسێیەک دەرگاکە بترازێنێ و .. هاوبەشیەک ..هاو دەردیەک ، پێشکەش بکات .. دەرگاکان تێکڕا کڵۆم درابوون ، وەک ئەوەى کۆڵانێکى مێژوویى بێ و .. چیدى خەڵکى تێدا نیشتەجێ نەبێ ، وا بوو ..خەڵکەکە هەمو لەبەردەم زۆپاى توربۆ دانیشتبون تەماشاى زنجیرەى دراماى دۆبلاژکراویان ئەکرد و چەرەسیان ئەخوارد ..خەڵک هەمووى سەرقاڵى قاچ درێژ کردن بوون بۆ ئەوەى تەزوویەکى ئەژنۆیان دەربچێ .. ئینجا بیریان لە خەوێکى قوڵ ئەکردەوە ..خەوێکى دوو نەفەرى ، هەتاکو بەیانى ..لە حاڵێکدا کە کزەى سەرما ، پەردەکان ئەجوڵێنێتەوە ، ئەوانیش لە ژێر بەتانیە نەرم وشلەکانەوە ، پەپکە ئەخۆن … ئیتر کێ دێتە دەرەوە ..
لە ناوەڕاستى ژوورێکى تەواو ڕوناکدا .. ئەو ڕاکشابوو .. بە بێ جوڵە ..وەک ئەوەى پەیکەرێکى سوریالى بێ ، باڵاى زۆر درێژتر ئەهاتە بەرچاو ، لە ڕوخساریشیدا ئازارێکى جەرگبڕ ئەخوێنرایەوە ، بەلام پێڵوەکانى زۆر هێمن خرابوونە سەر یەکترى ، زیاتر لە خەوتویەک ئەچوو کە بیەوێ بە لایەنى کەمەوە هەشت کاتژمێر لێى بخەوێ .. بە دیوارەکەوە وێنەى ئافرەتێک بە سەرو بەستەوە هەڵواسرابوو ..وێنەیەکى فۆتۆگرافى ڕەش و سپى بوو ، لە ژێر وێنەکەوە بە مەرەکەبى ڕەش کە لێوارەکانى زەرد هەڵگَەڕابوو ، بە خەتێکى خوار و خێچ نوسرابوو : 4 / 5 / 1953 .. ڕێک بەرامبەر ئەو وێنەیەیش ، لە دیوارەکەى تر وێنەى پیاوێکى چوار شانە بە بەرگى سەربازیەوە ، بە کاسکێتێکى خاکیەوە ، بەو حاڵە لەسەر سەرى ڕاوەستابوو ، ئارمى دوو چەکى ڕاست و چەپیش بە پێشەوەى کاسکێتەکەوە جۆرە درەوشانەوەیەک ئەدرەوشایەوە ، بە هەمان خەتى ئاماژەى بە بەروارى وێنەى خانمەکە دابوو ، لە خوار وێنە سەربازیەکەوە نوسرابوو : سەربازى سوارە ، فەوجى دوو ، 1952 …چوار پیاوەکە نەیانئەتوانى دانیشن ..یەکێکیان جگەرەیەکى دەرهێنا ، ویستى دایگیرسێنێ ، پەشیمان بۆوە ..ئەوەى تریان خۆى بە زۆپاکەوە مەشغوڵکرد ..بۆى دەرکەوت خەریکە نەوتى تێدا نامێنێ ، تەنکیەکەى دەرهێنا و چووە دەرەوە …ئەوەى تریان ڕووى کردە چوارەمیان وتى : ئەگەر پێتە جگەرەیەکم بەرێ …
دەنگى ڕاوەستانى چەند ئوتومبیلێک هەر چواریانى ڕاچڵەکاند ..لە دەرگا درا .. کۆمەڵێک پیاو هاتنە ژوورەوە ..جامانە .. مشکى .. یاشماخ .. شەپقە ..کاسکێت و جۆرەها جل و بەرگ و قژ هاتنە ژوورەوە ..جۆرەها بۆن ، لە ئۆپن ، تاکو چرووت ..تاکو بۆنى وەن مان شۆ ..لە ژێر لێوەوە سڵاویان کرد ، وەکو سەرمایان بێ یان شەرم بکەن یاخود تووڕە بن .. وەکو ئەوەى دەمامکدار بن .. هاتن و لە لاشەکە نزیک بوونەوە .. بە سەریدا نوشتانەوە ..هەندێکیان نەیانتوانى هەڵسنەوە ، هەر بەو جۆرە مانەوە .. هەر هەمویشیان مۆبایلەکانیان ئیشى ئەکرد .. نەتئەزانى قسەکان بۆ مۆبایلەکەیە ، یاخود بۆ ئامادەبووانەکەیە .. هەموو تێکڕا قسەیان ئەکرد و پەنجەیان ڕائەوەشاند و .. ئەهاتنە پێشێ و ئەچوونە دواوە .. مژیان لە جگەرە ئەدا و دوکەڵەکەیان لە سنگیاندا ئەهێشتەوە ، هەتاکو لەگەڵ قسەیەکدا کۆمەڵێ بیرۆکەى دوکەڵاوى ئەهاتنە دەرەوە ..تیایاندا بوو بە شێوەیەکى میکانیکى دەستى ئەکرد بە کونە لوتیدا و مویەکى دەرئەهینا و فڕێى ئەدایە سەر زەوى ..هەندێکیشیان ددانیان جیڕ ئەکردەوە ..تەنانەت شەڕێکیش ڕوویدا ، کە خۆ شبەختانە ، هیچ زیانیکى گیانى و مادى لێ نەکەوتەوە ..سوێندت بخواردایە کات ڕاوەستاوە ، سوێندەکەت نەدەکەوت ..بیشکەوتایە ، ڕەنگە کەفارەتى نەبووایە …ئەو هەموو خەڵکە قسەیان ئەکرد ..نەیانئەزانى چى بکەن یان بەلایەنى کەمەوە لە چیەوە دەست پێبکەن ..چونکە دۆزینەوەى سفریش خۆى لە خۆیدا سەرکەوتنە ، چونکە ئیدى لە دواى سفر ، بە دواى یەکدا ئەگەڕێى …
نوسینى : نەوزاد بەندى