
دیمانه له‌گه‌ڵ نووسه‌رو ڕۆشنبیر هه‌ندرێن
ئاماده‌کردنی : سۆران عه‌زیز
به‌شی یه‌که‌م……
هه‌ندرێن—-
مه‌سعوود محه‌مه‌د له جیهانبینی سۆفیگه‌رایی کوردییه‌وه، هه‌وڵیداوه فه‌لسه‌فه‌یه‌کی بوونگه‌رایی بنووسێ…….
سۆران: کاتێک بابەتێکى سارتەر یان هایدگەر دەخوێنینەوە یاخود بابەتێک لەسەر بونگەرایى یەکسەر بەو تێروانینە تەماشایى دەکەین گوایە باس لەنائومێدى دەکات یان باس لەوە دەکات ئیتر مرۆڤ گەشتۆتە بنبەست، ئەمەش دەگاتە بێ‌ئومێدى ئەم تێگەیشتنە بۆ بوون لە چییەوە سەرچاوەى گرتووە؟ ئایا ئەمە راستى بوون گەراییە یان ئەمە تێگەیشتنێکى هەڵەیە ئەى ئێمە چۆن لەحەقیقەتى بوون گەرایى تێبگەین ؟
هه‌ندرێن: تۆ ئه‌و ده‌ربڕینه هه‌میشه په‌ژاره ی بوون-ورووژێنه‌ره‌ی هاملێتت له یاده: "بوون یان نه‌بوون"؟ دیاره له رۆژگارێکی زۆر به‌ر له شکسپیره‌وه بیرۆکه و پرسی مانای مه‌رگ و ژیان فێلوسووف و نووسه‌رانی هه‌راسانکردووه. پرسیارگه‌لی وه‌ک: گه‌لۆ ژیانی ئێمه چ مانایه‌کی هه‌یه؟ بوونمان چی ده‌گه‌یه‌نێ… تاد؟ که‌واته له بنه‌چه‌که‌دا ئه‌و دڕدۆنگییه‌ی مرۆڤ له هه‌مبه‌ر بوونه‌که‌ی په‌یوه‌ندی به ئاماده‌یی هه‌میشه‌ی "نه‌بوون"، مه‌رگه‌وه هه‌یه. کاتێک مرۆڤ وه‌ک تاک یان کۆکه‌س به هۆی مهرجگهل و هۆکارگه‌لێک ناتوانێ بیر بکاته‌وه، ئه‌وده‌مه ئاماده‌یی نه‌بوون، بێ‌ئومێد بوون به‌رانبه‌ر ئه‌و ژیانه کورته‌ی چڕتر ده‌بێته‌وه. لێره‌وه ئاکاری فه‌رامۆشکردن، که ئاکارێکی کارایه له کن مرۆی کورددا، به‌شێکه له پرۆسه‌ی بیرنه‌کردنه‌وه و فه‌رامۆشکردنی بوون.
لێ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌یاڵمان فره‌تر به‌ناو پرسیی بوون و نه‌بووندا رۆبچێ، ئاماژه به‌و وته سه‌رنجکێشه له‌مێژینه‌ی باوکی فه‌لسه‌فه، ئه‌فلاتوون ده‌که‌ین، که مارتین هایدگه‌ریش کردوویه‌تی به ده‌روازه‌ی کتێبه‌که‌ی، "بوون و کات". ئه‌فلاتوون له دیالۆگی سۆفیست(Sofisten)دا ده‌ڵێ: "ئاشکرایه وێڕای ئه‌مه‌ش که ئێوه له‌مێژه ئاشنای ئه‌وه‌ن که ده‌خوازن چی بڵێن کاتێک ئێوه ده‌ربڕینی (بووناندن) به‌کار ده‌هێنن؛ راستییه‌که‌ی ئێمه وامانده‌زانی که ئێمه رۆژێک له رۆژان ئه‌وه تێده‌گه‌ین، به‌ڵام ئێستا ئێمه به هۆی ئه‌مه‌وه تووشی دهستهوهستاوی بووین… ئاخۆ ئه‌مڕۆ ئێمه ته‌نانه‌ت تووشی ئه‌و دهستهوهستاوییه ده‌بین که له ده‌ربڕینی "بوون" ناگه‌ین؟ نه‌خێر." ده‌بینی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌وه تێگه‌یشتن له "هه‌قیقه‌تی بوون"یش له‌وه ئاڵۆزتره که ئێمه بتوانین به پێناسه‌یه‌ک سێبووری خۆمان بده‌ینه‌وه.
هایدگه‌ر ده‌یگوت، له کن فێلهسووفانی پێش سۆکراتدا چه‌شنه نزیکایه‌تییه‌ک بۆ بوون هه‌بوو، پاشان ئه‌و نزیکایه‌تییه کاڵده‌بێته‌وه و "فه‌رامۆشکردنی بوون" دێته ئاراوه. له فه‌لسه‌فه‌ی پێش سۆکراتدا "هه‌قیقه‌ت" له خودی ئاوه‌ڵایی بووندا هه‌بوو. له‌وێدا بوون له به‌رانبه‌ر مرۆڤدا شوێنێکی ئاوه‌ڵا بوو که له‌وێدا شتێک خۆی نیشانده‌دا.
که‌واته ئه‌و بێئمود و بنبهستییهی که تۆ باسی ده‌که‌ی، له پرۆسه‌ی هزریی رۆژئاوادا ریشئاژۆیه. وێڕای سه‌رقاڵبوونی فه‌لسه‌فه شیعری گرێکی کۆنینه به پرسی بوون و مه‌رگ، دیوێکی دیکه له هزری ئیدیالیزمی رێنسانس، روانگه‌ی نێهلیزم بو. ئه‌و نێهێلیزمهش له جیهانبینی سۆفیگهراییدا ره‌نگیدایه‌وه. پاشان ئه‌و نێهێلیزمه دوای قۆناغی رۆمانتیکیی، وه‌ک بێناخهیهیی له شیعری نوێباودا هاته ئاراوه.
به‌مجۆره دۆخی بێئومێدی مرۆڤ له‌به‌رده‌م پرسی بوون، یه‌کێکه له راڤه سهرنجکێشهکانی فه‌لسه‌فه‌ی بوونایه‌تی له سه‌ده‌ی نۆزده و بیسته‌مه‌دا. ئێمه ئه‌وکاته تووشی په‌ژاره‌یی و بێئومێدی ده‌بین کاتێک چیتر ناتوانین بیربکه‌ینه‌وه و ئه‌و کارانه راپه‌ڕێنین که به‌شێکه له ژیانماندا. به‌ڵام هاوکاتیش ئه‌وه‌ی که وامانلێده‌کا هه‌ست به‌و په‌ژاره‌یی و دۆخه نێهیلیست، نهبوونگهراییه بکه‌ین، مه‌رج نییه هۆیه‌کی دیاریکراوی هه‌بێت. ئه‌و دۆخه له په‌ژاره‌یی و نهبوونگهراییه به شێکه له مه‌رجه‌کانی ژیانمان. ئه‌و دۆخه له په‌ژاره‌یی و نهبوونگهراییهش که وامانلێده‌کا له‌به‌رانبه‌ر ژیاندا هه‌ست به دهستهوهستاوی بکه‌ین، تێگه‌یشتنه له‌و ژیانه گهمارۆدراوهمان که دواجار ده‌بێ به مه‌رگ کۆتایی بێت. هایدگه‌ر روونکردنه‌وه‌یه‌کی سه‌رنجکێش بۆ ئه‌و هه‌ست به په‌ژاره‌یی و بێئومێدییه‌ی مرۆڤ ده‌کا: "په‌ژاره‌یی بریتییه له‌وه‌ی که ژیان (پرۆسه‌ی بوون) نزیکایه‌تییه‌ک له نه‌بوونی، شیانی بوونی نه‌بوونیی ده‌پۆشێ، به‌ره بوونی مه‌رگ سه‌ره‌کیترین په‌ژاره‌ییه. ئه‌وانه‌ی که ده‌یانه‌وێ له‌و په‌ژاره‌ییه دوورمان بخه‌نه‌وه- خۆزگه و پاڕانه‌وه‌ی قه‌شه، پزیشک، کهشیدهکانن یان ئاوه‌زگه‌را له پزیشکه ساخته‌کانن که به رێگای دهعهجانبوونهوه ئه‌و پهژارهییهی ئێمه بۆ ترس یانیش که‌سێکی ماقوولی بێخه‌م ده‌گۆڕن… " که‌واته بوونی ئێمه هه‌تا به‌و نه‌بوون، مه‌رگه ده‌گه‌ین که هه‌میشه چاوێکی لێمانه، پرۆسیه‌که له په‌ژاره‌یی و بێئومێدیی. به ده‌م ئه‌و بوونه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین ئاگایانه به ئه‌نجامدانی چاڵاکییه‌کان دڵمان به‌و ژیانه کورته‌مان خۆشبکه‌ین.
که‌واته ئه‌گه‌ر فره بوونێک له"هه‌قیقه‌تی بوون" هه‌بێت، نه ئه‌م پێناسانه‌ی که بوونی ئه‌وانیتر، غه‌یره کورد کراوه، ده‌توانێ بوونی کورد ئاوێنه‌ی بکاته‌وه و نه هێشتا ئێمه‌ش گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و بیرکردنه‌وه، یان له بارماندایه یانیش له هه‌وڵی ئه‌وه داین که پێناسه‌یه‌ک بۆ ئه‌و بوونه ههراسانهمان بکه‌ین. چونکه بوونی ئێمه وه‌ک کورد له دۆخێکی بێ‌ئومێد و بنده‌ستییدا ده‌ژین.
ده‌بێ ئێمه تێگه‌ین، که پرسی بیرکردنه‌وه‌ی بوون له بنهڕهتد، واتا تۆ ببیته خۆت یان له بووندا بیت. بوونی کوردیش هێشتا له‌و بوونه‌دا نییه. له یادمان نه‌چێ، تێگه‌یشتن و پێناسه‌ی فێلوسووفهکانی رۆژئاوا، له روانگه‌ی ناوکۆییهکیی ئایینیی جووله‌که- مه‌سیحیی، جڤاکیی و پشتینه‌ی کولتوورێکی دووره‌وه سه‌رچاوه‌یان هه‌ڵگرتووه. فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌راییش، له مارتین بۆبه‌ر، کیرکگارد، نیتشه، هایدگه‌ر، سارته‌ر و … تاد، به‌ندن به‌و دۆخه بوونگه‌راییه‌ی که ده‌رهاوێشته‌یه‌ک بوو له "مه‌رگی خوا"ی نیتشه و رۆشنگه‌ریی و ئاکامهکانیی. ئه‌و نههیلیزمهیهش، به‌هه‌مه حاڵ، پشتینه‌ی ئه‌و بابه‌ته راڤه‌یه‌کی زۆری ده‌وێ و لێره‌شدا کات بوارمان نادا به دوای ئه‌و پشتینهوه بچین. بۆیه، وێڕای نزیکایه‌تیی پێناسه‌کانی بوونگه‌رایی له دۆخی مرۆڤ به گشتی، لێ ده‌بێ ئه‌وه له زه‌ینمان بگرین، که دۆخی بوونی کورد، ره‌هه‌ندێکی جیاوازیی هه‌یه. سه‌باره‌ت به‌و دۆشدامانه به‌رانبه‌ر به بوون، میلان کۆندێرا، له دیمانهیهکییدا، که به‌نده وه‌ریگێڕاوه، ده‌ڵێی له دۆخی بوونی کورد ده‌په‌یڤێ، با بیخوێنینه‌وه: "ئه‌گه‌ر له کاتی منداڵیمدا پێت بگوتبام: رۆژێ دادێ ده‌بینی له‌و دنیایه‌دا نه‌ته‌وه‌که‌ت ون ده‌بێ، ئه‌وکات ئه‌و قسه‌یه بۆ من هیچ مانایه‌کی نه‌ده‌بوو، ناکرێ ئه‌وه بهێنیته به‌رچاوت، مرۆڤ ده‌زانێ که مردن چاره‌ی نییه، به‌ڵام مرۆڤ بڕوای به‌وه هه‌یه که نه‌ته‌وه‌که‌ی جۆره ژیانێکی ئه‌به‌دییانه‌ی هه‌یه…" لێره‌وه ره‌نگه گشت خۆ خافڵاندنهکانمان به نووسین و چاڵاکییه‌کان یان ئه‌و گفتوگۆیه‌ی نێوان ئێمه‌ش به‌شێک بێت له دڵدانه‌وه‌ی خۆمان به‌رانبه‌ر ئه‌و دۆخه په‌ژاره‌ییه، که ئێمه وه‌ک کورد چه‌ند قات زیاتر به ده‌ستییه‌وه ده‌تلێینه‌وه.
له‌و دۆخه‌دا، ئێمه هیچترمان نییه له به‌رده‌ست نییه، له‌وه زیاتر که هه‌وڵده‌ین بوون له زماندا تاقیبکه‌ینه‌وه.
سۆران: ئێمە دەزانین بیریارانى بوونگەرایى دوو بەشن؛ بەشێکیان بروایان بە خودا هەیە و بەشەکەى دى برواى پێیى نییە. ئەوەى کەبرواى پێیەتى پێیى وایە ژیان تراژیدیایە و کۆتایى هەیە، بۆیە دەبێت خۆمان بۆژیانێکى دى ئامادەبکەین. ئایا ئەم بیرکردنەوەیە جیاوازى لەگەڵ ئاییندا چییە؟ ئەو بەشەشى برواى پێیى هەیە دەزانن کەژیان کۆتایى هەیە. ئایا گەر ژیان کۆتایى هەبێت ژیان پوچگەرایى نییە؟ ئایا ئەمە بەراستى بەشێک نییە لەو بێئومێدیەى لە نێو بونگەرایدا هەیە ؟
هه‌ندرێن: دیاره ئه‌و فێلووسوفانهی که بڕوایان وایه ژیان تراژیدییه و ده‌بێ خۆمان بۆ ژیانێکی دیکه ئاماده بکه‌ین، بریتی بوون له مارتین بۆبه‌ر، کیرکگارد و شاگرده‌کانیان. ئه‌و ئاراسته بوونگه‌راییه، به بوونگه‌رایی مه‌سیحییه‌وه ناسراوه. به کورتی له دیدی ئه‌و فه‌لسه‌فه بوونگه‌راییه تیۆلۆژییه‌وه بوونی مرۆڤ بریتییه له کیشمه کێشێکی بێ‌کۆتایی له‌گه‌ڵ نیگه‌رانیی مه‌رگ و پرسه ئاڵۆزه‌کانی ژیان. بۆیه مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌و تراژیدییه رزگار بێت یان دڵنه‌وایی به‌ده‌ست بهێنێ. له کن کیرکگارد "په‌شۆکاوی"، که هه‌ستێکی نادیاره، مرۆڤ تووشی نه‌بوون ده‌کا. هاوکاتیش په‌شۆکاوی بوارێک له‌به‌رده‌م بوونێکی ره‌سه‌ن، واتا بواری ئازادییه‌ک بۆ مه‌رگ ده‌کاته‌وه، که ئه‌مه‌ش، به واتای هایدگه‌ر، ئازاد بوونه له‌و "پیاو/ده‌س مان"هی که بوونه ره‌سه‌نه‌که‌ی دهعهجانکردووین. به‌ڵام لای کیرکگارد ئه‌و په‌شۆکاوییه وامنلێدهکا که روو بکه‌ینه "باوه‌شی خوا". ئه‌و تێگه‌یشتنه له بوون و ئازاره‌کانی، بڕوابوون به ئاییین نییه، به‌ڵکو راڤه‌کردنێکی "میوستیک"، روحانیی. ئه‌و ئاراسته‌یه له بوونگه‌راییه، بۆ نموونه، بڕوا کردنی وشه به وشه‌ی مه‌رج، سرووت و په‌یامه‌کانی ئینجیل و ته‌ورات، بڕوایهکانی ئایینی جووله‌که و مه‌سیحیی نییه، به‌ڵکو باس له هێزێکی باڵا و سێبووری به‌خش، خوایه‌کی مێتافیزیکی ده‌کا، که مرۆڤ، له کۆندا به‌ر له ئایینه‌کان په‌رستوویه‌تی. ئێمه ده‌کرێ خوایه‌ک بکه‌ینه په‌نا و هێزێکی مانه‌وه‌ی خۆمان، بێ ئه‌وه‌ی سه‌ر به هیچ ئایینێکیش بین. دیاره فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی، به هه‌ردوو به‌شه‌وه، راڤه‌یه‌که له‌و هزر و جیهانبینییه مێتافیزکیی و فهلسهفهییانهیه که به‌ر له رۆشنگه‌ریی و دوای رۆشنگه‌ریی له رۆژئاوادا هاتنه ئاراوه. سارته‌ر، وه‌ک فێلوسووفێکی بێ بڕوا (ئه‌تێیست)، هه‌وڵیدا راڤه‌یه‌کی خودگه‌رایی یان مرۆڤگه‌رایی له بوونگه‌رایی له مارکسیزم بکا. وه‌ک ده‌زانن، مارکسیسته‌کان ره‌خنه‌یان له سارته‌ر ده‌گرت، که لاده‌ر و خودگه‌راییه. له روانگه‌ی سارته‌ره‌وه، مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی سۆزاویی بێهووده، به دوای شتێکدا وێڵه که هه‌رگیز ناتوانێ ده‌سته‌به‌ری بکا. مرۆڤ وه‌ک بوونێکی به ئاگا نه‌بوونێکه بۆ خۆی، له مه‌رجی هۆکاره‌کان ئازاده. ئه‌و مرۆڤه بێهووده‌یه مه‌حکومه به ئازادی، بۆیه ده‌بێ به دواییدا بگه‌ڕی. مرۆڤ له کن سارته‌ر، بوونه‌که‌ی پێش گهوههرهکهیهتی. مرۆڤی سارته‌ر ته‌نیایه له جیهاندا. بۆیه نیگای مرۆڤه‌کانی تر هه‌میشه هه‌ڕه‌شه‌یه‌که بۆ ته‌نیاییه‌ی. چونکه ئه‌و بوونه نامۆیه‌ی که سه‌یری ده‌کا هه‌وڵده‌دا بوونه‌که‌ی بکاته بابه‌تێک بۆ خۆی. لێره‌وه سارته‌ر راڤه‌یه‌کی باڵکێش بۆ ئه‌ڤینداری ده‌کا: ئێمه له ئه‌ڤیندا ئه‌وه‌ی که خۆشمانده‌وێ ده‌یکه‌ین به هی خۆمان، داگیری ده‌که‌ین. ئێمه ده‌مانه‌وێ ئازادی خۆشه‌ویسته‌که‌مان تاڵانبکهین. دواجاریش لای سارته‌ر، خودی مرۆڤ هیچ نییه، بۆیه ته‌نێ له ئازادییدا ده‌توانێ بوونی هه‌بێ.
هه‌رچۆنێک بێت، خه‌ریکه وه‌ڵامه‌کانمان درێژ ده‌بێته‌وه، بۆیه ناتوانین دیده‌کانی مێرلاو پۆێنتی، ئالبێر کامۆ،مارسێل، وێێڵ وو ڵێڤیناس و به‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه. لێ بوونگه‌راییه‌که‌ی هایدگه‌ر، وه‌ک بوونناسییه‌کی "فێنێمێنۆلۆگی، ده‌کرێ بڵێین سه‌رچاوه‌که‌ی له دیده فه‌لسه‌فییه‌کانی "به‌ر له سۆکراتییه‌کان" و به تایبه‌تیش پارامیندس هه‌ڵده‌قووڵێ. هایدگه‌ر له کتێبی "نامه سه‌باره‌ت به هومانیزم"دا، هه‌م وه‌ک پێداچوونه‌وه‌یه‌ک له کتێبه ناسراوه‌که‌ی "بوون و کات" و هه‌میش وه‌ک ره‌خنه‌گرتن له تێگه‌یشتنی سارته‌ر له بوون ناوه‌ڕۆکی بۆچوون و جیاوازییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ سارته‌ردا یه‌کلاده‌کاته‌وه. به کورتی هایدگه‌ر له‌و کتێبه‌دا پێی وایه ده‌بێ بوون له‌و خودگه‌رایی، مرۆڤگه‌راییه رزگار بێ که سارته‌ر هه‌ڵگری بوو. به رای هایدگه‌ر له بووندا بوون، واتا ئاوهڵابوونه بۆ ژیان و چوونه ده‌ره‌وه‌یه له‌و خوده. ئاماده‌بوونی مرۆڤ له‌و جیهانه‌دا، واتا بووناندنی ژیانه. له‌و روانگه‌یه‌وه، هایدگه‌ر ئه‌و مرۆڤه نوێیه‌ی ئێستا وه‌ک مرۆڤێکی بێ‌ماڵ پێناسه‌ده‌کا. به رای هایدگه‌ره‌وه، مرۆڤ ئه‌وکاته ده‌توانێ به‌سه‌ر ئه‌و بێماڵییهی ژیان سه‌رکه‌وێ، کاتێک به قووڵی بیر له پرسی بوونایه‌تی بکاته‌وه. هایدگه‌ر به گه‌ڕانه‌وه بۆ لای نیتشه و هۆلدرلینه‌وه، توانی له‌و بێماڵییه بهزرێ. هایدگه‌ر ده‌یگوت، نیتشه به وه‌رچه‌رخاندنی مێتافیزیک توانی به‌سه‌ر ئه‌و بێماڵییه سه‌رکه‌وێ. هۆلدرلینیش له شیعری "گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ"دا، وه‌ک ئه‌رکێک بوار بۆ "هاونیشتمان"ه‌کانی ده‌ڕه‌خسێنێ که گه‌وهه‌ری خۆیان ببیننه‌وه. هه‌رچۆنێک بێت، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر بخوازێ له ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و جیاوازییه‌ی هایدگه‌ر و سارته‌ر و بگره ره‌هه‌ندی "هه‌قیقه‌تی بوون" و باڵاده‌ستی ته‌کنیک له دهعهجانکردنی بوون تێ‌بگا، پێویسته ئه‌و کتێبه خوێنێته‌وه. لێ په‌ژاره‌یی و بێئومێدی مرۆڤ له‌و ژیانه کورت و مه‌رگه چاوه‌ڕوانکراوه ته‌نیا به‌شێک نییه له فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌راییدا، به‌ڵکو مرۆڤ له‌وه‌ته‌ی هه‌یه سه‌رقاڵه به گه‌ڕان و بیرکردنه‌وه به دوای ئه‌و پرسه‌وه. بوونی بتپه‌رستیی، خواوهندپهرستیی، په‌رستنی هێمایهکانی سروشت، سه‌رهه‌ڵدانی ته‌واوی ئایینه‌کان و دواجاریش جیهانبینییه فه‌لسه‌فییه‌کان، هه‌ر هه‌مووی زاده‌ی ئه‌و نیگه‌رانیی و پهژارهییهی مرۆڤه به‌رانبه‌ر ژیانه کورتهکهیی و ئاماده‌یی هه‌میشه‌ی مه‌رگ. بۆیه مرۆڤ به شێوه‌ی جیاواز و له روانگه‌ی جیاوازه‌وه خۆی به خه‌یاڵاندنی ژیانێکی ئه‌به‌دییه‌وه بخافڵێنێ. که‌واته خودی فه‌لسه‌فه‌ش بریتییه له کۆی ئه‌و پرس و پێشهاتانه‌ی که به‌رده‌وام دێنه ئاراوه. بۆیه فه‌لسه‌فه له بنه‌چه‌که‌دا خودی هزری بوونه.
هایدگه‌ر پێی وابوو ده‌ربڕینی په‌یڤی "بوون"، وشکه. دیاره کاتی خۆی هزرڤانان ره‌خنه‌یان له‌و ده‌ربڕینه‌ی هایدگه‌ر گرت. ئه‌وانه‌ی که به‌و ده‌ربڕینه‌ی هایدگه‌ر رازی نه‌بوون، ده‌یانگوت، ئه‌گه‌ر بوون ئه‌وها بێت، ئه‌ی چۆن هایدگه‌ر "بوون"، ئه‌و چه‌مکه وشکه‌ی کردۆته سه‌رشاری فه‌لسه‌فه‌که‌ی. هایدگه‌ر پێی وابوو که ئه‌و چه‌مکه به‌تاڵ و وشکه، لێ به‌و واتایه‌ی که ده‌ریده‌بڕین، وه‌ک ئه‌وه وایه که ئێمه باس له‌و پارچه دراوه ده‌که‌ین که کاتی به‌سه‌رچووه. هایدگه‌ر خۆی به‌و مانایه وشک و به‌تاڵه نهدههزریی، به‌ڵکو له دیدی ئه‌و وته‌یه‌ی پهرامێنیدس ده‌هزری: " هه‌رگیز ناکرێ ئه‌وه بسه‌لمێنرێ که نه-بوون هه‌یه". پهرامێنیدس له‌وه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه که ئه‌وه‌ی بانگی ده‌که‌ین تاکوو پێشوازی لێ بکه‌ین. بۆیه هایدگه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی پهرامێنیدسی به سه‌ره‌تاگه‌ی فه‌لسه‌فاندنی بوون ده‌زانی و هه‌میشه‌ش جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کرده‌وه. پهرامێنیدس له کاتی خۆیدا پێی وابوو، که ئه‌و ئه‌و شته‌ی بوونی هه‌یه پێویسته هه‌بێ و ئه‌و شته‌ش ون نابێ. که‌واته بوون شتێکی بێکۆتاییه.
به‌مجۆره ئه‌وه ئه‌و ئاگاییه قووڵه‌ی مرۆڤه له‌مه‌ڕ مه‌رگ، که وایلێده‌کا هه‌میشه هه‌ست به خه‌م و په‌ژاره‌یی به‌رانبه‌ر بوون بکا. له‌بۆیه ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی مرۆڤ به مه‌رگه‌وه، یه‌کێکه له چه‌مکه سه‌ره‌کییه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی. له‌و دیده‌وه هایدگه‌ر پێ وابوو، که گشت نه‌ریت مێتافیزک و ئایینه‌کانی رۆژئاوا ته‌نیا هه‌وڵدانێکه بۆ هه‌ڵاتن له مه‌رگ. ئێمه له ترسی ئه‌و مه‌رگه زاڵمهدا هه‌موو شتێک ده‌که‌ین تاکوو له ناخماندا تووڕی هه‌ڵبده‌ین. چونکه مه‌رگ له سه‌ره‌تا و کۆتایی ژیانماندا ئاماده‌یه. مه‌رگ بڕیار له‌سه‌ر کۆی ژیانمان ده‌دا، چونکه مه‌رگ مردنی مرۆڤ جه‌ختده‌کاته‌وه. که‌واته ئێمه بێجگه له بیرکردنه‌وه ئاماده‌بوون له‌و جیهانه و گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌شی ماڵ، ئه‌و شوێنه‌ی که گه‌وهه‌ری ئێمه‌ی تێدایه، له‌و بێهووده‌یی و پهژارهییهی بوون رزگار نابین.
سۆران: ئایا ئێمە کولتوورى فەلسەفیی مان هەیە؟ ئەگەر هەیە سەر بە کام قوتابخانەیە، هەستەکى یان هۆشەکى ؟
هه‌ندرێن: خودی ئه‌و پرسیاره له گومانی بوونی "کولتووری فه‌لسه‌فه"ی کوردییه‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگرتووه. چونکه ئه‌گه‌ر تۆی نووسه‌ر یاده‌وه‌رییه‌کت له کولتووری فه‌لسه‌فیی به زمانی کوردیی هه‌بوایه، ئه‌و پرسیاره‌ت نه‌ده‌کرد. له‌وه‌ش بترازێین، به ده‌ستپێوه‌گرتنی رێزه‌وه، له جیهانی فه‌لسه‌فه‌دا، من پێناسه‌ی "قوتابخانه‌ی هه‌سته‌کی یان هۆشه‌کی"م نه‌خوێندۆته‌وه. ده‌شێ وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌بڕینه له زمانێکی دیکه‌وه بۆ کوردیی، ئه‌وها بێت؟ ده‌شێ پێناسه و پۆلێنکردنێکی ئه‌وها له عه‌ره‌بییدا هه‌بێ و منیش لێی بێ ئاگا بم؟ هه‌ر چۆنێک بێت، فه‌لسه‌فه، هه‌ر له گرێکی کۆنینه‌وه تا ئه‌مڕۆش، به پله‌ی یه‌که‌م به کرده‌ی "هۆشه‌کی"، به‌رهه‌می ئاوه‌زه‌وه پێناسه کراوه. راسته ره‌هه‌ندی "هه‌سته‌کی" به‌شێک له فه‌لسه‌فه‌ی "به‌ر له سۆکراتییه‌کان"، سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست داگیرکردبوو، به‌ڵام فه‌لسه‌فه دوای رۆشنگه‌ریی، کۆی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرن به‌رهه‌مێکی ئاوه‌زییه. له بیرمان نه‌چێ، ئه‌گه‌ر قۆناغی فه‌لسه‌فه‌ی فێلوسووفهکانی"دوای سۆکرات" و به تایبه‌تیش به‌شێک له جیهانی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتوون و ئه‌ریستۆ، له‌سه‌ر جیاوازی نێوان ئاوه‌ز و هه‌ست، بیرۆکه "دۆکسا"، لۆژک و سۆز و … تاد کاریان کردووه. دواجاریش دوای رێنسانس و سه‌رده‌می رۆشنگه‌ریی ئیتر فه‌لسه‌فه ده‌که‌وێته ژێر رکێفی ئاوه‌ز. کتێبه‌کانی کانتیش وه‌ک باوکی فه‌لسه‌فه‌ی ئاوهزگهریی مۆدێرن، به‌ڵگه‌یه‌کی روونه.
ئه‌وه‌ی که زیاتر له فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوادا باوه، ئه‌و دوالیزمه‌یه که پێی ده‌وترێ سۆبژه ئۆبژه، باش و خراپ و … تاد. به‌هه‌مه حاڵ، سه‌باره‌ت به پرسی بوون و نه‌بوونی "کولتووری فه‌لسه‌فی" له زمانی کوردییدا، راڤه‌کردنی هه‌م ئاسانه هه‌میش سه‌خت. ده‌کرێ ئێمه، وه‌ک هه‌ر بوارێکی دیکه‌ی رۆشنبیریی و تیۆرییمان، ده‌کرێ بڵیین ئێمه له کولتووری کوردییدا، وه‌ک هزرگه‌لێکی خاو، له جیهانبینییه ئایینییه‌کانی وه‌ک کاکه‌یی، ئێزیدیی، یارسانیی، یان ئاراسته‌کانی نه‌قشه‌به‌ندیی و قادرییدا ، تێڕامانگهلێکی فه‌لسه‌فیی له شیعری شاعیره کلاسییه‌کانی کوردییدا، خاکێکمان بۆ هزراندن هه‌یه. هاوکاتیش له زمانی کوردیی نوێباودا، به رای من، له کۆمه‌ڵی ده‌قی مه‌سعوود محه‌مه‌ددا کۆمه‌ڵێک هه‌وڵی بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی هه‌یه. مه‌سعوود محه‌مه‌د به روانگه‌یه‌ک له جیهانبینی سۆفیگه‌رایی کوردییه‌وه، هه‌وڵیداوه چه‌شنه فه‌لسه‌فه‌یه‌کی بوونگه‌رایی بنووسێ. له کۆی نووسیینه هزریی، ره‌خنه ئه‌ده‌بیی و بگره زمانهوانییهکانیشدا، به سێنتهرکردنێک له مرۆڤ هه‌یه. له‌بۆیه ده‌کرێ بێژین، له پشت سروشتی نووسینه هزرییه‌کانی مه‌سعوود محه‌مه‌د، روانگه‌یه‌ک له زمانی"هۆشه‌کی"، ئاوه‌زگه‌رایی ئاماده‌یی هه‌یه. له نووسینه‌کانی ئه‌ودا، تاکگه‌راییه‌ک له مرۆڤگه‌رایی هه‌یه. له‌وه‌ش زیاتر، مه‌سعوود محه‌مه‌د به روانگه‌یه‌ک له ئاوه‌زگه‌رایی دیارده‌کانی سروشت، سه‌رهه‌ڵدانی ئایینه‌کان، ره‌وتی مێژوو و … تاد راڤه ده‌کا و له‌وێدا مرۆڤ هۆ و هۆکرد، هۆکرد و ئامانجه. نه‌ک هێزێکی خواوه‌ندی یان سروشتی. به‌دیوێکی دیکه‌شه‌وه، له کولتووری کوردییدا، خاکێک هه‌یه بۆ فه‌لسه‌فاندن، لێ گرفت ئه‌وه‌یه، ئه‌و دۆخه‌ی که کورد چ به هۆی بنده‌ستیی یان له دۆخی باشووردا که کورد خۆی به‌ڕێوه ده‌با، هێشتا ئه‌و بواره‌ی بۆ زمانی کوردیی نه‌ڕه‌خساندووه که کار بۆ فه‌لسه‌فاندنی ژیان بکا. بۆیه تا ئێستاش لایه‌نی "هه‌سته‌کی"ی ئاراسته‌ی بوونی مرۆڤ کورد دیارده‌کا. به‌مجۆره ئێمه له زمانێکی بهرتهکیی و بوونێکی هه‌سته‌کیی و سۆزهکییدا قهتیسماوین. چونکه ئێمه بونیات و پێکهاتێکی کولتووریمان هه‌یه که هه‌میشه ئه‌و بوونه هه‌سته‌کیی و سۆزهکییهمان قووڵتر ده‌کاته‌وه. به واتایه‌کی دیکه: ئه‌و که‌ش و هه‌وایه رۆشنبیریی، جڤاکیی، سیاسیی؛ ئاستی کڵۆڵی زانستگایهکان، کو‌لتووریی پاشه‌گه‌ردانی رۆژنامه‌وانیی، مه‌ستبوون له شیعریی خۆشداکه‌نه و که‌وتن به دوای رۆمانی خه‌یاڵاوی بێمانای وه‌ک پاولۆ کۆلۆ و ئه‌وانیتر، نه‌بوونی خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گر، جڵه‌وکردنی دیارده خورافیی و ئایینییه‌کان له ژیانی جڤاکیی، سیاسه‌تی خێڵ و حیزپهرستیی و … تاد، ئاسۆی فراژان و خه‌مڵینی کولتووری فه‌لسه‌فیی له زمانی کوردییدا خنکاندووه. ئه‌و چه‌ند نووسه‌ره‌ش که فه‌لسه‌فه‌یان خوێندووه، دوای نووسینی دوو نووسین له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه، له ناو لوتبه‌رزیی و پۆزلێدانه فه‌لسه‌فییه‌کاندا نقوومبوونه، بۆیه وه‌ک پادشا نه هه‌وڵ بۆ زه‌مینه خۆشکردن و کاراکردنی بواری فه‌لسه‌فه ده‌ده‌ن و نه رێز له هه‌وڵی که‌سانی دیکه‌ش ده‌گرن. ئیتر، وه‌ک چۆن ئاسته‌نگی سیاسیی کورد کڵۆڵ و مایه‌ی بێئومێدییه، هاوکاتیش گرفته‌کانی به‌رده‌م کو‌لتووریی فه‌لسه‌فاندنی کوردی، تا بڵێی ئاڵۆزن و لێره‌دا بوارمان نییه له کۆی ئه‌و ئاسته‌نگانه بدوێین. دیاره له جیهانیشدا هه‌موو کولتووره‌کان خاوه‌نی فه‌لسه‌فه نین. به‌ڵام ده‌کرێ هه‌موو زمانێک به رێگای پرۆسه‌یه‌کی فره‌وانی وه‌رگێڕان و راڤه‌کردنی زانستییه‌وه، به هاوئاهه‌نگییه‌ک له‌گه‌ڵ زمان و تایبه‌تمه‌ندییه کو‌لتووریی و مێژووییه‌که‌ی خۆیه‌وه ئاراسته‌یه‌ک یان قوتابخانه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیی هه‌ڵبژێرێ و ئیشی له‌سه‌ر بکا. کوردیش، به تایبه‌تی له باشووری کوردستاندا که ئه‌و ئازادییه‌ی هه‌یه‌تی، ده‌توانێ گرنگییه‌کی به‌ڕاستیی یان گه‌نده‌ڵکارانه به به‌شی فه‌لسه‌فه له زانستگایه‌کانی کوردستاندا بدا و له‌وێدا به به‌رنامه و پرۆژیه‌کی ههمهرهنگهوه کار بۆ په‌ره‌دان به نه‌ریت و کولتوورێکی فه‌لسه‌فیی بکا. بۆ نموونه کولتوورێکی وه‌ک سوێد هه‌تا کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تایه‌کانی سه‌ده‌ی بیستدا خۆی خاوه‌ن کلتوورێکی فه‌لسه‌فیی نه‌بوو، به‌ڵام به تایبه‌تی له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌وه له رێگای زانستگایهکانییهوه نه‌ریتی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌نگلۆ – ئه‌مریکی بکاته بنه‌مای نه‌ریتی فه‌لسه‌فیی سوێدی.
سۆران : پەیوەندى خود و بابەت چۆن دەبینى لەکۆمەڵگاى ئێمەدا ؟ ئەمرۆ مرۆڤ بەگشتى لە کۆمەڵگای ئێمە بەتایبەتى تەنها لەبابەت کردنى شتومەکەکاندا ناوەستێ، بۆئەم حاڵتە بابەت کردن بونى ژنیشى گرتۆتەوە کەپیاو دەیەوێت ئەویش بکاتە بابەتى خۆى ؟
هه‌ندرێن: هه‌رچه‌نده دڵنیانیم، که تۆ مه‌به‌ستت له "بابه‌ت" چییه؟ تۆ بڵێی مه‌به‌ستت "ئۆبژه" بێ و مرۆڤی کوردیش "سۆبژه" بێ؟
به‌هه‌مه‌حاڵ، مرۆڤی کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی ئێمه، له خودێکی هه‌راسان و بێشوێن، وێڵ ده‌چێ، بۆ فه‌رامۆشکردنی ئاگایی بوونه‌که‌ی هه‌وڵده‌دا "شت" و مرۆڤیش وه‌ک کاڵایه‌ک ههڵووشێ. یه‌کێک له‌و "شت"انه‌ی که مرۆڤی کورد له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به دوایدا وێڵه، ژنه. که ئه‌مه‌ش پاشخانێکی قووڵی له چه‌پاندن و هاوکاتیش ئه‌و وێنه سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌یه که ئه‌مڕۆ به هۆی فره که‌ناله‌کانی ماسمێدیا، به تایبه‌تیش مێدیای بینراودا، ژنی کردۆته بابه‌تێکی سێکسی رووت. ئه‌و دیارده‌یه بۆ مرۆڤی کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌دیی و بدیی وه‌ک کورد، قۆناغێکی ئاسایی نییه. دیاره کورتکردنه‌وه‌ی هه‌موو ژیان به شتومه‌ک له‌لای مرۆڤی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه، بۆ ئه‌و بونیاته داڕزاوه‌ی جڤاکیی کوردیی و سیاسه‌تی کاڵاگه‌رایی ئه‌و حیزبه حکومڕانه ده‌گه‌ڕێته‌وه. هاوده‌م له‌گه‌ڵ هاتنه کایه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی دوای سه‌دام، لافاوی بازاڕی به جیهانیبوونیش هاته سه‌ر. به‌مجۆره مرۆڤی کورد له باشوور، وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی دهعهجانبوو به سیاسه‌تی شه‌ڕی ناوخۆ و گه‌نده‌ڵیی، بوو به بوونه‌وه‌رێکی بێ‌ئاگا له ساغکردنه‌وه و به‌رخۆریی کاڵاکانی بازاڕی تورکیی، ئێرانی، دۆبه‌ی و چینی و … تاد. به‌مجۆره تاکوو ئه‌و سیاسه‌ته به مشهخۆرکردن و گهندهڵاندنه له لایه‌ن حیزبی کوردییه‌وه به‌رده‌وام بێت، ئه‌و خوده هه‌راسان و دڕدۆنگهی کوردی باشوور، زیاتر ده‌عه‌جان ده‌بێ.
سۆران: ئایا لەتێروانینى بونگەراییەوە بونى رەسەن ئەو بونەیە کەپابەندە بەهەموو پێدراو ئاماژەکلتوریەکان ئایا شتێکى ترە دەمانەوێت بزانین لەبۆچونى بونگەراییوە بونى رەسەن چۆنە ؟
هه‌ندرێن: هه‌ڵبه‌ته هه‌ر یه‌ک له فێلوسووفه بوونگه‌راکان، راڤه‌ی جیاوازیان بۆ ئه‌و "بوونه ره‌سه‌ن"ه هه‌یه. لێ، به رای من، راڤه‌که‌ی هایدگه‌ر سه‌باره‌ت به‌و بوونه له هه‌موویان سهرنجکێشتره. من له وتاری "گه‌ڕان به دوای خودێکی ره‌سه‌ندا له‌ناو مێگه‌لاندنی ئاپۆڕه‌دا"، هه‌وڵمداوه وێنه‌ی ئه‌و بوونه کڵۆڵه‌ی ئێستای کورد پێناسه بکه‌م. لێره‌دا به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و وتاره هه‌وڵده‌ده‌م به‌شێک له مه‌یله‌کانی پرسیاره‌که‌مان راڤه بکه‌م. هایدیگه‌ر له "بوون و کات"، (1927) ، به‌دوو شێوازی جودا له‌مرۆڤ ده‌ڕوانێت و به‌مه‌ش بوونایه‌تییه‌که‌ی نمایش ده‌کا. ئه‌وانیش: که بهسوێدییهکهی پێی ده‌گوترێ "egentlighet" و "oegentlighet"، یان "ئاوتێنینسینێت"، که هایدگه‌ر به‌ئه‌ڵمانی بهئایگێنتلیشهات Eigentlichkeit پێناسه‌ی ده‌کات. ده‌کرێ به"ره‌سه‌نایه‌تی"و "ناڕه‌سه‌نایه‌تی" وه‌ریانبگێڕین. هایدگه‌ر مه‌به‌ستی له‌ده‌سته‌واژه‌ی "ره‌سه‌نایه‌تی"و "ناڕه‌سه‌نایه‌تی" ئه‌و شته ره‌سه‌نه، یان بێگه‌رده‌یه که وه‌ک خۆیه‌تی، واتا ساخته نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هایدگه‌ر ده‌خوازێ باسی بکا به‌هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌واژه‌کانی خۆی زیاتر به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه. بنه‌مای ئه‌و پۆلێنکردهی بیرۆکه‌ی هایدگه‌ر ئه‌وه‌یه که ژیانی مرۆڤایه‌تی هه‌میشه بهتاکگهرایی کراوه، به‌ڵام هاوکاتیش مرۆڤ له‌ژیانی هاوبه‌شیدا له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی تر لهنادیاریدا ژیانی لهگشتگهراییدا ده‌توێنرێته‌وه، که هایدگه‌ر ئه‌و ژیانه گشتییه به"پیاو"، ، به‌ئه‌ڵمانی "Das man" ناودێری ده‌کا. واتا ئێمه له‌بری ئه‌وه‌ی خۆمان ته‌رخان بکه‌ین بۆ ئه‌و توانایانه‌ی که خۆمان سه‌ربه‌خۆیانه تێیده‌گه‌ین و هه‌مانه، که‌چی ملکه‌چانه وه‌کو ئه‌و "پیاو"ه قسه ده‌که‌ین و ره‌فتار ده‌که‌ین. به‌دیدی هایدگه‌ر ئێمه خۆمان ده‌دزینه‌وه له‌و بۆچوونه بێ‌ماڵ و ترسناکانه، دواجاریش ده‌بێ ئێمه له‌ژیانماندا بۆ ئه‌و شته بوده‌ڵانه مانایه‌کی باش دابهێنین، بۆئه‌وه‌ی به‌و مانایانه بتوانین بۆ ساتێک خۆمان هێمن و رازی بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌و کاره له‌پێناو تێگه‌یشتنێکی قووڵدا ناکه‌ین، به‌ڵکو ئێمه ئه‌وه ده‌که‌ین وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌و "پیاو"ه ده‌یکات. واتا ئه‌وه ئه‌و "پیاو"هیه پێمان ده‌ڵێت که ده‌بێ وا بکه‌ین، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه ئێمه ته‌واو نین. جا ئه‌و ره‌فتار و قسه‌کردنانه هه‌ر شتێک بن، سه‌باره‌ت به‌کار، سیاسه‌ت، سه‌رۆکایه‌تی و مۆڵه‌قبوون به‌دیار گۆرانیبێژ و پرۆگرامه ناسراوه‌کانه‌وه. ئه‌و دیدو ره‌خنه‌یه‌ی که هایدگه‌ر له‌مه‌ڕ ژیانی رووکه‌شی و خواستی گشتی و جه‌ماوه‌ر و دیکتاتۆرییه‌ت و … تاد، باسی ده‌کا. ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ باڵاکردنی ژیانی خۆشگوزه‌رانی وفراژانی ئاسۆیه فره‌کانیدا ، که ئێمه ده‌بێت له‌پێناوی ژیاندا ببینه کۆیله. راستگۆبوون له‌گه‌ڵ خودی خۆت و هاوئاهه‌نگبوون له‌گه‌ڵ بنه‌مای هاواره‌کانی ناخت، ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندییه‌که که ده‌بێته بارگرانییه‌ک له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئاکاره باوه‌کانی وه‌ک مافپه‌روه‌ری، هاوڕێیه‌تی، سه‌رڕاستی، زرینگی و هه‌ستپێکردن. بوونگه‌راییه (ئێگزیستێنسیالیست)ه‌کانیش، له‌وانه سارته‌ر، بیرۆکه‌ی ره‌سه‌نایه‌تی خود ناخاته ژێر پرسیاره‌وه، به‌ڵام لای ئه‌و بیرکردنه‌وه له‌سروشتی ناوه‌کییه‌ت ده‌کرێت به‌شێوه‌ی ئه‌رکۆلۆژییه‌کی که‌سایه‌تییانه شی بکرێته‌وه. ئه‌و منه ره‌سه‌نایه‌تییه لای سارته‌ر، به‌رێگای ئازادیی ده‌خوڵقێنرێت، که به‌مه‌ش ئه‌و منه ره‌سه‌نه خۆی لهکۆنتراکتی کۆمه‌ڵایه‌تی و بیروڕای سیستمه ساخته‌کان به‌دوور ده‌گرێت و له‌بڕی ئه‌وه گرینگی به‌خودی خۆی ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و گرینگیپێدانه به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان ته‌واو بێ مانایه. خه‌می بوونه نووسه‌رێکی مشه‌خۆر، شاعێرێکی یاخی، پۆلیسێکی به‌ئاگا ده‌بێته تاکه گۆچانێک که خۆتی پێوه‌بگریت. ره‌سه‌نایه‌تی سارته‌رییانه، که ده‌کرێ وه‌ک به‌رده‌وامییه‌ک له‌چه‌مکی ره‌سه‌نایه‌تی هایدگه‌ر سه‌یری بکه‌ین، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و چه‌ند خاڵه‌ی که پێشتر ئاماژه‌م پێکردن وه‌ستاون، واتا رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ داخوازییه باوه‌کان. لێره‌دا له‌په‌یوه‌ندی به‌ئاماژه زووه‌کانی هایدگه‌ر سه‌باره‌ت به‌شێوه‌ی ره‌سه‌نایه‌تی و ناڕه‌سه‌نایه‌تی بوون، ده‌کرێ بڵێین که گوتاری/ دیسکۆرسی راستینه‌ی ئێستا له‌چه‌ند شێوه‌دا گۆڕانی به‌خۆیه‌وه بینیوه. ئه‌و شێوانه‌ش: شێوه‌ی یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی که ئێستا ئاخاوتن سه‌باره‌ت به‌راستینه‌ی خود بۆته ئاخاوتنێکی به‌تاڵ، یان بێ‌مانا، به‌مجۆره ئه‌و "پیاو"هی که رۆژانه پێمان ده‌ڵێ ده‌بێ وا ره‌فتار بکه‌ین و وابین، ئه‌و خوده راستینه‌یه‌ی داگیرکردووین. بوون به‌خۆت بۆته ئه‌و شته‌ی که "پیاو ده‌یکا"، ده‌بێ به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت به‌هۆی ئه‌و گوێگرتنه‌وه له‌خه‌ڵک، به‌دوای چاره‌کردن و گونجاندنی جه‌سته‌و رۆحماندا سه‌رقاڵبین، شێوه‌ی دووهه‌میان ئه‌وه‌یه که هه‌وڵدان بۆ ژیانێکی ره‌سه‌ن یان راستینه‌ی سه‌ربه‌خۆ به‌جۆرێک ده‌بێته خۆپه‌رستی و خۆویستی. به‌و مانایه‌ی که من ده‌بێت خۆم تێر بکه‌م به‌ر له‌وه‌ی خه‌م له‌یه‌کێکی تر بخۆم. شێوه‌ی سێیه‌میان ئه‌مڕۆ وێده‌چێ ره‌سه‌نایه‌تی و بێگه‌ردیی چیتر وه‌ک ئامانجێک مانای نه‌مابێته‌وه، به‌ڵکو به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی ره‌سه‌نایه‌تی خود ته‌نیا رێگایه‌که بۆ سه‌رکه‌وتنێکی هه‌میشه‌یی. له‌کوردستاندا ره‌نگه ئه‌و رێگایه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه خۆکردنه بهمشهخۆر له‌ڕێگای که‌ناڵه‌کانی حیزب، وه‌ک ئه‌و خه‌ڵات و ئاهه‌نگه بێتامه‌کان، یاکردنه‌وه و فیستیڤاڵ پێڕگهراکان و رێکخراوه به‌ناو مه‌ده‌نییه‌کان، جۆرێک بێت له‌و بوونه ناڕه‌سه‌نه، ملکه‌چکردنه بۆ فهرماشتهکانی ئه‌و "پیاو"ه عه‌نته‌ره‌ی به‌سه‌رمانه‌وه‌یه. به‌مجۆره ئه‌مڕۆ له کوردستاندا ئه‌گه‌ر بته‌وێ بوونێکی ره‌سه‌ن بیت، ده‌بێ سزاکانی ئه‌و "پیاو"ه چاوهڕوانبکهی. هه‌ربۆیه مرۆڤی کورد له‌دوو هه‌ڵبژاردن زیاتر هیچیتری بۆ نامێنێته‌وه: بۆئه‌وه‌ی وه‌ک که‌سێکی به‌خته‌وه‌ر و سه‌رکه‌وتوو خۆت بناسێنی، ده‌بێت به‌بێ بوونی هیچ گومانێک بچیته ریزی ئه‌و مێگهلاندنهوه که له ئارادایه.
سۆران: ئایا مەبەست لەبۆخۆبون لەنێو خۆدا چیە لەفەلسەفەى بونگەرایدا ؟
هه‌ندرێن: ئه‌گه‌ر له مه‌به‌ستی پرسیاره‌که‌ت گه‌یشتبم، ئه‌و بۆ "لهبۆخۆبوون"ه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و دۆخه بێهوودهیهی مرۆڤ. له‌وێدا مرۆڤ هه‌وڵده‌دا ئه‌و ئازادییه زه‌وت بکه‌ین که ترسێکه بۆ ئازادی خۆمان. ئازادیی و ئه‌و به‌رپرسیارییانه‌ی که ژیان به‌سه‌رماندا سه‌پاندوویه‌تی تووشی ترسێکی گه‌وره‌مان ده‌کا. بۆیه مرۆڤ ده‌چیته‌وه ناو خودی خۆی و خودپه‌رستییه‌وه تاکوو خۆی له‌و ئازادییه بدزێته‌وه. به‌مجۆره کاتێک مرۆڤ شتێک ده‌بینێ که وه‌ک خۆیه‌تی، دووره له تێگه‌یشتنی ئێمه‌وه، ئه‌وکات هه‌ست به بێزهوهریی ده‌که‌ین، دواجار هه‌وڵده‌ده‌ین بێهوودهیهکانمان پاک بکه‌ینه‌وه. ئه‌مه‌ش جۆرێکه له بوونێک بۆخۆی، له خود بوون. ئێمه خۆمان به ئاگاین له‌و لهخۆبوونه.
سۆران: بوونى ئیرادە لەتوانایدا هەیە بوون لەنێو خۆیدا رەت بکاته‌وه و بوونێکى نوێ بۆ خۆى بریار بدات، ئەویش بوون بۆخۆیە؟
هه‌ندرێن: مرۆڤ خۆی بههاخوڵوێنه. ئه‌و به‌هایه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌یه که مرۆڤ چ به‌هایه‌کی لا گرینگه. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌و ژیانه کورته‌یه‌دا، بوون وه‌ک پرۆژیه‌ک ببینێ، ئه‌وکات ئه‌وه ئیراده"ی مرۆڤ خۆیه‌تی که ده‌توانێ ئه‌و بوونه ره‌تبکاته‌وه که، به واتای هایدگه‌ر، ئه‌و "پیاو"ه به‌سه‌ریدا سه‌پاندووین و هه‌موو رۆژێ ناوچارمان ده‌کا، ئه‌وه بکه‌ین و ئه‌وێهێ نه‌که‌ین. بۆیه ویستی ئێمه ده‌توانێ ئازادانه ئه‌و بوونه له خۆبوونه هه‌ڵبژێرێ که ره‌سه‌نه. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌یه که ئێمه چه‌ند توانستی ئه‌وه‌مان تێدایه که ئه‌و بوونه به‌سه‌ر سهپێنراوهمان ره‌تبکه‌ینه‌وه. که‌واته ئازادیی و بێهوودهییهکانمان له یه‌ک سه‌رچاوه‌دا هه‌ڵده‌قووڵی، له‌وێدا ئاگاییمان له شه‌ڕێکی سه‌ختیی بوونێکی بێ ئاوهزدایه. بۆیه مرۆڤ ده‌بێ به‌های بوونه‌که‌ی له ویستی خۆیدا بسازێنێ. ته‌نیا ئاگایی مرۆڤه که ده‌توانێ ئه‌و بوونه سه‌پاوه ره‌تبکاته‌وه و ئه‌و بوونه هه‌ڵبژێرێ که خۆیه‌تی.