Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
له‌بنی ده‌ریا…مرواریم دیت …. سه‌دیق سه‌عید رواندزی

له‌بنی ده‌ریا…مرواریم دیت …. سه‌دیق سه‌عید رواندزی

Closed
by February 20, 2013 ئەدەب

 

 

له‌بنی ده‌ریا مرواری،ناونیشانی به‌رهه‌مێكی كاك(حوسێن مسته‌فا)یه‌،كه‌له‌و ماوانه‌ی رابردوودا،له‌لایه‌ن خانه‌ی چاپ‌وبڵاوكردنه‌وه‌ی سۆران، چاپ‌وبڵاوكراوه‌ته‌وه‌.ئه‌م به‌رهه‌مه‌,گه‌رچی نووسه‌ر ناونیشانی(ئه‌ندێشه‌)ی لێناوه‌،به‌و مانایه‌ی نێوه‌رۆكی په‌رتووكه‌كه‌ به‌رهه‌م‌وڕه‌نگدانه‌وه‌ی خه‌یاڵ‌وفه‌نتازیا به‌رفراوه‌كانی هزری نووسه‌رن.وه‌لێ به‌بۆچوونی من,هه‌موو ده‌ربڕینه‌كانی نێو ئه‌و كتێبه‌، به‌رله‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌ بن،واقیعن.به‌رله‌وه‌ی ده‌ربڕینێكی زمانه‌وانی ئه‌ندێشه‌یی بن،سه‌ربورده‌و گێرانه‌وه‌وئاماژه‌ كردنێكی ژیانه‌,به‌مانا ئه‌نتۆلۆژیه‌كه‌ی,له‌ چوارچێوه‌ی زمانێكی ئه‌ده‌بیانه‌و كوردیانه‌ی پاراو,گه‌رچی له‌هه‌ندێ‌ شوێندا،وشه‌ی عه‌ره‌بی ده‌بینین،كه‌به‌بۆچوونی من پێویستی نه‌ده‌كرد. به‌تایبه‌تیش كه‌ ده‌زانین نووسه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌یدا, چ كوردیه‌كی پاراوی په‌یره‌و كردوه‌.ئه‌م شێوازه‌ له‌ نووسین,كه‌ مه‌به‌ست تیایدا گوزارشتكردنه‌له‌ ژیان‌ومرۆڤ‌ودیارده‌كانی ده‌وروبه‌رمان,شێوازێكی گرنگ‌وباوه‌ له‌ نێو دنیای نووسیندا.هه‌ڵبه‌ته‌ باو به‌و مانایه‌ نا،هه‌موو كه‌سێك توانای نووسینی ئه‌و حیكمه‌تانه‌ی هه‌بێت.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی كه‌ گرنگی‌وخوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌.بۆ نموونه‌:نووسینه‌كانی(ئۆشۆ)‌و(دیل كارنگی)‌و چه‌ندان ناوداری دیكه‌ی دنیا,له‌ سه‌ر ئاستی جیهاندا زۆرترین خوێنه‌ریان هه‌یه‌.له‌ كاتێكدا ئه‌مانه‌, نه‌ رۆماننووس‌و نه‌ چیرۆكنووسیشن.وه‌لێ چونكه‌ ستایلێكی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ له‌ نووسین,به‌و هۆیه‌وه‌ خوێنه‌ری تایبه‌تی خۆشیان هه‌یه‌.ئه‌وان له‌ ڕێی ده‌ربڕینی زمانه‌وانی كورته‌وه‌,زۆرترین مانا ده‌گه‌یه‌نن. بێگومان ئه‌و شێوازه‌ له‌ نووسین چڕكردنه‌وه‌و قوڵكردنه‌وه‌ی زمانه‌بۆ ئاستێك، كه‌ به‌ كه‌مترین گوزارشت‌و ئاماژه‌ مه‌به‌ سته‌كان بگه‌یه‌نێت.له‌وكتێبه‌دا,به‌ چه‌ند ده‌ربڕێنێكی زمانه‌وانی كورت‌وساكار,نووسه‌ر قوڵترین مانا ده‌گه‌یه‌نێت.هیچ خوێنه‌رێك نییه‌ له‌ كاتی خوێنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌دا,له‌ واتاو مانای ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ نه‌گات.بگره‌ هه‌ندێكمان هه‌مان ئه‌و شتانه‌مان بینیوه‌و به‌ خه‌یاڵیش داهاتوه‌.وه‌لێ پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كامه‌مان ده‌توانێت,وه‌ك نووسه‌ر گوزارشتیان لێبكات؟ یاخود ئاماژه‌یان پێبدات؟ ئه‌مه‌یه‌ جیاوازیه‌كه‌.بۆیه‌ ئێمه‌ كاتێ‌ ده‌ڵێین ئه‌و شێوازه‌ له‌ نووسین باوه‌، مه‌به‌ ستمان ئه‌وه‌نیه‌,هه‌موومان بتوانین به‌و شێوه‌یه‌ بنووسین.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌,به‌ڵكو ئه‌مه‌ ڕامان‌وقوڵبوونه‌وه‌وبگره‌ جۆرێكه‌ له‌ زمانزانیش.ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك له‌ لایه‌كی تره‌وه‌,كتێبی ئه‌ندێشه‌كان,هه‌ر ته‌نیا گوزارشت له‌ خه‌یاڵ‌وبیركردنه‌وه‌و ڕامانی نووسه‌ره‌كه‌ی ناكات,بۆ ژیان‌و ده‌وروبه‌ر.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ڵكو گوزارشت له‌ ژیانی هه‌موومان ده‌كات,به‌وانه‌ی كتێبه‌كه‌یان خوێندۆته‌وه‌و،ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه‌ نه‌یان خوێندۆته‌وه‌.هه‌ڵه‌یه‌  ئه‌گه‌ر پێمان وابێت,ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له‌و كتێبه‌دا باسی كردوه‌, خستنه‌ سه‌ر كاغه‌زی ئه‌ندێشه‌كانی خۆیه‌تی.چونكه‌ ئه‌و گوزارشت له‌ حیكمه‌ته‌ شاراوو قوڵه‌كانی ژیانی هه‌موومان ده‌كات.واته‌ ئه‌وه‌ی چه‌قی سه‌ره‌كییه‌ له‌ كتێبه‌كه‌دا,مرۆڤ خۆیه‌تی.هه‌ربۆیه‌شه‌ هه‌موو ئاماژه‌و گوتاره‌ كانی نووسه‌ر له‌و كتێبه‌دا ئاراسته‌ی مرۆڤه‌كانه‌،كه‌ ئه‌ویش خوێنه‌رانن به‌ تایبه‌تی. لێره‌وه‌ش كاتێ‌ خوێنه‌ر به‌وردی كتێبه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌و سه‌رنج له‌ ده‌ربڕینه‌كانی ده‌دات,واهه‌ست ده‌كات،ئه‌وه‌ ئه‌و خۆیه‌تی كاره‌كته‌ری نێو كتێبه‌كه‌,نه‌ك نووسه‌ر.به‌ومانایه‌ی هه‌موو ده‌ربڕینه‌كان, ته‌رجه‌مه‌ی ژیانی ئه‌و ده‌بن.بۆیه‌ نابێ پێمان وابێت.ئه‌و په‌ندو ده‌ڕبرینانه‌ی نووسه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێداون,هه‌رته‌نیا ئه‌ندێشه‌ فراوان‌وقوڵه‌كانی نووسه‌رن‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ون. ئه‌ی دوای ئه‌مه‌؟ ئه‌ی ئه‌و مه‌به‌ست‌و ئامانجانه‌ی نووسه‌ر ده‌یه‌وێت,له‌دووتوێی كتێبه‌كه‌یدا بیگه‌یه‌نێت؟ كه‌هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی نووسه‌ر له‌ نووسینه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌كانی.به‌ده‌ڕبرینێكی تر،نووسینه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌كان، نووسینه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ تایبه‌تیه‌كانی ژیانی هه‌موومانه‌,به‌ كۆی جیاوازیه‌كانمانه‌وه‌.ڕاسته‌ نووسه‌ر گوزارشتی لێكردوون‌و ئاماژه‌ی پێداون، وه‌لێ له‌وه‌ گرنگتر خوێنه‌وه‌و رێنوێنیكردنی ئه‌و ئه‌ندێشانه‌یه‌، له‌ ژیانی هه‌موومان. واته‌ په‌یوه‌ندی ئێمه‌ به‌ ئه‌ندێشه‌كانی نووسه‌ره‌وه‌،له‌وێوه‌ كۆتایی نایه‌ت، كه‌ ته‌واو ده‌بین له‌ خوێنه‌وه‌یان، وه‌ك خوێنه‌وه‌ی هه‌ر كتێبێكی دیكه‌ی ئاسایی.بگره‌ په‌یوه‌ندی خوێنه‌ر به‌ كتێبه‌كه‌وه‌,لێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات,كه‌ له‌ خوێنه‌وه‌ی ده‌بێته‌وه‌.چونكه‌ دواجار ده‌ربڕینه‌كانی نێو كتێبه‌كه‌،ده‌بنه‌ مانفێستێك،بۆ چۆنیه‌تی‌وشێوه‌ی ژیانی مرۆڤه‌كان.یاخود هه‌ڵوه‌سته‌كردنی له‌ ئاست دیارده‌كانی بوون‌وژیاندا،هه‌روه‌ها له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌كردنیان…

له‌ڕاستیدا،گرنگترین ئاماژه‌ بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك له‌ دووتوێی كتێبه‌كه‌دا،ئه‌و په‌یامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه‌,كه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكی ده‌ڕبرینه‌كاندایه‌.په‌یامێك،كه‌ مرۆڤه‌كان فێری،خۆشه‌ویستی،خاكیبوون،لێبورده‌یی،خۆبه‌زلنه‌زانین،ڕێزگرتن،گه‌ران به‌دوای زانست‌وزانیاریدا,ژیاندۆستی‌ومرۆڤدۆستی،میهره‌بانی,متمانه‌و بڕوا به‌خۆبوون،شكۆی به‌رزی ژیان، له‌یه‌كتر گه‌یشتن ،ده‌كات.ئه‌و په‌یامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌,گرنگه‌ تاكو له‌ په‌راوێزیه‌وه‌،مرۆڤ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ ئاست ژیان‌ودیارده‌كانی ده‌وروبه‌ری بكات. ئه‌و گوتاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌،ئه‌گه‌ر به‌شێكی په‌یوه‌ست بێ،به‌ ئه‌زموونی تایبه‌تیانه‌ی ژیانی نووسه‌ره‌وه‌،به‌و پێیه‌ی نه‌هامه‌تی‌وچه‌رمه‌سه‌ری‌وسه‌ختی زۆری له‌ ژیان بینیوه‌، ، ئه‌وا به‌بۆچوونی من به‌شێكی سه‌ره‌كی ئه‌و په‌یامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی بروا بوونی نووسه‌ربه‌ ئایین‌وبنه‌ما ئایینه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.كاتێكیش به‌ شێكی زۆری ئه‌و ئه‌ندێشانه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌،باشتر ئه‌و ڕاستیه‌مان به‌ر چاو ده‌كه‌وێت.كه‌ كاریگه‌ریه‌تی ئایین له‌ سه‌ر هزرو ڕوانینی نووسه‌ر، له‌ چ ئاستێكدایه‌.بۆنموونه‌:نووسه‌ر له‌ چه‌ند ده‌ربڕینی نێو كتێبه‌كه‌یدا,باسی ژیانی دونیا ده‌كات‌و مه‌به‌ ستیه‌تی,ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نێته‌ مرۆڤه‌كان,كه‌ ژیانی دونیا جگه‌ له‌ ژیانێكی كورت‌وراگوزه‌ر هیچی تر نییه‌ بۆ مرۆڤه‌كان،ژیانه‌كه‌ی تری ئه‌و دیو دونیا گرنگه‌. له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و بروایه‌ی نووسه‌ر بۆ ژیانی كاتی دونیا‌وهه‌وڵدان بۆ نه‌خشاندنی له‌ هزری خوێنه‌راندا,په‌یوه‌سته‌ به‌ كاریگه‌ریبوونی نووسه‌ر به‌ ئایینه‌وه‌.چونكه‌ په‌روه‌ردیگار له‌ چه‌ندین شوێنی قورئانی پیرۆزدا،وه‌سفی ژیانی دونیا به‌ گاڵته‌و كاتی ده‌كات.كه‌واته‌ مرۆڤ ناتوانێت ئه‌و بروایه‌ لای خۆی دروست بكات كه‌ ژیانی دونیا،به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ ژیانی ئاخیره‌ت هیچ نییه‌،ئه‌گه‌ر تاسه‌ر ئێسقان كه‌سێكی بروادارو موسڵمان نه‌بێت.ئه‌وه‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ن،كه‌ ژیانی دونیایان به‌لاوه‌ بێ نرخه‌،كه‌ خۆیان بۆ ژیانی ئاخیره‌ت یه‌كلاییكردۆته‌وه‌.یاخود ئایین فێری بێ فیزی‌و ساده‌یی‌و لێبورده‌یی‌و ره‌حم‌و به‌زه‌ییمان ده‌كات.نووسه‌ریش له‌ كتێبه‌كه‌یدا،له‌ چه‌ندین شوێن مرۆڤ له‌و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌به‌ ئاگا دێنێته‌وه‌.كه‌واته‌ په‌ یامی سه‌ره‌كی كتێبه‌كه‌،هوشیاركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانه‌،بۆ ژیانێكی جوانتر‌وپاكتر‌و ڕاسته‌ قینه‌تر.به‌تایبه‌تیش له‌ سه‌رده‌مێكدا،كه‌ تادێت ژیانی مرۆڤه‌كان به‌ هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بێت،بێ به‌ ها ده‌بێت. لایه‌نێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌ كه‌ جێگه‌ی سه‌رنج‌وهه‌ڵوه‌سته‌ له‌ سه‌ركردنه‌،ئه‌و زمانه‌ كوردییه‌ په‌تی‌و پاراوه‌یه‌،كه‌ نووسه‌ر كتێبه‌كه‌ی پێ نووسیوه‌.به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ ده‌یخوێنینه‌وه‌،ڕه‌سه‌نایه‌تی ‌و په‌تی بوونی زمانی كوردیمان دێته‌ به‌ر چاوه‌.به‌و مانایه‌ی زمانێكی بێ گرێوگۆل‌وكورده‌واریانه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌یدا په‌یره‌و كردوه‌.وه‌لێ به‌ بۆچوونی من وه‌ك خوێنه‌رێك، له‌ هه‌ندێك ده‌ربڕیندا،ده‌بوو نووسه‌ر هه‌ڵوه‌سته‌ی زیاتری بكردایه‌، به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی زیاتری په‌یام‌ومانای ئه‌ندێشه‌كانی. كه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێكیان ده‌كه‌ین.بۆنموونه‌:_

*له‌ ڵاپه‌ره‌(31) نووسیویه‌تی(دیتی پاشه‌ڵی چه‌وره‌).له‌ كاتێكدا له‌ رووی ماناوه‌ شیاوتربوو بنووسێت(پاشه‌ڵی پیسه‌) .چونكه‌ كورده‌واری خۆشمان هه‌روا ده‌ڵێت.

*له‌ڵاپه‌ره‌(32) نووسیویه‌تی(په‌یمان وردوخاش ده‌كه‌ی).له‌ كاتێكدا(شكان)به‌سبوو.

*له‌ڵاپه‌ره‌(41)نووسیویه‌تی(زه‌وی له‌ ئاسماندا ده‌پشكنی).به‌ بۆچوونی من له‌ رووی رێزمانیه‌وه‌،جوانتر بووبنووسێت(له‌ ئاسماندا زه‌وی ده‌پشكنی).

*له‌ ڵاپه‌ره‌(67) نووسیویه‌تی(دوایین گوله‌ی نێو سێره‌ی تفه‌نگی جه‌نگاوه‌ر).ده‌كرا بنووسێت،دوایین گوله‌ی نێو لوله‌ی تفه‌نگی جه‌نگاوه‌ر.

*له‌ڵاپه‌ره‌(68)نووسیویه‌تی(ئه‌وه‌ی له‌زاری قه‌ڵه‌م ده‌ڕژێ). گونجاوتر بوو،بینووسیبا(نوكی قه‌ڵه‌م).

*له‌ڵاپه‌ره‌(91) نووسیویه‌تی(چركه‌وتڕپه‌ی دڵ‌وكاتژمێر).گونجاوتر ده‌بوو ئه‌گه‌ربنووسێت(چركه‌و تڕپه‌ی كاتژمێر‌ودڵ)،یانیش(تڕپه‌و چركه‌ی دڵ‌وكاتژمێر).

*له‌ڵاپه‌ره‌(93)نووسیویه‌تی(هه‌ر له‌موسا هه‌تا عیسا،هه‌رله‌ ئاده‌م هه‌تا خاته‌م).به‌ بۆچوونی من شیاوتر بوو،ئاده‌م به‌ر له‌ عیسا‌وموسا(سلاوی خوایان لێبێت) بهاتایه‌.چونكه‌ حه‌زره‌تی ئاده‌م، یه‌كه‌م مرۆڤ‌ویه‌كه‌م په‌یایمبه‌ریشه‌، كه‌ په‌روه‌ردیگار خه‌ڵقی كردوه‌.هه‌م له‌ ڕووی مێژوویی,هه‌میش له‌ ڕووی ماناوه‌،جوانتر مه‌به‌ سته‌كه‌ی ده‌پێكا. ئه‌گه‌ر به‌ وشێوه‌یه‌ گوزارشتی لێكردبان.

*له‌ڵاپه‌ره‌(63) نووسیویه‌تی( به‌فری سپی‌وگژوگیای سه‌وز).هه‌ردوو سیفه‌تی ڕه‌نگی(سپی‌وسه‌وز) له‌ودوو ده‌ربڕینه‌دا،زیاده‌ن.چونكه‌ به‌فر له‌ سرووشته‌وه‌ سپیه‌و،گژوگیاش سه‌وز.ئیتر پێویست ناكات. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێت، وه‌سفی شتێك بكه‌ین له‌ڕووی سپێتییه‌وه‌،ده‌ڵێین( ده‌تووت به‌فره‌).به‌هه‌مان شێوه‌ش گژوگیا هه‌میشه‌ سه‌وزه‌.ئه‌گه‌ر ڕه‌نگه‌كه‌ی بگۆرێت بۆ زه‌رد،پێ ناڵێین گژوگیا، به‌ڵكو ده‌ڵێین(پووش‌وپه‌ڵاش)..

*له‌ڵاپه‌ره‌(140)نووسیویه‌تی( عه‌قڵی سه‌ر).وشه‌ی سه‌ر پێویست ناكات.چونكه‌ ئه‌قڵ هه‌ر ته‌نیا له‌ سه‌ردایه‌،خۆ له‌ هیچ شوێنێكی دیكه‌ ئه‌قڵ نییه‌، تاكو به‌ مه‌به‌ ستی لێك جیا كردنه‌وه‌یان به‌و شێوه‌یه‌ بنووسین.

*له‌ڵاپه‌ره‌(64) نووسیویه‌تی(وه‌ك ئه‌ستێره‌كان هه‌ر گا تاو ده‌ركه‌وت ئه‌وان فه‌نا ده‌بن‌و ده‌توێنه‌وه‌). بۆ ئه‌م ڕسته‌یه‌ ته‌نیا وشه‌ی فه‌نابوون به‌ سبوو بۆ گه‌یاندنی ماناو مه‌به‌ستی ده‌ڕبرینه‌كه‌.چونكه‌ ئه‌ستێره‌كان به‌رۆژ ونده‌بن‌وبه‌ شه‌و ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌.

*له‌ڵاپه‌ره‌(102)نووسیویه‌تی(ده‌شته‌ی عه‌ر عه‌ر).شیاوتربوو,له‌ بڕی ده‌شت،بیابان بنووسێت.چونكه‌ ده‌شت‌وبیابان له‌ڕووی جوگرافی‌وسرووشتی‌وتۆپۆگرافیه‌وه‌، جیان له‌ یه‌كتری.ده‌شت سرووشتێكی ساوێنی هه‌یه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بیابان ئاووهه‌وایه‌كی گه‌رم‌وسرووشتێكی وشك‌وبریشكی هه‌یه‌.وێرای ئه‌مه‌ش ناوی عه‌رعه‌ر له‌ فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی ئێمه‌دا، هه‌ر به‌بیابان ناسراوه‌..له‌درێژه‌ی هه‌مان ئه‌و رسته‌یه‌دا,وشه‌ی زینده‌به‌چاڵ جوانتر بوو له‌ زینده‌ به‌گۆر.

*نووسه‌رله‌ لاپه‌ره‌(68) نووسیویه‌تی(ئه‌وه‌ی له‌ زاری قه‌له‌م ده‌رژێ پێشتر به‌ پرتاوبه‌دڵ داهاتووه‌).به‌بۆچوونی خۆم وه‌ك خوێنه‌رێك,ئه‌وه‌ی له‌نوكی قه‌ڵه‌م ده‌ڕژێت، به‌رهه‌می ئه‌قڵ‌وبیركردنه‌وه‌یه‌،نه‌ك دڵ.هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی قه‌ڵه‌م ده‌یانووسێت،به‌ خێرایی سه‌ره‌تا وه‌ك بیرۆكه‌،به‌ مێشك دادێن،دواتر قه‌ڵه‌م پاكنووس‌وجواننووسیان ده‌كات.

*له‌ڵاپه‌ره‌(27)نووسیویه‌تی(نه‌جه‌ژنم هه‌یه‌ ،نه‌تێنووه‌تیه‌كه‌ورۆژوم ده‌شكێنم).به‌بۆچوونی من له‌رووی ماناوه‌ جوانتر ده‌بوو،گه‌ر بیوتبا(نه‌رۆژوتێنوه‌تیه‌كه‌م ده‌شكێنم‌و نه‌جه‌ژنم هه‌یه‌) چونكه‌ جه‌ژن دانایه‌ت،ئه‌گه‌ر كۆتایی به‌ڕێوره‌سمی رۆژوگرتن نێت.

*له‌ڵاپه‌ره‌(123)نووسیویه‌تی(حه‌وت ئاسمان به‌ره‌و ژوور).وشه‌ی به‌ره‌و ژوور له‌و ڕسته‌یه‌دا پێویست ناكات.چونكه‌ ئاسمان به‌ ته‌نیا ده‌لاله‌تی,به‌رزی,ژوور، سه‌ره‌وه‌ ده‌گه‌یه‌ نێت.. 

بێگومان چونكه‌ نووسه‌ر،ڕه‌چاوی ریتم‌ومۆزیك‌وقافییه‌ی ئه‌ندێشه‌كانی كردوه‌،ئیدی ئه‌مه‌ وایكردوه‌،ئاستی مانایی‌و زمانه‌وانی ڕِسته‌كان،جۆره‌ له‌نگییه‌كی تێبكه‌وێت،یاخود درێژ دادڕببن.له‌ كاتێكدا به‌ بۆچوونی من وه‌ك خوێنه‌رێك، له‌ ئه‌ندێشه‌كانی نووسه‌ردا، نه‌ریتم گرنگه‌، نه‌كێش‌وسه‌رواونه‌ چێژیش.به‌ڵكو له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌،ماناو په‌یامی ئه‌ندێشه‌كان بۆ خوێنه‌ر گرنگه‌. كه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌ گه‌یشتین،ئیدی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌، به‌ ئاسانی درك پێده‌كه‌ین.كه‌ هه‌ر ده‌بێ له‌و كڵاوه‌رۆژنه‌ش ئه‌و كتێبه‌ بخوێنینه‌وه‌.چونكه‌ ئه‌مانه‌ شیعرنین،ئه‌گه‌رچی زۆربه‌شیان فۆرمێكی شیعریانه‌یان به‌به‌ردا كراوه‌.لایه‌نێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌ش،كه‌ گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ زمانه‌وانیه‌یه‌،كه‌ نووسه‌ر  له‌ به‌شی كۆتایی به‌رهه‌مه‌كه‌ی، بۆ وشه‌كان دایناوه‌.وه‌لێ خۆزگه‌ قوڵتر‌وزیاتر مانای وشه‌كانی راڤه‌ ده‌كرد.چونكه‌ مانای به‌ شێك له‌وشه‌كان،هه‌ر ته‌نها له‌ومانایانه‌دا قه‌تیس نابن كه‌ نووسه‌ر ئاماژه‌ی پێداون.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌،به‌لكو به‌شێك له‌م وشانه‌ مانای تریش ده‌گه‌یه‌نن.بۆنموونه‌ (گوشاد) به‌مانای(دڵخۆشیش)دێت.یاخود(گاگۆلكێ‌) به‌ مانای(په‌تێ‌/تاتی/پێوره‌)ش دێت.یاخود وشه‌ی(ئۆقره‌) به‌ مانای(هه‌دادانیش)دێت. بۆیه‌ ده‌كرا نووسه‌ر، له‌ فه‌رهه‌نگه‌كه‌دا، قوڵتر‌وزۆرتر ماناكانی ده‌رخستبا.تاكو  پێویست نه‌كات، خوێنه‌ران بۆماناكانی دیكه‌ی هه‌مان وشه‌، بچنه‌وه‌ سه‌ر فه‌رهه‌نگێكی تر. له‌كۆتاییدا ئه‌م سه‌رنجانه‌ی ئێمه‌ی خوێنه‌ر،هێنده‌ی به‌شێكه‌ له‌ پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كتێبه‌كه‌،هێنده‌ ناچنه‌ خانه‌ی ره‌خنه‌ گرتنه‌وه‌.به‌ تایبه‌تیش كه‌ مرواریه‌كان, دیاربن یاخود نا,كپ كه‌وتبن یاخود نا،له‌ قوڵایی ده‌ریا دابن،یان كه‌نار،دواجار ئه‌وان مروارینه‌و به‌هاو سه‌نگی خۆیان هه‌ر هه‌یه‌….. 

 

 

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ژماره‌(28)ی رۆژی 4/2/2013هه‌فته‌نامه‌ی(نسێی)ئه‌ده‌بی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌….

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.