Skip to Content

Tuesday, March 5th, 2024
لە داخستنی دەرگاکانەوە بۆ رەشکردنی پەنجەرەکان

لە داخستنی دەرگاکانەوە بۆ رەشکردنی پەنجەرەکان

Closed
by February 18, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

دوای رێگریکردن لە میدیاکاران و تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکان تەنها بە پێوەری زۆرینە و کەمینە و فەرامۆشکردنی تەوافوقی نیشتمانی و گوێنەگرتن لە رەخنە و سەرنجی پسپۆڕ و شارەزا و رۆشنبیر و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و پارلەمانتارانی ناڕازی، پارلەمانی کوردستان لە هەنگاوێکی نوێیدا، جامی پەنجەرەی هۆڵەکانی رەشکرد!

رەشکردنی جامی پەنجەرەی هۆڵەکانی پارلەمان، قۆناغێکی دیکەی مەترسیداری روبەڕوبونەوەی شەفافییەت و مافی خەڵکە لە زانین، بەڵام لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە پرۆسەکە لەلایەن دەزگایەکی باڵا و دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرکارییەوە بەڕێوەبچێت. 

هاونیشتمانییانی هەر وڵاتێک چاویان لەسەر (پارلەمان)ە وەک شوێنی نوێنەرانی گەل و نماییندەی خواستەکانیان، بەڵام کاتێ ئەو دامەزراوەیە دەبێتە پاشکۆی حزب و ئاوێنەی باڵانمای سیستمێکی حزبۆکراتی و کار بۆ رێگریکردن لە چونەدەرەوەی زانیارییەکان، کپکردنی دەنگە جیاوازەکان، رتوشکردنی پرۆژەکانی تەخشان و پەخشانکردنی بودجەی هاوڵاتیان و شەرعیەتدان بە دیزەبەدەرخۆنەکردنی داهاتی میللەت دەکات، ئیتر ناکرێ هیچ ئومێدێکمان بەو دەزگا شکڵیە هەڵبواسین.

زەوتکردنی ماف و ئازایی دەستکەوتنی زانیاری لە رۆژنامەنوس و میدیاکارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارلەمانی کوردستان و لەنێو پارلەمان خۆیدا و بەنهێنیکردنی کۆبونەوەکان و شاردنەوەی راستییەکان لە رایگشتیی کوردستان، راستەوخۆ سەندنەوەی مافی گەیشتنی هاوڵاتیانە بە فاکت و زانیارییەکان، ئەمەش لە کورتترین پێناسەدا مانای سڕینەوەی ئەو پەراوێزە کەمەی دیموکراسی و ئازادیی میدیایە لە هەرێمی کوردستاندا.

وەکچۆن، پارلەمانی کوردستان بەم هەوڵە دژە دیموکراسییەی، بوە پێشێلکارێکی راستەوخۆی (یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧)، کە خۆی پەسەندیکردوە، هەمو ئەو بانگەشە نواندنکارانەشی کردە بڵقی سەر ئاو، گوایە کار بۆ گەڵاڵەکردنی یاسایەکی مۆدێرن دەکات سەبارەت بە مافی بەدەستهێنانی زانیاری، نەک تەنها بۆ میدیاکاران، بەڵکو بۆ هەمو هاوڵاتیان ! 

پەیڕەوکردنی سیاسەتی تاریکاندن و ژێرپێخستنی شەفافییەت و مافی زانین (لانیکەم لەناو دەزگای یاسادانان و چاودێرکاریی دەسەڵاتدا) جارێکی دیکە سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەخاتەوە ژێر پرسیاری جیددی و هەق بە هاوڵاتیانی کوردستان دەدات لە هەوڵ و هەنگاوەکان بترسن کە لە داخستنی دەرگاکانەوە بۆ رەشکردنی پەنجەرەکان رۆیشت، ئیتر بەرەو تاریکترکردنی کوردستان مل بنێت.

 


د.هێرش رەسوڵ

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.