مرۆڤ پیرۆزه نه‌ک ئایین و دژه‌کانیان
مه‌هدی كاوانی….
به بۆچوونی خۆم ماركسیزم له مه‌سه‌له‌ی وه‌لاوه نانی ئایین و باس كردنی وه‌ك دیارده‌یه‌كی نێگه‌تیڤ به سه‌ر كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی و چواندنی به فه‌لسه‌فه كۆنه‌كانی مرۆڤایه‌تی و شوێن نه‌كردنه‌وه‌ی بۆ سه‌رده‌می نوێ ، كورتی هینابێ . مارکسیزم که قۆناغیکی مامناوه‌ندی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی که گه‌شه‌کردنی ئابووری تیایاندا لاوزه دانابوو و ناوی لێنابوو قۆناغی دیموکراتی ، ده‌بوایه له ناو ئه‌و قۆناغه شوێنێکی بۆ ئایین و به‌شداری کردنیان له پڕۆسیسی دیموکراتی دانابایه . ناچمه ناو بزاڤی دینی و ڕاست و ناڕاسته‌كانی ئه‌و فه‌یله‌سوفه مه‌زنه و باس له ڕێگریه‌كانی بكه‌م له كۆمه‌ڵگای ئێستامان . نێوانی ماركسیزم و ئیستامان خۆی له دوو سه‌ده ده‌دا . بۆ ئێستاكه كه مرۆڤایه‌تی به‌وه پێناسه ده‌كرێ كه له ناو چه‌رخی سكۆلیریالیزم و كۆمپیوته‌رو ئه‌نته‌رنێت و بچووك كردنه‌وه‌ی جیهان وه‌ك گوندێكی كشت و كاڵی لێهاتبێ ، ئینجا به تایبه‌تی بۆ وڵاتانی له بابه‌ت ئێمه‌وه ده‌بینین ئایین ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ناو بزاڤه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان . ناکرێ بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی و له ناویشیاندا ئیسلام له پڕۆسیسه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌لاوه نێین ، جا چ جای سه‌رده‌می ماركس . سیسته‌می سۆڤیه‌تی پێشوو و كامپه‌كه‌ی وێڕای ئه‌وه‌ی ڕۆڵی خۆیان بینی له‌وه‌لاوه نانی ئایین ، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌و وهلاوهنانه گشت گیر بكه‌ن و تێكڕای ئه‌و وڵاتانه بگرێته‌وه كه له ژێر کارتێ کردنی خۆیان بوون ، بۆ ناو خودی ئه‌و وڵاتانه‌ش ئه‌و وهلاوهنانانه کارتیکردنی نێگه‌تیڤانه‌ی خۆی هه‌بوو له ژیانی سیاسی ئه‌و وڵاتانه‌و کلێشه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌کانیان . هۆکاری دینیش هه‌ندی ڕۆڵی خۆی بینی بوو که ئه‌وان نه‌یان توانی سیسته‌مه‌که‌یان گشت گیر‌و به جیهانی بکه‌ن ، چونکه ئه‌گه‌ر له گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌ش قسه‌وباسێکمان نه‌بێت که بڵێین ئه‌و سیسته‌مه بێکهمو کورتی بووه له زۆر ڕوه‌وه، به‌ڵام که شوێنی بۆ ئایین دانه‌نا ، پاشه‌کشه‌ی کرد‌و به داڕمانیشی کۆتایی پێوه هات . نێوانی ئایین و سیسته‌می سیاسی له ڕۆژئاوا که‌لتوره . ئه‌وان ئاینیان له پڕۆسیسی سیاسی و ئابووری وهلاوهناوهو وه‌ک که‌لتورو گه‌وهه‌رێکی نیشتمانی ڕێز له ئایین ده‌گرن زیاتر به‌و مانایه‌ی که ده‌سکه‌وتێکی مرۆڤایه‌تی بێت . له وڵاتانی له بابه‌ت ئێمه‌وه ئه‌گه‌ر به کلیشه‌ی ڕۆژئاوا مامه‌له له گه‌ڵ ئایین بکه‌ین ، مانای وه‌لاوه‌نانی خۆمانه . سیسته‌می ڕۆژئاوا به پڕۆسه‌ی سیاسی وئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی که چه‌ند سه‌ده‌ی خایاند و چه‌نده‌ها جه‌نگی خوێناویشی لێکه‌وته‌وه ، ئینجا توانیان ئایین وه‌لاوه نێن. بۆ وڵاتانی له بابه‌ت ئێمه‌وه ئه‌گه‌ر له ڕووی تیۆریشه‌وه له سه‌ر ئه‌و ڕایه بین که چه‌ندی دین وهلاوهنرێ ، پڕۆسیسی دیموکراتی و بنیاتنانی ئابووری هه‌نگاوی پۆزه‌تیڤانه ده‌هاوێژێ ، به‌لام له وڵاتانی له بابه‌ت ئێمه مه‌سه‌له‌که زیاتر مانه‌وه‌ی شوێنی ئایینه له هه‌موو بواره‌کانی ژیان . ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه ده‌مینێته‌وه فراوان کردنی پڕۆسیسی سیاسیه که به‌شی هه‌ره زۆری جه‌ماوه‌ر بگرێته‌وه‌و له میانهشیدا بمانه‌وێ نه‌مانه‌وێ ئایین ڕۆڵه‌که‌ی خۆی ده‌بینێ . به‌و ئاسانیه نیه بتوانین وه‌ک تیور که‌م و کورتیه‌کانی ئایین و ڕیگریه‌کانی له به‌ره‌و پێشه‌وه چوون ده‌ست نیشان که‌ین . سیسته‌مگه‌لێکی وه‌ها ده‌بێ له ناو پڕۆسیسی دیموکراتی و ژیانی پهڕلهمانتاریزم و ته‌نویعی سیاسیه‌وه بیکات . خۆ بزاڤه نیشتمانیه‌کان بوون وه‌ک ته‌شکیله‌یه‌کی باڵا ده‌ست سه‌رکردایه‌تی سیاسیان کرد بۆ ڕزگار بوون له کۆلۆنیالیزم و له‌و بواره‌شدا له به‌شی هه‌ره زۆری وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌رکه‌وتنیان به ده‌ست هیناو توانیان له شوێنیه‌وه ده‌وله‌تی نه‌ته‌وایه‌تی دابمه‌زرێنن . نێوانی ئه‌و سه‌رده‌می و ئیستاکه زیاتر له نیو سه‌ده‌یه . ئه‌گه‌ر پرسیارگه‌لی وه‌ها بکرێ و بگوترێ باشه بۆچ ئایین مادامه‌کینێ ڕهگو ڕیشه‌ی خۆی وا به فراوانی له ناو وڵاتای ئیسلامی داکوتابێ بۆچ له شوێن بزاڤه نیشتمانی و دیموکراتیه‌کان وه‌ک ته‌شکیله‌یه‌کی باڵا ده‌ست سه‌رکردایه‌تی بزاڤه نیشتمانیه‌کانیان نه‌ده‌کرد . به بۆچوونی خۆم ئایین یان سه‌رهه‌ڵدانه بزاڤه نیشتمانی و دیموکراتیه‌کان پیرۆز نین ، به‌لکو خودی مرۆڤه‌که‌یه پیرۆزه . مرۆڤه له‌و ڕۆژه‌ی که هه‌ست به بوونی خۆی ده‌کات ده‌یه‌وێت پێش بکه‌وی به‌ره‌وه دواوه نه‌ڕوات ، به‌ڵێ خودی گۆڕانکاریه مرۆڤایه‌تیه‌کان له مرۆڤه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات . ئه‌گه‌ر ئایین پیرۆز بوایه ، سیسته‌می ئێستای ڕۆژئاوا وه‌لاوه‌یان نه‌ده‌نا . به‌هه‌مان پێوه‌ریش ئه‌گه‌ر بزاڤی نیشتمانی و دیموکراتیه‌کان له وڵاتانی ئیسلامی پیرۆز بوونایه ، ئه‌وا له ناویاندا دین هه‌وڵی ئه‌وه نادا بگه‌ڕێته‌وه وه‌ک جاران ئاسا بۆ ناو ژیانی سیاسی . مه‌سه‌له‌ی پیرۆز‌و ناپیرۆزی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئاقاره‌ی که تا چه‌ند ئه‌و ته‌شکیله سیاسیانه له خزمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی خودی مرۆڤه‌کانه . مادامه‌کینێ ئه‌و سیستهمگهلانه و پێک هێنانیان بۆ خودی مرۆڤه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه ، ده‌بێ له دوا جاریشدا به به‌رده‌وامی خۆیان نوێ بکه‌نه‌وه و پاشه‌کشه نه‌که‌ن له به‌رده‌م به‌ره‌و پێشه‌وه چوونی مرۆڤ . سیسته‌می ڕۆژئاوا له به‌ر ئه‌وه به پیرۆز دێته پیشه‌وه‌و پیرۆزیهکهش بۆ دیموکراتیه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه ، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان له هه‌موو ڕووێکه‌وه له سیسته‌می ڕۆژهه‌ڵاتی له‌پێشترن . به‌ڵام دیسانیش ئه‌و پیرۆزیبوونه تا سه‌ر نیه . ئه‌گه‌ر سیسته‌مگه‌لێکی له‌وان له‌پێشتر سه‌ر هه‌ڵدا ، ئه‌وان ئه‌و پیرۆزیه له ده‌ست ده‌ده‌ن . به هه‌مان شێوه نیو سه‌ده به‌ر له ئیستا زیاتر بزاڤه سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان به پیرۆزی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌هاتنه پێشه‌وه ، به‌ڵام ئێستانه‌کینێ که به ناپیرۆزی له قه‌له‌م ده‌درێن هه‌مووی له به‌ر ئه‌وه‌یه که پاشه‌کشه‌یان کرد له به‌رده‌م خزمه‌ت کردن به مرۆڤ . به‌ڵێ ئه‌وان ئه‌و کاتی پیرۆز بوون چونکه گه‌لیان به ئاقاری سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانی برد‌و ئێستاش ناپیرۆزن چونکه کار‌و کاردانه‌وه‌کانیان له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و گه‌له‌وه نیه . ئایا به ته‌نیا دین بوو شای ئێرانی ڕووخاند یان تێکڕای گه‌ل بوو . ئایا ئه‌و ڕووخانه له به‌ر ئه‌وه‌وه بوو که ئایین پیرۆزه‌و به‌س یان له به‌ر ئه‌وه بوو که ئه‌و جۆره دیموکراتیزه‌کردنی سه‌رده‌می شا ناپیرۆز بوو . ئه‌دی ئێستاکه بۆ به‌شی هه‌ره زۆرینه‌ی گه‌لی ئێران ئایین به ناپیرۆزی ناو زه‌ند ده‌که‌ن . ئایا له به‌ر ئه‌ویه که ئایین ناپیرۆزه یان له به‌ر ئه‌وه‌یه ئاخونده‌كان نه‌یان توانی به ئاقاری به‌رژه‌وه‌ندی خه‌لکه‌وه دابکهوێنهوه . به قه‌ناعه‌تی خۆم بۆ له مه‌و دوا ئه‌گه‌ر سیسته‌می ئاخونده‌کانی ئێران به سیسته‌می دیموکراتی بگۆڕدرێته‌وه ، گه‌لانی ئێران به ته‌واوه‌تی له ئایین گه‌یشتوون و بۆ داهاتووشیان لا سایی ڕۆژئاوا ده‌که‌نه‌وه . بزاڤه نیشتمانیه‌کانی کوردایهتیشمان هی هه‌موو پارچه‌کان ، ڕۆڵه سه‌ره‌کیه‌که‌و سه‌رکردایه‌تی کردنه‌که بۆ بزاڤه نیشتمانیه‌کان ده‌گه‌ڕایه‌وه نه‌ک دین . کوا ئایین له ناو بزاڤی چه‌کداری باشووری کوردستان و ته‌وای بزاڤه کوردیه‌کان توانیبێتیان بچووکترین شوێن بۆ خۆیان بکه‌نه‌وه . له شوێن خۆیه‌تی بۆ ئه‌و کاتی بڵێین ئه‌وان واته بزاڤه نیشتمانیه‌کان پیرۆز بووبن . به‌ڵام ئێستاکه ئایا ئه‌و پیرۆزیه‌یان ماوه ؟ بڕۆن به ڕاست و دروستی له ناو جه‌ماوه‌ر ئیستفتا بکه‌ن کاخوانه‌کینێ ئه‌و هه‌یبه‌ته‌ی جارانیان ماوه . ده‌بێ بۆچ بزاڤه ئاینیه‌کان له پێش هه‌موویانه‌وه یه‌کگرتووی ئیسلامی گه‌وره‌ترین به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی دژیان پێک بهێنێ . ئایا له به‌ر ئه‌وه‌وه‌یه که ئایین پیرۆزه‌و ئه‌وانیش ناپیرۆز، یان له به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌وان نه‌یان توانی مه‌هامی دیموکراتی و خزمه‌ت کردن به مرۆڤی کورد بگه‌یه‌ننه ئامانج . بۆ ئێمه‌ی کورد وه‌ها بکه‌ویته‌وه که نیوه‌ی یه‌ک به‌شی کوردستان هه‌ست به سه‌ربه‌خۆ بوونی خۆی بکات له به‌رامبه‌ر به دوژمنانی و به‌و ماوه که‌مه‌ی فهرمانڕهوایهتیهیان ، وایان لی بکه‌وێته‌وه . ئه‌دی ئه‌گه‌ر به‌شی هه‌ره زۆری کوردستانی بگرتبایهوهو هه‌مان تاس و حه‌مام بوایه ، چۆنچۆنی ده‌بوو . ئێستاکه که ئایین له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندێکی گونجاویان له کارتێکردنه سه‌ر مرۆڤ وه‌رگرتیه‌و به‌شه‌که‌ی تریش به که‌رسته‌کانی عه‌وله‌مه‌و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی پڕ بۆته‌وه با ڵێیان گه‌ڕێین هه‌ردولایان به‌شدار بن له پڕۆسیسی دیموکراتی و دروست بوونی پێشبرکێ له نێوانیان دا کێیان ده‌باته‌وه ناباته‌وه ، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه کامه‌یان زیاتر متمانه‌ی خه‌لک وه‌رده‌گرن . که‌رسته‌کانی دیموکراتی به قازانجی ئایین پاشه‌کشه‌ی نه‌ده‌کرد ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌رستانه شێلگیرانه هه‌نگاوی باشیان له خزمه‌ت کردن به مرۆڤه‌وه بینیبایه . له ئێرانیش ئایین به و ئه‌ندازه‌ی ئێستای ڕسوا نه‌ده‌بوو که خه‌لک بیر له گۆڕینی بکه‌ن ئه‌گه‌ر بهاتبایه ئاخونده‌کان شێلگیرانه خزمه‌تی گه‌لانی ئێرانیان بکردبایه . با بۆ داهاتووش هه‌ر وه‌هابێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه له سه‌رده‌مه‌کانی پێشتر جیا ده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه با هێزه‌کانی خۆ به دیموکراتی زان حیساب ده‌که‌ن شارستانیانه بێنه مه‌یدانه‌وه . ئه‌وه له زه‌ینی خۆیان بئاخنن که مادامه‌کینێ ئه‌وان له‌و مسته‌وایه نه‌بن یان ئه‌وه‌تا به خۆشی بێت به ناخۆشی ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می ئێرانی شا ڕووی دا بۆ ئه‌وانیش دووباره ده‌بیته‌وه ، یان حاله‌تی ئێستای نێوان حکومه‌تی ئێستای میسر‌و ئه‌خوان ،ڕووبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه، یان ده‌بێ خۆیان بگۆڕن و گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له وڵات به ئاڕاسته‌ی خزمه‌ت کردن به گه‌له‌وه بکه‌ن . مادامه‌کینێ دوور له خواوستی ئێمه‌وه ئایین له وڵاتانی له بابه‌ت ئێمه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دا کیشه‌که‌ی خۆی بکات به سیاسی و سۆزی ئایینیش به‌سه‌رمان کێڵ ده‌کاته‌وه ، با ئێمه‌ش مه‌جالیان بده‌ین با ئه‌سپ سواری خۆیان له ناو ته‌نویعی سیاسی تاو دهن ، به‌ڵام نه‌یه‌ڵین ئه‌و تاودانانه بۆ دواوه بمانگێڕیتهوه . به‌ڵی ده‌بێ بۆ ئه‌وه بێت کار‌و کاردانه‌وه‌کانیان بۆ چاککردنی که‌مو کوریه‌کانی ده‌سه‌ڵات و خزمه‌ت کردن به مرۆڤ و بهرهپیشهوهچوونی و خۆ گونجاندن بێت له گه‌ڵ سیسته‌مگه‌لی جیهانی که خۆی له عه‌وله‌مه‌و ژیانی شارستانی و ئازادی تاکه‌کان …..کار‌و کاردانه‌وه‌ی وه‌هاش به‌وه ده‌کرێ که هێزه عیلمانیه‌كان پایه‌کیان له لای پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بێت و پایهکیشیان له گه‌ڵ هه‌ندێ له‌و درۆشمه باشانه‌ی که پارته ئایینیه سیاسیه‌کان کێڵ ده‌که‌نه‌وه له مه‌ڕ جوانکردنی ڕووی ده‌سه‌ڵات . به‌ڵێ کاتێ که گه‌ڵ به ئایین و نا ئایین ده‌نگ بۆ جوانکردنی ده‌سه‌ڵات به‌رز ده‌کاته‌وه با ئێمه‌ش له گه‌ڵ ئه‌و هاوارانه هاوڕا بین ، به‌ڵام کاتی که ئایین ده‌یه‌وێ به ناوی که‌م و کوری ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی ئه‌وه بدات ئایین بگێڕێته‌وه بۆ ناو بواری ژیانی خه‌لک ، ئه‌و جاره‌یان با ئێمه له دژی ئه‌و لێدوانانه بوه‌ستین و ده‌نگمان بده‌ینه پاڵ ده‌سه‌ڵات که بوار نه‌دات ڕێوشوێنی وه‌ها له کۆمه‌ڵگای ئێمه به‌ر قه‌رار بێت و به هۆیه‌وه پاشه‌کشه‌ی تریش ڕووبه‌ڕوومان بێته‌وه . ئه‌وه‌ی ماوته‌وه و بیڵێین قه‌یڕانێکی سیاسی ئه‌و تۆ له کۆمه‌ڵگای ئێمه له نێوان ئایین و دژه‌کانی به‌دی ناکرێ وه‌ک بگوترێ کێشه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه له به‌ر نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی ئایین یان پیچه‌وانه‌که‌ی بێ ، به‌لکو قه‌یڕانه‌که که‌موکورتیه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌و به‌س . که‌م و کورتی ده‌سه‌ڵات وای کردووه که ئیسلامی سیاسی له ناومان چه‌که‌ره بکات. ئه‌و ئیسلامیه سیاسیه‌ش زۆری درۆشمه‌كانیان ئایینی نین به‌لكو كه‌موكوریه‌كانی ده‌سه‌ڵات و پیداویستیه‌كانی خه‌لكن ، پارته عیلمانیه‌كان ئه‌گه‌ر سوار چاكی باش بن ئه‌و درۆشمانه درۆشمی ئه‌وانیشه ، با هه‌ردو لایان له پێناو زیاتر پاڵه‌په‌ستۆ خستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات هاوڕابن به‌ڵام بۆ چاكردنی ڕووی ده‌سه‌ڵاته‌وه بێت نه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دین بۆ ناو ژیانی خه‌لك .
/ ٠٥/٠٥/٢٠٠٨
mahdikawani@yahoo.co.uk