ئۆدیپووس …. پۆڵا سەعید
لێکجیاکردنه‌وه‌ی تاک و کۆ له کۆمه‌ڵگای کوردییدا هێنده سه‌خته، که کاتێک تاک قسه ده‌کات، نه‌توانیت له کۆی جیابکه‌یته‌وه، یاخوود به‌پێچه‌وانه‌وه. تاک به گشتیی خاوه‌نی هه‌ستی کۆیه، کارکردن له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردییدا پێ له‌سه‌ر هه‌بوونی گرووپ داده‌گرێت. به واتایه‌کی تر کۆمه‌ڵگا ده‌بێته گرۆیه‌کی گه‌وره، که ته‌واوی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا خۆیان تێیدا ده‌دۆزنه‌وه، ئالێره‌دا هه‌ستی گرۆ به‌هێزتریین هه‌سته، که له ڕێگایه‌وه ده‌توانرێت چرای سه‌وز چ بۆ نه‌فره‌تلێکردنی که‌سێک هه‌ڵبکات چ گه‌وره و نه‌مریشی بکات. کۆمه‌ڵگای کوردیی له‌سه‌ر زه‌ویی “هه‌ست” ده‌ژیی، هه‌ستیش له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوهادا وه‌ک ژنێکی سێکسفرۆش، وه‌ک پیاوێکی سێکسفرۆش وه‌هایه، که شه‌وانه له جێگاکانماندا له‌گه‌ڵیدا ده‌نووین. سێکسفرۆشێکی دڵپیس، که ده‌یه‌وێت ته‌نها و ته‌نها بۆ ئه‌و بین، موڵکی ئه‌و بین. هیچ جێگای سه‌رسووڕمان نییه، ئه‌گه‌ر بێت و له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوهادا ڕۆژێک نه‌فره‌تلێکراوبیت و ڕۆژێکیش فریشه و پاڵه‌وان.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: بۆچیی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوها به‌وشێوه‌یه‌یه، که هه‌یه؟ بۆچیی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوها به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه ده‌کات، که ده‌یکات؟ وه‌ڵام: کۆمه‌ڵگا ئه‌وه‌یه، که هه‌یه. ئه‌ی بۆچیی کۆمه‌ڵگا ئه‌وه‌یه، که هه‌یه؟ وه‌ڵام: چونکه کۆمه‌ڵگا بریتییه له کۆی ته‌واوی تاکه‌کانی، که‌واته تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ هۆکارن بۆ بوون به‌وه‌ی، که هه‌یه. من ناتوانم له کۆمه‌ڵگادا بۆ هۆکاری هه‌ڵه بگه‌ڕێم، چونکه هه‌ڵه‌که له‌ناو تاکه‌کانیدا شاردراوه‌یه، که‌واته بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌دیبکه‌م پێویسته شیکاری تاکه‌کانی بکه‌م. به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه خاوه‌نی تێکچوونی که‌سایه‌تیین، به‌مشێوه‌یه تاک مامه‌ڵه له‌سه‌ر بناغه‌ی “من”ی ده‌کات. “من”ی تاکیش لێره‌دا خاوه‌نی ستراکتوورێکی تێکچووه، که هه‌مانشێوه ده‌بێته هۆی تێکدانی “خود”ی.
نیشتیمانی ئێمه پێویستی به ئامارێکی ته‌ندروستیی ده‌روونیی تاکه‌کانیه‌تی، به‌داخه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا هیچ ده‌زگایه‌ک هه‌ڵنه‌ستاوه ئه‌م ئه‌رکه بگرێته ئه‌ستۆی، که له ڕاستییدا ئه‌رکی سه‌رشانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه. من لێره‌دا کڵێشه‌ی ئامارێک پێشنیار ده‌که‌م به حه‌وت جۆر نه‌خۆشیی، که له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بناغه‌ی ئامارێکی ئاوها به‌ده‌ستده‌هێنێت.
1. نۆیرۆز و تێکچوونی که‌سایه‌تیی
2. ئه‌لکهۆل و په‌یوه‌ستبوون به مادده سڕکه‌ره‌کانه‌وه
3. شیزۆفرێنیی
4. ئه‌فێکتیڤه پسیشۆزن
5. ئۆرگانه‌کانی مێشک و نه‌خۆشیی ته‌مه‌ن
6. هه‌ندێک نه‌خۆشیی ئۆرگانه‌کانی تری مێشک
7. ئۆلیگۆفرێنیی
له‌ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ڕۆژانه ده‌یان کاره‌سات ڕووده‌دات به‌هۆی هه‌ریه‌کێک له‌م حه‌وت نه‌خۆشییانه‌وه، به‌بێئه‌وه‌ی هیچ که‌س نه د‌رکی پێ‌بکات، نه ئاماده‌ش بێت بۆ به‌دواداچوونی هۆکاری کێشه‌کان.
ئه‌وه‌ی زۆر جێگای سه‌رنجی منه له‌م حه‌وت نه‌خۆشییانه‌دا بریتییه له نۆیرۆز و تێکچوونی که‌سایه‌تییه‌کان. نیشتیمانی ئێمه نیشتیمانێکی ئۆدیپیی نییه. ئه‌وه به‌س نییه بۆ مرۆڤ، که دوو لاپه‌ڕه‌ی فرۆید بخوێنێته‌وه نه‌ک توانای تێگه‌یشتنی فرۆید، به‌ڵکوو توانای تێگه‌یشتنی تاک و کۆی هه‌بێت. تێگه‌یشتن له فرۆید کارێکی سانا نییه، نه‌ک بۆ خوێنه‌رێکی ساده و ساکار بگره بۆ خودی ده‌روونناسێک. فرۆید ته‌نها پزیشکێک و ده‌روونناسێک نه‌بوو، به‌ڵکوو زانایه‌ک بوو، تێگه‌یشتن له زانایه‌ک پێویستی به سه‌رخانێکی ئه‌کادێمیی هه‌یه، پێویستی به تێگه‌یشتنێکی ده‌روونناسییانه هه‌یه. با له سه‌ره‌تاوه بزانین ئۆدیپووس کێیه، ئینجا تێبگه‌ین له‌وه‌ی، که بۆچیی ئۆدیپووس بووه‌ته جێگای سه‌رنجی فرۆید و له سێ شیکاری تیۆریی سێکسدا کاری له‌سه‌ر ده‌کات؟!
له میتۆلۆگیی یۆنانی کۆندا “ئۆدیپووس Ödipus” کوڕی “لایۆسLaios”ی پاشای شاری تێبنه. لایۆس له میواندارێتییه‌کدا له‌گه‌ڵ “پێلۆپسPelops”ی پاشادا حه‌ز له کوڕه‌که‌ی ده‌کات. لایۆس “کریسیپۆسChrysippos”ی کوڕی پێلۆپس ده‌ڕفێنێت. لێره‌وه لایۆس به‌رنه‌فره‌تی پێلۆپس ده‌که‌وێت. لایۆس و ژنه‌که‌ی ماوه‌یه‌کی زۆر درێژ به‌بێ منداڵ ده‌مێننه‌وه، چونکه منداڵیان نابێت. لایۆس ڕۆژێک ده‌چێته لای ئۆراکڵی “ڕاستییبێژ” شاری دێلفی، له‌وێ پێیڕاده‌گه‌یه‌نرێت، که نه‌فره‌تی لێکراوه، ئه‌گه‌ر ڕۆژێک کوڕێکیان بوو، ئه‌وا باوکی ده‌کووژێت و دایکی له خۆی ماره ده‌کاته‌وه.
ئه‌و ڕۆژه دادێت، که لۆکاسته‌ی ژنی کوڕێکی ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌ی ڕێککده‌که‌وێت، که منداڵه‌که له‌ناوبه‌رن. لایۆس چه‌ندجارێک بنی پێی منداڵه‌که بریندار ده‌کات و هه‌ردوو قاچی ده‌به‌ستێته‌وه و ده‌یدات به شوانێک، که بچێت له‌ناویببات. شوانه‌که له ڕێگا به‌زه‌یی به منداڵه‌که‌دا دێته‌وه و نایکووژێت. کۆرپه‌که ده‌داته شوانێکی تر و له‌ویشه‌وه ده‌گات به ده‌ستی پاشای “پۆلیبۆسPolybos”. ماڵی پاشا ئادۆپتیره‌ی ده‌که‌ن. “مێرۆپهMerope”ی پاشاژن برینه‌کانی بنی پێی کۆرپه‌که تیمارده‌کات و به‌هۆی برینه‌کانی بنی پێیه‌وه، که ئه‌ستوور و یان ئاوساوه ناوی ده‌نێت ئۆدیپۆس به واتای “پێ ئاوساو یان پێ ئه‌ستوور”.
له سه‌رده‌می هه‌رزه‌یی ئۆدیپووسدا سه‌رخۆشێک له ئاهه‌نگێکدا پێیده‌ڵێ: که ئه‌و کوڕی ڕاسته‌قینه‌ی پاشا نییه. له گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ماڵه‌وه پرسیار له پۆلیبۆس و مێرۆپه ده‌کات، که ئاخۆ ئه‌وان دایک و باوکی ڕاستیی ئه‌ون یان نا؟ وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌وان ئاسووده‌ی ناکات، هه‌ربۆیه ده‌چێته لای ئۆراکل. ئۆراکل پێیده‌ڵێ: که ئه‌و باوکی ده‌کووژێت و دایکی له خۆی ماره ده‌کاته‌وه. ئۆدیپووس بۆئه‌وه‌ی ڕێگا له ڕوودانی ئه‌م کاره بگرێت ڕوو ده‌کاته دووریی. له‌سه‌ر ڕێگای دێلفی بۆ داولیس له ڕێگایه‌کی باریکدا ئه‌م و عه‌ره‌بانچییه‌کی تر، که به‌ره‌وڕووی دێت به‌یه‌ک ده‌گه‌ن. عه‌ره‌بانچییه‌که‌ی تر پێیده‌ڵێ: که به زووتریینکات ڕێگاکه چۆڵبکات. له ده‌نگه‌گه‌نیاندا پۆلیپۆنتێسی عه‌ره‌بانچیی یه‌کێک له ئه‌سپه‌کانی ئۆدیپووس ده‌کووژێت. ئۆدیپووس له کاردانه‌وه‌یدا عه‌ره‌بانچییه‌که و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناو گالیسکه‌که‌ش ده‌کووژێت، که یه‌کێک له‌وانه باوکی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌بێت. ئه‌مه یه‌که‌م قۆناغی به‌دیهاتنی ئاینده‌بینییه‌که ده‌بێت.
له‌دوای مردنی لایۆسی باوکی ئۆدیپووس، “کریۆن”ی خاڵی ئۆدیپووس فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی شاری تێبن وه‌رده‌گرێت. له‌م ماوه‌یه‌دا “سفینکسSphinx”، که دێمۆنی وێرانکردنه له‌سه‌ر ڕێگای تێبن ڕێگا به ڕێبواران ده‌گرێت و مه‌ته‌ڵێکیان پێده‌ڵێت. سفینکس به‌ڵێنده‌دات هه‌رکه‌سێک توانای هه‌ڵهێنانی مه‌ته‌ڵه‌که‌ی هه‌بێت ده‌یکات به پاشای تێبن. ئه‌م به‌ڵێنه له‌نێوانی خاڵی ئۆدیپووس و سفینکسدا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، که هه‌رکه‌سێک توانای هه‌ڵهێنانی ئه‌م مه‌ته‌ڵه‌ی هه‌بێت، کریۆن چ تاجی پاشایه‌تیی ده‌کاته سه‌ر و چ خوشکه‌که‌شی لێ ماره ده‌کات. ئۆدیپووس یه‌کێک ده‌بێت له‌و ڕێبوارانه، مه‌ته‌ڵه‌که هه‌ڵدێنێت. ئۆدیپووس ده‌بێته پاشا کریۆنی خاڵی خۆی فڕێده‌داته ده‌ریاوه و تێبن له ده‌ستی سفینکس ڕزگار ده‌کات. ئۆدیپووس دایکی ماره ده‌کاته و دوانه‌یه‌ک به ناوی ئێتیۆکلێس و پۆلینیاکێس و دوو کچ به ناوی ئه‌نتی گۆنه و ئیسمه‌نه ده‌خاته‌وه.
ئیدی لێره‌وه ئه‌نالیزه‌ی ئۆدیپووس ده‌ستپێده‌کات.
ژن هه‌میشه به‌شێک بووه له موڵکی پیاو، که ته‌نها ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کات، داگیرکردنی ژن و داگیرکردنی خاک بۆ پیاو هیچ جیاوازییه‌کی نییه. لایۆس له‌ترسی له‌کیسدانی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی خاک و ژن کوڕه‌که‌ی خۆی له‌ناو ده‌بات. باوک ته‌نها خاوه‌نی ترسه نه‌ک فاکت، کوڕ هیچ خه‌تا و تاوانێکی نه‌کردووه هه‌تا شیاوی سزادان بێت، که‌واته ئه‌وه‌ی لێره‌دا قوربانییه کوڕه نه‌ک باوک. هیچ کوڕێک، که باوکێک به‌شێوه‌یه‌کی ئاوها غه‌دری لێده‌کات نه ده‌گریی بۆ باوکی نه په‌شیمانیشه له کووشتنی باوکی. مێژووی کووشتنی باوک به ده‌ستی کوڕ به قه‌د مێژووی مرۆڤایه‌تیی خۆی دێرینه.
له پسیشۆئه‌نالیزه‌دا خوێندنه‌وه له‌سه‌ر قۆناغ یاخوود فازه‌کانی گه‌شه‌ی منداڵ ده‌کرێت، که فرۆید له میتۆلۆگیی چیرۆکی ئۆدیپووسدا یارمه‌تییمان ده‌دات بۆ تێگه‌یشتن.
فازه‌کانی گه‌شه‌ی ده‌روونیی سێکسوال له‌لای فرۆید:
1. فازه‌ی ئۆڕاڵ له ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵییدا: له ڕێگای ده‌مه‌وه‌یه، منداڵ له‌م قۆناغه‌دا په‌نجه گه‌وره‌ی ده‌ست و پێی ده‌مژێت. منداڵ له ڕێگای خواردن و خواردنه‌وه‌وه ئاسووده ده‌بێت. هه‌رجۆره تێکدانێک له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێته هۆی دروستکردنی نیشانه له که‌سایه‌تییدا.
2. فازه‌ی نارسیست له ته‌مه‌نی دوو ساڵییدا: منداڵ جه‌سته‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه و هه‌ست به‌رانبه‌ر جه‌سته‌ی خۆی په‌یدا ده‌کات، که له زانستی ده‌روونناسییدا ناوده‌نرێت ئاوتۆئێرۆتیسمووسس. هه‌موو تێکچوونێک له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی که‌میی باوه‌ڕ به خود و سه‌رنجدان به خود له ئاینده‌دا.
3. فازه‌ی ئه‌ناڵ له ته‌مه‌نی سێ ساڵییدا: له‌م فازه‌یه‌دا هه‌ست له ڕێگای فڕێدانی پیسایی و گرتنی پیساییدا دروستده‌بێت. تێکچوون له‌م فازه‌یه‌دا به‌هۆی زۆرلێکردنه‌وه “خاوێنڕاگرتنی منداڵ” له ئاینده‌دا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی مانیی و که‌ڕاکته‌رێکی زۆرلێکراو. له‌لای که‌سایه‌تییه‌کی زۆرلێکراودا ده‌بێته هۆی شاردنه‌وه‌ی ئه‌گره‌سیۆنێکی زۆر و له‌لای که‌سایه‌تییه‌کی مانییش ده‌بێته هۆی لێکجیانه‌کردنه‌وه‌ی هه‌ستی ڕاسته‌قینه و هه‌ستی هێنانه پێشچاوی خوددا.
4. فازه‌ی فال له ته‌مه‌نی چوار و پێنج ساڵییدا: له‌م فازه‌ی گێنیتاڵه‌دا کوڕان ده‌بینین، که کچان پێنیسیان نییه و پێیانوایه، که ئه‌م کچانه سزادراون. ئالێره‌دا کوڕان ترسی کاستراسیۆنیان تووش ده‌بێت و کچان هه‌ستی ئێره‌ییان به‌رانبه‌ر به پێنیس تێدا دروستده‌بێت. ئالێره‌دا فرۆید سوود له چیرۆکی ئۆدیپووس وه‌رده‌گرێت و په‌یوه‌ندیی نێوان منداڵ و دایک و باوک له‌سه‌ر بناغه‌ی گرێی ئۆدیپووس داده‌مه‌زرێنێت. لێره‌دا ئه‌گه‌ر منداڵه‌که هاوڕه‌گه‌زبێت له‌گه‌ڵ دایکیدا ئه‌وا حه‌ز به دایکی ناکات و باوکی خۆشده‌وێت، ئه‌گه‌ر منداڵه‌که هاوڕه‌گه‌زبێت له‌گه‌ڵ باوکی‌دا ئه‌وا حه‌ز به باوکی ناکات و دایکی خۆشده‌وێت. تێکچوون له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی که‌سایه‌تیی هێستریی. تاکی هێستریی زۆرینه‌یان باوه‌ڕیان به خۆیانه و خاوه‌نی وزه‌یه‌کی ئیمپولسیڤانه‌ن.
5. فازه‌ی لاتێنتس له ته‌مه‌نی شه‌ش بۆ حه‌وت ساڵییدا: له‌م قۆناغه‌دا گه‌شه‌یه‌کی دیاری سێکسوال ده‌بینرێت، منداڵ ته‌واوی هه‌سته سێکسوالییه‌کانی له ڕێگای شه‌رمه‌وه ده‌شارێته‌وه. منداڵ هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ منداڵێکی هاوڕه‌گه‌زی خۆی یاریی بکات.
6. فازه‌ی گێنیتاڵ له ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵییدا: له‌م قۆناغه‌دا سێکسوالیتێت و گرێی ئۆدیپووس دیسانه‌وه کارێکی تێدا ده‌کرێته‌وه، منداڵ ده‌گه‌ڕێت به‌دوای ڕه‌گه‌زه‌که‌ی تردا. هۆشیاریی و گه‌ییوویی فاکتۆرێکی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر منداڵه‌که. لێره‌وه سه‌ره‌تاکانی قۆناغی پووبه‌رتێت “هه‌رزه‌یی” له‌گه‌ڵ هه‌بوونی کۆنفلیکتێکی گه‌وره‌دا ده‌ستپێده‌کات به به‌ڕێکردنی نائارامییه‌کی گه‌وره‌ی چ مۆتۆڕیی و چ ناوه‌کیی.
ستراکتوری مۆدێلی که‌سایه‌تیی له‌لای زیگمووند فرۆید
جیهانی ده‌روونیی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م سیستێمه کارده‌کات، هه‌موو ته‌گه‌ر و تێکچوونێک له‌م سیستێمه‌دا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی چه‌ندیین جۆر تێکچوونی که‌سایه‌تیی منداڵ له ئاینده‌دا. مرۆڤ له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونیدا ئاشنای ئازار و ترس ده‌بێت، یه‌که‌میین چرکه‌ساتی مرۆڤ به ئازار و ترس ده‌ستپێده‌کات. منداڵ به‌هۆی ته‌سکیی که‌ناڵی له‌دایکبوونی دایکه‌وه تووشی ئازار و هه‌ناسه‌گیران ده‌بێت، له‌گه‌ڵ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یدا له سکی دایک هه‌ست به بچڕانی په‌یوه‌ندیی نێوان خۆی و دایکی ده‌کات، ئه‌مه‌ش هۆکاری گریانی منداڵه له‌کاتی له‌دایکبووندا. په‌یوه‌ندیی نێوان دایک و منداڵ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت تێکبچێت، منداڵ له ڕێگای هه‌سته‌وه به خۆشه‌ویستیی دایک گه‌شه ده‌کات. به‌هه‌شت له‌ژێر پێی دایکدا نییه، به‌ڵکوو له باوه‌شیدایه، له سنگیدایه، له مه‌مکه‌کانیدایه هه‌موو دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌کیش لێی نزیکبوونه‌وه‌یه له جه‌هه‌ننه‌م بۆ منداڵ. خۆشه‌ویستیی دایک بۆ منداڵ، خۆشه‌ویستیی ڕاسته‌قینه‌ی دایک بۆ منداڵ وه‌ک توێکڵێکی ئاسنین وه‌هایه بۆ منداڵه‌که، که له هه‌موو هێرشێک ده‌یپارێزێت. “ڕاینهارد مه‌ی” له گۆرانیی “تۆ گه‌وره‌یت ماکس”دا ده‌ڵێ: خۆشه‌ویستیی ناهێڵێت بریندار بیت “یان خۆشه‌ویستیی به‌هێزت ده‌کات”، وه‌ک ئه‌وه‌ی له خوێنی ئه‌ژدیهادا مه‌له بکه‌یت. ئه‌گه‌ر هاتوو دایک هه‌موو ئه‌و خۆشه‌ویستییانه‌ی، که کۆرپه پێیده‌دات، نه‌یداته‌وه به کۆرپه، ئه‌وا کۆرپه‌که هه‌رچیی خۆشه‌ویستیی خۆیه‌تی له دایکی وه‌رده‌گرێته‌وه و ده‌یدات به خۆی.
هیچ قسه‌ی قۆڕ نییه، که کورد ده‌ڵێ: “ئێمه‌ی کورد وه‌هاین، خۆشمان نازانین بۆچیی”. ته‌واو و ڕێک دروسته تاک نازانێت بۆچیی ئه‌و وایه، کۆی هه‌موو تاکه‌کانیش خودی کورد پێکده‌هێنن، که‌واته کورد نازانێت، که بۆچیی ئه‌و وه‌هایه؟! مرۆڤی زانا پرسیار ده‌کات و ده‌ڵێ: چلۆن بووین به‌وه‌ی، که هه‌ین؟ ئالێره‌دا بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامێکی لۆگیکانه و زانستیانه‌ی ده‌ستبکه‌وێت ئه‌نالیزه‌ی که‌ڕاکته‌ری تاک ده‌کات. “ڤیلهێلم بووش”ی شاعیریش ده‌نووسێت: من ئاوهام، خۆشم نازانم بۆچیی؟ فرۆید کار له‌م وته‌یه‌دا ده‌کات و به‌کاری ده‌هێنێت بۆ گه‌یشتن به هۆکاری ئه‌وه‌ی، که تاک چلۆن بووه به‌وه‌ی، که هه‌یه.
کورد قسه‌ی قۆڕ ناکات، به‌ڵکوو ڕاستیی ڕووتیی بوونی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت. قسه‌ی قۆڕ ئه‌وه‌یه، که ئه‌م وته‌یه به قسه‌ی قۆڕ وه‌ربگرین. بۆئه‌وه‌ی بزانیت بۆچیی بووین به‌وه‌ی، که هه‌ین، پێویسته بگه‌ڕێیته‌وه بۆ سه‌رده‌می گه‌شه‌ی منداڵییمان. کۆرپه له سه‌ره‌تای هه‌ردوو مانگی ته‌مه‌نییدا “له ده‌ره‌وه‌ی سکی دایکدا” ته‌نها به هه‌ست کار ده‌کات. کۆرپه کار به هه‌سته ناوه‌کییه‌کانی ده‌کات و جیهانی ده‌ره‌وه به ته‌واویی ڕه‌تده‌کاته‌وه. ئه‌م قۆناغه ناوده‌نرێت قۆناغی نه‌بوونی ئۆبیه‌کت. منداڵ لێره‌دا پێویستی به زۆرتریین گه‌رمیی، خۆشه‌ویستیی، باوه‌ش، نووساندن به سنگه‌وه، په‌یوه‌ندیی جه‌سته‌یی دایک هه‌یه. دایک وه‌ک پێویست به‌مشێوه‌یه به‌ته‌نگ منداڵه‌که‌وه نایه‌ت، منداڵه‌که تووشی فازه‌ی دێپرێسسیۆن ده‌بێت. منداڵ دێپرێسیۆنی خۆی له ڕێگای هاوار و گریانه‌وه نیشانده‌دات. ئه‌م قۆناغه هێنده هه‌ستیاره، که منداڵ تووشی ئازارێکی گه‌وره‌ی ڕۆحیی ده‌کات و ده‌یگه‌یه‌نێت به هۆسپیتالیسمووس، منداڵ لێره‌دا ده‌مرێت. ئێمه‌ی کورد واین خۆشمان نازانین بۆچیی؟ له کۆمه‌ڵدا بپرسن، چه‌ند منداڵ له ته‌مه‌نی یه‌ک بۆ دوو مانگییدا، دوو بۆ سێ مانگییدا مردووه و دایک و باوک تووشی شۆکبوون؟ پرسیار له هه‌ر کامیان بکه‌یت ده‌ڵێ: منداڵه‌که‌مان ساغ بوو هیچ نه‌خۆشییه‌کی نه‌بوو، به‌ڵام له پڕێکدا خوای لێیستاندینه‌وه. یه‌که‌م کوڕی دایکی من له ته‌مه‌نی دوو بۆ سێ مانگییدا مردووه، دایک و باوکم ده‌یانگووت: خۆشیان نازانن بۆچیی؟!
چوار جۆر په‌یوه‌ندیی نێوان منداڵ و دایک له قۆناغی سه‌ره‌تایی گه‌شه‌ی منداڵدا هه‌یه، که له ئاینده‌دا ده‌بنه فاکتۆرێکی گه‌وره له‌سه‌ر ژیانی.
1. په‌یوه‌ندییه‌کی دڵینیا: له‌کاتی دیارنه‌مانی دایکدا، منداڵه‌که که‌مێک نائارام ده‌بێت.
2. په‌یوه‌ندییه‌کی نادڵنیا، که ده‌کرێت ڕێگای لێبگیرێت: له‌کاتی دیارنه‌مانی دایکدا منداڵه‌که بێئاگایه، کاتێک دایکی دێته‌وه که‌متریین هه‌ست نیشانی دایکی ده‌دات.
3. په‌یوه‌ندییه‌کی نادڵنیای ئه‌مبیڤالێنت “ده‌بڵ نرخ وه‌ک ڕق و خۆشه‌ویستیی”: له‌کاتی دیارنه‌مانی دایکدا، ئه‌گه‌ر بێتوو دایک ته‌نها هۆده‌که‌ش به‌جێبهێڵێت، ئه‌وا منداڵه‌که تووشی گه‌وره‌تریین نائارامیی و تووڕه‌بوون ده‌بێت.
4. په‌یوه‌ندییه‌کی هه‌ڵه ئۆرگانیزه‌کراو یان هه‌ڵه خوێندنه‌وه- هه‌ڵه ناسینه‌وه “دێسئۆرگانیزیرته یان دێسئۆرێنتیرته”: کاتێک دایک له‌دوای دیارنه‌مانی ده‌گه‌ڕێته‌وه لای منداڵه‌که، منداڵه‌که به‌وپه‌ڕی خۆشییه‌وه به‌ره‌وڕووی ڕاده‌کات، لێ له ناوه‌ڕاستیی ڕێگادا ڕاده‌وه‌ستێت و خۆی ده‌دات به زه‌وییدا، هاوار ده‌کات و ده‌گریی.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه کام دایک و باوکی کورد ڕۆژێک له ڕۆژان درکیان به هه‌بوونی ئه‌م کێشانه کرووه؟ کام دایک و باوک کاریان له‌سه‌ر کردووه؟ من دڵنیام له خۆم و ده‌ڵێم: هیچ که‌س. له جۆری سێهه‌م و چواره‌مدا به‌شێکی گه‌وره‌ی دایکان منداڵه‌کانیان به شێت ده‌زانن. دایکان چونکه له کێشه‌ی منداڵه‌که ناگه‌ن، ناچار به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه ده‌که‌ن، که ده‌یکه‌ن ئه‌ویشی هاوارکردنه به‌سه‌ر منداڵه‌که‌دا و لێدانیه‌تی. “ئێمه‌ی کورد واین خۆشمان نازانین بۆچیی”. جۆری سێهه‌م “په‌یوه‌ندیی نادڵنیای ئه‌مبیڤالێنت” سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی کێشه‌ی گرێی ئۆدیپووسه، که له ته‌مه‌نی چوار بۆ پێنج ساڵییدا به فازه‌ی فال ناوده‌برێت. له فازه‌ی فالدا منداڵ له نائاگاییدا هه‌ستی سێکسوالی خۆی ئاڕاسته‌ی ڕه‌گه‌زه‌که‌ی تر ده‌کات بۆ نموونه کچ بۆ باوک و کوڕ بۆ دایک. که‌سی هاوڕه‌گه‌ز ئینجا دایک بێت یان باوک ده‌که‌وێته به‌ر دژایه‌تییکردن له‌لایه‌ن منداڵه‌که‌وه، به‌جۆرێکی ئه‌مبیڤالێنتانه، که چ ڕقی لێیده‌بێت و چ خۆشیشیده‌وێت.
نه‌ک به ته‌نها له‌ناو ئێمه‌ی کورددا، به‌ڵکوو به گشتیی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا دایک و باوکان لۆگیکانه له‌گه‌ڵ منداڵدا مامه‌ڵه ناکه‌ن. بۆ نموونه ته‌مه‌نی هه‌شت مانگیی منداڵ، که به مانگی ترس له زانستی ده‌روونناسییدا پێناسده‌کرێت، منداڵ تێیدا بۆ یه‌که‌میینجار ته‌واوی جه‌سته‌ی دایک به‌تایبه‌ت ده‌مووچاوی ده‌ناسێت، منداڵه‌که بزه بۆ دایکی ده‌کات و به‌ده‌میه‌وه پێده‌که‌نێت. خه‌نده‌ی منداڵه‌که نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، که منداڵه‌که دایکی ده‌کات به ئۆبیه‌کت لیبیدۆی خۆی، به ئۆبیه‌کتی خۆشه‌ویستیی خۆی. ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای مانگی یه‌که‌مه‌وه دایک په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ منداڵه‌که‌دا دروستبکات، ئه‌وا منداڵه‌که چ باوه‌ڕێکی گه‌وره‌ی خۆشه‌ویستیی دایکی ده‌باته‌وه و چ ده‌بێته خاوه‌ن ئیدێنتیتێت. نه‌بوونی ئه‌مه ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی تێکچوون، چه‌ند زیاتر ببێته خاوه‌نی ئیدێنتیتێت ئه‌وه‌نده زیاتر تێکده‌چێت و ده‌بێته قورساییه‌کی گه‌وره له‌سه‌ری.
منداڵ له ته‌مه‌نی ترسی هه‌شت مانگییدا هه‌موو جۆره خۆراکێک چ ڕه‌تده‌کاته‌وه و چ له ده‌میدا فڕێیده‌داته ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌دانی دوژمنایه‌تییکردنه له‌گه‌ڵ یان دایک یان باوک‌دا. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئاخۆ دایک و باوکان چ کارێک یان مامه‌ڵه‌یه‌کی نامۆ له‌گه‌ڵ ئه‌م منداڵه‌دا ده‌که‌ن؟ ڕووخساریان یان ده‌نگیان ده‌بێته هۆی ترساندنی ئه‌م منداڵه؟ وه‌ڵام: نه‌خێر. ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌م کاره بریتییه له نه‌بوونی گه‌رمیی هه‌ست له پێدانی خۆشه‌ویستییدا به منداڵه‌که. منداڵه‌که نادڵنیایه له خۆی و هه‌ست به‌وه ده‌کات، که به‌ته‌نها به‌جێهێڵڕابێت، واته هه‌ست به ته‌نیایی ده‌کات. ئیدی لێره‌وه کاردانه‌وه‌ی منداڵه‌که له‌سه‌ر ترس ده‌ڕوات به ڕێگادا. به ڕێژه‌یه‌کی زۆر به‌هۆی تێکچوونی ئه‌م په‌یوه‌ندیی نێوان منداڵ و دایکه‌وه له سه‌ره‌تاوه ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی نارسیستێکی پاتۆلۆگیی. کێشه‌ی نارسیست کێشه‌ی لێدوورخستنه‌وه‌ی لیبیدۆیه. لێره‌وه دایک و باوک چیدی ئۆبیه‌کتی لیبیدۆی منداڵه‌که نین به‌ڵکوو منداڵه‌که حه‌ز و ئاره‌زووه ناوه‌کییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا پراکتیزه ده‌کات. ئه‌م ئینستانسه‌ش ناوده‌نرێت “خود”. منداڵه‌که چه‌ند گه‌شه بکات و ته‌مه‌نی سه‌ربکه‌وێت ئه‌وه‌نده زیاتر مه‌ترسیی ته‌ندروستیی و تێکچوونی که‌سایه‌تیی له‌سه‌ر زیاد ده‌بێت.
مه‌مکی دایک ته‌نها چاوگه‌یه‌ک نییه بۆ به‌ده‌ستهێنانی خۆراک، به‌ڵکوو فاکتۆرێکی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر هه‌ڵسوڕاندنی ماتۆڕی سێکسوالی کۆرپه. کامه دایک هه‌یه بتوانێت بڵێت: له‌کاتی شیرداندا ئاره‌زووی سێکسوالم به‌رزنابێته‌وه؟ ئه‌و دایکه‌ی به نه‌خێر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیار ده‌داته‌وه، درۆیه‌کی گه‌وره له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌کات.
کۆنفلیکتی ئۆدیپووس کۆنسێپتێکی پسیشۆئه‌نالیزانه‌یه، له ده‌ره‌وه‌ی پسیشۆئه‌نالیزه ئه‌م کۆنفلیکته ئه‌کسێپت نه‌کراوه. ئه‌م کۆنفلیکته به‌رهه‌می فرۆیده و قسه له‌سه‌ر گه‌شه‌ی سێکسوالی منداڵ ده‌کات. فرۆید فیگووری ئۆدیپووس وه‌رده‌گرێت، سه‌ره‌تا له‌سه‌ر خۆی پاشانیش له‌لای پاتێنته‌کانی تاقیکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌کات. فرۆید له پاتێنته‌کانیدا حه‌زێکی نائاگا به‌رانبه‌ر به دایکانیان به‌دی ده‌کات، به‌ڵام ئه‌م حه‌زه حه‌زێکی شاردراوه‌یه. کوڕه‌که له نائاگاییدا بۆ گه‌یشتن به دایکی ئاماده‌ی کووشتنی باوکه، به‌ڵام ترس له کاستراسیۆن ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری حه‌زه‌که‌ی بێت و له‌گه‌ڵ باوکی‌دا به ئاشتیی بژیی.
کێشه‌ی جارێک ڕقلێبوون له تاکێک و جارێکیش خۆشویستنی یاخوود ئه‌کسێپتکردنی له کۆمه‌ڵگای کوردییدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک په‌یوه‌ندیی به کۆنفلیکتی ئۆدیپووسه‌وه نییه. نه‌ک به‌ته‌نها له کۆمه‌ڵگای کوردییدا به‌ڵکوو به گشتیی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ته‌واوی مرۆڤایه‌تیی خاوه‌نی ئه‌مجۆره مامه‌ڵه‌یه‌ن. له کووشتنی سوکراته‌وه بیگره هه‌تاوه‌کوو یێسووس، له‌ویشه‌وه بیگره هه‌تاوه‌کوو نوێترتریین که‌س له جیهاندا، که شیاوی قسه له‌سه‌رکردنبێت گریمان “مام جه‌لال”.
مرۆڤ به‌ده‌رله‌وه‌ی خاوه‌نی دوو قولاپی کۆله‌ریی و ناکۆله‌رییه، واته جارێک ده‌یه‌وێت سۆسیال بژیی و جارێکیش ده‌یه‌وێت ته‌نها، ئاوهاش خاوه‌نی ماتۆڕێکی ده‌روونییه، که ناوده‌نرێت هه‌ستی خه‌تا. هه‌ر ئه‌م هه‌ستی خه‌تایه ماتۆڕی هه‌ڵسوڕێنه‌ری به‌رهه‌مهێنانی خوایه. مرۆڤ بۆیه باوه‌ڕ به خودا ده‌کات، چونکه خاوه‌نی هه‌ستی خه‌تایه، ئه‌و نایه‌وێت خه‌تاباربێت، به‌ڵکوو ده‌یه‌وێت به‌خته‌وه‌ربێت. له کێشه‌ی مام جه‌لالیشدا هه‌مانشێوه، کۆمه‌ڵی کورد چه‌ند ڕقیان له‌و پیاوه‌ش بووبێت، لێ له کۆتاییدا نایانه‌وێت هه‌ستی خه‌تایان تێدا دروست بێت، ئه‌مه‌ی ده‌یکه‌ن له خۆشه‌ویستیی مام جه‌لالدا نییه، به‌ڵکوو بۆ خۆیانه. ئه‌وه‌ی ئه‌مان هه‌یانه ترسه، ترس له هه‌بوونی هه‌ستی خه‌تا. ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردیی چ نۆرماڵه و چ ته‌ندروستیشه. ته‌ندروست به‌و واتایه‌ی، که تاک له‌دوایدا هه‌ست به خه‌تا ناکات و به‌خته‌وه‌ر ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام ناته‌ندروسته ئه‌گه‌ر هاتوو تاکێک له ئاینده‌دا نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ بڕیاره‌که‌یدا بژیی، چونکه هه‌ست به‌وه ده‌کات، که خه‌تایه‌کی کردووه له خراپبوونیدا به‌رانبه‌ر به که‌سێک.
کۆمه‌ڵگای کوردیی وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی تری جیهان دوو بناغه‌ی خۆشه‌ویستیی هه‌یه:
له دیدگای فرۆید‌ه‌وه
1. شێوه‌ی نارسیست
A. مرۆڤ ئه‌وه‌ی خۆشده‌وێت، که خۆیه‌تی،
B. ئه‌وه‌ی خۆشده‌وێت، که خۆی بووه،
C. ئه‌وه‌ی خۆشده‌وێت، که خۆی ده‌یه‌وێت ببێت،
D. ئه‌و که‌سانه‌ی خۆشده‌وێت، که به‌شێک بوون له “خود”ی خۆی،
2. شێوه‌ی خه‌ڵکانی پاڵپێوه‌ده‌ر
A. ژن یان پیاوی نزیک خۆی
B. ژن یان پیاوێک، که ده‌یپارێزێت و پشتگیریی ده‌کات.
کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی تری جیهان خاوه‌نی هه‌ردوو شێوه‌ی نارسیست و ئه‌و شێوه‌یه‌ن، که پاڵ به خه‌ڵکانی تره‌وه ده‌ده‌ن، چونکه نزیکن لێیانه‌وه یان ده‌یانپارێزن.
مام جه‌لال پارێزه‌ر و پشتگیرییکه‌ری به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورده له ساده و ساکارێکه‌وه بیگره هه‌تاوه‌کوو گه‌وره سیاسییه‌ک، که‌واته شیاوی خۆشویستنه. تیۆریی ئۆدیپووس ته‌نها و ته‌نها له‌گه‌ڵ دایک و باوکی بیلۆگییانه‌ی ئیندیڤیدوومدا ئه‌نالیزه ده‌کرێت. هه‌ر تاکێک له کۆمه‌ڵدا خاوه‌نی ئیدێنتێتێکی ئیندیڤیدوواله و له‌وی تر ناچێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی، که شیاوی ئه‌وه‌یه هه‌موویان وه‌ک یه‌ک هه‌یانبێت، ئه‌وا هه‌ستی خه‌تایه. ئێستاش له‌م باروودۆخه‌دا، به‌شێکی گه‌وره‌یان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، که له ده‌ست ئه‌م هه‌سته ڕزگاریان بێت و له ئاینده‌دا به‌خته‌وه‌ربن.
09.01.2013