
له دۆخی سیاسی (هۆبز) ه‌وه بۆ دۆخی سروشتی (رۆسۆ)
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ چیرۆكی (سه‌رله‌به‌یانی نه‌ورۆزێك) ی مارف به‌رزنجی شه‌هید..
(1)
نووسه‌ری شه‌هید (مارف به‌رزنجی) ئه‌م چیرۆكه‌ی له‌ساڵی (1955)دا نووسیوه، به‌ڵام له‌دوای (17) ساڵ‌و له‌ساڵی (1972)و له گۆڤاری (رۆژی كوردستان ) ئینجا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بووه كه بڵاوی بكاته‌وه(1).
ئێمه به‌ته‌واوی نازانین هۆكاری بڵاونهكردنهوهو دواخستنی چیه ؟به‌ڵام ئه‌وه باش ده‌زانین كه ژیانی نووسه‌ر هه‌رگیز ژیانێكی ئاسایی نه‌بووه‌و پڕبووه له گرتن‌و راونان‌و خۆشاردنه‌وه‌و چه‌رمه‌سه‌ری… كه دوورنییه هه‌ر ئه‌م هۆكارانه بووبێته هۆی دره‌نگ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه.
( سه‌رله‌به‌یانی نه‌ورۆزێك )چیرۆكێكه به‌زمانێكی ئه‌ده‌بی پهخشانئامێزوو ساده‌و بێ گرێ‌و گۆڵ نووسراوه خاڵییه له ئالۆزی‌و ته‌موو مژ.
سه‌باره‌ت به‌ته‌كنیكی چیرۆكه‌كه، نووسه‌ر ئه‌وه به‌یان ده‌كات كه له‌سه‌ر شێوازی (تیاروعی)(2) نووسوێتی. ئه‌گه‌رچی ئێمه تێبینیمان له‌سه‌ر ئه‌م بانگه‌شه‌یه هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م نووسینه‌ی ئێمه تایبه‌ت نییه به قسه‌كردن له‌سه‌ر ته‌كنیك‌و لایه‌نی هونه‌ری چیرۆكه‌كه، بۆیه ئه‌م باسه جێده‌هێڵین بۆ ئه‌و كاته‌ی ده‌رفه‌تمان ده‌بێت كه قسه له‌و بابه‌ته بكه‌ین.
ئێمه له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ته‌نها موتاڵای بیرۆكه‌ی چیرۆكه‌كه بكه‌ین‌و له‌سه‌ر رۆشنایی بیروبۆچوونه‌كانی فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی (ژان ژاك رۆسۆ) له‌سه‌ر ژیانی سیاسی‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ له دۆخی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بۆ دۆخی سروشتی‌و تێزی فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی (تۆماس هۆبز) بۆ دهسهڵاتو سیستمی سیاسی قسه بكه‌ین. چونكه ره‌نگه هه‌ڵه نه‌بین گه‌ر بڵێن: ئه‌م چیرۆكه ده‌قێكی زیندووه كه‌وه‌ك نموونه بیهێنینه‌وه بۆ راڤه‌كردن‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی تێزی (رۆسۆ )و (هۆبز).. له‌هه‌مانكاتدا بۆچوونه‌كانی (رۆسۆ)و (هۆبز)وه‌ك بنه‌ماو سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌عریفی بهكاردههێنینو له‌به‌رچاوی ده‌گرین بۆتێگه‌یشتنی زیاتر له بیرۆكه‌ی چیرۆكه‌كه.
(2)
بیرۆكه‌ی ئه‌م چیرۆكهوهك له ناونیشانه‌كه‌یدا دیاره (سه‌رله‌به‌یانی نه‌ورۆزێك) باس له‌وه‌ده‌كات كه كات ده‌مه‌وبه‌یانی یه‌كه‌م رۆژی نه‌ورۆزه، ئه‌گه‌رچی ده‌شتوده‌ر یه‌ك پارچه سه‌وزاییه‌و به‌گوڵ رازاوه‌یه، به‌ڵام پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه، نه‌ك هه‌ر دڵتهنگو نیگه‌رانه، نه‌ك ههردڵخۆش نییه، بهڵكووهك كه‌سێكی نامۆ له‌ده‌وروبه‌ر، ناتوانێتوهك ساڵانی رابردوو بهخۆشیو شادییه‌وه له‌گه‌ڵ یاران جه‌ژنی نه‌ورۆز پیرۆز بكات.
لێره‌وه نووسه‌ر له‌ڕێگه‌ی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌وه ره‌خنه‌ی توند له‌ڕژێمی سیاسی‌و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌گرێت كه ژیان هیچ مانایه‌كی نه‌ماوه. چونكه رهسهنایهتیو دابونهریتو كه‌لتوری نه‌ته‌وه‌یی پاشه‌كشێی كردووه‌و مانا جوانه‌كانی خۆیان له‌ده‌ستداوه.
پاڵه‌وان به‌زمانێكی ساده‌و به‌شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئاسایی باس له رووداوه خۆشه‌كانی رابردوو دهكاتو به‌راوردی ده‌كات به‌ژیانی پڕ له په‌شێوی‌و ناله‌باری ئێستا.. له‌گه‌ڵ هه‌ر روداوێكدا جیاوازییه‌كی گه‌وره له نێوان ئه‌وساو ئێستادا ده‌خاته‌ڕوو. به‌وه‌ی كه جاران ئه‌گه‌ر چی ژیانێكی ساده‌و ساكاریان هه‌بوو، به‌ڵام هه‌میشه‌و به‌تایبه‌تی له رۆژی نه‌ورۆزدا سهرمهستو دڵخۆش بوو. كه‌چی ئێستا ئه‌گه‌رچی ژیان له فۆڕم‌و ناوه‌رۆكدا گۆڕانی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینیووه، كاره‌با هه‌یه، ئۆتۆمبێل په‌یدابووه، شاری گه‌وره دروستبووه، به‌ڵام لایوایه هه‌موو ئه‌م پێشكه‌وتنانه، پێشكه‌وتنی رواڵهتینو نه‌ك هه‌ر نه‌بوونه‌ته مایه‌ی به‌خته‌وه‌ری بۆمرۆڤ، به‌ڵكو به‌شێوه‌ی جیاجیا بوونه‌ته مایه‌ی نیگهرانیو جه‌نجاڵیو ئاڵۆزی زیاتری باری ده‌روونی مرۆڤ. بۆیه پاڵه‌وان خۆزگه به‌ڕابردوو ده‌خوازێت‌و ژیانی ئێستای سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌تده‌كاته‌وه‌و لایوایه هه‌ربه‌ناو ژیانه..
پاڵه‌وان له‌به‌شێكی چیرۆكه‌كه‌دا رازی دڵی خۆیی‌و په‌شێوی باری ده‌روونی ده‌خاته‌ڕوو ئاوها باسی ژیانی ئێستای ده‌كات: (نازانم بۆ هه‌ر ئه‌وسه‌رده‌مه به‌ژیانی خۆم ده‌زانم، ئه‌مدوایی به‌هی خه‌ڵك، ئێستا ئه‌ڵێی میوانم، له‌ماڵی خۆمداوهك میوانوام (3).
ئه‌م نامۆبوونه‌ی پاڵه‌وان په‌یوه‌ندییه‌كی زۆری هه‌یه به‌و ژیانه سه‌خته‌و به‌و ره‌وشه سیاسیه هۆبزییه‌وه كه له‌وڵاتدا به‌رقه‌راره. بۆیه به‌خه‌یاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی له‌سایه‌ی سروشتی پاك‌و بێگه‌ردوو جوان‌دا ژیانێكی ساده‌و ساكار‌و دوور له كێشه‌و چه‌وساندنه‌وه‌و بێ مافییان به‌سه‌رده‌برد.
ئه‌و حاڵه سایكۆژلۆژیهی كهپاڵهوانی تێدایه، هه‌مان ئه‌و حاڵه سایكۆلۆژیی‌و فكرییه كه (رۆسۆ ) له نووسین‌و تیزه فكرییه‌كانی خۆیدا خستویه‌تییه‌ڕوو. (سروشت ) به‌مانا فراوانه‌كه‌ی له‌لای (رۆسۆ) سه‌رچاوه‌ی خێروو چاكه‌و پاكی‌و جوانییه، بۆیه ئه‌گه‌ر ژیان مانایه‌كی هه‌بێـت ئه‌وا ئه‌و مانایه له ناو سروشتدایه نه‌ك له شوێنێكی تردا. سۆنگه‌ی ئه‌م بیركردنه‌وه‌ش له‌لای (رۆسۆ )
ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پێیوایه مرۆڤ به‌سروشتی خۆی بونه‌وه‌رێكی خێرخوازهو دوره له‌هه‌موو ره‌فتارێكی شه‌ڕه‌نگێزی‌و خراپه‌كاری… ئه‌وه‌ی بووه بهماییهی ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ ببێته شه‌ڕه‌نگێزو تهماحكارو چاوچنۆك، كۆمه‌ڵگه‌و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیستمی سیاسییه. ئه‌مه دیارترین جیاوازی نێوان (رۆسۆو هۆبز)ه، پاڵه‌وانی ئه‌م چیرۆكه‌ش هه‌مان بۆچوونی (رۆسۆ)ی هه‌یه بۆژیانو بۆ مرۆڤ‌و بۆ كۆمه‌ڵگه‌و بۆ سیستمی سیاسی.
سروشت لایه‌ی پاڵه‌وان هه‌مان ئه‌و ژینگه‌یه‌یه كه مرۆڤ تیایدا ئاسوده‌و پاك‌و خاوێنه. ئه‌و شوێنه‌یه كه هیچ كه‌سێك مافی كه‌سێكی تر زهوتناكات، ههمووانوهك یه‌ك به‌بێ هیچ تهماحكاریو چاوچنۆكییه‌ك دڵخۆش‌و شاد له‌ده‌وری یه‌كتری كۆبوونه‌ته‌وه.
پاڵه‌وان كاتێك له په‌نجه‌ره‌ی باڵهخانهكهیانهوه ته‌ماشی ده‌روده‌شت ده‌كات، به‌و به‌هاره جوانه سه‌رمه‌ست ده‌بێت، به‌یادی جاران بڕێك دڵخۆشدهبێتو به خه‌یاڵ بۆگهشتو سهیرانو راوشكارو گه‌مه‌كردن ده‌گاته‌وه ئهزمهڕوو سهرچناروو زه‌ڵم‌و قۆپی قه‌راخ(4).
پاڵه‌وان به‌مشێوه‌یه گوزارشت له‌ژیانی ئه‌وسای خۆیان ده‌كات ( ئاه، بۆئه‌و ساڵانه كه چه‌ند براده‌رێك بووین پێكه‌وه لاو‌و تازه هه‌ڵچوو خاوه‌ن ئهسپو تانجیو توڵهو كه‌وی ڕاوی، هه‌موومان تفهنگێكمان هه‌بوو له تفه‌نگی راوی.. هه‌ریه‌كه‌مان بۆخۆی خاوه‌ن هونه‌رێكی تایبه‌تی بوو. (شاكه)ی دهنگخۆشو گۆرانی بێژ، (ناله)ی دهستڕاستو نهچیردۆز، (بله)ی گاڵته‌و گهپو فێڵ بازی، (سمایلی بلوێر ژه‌ن )… هیچمان خاوه‌نی ماڵ نه‌بووین له ئاستی یه‌كتری.. پێنج شه‌موو ههینیووچانی نیوه‌ی ساڵووچانی هاوینان ئه‌چووین بۆ دێهاته‌كان.. باخه‌كان پڕمیوهو كانیاوه‌كان پاراوترو چیاكان پۆشته‌تر، سه‌راپا دارستان بوو پڕ لهباڵدهی ره‌نگاوڕه‌نگ، نێچیری زۆر.. ئاه بۆئه‌و ڕۆژانه، بۆئه‌و شه‌وانه، بۆئه‌و كۆمه‌ڵ‌و ده‌سته براده‌رانه، بۆئه‌و گهشتو سه‌یرانانه كه له تۆماری یاد ناچنه‌وه.
كانیاوی دهشتو بیابانیوشكو سه‌ختی رێگاری ژیانم له یادكردنهوهشیان هه‌ست به‌سروه‌ی شادی ئه‌كه‌مه‌وه..). (5)
ئه‌م یادو یادگارییه، ئه‌م ئاهو خۆزگه هه‌ڵكێشانه‌ی پاڵه‌وان بۆڕابردوو، بۆدهشتودهر، بۆسهیرانو گه‌مه‌كردن هه‌مان ئه‌و (گه‌ڕانه‌وه بۆسروشت )ه یه كه له‌لای (رۆسۆ) هه‌یه.
(رۆسۆ) پێیوایه، مرۆڤ پێش ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه بهڕێكخراویوهك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه دروستبكات، له دۆخی سروشتی‌دا ژیاوه. له‌م دۆخه‌دا هه‌موو مرۆڤه‌كان یه‌كسان بوون‌و هه‌ركه‌سه‌و پێداویستی خۆی دابینكردووه‌و هه‌مووانیش به‌و ژیانه ساده‌یه دڵخۆش‌و رازی بوونه..
(دانتچ ) كه بیرمه‌ندێكه ده‌ڵێت: تایبه‌تمه‌ندی دۆخی سروشتی یه‌كسانی ته‌واوی مرۆڤه‌كان بوو، له‌و دۆخه‌دا هیچ جۆره جیاوازییه‌ك له‌نێوان یهكێكو یه‌كێكی تردا نه‌بوو..
(رۆسۆ) پێیوایه مرۆڤ له‌ژێر كۆمه‌ڵك ههستو سۆزی خۆڕسك‌و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیدا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات كه بهختهوهریو كامه‌رانی بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن.
سروشت لای (رۆسۆ) چه‌ند مانا‌و مهغزایهكیان هه‌یه، جارێك بریتیه له دابونه‌ریت، جارێك غه‌ریزه‌یه، جارێكیش ئه‌و لانكهیه كه منداڵ‌و سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كان تیا گه‌وره ده‌بێت.
(رۆسۆ)ده‌ڵێت: سروشت مانای داب‌و نه‌ریته، جگه له‌نه‌ریت هیچی دی نییه، ئه‌گه‌ر مرۆڤ وه‌ك خۆی مایه‌وه‌و نه‌گۆڕاو توانی پارێزگاری له خواست‌و ویسته ره‌سه‌نه‌كانی خۆی بكات كه سروشت پێی به‌خشیوه، مانای ئه‌وه‌یه كه سروشتی ره‌سه‌نی خۆی له‌ده‌ستنه‌داوه.. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: سروشت مانای غه‌ریزه‌و ههستو عاتیفه پاكه‌كانی مرۆڤایه‌تییه كه هێشتا كۆمه‌ڵ‌و داموده‌زگاكانی نه‌یان شێواندووه… سروشت مانای په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤه دوور لهكۆتوبهندهكانی كۆمه‌ڵگه، واتا په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ به‌پێی پرنسیپه‌كانی سروشت‌و ره‌چاوكردنی قۆناغی گهشهكردنو حه‌زوو ئارهزووهكانیو له دابونهریتو به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه خراپه‌كان، چونكه (رۆسۆ) پێیوایه كه سروشتی منداڵا، سروشتێكی خێرخوازانه‌ی هه‌یه، به‌ڵام كۆمه‌ڵ‌و دابونه‌ریته خراپه‌كانی كۆمه‌ڵگه منداڵ مرۆڤ به‌ره‌و خراپه‌كاری‌و شه‌ڕخوازی ده‌به‌ن.(6)
جگه له (رۆسۆ)(جۆن لۆك )و(ئه‌لفرێد ئادله‌ر)یش هه‌مان بۆچوونیان له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه‌و ئه‌مان ته‌واو پێچه‌وانه‌ی (هۆبز)و(فرۆید)و(مهكیا ڤیللی )یه‌وه بیرده‌كه‌نه‌وه.
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین كه سروشت له‌لای (رۆسۆ) شوێنێكه بۆ پاكبوونه‌وه‌ی مرۆڤ له هه‌موو خراپه‌و تاوانێك، كاتێك مرۆڤ تاوانێك ده‌كات، ئه‌وا هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه له‌سروشتی خۆی لایداوه‌و له‌سروشت هاتۆته ده‌ره‌وه، تاكه ڕێگه‌ش بۆپاكبوونهوه ده‌ستبه‌رداربوونه لهشهڕهنگێزیو شه‌ڕو خراپه، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆدۆخی سروشتی.
پاڵه‌وانی ئه‌م چیرۆكه‌ش هه‌مان ههستو بیروبۆچوونی (رۆسۆ)ی هه‌یه‌و له ژیانی ئێستای كۆمه‌ڵگه بێزاره‌و به‌وپه‌ڕی نیگه‌رانییه‌وه سه‌رزه‌نشتی سروشتی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌نانه‌ت لاوان‌و منداڵانیش ده‌كات كه لهسروشتو پاكی مرۆیی لایانداوه‌و هیچی ئێستا له جارانی رابردوو ناچێت…
به‌مشێوه‌یه گلهییو حه‌سره‌ته‌كان خۆی ده‌خاته‌ڕوو: (ئه‌وسا دۆستایه‌تی زۆر گه‌رم بوو خه‌ڵكی یه‌كتریان زۆر خۆشده‌ویست، ئه‌وسا وه‌فا هه‌بوو وه‌فا.. منداڵه‌كانی ئێستا وه‌ك منداڵانی جاران نین، ئه‌و یارییانه‌ی جاران نازانن نهسهیرانو گهشتو راو، نه‌گۆرانی به‌سۆز، نهدڵداریو گیانی به‌گیانی، تا دڵداریش به‌پاره‌یه‌و بۆپارهیه… ). (7)
هه‌موو ئه‌مانه ئاماژه‌ی ناڕه‌زایه‌تی پاڵه‌وانه له‌دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی.
نووسه‌ر له‌ده‌می پاڵه‌وانه‌وه به‌راوردی ئه‌وساو ئێستا ده‌كات.. كه دیاره ئه‌وسا ئاماژه‌یه بۆ دۆخی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌مانا(رۆسۆ)ییه‌كه‌ی. ئه‌وه به‌یانده‌كات كه (ئه‌وسا ئازاد‌و ئێستا گیرۆده‌ی سه‌د داوه، ئه‌وسا بێ كاره‌باو مۆبیله‌و رادیۆ‌و ئۆتومبیلو ئاوی بۆری‌و ئاسوده‌و بارسوكو رون‌و ره‌وان وه‌ك سروه‌ی به‌یان، ئێستا لوله‌ی تفهنگو ده‌ستڕێژی شهستیرو كه‌له‌پچه‌و بگره‌وبه‌رده‌ی پۆلیس‌و زیندان.. ئێستا رووناكی كاره‌باو تاریكی ترس‌و په‌ژاره‌ی گیان. ئێستا كاسبووی ده‌نگی مه‌كینه‌و ئاگرو ئاسن‌و نه‌وت، به‌ڵام كه‌ڕو لاڵاو گۆج به‌جادووی قانون.گۆج له‌به‌ر زنجیر‌و زیندان ئه‌وسا تافی لاوی‌و جوانی ئێستا ده‌می پیری‌و كه هه‌رساڵه خهفهتێكو هه‌ر رۆژه ده‌ردێك…).(8)
به‌هه‌مانشێوه (رۆسۆ)ش پێیوایه مرۆڤ له دۆخی سروشتی‌دا دڵخۆش‌و بێ غه‌مه، ته‌نها ئه‌وكاته ده‌گاته حاڵه‌تی شه‌ڕه‌نگێزی كه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌وپێشچوونی به‌خۆیه‌وه‌بینی. له دۆخی سروشتی‌دا مرۆڤ راسته‌وخۆ هه‌ستی بهئێشو ئازاری هاوڕه‌گه‌زی خۆی ده‌كرد.
به‌لای (رۆسۆ)وه به‌زه‌ییپێداهاتنه‌وه هه‌ستێكی سروشتییه‌و واده‌كات مرۆڤ له‌ڕێی خۆشویستنی خۆیه‌وه، هه‌مان هه‌ستی به‌رامبه‌ر ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌بێت. له‌و كاته‌دا مرۆڤ هه‌ستی به جیاوازی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام كاتێك دووچاری هه‌لومه‌رجێكی ترهات، ژیانی له‌دۆخی سروشتییه‌وه گۆڕدرا بۆ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌وكاته‌وه مرۆڤ بووبه بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و بووبه كه‌سێكی شه‌ڕه‌نگێزو كێشه‌و ململانێ له نێوان ده‌وڵه‌مه‌ندو هه‌ژاراندا ده‌ستی پێكرد، بووبه بونه‌وه‌رێكی چاوبرسی‌و له هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی تایبه‌تی خۆیدا بوو. ئاكامی ئه‌مه‌ش جیاوازییه‌كی روون‌و ئاشكرای لێكهوتهوه، موڵكایه‌تی تایبهتیو بێ مافی‌و نه‌مانی ئازادییه سیاسییه‌كان.. هه‌موو ئه‌م خه‌سڵه‌ته دزێوانه، مرۆڤ له دواقۆناغه‌كانی دۆخی سروشتی‌دا فێریان بوو، كاتێك مه‌یلی خۆپه‌رستی زیادی كرد‌و هۆكاره‌كانی دوژمنایهتیو كێبركێ كردن تاویان سه‌ند…
(رۆسۆ) له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (هاتنه‌ئارای موڵكایه‌تی كۆتایی به‌یه‌كسانی دۆخی سروشتی هێنا، ئه‌مه‌ش دوا قۆناغی دۆخی سروشت‌و یه‌كه‌مین هه‌نگاوی زه‌قبونه‌وه‌ی نایه‌كسانی بوو له دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی دا. كۆمه‌ڵگه مرۆڤی وێران كرد ده‌وڵه‌تیش بهڵایهكهو گه‌شه‌ی ئابووری‌و هێناویه‌تێ ئاراوه، به‌ڵای گه‌وره‌ش نه‌بوونی یه‌كسانییه له نێوان ئینسانهكاندا).(9)
ئه‌و دۆخه‌ی كه‌بووه مایه‌ی نیگهرانیو بێزاری پاڵه‌وان، رێك ئه‌و دۆخه سیاسییه‌یه كه (هۆبز)وه‌ك حه‌تمیه‌تی مێژوو، له دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی‌دا له كتێبی (لیڤیتان)دا ده‌یخاته‌ڕوو كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بیروبۆچوونه‌كانی (رۆسۆ)یه..
(هۆبز) كه لایه‌نگری ده‌سه‌ڵاتی ره‌های پاشایهتیو سیستمی دیسپۆتیزمی سیاسییه، پێیوایه مرۆڤ له دۆخی سروشتی‌دا گۆرگێگ بووه له ناو كۆمه‌ڵه گورگێكی تردا، بۆئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌م دۆخه رزگاری بێت، ده‌بێت دۆخی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی دروستبكات. دۆخی سیاسی‌و كۆمهڵاتیش له‌لای (هۆبز )بریتییه له ملكه‌چبوونی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه بۆده‌سه‌ڵاتی سیاسی، له‌مه‌ش زیاتر بۆده‌سه‌ڵاتی ره‌های ته‌نها پاشایه‌ك كه ئه‌و پاشایه خاوه‌نی سه‌روه‌رییه‌و هیچ كه‌سێك بۆنییه له دژی بووه‌ستێته‌وه.. هه‌موو ئه‌مانه‌ش بۆیه، چونكه ته‌نها له‌م رێگه‌یه‌وه‌یه كه ده‌توانرێت سنورێك بۆ چاوچنۆكی‌و شه‌ڕه‌نگێزی‌و ته‌ماحكاری مرۆڤ دابنرێت. (10)
به‌كورتی بڵێین: ده‌سه‌ڵات، له ناو ده‌سه‌ڵاتیشدا ده‌سه‌ڵاتی ته‌نها كه‌سێك ده‌بێته ئه‌و (لیڤیتانه _ئه‌ژدیها)یه كه‌بتوانێت هه‌موو دڕندهیهتییهكی مرۆڤ له ناو ببات.. ده‌سه‌ڵاتداره سته‌مكاره‌كان به‌شێوه‌ی جیاجیا كاریان له‌سه‌ر ئه‌م تێزه‌ی (هۆبز)كردووه‌و به‌م بیانووانه‌وه خه‌ڵكیان چه‌وساندووه‌ته‌وه.
ئه‌و دۆخه سیاسیه كه له‌م چیرۆكه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو ته‌واو له‌و دۆخه ده‌چێت كه (هۆبز)بانگه‌شه‌ی بۆده‌كات، هیچ كه‌سێك مافی ژیان‌و ئازادی‌و ته‌عبیركردن له‌ئیراده‌ی خۆی نییه، له‌ڕێگه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌وه ئه‌وه تێده‌گه‌ین كه رژێمی سیاسی ئه‌وكاته چه‌ند رژێمی سته‌مكاربووه، پاڵه‌وان ئاوهاوێنه ئه‌و دۆخه سیاسییه ده‌كێشێت كه‌تێیدا ژیاوه ده‌ڵێت: (لای خۆی جه‌ژنه، ئه‌مڕۆ جه‌ژنی نه‌ورۆزه كه‌چی له‌دوێنێوه پۆلیس ژیانی له‌خه‌ڵكی تاڵكردووه سه‌ر رێگا‌و شه‌قامه‌كانیان گرتووه‌ته‌ده‌ست، بهلیسو تفهنگو به‌كڵاوه‌ی ئاسنییه‌وه، به چاوی زهقو پركینهیهوه خه‌ڵكیان تۆقاندووه، بۆنابێت له پێنج كه‌س زیاتر به‌یه‌كه‌وه بگه‌ڕێن، یان بووه‌ستن، بۆ نابێت له خۆرئاوا تا خۆرهه‌ڵات كه‌س له ماڵی خۆی ده‌رنه‌چێت؟ سه‌یرانی چی رابواردنی چی هه‌موو شتێك یاساخه دوێنێ ئه‌و كۆمه‌ڵه لاوه‌یان له نیوه‌ی رێگا به‌ده‌ستی كه‌له‌پچه‌و سه‌رو گوێلاكی خوێناوییه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆناو زیندان. هێرشێكی كه‌شیان برده سه‌ر چایخانه‌یه‌ك چه‌ند لاوێك له‌به‌ر خۆیانه‌وه گۆرانی‌یان ده‌وت.. قۆریو پیاڵه‌و سه‌ماوه‌رو كورسی‌و مێز شكێنرا بهسهریهكاو بهسهرخهڵكهكهدا. گۆرانی، گۆرانی یاسخ بێت! هه‌ركه‌س به‌و دهوروبهرهشدابوون بێبه‌ش نه‌بوون له نوكه شهقو قۆناغه تفهنگو جوێن ).(11)
به‌مشێوه‌یه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و دۆخه سیاسییه كه له‌وڵاتدا هه‌یه، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی دۆخی سروشتییه كه(رۆسۆ)باسی لێوهدهكاتو پاڵه‌وانی ئه‌م چیرۆكه خۆزگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆدهخوازیت وه‌ك ئه‌وه‌ی (رۆسۆ) بانگه‌شه‌ی بۆده‌كات، چونكه به‌پێی بۆچوونی (رۆسۆ)و پاڵه‌وانی ئه‌م چیرۆكه دۆخی سروشتی پڕاوپڕه له ئازادی‌و سهربهستیو ماف.. به‌ڵام له ئێستادا كۆمه‌ڵگه ئه‌و جوانی‌و پاكییه‌ی له‌ده‌ستداوه‌و لیپه له‌كه‌سانی سیخوڕ‌و پۆلیس‌و یاساوڵو كه‌سانی دڵپیسو به‌خیل… بۆیه هیچ متمانه‌یه‌ك له نێوان ده‌سه‌ڵاتدارو هاووڵاتیاندا نه‌ماوه‌ته‌وه هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌ویتر به‌نه‌یارو دوژمنی خۆی ده‌زانێت. ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی هێزو زه‌بروزه‌نگه‌وه جه‌ماوه‌ر زیاتر كۆیله‌و پاوان بكه‌ن، جه‌ماوه‌ریش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتداران له‌ناو ببهنو ئازادی خۆیان به‌ده‌ستبهێننه‌وه.
ئه‌و دۆخه سیاسییه‌ی كه له چیرۆكه‌كه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو ئه‌و دۆخه سیاسییه نییه كه (رۆسۆ) له په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندی نێون گهلو ده‌سه‌ڵاتداران باسی ده‌كات…
(رۆسۆ) پێیوایه كه مرۆڤ له بناغه‌دا سهربهستو ئازاده، هیچ كهسو لایه‌نێك بۆی نییه ئه‌م ئازادی‌و سه‌ربه‌ستییه‌ی لێ زه‌وتبكات، ئه‌م ئازادییه‌ش له‌سروشتی مرۆڤدا هه‌یه‌و له سروشتیشه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه.
(رۆسۆ ) له‌و بڕوایه‌دایه كه ئه‌گه‌ر بڕیاربێت مۆرڤ دۆخی سروشتی تێبپهڕێنێتو دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كۆمهلًَگهی سیاسی دروستبكات، ئه‌وا ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای رێككهوتنو ره‌زامه‌ندی گهلو ده‌سه‌ڵاتداران بێته كایه‌وه‌و دروستبێت‌و به‌هه‌ردوولا گرێبه‌ستێك مۆربكه‌ن كه (رۆسۆ) ناوی لێناوه (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی _العقد الاجتماعی ). له‌م حاڵه‌دا كۆمه‌ڵ به‌ڕه‌زامه‌ندی هه‌ردوولاو به‌ئاره‌زووی خۆی‌و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌ستبه‌رداری هه‌ندێك له ئازادییه تایبهتیو شه‌خسییه‌كانی خۆیان ده‌بن.
(رۆسۆ) ده‌ڵێت: (مرۆڤ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی سروشتی بۆماوه‌یی له سه‌ر دۆست‌و هاوهڵانییه، بۆیه هیچ كاتێك هێز حهقو ره‌وایه‌تی به‌رهه‌مناهێنێت، ته‌نها رێككهوتنو گرێبه‌ستی نێوانیان بناغه‌و سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعییه بۆمرۆڤ )(12).
به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی (رۆسۆ)وه، ئه‌و دۆخه سیاسییه‌ی كه هه‌یه‌و له‌م چیرۆكه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو، نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ره‌زامه‌ندی گه‌ل دروستنه‌بووه، به‌ڵكو دۆخێكی سیاسی هۆبزیو مهكیاڤیللیانهیهو له‌سه‌ر بنه‌مای هێزو زه‌بروزه‌نگ بونیادنراوه كه حكومڕان ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌یه‌و گه‌لیش خاوه‌نی هیچ ئیراده‌یه‌ك نییه.
له سایه‌ی سیستمێكی سیاسی ئاوهادا په‌یوه‌ندی نێوان گهلو ده‌سه‌ڵاتداران، وه‌كو په‌یوه‌ندی نێون كۆیله‌و خاوه‌ن كۆیلهوایه. كه گه‌ل كۆیله‌و ده‌سه‌ڵاتداریش خاوه‌ن كۆیله‌یه. سه‌رئه‌نجام ئه‌م دۆخه سیاسییه به مێگهلكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه.
نووسه‌ر له‌ڕێگه‌ی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌وه ره‌خنه‌ی توند له‌ڕژێمی سیاسی هۆبزیو مهكیاڤیللیانهی ئه‌و سه‌رده‌مه دهگرێتو به‌راوردێك له نێوان ژیانی رابردوو ئێستادا دهكاتو ده‌ڵێت: (ئه‌وسا پۆلیسوا زۆر چه‌قاوه‌سوو شه‌ڕفرۆش نه‌بوو تابه‌یانی بۆهه‌ركوێ بچوینایه كه‌س ده‌ستی نه ئه‌هێنایه بهرڕێمان، ئێستا بۆهه‌ركوێ ئه‌چیت پۆلیس به‌دواته‌وه‌یه، كێ ئه‌توانێ به تفهنگو ده‌مانچه‌و خه‌نجه‌ره‌وه بگه‌ڕێت، مه‌گه‌ر به‌گزاده‌و شێخ‌و ئاغا‌كان. ئه‌وسا هه‌ركات ئاره‌زوومان بیهێنایه ئهمانكرده تهقوتۆقو نیشان نانه‌وه. ئێستا له‌شار ده‌رئه‌چیت ناوت ئه‌نووسن، دێیته‌وه ناوت ئه‌نووسن، میوانت دێ ناوی ئه‌نووسن، ئه‌چیته میوانی ههرناوت ئه‌نوسن…).(13)
له‌م دیمه‌نه‌دا خوێنه‌ر ئه‌وه ده‌خوێنێته‌وه كه گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی له سایه‌ی سیستمێكی ئاوهادا هیچ مانای نییه، چونكه گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایی هه‌تا ئه‌و كاته ره‌وایه كه‌یاساو مافی مرۆڤ له كۆمه‌ڵدا بوونی هه‌بێت، هه‌ركاتێك ئه‌مانه له به‌ین بران، ئه‌وا گرێبه‌سته‌كه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و شه‌رعییه‌تی فه‌رمانڕه‌وای له‌به‌ین ده‌چێت. چونكه مه‌رجی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی، ره‌زامه‌ندییه‌كی دوو لایه‌نییه، نه‌ك یه‌ك لایه‌ن به‌زۆر بیسه‌پێنێت به‌سه‌ر لایه‌نه‌كه‌ی تردا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆكه‌دا هاتووه.
به‌بۆچوونی (رۆسۆ) گواستنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌دۆخی سروشتییه‌وه بۆ دۆخی سیاسی ده‌بێته مایه‌ی گۆڕان له‌ناخی مرۆڤدا، چونكه مرۆڤ ئه‌نجامی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سهربهستیو ئازادی سروشتیی خۆی له‌ده‌ستده‌دات، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا سهربهستیو ئازادی مهدهنیو سیاسیی‌و موڵكداری به‌ده‌ستده‌هێنێت. به‌ڵام مرۆڤ له‌سایه‌ی ئه‌و دۆخه سیاسییه‌ی كه له‌چیرۆكه‌كه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو، دوای ئه‌وه‌ی ئازادی سروشتیی له‌ده‌ستده‌دات، ئازادی سیاسیی‌و مه‌ده‌نیش به‌ده‌ستنه‌هاتووه. ئه‌مه ئه‌و حاڵه‌تی بهكۆیلهبوونهی مرۆڤه كه‌نووسه‌ر بیرۆكه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی له‌سه‌ر بونیادناوه.
ئه‌و باره دهروونییو كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌نانه‌ت پیشهییهش كه پاڵه‌وان هه‌یه‌تی، په‌یوه‌ندی زۆری به‌كه‌لتوری شار‌و لادێوه هه‌یه، كه دوو كه‌لتوری ته‌واو جیاوازن له‌یه‌ك. ئه‌مه‌ش ئه‌و بابه‌ته‌یه كه زۆربه‌ی زۆری زانایانی كۆمه‌ڵناسیی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌وه ده‌خه‌نه‌ڕوو كه كه‌لتوری لادێ كه‌لتورێكی كۆمه‌ڵایه‌تی داخراوه، په‌یوه‌نییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان شێوه‌یه‌كی میكانیكییان هه‌یه، كه تاك له‌ناو كۆمه‌ڵدا تواوه‌ته‌وه، به‌ڵام كه‌لتوری شار، شێوه‌و ناوه‌رۆكێكی ئه‌ندامی هه‌یه، تاك تیایدا خاوه‌نی ناسنامه‌و كه‌سێتی خۆیه‌تی. به‌ڵام ئه‌و شاره‌ی كه پاڵه‌وان به‌ناچاری تێیكه‌وتووه، ئه‌و شاره مۆدێرنه نییه كه تاك تیایدا سه‌ربه‌ست بێت. بۆیه لێره‌وه پاڵه‌وان چه‌ند هێنده‌ی تر له ژیانی شار بێزار دهبێتو خۆزگه بۆ رابردووی لادێ هه‌ڵده‌كێشێت. نه‌ك هه‌رئه‌مه، به‌ڵكوو خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاریش دڵخۆشی ناكات.
پاڵه‌وان كه پێشتر ماڵیان له‌لادێ ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی باوكی ده‌مرێت خهمو به‌رپرسیارییه‌تی‌و به‌خێوكردنی خێزان، له‌گه‌ڵ قه‌رزێكی زۆر كه له‌باوكییه‌وه بۆ ئه‌م ده‌مێنێته‌وه، ناچارده‌بێت هه‌رچییان هه‌یه بیفرۆشن، یان خاوه‌ن قه‌رز له‌بری قهرزهكهی بۆخۆی بیبات.. به‌م شێوه‌یه لادێ جێدههێلێتو كۆچده‌كات بۆشار.. به‌ڵام ئه‌م كۆچه، كۆچێكی ئاسایی نییه، چونكه به‌هۆیه‌وه رهسهنایهتو كلتور‌و دابونه‌ریتی باوباپیرانی له‌ده‌ستده‌دات.
پاڵه‌وان به‌وپه‌ڕی نیگه‌رانییه‌وه به‌م شێوه‌یه سه‌ره‌تای كۆچی خۆیمان له‌لادێوه بۆشار بۆده‌گێڕێته‌وه : (ئه‌سپ فرۆشرا، تانجی خوێڕی بوو، كه‌و له‌بن ماڵدا كه‌وتن بێ‌ناز، ئه‌و رۆژه‌ی خاوه‌ن قه‌رز ئه‌سپه‌شێی له‌ده‌رگایی ماڵ برده‌ده‌ره‌وه هه‌ردوو چاوم پڕبوو لهفرمێسكو هه‌ناسه‌یه‌كی دووكهڵاویم بۆههڵكێشاوهك ماڵئاوایی له‌ژیانی رابردوو بكه‌م).(14)
پاڵه‌وان كه دێتهشارهوه، له‌دادگا ده‌بێت به‌نووسه‌ر، به‌ڵام ئه‌م پیشه‌یه هه‌رگیز خه‌جی رۆژانه‌ی بۆدابین ناكات، بۆیه هه‌وڵده‌دات كه له‌یه‌كێك له‌فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌ت ببێت بهموچهخۆری ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام مووچهخۆریو فه‌رمانبه‌ری كه سیمایه‌كی شارییان هه‌یه‌و خاوه‌نی كه‌لتوری تایبه‌تی خۆیهتیو زۆر جیاوازه له كه‌لتوری لادێ، ده‌بێته‌مایه‌ی زیاتری بێزاری پاڵه‌وان، به‌ڵام به‌ئاسانی ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌و واقیعهبێت كه تێیكه‌وتووه. سه‌رئه‌نجام وه‌كو ههرفهرمانبهرێكی تری ده‌وڵه‌ت له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت به ئه‌ندام.. به‌ڵام ههرنیگهرانو بێزاره، سه‌رزه‌نشتی خۆی ده‌كات كه په‌تای چاولێكه‌ری ئه‌میشی گرتووه‌ته‌وه.. بۆیه له‌ناو یانه‌كه‌شدا خۆی به‌نامۆ ده‌زانێت، هه‌تا ماوه‌یه‌ك هه‌ربه‌ته‌نها بێ هاوڕێ ده‌بێت، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام تێكه‌ڵاوی ئه‌ندامانی تری یانه‌كه دهبێتو وه‌كو ئه‌وان شه‌وانه ده‌بێت به‌هاوڕێی (پێك‌و پهپاز)..
نه‌ك هه‌رئه‌مه، به‌ڵكو ژیانی شار‌و پیشه‌كه‌ی، پاڵه‌وان ناچار ده‌كه‌ن كه ده‌ستبه‌رداری له‌به‌ركردنی جله ره‌سه‌نه‌كانی خۆی بێت كه جلی كوردییه. وه‌كو ههرفهرمانبهرێكی تر جلی ئه‌فه‌ندی لهبهردهكاتو وه‌كو ئه‌وانیش ره‌فتار ده‌كات، كه ئه‌مه له‌گه‌ڵ ناخ‌و دهروونو بیروبۆچوونی ئه‌مدا ته‌واو پێچه‌وانه‌ن.. پاڵه‌وان له‌سروشتی كار‌و رۆتینی چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ی ژیانی شار بێزارده‌بێت، هه‌ستده‌كات رۆژه‌كانی ژیانی هه‌موویان كۆپی یه‌كترن.. ده‌ڵێت : (هه‌موو رۆژ له‌یه‌ك كات بچم‌و له‌یه‌ك كات بێمه‌وه بۆ هه‌مان ژوور، هه‌مان كورسی، هه‌مان مێزو قهڵهمو فایلی ئێسك قورس، چاوم به‌و سه‌رو سیمایانه بكه‌وێته‌وه‌و گوێم له‌و ده‌نگانه ببێته‌وه كه دوێنێ‌و پێرێو هه‌زار پێرێ له‌مه‌وبه‌ر تووشیان بووم‌و بێزاریانكردووم).(15)
نووسه‌ر له‌كۆتایی چیرۆكه‌كه‌و له‌ده‌می (پۆڵا) ی كوڕی پاڵه‌وانه‌وه هه‌مان بۆچوونی (رۆسۆ) پشتڕاست ده‌كاته‌وه كاتێك كه باوكی له‌و خه‌یاڵه‌ی پێوه‌ی گیرۆده‌یه بهئاگادێنێتهوهو داوای ورهبهرزیو هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی لێده‌كات.. (پۆڵا) به باوكی دهڵًیت: (ئێمه كوڕی ئه‌م رۆژه‌ین، هی ئه‌م سه‌رده‌مه، ئه‌م بگرهوبهردهیهمان پێخۆشه، چونكه له‌ڕێگه‌ی ئامانجێكی به‌رزو پیرۆزه‌دا ئهیكێشین كه ژین بۆهه‌موو كه‌س خۆشكردنه).(16)
ئه‌م دایه‌لۆگه پڕاو پڕهلهگیانی شۆرٍشگێڕو بهرخۆدانو ته‌ئكیدكردنه‌وه‌یه له‌به‌ده‌ستهێنانی ئازادی سیاسی‌و مافی مرۆڤ..
(رۆسۆ) ش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه نابێت مرۆڤ به‌بێ به‌ده‌ستهێنانی مافی سیاسی‌و مه‌ده‌نی، ده‌ستبه‌رداری ئازادییه سروشتییه‌كانی ببێت، چونكه وازهێنان له ئازادی، وازهێنانه له هه‌موو مۆركێكی مرۆڤایه‌تی(17).
سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د
سه‌رچاوه‌كان:-
1. سامان مارف به‌رزنجی‌و عمر مارف به‌رزنجی : سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌كانی مارف به‌رزنجی شه‌هید، هه‌ولێر، 1993، ل 188.
2. هه‌مان سه‌رچاوه ل 58.
3. هه‌مان سه‌رچاوه، ل 189.
4. هه‌مان سه‌رچاوه، ل 188.
5. هه‌مان سه‌رچاوه، ل 189.
6. د. مو‌سا ئیبراهیم : فیكری سیاسیی خۆرئاوا له مهكیاڤیللیهوه تارماكس، وه‌رگێرانی: شوان ئه‌حمه‌د، ده‌زگای سه‌رده‌م، سلێمانی، چاپی یه‌كه‌م، 2005، ل 196 – 197.
7. سامان مارف به‌رزنجی‌و عمر مارف به‌رزنجی: هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل189.
8. هه‌مان سه‌رچاوه، ل 193.
9. د. مو‌سا إبراهیم: هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 198.
10. هه‌مان سه‌رچاوه، ل 127.
11. سامان مارف به‌رزنجی‌و عمر مارف به‌رزنجی: هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل192 – 193.
12. جان جاك رۆسۆ : العقد الجتماعی، ترجمه ژوقان قرقوگ، مكتبه النهچه، بغداد، 1983، ل 41.
13. سامان مارف به‌رزنجی‌و عمر مارف به‌رزنجی: هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل190.
14. هه‌مان سه‌رچاوه، ل 191.
15. هه‌مان سه‌رچاوه، ل 192.
16. هه‌مان سه‌رچاوه، ل 194.
17. د.كریم شریف قه‌ره‌چه‌تانی: سروشتی مرۆڤایه‌تی له‌ڕوانگه‌ی جان جاك رۆسۆو سیگمۆند فرۆیده‌وه، هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 2003، ل 50