
نامه‌یه‌ك بۆ داهاتووی بارین
تێبینی: له‌وانه‌یه سه‌دان بارین كه ناویشیان بارین نییه، پێش بارینی ڕاسته‌قینه ئه‌م نامه‌یه بخوێننه‌وه، ئه‌م نامه‌یه بۆ هه‌موو ئه‌وان نووسراوه و تایبه‌ت نییه به بارینێكی خه‌یاڵیی زه‌مانێكی زۆر دووره‌ده‌ست!
نامه‌ی یه‌كه‌م، یان به‌شی یه‌كه‌می نامه‌كه (30/1/2010)
كچی بابه‌ی!
ئه‌و كاته‌ت باش كه ته‌ماشای ئه‌م نامه‌یه‌ی تێدا ده‌كه‌ی. زیاد له بیست ڕۆژه نه‌مدیوی، هه‌ڵبه‌ت له ئێستاكه‌ی مندا بیست ڕۆژ ده‌كا، ده‌نا ڕه‌نگه له ئێستاكه یا ڕوونتر بڵێم ئه‌وكاتی تۆدا بیست ساڵیش زیاتر بێ!
له‌سه‌روه‌ختی نووسینی ئه‌م نامه‌یه‌دا، وێنه‌كه‌تم له‌به‌رچاوه، جلێكی سه‌وزت له‌به‌ره كه به گوڵی مۆر و په‌مه‌یی و شین و زه‌رد نه‌خشێنراوه. ڕێك له‌و ساته‌دا ته‌مه‌نت حه‌وت مانگ و حه‌وت ڕۆژی ڕێكه.
له كاتژمێر نزیكه‌ی دوانزده و چاره‌گی به‌ره‌به‌یانی بیست و دووی حوزه‌یرانی دوو هه‌زار و نۆی عیسایی، چاوه‌كانت به‌م دونیا پڕ له وه‌یشوومه و كاره‌ساته‌دا هه‌ڵهێنا. قسه‌یه‌كی باو و هه‌زارباره ده‌كه‌م، ده‌نا تاكو ماوه‌یه‌كی زۆر دوای ئه‌وه‌ش چاوت به‌ڕوونی دونیای فانی و به‌ناو ڕوونی نه‌ده‌بینی!
چه‌ندین ساڵا به‌ر له هاتنت، چه‌نده‌ها ناو له پزدانی خه‌یاڵی بابتدا زابوو, بارین ناویان تێدا نه‌بوو، كه‌چی ده‌ستی سوڕێنه‌ری چه‌رخی گه‌ردوون، ناوی (بارین)ی هاوێشته نێو دڵی من وداكتهوه و كه‌سوكار و نزیكانیش زۆر به‌زوویی ته‌ك ئه‌و ناوه‌دا ڕاهاتن. ناومان نای (بارین)، سا به‌ڵكو ببیته بارانی سۆز و به‌سه‌ر ناخ و ئاوه‌زماندا داببارێی.
كچی بابه‌ی!
كاتێ ئه‌م نامه‌ت پێده‌گا، له‌وانه‌یه بنووسی ئه‌م چه‌ند دێڕانه، له دونیایه‌كی تردا بێ و سه‌رقاڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێلێكی گران و بێ‌ئامان بێ، ڕه‌نگه خاڵێكی زیاد و كه‌م تای ته‌رازووی به لایه‌كدا قورس بكات و سه‌رله‌به‌ری ژیانی هه‌تاهه‌تایی به‌م به‌ر یان ئه‌وبه‌ردا بخات.
بارین كچم!
كه تۆ هاتی ته‌مه‌نی بابت سی ساڵا و بیست و پێنج ڕۆژی ته‌واو بوو، مرۆڤی عاده‌تیی ئێمه له شه‌ست ساڵان تێناپه‌ڕێت، كه‌وایه (كاسه‌ی ته‌مه‌نم _ئه‌مێستا_هاتووه‌ته نیوه). له‌م سی ساڵه‌دا نازانم چمكردووه و ئه‌م هه‌موو ڕۆژ و مانگانه چۆن ڕهتبووگن؟ هه‌ندێجار به ده‌ست خۆم نییه دێمه سه‌ر ڕای ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ی نازانم كێیه و ده‌زانم گوتوویه: ” هه‌ر هه‌موومان پاڵه‌وانی نێو خه‌وی كابرایهكین و هاكه له پڕ كه‌سی نوستوو به ئاگا هاتوو و هه‌موومان بووین به هه‌ڵم و تواینه‌وه!”.
بارین كچم!
كاتی خۆی باوكی من و باپیری تۆ (به‌ڕه‌حمه‌ت بێ)، پێش ئه‌وه‌ی له دونیا ده‌رچێ، له به‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه یه‌ك دوو نامه‌ی بۆ ماڵه‌وه ناردووه‌ته‌وه، له یه‌كێك له‌و نامانه‌دا كه بۆ منی -ئه‌و وه‌خته- كه‌متر له سێ ساڵا نووسیویه‌تی، به مامۆستا ناوی بردووم، كه‌چی نه‌یزانی پاشه‌ڕۆژ له جیاتی (میم) (دالێك) ده‌خاته پێش ناوم، بۆیه منیش هه‌ر به (بارین) بانگت ده‌كه‌م، نه‌ك بكه‌ومه نێو هه‌مان هه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌وه!
ئه‌م نامه‌یه بۆ ئێستای من خه‌م له دڵا خۆ ده‌ركردنه، نازانم ده‌گا یان ناگا؟ ڕوون نییه لام وهل بڕێ بابه‌تی دی‌دا له چوارچێوه‌ی كتێبێكدا چاپ ده‌بێ و بلاودهبێتۆ، یان ده‌بته خۆراكی ئاگر، یان با ده‌یبا و به‌ر له‌وه‌ی بگاته ده‌ستت سه‌ر دهنێتۆ، لـێ ئه‌گه‌ر گه‌یشته ده‌ستت، ڕه‌نگه بۆ تۆ شتێكی كه‌م بایه‌خ نه‌بێ، ئه‌گه‌ر ئه‌هلی خوێندنه‌وه و تێڕامان بی، خۆ پێشده‌چێ ئه‌و كات زمان هێند بگۆڕێ گاڵته‌ت به جۆری نووسین و داڕشتن و ڕێزمان و ده‌ربڕینی بێ! (لێم ببوره زوو زوو ده‌ڵێم: “ئه‌و كات، ئه‌و وه‌خت” بیرم ده‌چێ كه ئه‌و كات ئێستاكه‌ی تۆیه!). جا كێ ده‌ڵـێ له (ئێستای تۆدا) كاغه‌ز و قه‌ڵه‌م ماون؟! منێكی سی ساڵا له‌مه‌وبه‌ر -كه ئێستای خۆمه- چوزانم دونیا له پاش ئه‌وه‌نده ساڵا -مه‌به‌ستم ئێستاكه‌ی تۆیه- به چی ده‌گات؟! كێ ده‌ڵـێ هه‌ر هه‌موو دونیا له‌سه‌ر شاشه‌ی كۆمپیوته‌رێكی بچووكی به‌قه‌د له‌پێك دانه‌نراوه و كه‌ی حه‌ز بكه‌ی ئه‌وپه‌ڕی دونیا ده‌بینی؟ یان له‌وێوه گه‌شتی ئه‌ستێره‌كان ده‌كه‌ی. كوره له‌وانه‌یه ئێستا ناوی تر و ئامێر و ئامرازی دیكه هاتبێتنه ئاراوه و تۆ له مانای وشه‌ی (كۆمپیوته‌ر) هه‌ر نه‌گه‌ی!
كچی خۆم!
سی ساڵا له‌مه‌وبه‌ر – مه‌به‌ست سی ساڵا به‌ر له ڕۆژی نووسینی ئه‌م نامه‌یه‌یه_ ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیگوتبا ڕۆژێ دادێ ئامێرێك دێته ئاراوه هه‌م سه‌عاته و هه‌م ڕۆژژمێر، هه‌م ڕادیۆیه و هه‌م ته‌له‌فۆن، هه‌ركه‌سێكت له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دونیا پان و پۆڕهدا گه‌ره‌ك بێ، له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا به‌و ئامێره چكۆله‌یه ده‌توانی بیدۆزیته‌وه و ده‌مه‌ته‌قێی له‌گه‌ڵا بكه‌ی، ته‌نها به‌وه‌ی چه‌ند ژماره‌یه‌ك لێده‌ده‌ی و ده‌چییه سه‌ر خه‌ت، زۆر به ئاسانی ده‌توانی به‌و ئامێره بچكۆله‌یه ده‌نگ تۆمار كه‌ی، وێنه بگری، ته‌ماشای فیلمان بكه‌ی، گوێ له شیعر و ئاواز و گۆرانی بگری، یان هه‌ر كاتێ بێتاقه‌ت بی نامه‌یه‌كی كورت یان درێژ وه‌ك (كورته نامه) بنێری بۆ هه‌ر كه‌سێ حه‌زت لێبێ… توخوا ئه‌گه‌ر سی ساڵ به‌ر له ئێستا – له كاتی ئیستای منه‌وه- كه ڕه‌نگه په‌نجا یان شه‌ست ساڵا له ئێستای تۆ به پێشتر بێ، ئه‌گه‌ر كـه‌سێ ئه‌و قسانه‌ی باس كردبا، هه‌موو خه‌ڵكه‌كه به‌جارێ تریق و هوڕ نهدهخهنین؟! لانی كه‌می پێكه‌نین بوو، له‌وانه‌یه به‌ر شه‌ق و تێڵاشیان دابا و شار بهدهریشیان كردبا! زانست ئه‌وه‌نده به په‌له ده‌ڕواته پێش ده‌ترسم لاقێكی بشكێ، له‌م ڕۆژه‌وه‌ی نامه‌كه ده‌نووسرێت تا ئه‌و ڕۆژه‌ی دهخوێنرێتۆ، ڕه‌نگه ته‌نها ناوی دنیا وه‌ك خۆی مابێ و نه‌گۆڕابێ، كێ ده‌ڵـێ ئه‌ویش ناگۆڕێ؟!
نامه‌ی دووه‌م، یان به‌شی سێیه‌می نامه‌كه (5/3/2010)
بارین كچم!
ئه‌مێستاكه ڕێك كاتژمێر ده و چل خوله‌كی به‌یانیی ڕۆژی هه‌ینی، پێنجی ئاداری ساڵی دووهه‌زارو ده‌یه، واته نزیكه‌ی سی و چوار ڕۆژ دوای نووسینی بیدایه‌تی نامه‌كه‌یه. ئێستا جیاوازه له‌و ڕِۆژه، هه‌نووكه بۆ خه‌یاڵێكی دوور نانووسم، ئاخر ئه‌وه‌تا له پاڵمای, وه‌ك عاده‌تی هه‌میشه‌یی بابت ئه‌گه‌ر له یه‌ك شوێندا بابه‌ته‌كه‌ی ته‌واو نه‌كات ڕه‌نگه چه‌ند مانگێ دوای ئه‌وسا دووباره بێته‌وه سه‌ری، یان ئیدی هه‌ر نه‌یه‌ته‌وه و بابه‌ته‌كه‌یش تاهه‌تایه ته‌واو نه‌بێ!
ئه‌وه‌تانێ سی و چوار ڕۆژه نهیپهرژاوه نامه‌كه‌ت بۆ ته‌واو بكا، بڕوا ناكه‌م تۆ په‌له‌ت بێ، وا سی ساڵه نووسراوه و تۆ تازه تازه ده‌یبینی!
بارین كچم!
كه گه‌وره بووی ئه‌م ڕۆژه‌ت له بیر بمێنێ، بڕوا بكه تا ئه‌م یه‌ك دوو دێڕه‌م بۆت نووسی، سێ چوار جارێ قه‌ڵه‌م و كاغه‌زم تووڕدا و هاتمه لات و تێر تێر یاریم له‌گه‌ڵا كردی. نازانم بۆ له خۆته‌وه وڕوو ده‌گری و ژیر نابییه‌وه؟!
بارین! له‌م ساته وه‌خته‌دا ئه‌توو له دونیای عهدهمدای، ئه‌قڵا و هۆشت وه‌كو ئه‌وه‌یه هه‌ر نه‌بێ، به‌ڵام جه‌سته‌ت شادیبه‌خشه بۆ دڵی من و داپیرت و دایه و پوورت.
هه‌نووكه تۆ له‌نێو عهرهبانهكهتدا دانیشتووی و، به دوگمه‌كانی به‌رده‌مت گه‌مان ده‌كه‌ی، ده‌ست له هه‌ر دوگمه‌یه‌ك ده‌ده‌ی ئاوازێكی لێده‌رده‌چێ، تۆ نازانی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ئاوازانه چ شوێنێكه و ئه‌و هه‌موو ده‌نگ و هه‌رایه له كوێوه دێن، بڕوا بكه كچی خۆم منیش نازانم، ئه‌رێ هه‌ر به‌ڕاست ده‌نگ چییه؟ زمان چییه؟ چۆن به‌لایه‌كدا سوڕیدهی جۆره ده‌نگێكی لێوه دێ و به‌لایه‌كی تردا بایده‌ی ده‌نگێكی تر؟! بۆ ته‌خته‌دار ده‌نگی له ئاسن جوودایه؟ ئای خودایه! زڕه‌ی شووشه‌یه‌ك كه ده‌شكێ به ده‌نگی مناڵێك ده‌چێ له‌سه‌ربانه‌وه فڕێیده‌ن بێئه‌وه‌ی بزانێ بۆچی؟ به ده‌نگی ئافره‌تێك ده‌چێ دره‌نگانێكی نیوه‌شه‌و كه‌سوكاری په‌لكێشی بكه‌ن و بیبه‌ن به ئه‌سپایی بیكوژن و بێنهدواوه، بێئه‌وه‌ی بزانێ بۆچی؟ له هاوار و ناڵه‌ی زیندانییه‌ك ده‌چێ كه له ژێر قامچی جه‌للادا بنركێنێ، بێئه‌وه‌ی بزانێ بۆچی؟ ده‌نگی شووشه‌یه‌ك كه ده‌شكێ له ناخی هه‌ر یه‌كێكماندا زایهڵهیهك درووستدهكا، لای هه‌ریه‌كه‌مان ماناكه‌ی لهوانیترمان جودایه و ههركهسهمان به جۆرێ مانای دهدینێ…
نامه‌ی سێیه‌م، یان به‌شی سێیه‌می نامه‌كه (1/3/2013)
بارین سڵاو!
ئه‌مشه‌و كۆتا شه‌وی مانگی دووه، دوای بیست ڕۆژی تر به‌هاره. ساڵا دوو هه‌زار و سێزده‌یه، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی دوا دێڕم بۆت خسته سه‌ر سنگی كاغه‌زێ تا ئه‌مڕۆ ڕێك سێ ساڵا و بیست و نۆ ڕۆژه، ئه‌گه‌ر بیرت بێت پێم وتی، یان با یڵێم ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تای نامه‌كه‌ت به‌وردیی خوێندبێته‌وه تێیدا نووسیومه: “باوكت ئه‌گه‌ر ده‌ستی له نووسینێك هه‌ڵگرت ئیدی ڕه‌نگه تا ماوه به‌لایدا نه‌یه‌ته‌وه، یان كه‌مێ دره‌نگ بێته‌وه، خۆشبه‌ختانه دوای سێ وساڵا و بیست و نۆ ڕۆژ گه‌ڕامه‌وه سه‌ر نامه‌كه، تۆ هێشتاكانێش بێخه‌می، چونكه ئه‌مڕۆ ته‌مه‌نت بوو به چوار ساڵا و هه‌شت مانگ و شه‌ش ڕۆژی ڕه‌به‌ق، ئێستا ئیدی ئه‌و منداڵه‌ی جارانێ نی كه له دونیای نه‌بوونا بووی، هه‌نووكه كیژێكی بۆ خۆت، شادیبه‌خشی دڵی باوه‌ی، پیاسه ده‌كه‌ی، ده‌چی بۆ گه‌شت، پرسیار ده‌كه‌ی، په‌ڵپ ده‌گری، نازان ده‌كه‌ی. گه‌رچی له زمانگرتندا كه‌مێ له‌دوای و ناتوانی هه‌موو ئه‌وه‌ی له ناختدایه ده‌ربڕی، وه‌لـێ هۆشت فره باشه و له‌و زمانه‌ی بۆ خۆتت دروستكردووه باش تێده‌گه‌م، ده‌زام (قهوهو) قه‌ڵه‌وه و له‌ویش مه‌به‌ستت گه‌وره‌یه، وه‌ختێ ده‌ڵێی (من قهوهوم) یانێ بزانن (ئه‌ز گه‌وره‌م). ده‌شزانم به گچكه ده‌ڵێی (دگو دگو)، وه‌لـێ به خوا ڕیشه‌ی وشه‌كه زۆر سه‌خته و زه‌حمه‌ته مرۆڤ تێ‌بگا ئه‌مه‌ت له كوێوه هێناوه؟ ئه‌و خۆبه‌گه‌وره‌زانین و ئه‌و باوهڕبهخۆبوونهی تۆ زۆر ساز و كه‌یفخۆشم ده‌كا، هه‌ر كه‌س بیه‌وێ تووڕه‌ت كا پێت ئێژێ: ” ئه‌توو قهوهو نیت، دگودگوی”، ئای چۆن یه‌كسه‌ر به‌سه‌ریدا ده‌قیژێنی: “نهوهوا بایین قهوهوه، كاكه وه‌ن دگو دگووه”، نهوهوا هه‌ر نهوهڵایه و بایین مه‌به‌ستت بارینه و كاكه وه‌نیش ڕه‌وێنی برا گچكهته.
بارین كچم!
بابی له‌ژێر خاكدا نووستووت جارجار خه‌یاڵا له ده‌ركه‌ی ئاوه‌زی ده‌دا و وێنه‌ی سه‌یری له زه‌یندا ده‌خولقێنێ، بۆ نموونه ئه‌من ده‌رێم دوور نییه ڕۆژێ ئامێرێ دابهێنرێ، هه‌م ماشێن بێ و هه‌م فڕۆكه، ئاخر ئۆتۆمبیل هه‌ند زۆر بوون چیدی شه‌قام پشتی توانای هه‌ڵگرتنیانی نه‌ماوه، ده‌بێ بیری چاره‌یه بۆ ئه‌م هه‌رایه بكرێته‌وه. هه‌ر له‌گه‌ڵا ئه‌م خه‌یاڵه‌دا خه‌یاڵێكی ناقۆڵای تر ئه‌و وێنه جوانه‌ی نێو زه‌ینم ده‌شێوێنێ، ئاخر ده‌ترسم ئاسمانیش ئه‌و وه‌خت به‌رگه‌ی هه‌ڵگرتنی ئه‌و گشت ماشێنهفڕۆكهی نه‌مێنێت و له‌وێش به‌ریه‌ككه‌وتن زۆر بێ، به خه‌یاڵا بێنه پێش چاوت له ترافیكدا وه‌ستاوی و كه‌س له جێی خۆی جووڵه ناكا، ده‌قه‌یه‌ك دوو نه‌خێر ئه‌وه بوو به سێ و چوار، تینت بۆ دێ و ده‌ست ده‌نێیته دوگمه‌ی له شه‌ققه‌ی باڵدانا، ماشێنه‌كه‌ی به‌رده‌میشت هه‌ر ڕێك له‌و ئان و ساته‌دا تووڕه ده‌بێ و هه‌ڵده‌فڕێ، تا ده‌ته‌وێ وه‌خۆ كه‌وی و وه‌خۆ كه‌وێ زرمه دێت و له‌و پیره ئاسمانه هه‌ردووك پێكدا ده‌ده‌ن و ئه‌و شته‌ی لێی ده‌ترسام ده‌بێته ڕاست!
هه‌ر له ترسی ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێشووتردا، خه‌یاڵا ده‌كه‌م ڕۆژێ دادێ ئامێرێكی هێنده‌ی هاندی مۆبایلـێ دروست ده‌كرێ، ئه‌و ئامێره هه‌م ماشێنه و هه‌م ته‌له‌فۆن، ده‌توانی هه‌ر كاتێك ویستت ته‌نها له چه‌ند چركه‌یه‌كدا گه‌وره‌ی كه‌یت و سواری بیت و تا كوێ ویستت لێی بخوڕیت، وه‌ختێكیش كارت ته‌واو بوو لێی دابه‌زی و به‌ده‌ست بهدوگمهنیانێكدا بیكه‌یته‌وه به هانده‌كه‌ی له‌وه‌پێش و بیخه‌یته‌وه گیرفانته‌وه، ئاخر ڕۆڵه بنیاده‌م هێنده زۆر بووه، هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌ی باوكتا وه‌خته جێگه‌ی له‌سه‌ر زه‌مین نه‌بێته‌وه، ده‌بێ تا ئه‌و زه‌مانه‌ی تۆ چ بقه‌ومێ؟ هه‌ر ئێستاكه جێی وه‌ستانی ماشێن نییه، ده‌بێ ئێستا له‌لای ئێوه چ هه‌رایه‌ك له‌ناوا بێ؟!
كچم بارین!
زۆر جار خه‌یاڵێكی تریش ده‌بێته میوانی سه‌رم، _وای ده‌بینم تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌م نامه‌یه ده‌كه‌یته‌وه ئه‌مه‌یان هێنده كۆن بووبێ سه‌یرت لێبێ له‌و كاته‌ی مندا نه‌بووه_ من ده‌ڵێم بنیاده‌م هێنده له ماشێن و فڕۆكه و شه‌مه‌نده‌فه‌ردا ماندوو بووه، هێنده له‌سه‌ر پشتی كه‌شتی شه‌و و ڕۆژی كردووه‌ته‌وه، زۆر نابا تاقه‌تی ده‌چێ و چۆن جاران سواریی وڵاخ و ئه‌سپ و وشتر بنیاده‌میان ماندوو و شهكهژۆ كردبوو و مرۆ بیری بۆ داهێنانی ماشێن و فڕۆكه چوو، سواریی ماشێن و فڕۆكه‌ش هانی نه‌وه‌ی ئاده‌م ده‌دات بیر له شتێكی خێراتر بۆ گواستنه‌وه بكاته‌وه، هه‌ند هیوام به زانست فره‌س بێگومانم له‌وه‌ی ڕۆژێ ئامێرێ دێته ئافراندن له‌سه‌ر شێوه‌ی ئامێری فاكس یان ته‌له‌فۆن، قه‌باره‌ی كه‌مێ گه‌وره‌تر یان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی زۆپایه‌ك، ده‌ركه‌یه‌كی گچكه‌ی هه‌یه، به حاڵا و ناحاڵا مرۆڤێ تێیدا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه، له هه‌ر شارێكدا دانه‌یه یان چه‌ند دانه داده‌نرێت و خه‌ڵكی ئیدی له‌بری ئه‌وه‌ی بچن و پاسپۆرت ده‌ركه‌ن، ڤیزا له پاسپۆرتیان بده‌ن، دێن و له‌وێ ناو ده‌نووسن و ڕیز ده‌به‌ستن. سه‌ره‌تای كار له‌به‌ر كه‌میی ئامێره‌كان و گرانیی نرخی بلیت به مانگ نۆره به‌رناكه‌وێت، وه‌لـێ دوایی ورده‌ورده خه‌ڵكی له‌سه‌ری ڕادێن و نرخی بلیت هه‌رزان ده‌بێ و دوور نییه هه‌ر ئامێره‌كه‌ش هێنده له بازاڕدا زۆر بێ، هه‌ركه‌س بیه‌وێ بتوانی وهگیریخا و له ماڵی خۆیدا دایبنێ و كه‌ی ویستی ئیشی پێ بكا!
كه‌سێ كه به نیازی سه‌فه‌ر وه‌ستاوه و نۆره‌ی دێته سه‌ر، ده‌رگای ئامێر ده‌كاته‌وه و وه‌ك چۆن سواری ماشێن ده‌بێ سه‌رده‌كه‌وێ و له‌ناوه‌وه داده‌نیشێ و له‌م دیوه‌وه یه‌كێك ده‌رگای لـێ داده‌خا و چه‌ند خوله‌كێك _تا ئامێره‌كه گه‌رم ده‌بێ_ هیچ ڕوونادا، دوای ماوه‌یه‌ك فڕه‌فڕ په‌یدا ده‌بێت و چه‌ند گڵوپێكی سه‌وز و سوور به ده‌وری ئامێره‌كه‌دا هه‌ڵده‌بن و دوای دوو ده‌قه فڕه‌فڕ ده‌نیشێته‌وه و ده‌ركه‌ی ئامێری وه‌ك زۆرپا ده‌كرێته‌وه و نه كابرای تێدایه و نه هیچ، تومه‌ز كراوه به وزه و به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی ده‌یه‌وێ نێردراوه. له‌وێش ئامێرێكی دیكه، به هه‌مان كێش و قه‌باره وه‌ریده‌گرێ و پیره وزه ده‌كاته‌وه به هه‌مان كه‌س كه هه‌ر دوو خولهك له‌مه‌وبه‌ر له‌وپه‌ڕ ده‌ریا و ئۆقیانووس و شاخ و دۆڵا و بیابانۆ كهوتبووهڕێ!
ئای بارین كچم، نازانی ئه‌م خه‌یاڵه چه‌ند ئارامیم پێ ده‌به‌خشێ و چه‌ند سه‌بووری دڵم ده‌دا، ئاخر ئه‌گه‌ر شتێكی ئاوها په‌یدا بێ گه‌ڕان وه‌كو ئاوخواردنه‌وه ئاسان ده‌بێ و ئێمه‌یه‌ك كه نهسواری پشتی كه‌شتی بووین، نه فڕۆكه‌مان دیتووه، نه ده‌زانین شیری حوشتر تام چی ده‌دا، نه ددانمان پنجڕێ گۆشتی كهنگهری به‌ركه‌وتووه، نه ئه‌هرامه‌كانی میسر و نه په‌یكه‌ری ئازادیمان به چاو دیوه و نه ده‌زانین بورجی ئیڤڵا ڕووی له كوێیه و نه پیاسه‌یه‌كی شه‌قامی شازێ لیزێمان كردووه و نه په‌یكه‌ی عیسای مه‌سیحمان بینیوه و نه سه‌رمان به كووچه‌كانی وڵاتی ئه‌ژدیهای زه‌رد و سه‌رزه‌مینی گوڵا و گوڵزاردا كردووه… ئێمه‌یه‌ك كه نه بوونمان و نه مردنمان له هی كه‌سی دنیا ده‌چێ، ئه‌و كات ده‌توانین گه‌شت بكه‌ین، كوره ئیدی نه‌یه‌ینه‌وه، ئاخر من كه بووم به وزه ئیدی بۆ جارێكی دیكه بێمه‌وه نێو ئه‌م قه‌فه‌سی جه‌سته‌یه‌وه؟ وه‌لـێ لێتی ناشارمه‌وه ئه‌م خه‌یاڵه شیرینهشم زۆ نابا له خۆم تێكده‌ده‌م، ئاخر زۆر له‌وه ده‌ترسم وه‌ختێ ده‌بمه‌وه به مادده به‌شێك له جه‌سته‌م ون بووبێ و نه‌یه‌ته‌وه، ها وه‌ختێ كورته نامه‌یه‌ك له‌بۆ دۆستێكت ده‌نێری، هه‌ندێجار به‌شێكی ناگا و ده‌نووسرێ ئه‌م كورته‌نامه پارچه‌یه‌كی لـێ ونبووه. ده‌كرێ ئه‌و وه‌ختیش هه‌مان شت ڕووبدات و به‌شێك له جه‌سته‌ت ون ببێ و تا هه‌تایه نه‌یه‌ته‌وه، “خوایه من به لاقێكهوه له‌م شاره‌دا كه كه‌سی تێدا ناناسم ڕوو له كوێ بكه‌م؟ باشتر نه‌بوو سواری ماشێنێ بوومایه و له جیای دوو خولهك به مانگێ بگه‌یشتمایه و ئه‌م په‌نه‌م بۆ خۆم نه‌دابا؟!”
دوای ئه‌م خه‌یاڵه درێژه به خۆم ده‌ڵێم: “جا كێ ده‌ڵـێ ئه‌و گرفته هه‌ر دێته پێش؟ شایه‌د هه‌ر خه‌یاڵی خۆم بێ و به گره‌نتی بتگوێزنهوه”. گرفتی ئه‌وه‌ی به ساغی و سه‌لامه‌تی دهگهیتهجێ، ئه‌مه‌یان ئیدی زۆر خۆشه و ئه‌مشه‌و به ئارامی ده‌نووم!
كاتێ ئه‌م ئامێره دادێ، بڕۆ ته‌ماشای به‌نده‌ر و فڕۆكه‌خانه‌كان بكه، له گه‌راج و تێرمیناڵی نێوان شاران ورد به‌ره‌وه، چۆڵا و هۆڵن، كه‌ر بكه‌وێ دانی ده‌شكێ، زۆر نابا ڕه‌نگه هه‌ر دایخه‌ن، هه‌ڵبه‌ت له‌به‌ر بێبازاڕی!
بارین كچم!
به‌داخه‌وه هه‌ندێجاریش خه‌یاڵی خراپ وه‌ك هه‌ور ئاسمانی ئاوه‌زم ده‌گرێ، كێ ده‌رێتن بنیاده‌م بێ ده‌ردی سه‌ری ئۆقره ده‌گرێ و به بۆمبای ئه‌تۆم یه‌كتری نابڕنه‌وه؟ ئه‌وه نییه بۆنی خوێن كاسی كردووین؟ ئه‌وه نییه جیهان مه‌یدانی جه‌نگێكی ناپایانه و ده‌ڵێی بنیاده‌م هه‌ر به‌زۆر ده‌یانه‌وێ ئه‌و گومانه‌ی فریشته‌كان بكه‌ن به ڕاست، كه ده‌یانوت: “خودا ئه‌توو ئه‌م ئادهمهت له‌بۆ چییه كه نه‌وه‌كانی سه‌رزه‌وی ده‌له‌وتێنن؟”، ئه‌وه نییه بێدادی هه‌رده‌م سه‌روه‌ره و ئازادییش هه‌ر ده‌ربه‌ده‌ره؟ ئه‌وه نییه خوێن له ئاو زۆر هه‌رزانتره؟ ئه‌وه نییه باس هه‌ر باسی مافی مرۆڤه و مرۆڤیش بێنرخترین بوونه‌وه‌ره؟
بارینی جوان كچی باوه‌ی!
ئه‌گه‌ر هاتوو مایت و ڕۆژێ ئه‌م نامه‌یه‌ت گه‌یشته ده‌ست، هیچ دوو دڵا مه‌به نووسینی ئه‌م نامه‌یه‌ش هه‌روه‌ك هێنانه‌بوونی خۆت، كرده‌ی خۆدڵخۆشكردنه و بابت بۆ خۆی كردوویه‌تی نه‌ك له‌به‌ر تۆ. بنیاده‌م هه‌ر شتێ ده‌یكا مه‌به‌ستی لێی ئارامكردنه‌وه‌ی خۆیه‌تی، نویسیارێ كه ده‌نووسێ، شاعیرێك كه شیعرێ ده‌ڵێ، نیگاركێشێ تابلۆیه‌كی جوان ده‌كێشێ، حهیرانبێژێ حه‌یرانێكی خۆش ده‌چڕێ، نهیژهنێك كه نه‌ی ده‌ژه‌نێ ته‌نها و ته‌نها بۆ خۆی ئه‌م كاره ده‌كات و دواتر بیری بۆ خوێنه‌ر و گوێكر ده‌چێ!
بارین كچم!
به هیوای وه‌ی وه‌كو بابت ئه‌م ڕێگه جه‌نجاڵه نه‌گری و، به‌ئارامی به‌سه‌ر ڕێیه‌كی بێ ته‌ڵه و ده‌ردی سه‌ردا بڕۆیته پێش، ئه‌م نامه‌یه‌م لێره‌دا به كۆتا دێنم، نه‌شمزانی ئێستا سه‌عات چه‌نده لای تۆ و چ ڕۆژێكه؟ لای من ته‌واو دوو و بیست وچوار خوله‌كی نیوه‌شه‌وی یه‌كه‌مین ڕۆژی ئاداره.
هێمن خورشید