
پێنج چیرۆكی زۆر كورت…كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح
ململانـــــــــێ
گفتوگۆی نێوان من و هاوڕێكه‌م به‌رده‌وامه. هه‌نگاوه شله‌كان ڕێگای ماڵه‌وه‌مان لێ دوورتر ده‌كه‌نه‌وه. باس له زه‌مه‌ن ده‌كه‌ین، من ده‌ڵێم مرۆڤ به‌رده‌وام له ڕابووردوودا ده‌ژی، ئه‌و ده‌ڵێت مرۆڤ هه‌میشه بیر له داهاتوو ده‌كاته‌وه. به‌رده‌وام گفتوگۆ ده‌كه‌ین و ناكۆكین. له كاتێكدا ده‌سته‌كانم ده‌ئاخنمه گیرفانی پانتۆڵه ڕهشهكهمهوه، له خۆمه‌وه ده‌ڵێم:
– نازانم! زۆر سه‌یره!
ئه‌و به سه‌رسووڕمانه‌وه سه‌یرم ده‌كات و ده‌ڵێ:
– چی سه‌یره؟
– چڕنووكی گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابووردوو لای مرۆڤ نه‌رم نابێت. ده‌زانی هه‌موو گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕابووردوو خۆدزینه‌وه‌یه له ئێستا؟ له‌وانه‌یه ئێستا وامان لێ بكات، بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕابووردوو، نه‌ك ئه‌فسوونی یاده‌وه‌رییه‌كان.
ئه‌و كه‌مێك ڕه‌نگی تێكده‌چێت و ڕستی قسه‌كان ده‌گرێته‌وه ده‌ست و ده‌ڵێ:
– من بڕوام به رابووردوو نییه، ڕابووردوو جگه له وه‌همێك هیچی تر نییه، داهاتوو ڕاسته‌قینه‌یه.
– من له ئێستادا ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ڕابووردوو و تۆش داهاتوو ده‌بینی، ئه‌ی ئێستا چی؟
– ئێستا ته‌نیا بۆ ئه‌وه هه‌یه، كه داهاتووی لێوه ببینین.
له‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه منداڵێك پایسكیل لێ ده‌خوڕێت. خۆشحاڵ دیاره و هه‌وا له درزی لێوییه‌وه هێرش بۆ ناوده‌می ده‌بات. ئه‌و دیمه‌نه كۆمه‌كم ده‌كات و به هاورێكه‌م ده‌ڵێم:
– من ده‌توانم ڕابووردوو ببینم. ئه‌و منداڵه‌ت دیوه، كه پایسكیل لێ ده‌خوڕێت؟
– به‌ڵێ.
– كه‌واته ئێمه ڕابووردوو، یان ڕاستتر بڵێم منداڵیی مرۆڤ ده‌بینین، چونكه منداڵیی هه‌موومان له یهكدهچێت. تۆ ده‌توانی داهاتووی مر‌ۆڤم نیشان بده‌ی؟
– چی؟!
گــــــــــــۆڕان
هه‌میشه ئه‌و سێوه سووره‌ی نێو جانتا ڕه‌شه‌كه‌ی نیگه‌رانی كردووه، كه‌چی تا ئێستا نه‌یتوانییوه فڕێی بدا و كۆتایی به نیگه‌رانییه‌كه‌ی بهێنێت. بێ ویستی خۆی ژیانی ڕۆژانه‌ی بریتییه له (گوێگرتن له‌و سووكایه‌تییانه‌ی پێی ده‌كرێ، به تایبه‌ت به هۆی ناوه سه‌یره‌كه‌یه‌وه، له‌گه‌ڵ ته‌ماشاكردنی شتومه‌كی نێو جانتاكه‌ی شانی و ناوبه‌ناو قه‌پاڵگرتن له سێوه‌كه، بێ ئه‌وه‌ی ته‌واو بێت. دواتر گوێههڵخستن بۆ ده‌نگی داخستنی زنجیری جانتاكه.)
خه‌ڵكی شاره‌كه كاتێك ناوی ئه‌م ژنه‌یان ده‌هێنا قاقایان لێ ده‌دا و ئاسمانیان به پێكه‌نینی پڕ له سووكایه‌تی و گاڵته‌جاڕی ده‌هه‌ژاند. ده‌یانگوت تا ئێستا كه‌سمان نه‌دیوه ناوی (زه‌وی) بێت! هاهاها
ناچار ناوی له خۆی نا (ئاسمان)…
مــــــــــــــهرگ
شه‌وه‌كه هێنده تاریكه، گه‌ر ڕووناكی گڵۆپه‌كانی سه‌رشه‌قامه‌كه نه‌بێت، كوڕه‌كه ناتوانێ ده‌وروبه‌ری خۆی ببینێ. به دڵێكی خۆشه‌وه ده‌ڕوات و نامه‌یه‌كی به په‌له نووسراو له گیرفانی ڕاستی كراسه ڕهشهكهیدایه، نامه‌یه‌ك كه خۆشی نازانێت بۆ كێ، یاخود بۆ كوێی ده‌بات، به‌ڵام ئه‌وه باش ده‌زانێت ده‌بێت ئه‌و نامه‌یه‌ی، كه نووسیویه‌تی بگاته كه‌سێك، یان شوێنێك. ده‌گاته (تێرمیناڵی مه‌رگ)، ئه‌و ناوه جادوویه‌كی سه‌یر له چاوه‌كانی ده‌كا و ئاگابڕ ده‌بێت، له هه‌موو شت، ته‌نانه‌ت له خۆشی. به‌رده‌وامه له هه‌نگاوی خێرا و به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات، نه ملی وه‌رده‌چه‌رخێنێ و نه چاوه‌كانی له‌سه‌ر ناوی تێرمیناڵه‌كه ده‌تروكێنێت. له‌ناكاو ده‌كه‌وێته ناو چاڵێكی زۆر قووڵه‌وه. ون ده‌بێت…
هاواری مردوویــــــــــهك
زیــندانییهكه قۆڵی ڕاستی له‌سه‌ر شیشی ژووری زیندانه‌كه دانـاوه. قژه ئاڵۆسـكاو و ڕیشه چڵكن و سمێڵه زه‌رد و نیگا نائومێده‌كانی ڕووخســارێكی غه‌مگینیان پێ بهخشیـــوه. سیگارێكـی له نێــوان لێوه ئهستوورهكانیدا گیر كردووه و به‌رده‌وام مــژی قووڵی پــڕ له چاوهڕوانیــی لــێ ده‌دا، دووكه‌ڵی خه‌ستی سیگارهكــه به‌ناو هۆڵی زیندانه‌كه‌دا سه‌مــا ده‌كا و تێكه‌ڵی تاریكیی شه‌و ده‌بێت.
هێشتــا شه‌و له سووڕی خۆی ته‌واو نه‌بووه، شتهكــان به ڕوونی نابینرێن. شار چۆڵ و بێدهنـــگ، ته‌نیـا له دووره‌وه ده‌نگـی وهڕیــنی چه‌ند سهگێــك دێت، كه ڕه‌نگه به جووڵه و بینینی كهسێــك بوه‌ڕن، یان هه‌ر له ترسی خۆیاندا وا بكــه‌ن. كۆڵانه‌كان بۆگهنێــكی پیس داگیری كــردوون، كه‌سێك به‌ناو یه‌ك لــه‌و كۆڵانانه‌دا به سهرخۆشــی پیاسه ده‌كا و سه‌ری شۆڕ ده‌كاته‌وه و هه‌نگاوه‌كانی خـــۆی ده‌ژمێرێت. له ناكاو گوێـی به ده‌نـگی فیشه‌كێك، كه له نزیكی ئه‌و دهتهقێنــرێ، ده‌زرنگێته‌وه. هاوارێـكی پڕ له ئازار به‌رز ده‌بێته‌وه، ئازارێك، كه پێناسه‌ی مه‌رگی كه‌سێك ده‌كات. گوێی به ده‌نگی ئه‌و مرۆڤانـــه ئاشنا ده‌بێت، كه به جلی خه‌و و چاوانی گێژ و خه‌واڵوو و هاواری پــڕ له پرسیاره‌وه ده‌ڵێن (كــێ مـــرد؟).
دوا مژ له سیگارهكـــه ده‌دا و پاشماوه زهردهكــهی فڕێده‌داته ناو تهنهكــهی خۆڵـــی ژووری زیندانهكـــه…
بۆشــــــــــایی
چه‌ندین ساڵه به ڕێگاوه‌م، ناگه‌مه زه‌وی. من ده‌بێت له بۆشایی بژیم، زه‌وی بۆشایی تێدا نییه، هه‌موو شوێنێكی زه‌وی وه‌ك كوشنی پاس گیراوه و جێگایه‌ك بۆ من نه‌ماوه‌ته‌وه تێیدا دابنیشم، ناشتوانم به پێوه ڕاوه‌ستم، چونكه زۆر ماندووم. هه‌ر لێره بم باشه، وا بكه‌م باشتر نییه؟