یەعقوب …کوا ڤیزەکەم ؟! … نەوزاد بەندى
ئەم بەهارەیش هات و ..نەمبینیتەوە ، یەعقوب ..
ئەو زستانەیش تێپەڕى و
تۆزێک لەگەڵمدا گریا و ..
نەمبینیتەوە ..یەعقوب ..
جلى کوردیشم کڕیبو ،
لەبەریشم نەکرد ، یەعقوب ..
ئازارێک دڵى گرتبووم ..
گریانێک ئەوکى گرتبوم ..
کەمالێک قورگى گرتبوم ،
هێواش ئەیوت : خۆزگە پێش مەرگ و
ماڵئاوا کردن.. شاد ئەبوومەوە ، بە دۆست و دوژمن ..
یەعقوب …
( ڕۆژ بە ڕۆژ ئێوارەکانى برایم خەلیل و
چاوەڕوانى ڤیزە و
هێلکە و ڕۆنەکانى بەیانیان ،دوورتر ئەکەونەوە یەعقوب ..
هەتا ئەوەى ئەگەر ئەمڕۆ بمبیننەوە ،
نە ڕەنگیان ئەناسمەوە ..
نە تامیان ..
نە بۆنیان ..
شەو بە شەو ، خەونەکانى ئوتێل بەغدادى زاخۆ و
ئەزنیفەکانى چایخانە نشێوەکە و
پشتى قەمبورى پردى دەلال ،
کاڵ ئەبنەوە ..
هەتا ئەوەى ئەگەر بۆیەى پاستیلیشم بۆ ڕۆ بکەى ،
ڕەنگەکانیان نادۆزمەوە ..
سات بە سات ،
تامى ڤیزە و
سیحرى ڤیزە و
عەشقى ڤیزە ، لە ناخمدا گیان ئەدەن و
وەکو تەمى بەیانیانى زستانێکى درەنگ وەختە ،
تێکەڵاوى هاڵاوى چێشتەنگاو ئەبن ..
سکۆلەرشیپ و
چیکۆسلۆڤاکیا و
فرانس لیبرتى و
بەختیار ئەمین و
سالار و
کەمال و
دیار و
نیسانە دەبڵ کابینەکە و
ئەنیستیتوى کورد لە پاریس و
پاسۆجێنیک مایکرۆبایۆلۆجى ..
بچوک ئەبنەوە ..
بچوکتر لە مەدالیاى کلیلەکانم ..
بچوکتر لە حەشوەى دانەکانم ..
بچوکتر لەو خاڵخاڵۆکەیەى
بەبێ هۆ بە کراسەکەمەوە نیشتەوە و
بێ سەبەب لە شەقەى باڵى دا و
بەجێى هێشتم … یەعقوب ..)
ئەم بەیانیە گریانم هات ،
نەک لەبەر تۆ ..
نەک لەبەر خەم ..
نەک لەبەر ئازار ..
بەڵکو لەبەرئەوەى جلى کوردیشم کڕیبوو ،
کەچى لەبەریشم نەکرد ..
چونکە وتم : لەبەریشى بکەم ،
تازە جارێکى تر ، نە یەعقوب بە کراسە شینەکەى و
بۆینباخە مۆرەکەیەوە دێتەوە ،
چەند کرێمێک بدات لە عازەبەکانى ڕومەتى ..
نە ڤیزە وەکو نەیزەکێک ،
ئاسمانى مات و تاریکى ، حەسار و برسێتى و
لاوى و خەونەکان دائەگیرسێنێ ..
تازە هیچ مێزێکى دونیا ..
کۆمانناکاتەوە ، دیسان ..
(ئەزانم تۆیش لە قەفەزى شوقەیەکدا ،
لە داوى دائیرەیەکدا ..
لە کالکولەیتەرى عومرێکا ،
ژمارەکان ئەنوسیت و
ئەتەوێ دەستیان تێوە دەى ،
ئەتوێنەوە و
نازانى لە داخا چى بکەى ..
ئەزانم تۆیش وەک من ، هەر خەریکى هیچى ..
حەز ئەکەى یەخەى خۆت بگرى و
لە حزوورى دوو شایەتدا ،
خۆت تەڵاق دەى ..
بەس ناتوانى ..
بەس ناتوانى ..یەعقوب ..بەس ناتوانى ..
چونکە پاشماوەى بنێشتى مناڵەکان ،
پەنجەکانتى سواغ داوە ..
چونکە سەگى دۆلارەکان ،
لە چەکمەجەى خەونەکانتا ،
زۆر خراپ خۆى مەڵاس داوە ..
بۆیە کاتێ هاتیتەوە ..
من خەریکى مێزگردێک بووم ،
لەگەڵ گەڵا هێشتا نەوەریوەکانا و
نەمتوانى بێمە دیدەنیت ..
ئێستا .. یەعقوب ..ئەتناسم و
نایشتناسم ..
دووربا بمریت ، ئەگریم ..هەروا پێیش ئەکەنم ..
ئەگەر بوبیت بە وەزیرى وڵاتى چیک ،
پێم خۆشە و .. پێیشم ناخۆشە ..
حەسودیت پێ ئەبەم یەعقوب ..
چونکە خۆشترین ڕۆژەکانى من ،
لەگەڵ تۆ بوون ..
چونکە لەگەڵ تۆدا دەستم برد بۆ پرتەقاڵێک ،
کەچى نەهات بە دەستمەوە و
دواى ساڵەهایش ، تۆ قڕقێنەى پرتەقاڵت ،
بە ئیمەیڵێکا بۆ ناردم ..
حەسودیت پێ ئەبەم یەعقوب ..
بەبێ ئاگا ،
لە باڵەکەوە گەیشتیتە ژوورى نوستنى
شۆخێکى وڵاتى چیک ..
بە بێ ئاگا ، وایانزانى تۆ مەسیحیت ..
هەڵیانگرتیت ،
وەک ڕەشەبا ..
وەک پۆڵۆنى ..
لە زانکۆیەکى ئەوروپا دایانگرتیت ..
تۆ کەرێ بووى ،
وایانزانى تۆ مەسیحیت ..
بۆیە حەسودیت پێ ئەبەم ،
چونکە کەر بووى ..
( ڕۆژ بە ڕۆژ برایم خەلیل ..
ساتم بەگ ..
سەیف ..
عەباس ..
حەمەى ئەڵا کەرەم ..
بریجێت ..
پەرش و بڵاو ئەبنەوە ، وەک
توێکڵى گوڵەبەڕۆژەى شەوان ..
وەک مناڵیى ..
وەک ئەو پۆلانەى بڕیمان ..
وەک ئەو ساڵ و
مانگ و
ڕۆژانەى
بێ پارە ..هەربە موفلیسى ، کڕیمان .. )
خۆشم ئەوێى
بەڵام حەز ناکەم بتبینم ..
یان زۆر ڕقم لێتە .. یەعقوب ..