ئاڵۆزیه‌كانی ئێستای عێراق((سه‌ره‌تایه‌كه به‌ره‌و ئاراسته‌ی دابه‌شبوون))
له چركه‌ساتی ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاری سیاسی به‌عسه‌وه له لایه‌ن ئهمریكاو هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌و دروست كردنی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی دیكه به ناوی ده‌وڵه‌تی فیدراڵ و دیمۆكراسیه‌وه له لایه‌ن هێزگه‌لێكی ((عه‌شیره‌تی و قه‌ومی و مه‌زهه‌بی)) له عێراق . لای هه‌مووما ئاشكرا‌و ڕوونه ئه‌و هێزانه‌ش كه به كورسی ده‌سه‌ڵات شاد بوون بناغه‌ی عه‌قڵی سیاسیان بارگاویه به بیری لۆكاڵیانهی تائیفی و نا ئاشنان به سیسته‌می دیمۆكراسی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و زیاتر پابه‌ندن به به‌رژه‌وه‌ندی عه‌شیره‌ت و قه‌وم مه‌زهه‌به‌وه ، به درێژایی ئه‌و مێژوویه‌ی كه ئه‌م هێزانه حوكمیان به ڕێوه بردوه له عێراقدا ، نه‌ك نه‌یانتوانی ژینگه‌یه‌كی سیاسی ئارام و واقعێكی كۆمه‌ڵایه‌تی پێشكه‌وتوو ئاسوده له سه‌ر بناغه‌ی ئازادی ئینسان و دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بنیاد بنێن ، به‌ڵكو ژینگه‌ی سیاسی عێراقیان گواسته‌وه بۆ نێو زهلكاوێكی بۆگه‌ن و ژیانێكی تفت و تاڵیان به سه‌ر مرۆڤه‌كانی ئه‌م وڵاته‌دا سه‌پاند و هیچ چه‌شنه به‌هایه‌كیان بۆ مرۆڤ بوونی مرۆڤ نه‌هێشته‌وه ، سه‌ره‌تایترین مافی ژیانیان به مرۆڤه‌وه ڕا نه‌بینی . هه‌موومان له تیڤیه‌كانه‌وه ڕۆژانه شاهیدحاڵی تراژیدیای مه‌شهه‌دی له‌ت و په‌ت بوونی ئینسانه‌كانی ئه‌م وڵاته بووین . عێراقیان له گۆمی خوێن هه‌ڵكێشا و هیچ چه‌شنه سیما‌و دیمه‌نێكی مه‌ده‌نیانه‌یان به ڕوخساری كۆمه‌ڵگای عێراقه‌وه نه‌هێشته‌وه ، ته‌نها له مه‌ڕ ناوی ((عه‌لی و عومه‌ر)) به‌س بوو بۆ له ناو بردنی هه‌ر ئینسانێك . ڕۆژ به ڕۆژ قه‌یرانه‌كان زیاتر قووڵده‌بنه‌وه و دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق به‌ره‌و په‌شێوی و ئاڵۆزی و پێكه‌وه نه‌گونجان ده‌ڕوات و مێژوویه‌ك تومار ده‌كه‌ن كه زۆر نا سازگاره له گه‌ڵ سیسته‌می دیمۆكراسی و مافی مرۆڤدا،ئه‌م فه‌زا سیاسیه وا خه‌ریكه په‌تی به زۆرپێكهوه گرێدراوی پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی عێراق به‌ره‌و ترازان ده‌بات . كۆی قه‌یرانی سیاسی و خولانه‌وه له نێو بازنه‌یه‌كی تائفی له‌و چه‌شنه‌دا ئه‌و ڕسته‌و چه‌مكه سیاسیه‌ش پووچ و به‌تاڵ ده‌كاته‌وه كه هه‌میشه دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن ((ده‌بێت یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بپارێزین)) . ئه‌م ڕسته‌یه كه به به‌رده‌وامی به سه‌ر زاری سیاسه‌ت بازه‌كانی عێراقه‌وه بۆته لۆژكێكی سیاسی نه‌گۆڕو به كار هێنانی وه‌كو په‌ندێكی ڕۆتینی لێهاتوه ، جگه له درۆیه‌كی گه‌وره‌و بێ نرخ هیچ شتێكی لێ سه‌وز نه‌بووه‌و نابێت له به‌رده‌م هاو كێشه سیاسیه‌كان . چه‌نده ئه‌و هێزانه به ڕواڵه‌ت له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق به‌شداربوون و له گه‌ڵ هاوشیوهكانیان ته‌باو شه‌ریكن له كورسی ده‌سه‌ڵات و پشكیان هه‌بووه له بنیاد نانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌مڕۆ له عێراقدا به ڕێوه ده‌ڕوات ، هه‌ر له داڕشتنی ده‌ستوورو یاساكانه‌وه بگره تا پێكه‌وه‌نانی تێكڕای دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ، هه‌ر هه‌موویان به كرده‌وه نه‌ك پابه‌ند نابن به‌و گرێبه‌نده سیاسیانه‌وه ، به‌ڵكو خۆیان له پشت په‌رده‌وه‌و به هه‌ڵپه‌وه هه‌وڵی ورد‌و خاش كردنی تێكڕای ئه‌و ڕێسا سیاسیانه ده‌ده‌ن كه خۆیان دوێنێ بنیاد نهرو دامه‌زرێنه‌ری بوون و ، زیاتر هه‌وڵی به دیهێنانی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه لۆكاڵیه تائیفیهكانی خۆیانن ، زیاتر هه‌ڵبه‌ی به ده‌ست هێنانی ئیمتیازات و به تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی عێراق و قۆرخ كردنیه‌تی بۆ خۆیان . ئه‌م هێزانه خۆیان له بنچینه‌دا بوونه‌ته پاشكۆو وابه‌سته‌ی سیاسه‌تی وڵاتانی ده‌وروبه‌رو پراكتیك كردنی خواست و به‌رژه‌وندیه سیاسیه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ، ته‌نها ئه‌وه‌یان به لاوه گرنگ نه‌بێت ژیانی ئینسانه‌كانی ئه‌م وڵاته‌یه ، ڕوداوه‌كانی ئێستای عێراق و به‌رده‌وامی قه‌یرانی سیاسی له نێوان ئه‌م هێزه لۆكاڵ و ملیشیایانه ئه‌و ڕاستیه‌مان لا گڵاڵه ده‌بێت عێراق له به‌رده‌م كاره‌سات و سینارۆیه‌كی ڕه‌ش و ترسناكدایه و باجی سه‌ره‌كی شه‌ڕێكی له‌و چه‌شنه نه‌خوازراوه‌ش به خوێنی گه‌لانی سفیلی عێراق ته‌واو ده‌بێت . دواجاریش ئه‌گه‌ر سرنجێكی خێرای كار كردی سیاسی ئه‌م هێزانه بده‌ین و ڕۆژ به ڕۆژ لۆژیكی دابه‌ش بوونی عێراق ئه‌مڕۆ بیت یان سبه‌ی ده‌بێته واقعێكی سه‌پێنراو ، سه‌ركرده باڵاكانی هێزه سیاسیه‌كانی عێراق خۆیان تێورزهی ئه‌و دابه‌ش بوونه ده‌كه‌ن ، ئه‌و ڕسته‌یه‌ش كه سیاسه‌تبازه درۆزنه‌كان به به‌رده‌وامی دوپاتی ده‌كه‌نه‌وه بێ بناغه‌یه و هه‌موویان بۆ پارچه پارچه بوونی عێراق كار ده‌كه‌ن .