که‌رکووکه‌خه‌م …- دوو –
له مێژووی ئیسلامدا، جه‌نگێک له نێوان عه‌ره‌به موسوڵمانه‌کان به سه‌رکرده‌یه‌تیی په‌یامبه‌ری ئیسلام(موحه‌ممه‌د) و چه‌ند هۆز و خێڵێکی عه‌ره‌ب، به سه‌رکردیه‌تیی ئه‌بوسوفیان(أبوسفیان)، که به ناوی ئه‌لئه‌حزاب(الأحزاب) خڕبووبوونه‌وه، له سااڵی پێنجه‌می کۆچیدا، که ده‌کاته 627ی زایینی، ڕووده‌دات. ئه‌و جه‌نگه به ناوی ئه‌لخه‌نده‌ق(الخندق) یا ئه‌لئه‌حزاب(الأحزاب)ه‌وه ناسرا. هۆزه عه‌ره‌به‌کان، به هاندانی جووله‌که‌کانی به‌نی ئه‌ننه‌زیر(بني النضیر)، ویستیان، په‌لاماری شاری مه‌دینه(المدینة) بده‌ن و داگیری بکه‌ن و موسوڵمانه‌کان له‌به‌ین ببه‌ن و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی بڕووخێنن. په‌یامبه‌ری ئیسلام(موحه‌ممه‌د) به‌ره‌وڕووی ئه‌و عهرهبهناموسوڵمانانه بووه‌وه، به‌وه‌ی که فه‌رمانی به له‌شکره‌که‌ی خۆی دا، له باکووری شاری مه‌دینه، چالێک(که‌ن، که‌ند)ێکی گه‌وره و قووڵ هه‌ڵبکه‌ندرێ، بۆ ئه‌وه‌ی هێرشبه‌ران و په‌لامارده‌رانی عهرهبهناموسوڵمانهکان، نه‌توانن به ئاسانی بگه‌نه ناو شاری مه‌دینه و ئه‌و که‌نده ڕێگه‌یان لێ بگرێ. بیرۆکه‌ی هه‌ڵکه‌ندنی ئه‌و که‌نده، سه‌لمانی فارسی(سلمان الفارسي)، یه‌کێک له یارانی په‌یامبه‌ر، پێشنیازی بۆ په‌یامبه‌ر کرد. سه‌لمانی فارسی، که له ده‌سپێکدا ناوی ڕووزبێ(روزبه) بوو و بۆ خۆی ئێرانی بوو و بووبووه موسوڵمان، سرووشی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی له مێژووی ئێرانه‌وه بۆ هاتبوو، که ئه‌وان(ئێرانییه‌کان) له جه‌نگدا، دژی نه‌یارانیان، ئه‌و نه‌خشه‌یه‌یان به‌کار بردووه و سوودیان لێ وه‌رگرتووه. به هۆی ئه‌و چاڵه قووڵ و گه‌وره‌یه‌وه، که له جه‌نگی خه‌نده‌قدا، هه‌ڵکه‌ندرا، ئه‌و جه‌نگه ناوی خه‌نده‌قی لێ نرا. وشه‌ی خه‌نده‌ق (الخندق)، که ئێستا وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه، له بنه‌مادا له وشه‌ی(که‌ند، که‌ن)ی زمانانی ئێرانییه‌وه هاتووه، که ئێستاش له فارسی و کوردی‌دا به‌کار ده‌برێن. له کوردستان، ده‌یان جێگه هه‌یه، که وشه‌ی که‌ند یا که‌نی پێوه‌یه، بۆ نموونه: کهنهزهرد، که‌نه‌که‌وه، کهنهدڕیاگ (کهنهدڕاو)، گڵکه‌ند، که‌ندیناوه و….
له 17 – 12 – 2012دا، ئوستانداری ئوستانی که‌رکووک، دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم، ڕایده‌گه‌یه‌نێ، که “ئیداره‌ی كه‌ركوك خه‌نده‌قێك به‌درێژی (150) كیلۆمه‌تر به‌چوار ده‌وری شاری كه‌ركوكدا لێده‌دات بۆ رێگرتن له گروپه تیرۆریستیه‌كان كه ده‌یانه‌وێت بێته ناو شاری كه‌ركوكه‌وه و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن…” .
من وشه‌ی “ئوستان” و “ئوستاندار”، له‌بری وشه‌ی “پاریزگا” و “پارێزگار”، به‌کار ده‌هێنم، چونکه پێموایه پارێزگا و پارێزگار وه‌رگێڕانی وشه‌گه‌لی”محافظة” و “محافظ”ی عه‌ره‌بین و ئه‌و دوو وشه‌گه‌له‌ش له‌و ده‌میه‌وه‌ی شۆڤینیسته نه‌ته‌وه‌ییه عه‌ره‌به‌کان له عیراقدا، دوای ڕووخاندنی کۆماره‌که‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم و ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست و زاڵبوونی دید و بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی ئه‌وان و سرووش وه‌رگرتن له مسر و ناسریزم و به‌عسیزم، ئیدی ئه‌و وشانه هاتنه نێو زمانی عه‌ره‌بییه‌وه له عیراق و کوردیش، وه‌ک زۆر جار و زۆر کاری دیکه، بێ بیرکردنه‌وه و وردکاریی، وه‌ریانگێڕایه سه‌ر زمانی کوردی و ئیدی تا ئێستاش وه‌ک وشه دزیوه‌کانی”بهروار” و “پێشنیار” و “هه‌ڵده‌ستێ به…” و ده‌یانی دیکه‌ی ناکوردی بوون به به‌ڵا، به‌سه‌ر زمانی کوردییه‌وه و لێی نابنه‌وه. وشه‌گه‌لی “ئوستان” و “ئوستاندار”، دوو وشه‌ی ڕه‌سه‌نی زمانه ئێرانییه‌کانن، که زمانی کوردییش یه‌کێکه له‌و زمانانه و بۆ کورد ڕه‌وایه و زۆر ڕاسته و گه‌لێک زانستیانه‌تره، که “ئوستان” و “ئوستاندار” به هی خۆی بزانێت و به‌کاریان بهێنێت.
مه‌رایی بۆ هیچ که‌س ناکه‌م و به ته‌مای هیچیش له هیچ سیاسه‌تکار و سه‌رکردیه‌ک نیم، به‌ڵام ده‌توانم ڕاشکاوانه بڵێم: ئه‌گه‌ر له‌نێو ده‌سه‌ڵات و حیزبهکوردییهکاندا له باشووری کوردستان، سێ که‌س هه‌بن، شایسته‌ی به‌رزترین پله‌ی کارگێڕی و ده‌سه‌ڵات بن، نه‌ک هه‌ر له ئاستی کوردستان، به‌ڵکه له ئاستی عیراق و هه‌ورازتریش، ئه‌وا ئه‌و سێ که‌سه، دۆکتۆر به‌رهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانی و دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریمن. ئه‌و سێیانه، سێ پیاوی ده‌وڵه‌تن (Statesman)، پڕ به واتای وشه‌ی “پیاوی ده‌وڵه‌ت”، ئه‌گه‌ر ته‌نێ وه‌ک کادری ده‌وڵه‌تی ته‌ماشایان بکه‌یت و کارت به‌وه‌وه نه‌بێت، که ئه‌وانیش چه‌نده سوودمه‌ندن له‌و ڕه‌وشه‌ی کوردستان و چه‌ند بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان کاریان کردووه. ئه‌وان سێ که‌سی توانا و لێزانن، له بواری ده‌وڵه‌تداری و به‌ڕێوه‌بردندا، که شان ده‌ده‌ن له شانی زۆرێک له سیاسه‌تکاران و ده‌وڵه‌تدارانی جیهانی.
ئه‌وه‌ی بۆ من جێی سه‌رنج و ڕامانه، ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریمه، بۆ هه‌ڵکه‌ندنی که‌ندێکی 150 کیلۆمیتری به ده‌وری که‌رکووکدا، بۆ ڕێگه‌گرتن له تێرۆریستان!.
من دڵنیام له‌وه‌ی، که دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم و هه‌موو کورد و تورکمانێکی که‌رکووک، ئه‌گه‌ر خۆ نه‌خه‌ڵه‌تێنن، مێژووی عه‌ره‌باندنی که‌رکووکیان، زۆر باش له یاده و هێشتا له بیرگه‌یاندا نه‌سڕاوه‌ته‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌وه، که به‌عس له 1963دا ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، ئیدی عه‌ره‌ب هه‌نارده‌ی که‌رکووک ده‌کران. له کوودێتای 1968 به دواوه، ئیدی به‌عس بێشه‌رمانه، عه‌ره‌بی به لێشاو هه‌نارده‌ی که‌رکووک ده‌کرد و ماڵ و گه‌ڕه‌کی کوردی زه‌وت ده‌کرد و کوردی وه‌ده‌ر ده‌نا و عه‌ره‌بی له جێگه‌یان، نیشته‌جێ ده‌کرد. هه‌موو که‌رکووکییه‌ک و هه‌موو کهرکووکناسێک و هه‌موو خودان ویژدانێک، باش ده‌زانێت، که ته‌واوی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی، له‌و ده‌مییه‌وه هه‌نارده‌ی که‌رکووک کراون، به سوننه و شیعه‌یانه‌وه، بۆ داگیرکردنی که‌رکووک و عه‌ره‌باندنی و سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری تورکمانی و کوردی و سڕینه‌وه‌ی کوردستانیه‌تی که‌رکووک، نێردراونه که‌رکووک و هاتوونه که‌رکووک. ئه‌وان، که به ئاره‌زوومه‌ندانه و به خواست و ویست و قایل‌بوونی خۆیان، هه‌نارده‌ی که‌رکووک کران، په‌یامی وه‌ده‌ردانی کورد و عه‌ره‌باندن و به‌عساندنی که‌رکووکیان له‌گه‌ڵ خۆدا هێنابوو. ئه‌وان، سه‌رباز و ئه‌من و موخابه‌رات و جه‌یشوششه‌عبی و چه‌کدار و سیخوڕ و هه‌موو ئه‌وانه بوون له که‌رکووک و به چه‌که‌وه و به‌وپه‌ڕی خۆشی و شادی و که‌یفه‌وه، ڕژانه نێو که‌رکووک. ئه‌وان، بۆ تاڵان و جه‌رده‌یی هاتنه که‌رکووک و ته‌واوی کارگێڕی و ماڵ و موڵک و کاری کورد و تورکمانی که‌رکووکیان داگیر کرد. ئه‌وان که‌مترین به‌زه‌ییان به کورد و تورکمانه‌کانی که‌رکووکدا، که بۆ خۆیان خاوه‌ن ماڵ بوون، نه‌ده‌هاته‌وه و نایه‌ته‌وه. ئه‌وان کوردیان ڕاو ده‌نا، ده‌کوشت، زیندانی ده‌کرد و هه‌موو په‌تپه‌تییه‌کیان پێ ده‌کرد و ئاماده‌ش بوون هه‌موو خراپکارییه‌ک به‌رانبه‌ر به کورد بکه‌ن. ئه‌وان هه‌رگیز نه فریشته بوون و نه په‌یامی ئاشتی و برایه‌تییان پێ‌بوو، به‌ڵکه داگیرکه‌ر و جه‌للاد بوون. پرۆسێسی عه‌ره‌باندنی که‌رکووک، 40 ساڵی ته‌واو، هه‌ر له 1963 – 2003 درێژه‌ی هه‌بوو و ئێستاش به‌رده‌وامه. ئه‌و عه‌ره‌به هه‌ناردانه، که ده‌بوو له 2003دا، ته‌نانه‌ت یه‌ک دانه‌شیان له که‌رکووکدا نه‌مابایه‌وه، ئێستاش له جێی خۆیانن و ئێستاش ئه‌وانن، که خاوه‌نی که‌رکووکن. ئه‌وان ئێستاش وه‌ک سه‌رده‌می به‌عس، هه‌رچییان له‌ده‌ست بێت، بۆ زیاتر عه‌ره‌باندنی که‌رکووک و بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان و بۆ سڕینه‌وه‌ی کوردستانیه‌تیی که‌رکووک، ده‌یکه‌ن و له هیچ شتێکیش ناسڵه‌مێنه‌وه.
من ده‌زانم دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم، له‌به‌ر پله و پایه‌ی خۆی، ڕه‌نگه نه‌توانێت، ڕاشکاوانه بیروڕا و بۆچوونی خۆی ده‌ربڕێ، به‌ڵام ئه‌ویش باش ده‌زانێت، که گه‌ڕه‌کی عه‌ره‌بنشینی وا له که‌رکووکدا هه‌یه، کورد به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ ناتوانێت ڕووی تێ بکات و خۆی وه‌ک کورد تێدا پێشان بدات. ئه‌وه‌ی کاری تێرۆریستی له ناو که‌رکووکدا ده‌کات، له ده‌ڕێی که‌رکووکه‌وه نایه‌ت بۆ که‌رکووک، ئه‌و تێرۆریستانه بۆ خۆیان دانیشتووی که‌رکووکن و که‌ونه به‌عسی و داگیرکه‌ر و مرۆڤکوژه‌کانی ئه‌و چل ساڵه‌ی پێش و پاش 2003ن و دانیشتووی ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ن، که ئێستاش مۆڵگه‌ی شۆڤینیست و به‌عسی و عه‌ره‌به توندڕۆکانن.
هه‌ڵکه‌ندنی که‌ندێکی 150 کیلۆمیتری به ده‌وری که‌رکووکدا، له‌م سه‌رده‌مه‌دا، که نه سه‌رده‌می جه‌نگی ئهلخهندهقه و نه شێوازی جه‌نگیش به‌و جۆره‌ی ئه‌و ڕۆژگاره‌یه، پتر له خه‌یاڵ(Science fiction) ده‌چێت. نه‌ک که‌ندێک، ده‌یان که‌ندی دیکه‌ی له‌وه گه‌وره‌تریش به ده‌وری که‌رکووکدا هه‌ڵکه‌ندرێن، هه‌رگیز ڕێگه له تێرۆریستان ناگرێت، چونکه تێرۆریستان بۆ خۆیان له نێو که‌رکووکدا ته‌راتێن ده‌که‌ن و هه‌میشه گه‌رای نوێ داده‌نێن. وه‌ها که‌ندێک، ڕه‌نگه میلیۆنان دۆلاری تێ بچێت. ئه‌و پاره‌یه ئه‌گه‌ر ته‌رخان بکرێت بۆ دابه‌شکردنی به سه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی له 1963 به دواوه هه‌نارده‌ی که‌رکووک کراون، بۆ ناردنه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، ئه‌وده‌م ئیدی نه تێرۆریست له که‌رکووکدا ده‌مێنێت و نه هه‌ڵکه‌ندنی وه‌ها که‌ندێکی مه‌زنی، ژینگه وێرانکه‌ریش، پێویست ده‌بێت.
ڕووسه‌کان، ئێستاش که باسی هێرش و په‌لاماردانی هێزه‌کانی ئه‌ڵمانیای نازیی بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌یان ده‌که‌ن، هه‌رگیز ناڵێن، ئه‌ڵمانیای نازی، یا له‌شکری هیتله‌ر، به‌ڵکه ڕێکوڕه‌وان و گه‌لێ ڕاشکاوانه ده‌ڵێن: ئه‌ڵمانییه‌کان هێرشیان کرد و ئه‌ڵمانییه‌کان وایان کرد. وڵاتانی ئه‌وروپاش، که باس له داگیرکردن و خراپکاریی ئه‌ڵمانیای نازی بکرێ، هه‌ر به‌و جۆره باسی ئه‌ڵمانییه‌کان ده‌که‌ن و وه‌ک ئه‌ڵمان و ئه‌ڵمانییان ناویان ده‌به‌ن. ئه‌رمه‌نییه‌کان، که باسی کۆمه‌ڵکوژی و قڕانهکهیان ده‌که‌ن، که پێش سه‌د ساڵێک له لایه‌ن تورکی عوسمانییه‌وه ئه‌نجام درا، هه‌رگیز ناڵێن، ئه‌و قڕان و کۆمه‌ڵکوژییه، ده‌وڵه‌تی عوسمانی کردی یا له‌شکری عوسمانی ئه‌نجامی دا، به‌ڵکه زۆر به ڕوونی و پڕ به‌ده‌م ده‌ڵێن، کۆمه‌ڵکوژی و قڕانیی ئه‌رمه‌ن له لایه‌ن تورکه‌وه کرا. فلستینییه‌کان و عه‌ره‌ب، که باس له داگیرکردنی فلستین ده‌که‌ن، بێ پێچوپه‌نا، ناوی جووله‌که وه‌ک داگیرکه‌ر ده‌به‌ن. له کاتێکدا له‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا، تاکه که‌سێک نادۆزییه‌وه، ناوی برا و پیاوچاک و مێرخاس و هاوسێ و هاوبه‌ش، له داگیرکه‌ر بنێت، کورد داگیرکه‌رانی که‌رکووک وا ناو ده‌بات. کورد، به‌گشتی و به تایبه‌تی توێژه‌ر و لێکۆڵه‌ر و نووسه‌ر و سه‌رکرده و سیاسه‌تکارانی، تا ئێستاش نه‌یانتوانیوه و نه‌یانوێراوه، به ئاشکرا و بێ منجه‌منج و بێ په‌رده، ناوی داگیرکه‌ر، له‌و عه‌ره‌بانه‌ی که‌رکووک بنێن و به هۆکاری ته‌واوی کێشه‌کانی که‌رکووکیان، به کاره تێرۆریستییه‌کانیشه‌وه، بزانن.
10 – 3 – 2013
———————————
http://www.awene.com/article/2012/12/17/17416 [1]