Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
تەلبەند کردنی سنورەکان لە دژی کوردانی ڕۆژئاوا لە پێناو کام بەرژەوەندیدایە؟

تەلبەند کردنی سنورەکان لە دژی کوردانی ڕۆژئاوا لە پێناو کام بەرژەوەندیدایە؟

Closed
by January 8, 2013 گشتی

 

 

پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ بچینە نێو باس کردن و شرۆڤەکردنێک بۆ هۆکارەکانی ئەو باوەڕەی وای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کرد کە پەنا بەرنە بەر چارەسەریەکی لاواز دژی ئەو کۆ مرۆڤەی لەبەردەم هەر ئەگەرێکی برسێتی و بێژیانیدان، دەرئەنجامی ئەو هەلومەرجە تایبەتەی تێی کەوتوون، دەکرێت بڵێین گەر چاوێک بخشێنین بە  وڵاتانی چواردەوری سوریادا، بێجگە لە عێراق، ئەوا وڵاتانی دیکەی عەرەبی ئەوانەی وا سنوریان هەیە لەگەڵ وڵاتی سوریادا، ئەوا هیچ یەک لەو وڵاتانە ئامادە نەبوون کە سنورەکانیان دابخەن لە بەردەم ئەو دەیان هەزارە لە خەڵکی سیڤیلی سوریا تا ئەوەی نەچنە وڵاتەکانیانەوە، چونکە گەر هیچ نەبێت، لانی کەم ئەو وڵاتانە دەزانن ئەو ئاوارانە سەر بەو نەسڵە هاوزمانی و هاو نەتەوەییەی ئەوانن، ئەوەی ژیانی ئەو خەڵکە ئاوارەیە چۆنە لەو وڵاتانەی پەنایان بۆ بردوون دیارە ئەوە مەسەلەیەکی ترە.

تەلبەند کردنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم خەڵکی هەژاری ڕۆژئاوای کوردستان، بۆخۆی هەڵگری یەک واقعیەتە کە ئەویش، ئاستی ئەو هەست کردنە بەرپرسیاریەتە دوو ڕوییانەیە کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەیەتی لەمەڕ مەسەلەی کوردایەتی و باس کردن لە دروست کردنی دەوڵەتی کوردی. چونکە گەر ئەو دەسەڵاتە وەک هەر دەسەڵاتێکی ناسیۆنالیستی چواردەور خاوەن ئەو پرەنسیپانە بوایە کە دەوڵەتدارانی چواردەور هەیانە، ئەوا دەکرا خودی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هیچ کات ئامادە نەبوایە کە سنورەکان تەلبەندکاری بکات لە بەردەم ئەو دەیان هەزار کەسە کوردەی وا ژیانیان لەبەردەم مەترسی گەورەدایە، بەپێچەوانەوە دەبوا هەر زوو بەبێ گوێدانە ئەوەی کەکام پارت لەو بەشە زیاتر دەستی دەڕوات و هەیبەتی هەیە، خەریکی دەستگرۆی ئەو خەڵکە ئاوەرەیە بوایە، هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی ئێمەی ئەو بەشەی کوردستان خاوەن چەند جار ئاوەرەیی و ڕوو لە وڵاتانی دراوسێ بوین و ئازاری زۆرمان چەشتوە، بەڵام ئاخۆ ئەو دەسەڵاتە کوردیە بەشێکە لە خەمی زۆرینەی خەڵکە هەژارەکە؟ خۆ گەر وابوایە ئەوا دەبوا لەمەڕ لای خۆشمان گشت ڕازی بوایە لەو دەسەڵاتە، مەخابن، ئەوە تەنها دەسەڵاتی چینێکی دوڕووی بەرژەوەند خوازە و تەنهاو تەنها بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی خۆی دەناسێت و خەڵکی هەژاریش لەو پێناوەدا دەکەن بەسوتەمەنی..

 ئەو تەلبەند کردنە تەواوی بزوتنەوەی کوردایەتی بەکۆی ئەو حیزبانەی لە نێو دەسەڵاتی هەرێمدان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و بەشدارن لەو کارە نامرۆڤانەیەدا و تەنها خودی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوان بار نیە، خۆگەر تەنها ئەو پارتە هەستابێت بەجێبەجێ کردنی ئەو دەرگا داخستنە، ئەوا ئەرکی کۆی پارتەکانی دیکە بوو لەبەردەم ئەو هەڵوێستەدا  بێ دەنگ نەبن و لە بەر خاتری هەرچ بەرژەوەندیەک بێت نەدەبوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان قبوڵ بکەن کە ئەو کارە جێبەجێ بکات.

ئاخۆ ئاستی بەرپرسیاریەتی سیاسی کوردایەتی ئەوەیە، کە تا ئێستا سەدان هەزار لە مرۆڤی هەژاری ئەو کۆمەڵگایەی لە پێناودا کراوە بە قوربانی؟ ئاخۆ ئاوا دەشتانەوێت باس لە ڕزگار کردنی کوردستان بکەن لە دەست ئەو وڵاتانەی کە داگیریان کردوە؟ ئاخۆ ئەو بەرژەوەندیە بچوکە تەنها گرێدراوی ئەو خواستەی دەوڵەتی تورکیا نیە کە ناخوازێت لەو بەشەدا ئارامی و جێگیریەک هەبێت کە خەڵکی ڕۆژئاوا بۆخۆیان ئیدارەی ژیانی خۆیان بکەن؟ پرسیارێکی گرنگتر بەدیدی من ئەوەیە؛ گەر هاتوو پارتی پەیەدە لەو جێگایەدا بونی نەبوایە و لە جێی ئەوان یەکێکی تر لەو پارتە کوردیانە بوایە کە هاوئاهەنگە لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی سوریادا، ئاخۆ لەو کاتەشدا سنورەکانی هەرێمی کوردستان تەلبەند دەکرا بەڕوی خەڵکە ئاوارەو هەژارەکەیدا؟ ئاخۆ گەر تاوان پارتی پەیەدەیە، خۆ دەکرێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەو خراپەکاریانەی کە ئەو پارتە لێی بەرپرسیارە بەڕوی خەڵکی کوردستاندا ئاشکرا بکەن؟ ئاخۆ گەر بەرژەوەندی تەسکی حیزبیانە نەبێت، ئێوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان تا ئەو ساتەی هاتنە سەر کورسی دەسەڵات و بگرە تا ئێستاش هەر لەلایەن خودی وڵاتانی چواردەور و بەرژەوەندیە قێزەونەکانی وڵاتانی زلهێز و ناوچەکەوە هەڵدەسوڕێنرێن، ئاخۆ هەر لەبەر ئەو هۆکارەش نیە کە گشت بەرژەوەندخوازانی ناوچەکە ئەمڕۆ دژی پەیەدە هاتونەتە مەیدان، تەنها لەبەر ئەوەی ئامادە نیە ملکەچی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێزانی جیهان ببێت و پشتی بە ئیرادەی زۆرینەی خەڵکە ئازادیخوازە هەژارەکەی خۆی قایمە؟ گەر واقعیانە بتوانن لەم پرسیارە تێبگەن، ئەو کاتیش دەتوانین بگەین بەو دەرئەنجامەی کە خودی ئەو تەلبەند کردنە هەر لە ژێر پلانی دەوڵەتی تورکیا و ئەو خواستە دڕندانەیەی ئەواندایە؟ لەلایەکی ترەوە ڕەنگە پرسیار بکرێت بۆچی خودی پەیەدە ناتوانێت ئیدارەی ئەو کۆمەڵگایە بکات لە کاتێکدا ڕێگا بەوانی تر نادات کە ئیدارەی کۆمەڵگا بەدەستەوە بگرێت. پێم وایە گەر پەیەدەش وەک هەر پارتێکی دیکەی ناوچەکە بهاتبایەتەوە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتانی چواردەور و خواستی ئەمریکا و دەوڵەتی تورکیاش، ئەو کات، نەک ژیانی ئەو خەڵکە باشتر نەدەبوو لەمەی ئێستایان، بەڵام لانی کەم دەرگایان بەڕودا دانەدەخرا. ئەوەیە جیهان بینی کوێرانەی ناسیۆنالیزم. ئاخۆ گەر پەیەدە خاوەنی ئابوریەک نەبێت و لەو لاشەوە خودی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەلومەرجێکی زۆر نالەباردا بژین دەرئەنجامی ئەو زوڵمە زۆرەی کە دەیان ساڵە بەسەریانەوەیە لەلایەن ڕژێمی بەعسی فاشیستی ئەسەد و هاوەڵەکانیەوە، ئیتر دەبێت چ گللەییەک لەو پارتە بکرێت لەوەی کە ناتوانێت ژیانی ئەو چەند ملیۆنە ئیدارە بکات. باشە گەر ئێوەی هەرێمی کوردستان خۆتان بە خەمخۆری ئایندەی خەڵکی کوردستان دەزانن، خۆ ئەوانیش هەر خەڵکی کورد زمانن و خاوەن هەمان هەستی ژێر دەستەیی، بونیان هەیە، ئیتر هۆکاری دەرگا داخستن بەڕویاندا لەبەر کام هۆکارە؟  ئاخۆ ئەوان سەر بەبەرەی تیرۆریستین و ئایندەی ئەو بەشەی کوردستان دەخەنە مەترسیەوە؟ ئاخۆ دەڵێن خەڵکێکی زۆر هاتون و ناتوانین ئیدارەیان بدەین، خۆ لە کۆرەوەکەشدا ئێمەیش چەند ملیۆن لە مرۆڤی کورد بوین و ڕومان کردە ئەو چواردەورەی خۆمان، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگامان بەو شێوەیەی ئێوە کردوتانە بە ڕودا دانەخرا. باشە گەر ئیدارەی ئەو خەڵکەشتان پێناکرێت خۆ دەتوانن لە ڕێگای بەشی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتەوەکانەوە داوای کۆمەکیان بۆ بکەن و ببنە داکۆکیکارێکی بەئەمەک لەبەردەم ئێستای خاوەن بەرپرسیارتان و بۆ مێژوش دەبێتە خاڵێکی پۆزەتیف لە خەباتاندا. یان دەبێت بڵێین ڕاستەیەکەی ئەوەیە لە عێراقدا هیچ دەسەڵاتداریەتیەک نیە کە نوێنەرایەتی خەڵکی عیراق بکات، هێندەی ئەوەی هەر لە دەسەڵاتەکەی مالیکیەوە تا دەگات بەوەی ئێوەش ناڕاستەوخۆ لەلایەن بەرژەوەندیە ناوچەیی و دەرەکیەکانەوە هەڵدەسوڕێنرێن و هەر لەبەر خاتری ئەو یاریە دۆڕاویەشە خەلکی عیراق خراوەتە نێو دۆزەخی کاولکاری و بێژیانیەوە.

ئاخۆ دەبێت بپرسین؛ ئایا گریمانەی ئەوەش بکەین کە هۆکاری تەلبەند کردنەکە لەبەر دەستنەڕۆیشتویی پارتی پەیەدەیە و بۆ ئەوەی لەو ڕیگایەوە کارێکی وا بکرێت جەماوەری ڕۆژئاوا لەو پارتە بێنە دەر و بتوانن شکستی پێ بخۆن، ئاخۆ لەو کاتەدا ئێوە چ سود مەندیەک دەبینن لە ڕوی پاراستنی هەیبەتی ناسیۆنالیستی و کوردایەتیەوە؟ ئاخۆ پارتێکی وا ئازادیخواز لەم زەمەنەدا نەبوەتە ڕێگر لەبەردەم خواستە نامرۆڤایەتیەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداری ناوچەکە و بەتایبەتیش دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا؟ تەلبەند کردنی ئەو سنورانە تاوانێکی ئێجگار مەزنە و هیچ پاساوێک ناتوانێت هەقانیەت بدات بەو کارەی کردوتانە. کۆمەک کردنی ئەو خەڵکە ئاوارەیە ئەرکی بەرپرسیاریەتی ئێوەی دەسەڵاتدارە و خۆ خەڵکی کوردستانیش گەر ڕێگری نەکرێت لەبەردەمیاندا دەتوانن بەباشی کۆمەکیان پێبگەیەنن. گەر ئێوە بەرژەوەندخوازی سەرو بەرژەوەندیە گشتیەکانی خەڵکی کوردستان نەبن، ئەوا ئەو تەلبەندەتان نەدەکرد، بەکردنی سنورەکان بەتەلەبەند، بۆخۆی هەڵگری ئەو ڕاستیەیە کە ئێوە تەنها لەخەمی پاراسستنی بەرژەوەندی بنەماڵە و حیزبی حاکمی خۆتاندان و ئامادەشن لەو پێناوەدا کۆی ئایندەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بکەن بەقوربانی!!

 

تاهیر حاجی حەسەن

٦/١/٢٠١٣

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.