ئەگەر مێ بومایە … ئەحمەدی مەلا
Closed
حەزم دەکرد مێ بومایە،
هەستی یەکەم گوێزانی خەتەنە و
یەکەم خوێنی ئاڵ و
ژیانم ببینیایە چۆن
بە خۆڕایی بە نێو لینگی بەشرییەتدا
دادەچۆڕێ!
حەزم دەکرد مێ بومایە،
گوێم لە چرپەی پیاوان و
مێردمنداڵانی گەڕەک بوایە
چۆن باسی شەوی زاوابوون دەکەن…
ئەو دەبێتە زاوا و منیش چاوشۆڕ
دەکرێمە ژن…
کاتێک بە کۆڵانەکاندا هەنگاو دەنێم
گوێم لە هەناسەی داماو و
حەسرەتی خەلیفە و
تەنانەت گوێم لە رەنگی سووری
دونیا دەبێ
حەزم دەکرد مێ بومایە
بۆ ئەوەی پڕ بە گەروو
بمشیڕاندایە
تاکو کەی
لە منداڵدانەوە
تا لێواری گۆڕ
حەزیان لێیە
پەردەی کچێتیم
تازە بێ، سەرمۆر