بیره‌وه‌رییه‌كانی (كافكا) به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵا نه‌خۆشی و ته‌نهایی و ئه‌ده‌بدا
” ئێمه له فیرده‌وس ده‌ركراین.. وه‌لـێ فیرده‌وس له دوای ئێمه نه‌ڕووخا، لێره‌وه ده‌بێت بڵێین: ئه‌م دهركرنهمان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان هه‌لێك بوو بۆمان، ئاخر ئه‌گه‌ر ئێمه له‌وێ بماینایه‌ته‌وه و دهرنهكراینایه، هه‌ر چۆنێك بێت خۆ ڕۆژێك له ڕٍۆژان هه‌ر ده‌ڕووخا…”، گوتیاری ئه‌و گوتانه تیۆلۆژیستێكی هاوشێوه‌ی قه‌شه ئۆگه‌ستین نه‌بوو، بیریارێكی وجودیی ئیمانداری چه‌شنی (گاریا مارسال)یش نه‌بوو، شانۆكارێكی وه‌ك (ژان ژیرۆدۆ)ش نه‌بوو كه هه‌موو كاره‌كانی به ده‌وری كێشه‌ی باوه‌ڕدا ده‌سوڕانه‌وه… به‌بێ گرێ و به‌ساده‌یی نووسه‌ری ئه‌و دێڕانه (فرانز كافكا)ی نویسیاری گه‌وره‌ی زمانی ئه‌ڵمانی، خاوه‌ن كتێبگه‌لی (دادگا)، (به‌د گۆڕان) و (دیواری چین)ه. به‌ڵام ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه له هیچ یه‌ك له ڕۆمانه‌كانی كافكاوه وه‌رنه‌گیراون، ڕۆمانێلێك كه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا نووسینی و تازه‌گه‌رییان به‌خشییه ئه‌و سه‌ده‌یه، هه‌رچه‌ند زۆربه‌شیان له ژیانی خۆیدا بڵاونه‌كرانه‌وه. ئه‌و وتانه له (بیره‌وه‌رییه گهرموگوڕهكانی ڕۆژانه‌ی ژیانی كافكا)ه‌وه وه‌رگیراون، كه له دوای مه‌رگی خۆی دۆزرانه‌وه و، یه‌كه‌مجار به بهشبهشكراوی و ناته‌وای له ساڵی 1937دا و دوایش له‌لایه‌ن (ماكس برد)ی هاوڕێ و بڵاوكه‌ره‌وه‌ی نووسینه‌كانییه‌وه له پاش مردنی له ساڵی1950دا به ته‌واوی بڵاوكرانه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی (برود) ئه‌و چاپه نوێیه‌ی به (چاپی كۆتایی) ناوبرد، به‌ڵام هه‌ندێك له لێكۆڵه‌ره‌وان له‌وه بێده‌نگ نه‌بوون كه گومانی له‌سه‌ر دروست بكه‌ن.
ماكس برود كه نووسه‌رێكی ده‌مارگیر و توندڕه‌وی زایۆنی بوو، هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ فه‌له‌ستین، بۆ لێكۆڵینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسین و به‌رهه‌مه‌كانی كافكا ته‌رخانكرد، دوور نییه له دوای مردنی كافا، به‌و شێوه‌یه‌ی دڵی ده‌یگرێت ده‌ستكاری كردبن و گۆڕانكاری تیایاندا ئه‌نجامدابێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش (بیره‌وه‌رییه‌كان) هه‌ر بۆنی كافكایان لێدێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو زۆرێك له توێژه‌ره‌وانی به‌رهه‌مه‌كانی كافكا وای ده‌بینن، ئه‌و بیره‌وه‌رییانه ته‌نها ئامرازێكن ده‌شێت له ڕێیانه‌وه بتوانین تێگه‌یشتنێكی قوڵمان له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی كافكا ده‌ست بكه‌وێت، چونكه پێشتر ئه‌ده‌بی كافكا جۆرێك له ئاڵۆزی تێدا ده‌بینرا و كه‌مێك تێگه‌یشتنی گران بوو، به‌تایبه‌ت هه‌میشه ده‌به‌سترایه‌وه به‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه كه كافكای تێدا ژیاوه و زۆر هه‌وڵی بێهووده‌ش ده‌درا ئه‌ده‌بی كافكایی بكرێت به جۆرێك له ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام (بیره‌وه‌رییه‌كان) ئه‌و سنووره‌یان بڕی و بوون به پاڵنه‌رمان بۆ تێگه‌یشتنێكی وجودییانه‌ی خودیی بۆ شاكاره‌كانی كافكا.
كافكا ساڵی (1910) ده‌ستی به نووسینی یادگارییه‌كانی ڕۆژانه‌ی كرد، له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نی بیستوحه‌وت ساڵ بوو و له‌سه‌ر ڕێی دۆزینه‌وه‌ی ناوبانگی خۆیدا بوو له جیهانی ئه‌ده‌بدا، تا دواساته‌كانی ته‌مه‌نیشی له نووسینه‌وه‌یان به‌رده‌وام بوو و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌دان لاپه‌ڕه‌ی ڕه‌ش كرده‌وه، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه، هه‌موو ڕۆژێكی نه‌نووسیوه‌ته‌وه، واته پچڕپچڕی به نووسینه‌وه‌یه‌وه دیاره، جاری وا بووه چه‌ند مانگ هه‌ر بهلایشیدا نه‌هاتووه و بیری چووه‌ته‌وه، به‌بێئه‌وه‌ی هۆكارێكی ڕوون بۆ ئه‌و كاره‌ی ببینرێت، پاشان له‌پڕ گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ری، ئه‌مه‌ش دیسان به‌بێ هۆكارێكی دیار. ڕاستییه‌كه‌ی چونكه كافكا خۆی ته‌نانه‌ت وشه‌یه‌كیشی له‌سه‌ر ئه‌م ده‌ستلێهه‌ڵگرتن و گه‌ڕانه‌وه‌یه و هۆكاره‌كانی نه‌نووسیوه، هه‌ندێك له توێژه‌ره‌وان هاتوونه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی _بێ ئه‌وه‌ی بتوانن بیسه‌لمێنن_ كه ماكس برود خۆی چه‌ندین په‌ڕه‌ی له یادگارییه‌كان سڕیوه‌ته‌وه، كه له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت نه‌یویستووه بڵاوببنه‌وه یان بخوێنرێنه‌وه، وه‌لـێ دیسان كارێكی ئاوهاش پێناچێت هێنده گه‌وره بێت كه له نرخی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه سه‌رسوڕهێنه‌ره كه‌مبكاته‌وه. به‌ڕاستی سه‌رسوڕهێنه‌ره، چونكه نووسه‌ره‌كه‌ی شتی زۆری تێدا باسكردووه، بێئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌یان گرێبدات، وه‌لـێ ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر له‌و كه‌سانه بێت كه گرنگی به ژیان و ئه‌ده‌بی كافكا ده‌ده‌ن، خۆی پێكه‌وه گرێیان ده‌دات و، بۆی ڕوونده‌بێته‌وه ئه‌وه‌ی كافكا لێره‌دا ده‌یڵێت ته‌واوكه‌رێكی سروشتییه بۆ ئه‌و بێده‌نگییه‌ی كه له كاره ئه‌ده‌بییه‌كانیدا به‌دیده‌كرێت. له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌شدا سه‌ره‌ڕای زۆری په‌ڕه‌ی یادگارییه‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندی و فرهڕهههندییان و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له هه‌ندێك شوێندا ڕۆژ به ڕۆژی ژیانی كافكایان تێدا تۆماركراوه، له جوڵه و ئه‌وینداری و گه‌ڕان و بیركردنه و تێڕوانینی… ئه‌و كه‌سه‌ی به تێڕامان و له‌سه‌رخۆیی بیانخوێنێته‌وه، تێبینی ده‌كات پوخته‌ی نووسینه‌كانی له ده‌وری سێ بابه‌تدا چڕده‌بنه‌وه، باشتره بڵێین له ده‌وری سێ كێشمه‌كێشدا كه له ساڵه‌كانی دوایی ته‌مه‌نیدا كافكا له گه‌ڵیان ده‌ستله‌ملان بوو: به‌ربه‌ره‌كانێكردنی نه‌خۆشی و تینوێتی گه‌یشتن به ته‌ندروستی و ژیانێكی بێدهردهسهر، به‌ربه‌ره‌كانێكردنی حه‌زكردن به مانه‌وه‌ی به گه‌نجێتی له لایه‌ك و ویستی هاوسه‌رگیری له‌و لاوه، دوا كێشه‌شی كه به بۆچوونی هه‌مووان جگه له ماكس برود، له گشت كێشه‌كان گرنگتره، ئه‌و كێشمه‌كێشه‌یه كه كافكا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵا گروپه جوولهكهكهیدا هه‌یبوو له شاری (پراگ)، به‌تایبه‌ت وه‌ختێك بزانین باوكی به نیسبه‌ت كافكاوه به نوێنه‌ری ئه‌و گروپه داده‌نرا، وه‌لـێ شتێك كه مایه‌ی تێڕامان و سه‌رسوڕمانیشه ئه‌وه‌یه، زۆربه‌ی ئه‌و په‌ره‌گرافانه‌ی ونبوون یان وا ده‌رده‌كه‌وێت كافكا نهینووسیبێتن ئه‌وانه‌ن كه باس له‌م كێشمه‌كێشه‌ی دوایی ده‌كه‌ن!
گرنگ ئه‌وه‌یه بیره‌وه‌رییه‌كانی كافكا له‌ژێر باری چه‌ند هۆكارێكی قورس و گراندا نووسراون، وه‌كو ترس له نه‌خۆشی، ته‌نهایی، ڕق له باوك و كه‌سوكار… ئه‌مانه‌ش شتانێكی تازه‌نین بۆ ئێمه، چونكه ده‌زانین ئه‌م شتانه له بنه‌مادا كرۆكی شاكاره ڕۆمانییه‌كانی ئه‌و پێكده‌هێنن، ته‌نها ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له ڕۆمانه‌كانیدا ئازاره‌كانی به‌ستبێته‌وه به پاڵه‌وانه‌كانی نێو ڕۆمانه‌وه، ئه‌وه لێره‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ و یه‌كلاییكه‌ره‌وه بۆ خودی كافكا ده‌گه‌ڕێنه‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌زانین كافكا به ده‌ست نه‌خۆشیی سیله‌وه گرفتار بووه و له‌دواییشدا هه‌ر ئه‌و نه‌خۆشییه له‌ناویبرد، به‌ڵام خۆی باوه‌ڕی وابوو ڕه‌گوڕیشه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی سایكۆلۆژییه نه‌ك فیسیۆلۆژی، بگره نه‌خۆشییه‌كه‌ی پاساوێك بوو بۆی بۆ خۆدزینه‌وه له ژنهێنان، ئه‌و ده‌ترسا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ژن بێنێت ڕه‌نگه منداڵێكی تووشبوو به سیل بهێنێته دونیاوه، له‌ولایشه‌وه به‌رده‌وام وای هه‌ستده‌كرد ناتوانێت به ته‌نها و بێ هاوسه‌ر درێژه به ژیان بدات. ئینجا بیری له‌وه ده‌كرده‌وه ئه‌گه‌ر ژیان به‌ته‌نهایی ناچێته‌سه‌ر، ئه‌ی له‌گه‌ڵا چ كه‌سێكدا من ده‌توانم بژیم؟ ئیدی به‌و شێوه‌یه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی بۆمان ده‌گێڕنه‌وه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵا ئافره‌تێكدا ده‌گرێت، زۆری پێناچێت جیاوازی ده‌كه‌وێته نێوانیانه‌وه و وازی لێدێنێت. دووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆلای، جارێكی‌تر نێوانیان تێكده‌چێت… ئه‌مه ڕێك له‌و كاته‌دا ڕووده‌دات كه سه‌رقاڵی نووسینی (دادگا) و (نیشته‌جێی سزا)یه، هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه داخی ده‌ده‌نێ، به‌ڵام هه‌ر ساڵێك دواتر خه‌ڵاتێكی ئه‌ده‌بیی گرنگی پێده‌به‌خشرێت، ئه‌وه وا ده‌كات ئازاره‌كانی بیربچێته‌وه و هه‌ندێك نیشانه‌ی شادی له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا به‌ده‌ركه‌ون. ساڵی 1916 هه‌موو شته‌كان ده‌گۆڕێن، جارێكی‌تر داخوازییه‌كه‌ی سه‌رناگرێت، نیشانه‌كانی سیل لێی به‌دیار ده‌كه‌ونه‌وه، ئیدی له پراگ جێگیر ده‌بێت، له‌م نه‌خۆشخانه بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه، ڕه‌نگه ناخۆشترین و خه‌مناكترین په‌ڕه‌كانی یادگارییه‌كانی ئه‌وانه بن كه تێیاندا باسی ژیانی خۆیمان له نه‌خۆشخانه و مانه‌وه‌ی له نێوان ترس و ئومێددا بۆ ده‌گێڕێته‌وه، لێره‌دا ئه‌و په‌ڕانه‌ی باسی نه‌خۆشی ده‌كه‌ن زۆر ده‌بن، وا ده‌رده‌كه‌وێت نه‌خۆشی لای ئه‌و له مردن زیاتر جێگه‌ی ترس و نیگه‌رانی بووه. ئیتر ئاوها ئه‌و چه‌ند ساڵه كه‌مه‌ی كۆتایی ته‌مه‌نی ده‌باته سه‌ر، ئه‌و له ساڵی (1924) گیان ده‌سپێرێت. به‌ڵام هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ی به‌ر له مردنیدا ڕووداوی خوازبێنییهكی نوێ سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌مجاره‌یان ئافره‌تی به‌رانبه‌ری كه‌سێكه به ناوی (دورا دایمانت)، له هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌وه‌یه كافكا هه‌ر له‌و بیمارستانهدا ده‌مرێت، كه له (ڤییه‌ننا)شه‌وه دوور نییه.، یادگارییه‌كانی له‌سه‌ر ورده‌كاریی هه‌موو ئه‌و ڕوودوانه ده‌وه‌ستێت و باسیان ده‌كات، وا چاكتره بڵێین ئه‌وه‌مان پێشكه‌ش ده‌كات كه (داروس) ناوی لێده‌نێت (په‌رچه‌كرداری سایكۆلۆژییانه‌ی ئه‌و هه‌موو ڕووداوانه)، به‌و واتایه‌ی كافكا هه‌ندێجار وا ده‌ینووسی وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌روونشیكارێك بێت و نه‌خۆشێك بخاته ژێر لێكۆڵینه‌وه شیكارییهكانیهوه، له هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر (بیره‌وه‌رییه‌كان) ئه‌و جێگایه‌ن تیایدا كافكا له هه‌موو شوێنێكی تر زیاتر، جه‌خت له‌سه‌ر حاڵه‌تی ڕووحی خۆی و په‌یوه‌ندیی خۆی به باوه‌ڕه‌وه ده‌كاته‌وه، ئه‌و زۆر به‌ڕوونی له یه‌كێك له جوانترین لاپه‌ڕه‌كانی یادگارییه‌كانیدا پێمان ده‌ڵێت: ” ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی ببینین چاومان هه‌یه به‌كاری ده‌هێنین، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی خوا بناسین ئه‌وه هه‌موو بوونمان هه‌یه…”.
ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م جهختكردنهوانه بن وا له‌م یادگارییانه بكه‌ن ببنه جۆرێك له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی وه‌ڕه‌زبوون له ژیان و ئومێدی ڕزگاربوون كه له كۆتاییدا دێت و هه‌موو شتێك ڕوونده‌كاته‌وه.
كافكا (1883 ـــ 1924) ته‌نها چلویه‌ك ساڵا ژیا، ئه‌و ته‌مه‌نه كورتهشی به‌رده‌وام له نێوان ترس و ئومێددا ده‌گوزه‌راند، كه‌چی ئه‌وه وای لێنه‌كرد بێبه‌رهه‌م بێت، ئه‌و له ڕێگه‌ی چه‌ند شاكارێكهوه كه له سه‌ره‌تاوه سه‌ركه‌وتنێكی ئه‌وتۆیان به‌ده‌ست نه‌هێنا و، چه‌ند تێكستێكه‌وه كه كه‌مێكیان نه‌بێت له ژیانی خۆیدا بڵاونه‌كرانه‌وه، ده‌قگه‌لێكی ئه‌ده‌بی وای هێنایه بوون، ڕه‌نگه زیاده‌ڕه‌ویمان نه‌كردبێت ئه‌گه‌ر بڵێین له گرنگترین ئه‌و ده‌قانه‌ن كه سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به خۆیه‌وه بینینی و كارێكیان كرد ئه‌م سه‌ده‌یه به سه‌ده‌ی تازه‌گه‌ری بناسرێت.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی (الحیاه)، ژماره‌ی ڕۆژی 24/5/2005.
نووسه‌ری بابه‌ت: ئیبراهیم ئه‌لعه‌ریس.
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه:
هێمن خورشید