
ئێمه و ئه‌وان له نێو زه‌مه‌نه‌كه‌ی باشلاردا
چه‌نده نائارامییه‌كی ده‌روونی گه‌وره‌یه بۆ كه‌سانێك له‌وسه‌ری ئۆقیانووسێكهوه بۆ ئه‌وسه‌ری ئۆقیانووسهكهی تر هه‌ر سه‌ر ئاو بن و ئه‌و ئاوستانه كاكی به كاكییه تهیكهن !. چه‌نده ئومێدێكی گه‌وره‌ش هه‌میشه تیژیاندهكاتهوه و ئه‌و ئه‌ڵقه بۆشانه‌ی ساته‌كانیان كه تیایاندا هه‌ست به نائومێدیی ده‌كه‌ن بۆ ده‌كاته سه‌ر له نوێ هێز كۆكردنه‌وه تاوه‌كو باشلا‌ر وته‌نیی له ئه‌ڵقه‌ی دادێی زه‌مه‌نی ژیاویاندا كه‌سی ئه‌كتیڤ بن و بۆ ئاسۆی دواتر هه‌نگاو هه‌ڵنێن. ئه‌مانه هه‌میشه له دوا ئه‌وه‌ن خه‌ونه‌كانیان بكه‌ن به راستی و تا پێیان بكرێ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دیاته‌كانی سرووشت ده‌كه‌ن و هه‌ر ساتێكیان كهف و كوڵی ئومێد گه‌رمتریان ده‌كا و هه‌ر ئه‌مه‌شه به‌رده‌وامیی و هه‌ر ئه‌مه‌شه وه‌ڵام له دوا وه‌ڵامی پرسیاره بێزاركه‌ره‌كانی مێشكی خۆیان كه هیچ كاتێك وازیان لێناهێنێ و به‌رده‌وام راویان ده‌نێ.
ئه‌مانه‌ی قسه‌ی سه‌ره‌وه ده‌یانگرێته‌وه ئێمه نین به‌ڵكو ریسككهره فاوستییهكانی نێو ئۆقیانووسهكانن ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه مانای تازه‌تر بۆ ژیانی خۆیان بدۆزنه‌وه سات دوای ساتی زه‌مه‌نی خۆیان ده‌كه‌ن به زه‌مه‌نی مه‌عقول و هه‌نگاوه‌كانیان به‌ره‌و شوێنه شاراوه‌كانی شوێن و بڕگه شاراوه‌كانی زه‌مه‌نیان ده‌بات.
تا كه‌ی ئێمه‌ی به‌سته زمانیش نیشتمانمان هه‌ر سه‌ر ئاو بێ و له شه‌پۆلێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر و له زریانێكهوه بۆ یه‌كێكی دیكه به باوه‌شی كراوه به‌ره‌و ئاسمان مه‌ده‌د له یه‌زدان داواكهین و وه‌ك گوناهبار له پاڕانه‌وه دابین تاوه‌كو ئه‌مجاره‌ش له كه‌نارێكی ئارام بگیرسێینه‌وه؟!.
ئێمه ئه‌مڕۆ ئه‌م كه‌سانه نین كه باشلا‌ر پێیوایه ده‌بێ ئه‌وه‌نده پڕ بن و ساته‌كانی حه‌سانه‌وه‌ی دوا كارێكی جیددیی به بیركردنه‌وه و حه‌سانه‌وه‌ی مێشك به‌سه‌ر به‌رن تاوه‌كو له بڕگه‌كانی دادێی زه‌مه‌ندا ئه‌كتیڤتر له ئێستا ده‌ركه‌ون!، زه‌مه‌نی ئێمه له‌مڕۆدا زه‌مه‌نێكی پچڕپچڕی نا یهكدیگیره و ئه‌وه‌نده‌ی به‌تاڵایی تێدایه ته‌نانه‌ت كاتمان نییه بۆ بیركردنه‌وه تاوه‌كو له خه‌م و خه‌ونه‌كانی خۆمان ڕامێنین به‌و ئومێده‌ی چاره‌سه‌رێك ، قسه‌یه‌كمان هه‌بێ له‌سه‌ر گرفته‌كانمان.
زه‌مه‌نی ئێمه زه‌مه‌نی كه‌سه راكردووه‌كانی خه‌یاڵ و رامانه‌كانی خۆمانه و ئه‌وه ئێمه‌ین له جیاتی ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵه‌وه به‌ره‌و واقیع بچین هه‌میشه له واقیعه‌وه به‌ره‌و خه‌ون و خه‌یاڵ له ڕێداین و ئه‌وه‌نده‌ی له‌و پیاسه و گه‌شته بهردهوامانهمان روح و جه‌سته‌مان حه‌ساوه‌یه له هه‌وڵ بۆ ده‌رس وه‌رگرتن نین تاوه‌كو فێر بین چۆن رووداو درووست بكه‌ین و چۆنچۆنی كه‌سێتیمان له به‌ركاره‌وه بگۆڕین بۆ بكه‌ر.
زه‌مه‌ن لای ئێمه ئه‌وه‌نده قه‌واره‌یه‌كی به‌تاڵه فۆبیایه‌كی ئه‌وتۆی لا درووست كردووین ته‌نانه‌ت ناوێرین سه‌یری قوڵاییه‌كانی بكه‌ین نه‌وه‌كا له پێچه به‌ده‌وره تاریكهكانیدا ون بین و جارێكی دی رووناكایی به چاوانمان نه‌بینینه‌وه. فۆبیای قوڵایی كاتێ له مرۆڤ ده‌دات له هه‌موو قوڵاییه‌ك دهیتۆقێنێ و ئه‌وساش نه توانای بیركردنه‌وه‌ی ده‌مێنێ به‌و پێیه‌ی بیركردنه‌وه پڕۆسێسێكه هه‌میشه له قوڵاییه‌كاندا كاری خۆی ده‌كات و كاری ئه‌وه‌نده به تهنكاییهكان نییه، نه خهیاڵَیشی به‌و ئاراستانه‌دا ده‌چن كه له‌و سه‌ره‌وه به بیركردنه‌وه و داهێنانه‌وه ده‌یگه‌یه‌ننه‌وه، نه خه‌ونه‌كانیشی سیناریۆگهلێكن ده‌ربڕی هه‌موو ئه‌و حهزانهن كه ئه‌و له واقیعدا زۆر كه‌م توانیویه‌تی ئیشیان له‌سه‌ر بكا ته‌نانه‌ت بیریشیان لێبكاته‌وه، چوون ئازارێكی زۆری پێده‌گه‌یه‌نن.
خۆ دوور گرتنمان له ئازار ئه‌وه‌نده‌ی ته‌مبه‌ڵ كردووین ، ئه‌وه‌نده‌ی ناسك كردووین ، ئه‌وه‌نده‌ی بێ بهرگریكردووین كه سه‌ره‌نجام به شنه بایه‌ك بلهرینهوه و به بسته ئاوێكیش بكه‌وینه مه‌له. خۆ ئه‌وه‌ی ئه‌بیكۆر ده‌یڵێ رێك وایه گوایه مرۆڤ به سرووشتی خۆی له ئازار ڕا ده‌كات و به‌ره‌و چێژ ده‌چێ، به‌ڵام ئه‌وه مرۆڤه‌كانن له هه‌وڵه‌كانیان بۆ چێژ راسته ڕێیه‌كیان بۆ خۆش نه‌كراوه تاوه‌كو بێ كێشه و گرفت ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ وه‌ده‌ستیان كه‌وێ ، به‌ڵكو كه‌سه سه‌ركه‌وتووه‌كان ئه‌وانه‌ن له هه‌وڵێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر و له هه‌ڵه و كۆسپێكهوه بۆ یه‌كێكی تر باز ده‌ده‌ن و هه‌شن له‌و رێگایه‌دا له یه‌كه‌م كۆسپ پاشه‌كشه ده‌كه‌ن و له جیاتی ئه‌وه‌ی ژیاندۆستی وه‌ك درووشمی ژیانیان هه‌ڵكه‌ن فڕۆید وته‌نی مه‌رگدۆستی ده‌بێ به درووشمیان و له‌و حاڵه‌ته‌شدا تا ئه‌به‌د ناتوانن مانایه‌ك بۆ وجوودی خۆیان بدۆزنه‌وه، كه خۆشت مانات نه‌بوو بۆ خۆت ئه‌وا له هاوكێشه‌كانی كه‌س و گرووپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆت نابی به ژماره‌یه‌كی حیسابكراو و وه‌ك فاكت و فاكته‌رێكی مرۆیی ئه‌كتیڤ ناژمێردرێی و ته‌نها له یاریه شهترهنجیهكاندا رۆڵی جوندییان پێ ره‌وا ده‌بینرێ.
جارێكیان ئه‌لفرێد ئه‌دلێر له جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مدا به هه‌ڵكه‌وت دوو سه‌ربازی ناسی هه‌ردووكیان بۆمبیان به‌ر كه‌وتبوو هه‌ریه‌كه‌یان باسكێكیان په‌ڕیبوو، دوای جه‌نگیش هه‌ڵكه‌وتی هه‌ردووكیانی كرده‌وه، یه‌كه‌میان وتی زۆر بێزارم له ژیانی خۆم و وه‌ك بارێكی قورس جه‌سته‌ی خۆم به‌دوا خۆمدا راده‌كێشم ئه‌و ده‌ست په‌ڕینه ناهێڵێ هیچ كارێكی به‌سوود بكه‌م و بریابا هه‌ر ئه‌و كاته مردبام.
ئه‌وه‌ی تریشیان كه وه‌ك ئه‌و باسكێكی نه‌مابوو زۆر شادمان هاته به‌رچاوی ئه‌دله‌ر و وتی: دكتۆر گیان من له باشترین دۆخ دام و وا كارێكم دۆزیوه‌ته‌وه پێی ده‌ژیم و له كاری به‌ر له ده‌ست پهڕینم باشتره و ژنم هێناوه و مناڵم هه‌یه و له‌گه‌ڵ ژن و مناڵه‌كانم زۆر به‌ختیارم و جاریوایه ده‌ڵێم خوایه ده‌ستێك به‌س بوو بۆ مرۆڤ بۆچی تۆ دوو ده‌ستت بۆ خولقاندووه؟!.
ئه‌م دوو حاڵه‌ته ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خا كه مرۆڤی وا هه‌یه یا مرۆگه‌لی وا هه‌یه ناتوانێ له‌گه‌ڵ ئاوازی ژیان بخوێنێ و هاڕمۆنییهت بۆ ژیانی خۆی نادۆزێته‌وه و دووچاری بێ مانایی و بێبایه‌خیی خۆی ده‌بێ و مرۆگه‌لی واش هه‌ن ئه‌وه‌نده ریتمی ژیانیان له هاڕمۆنیایهكی هاوسه‌نگه هه‌میشه گه‌شبینن و پێیان وایه ژیان له هه‌ر ساتێكی نوێ‌دا به هێزێكی دیكه ده‌ست پێده‌كات و ئه‌مه‌ش ئه‌دله‌ر وته‌نی په‌یوه‌سته به توخمی ئازایه‌تی له مرۆڤه‌كان و هه‌ر ئه‌وه ده‌ڵێ ” ئازایه‌تی له هه‌ركه‌سێكدا درووستی ده‌روونی ئه‌و نیشان ده‌دات”.
ئه‌و كه‌س و گرووپانه‌ی كه هه‌میشه له ژیانی خۆیاندا دوای ده‌نگ و ده‌هۆڵی خه‌ڵكی تر ده‌كه‌ون هیچ كاتێك ئه‌و بكه‌ره نین كه رۆژێك پێیانوابێت ساته‌كانی نێو زه‌مه‌نی ژیانی خۆیان ده‌سازێنن و پڕیدهكهن له باشلا‌ر وته‌نی گه‌ردیله‌كانی زه‌مه‌ن هه‌ر وه‌ك چۆن خاك و خۆڵ پڕیه‌تی له گه‌ردیله و ورده ئهلیكتڕۆن و نیۆتڕۆنی ئه‌وتۆ كه دنیایه‌كی سه‌مه‌ره‌یان له په‌یوه‌ندی ئاڵۆزدا پێكهێناوه. هه‌ر ئه‌وانه‌شن هه‌رده‌م خۆیان له نێو فه‌زای ژیانی كه‌سانی تردا ده‌دۆزنه‌وه و له‌و حاڵه‌ته‌شدا كۆمه‌ڵ به كاریگه‌ریی ئه‌م هه‌موو كه‌سه عوسابییه دووچاری عوسابێكی موزمن ده‌بێت و جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه له كۆمه‌ڵه ئه‌ندامێكی به یه‌كتر نامۆدا جووڵه و هه‌ڵسووكه‌وتی نامۆ به‌یه‌كتر ده‌كات و ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆماندا ده‌یبینین تا ئاستێكی زۆر ئه‌و جه‌سته زه‌به‌لاحه‌یه كه ریتم و ئاوازی له‌گه‌ڵ خۆیی و ده‌ور و به‌ری خۆی تێكچووه و دووچاری جووڵه و لهرزهكی نا ئیرادیی بووه و ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته له‌گه‌ڵ یه‌كتر ناجوڵێن و ئه‌و جه‌سته‌یه هه‌ر ده‌مه به ئاراسته‌یه‌كدا رێدهگرێته به‌ر.
ئه‌م هه‌رێمه‌ی كوردستانه‌كه‌ی ئێمه رێك كه‌شتییه چارۆگهدارهكهیه، به‌ڵام كاپتن و سه‌رنشینه‌كانی هه‌مان ئه‌و كاپتن و سه‌رنشینانه‌ی ئه‌و كه‌شتییه نین كه له چوارچێوه‌ی ئیراده‌یه‌كی دیار و یه‌كگرتوو و پڕۆژه‌یه‌كی گه‌ڵاڵه بوودا به‌ره‌و ئامانجێكی روون ده‌چن و هه‌میشه ئاگایان له ئاراسته‌ی باو كات و ساته‌كانی بۆران و زریانهكانه، كه‌شتییه‌كه‌ی ئێمه به ئیراده‌ی كاپتنێكی دیار رێناكا ، سهمهرهییهكهی ئه‌وه‌یه تاكه كه‌شتییه‌كه كاپتنه جیاجیاكانی هه‌ر یه‌كه به پێی نه‌خشه‌یه‌ك و خواستێكی جیا ئاراسته ده‌گرن، هه‌ر چارۆگهیهش به ده‌ستی یه‌كێكه و له‌رووی ئه‌و بایه‌ی بۆ ئه‌و هه‌ڵیكردووه هه‌ڵیده‌دا ، ئه‌وه‌نده‌ی كهشتیوانهكانمان سه‌رقاڵی راگرتنی باڵانسی هێزی بایه ئاراسته جیاوازه‌كانن ئه‌وه‌نده بیریان لای ئامانجه دووره‌كان نییه كه عومرێكه ده‌مانه‌وێ بیانگه‌ینێ.
ئه‌م یارییه‌ی با و گه‌مه‌ی چارۆگهكان كه‌شتییه‌كه‌ی گه‌یاندۆته پانایی ده‌ریا و به‌نده‌رێك شك نابه‌ن تیایدا له‌نگه‌ر بگرن.
زۆر به‌ر له ئێستا من ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ی خۆمانم ناو ناوه جوگرافیای دڵه‌ڕاوكێ و ئه‌وه‌ی سه‌یره ئه‌وه‌یه نه‌ته‌وه‌یه‌ك به گشتیی دووچاری ئه‌م باره سایكۆلۆژییه ناهه‌مواره بۆته‌وه و وه‌نه‌بێ دڵهراوكێكهش سرووشتی بێت ، بگره گه‌یشتۆته ئاستی فۆبیا و به‌رده‌وام و به درێژایی مێژوو ترسێكمان له شوێن هه‌بووه و هه‌رگیز بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ پێیه‌وه پابه‌ند نه‌بووین و ناوه ناوه لێیهه‌ڵاتووین و جارجاره‌ش به تایبه‌ت له‌م دواییانه‌دا شوێنیش له ده‌ستمان را ده‌كات چوون كه‌متر نرخی شوێنمان زانیوه، له‌م خهسڵهتهماندا تێڕوانینه سایكۆفهلسهفییهكهی گۆستاف لۆبۆنمان به‌سه‌ردا دێته‌وه كه ده‌یوت نه‌ته‌وه و گه‌له‌كانیش خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه و پێی ده‌ناسرێنه‌وه، منیش لێره‌دا ده‌ڵێم :- هه‌ش به‌سه‌رمان خۆ ئه‌گه‌ر وابێ ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵگه له‌جیاتی بوێریی هه‌میشه هه‌ر رامان كردووه و له راڕاییهكی به‌رده‌وامدا بووین.
ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی دڵه‌ڕاوكێی شوێنمان هه‌یه هیچ كاتێك زه‌مه‌ن نه‌بۆته بابه‌تێك بۆ راڕاییمان، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه وای لێكردووین نه‌فامانه زه‌مه‌ن راگرین و هه‌میشه هه‌ر خه‌ونه كۆنه‌كان و هه‌ر حیكایه‌ته كلاسیكه‌كان بۆ نه‌وه‌كانمان بگێڕینه‌وه.
زه‌مه‌ن شتێك نییه بێ ئیراده‌ی ئینسانه‌كان بجوڵێ ، زه‌مه‌نی ژیان و ئه‌وه‌ی باشلا‌ر ناوی ناوه (زه‌مه‌نی من) جاری وا هه‌یه هێواشتر له (زه‌مه‌نی جیهان) رێده‌كا و له‌و حاڵه‌ته‌شدا هه‌رچی ده‌كه‌ی كات ناڕوات و نه‌مر دێته به‌ر چاو هه‌ر بۆیه دووچاری نیگه‌رانی و كونج نشینیمان ده‌كات .
زه‌مه‌ن له‌و كاتانه‌دا مانای هه‌یه كه تۆ توانیت تیایدا ههڵسوڕێیت و هه‌رچی بڕگه‌كانی فه‌زاكانی ژیانت هه‌یه به‌یه‌كه‌وه گرێیان ده‌یت و له درووستكردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه ئاڵۆزانه‌دا شوێنده‌ستی خۆتی پێوه دیار بێت، ئه‌وه‌ی تا ئێستا یاری به زه‌مه‌نی ئێمه ده‌كات و به پێی زه‌مه‌نی خۆی هه‌ڵمان ده‌سووڕێنێ ئه‌وه خۆمان نین به‌ڵكو شڵه‌ژان و ناهاوسه‌نگی و نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێكان نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن ئه‌وه ئێمه نین بكه‌ری سه‌ره‌كی له نێو زه‌مه‌ندا و ته‌نها بوونهوهرگهلێكین له‌ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌نی منه‌كان و له‌ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌نی ژیاوی خۆمان‌داین .
با چیدی له سۆنگه‌ی غرووری نه‌ته‌وه‌یی و باڵابینیی ره‌گه‌زیی و به‌خۆنازینی بێ بنه‌ماوه خۆمان هه‌ڵنه‌سه‌نگێنین و دان به‌وه‌دا بنێین كه ئێمه‌ی كورد تاوه‌كو ئێستا له درێژه‌ی مێژووی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و ئابووری و شتیتریشدا بكه‌ر نه‌بووین و هه‌ر به‌ركار بووین.
ئه‌وه‌ی قهصیمی به عه‌ره‌بی هاوره‌گه‌زی خۆی ده‌ڵێ تا ئاستێكی زۆر ئێمه‌ش ده‌گرێته‌وه و زیاتر ئێمه له نێو مێژوودا به ده‌نگه ده‌نگ و هاتوهاوار بردوومانه‌ته سه‌ر و هه‌ڵبه‌ته قیژه قیژیش له دنیای سیاسه‌ت و شته‌كانی تردا هیچی لێناكه‌وێته‌وه.
هه‌رگیز ئێمه‌ی كورد بیرمان له‌وه نه‌كردۆته‌وه له نێوه‌وه‌ڕا خۆمان به هێز كه‌ین تاوه‌كو له ده‌ره‌وه‌ڕا حیسابمان بۆ بكه‌ن، هه‌رده‌م به‌وه سه‌رقاڵ بووین له ده‌ره‌وه‌ڕا په‌یوه‌ندییه‌كان به هێز بن تا ناوه‌وه بێده‌نگ و بێ‌توانا له به‌رامبه‌ر ده‌ركه‌وێت، ئه‌مه رێك گۆڕینی مه‌رجه‌عییه‌ته له سه‌رچاوه خۆماڵییه‌كانی هێزه‌وه بۆ سه‌رچاوه بیانییه‌كانی و ئه‌گه‌ر ئێستاش وه‌ك كۆمه‌ڵگه به تایبه‌ت گه‌نجه‌كانمان له به‌رامبه‌ر شه‌پۆله‌كانی ته‌كنۆلۆژیای گه‌یاندن و زانیاریی خۆیان پێناگیرێ و گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ساته وه‌ختانه‌ی له مه‌رجه‌عی خێزان و ئۆرگانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان را بكه‌ن ئه‌وا وێنه‌یه‌كی بچووككراوه‌ی ئه‌وه‌ی پێشووه و ئه‌مه‌ش له راستیدا نه‌ك به ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر خێزان و ئۆرگانه‌كانی دیكه بگره هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی و تادێ زیاتر له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌یدا له‌رزۆك و لاوازتری ده‌كات.
ئه‌مه رێك نه‌خشه‌یه‌كی سیاسیی پێچه‌وانه‌ی هزری گه‌شه‌ی ئاسایی كۆمه‌ڵگه‌یه و هیچ كاتێك كۆمه‌ڵگه وه‌ك بوون و كائینێكی زه‌به‌لاحی زیندوو به‌م ئاراسته گیرییه به‌هێز ده‌رناكه‌وێت و بگره وه‌ك ئه‌و كه‌سه ده‌رده‌كه‌وێ له‌ده‌ره‌وه‌ڕا بۆدیه‌كی پاك و خاوێن و ته‌میزه به‌ڵام ناوه‌وه‌ی وێرانه و دنیایه‌ك نه‌خۆشی تێئاڵاوه و هه‌ر كاتێك بكه‌وێ ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ساغ وه‌رگرین و له‌مه‌ولا ببین به‌و بوونه‌ی وه‌ك خودێكی یهكدیگیر و پته‌و ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌وا ده‌بێ ئیدی به كۆی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له ناوه‌وه دابچینه‌وه و وێنه‌ی جۆراوجۆری دیكه له‌سه‌ر وێنه شێواو و سه‌قه‌ت و فۆڕمه ناهۆمۆجینه فیدراسیۆنییهكانیی رابردوو بنه‌خشێنینه‌وه و نه‌بین به‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی (نیكۆلاس لۆمان) ی سۆسیۆلۆگی ئه‌ڵمانی وه‌سفی ده‌كات كه ده‌ڵێ :- كۆمه‌ڵگه به‌ته‌نها بریتی نییه له خڕبوونه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بریتییه له پڕۆسه‌ی ئاڵوگۆڕكاریی جۆراوجۆری په‌یوه‌ندی و كۆمیونیكه‌یشن . ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی لۆمان كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان به‌راورد بكه‌ین له‌گه‌ڵ چه‌مكی كۆمه‌ڵگه به‌مانا سۆسیۆلۆژییهكهی ئه‌وا ئێمه له سه‌ر لێواری ههڵدێرهكهین و ئه‌وه‌ی مانای په‌یوه‌ندی بێ له نێوان هه‌رچی توخمه‌كانی ئه‌م تابلۆیه‌دا نادۆزیته‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌شه وای لێكردووین ئێمه‌ی خوێنده‌واران به گومانه‌وه له خۆمان بڕوانین و ته‌نانه‌ت له هه‌رچی چه‌مكی دیكه‌ش كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه داده‌مه‌زرێن بترسین و پێمان وابێ ته‌نها ده‌نگه ده‌نگن و ناچنه پاڵ پێوه‌ره‌كانه‌وه.
گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوه‌وه ئاوڕدانه‌وه‌یه له گه‌وره‌ترین و شه‌رعیترین سه‌رچاوه‌ی هێز و ئه‌و كاتانه‌ی روومان له ناوه‌وه كرد ئه‌وا قه‌ناعه‌تمان په‌یدا بووه به‌وه‌ی ده‌مانه‌وێ ماشێنی به‌رهه‌مهێنانی توانا خۆماڵیه‌كان بخه‌ینه‌وه كار و ئه‌وساش ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه چاودێرمانن به نه‌خشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵماندا ده‌چنه‌وه و وه‌ك بوونێكی ئه‌كتیڤی به‌رهه‌مهێن ده‌مانبینن .
هه‌ڵبه‌ته كه تۆ وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی یهكدیگیر و پته و بجووڵێی ئه‌وا هه‌م ده‌بیته‌وه به خاوه‌نی شوێن و تیایدا ئازادانه په‌یوه‌ندییه ماتریاڵی و رووحییهكانتی له‌گه‌ڵ گرێده‌ده‌یت هه‌م ده‌بیته‌وه خاوه‌نی زه‌مه‌نی خۆت چوون ئه‌و كه‌سانه هه‌ست به زه‌مه‌ن ده‌كه‌ن كه بكه‌رن تیایدا و هه‌میشه ئازادانه مانا بۆ وجودی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه.
ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی له‌سه‌ره‌وه نموونه‌مان بۆ هێنایه‌وه هه‌م كوردستان و هه‌م عیراقیش وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستكردی ناهۆمۆجین ده‌گرێته‌وه. كوردستان چوون له‌وه‌ته‌ی هه‌ین په‌یوه‌ندییه‌كانمان له ئاستی په‌یوه‌ندیی سرووشتیانه به شوێنه‌وه نهیگواستۆتهوه ئاستی په‌یوه‌ندی شه‌رعیانه، له په‌یوه‌ندیی شه‌رعیانه‌دا ئینسانه‌كان گرد ده‌بنه‌وه و رێسا‌و یاسا بۆ په‌یوه‌ندی ئێستا و ئاینده‌یان به شوێن داده‌نێن و له‌وه‌شدا به‌كورتیی (جێگیر بوون و په‌یوه‌سته‌گیی به‌تین) درووست ده‌بێت و مرۆڤه‌كان چیدیكه هه‌ر ده‌مه‌ی له شوێنێك نابن و تایپی كۆچهریانهیان له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی مۆدێرندا ده‌سپارده مۆزه‌خانه‌ی هزری سۆسیۆلۆژییان و ئه‌گه‌ر ناوه ناوه لهبۆنهكاندا وه‌ك جاران دهركهوتبانهوه بۆ ئه‌وه‌ی نۆستالیژیانه موچركیان به له‌شدا بێت.
كێشه‌ی ئه‌وه‌ی تا ئێستا ئێمه بۆچی نه‌مانتوانیوه به درێژایی مێژوو له قه‌واره‌ی جوگرافی و ئه‌تنیكی یهكدیگیردا خۆمان ببینینه‌وه ئه‌وه‌یه له‌وه‌ته‌ی هه‌ین له جمووجۆڵه شارستانییه‌كاندا ئه‌وه‌نده‌ی به‌ركار بووین هیچ كاتێك بكه‌ر نه‌بووین و نه‌مانتوانیوه رووداو درووست كه‌ین و به‌و رووداوانه به دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بڵێین ئه‌وه‌تا ئێمه‌ش هه‌ین . بوونی ئێمه هه‌میشه بۆ ده‌ره‌وه‌مان له رێگه‌ی ئه‌و غه‌درانه ده‌ركه‌وتووه كه لێمان كراوه یا له ڕێگه‌ی نووزانهوهكانمان و خۆ به لاواز نیشان دانمان و خۆ پارێزییهكانمان له ترسی له‌به‌ین چوون ده‌ركه‌وتوه، ئه‌مه‌ش رێك هه‌وڵی زۆر سه‌ره‌تایی بیۆئینسانین و ده‌شكرێ خۆمان به‌و بوونه‌وه‌رانه بچوێنین كه داروین له تیۆره‌كه‌یدا ( هه‌ڵبژاردنی سرووشتیی) باسیان ده‌كا كه به‌مه‌به‌ستی مانه‌وه‌یان وه‌ك بوونیی بایۆلۆژی په‌نا بۆ میكانیزمی وه‌ك ره‌نگ گۆڕین و جێگۆڕین و شتی زۆر پهراوێزیانهی تر ده‌به‌ن . ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه قسه‌یه‌كی مامۆستایه‌كی ره‌حمه‌تیی خۆم كه له سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا له وتووێژهكانماندا ده‌یوته‌وه بیر ده‌خاته‌وه كه ده‌یووت: (لولا الجبال لهلك الشمال)، ئه‌م رسته‌یه لای ئه‌و له‌وانه‌یه به‌و مانایه بووبێ ، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌كان له شاخه‌كان نه‌بوونایه ئه‌وا ئێمه تا ئێستا نه‌ده‌ماین، به‌ڵام لای من ماناكه‌ی بۆ قوڵتر رۆده‌چێ و تیایدا ئه‌وه نه‌ستی بهكۆمانه دێته قسه و پێمان ده‌ڵێ چیا و شاخه‌كان به‌هێزترین په‌ناگه‌مان بوونه و ئه‌گه‌ر نه‌بوبان ئه‌وا له مێژبوو فهوتابووین.
محه‌مه‌د ته‌ها حسێن