Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
رۆژی جیهانی پێکه‌نین!

رۆژی جیهانی پێکه‌نین!

Closed
by May 6, 2008 گشتی

  ره‌حیم ره‌شیدی ……

یه‌که‌م یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی مای هه‌موو ساڵێک، رۆژی جیهانی پێکه‌نینه‌.
پێکه‌نین ئه‌و زمانه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌، ئه‌گه‌ر به‌ شێوازێکی دوروست‌و له‌ جێگای خۆیدا که‌ڵکی لێوه‌رگرێت، وێرای خولقاندنی شادی، بۆ ته‌ندورتستی‌و له‌ش ساقی مرۆڤه‌کانیش به‌كه‌ڵکه‌.
له‌ راستیدا ئه‌مڕۆ زۆریه‌ک له‌ پزیشکانی وڵاتانی پێسکه‌وتوو بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه‌ییه‌ ده‌روونیه‌کان له‌ پێکه‌نین که‌ڵک وه‌رده‌گرن‌، له‌ کۆمه‌ڵگای خودا پێداودا، ئه‌و مرۆڤانه‌ی ده‌توانن به‌ هه‌ڵسووکه‌‌وت‌، کردارو قسه‌ی خۆش خه‌ڵک بخه‌نه‌ پێکه‌نین، رێزو حورمه‌تیان پارێزراوه‌و زۆرینه‌ی خه‌ڵک وه‌کوو ئه‌کته‌رو هونه‌رمه‌ندی مه‌زن حیسابیان بۆ ده‌که‌ن‌‌و هونه‌ری بزه‌ خولقێنی ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌؛ ده‌ره‌تانی ژیان‌و گوزه‌رانی خۆشیان بۆ پێکدێنێ‌و ئه‌وان له‌ به‌روبوومی هونه‌ره‌که‌یان ده‌حه‌سێنه‌وه‌.
له‌ کۆمه‌ڵگا پاشکه‌وتوو نابه‌رانبه‌ره‌کاندا، ئه‌و جۆره‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر لۆمه‌و قسه‌ی سووک‌و که‌سایه‌تیان ده‌شکێندرێ. هه‌ر بۆیه لای مه‌‌ که‌متر خه‌ڵک بیر له‌و جۆره‌ هونه‌رانه‌ ده‌کاته‌ که‌ پێکه‌نین خولقێنه‌. ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌کی خراپ‌‌و جێگای داخه‌.
به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی کورت‌و سه‌رپێیی له به‌شێک له‌‌ په‌ندو قسه‌ نه‌ستقه‌کان،  به‌و ئاکامه‌ ده‌گه‌ین، شادی ته‌نیا بۆ توێژێک که‌ڵکی هه‌یه‌و باشه‌، بۆ توێژه‌که‌ی دیکه‌ خراپ‌و زیانهێنه‌ره‌. له‌م باره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ په‌ندێکی پێشینیان ده‌توانێ زۆرتر ئه‌و ‌ڕاستییه‌مان بۆ بسه‌لمێنێت.
"ژنی شه‌رمن شارێک دێنێ، پیاوی شه‌رمن بزنێک دێنێ".
ئه‌م په‌نده‌ له‌ جه‌وهه‌ری خۆیدا، له‌ ڕوانگه‌یه‌کی پیاوسالارانه‌وه‌ بۆ پرسی شادی نێوان ژن‌و پیاو ده‌ڕوانێ‌و ئه‌یهه‌وێت به‌ ده‌م کووت کردنی ژنان شارێکی خه‌یاڵیان پێببه‌خشێ. به‌ گوێره‌ی ئه‌م په‌نده‌، ژنان ئه‌بێ شه‌رمێوون بن‌و که‌س نابێ گوێی له‌ پێکه‌نین‌و قاقای ئه‌وان بێ، نه‌کوو پێیان بوترێ، ڕووهه‌ڵماڵدراوو بێ حه‌یاو نانه‌جیب. به‌ گوێره‌ی لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م  په‌نده‌، ئه‌گه‌ر ژنان له‌ حاند هه‌موو ناخۆشی‌و نابه‌رابه‌ریه‌کدا بێده‌نگ بوون‌و سه‌ریان داخست، ئیدی قورس‌و سه‌نگینن‌، ڕه‌گه‌ به‌م جۆره‌ باشتر لای پیاوان په‌سه‌ند بکرێن.
ژنان له‌م جۆره‌ کۆمه‌ڵگاو بنه‌ماڵانه‌دا، له‌ کاتی شادی‌و خۆشی‌و بیستنی قسه‌ی پێکه‌نین خولقێن، ده‌بێ سووچی له‌چکه‌کانیان له‌ زار بنێن، نه‌وه‌کوو ده‌نگیان هه‌ست‌و هه‌وه‌سی پیاوان بجوڵینێ‌و کۆمه‌ڵگا به‌م شێوه‌یه‌ تووشی گوناح‌و دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی کۆمه‌لایه‌تی‌و فه‌ساد بێت…
ئه‌مڕۆ جیا له‌م جۆره‌ ڕوانگانه‌، له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی سیستمی کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ به‌سه‌ریدا زاڵه‌‌، هه‌موو  پێوندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان‌ به‌ ڕوانگه‌یه‌کی داخرراوو ته‌سک بونیادنه‌راوه‌، ئیدی پرسی شادی‌و پێکه‌نین پرسێکی قه‌ده‌غه‌یه‌و هه‌ڵاواردن له‌ پێناوی پاداشه‌ دوره‌ ده‌سته‌کاندا، له‌ جه‌وهه‌ری خۆیدا بۆته‌ دیارده‌یه‌کی باوو له‌ پانتایی کۆمه‌ڵگادا ڕچاو ده‌کرێ. له‌م جۆره‌ کۆمه‌ڵگایانه‌دا ده‌سلاتداران به‌ که‌یفی خۆیان کولتووری شادی‌و بزه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌که‌ن‌و وه‌کوو دیارده‌یه‌کی ناحه‌زی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یقبڵێنن. له‌ حالێکدا ئه‌و کۆمه‌ڵگای پیکه‌نینی که‌متره‌، به‌خته‌وه‌ریشی که‌متره‌.
 لێره‌دایه‌، پێکه‌نین ده‌توانێ وه‌کوو پرسی شادی‌و خۆشی که‌ مافی بێئه‌ملاوو لای مرۆڤه‌کانه‌، رێگایه‌ک بێت بۆ ماف ویستی‌و به‌ربه‌ره‌کانێ له‌به‌رانبه‌ر دژبه‌رانی پێکه‌نین‌و شادیدا. ئه‌وانه‌ی ده‌یان هه‌وێت له‌ جیهانی دیکه‌ شادی‌، بزه‌و حۆریمان بۆ ده‌سبه‌ر بێت.
 کورته‌یه‌ک له‌ مێژووی رۆژی جیهانی پێکه‌نین:
ساڵی 1995 دوکتورێکی هێندی به‌ ناوی "مادان کاتاریا"، پێوه‌ندی نێوان پێکه‌نین‌و له‌ش ساقی مرۆڤی به‌بیردا هاتووه، دوای لێکۆڵینه‌وه‌ به‌و ئاکامه‌ گه‌یشت، پێکه‌نین له‌سه‌ر له‌شساغی مرۆڤ به‌گشتیی، له‌ بواری دروونناسیدا به‌ تایبه‌تی، ده‌ورێکی کاریگه‌ر ده‌گێڕێ.
له‌ هه‌مان کاتدا، دوکتۆر مادان کاتاریا، سه‌ری له‌وه‌ سووڕما بوو، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ی ناوبراو لێی ده‌ژی، بزه‌یان له‌سه‌ر لێوان نییه‌.
ئیدی، دوکتۆر مادان، کاتژمێر 4ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی سێزده‌ی مانگی مارسی 1995، بۆ یه‌که‌مین جار بیری له‌ پیکهێنانی ریکخراویکی تایبه‌ت به‌ پێکه‌نین کرده‌وه‌. سێ کاتژمێر دواتر له‌ مه‌یدانی شاردا سه‌باره‌ت به‌ ئاکامه‌کانی پێکه‌نین قسه‌ی بۆ خه‌ڵک کرد.
رۆژی یه‌که‌م، دوکتۆر مادان دوای ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكێکی زۆر قسه‌ی کرد، توانی ته‌نیا سه‌ره‌نجی چوار که‌س بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. ئه‌م چه‌ند که‌سه‌ له‌ شوێنێکی پارکی شار دانیشتن‌و به‌ گێرانه‌وه‌ی قسه‌ی خۆش‌و نوکته‌، پێده‌که‌نین.
پاش ئه‌مه‌، ئه‌م گروپه‌ هه‌موو رۆژێک 10‌ تا 15‌ خوله‌ک‌، له‌و پارکه‌دا کۆ ده‌بوونه‌وه‌و پێده‌که‌نیین، به‌م چه‌شنه‌ راده‌ی خه‌ڵکه‌که‌ رۆژبه‌رۆژ پتر ده‌بوو. به‌ تێپه‌ڕ بوونی دوو حه‌وتوو‌، بۆیان ده‌رکه‌وت ‌ نوکته‌و قسه‌ خۆشه‌کان به‌ره‌و ته‌واو بوون ده‌چن، ئیدی وته‌گه‌لی ناحه‌ز، ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌، نازیزستانه‌و شتی له‌و چه‌شنه،‌ جێگای قسه‌ خۆشه‌کانی ده‌گرته‌وه‌. ئه‌مه‌ش هۆکارێک بوو پێکهێنانی ئالۆزی‌و تووڕه‌ بوونی به‌شێک له‌ به‌شدانی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌.
هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌کاره‌که‌یان بده‌ن هاوڕاو هاوده‌نگ بوون، بۆیه‌ ده‌با بیریان له‌ رێگا چاره‌یه‌ک کردبایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌که‌یان درێژه‌ بده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناخۆشی بێته‌ ئاراوه‌.
باشترین ڕێگا بۆ ده‌رچوون له‌و بارودۆخه‌ ئه‌وه‌ بوو له‌ گرووپی گه‌وره‌تردا کۆ ببنه‌وه‌، ده‌یانزانی کاتێک خه‌ڵكه‌که‌ زۆرتربێ، سه‌یری ناوچاوی یه‌کتری ده‌که‌ن، پێکه‌نین ده‌یانگرێ و به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو ده‌که‌ونه‌‌ پێکه‌نین.
ئه‌وجار خه‌ڵكه‌که‌‌ کۆده‌بوونه‌وه‌، ده‌سته‌کانیان به‌ره‌و‌ ئاسمان به‌رز ده‌کرده‌وه‌، نه‌فه‌سێکی قوڵیان هه‌ڵده‌کێشا، هه‌ناسه‌کانیان له‌ سییه‌کانیاندا راده‌گرت، دوای تاوێک به‌ له‌سه‌ره‌خۆیی هه‌ناسه‌کانیان ده‌دا ده‌ره‌وه‌. ئینجا هه‌موو پێکه‌وه‌ ده‌ستیان ده‌کرد به‌: "هاهاها هی هی هی هووهوو"، ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی پێبکه‌نن، به‌ره‌ به‌ره‌ درێژه‌یان به‌م شیوازه‌دا. دۆکتۆر مادان ئه‌م رێبازه‌ی‌، له‌ یارییه‌کی "یۆگا"وه‌رگرتبوو.
دوکتۆر "مادان" له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌س‌ ده‌ستیان به‌ پێکه‌نین کرد، ئێستا زیاتر له‌ 80 هه‌زار که‌س هه‌موو به‌یانییه‌ک بۆ له‌ش ساغی خۆیان پێده‌که‌نن.
تاکوو ئێستا، ته‌نیا له‌ وڵاتی هێند، زیاتر له‌ 800 رێکخراوی پێکه‌نین پێک هاتووه‌.
له‌ ئامریکا پتر له‌ 50 رێکخراوی هاوچه‌شن هه‌یه‌.
له‌ وڵاتانی ئامریکاو بریتانیا، به‌ش‌و کلینیکی تایبه‌تی پێکه‌نین هه‌یه‌، به‌ڵام له‌و جۆره‌ شوێنانه‌دا ته‌نیا به‌ فیلمی کۆمێدی‌و جۆکی خۆش‌و کلاون (ده‌لوو) نه‌خۆشه‌کانیان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن.
راستیتان ده‌وێ، زۆر باس له‌وه‌ دکه‌ن، پێکه‌نین بۆ له‌ش ساغی‌و ته‌ندوروستی باشه‌‌و غه‌م ڕه‌وێنه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ له‌ باری زانستیه‌وه‌ مسۆگه‌ر کراوه‌. به‌ڵام من بیر له‌م په‌نده‌ کوردییه‌ش ده‌که‌مه‌وه‌: " ئه‌وه‌ی ده‌گری ده‌ردێکی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی پێده‌که‌نێ هه‌زار ده‌ردی هه‌یه‌".
ئه‌گه‌ر هه‌زار ده‌ردیشمان هه‌بێت، ساته‌کانی پێکه‌نین ئه‌ونده‌ شیرین‌و شادی هێنه‌رن که‌ سه‌رجه‌م ده‌رده‌کان له‌ بیر ده‌به‌نه‌وه‌. که‌واته‌ پێبکه‌نه‌ بۆ ئه‌وه‌ی  هه‌ر ئاوا گه‌نج‌و به‌که‌یف بیت.
www.rehim.blogspot.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.