
گفتوگۆی سڤیل لەگەڵ نووسەر ئەمجەد شاکەلی
ئۆپۆزسیۆن، ده‌سه‌ڵات و ڕه‌وشی کورد
(دیدارێکه له‌گه‌ڵ ئه‌مجه‌د شاکه‌لیدا، ڕزگار ڕه‌زا چوچانی بۆ گۆڤاری سڤیل ئاماده‌ی کردووه)
سڤیل: دۆخی سیاسی لە ناوخۆی کوردستان و کێشمەکێشی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات چۆن دەبینیت؟
ئەمجەد شاکەلی: ئه‌گه‌ر له به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که‌ته‌وه ده‌ست پێ بکه‌م، له‌مه‌ڕ کێشمه‌کێشی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن ده‌توانم بڵێم: ئەوەی من دەیبینم درێژکراوەو درێژەپێدەری هەمان ڕەوشی پێشووە لە کوردستاندا، وە نەبێ ئەو ململانێ و کێشمەکێشەی، کە هەیە شتێکی تازە بێت لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لە هەموو دنیادا بەبەردەوام وەکو دوو بەرە بەرانبەری یەکیان گرتووە، هەمیشە ئۆپۆزسیۆن بەدوای رێیەکدا دەگەڕێت، کە لێیەوە ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت، ئه‌وه‌ش شتێکی ئه‌وپه‌ڕی سروشتییه لە وڵاتێک‌دا، کە پێی بڵێن دیموکراتی، جا ئیتر دیموکراتی پەرلەمانی بێت یا هەر شێوەیەک بێت، که خه‌ڵک له سه‌ری پێکهاتبن و کە خەڵک بۆیان هەبێت ڕای خۆیان دەرببڕن و هیچ گومرگ یان باجێک لەسەر قسەکردن و بیرکردنه‌وه‌یان نەبێت، لەدنیای دیموکراتیدا خەڵک ڕەخنەی دەبێت و بەردەوام ئۆپۆزسیۆنیش ڕەخنەی هەر دەبێت و ده‌شێ هه‌روایش بێت. ڕه‌خنه، ده‌بێته هۆی ئاگادارکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له هه‌ڵه‌کانی. ئۆپۆزسیۆن له وڵاتی دیموکراتیدا ڕۆڵی چاو‌دێر ده‌بێنێ و ده‌بێ هه‌موو کێماسی و چه‌وتییه‌کانی ده‌سه‌ڵات بخاته ڕوو و ئاشکاری کات و شه‌رم له هیچ شتێک نه‌کات، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له پێناوی خزمه‌تی خه‌ڵک و وڵات و خاک و نیشتماندا، خۆ ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ ئه‌وا چ جیاوازییه‌ک له‌نێوان ده‌ساڵات و ئۆپۆزسیۆندا نامێنێت و که هه‌ردووشیان له خانه‌یه‌کدا بن، ئیدی شتێک به ناوی ڕه‌خنه و چاودێری و دۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵه و ڕێنیشاندان نامێنێت، ئه‌وه‌ش ڕه‌وشێکی وا دێنێته گۆڕێ، که دیکتاتۆرییه‌ت و سته‌م و نادادی و چه‌وساندنه‌وه له‌و جڤاکه‌دا چه‌که‌ره بکات و سه‌رهه‌ڵبدات. ئەو ڕەوشەی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات، کە ئێستا لە باشووری کوردستان لە ئارادایە، شتێکی ئاساییە و پێموانییە شتێک بێت بەدەر لەو ڕەوشانەی، کە لە وڵاتانی دیموکراسی دنیادا هەن. هه‌رچی به‌شی یه‌که‌می پرسیاره‌که‌ته، به‌ڕاستی ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ئه‌مڕۆ له کوردستان وه‌ده‌ی ده‌کرێ، زۆر مایه‌ی دڵخۆشی نییه. سهرکهردهیهتی سیاسیی کورد، ده‌بوو گرنگییه‌کی ته‌واوی و ئه‌رکی یه‌که‌می و هه‌موو هه‌وڵ و توانستێکی بۆ گێڕانه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی باشووری کوردستان بووایه. تا ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، به هه‌ر شێوه‌یه‌ک، ته‌نانه‌ت به به‌کارهێنانی هێزیش بێت، نه‌گێڕدرێنه‌وه سه‌ر کوردستان و سنووری باشووری کوردستان دیاری نه‌کرێت، هه‌رگیز کاری کورد له باشووری کوردستان ته‌واو نه‌بووه و ماویه‌تی. ده‌سه‌ڵات ئه‌مڕۆ، هێنده‌ی وه‌ک بازرگانێک یا به‌ڵێنده‌رێک کار ده‌کات و هه‌موو خولیا و بیرکردنه‌وه و کۆششی خستووه‌ته گه‌ڕ بۆ بازرگانی نه‌وت و مۆرکردنی گرێبه‌ست و په‌یمان و پێدانی زه‌وی و به‌رهه‌می نه‌وت به کۆمپانیا بیانییه‌کان، هێنده کار بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره دابڕاوانه ناکات و هێنده به ته‌نگ چاره‌سه‌رکردنی کێشه چینایه‌تییه‌کان و هه‌ژاری و خراپیی سیستمی ته‌ندروستی و خوێندن و ڕێگه‌وبان و ده‌یان ده‌رده‌سه‌ریی دیکه‌وه نییه. ده‌سه‌ڵات هه‌موو بواره‌کانی ژیانی ڕاده‌ستی که‌رتی تایبه‌ت کردووه و که‌رتی تایبه‌تیش وه‌ک هه‌موو سهرمایهدارانێکی ئه‌م جیهانه، ته‌نێ گیرفانی خۆیانیان مه‌به‌سته. ده‌سه‌ڵات له هه‌ورازه‌وه ته‌ماشای خه‌ڵک ده‌کات و دانانه‌وێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بداته ده‌ست خه‌ڵکی خواره‌وه. له نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکدا دیوارێکی بڵند یه‌کجار بڵند هه‌یه و سه‌رمایه‌دار و کاسه‌لیس و دووڕووان بوونه‌ته په‌رژینێک بۆ ده‌سه‌ڵات و هه‌میشه ئارایشتی ده‌که‌ن.
سڤیل: ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەوڵاتانی دیموکراسیدا بەئاراستەیەکی دروستدا دەڕوات، هەمان شت لەکوردستان دەبینیت؟
ئەمجەد شاکەلی: لەکوردستان پاشخانێکی خراپ و تاڕادەیەک خوێناوی لە کۆنەوە لەنێوان هێزە جیا جیاکانیدا هەیە، لەمێژوویاندا شەڕ هەبووە، پێکدادان هەبووە، قبوڵنەکردنی یەکتر هەبووە، بەڵام ئەوەی ئێستا، کە لەم ساڵانەدا دەیبینین گۆڕان ڕوویداوە، گۆڕانی حوکوومەتمان بینیوە لە هاتنە سەرکاری سەرۆکی حوکوومەتی سەربەحیزبێک و دواتر لاچوونی و هاتنە سەرکاری سەرۆک حوکوومەت لە حیزبێکی تر، وەک چۆن لە ئەمریکا لەنێوان هەردوو حیزبی کۆمارییەکان و دیموکراتییەکان ڕوو دەدات. له کوردستان ئۆپۆزسیۆنێک هەیه، کە ئێستا پێکهاتووه لەسێ چوار حیزب، بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا شتێکی ئەوتۆ بەرچاوناکەوێ، کە ناسروشتی بێت و بڵێین ململانێکان بە ئاراستەیهکی نادروستدا ڕۆیشتوون یا ده‌ڕۆن. دوو حیزب دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە و ئۆپۆزسیۆنیش مافی خۆی بەکارهێناوە، ڕەخنەی گرتووە، ئەوەش مافی خۆیه‌تی، کە هەندێ داخوازییان هەیە و هه‌بێت و لە پەرلەماندا بیخه‌نه به‌رباس و گوت‌وبێژی له‌سه‌ر بکەن. لەو نێوانەدا دۆخەکە بە ئارامی ڕۆیشتووە، ڕاستە دوو ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر خۆپێشاندان دژی ده‌سه‌ڵات ڕوویدا و خه‌ڵک هاتنه سه‌ر شه‌قام، دیاره ئه‌وه‌ش به‌شێکه له کایه‌ی دیموکراتی و خه‌ڵک مافی خۆیانه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی خواست و ئامانجه‌کانیان و دژ به نادادی، بڕژێنه سه‌ر جاده و به شێوه‌یه‌کی ئاشتیخوازانه و به ئارامیی ده‌نگی خۆیان هه‌ڵبڕن و داوای مافی خۆیان بکه‌ن. ته‌واوی ئەوانه لە دنیای دیموکراسیدا شتێکی ناسروشتی نین، کە پێمان بڵێ دۆخی کوردستان بە ئاراستەی خراپ‌دا دەڕوات. پێموایە ئەگەر هەردوولا، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن خوێندنەوەیەکی کراوەتر و دیموکراتیانەتر و ڕوونتریان هەبێ بەرانبەر بەیەکتر و بنه‌مای کارکردنیان خزمه‌تی خه‌ڵک و خاکی کوردستان بێت، نه‌ک ته‌نێ به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌یی و حیزبی ته‌سک و گیرفان، ئەوە دەتوانن بە ئاراستەیەکی باشتریشدا کار بکەن، وەک هەر وڵاتێکی دیموکراتی ئه‌م جیهانه.
سڤیل: لەکوردستان ئێستا ئۆپۆزسیۆن باس لەوە دەکەن کە دەبێت ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتیمانیی هەیە لەپەرلەماندا بە تەوافوقی تێپەڕێنرێن، بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان بۆ ڕاگەیاندن، دەسەڵاتیش مەرجی ئەوەی هەیە کە ئەوان لەحوکوومەتێکی بنکەفرەواندا بەشداری بکەن، بەرای تۆ ئەم دوو داواکارییە تاچەند لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیدا گونجاوە، یان دیموکراسی باردێنێ بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردستان؟
ئەمجەد شاکەلی: من بۆ خۆم تا ڕاده‌یه‌ک نازانم باس له کام قانوون ده‌کرێت و ورده‌کاریی ئه‌و قانوونانه نازانم، که ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە یا نییه و نازانم ئۆپۆزیسیۆن له‌و ڕووه‌وه رێکوڕه‌وان چی‌یان دەوێت، به‌ڵام ئه‌وه دەزانم، که به‌شێکی زۆری خواست و داواکانیان لەگەڵ داخوازی و پێویستیی خەڵکی ئەو وڵاتەدا یه‌کده‌گرنه‌وه. ئەگەر تۆ یا من یا هەرکەس بڕوای بە دیموکراتی هەبێت، مەسەلەی تەوافوق و پێهکاتن لەسەر شتێک و دابەشکردنی دەسەڵات بەهۆی هەرشتێک بێت مەزهەبی بێ، دینی بێ، تائیفی بێت، خێڵه‌کی بێ، نەتەوەیی و هەرشتێکی دیکه‌ی له‌و بابه‌ته بێ، شتێکی سەرکەتوو نابێت و گونجاو نییە لەگەڵ پێوه‌ر و نۆرمەکانی دیموکراسیدا. کە باس لە دیموکراتی دەکرێت مەسەلەی زۆرینە و کەمینە دێتە پێش و ئه‌و پێوه‌ره‌ش بڕبڕه‌ی پشتی دیموکراتییه. ئەگەر وڵات و کۆمەڵگەیەک بە گوێرەی سیستمی دیموکراتی پەرلەمانی بڕواتەڕێوە، مەسەلەی زۆرینە و کەمینە دەبێت پێوەربێت بۆ بڕیار و هەڵسەنگاندن و گۆڕینی قانوونەکان و بۆ شەرعییەتدان بە شتێک و شەرعیەتسەندنەوە لەشتێکی تر، بەم پێیەش بێت، تەوافوق و حوکوومەتی بنکەفرەوان، بۆ ڕازیکردن و خاتری ئه‌م و ئه‌و و هەموو لایەنەکان لەگەڵ نۆرمی دیموکراتیدا نەگونجاوە.
سڤیل: یەکێک لەداواکانی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە، کە دەبێت سەرۆکی هەرێم لەپەرلەمان هەڵبژێردرێت، نەک ڕاستەوخۆ لە لایەن میللەتەوە، پارتی‌یش وەکو هێزێکی دەسەڵات بەدەستی کوردستان، پێیوایە نەخێر دەبێت سەرۆک لە لایەن میللەتەوە هەڵبژێردرێت، تۆ وەکو ڕۆشنبیرێک کامیان گونجاتر دەبینی بۆ کوردستان؟
ئەمجەد شاکەلی: ئێستا ئەگەر نزیکترین نموونە عیراق له‌به‌رچاو بگرین، کە سەرۆک کۆمار، سەرۆکی حوکوومەت و سه‌رۆکی په‌رلەمان، بە تەوافوق و هەڵبژاردن لە ڕێی پهڕلەمانەوە دانراون، لەسەر ئەساسی ئەوەی شیعە زۆرینەیە دەبێت سەرۆک حوکوومەت بێت، سوننە سەرۆکی پەڕلەمان بێت، کورد سەرۆکی کۆمار بێت، ئه‌مه رێک وەکو ئەو جۆره سیستمه‌یه، کە لە لوبناندا هەیە، ئه‌وه‌ی له عیراقدا کراوه و ده‌کرێ لوبناناندنی سیاسەت و هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرۆکایەتییەکانه، ئەمەش بێگومان نموونەیەکی سەرکەوتوو نەبووە و ناشبێ و کارێکی نه‌گونجاوە لەگەڵ دیموکراسیدا. دیارە تاقیکردنەوەی ئەم ئەزموونانە لە کوردستاندا باش نییە، بۆیە پێموایە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم باشترە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بێت، نەک بە رێککەوتن لە ناو پەرلەماندا و لەڕێی پەرلەمانەوە بێت. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌که له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه بێت، ئەوکات، بەشدارییەکە لە پرۆسێسی هەڵبژاردن و دیموکراسیدا، فرەوانترە، وەک هەموو ئەو وڵاتانەی دنیا، وەک چۆن لە ئەمه‌ریکا و لە فرانسا دەکرێت، بەڵام ئەگەر لەناو پەرلەماندا بێت، بچووکردنەوەی مەودای بەشدارییە لەپرۆسێسەکەدا. پەرلەمانی کوردستان ئێستا 111 ئەندامی هەیە، ئەگەر لەنێوان ئەواندا سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت، ئەوە 111 کەس دەنگ بۆ ئەو کەسە دەده‌ن، کە دەبێتە سەرۆکی هەرێم، با ئەو کەسانە(په‌رله‌مانتارانه) نوێنەری خەڵکیش بن، بەڵام لە کوێ 111 کەس دەنگ بۆ کەسێک بدات بۆ سەرۆکایەتی و لە کوێ دوو سێ ملیۆن کەس بەشداری لە پرۆسێسی هەڵبژاردنەکەدا بکات و دەنگ بدات! بەڕای من هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی هەر وڵاتێک، گەل هەڵیبژێرێت و گەل بەشداری بکات لەو بڕیارەدا، کە کێ سەرۆکی بێت، زۆر باشترە لەوەی لەنێو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت.
سڤیل: تا ئێستا لە کوردستاندا هێز لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دابەشکراوە، ئیستا تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نەخۆشە و ئایندەی نا دیارە، پێتوایە لە ئەگەری نەمانی تاڵەبانی یەکێتی بەرەو کوێ دەچێت؟، ئایا بێ هێز دەبێت؟ یان تەرازووی هێز بەلای پارتیدا لاسەنگ دەبێت؟ یان چی؟
ئەمجەد شاکەلی: مرۆڤ ناتوانێ جارێ ئەو حوکمە بدات، که تاڵه‌بانی چی به‌سه‌ر دێ، ئه‌وه ده‌بێته ڕه‌مڵلێدان. جارێ تاڵەبانی لەژیاندا ماوە و دەژی، کێ دەڵێ دیسان نایەتەوە مەیدانی سیاسه‌ت و بۆڕبۆڕێن! بەڵێ تەمەنی هەیە، بەڵام خۆ مردن بە پیری و گەنجی نییە. کارەسات له‌وه‌دا نییه، که تاڵه‌بانی ده‌مرێ یا نامرێ، کاره‌سات لەوه‌دایە، کە وه‌ک نه‌ریت له ڕۆژهه‌ڵاتدا و له وڵاتگه‌لێکی دوور له شارستانی و ژیارییه‌وه و له جڤاکگه‌لێکی شوانکاره‌یی و خێڵه‌کی و ده‌ره‌به‌گیدا و له‌نێو خه‌ڵکانێکدا، که هێشتا ته‌ماشای سه‌رکرده وه‌ک سێبه‌ری خودا له سه‌ر زه‌وی ده‌کرێ، خه‌ڵک دیکتاتۆر دروست ده‌کات و وه‌ها کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک دیکتاتۆر دێنێته به‌رهه‌م و هه‌رچی تایبه‌تمه‌ندی و سیفه‌تی کاریزماییه ده‌درێته پاڵ سه‌رکرده و ئه‌وی هه‌ڵه و ناته‌واوی و خراپه‌یه له سه‌رکرده دوور ده‌خرێته‌وه. سه‌رکرده، سیفه‌تێکی ئایینی وه‌رده‌گرێت و وه‌ک په‌یامبه‌رێک، په‌ڕجوویه‌ک، فریادڕه‌سێک ته‌ماشا ده‌کرێ. وڵات و جڤاک و خه‌ڵکی کوردستان و حیزبه سیاسییه‌کانی کوردستانیش له‌و دیتنه‌وه دوور نین. ئه‌وانیش کەسێک دروست دەکەن، ئەو کەسە خاوەنداریه‌تی ته‌واوی هزر و ئایدۆلۆژیا و دیدێک دەکات، کە ئەوان هەڵیانگرتووە و بڕوایان پییه‌تی و وه‌دووی که‌وتوون. وه‌ها که‌سێک، وه‌ها ڕێبه‌رێک ،بەشێوەیەک نەخشی لەسەر حیزبەکەی و لەسەر خه‌ڵکانی ناو حزبەکەی هه‌یه و دیارە و کاریگەرییەکی تەواو کارێزمایی لەناو ئەو حزبەدا دروست دەکات، که خەڵکی ئەو حزبە، هەر ئەو مرۆڤه دەبینن. ئه‌و ڕێبه‌رانه‌ش بۆ خۆیان کارێکی وا ده‌که‌ن، که مه‌ودایه‌کی دوور له نێوان خۆیان و خه‌ڵکانی هه‌واداریاندا دروست ده‌که‌ن. ئه‌وان رێگه ناده‌ن، له‌نێو حیزبه‌که‌یاندا، که‌سی دیکه، که بتوانێ شان له شانی وان بدا یا ڕکابه‌ریان بێ، دروست بێ. ئەم دیارده‌یه لەنێو پارتی و لەنێو یەکێتیشدا هەیە. نەخش و کاریگەری بارزانی بەسەر پارتییەوە هەیە، نەخش و کاریگەری تاڵەبانی بەسەر یەکێتییەوە هەیە. پارتی، حیزبی بارزانییه(ماڵی بارزانی) و بارزانیزم ڕیبازهکهیهتی و یه‌کیه‌تیی حیزبی جه‌لالیانه و جه‌لالیزم ڕێبازه‌که‌یه‌تی. ئەگەر بارزانی و تاڵه‌بانی له‌و دوو حیزبه دووربخەیتەوە، سەرو سیمای ئەو حزبانە دەگۆڕێن. لەبارەی پاشه‌ڕۆژی یەکێتییەوە، کە دوای ئەوەی تاڵەبانی کۆچی دوایی بکات، یان په‌کی بکه‌وێ و نەتوانێ کاری سیاسی بکاتەوە، چی ڕوودەدات؟ ڕەنگە هێشتا زوو بێت بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات ڕێک بخرێنه چوارچێوه‌یه‌که‌وه، بەڵام چەند نیشانە و سیناریۆیەک هەن و خەڵک قسەیان لەسەر دەکه‌ن. له‌نێو یه‌کیه‌تیدا کۆمەڵێک خەڵک هەن، کە نێوه‌ند و چه‌ق و جه‌مسه‌رن، که ڕه‌نگه له سێکوچکه‌ی ماڵی تاڵه‌بانی(هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و هه‌ردوو کوڕه‌که‌ی)، کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ و به‌رهه‌م ساڵحدا، خۆ بنوێنن. ماڵی تاڵەبانی، تاڕادەیەک پارە و سامانی یەکێتییان له‌کنه و هه‌ندێک له سه‌رانی یه‌کیه‌تیش چ ئه‌فه‌ندییه‌کانیان و چ سه‌ربازی و چه‌کداره‌کانیان وه‌ک نه‌ریت هه‌واداری ئه‌و ماڵه‌ن، چونکه ئه‌و ماڵه تێکه‌ڵه و کۆکراوه‌یه‌کی تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی(باوکی ڕووحی جهلالییهته). کۆسرەت رەسوڵیش هەیە، ئەویش کۆمەڵێک خەڵکی سه‌ربازیی لەگەڵە و پێگه‌ی گهلێریی ئه‌و هه‌ولێره. هەروەها بەرهەم ساڵح هەیە، کە بەهەمان شێوە خاوەنی کاریگەی خۆیەتی. لەنێوان ئەم بەرەو کوتلانەدا هەوڵدان دەبێت بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی یەکێتی، بەڵام ناگاتە ئەوەی دار‌و بەردی یەکێتی بەسەر یەکەوە نەهێڵن و پەرتەوازەی بکەن، بێگومان بزانن ململانێیه‌کانیان دەگاتە ئەو ئاستە، خۆیان بەلایەنێک ڕازی دەبن و رێککەوتنێک دروست دەکەن، ناهێڵن یەکیه‌تی بگاتە ئەو دۆخە، بۆیە من پێموانیە تەرازووی هێز بەلای پارتیدا بشکێتەوە و له‌و بڕوایه‌شدام پارتی مانه‌وه‌ی یه‌کیه‌تی پێ باشه. ده‌کرێ باسی حیزبی گۆڕانیش بکرێ. من هەر لە سەرەتاشەوە ئەو ڕایەم هەبووە، ئەگەرچی ماوەی چەند ساڵێکە خۆیان به جیاواز دادەنێن، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا جیاوازییەکی فکری و ئایدۆلۆژییان نییە. گۆڕان، وه‌ک هزر و فه‌لسه‌فه، هه‌ر بەشێکە لە بزاڤی جەلالیزم وهەر بەشێکە لەو بیره، لەو هێڵه، لەو هێزەی کە لە ساڵی 1964 ەوە به ڕێبه‌ریه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌بووه و تاکو ئێستاش هه‌یه. گۆڕان و یه‌کیه‌تی دوو باڵی یه‌ک بزاڤن. گۆڕان کە لە یەکێتی چووە دەرەوە، به پێ‌زانین و کۆمه‌کی یه‌کیه‌تی و تاڵه‌بانی وه‌ده‌رکه‌وتن و دروست بوون. گۆڕان، کۆمەڵێک دەنگی ناڕازیی، نێو یەکیه‌تی، له سیاسه‌ته “نه‌رم و سازشکارانهکهی” یه‌کیه‌تی له هه‌مبه‌ر پارتی، له چاوی ئه‌وانه‌وه، لەدەوری خۆی کۆکردەوە. لەم ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری له سیاسه‌ت و هه‌ڵسوکه‌وت و دیدی یه‌کیه‌تیدا دروستبوو، بۆ نموونە یەکیه‌تی له‌گه‌ڵ پارتییدا لە دەسەڵاتدا بووە، رێککەوتنی لەگەڵ پارتی هەبووە، ڕەنگە بە ڕای یەکیهتییەکان، تاڵەبانی کۆمەڵێک سازشی بەرانبەر بە پارتی کردبێ، ئەوەش کۆمەڵێک خەڵکی یەکێتی لە حزبەکەیان تووڕه و ناڕازی کردووە و هه‌ربۆیه حیزبه‌که‌یان جێهێشتووە. ئەو دەنگانەی، کە لە یەکێتی جیابونەتەوە چونەتە لای گۆڕان، ئەوە ئەوانەن، کە ئەو شتانەیان پێ قه‌بووڵ نەکراوە، هەروەها گۆڕان لەگەڵ ئەو دەنگە ناڕازییانەی نێو یەکیه‌تی، دەنگی ناڕازی شەقامیشی لەخۆی کۆکردۆتەوە، دوور نییە، لەنێو پارتیشدا خەڵک هەبێ لایەنگری گۆڕان بێت، بەڵام گۆڕان لە بنه‌ما هزری و هێڵە ئەساسییەکەی بیروباوەڕی جەلالییەت دوور نەکەوتووه‌تەوە، بۆیە ئەوەی یەکێتی بەهۆی رێککەوتنەوە لەگەڵ پارتی پێی نەکرابێت، لە ڕێگای گۆڕانەوە کردوویانە، شەرت نییە گۆڕان و یەکیه‌تی دانیشتبن و بڵێن ئەوە کاری تۆیە و ئەمە کاری منە، بەڵام تاڕادەیەک هاوئاهەنگییەک هەیە و کاره‌کان بەو ئاراستەیه ده‌ڕۆن، بۆیە له قۆناخی پاش تاڵه‌بانییدا و به له‌به‌رچاوگرتنی ئەگەری لاوازبوونی یه‌کیه‌تی، ئه‌گه‌ری چوونه‌وه لای یه‌ک و تێکه‌ڵبوونه‌وه‌یان هه‌یه، مه‌رج نییه به ناوی یه‌کیه‌تی یا گۆڕانه‌وه، ڕه‌نگه ناوی دیکه بێته گۆڕێ. ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان موسته‌فا، له‌نێو یه‌کیه‌تیدا مابایه‌وه و وهدهرنهکهوتبا، ئه‌وا ئه‌و بێ هیچ ڕکابه‌رێک، ده‌بووه خه‌لیفه‌ی تاڵه‌بانی. هیچ دوور نییه، ئێستاش هه‌ر ئه‌و ببێته خه‌لیفه‌ی تاڵه‌بانی، ئیدی له ده‌رێی یا له‌نێو حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانیدا بێت. سه‌رکرده‌یه‌تی یه‌کیه‌تی له نائاماده‌یی و نه‌بوونی تاڵه‌بانیدا، ئێستاش نه‌شیروان موسته‌فا، ئه‌گه‌ر بۆ خۆی ڕای له‌سه‌ر بێ، به براگه‌وره ده‌زانن و پڕانیی، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو، ئه‌ندامان و هه‌وادارانی یه‌کیه‌تی، له سه‌رکرده‌یه‌تیی بۆ خواره‌وه، هه‌واداری نه‌وشیروانن.
سڤیل: ئایندەی کورد لەعێراقدا چۆن دەبینیت؟
ئەمجەد شاکەلی: من پاشه‌ڕۆژ یا داهاتوویه‌کی ڕوون بۆ کورد لە عێراقدا نابینم، دەبوو کورد لە 2003 ەوە ئیدی خۆی نەکردایەتە خاوەنی عیراق، یان خۆی نەکردایەتە کەواسوری بەرلەشکر، بۆ دروستکردنەوەی دەوڵەتی عیراق. کاتێک سەددام حوسەین ڕووخا، دەوڵەتی عێراق ڕووخابوو، کورد ڕۆڵێکی خراپی لە مەسەلەی دروستکردنه‌وه‌ی ئەو دەوڵەتەدا بینی. دەبوو کورد ئەزموونی لە مێژووی دروستبوونی عیراقەوە تا ئەو ڕۆژە لەبەرچاو بگرتایە و هه‌موو ده‌رده‌سه‌رییه‌کانی خۆی وه‌بیر هاتبانه‌وه. عیراق بەم دۆخەی ئێستایەوە پێموانییە بەردەوام بێت، ئێستا لەو وڵاتەدا عەرەب دابەشبووە بەسەر شیعە و سوننەدا، کە ئاماژەیەکی گەورەیە بۆ دابەشبوونی عێراق. جاران له عیراق هه‌رگیز باسی جیاوازی شیعه و سوننه نه‌بوو. من هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵیمه‌وه له‌گه‌ڵ کورد و عه‌ره‌ب و تورکماندا ژیاوم و دواتریش له‌ته‌مه‌نی لاویمدا که لە عیراق بووم، لە زانستگه‌ی به‌غدا و له به‌شی ناوخۆیی و له سه‌ربازی و له کاردا، خەڵکم لەگەڵ بوون، به درێژایی چه‌ندین ساڵ، کەس نەیدەزانی و منیش نه‌مزانیوه، کێ سوننەیە یا کێ شیعەیە یا کێ مه‌سیحییه یا کێ ئێزدییه یا کێ مهندائییه. ئه‌وده‌مه کەس ئەو حیساب و لێکدانه‌وانه‌ی نەدەکرد. ئێستا ئەو وڵاتە(عیراق) خوارەوەی لەنێوان سوننە و شیعەدا دابەش بووە و ناوێک له عه‌ره‌ب نه‌ماوه‌ته‌وه. جاران له باقوبه بۆ خواره‌وه به عه‌ره‌ب ده‌ژمێردرا و له سه‌ره‌وه‌ی باقوبه‌ش تا زاخۆ کوردستان و وڵاتی کورد بوو. ئێستا کوردستانهکهیش خه‌ریکه له‌توپه‌ت ده‌کرێ، لەملاوە کورد لەولاوه تورکمان و لەولاتر سریان و مەسیحی، تەنانەت کوردەکەشیان لەتوپەت کردووە لە نێوان ئێزدی و موسوڵمان و یارسان و شه‌به‌ک و چی و چیدا و خه‌ریکن کوردی فه‌یلی، سۆران، کرمانج، هه‌ورامی و کهلهوڕیش له‌یه‌ک جودا ده‌که‌نه‌وه. من هه‌رچه‌نده بڕوام به ده‌وڵه‌تی گچکه‌گچکه نییه و حه‌زم لێی نییه، پێموایه مرۆڤ سه‌ر به هه‌ر نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزا و ڕه‌گه‌ز و نه‌ژاد و ڕه‌نگێک بێت، ده‌توانێ له چوارچێوه‌ی قه‌واره‌یه‌کی گه‌وره‌دا، ده‌وڵه‌تێکی گه‌وره‌دا، وه‌ک ده‌وڵه‌تی سۆڤیێتی جاران یا یۆگوسلاڤیای جاران یا ده‌وڵه‌تی عوسمانیی جاران یا یه‌کیه‌تی ئه‌وروپای ئێستا، له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا بژی و چ کێشه‌یه‌کیشی نه‌بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیار بێ، هه‌ر نه‌ته‌وه و هه‌ر گه‌لێک خودانی قه‌واره‌ی خۆی بێت، ئه‌وا با کوردیش ئه‌و مافه‌ی هه‌بێت. ئەگەر عیراق بەم شێوەیەی ئێستای بڕوات بەڕێوە، ئەوە لەداهاتوویدا دۆخی کورد باش نابێت و ئاسۆیەکی ڕوونی نابێت، بۆیە باشترە کورد لەعێراق جیابێتەوە و کوردستانێکی سەربەخۆ، به ته‌واوی ناوچە دابڕاوەکانی مووسڵ و کەرکوک و تکریت و دیاله و کووت و عه‌ماره وهەموو شوێنەکوردستانییەکانی تر، کە ئێستا لەسەر هەرێمی کوردستان نین، له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێستایدا، رابگەیەنێت.
سڤیل: پێتوایە زەمینەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی هەبێت لە ئەمڕۆدا؟
ئەمجەد شاکەلی: بەپێی ئەو حاڵەتەی، کە ئێستا لە عیراقدا دروستبووە، تا ڕادەیەکی باش بەرەو ئەوە دەچێت، کە ئەو دەرفەتە بێتە دەست کورد، تۆ دەبینی ئێستا سوننەکان ڕادەپەڕن، شیعە کاتی خۆی باسی دروستکردنی هەرێم و ئەو شتانەیان دەکرد، کوردیش نێوانی لەگەڵ حوکوومەتی بەغدا باش نییە، هەموو ئەوانە بەو ئاراستەدا دەڕۆن، کە ئەو زەمینەیە دروست بێت، بەڵام من پێموایە ئەگەر ئیستا زەمینەش خۆش نەبووبێت بۆ ئەوە، دەبێت کورد بۆخۆی ئەو زەمینەیە خۆش بکات و بهێنێتە پێشەوە و بۆ خۆی حاڵەتێکی وا دروستبکات کە زەمینەی جیابونەوەی بۆ بڕەخسێنێ، به‌ڵام ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت، کاتێک ده‌بێ بکرێ، که ئیدی سنووری کوردستان دیاری کراوه و ته‌واوی خاکی باشووری کوردستان به ده‌ست کورد خۆیه‌وه‌یه، ده‌نا ئه‌گه‌ر بڕیار بێ، ئه‌م سێ ئوستانه‌ی ئێستای هه‌رێم(دهۆک، هه‌ولێر و سلێمانی) بکرێته ده‌وڵه‌ت و چاوه‌ڕوانی مادده‌ی 140ی بێفه‌ڕ بکرێ، ئه‌وا به ده‌وڵه‌تنه‌بوونی گه‌لێک له به‌ده‌وڵه‌تبوونی باشتره.
4-2-2013
* ئه‌م دیداره به دوو به‌ش له ژماره 169ی 9-2-2013 و ژماره 170ی 16-2-2013ی گۆڤاری”سڤیل”دا، بڵاوکراوه‌ته‌وه.