
ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن
ئه‌وه ماوه‌ی بیست و دوو ساڵه خێزانم درووستکردووە، شایی و هاوسه‌رگیرییه‌که‌ی من به‌ته‌نها دوو ساڵی خۆش بوو، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌ردوولامان په‌یوه‌ندی به هه‌ره‌سهێنانی ئه‌و ستهمکارییهوە بوو، که له‌وه‌ته‌ی هه‌بووین هه‌ر دهچهوسێنراینهوه، ئه‌وه بوو دواجار من له ژێر حوکمی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری باوکم هه‌ڵگه‌ڕامه‌وه‌و یاخی بووم و به‌شێک له ده‌سه‌ڵات و سامانی ناوچەکەیم داگیر کرد و نیمچه ده‌سه‌ڵاتێکم بۆ خۆم درووست کرد.
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خێزانه‌که‌م له نیازپاکی ئه‌م یاخیبوونه‌ی من تێبگه‌ن بڕیارم دا ئه‌و نه‌گبه‌ته داماوه‌ش، که به‌رده‌وام دهچهوسێنرایهوهو به‌ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له ڕه‌گه‌زێکی تربوو ئازاد بکه‌م و بیکه‌مه هاوبه‌شی ئه‌م ژیانه نوێیه. به‌ڵام ئه‌م خۆشییه هه‌ر به‌ته‌نها ساڵی یه‌که‌می خۆش بوو، ئه‌گه‌رچی له‌ساڵی دووه‌میشدا مناڵێکمان بوو.
به له‌دایکبوونی ئه‌م مناڵه که‌مێک شاد و دڵخۆشبووین، به‌ڵام ئیره‌یی دراوسێکانمانی کوێرکردبوو، هاوسه‌ره‌که‌شم به‌هۆی ئه‌وه‌ی لە ڕابردوودا هه‌رجارێک له‌ماڵی خۆیانه‌وه په‌لاماریان دابێت بە نیازی زیان پێگەیاندن و ئازاردان خۆی ده‌کرد به ماڵه دراوسێکاندا، هه‌میشه خۆی به قه‌رزداریان ده‌زانی، ئه‌مه‌ش بووبووه هۆی ئه‌وه‌ی به باشی گوێ له ئامۆژگاری و راسپارده‌کانیان بگرێت، وه‌ک به‌م کاره چاکه‌ی ڕۆژانی ته‌نگانه‌یان بداته‌وه.
مناڵه‌که‌مان گاگۆڵکێی ده‌کردو ئه‌و بۆڵه بۆڵ و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ده‌ست پیکرد، هه‌ستم ده‌کرد له شه‌ڕێک ده‌گه‌ڕێت و ده‌یه‌وێت من ده‌ست پێشخه‌ری بکه‌م، به‌ڵام جگە لەوەی خۆم لە شەڕەکانی لادەدا، هه‌موو شتێکیشم لە پێناو مناڵە ساواکەمان دەکرد بۆ ئه‌وه‌ی بکه‌وێته سه‌رقاچ، که‌چی هیچ سودێکی وای نه‌بوو، چونکه ئه‌و به‌وه ڕاهاتبوو له‌گه‌ڵ هه‌ر په‌لامارێکدا خۆی بکات به ماڵه دراوسێیه‌کدا.
ئه‌وه نه‌بێت توانای ئه‌وه‌م نه‌بووبێت هه‌رزوو ده‌مکوتی بکه‌م و وه‌ک کۆیله‌که‌ی جارانی لێ بکه‌مه‌وه، به‌ڵام له پێناو پێگه‌یاندنی مناڵه‌که‌مان نه‌مده‌ویست ئه‌و کاره بکه‌م، خۆ ئه‌گه‌ر پشتیشی به دراوسێکان ببهستایهت ئه‌وا هیچ باکم نه‌بوو، چونکه یه‌ک نامه به‌س بوو بۆ باوکمی بنێرم به هانامه‌وه بێت و هێزه‌کانی خۆی بۆ پاراستنم بنێرێت، ئه‌وه ڕاسته من له‌باوکم هه‌ڵگه‌ڕامه‌وه‌و به‌شێکی دهسهڵاتەکهیم زەوتکرد، به‌ڵام دواجار من و ئه‌و هه‌ر کوڕ‌و باوک بووین، قه‌ت له‌و بڕوایه‌دا نیم هیچ باوکێک پشت بکاته کوڕه‌که‌ی، له‌کاتی ته‌نگانه‌دا.
نامه‌وێت سه‌رتان به هیچ و پووچییهکانی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌وه بیه‌شێنم، که ئێمه له‌شه‌ڕدا به‌سه‌رمان برد و ماڵمان جیاکردەوەو مناڵهکهشمان بۆخۆی هه‌ر نه‌که‌وته سه‌رقاچ و بۆ هه‌تا هه‌تایه ئیفلیج بوو. دواجار به هاوکاری ئه‌م دوژمن و ئه‌و دوژمن ئاشبووینهوهو مناڵی ترمان درووستکرد، ئاخر ئه‌مه‌تان له‌لا سه‌یر نه‌بێت شه‌ڕه‌که‌ی بە جۆرێک بۆگەنی کردبوو جگه له دوژمنه‌کانمان هیچ دۆستێک نه‌یده‌توانی ڕێکمان بخاته‌وه. ئه‌گه‌ر درۆشتان له‌گه‌ڵدا نه‌که‌م هه‌ردوو لاشمان بۆ ڕێککه‌وتن شل بووین، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به هه‌ره‌سهێنانی ته‌واوه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی باوکمه‌وه هه‌بوو، ئه‌گه‌رچی خۆیشم له‌و ڕوخاندنهدا به‌شداربووم و پێموابوو دوای باوکم پێگه‌ی من به‌هێزتر ده‌بێت و ده‌توانم جێگه‌ی باوکم بگرمه‌وه، به‌ڵام نه‌مزانی ئه‌و تیره‌ی له پشته‌وه بهباوکمیهوه ده‌نێم له‌و کاته‌دا باوکم ئاوڕێک بۆ دواوه ده‌داته‌وه‌و تیره‌که له سنگییه‌وه ده‌رده‌چێت و به‌ره‌و خۆم ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وه‌ک گوتم: ئاشتبوونه‌وه‌ی من و هاوسه‌ره‌که‌م حه‌زی هه‌ردووکمانی تێدا نه‌بوایه‌ت، ئه‌وه قه‌ت ڕووی نه‌ده‌دا، چونکه من ئیتر هه‌ستم ده‌کرد، ئه‌و هێزه‌ی، که ده‌متوانی پشتی پێ ببه‌ستم له‌ناو چووه‌و ئه‌ویش ئه‌م خاڵه لاوازه‌ی منی به‌هه‌ل ده‌زانی له‌گه‌ڵمدا ئاشتبێتهوهو پێگه‌ی خۆی له‌سه‌ر من به‌هێز بکات، ئه‌وه‌بوو به شایه‌تی هه‌موو دۆست و دوژمنه‌کانمان ڕێککه‌وتنێکی ستراتیژیمان ئیمزا کرد.
ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نێوانمان زیاتر مادی بوو تا مه‌عنه‌وی، ئه‌گه‌رچی له‌و چه‌ند ساڵه‌دا شه‌ش حه‌وت مناڵیشمان درووستکرده‌وه، به‌ڵام هه‌میشه له دوو قومارچی ده‌چووین له گه‌مه‌یه‌کدا ده‌بنه شه‌ریک و له‌ژێره‌وه‌ش خه‌ریکی فرت و فێڵ و گزیکردن بن له‌یه‌کتر.
من پیاوێکی زۆر ڕاستگۆ‌و دیموکراتبووم له‌گه‌ڵ ماڵ و مناڵه‌کانمدا، هه‌موویانم خۆش ده‌ویست، به‌ڵام به‌دگومانی له هاوسه‌ره‌که‌م وایلێکردبووم له داهات و سامانی ساڵانه‌دا هه‌ندێک بەناوی شتی دیکەوە بۆ خۆم لا بده‌م بۆ ئه‌و هێز و میلیشیا نهێنییانه‌ی بۆ کاتی ته‌نگانه‌و حاڵه‌تی کت‌وپڕ دروستم کردبوون و جگه له‌خۆم هیچ که‌سێک ئه‌مه‌ی نه‌ده‌زانی، هه‌ر بۆ خۆیشم سه‌رپه‌رشتیم ده‌کردن. هیوادارم ئه‌مه خراپ لێک نه‌ده‌نه‌وه خوا نه‌خواسته من دزیم له مناڵه‌کانم کردبێت و له بوجه‌که‌ی ئه‌وانم بۆ سوپا تایبه‌تییه نهێنیی و په‌یوه‌ندییه نهێنییه‌کانی ترم بردبێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من مافی خۆمه وه‌ک ده‌سه‌ڵاتداری گشتی بزانم ئه‌و بوجه بۆچی و چۆن دابه‌شبکرێت، هیچکات ئه‌مه‌شم لێنهدهشاردنهوه، ئه‌وه‌نده ڕوون و ئاشکرا داهاتی ساڵانه‌م دابه‌ش ده‌کرد، خۆیان سه‌ریان ده‌سوڕما له ده‌ستپاکیم، به‌ڵام خۆ ناحه‌ز و خه‌ڵکی ئیره‌یی به‌ر قه‌ت سهرخهوێکیش ناشکێنن….
له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونی مناڵه‌کان و هه‌ندێک کۆکردنه‌وه‌ی داهات هه‌ستم ده‌کرد هاوسه‌ره‌که‌م ڕۆژ به‌ڕۆژ پێگه‌ی خۆی بته‌وتر ده‌کات و داواکارییه‌کانی زۆرتر ده‌بێت. له‌دابه‌شکردنی هه‌ندێک داهاتی ساڵانه‌دا داوای ڕونکردنه‌وه‌ی زیاتری ده‌کرد، بۆ نمونه ده‌یگوت: ده‌بێت بۆم ڕوونبکه‌یته‌وه ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ڕوات بۆ کاروباری دیکه یان شه‌وله‌بانی دیکه و ئه‌وانی دیکه چییه؟.
من به سیفه‌تی خۆم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێکی زۆر بڵێ نیم، به‌ڵکو ئه‌وه هاوسه‌ره‌که‌مه قاچی له قوتویه‌ک هه‌ڵبکه‌وێت و ته‌قه‌یه‌کی بێت ئاماده‌یه دوو سه‌عات قسه بۆ که‌ناڵه‌کان بکات، له کورتی ده‌یبڕێنمه‌وه.
ئێستا هاوسه‌رو هاوشهریکه دڵسۆزه‌که‌م، ئیتر پێویستی بهمن نه‌ماوه‌و باش خۆی گرتووه بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنبوونی داوه و به‌ته‌مای ئینقلابه، مناڵه‌کانیش گه‌وره‌بوون و له‌وه‌ته‌ی هۆش و ئاوه‌زیان کردووه ڕۆشتوونه‌ته به‌ره‌ی دایکیانه‌وه و فێری هەندێک قسەی زل بوون و داوای شتی وا دەکەن لە هیچ جێگایەکی ئەم دونیادا نییە….
من دڵنیام ئه‌مانە ده‌ستی ده‌ره‌کییان له پشته، ئه‌گینا مناڵی من نان نه‌بووه بیخۆن قه‌ت ناڕه‌زاییان ده‌رنه‌بڕیوه، که‌چی ئێستا نه‌ک هه‌ر ڕێزم ناگرن، به‌ڵکو لێپرسینه‌وه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌هار دێت و پاقله پێده‌گات ئیتر دایک و خاڵهکانییان له‌دژم ئهیانخرۆشێنن و ڕووبه‌ڕووم ده‌وه‌ستنه‌وه‌و داوا ده‌که‌ن ده‌سه‌ڵات، سامان و داهاته‌که وه‌کو یه‌ک به‌سه‌ر هه‌موویاندا دابه‌ش بکه‌م، وه‌ک ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌وان به‌ده‌ستیان هێناوه هه‌ر له‌خۆیه‌وه هاتبێت و من سته‌مم لێکردبن، ئاخر چ باوکێک هه‌یه له دونیادا هێنده‌ی من دادپه‌روه‌ر بێت، نازانم ئه‌مانه بۆ وا شێت و هاربوون و که‌وتوونه‌ته دوای که‌ڵکه‌ڵه‌کانی دایکیان، که دڵیام هه‌مووی ده‌ستی ده‌ره‌کی له پشته، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌مجاره وه‌ڵامییان بده‌مه‌وه، هێشتا ئه‌وانه زۆر له‌وه مناڵترن بیانه‌وێت ده‌سه‌ڵات و سامانه‌که‌م لێ زه‌وت بکه‌ن، ئای خوایه گیان ئه‌مانه چه‌ند بێ ئاگان له‌وه‌ی، که چه‌ند سوپای دیکه‌و میلیشیای دیکه‌و ته‌نانه‌ت ده‌زگای سیخوڕی دیکه‌م هه‌یه‌و هێشتا ئاگایان له هیچی دیکه نییه، بڕوام پێبکەن خۆ هەموویان خێزان و مناڵی خۆمن و حەز ناکەم جارێکی دیکە دەستم بچێتە خوێنییان وەک جارەکانی دیکە سەرکوتییان بکەمەوە….
یاسین خێڵانی
سویسرا 2013-02-13