شتى دیکە…. نەوزاد بەندى
– 1 –
ئێمە لە فەرمانگە ،
هەریەکەمان یەک خانو
یەک ئوتومبیل
یەک موچە
یەک ژن
یەک کوڕ
یەک کچ
یەک خەون..
یەک سەلاجەمان هەیە …
بەڵام بەڕێوبەرەکەمان ،
بێجگە لە خانویەک ،
کۆشکى دیکە ..
شوقەى دیکە ..
ڤیللاى دیکەى هەیە ..
ئەو بێجگە لە مارسیدس بێنز
ئوتومبیلى دیکەیشى هەیە ،
وەکو : تاهو
لاریدۆ
فۆرد ئێکسپلۆرەر
ئەو بێجگە لە موچەى فەرمى،
موچەى دیکەیشى هەیە ،
وەکو نەسریە
حەوافیز
ئۆڤەر تایم ..
سیمى پریڤەیت و
موچەى دیکەیش ..
بەڕێوبەر بێجگە لە یەک ژن ،
ژنى دیکەیشى هەیە ..
کوڕى دیکەیشى هەیە ..
کچى دیکەیشى هەیە ..
هەر بۆیە بەڕێوبەر ،
بە هیچ جۆرێک ڕازى نییە ،
کورسیەکەى
بۆ بەڕێوبەرێکى دیکە چۆڵ بکا ..
بە هەموو چەکێک
لەو پێناوەدا ئەجەنگێ :
بە یاسا
بە واسیتە
بە بەرتیل
بە شەڕ
و
چەکى دیکەیش …
ئێمە خودا ئەمانپارێزێ و
هیچ کەسێک حیمایەمان ناکا ..
بەڵام بەڕێوبەر ،
بێجگە لە کەمال و مارف ،
حیمایەى دیکەیشى هەیە
وەکو
سکرتێر و
چا لێنەر و
پۆلیس و
شۆفێر و
نهێنگر ..
– 2 –
( حەز )
جاران حەزم لە هەموو شتێک بوو ..
دۆستایەتیم لەگەڵ بەهار و
هاوین و
پاییز و
زستاندا هەبوو ..
خزمایەتیم لەگەڵ شەو و
رۆژدا هەبوو ..
لە یەک کاتدا ،
گۆرانى فارسى و
عەرەبى و
ئینگلیزى و
کوردى
لە یەک ساتدا ،
عاشقى
مەیادە حەناوى و
برۆک شێڵدز و
هیمامیلانى و
بریجیت باردۆ بووم ..
جاران پەیوەندیم لەگەڵ هەموو خواردنێکا هەبوو ..
لەگەڵ هەموو خواردنەوەیەکا ئەچوم بۆ پیاسە ..
سەعیم لەگەڵ هەموو جۆرەکانى چەرەس و
ترشیاتدا ئەکرد ..
هەموو جۆرەکانى جگەرە هاوڕێم بوون ،
هاوڕێى تەنگانە ..
هەموو ئیستگەکان دڵدارم بوون :
مۆنتیکارلۆ ،
لەندەن ..
دەنگى ئەمەریکا ..
سەوتولجەماهیر ..
ئیزاعەى بەغداد ..
هەموو بڵاوکراوەکان هاوەڵم بوون :
بەیان
رۆشنبیرى نوێ
شەرارە
ڕێبازى نوێ
کاروان
هاوکارى
مجەلەتى
مزمار
راسید
قادسیە
عێراق
سەورە ..
ئەلموعەلیمولجەدید
تەبیبەک
شەبەکە
نجوم
ئەلعەرەبى
جاران هەموو شارەکان
قەرەوێڵەیەک و
لۆکەرێک و
بالیفێکیان بۆ دانابووم :
بەغداد
موسڵ
ئەنبار
حللە
کەرکوک
هەولێر
جاران دڵم زۆر گەورە بوو ..
جێگاى ئەو هەموو شتەى تێدا ئەبۆوە ..
ئێستایش هەموو تەمەنم لە نیوان 3 ژووردا بەسەر ئەچێ :
ژوورى نوستن
ژوورى فەرمانگە
دوکانەکەم
ئێستا هەموو تەمەنم لە شارێکا بەسەر ئەچێ :
سلێمانى
ئێستا چاوەڕوانى هیچ شتێک ناکەم ،
تەنها بەڕووى ئەوانەوە پێدەکەنم ،
کە چاوەڕوانى منن ،
ئیشەکانیان بۆ ڕاپەڕێنم