Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
كوشتنی دیالۆگی ئیمرالی له‌نێو شه‌قامه‌كانی پاریسدا

كوشتنی دیالۆگی ئیمرالی له‌نێو شه‌قامه‌كانی پاریسدا

Closed
by January 14, 2013 گشتی

 

 

تێرۆركردنی سێ‌ ژنه‌ چالاكوانه‌ سیاسییه‌كه‌ی كورد (ساكینه‌ جانسز، فیدان دۆغان‌و له‌یلا سۆیله‌مه‌ز)، له‌شه‌وی چوارشه‌ممه‌ی رابردو له‌پاریسی پایته‌ختی فره‌نسا، كاردانه‌وه‌ی جیاوازی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی‌و هه‌رێمی‌و نێوخۆی توركیا به‌دوای خۆیدا هێنا.

كوشتنی ئه‌و سێ ده‌موچاوه‌ ناسراوه‌ی په‌كه‌كه‌‌و بزاڤی رزگاریخوازیی كوردانی باكور، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی توركیا‌و رێبه‌ری به‌ندكراوی په‌كه‌كه‌ له‌وتووێژ‌و دانوستاندان، كه‌ ئه‌مه‌ش دوای چه‌ند مانگ داخستنی هه‌مو دیالۆگێك بو له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا. بۆیه‌ هه‌رزو كه‌س‌و لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان، هه‌ریه‌كه‌ی له‌ڕوانگه‌ی سیاسی‌و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیه‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ی بۆ كرد‌و په‌نجه‌ی تۆمه‌تی بۆ لایه‌ك درێژكرد.

ئه‌گه‌رچی هێشتا زوه‌ دواقسه‌ له‌سه‌ر ئه‌گه‌ر‌و گومانه‌كان بكرێت، چونكه‌ تائێستا رێكاره‌ یاساییه‌كان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌نجامی كۆتایی‌و، لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانی فره‌نسا سه‌رقاڵی گه‌ڕانن به‌دوای سه‌ره‌داوه‌كانی روداوه‌كه‌، به‌ڵام ناكرێ هه‌ندێ وته‌‌و لێدوانیش به‌ دروست بزانین، كه‌ خۆیان به‌شێكن له‌شه‌ڕی سایكۆلۆژی‌و تێرۆری سپی به‌رامبه‌ر كورد‌و دۆزه‌كه‌ی له‌باكوری كوردستان، یان تێرۆری مه‌عنه‌وی‌و كه‌سێتیی ئه‌و سیاسه‌تكاره‌ كوردانه‌ن.

وه‌ك بینیمان، به‌پێی لێدوانه‌كانی ئه‌ردۆگان‌و ئاكه‌په‌‌و زۆربه‌ی سیاسه‌تكار‌و میدیاكارانی تورك، “ده‌ستێكی نێوخۆی په‌كه‌كه‌” كاره‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌، ئه‌مه‌ش به‌و پاساوه‌ی ئه‌وه‌ی گوایه‌ “ره‌وتێكی توندڕه‌و” له‌ناو ئه‌و حزبه‌دا له‌گه‌ڵ گفتوگۆكانی ئاشتیدا نیه‌. وه‌كچۆن میدیای توركی هه‌رزو پێش ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان كه‌وت، بۆ نمونه‌ رۆژنامه‌ی زه‌مان-ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن (كه‌سێتیی ئیسلامیی له‌توركیا‌و سه‌ركرده‌ی بزوتنه‌وه‌ی “گوله‌نیزم”)، بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ باهۆز ئه‌رداڵ (سه‌ركرده‌ی پێشوی هێزی پاراستنی گه‌ل) له‌پشت كرده‌وه‌كه‌وه‌یه‌. 

كه‌ ئه‌مه‌ش له‌كورتترین ئاماژه‌دا، بۆ په‌رده‌پۆشكردنی روداوه‌كه‌یه‌‌و له‌خۆیدا ده‌بێته‌ پرسیار له‌سه‌ر توركیا خۆی، كه‌ له‌بنچینه‌دا هه‌وڵێكه‌ بۆ شكستپێهێنانی وتووێژه‌كان‌و ونكردنی ئاسۆی ئه‌و ئاشتییه‌ی له‌كونجی زیندانیی ئیمرالییه‌وه‌ چاوه‌ڕێده‌كرا.

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی سایتی ویكیلیكس-یش، ساكینه‌ جانسز یه‌كێك بوه‌ له‌كه‌سێتییه‌ جێئامانجه‌كانی توركیا. وه‌كچۆن سایته‌كه‌ بروسكه‌یه‌كی رۆز ویڵسن باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌توركیای ئاشكراكردوه‌، كه‌ له‌ 7ی دیسه‌مبه‌ری 2007 دا نێردراوه‌‌و له‌ڕێیه‌وه‌ هۆشداری ده‌داته‌ ده‌وڵه‌تی توركیا كه‌ پێویسته‌ واشنتن‌و ئه‌نكه‌ره‌ له‌پێناو رێگرتن له‌سه‌رچاوه‌كانی دابینكردنی دارایی په‌كه‌كه‌، هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن.

دۆكیۆمێنته‌كه‌ ده‌ریشیخستوه‌، ره‌زا ئاڵتون‌و ساكینه‌ جانسز سه‌ره‌كیترین دابینكاری دارایی په‌كه‌كه‌ن، بۆیه‌ وه‌ك له‌بروسكه‌كه‌دا هاتوه‌، ویڵسن پێیوابوه‌، ده‌ستگیركردنی ئه‌و دو چالاكوانه‌ سیاسییه‌ كورده‌‌و دادگاییكردنیان، خۆی “سنورداركردنی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه‌یه‌”، هه‌روه‌ك په‌یامێكیش ده‌بێت كه‌ ئه‌وروپا مه‌یدانێكی ئازاد نییه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌كی دارایی حزبه‌كه‌

زیره‌كییه‌كی ئه‌وتۆی ناوێت، دوفاقیی له‌گوتاری سیاسیی توركیادا به‌رامبه‌ر پرسی كورد له‌و وڵاته‌دا به‌ئاسانی ببینین‌و بخوێنینه‌وه‌. ئه‌وه‌تا سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا له‌كاتێكدا داوای رونكردنه‌وه‌ له‌سه‌رۆكی فره‌نسا ده‌كات، ئاخۆ بۆچی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ داواكراون له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌‌و له‌گه‌ڵیاندا كۆبونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ره‌وایی به‌خۆی ده‌دات له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی حه‌ماس-ی فه‌له‌ستینیدا كۆببێته‌وه‌‌و كۆمه‌كیشیان بكات، له‌كاتێكدا ئه‌و رێكخراوه‌ش له‌ئه‌مه‌ریكا‌و ئه‌وروپاشدا به‌”تێرۆریست” ناسراوه‌.

گومانه‌كان له‌سه‌ر توركیا خۆی، یان ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ریكا یان هه‌ر وڵاتێكی ناوچه‌كه‌ بن بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌كه‌، گومانكردن له‌په‌كه‌كه‌ ئه‌گه‌رێكی زۆر لاوازه‌‌و هه‌ڵبه‌ستنێكی دیكه‌ی توركیا خۆیه‌تی، چونكه‌ بیرماننه‌چێت هه‌وڵه‌كانی ئه‌مجاره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له‌توركیا دوای چه‌ند ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی سه‌رنه‌كه‌وتوی دیكه‌ی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانی حكومڕان دێت، هه‌رجاره‌ی به‌جۆرێك‌و به‌پاساوێك ئاسته‌نگی بۆ دروستكرا‌و نه‌یتوانی بگاته‌ دوامه‌نزڵی لانیكه‌می چاره‌سه‌ری دۆزه‌كه‌.

سه‌ره‌نجام، ئه‌م كرده‌ تێرۆریستییه‌ هه‌وڵێك بو له‌باربردنی هه‌وڵه‌كانی ئاشتی‌و چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له‌توركیا، له‌ساته‌وه‌ختێكدا كورد له‌قۆناغێكی هه‌ستیاری مێژوییدایه‌. ئه‌گه‌ر كه‌مێك بۆ رابردوش بگه‌ڕێینه‌وه‌ ده‌بینین هه‌ركاتێك هه‌وڵی لێكنزیكبونه‌وه‌‌و وتووێژه‌كانی ئاشتی له‌ئارادابوبن، ئه‌مجۆره‌ له‌كاری تێكده‌رانه‌ش ئه‌نجامدراون!.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.